هه‌ڵوێستی 53 نه‌فه‌ر و چاره‌نووسی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک
هه‌ڵوێستی 53 نه‌فه‌ر و چاره‌نووسی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک
دوکتور هاشم ئه‌حمه‌د زاده
سه‌رمامۆستای لێکۆڵینه‌وه کوردییه‌کان
هاوسه‌رۆکی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی
خوێندنگه‌ی زانسته ئینسانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان
زانکۆی ئیکسێتر - بریتانیا
له ڕێکه‌وتی 20-4-2008داداواکارییه‌ک به واژۆی 53 نووسه‌ر و چالاکی بواری ئه‌ده‌بی و ڕۆژنامه‌نووسی بڵاوبووه‌ته‌وه که تێیدا داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستان ده‌کرێت کرمانجیی خواروو به زمانی فه‌رمیی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بناسێندرێت. به دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م داواکارییه هێندێک له ئاخێوه‌رانی کرمانجیی سه‌روو کاردانه‌وه‌یه‌کی تووندیان نیشان دا و به کرده‌وه دوو به‌ره‌ی دژ به یه‌کتر شکڵیان گرت و وێده‌چێت ئه‌م باسه به‌م زووانه کۆتایی پێ نه‌یه‌ت. له هه‌مان کاتدا چه‌ند زمان‌ناس و زمانزانی کوردیش له چه‌ند ڕوونکردنه‌وه‌ی جیاوازدا بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته گرنگه بڵاو کردووه‌ته‌وه. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به کورتی کۆمه‌ڵێک سه‌رنجی خۆم له‌م باره‌وه بخه‌مه ڕوو و هیوادارم به نۆره‌ی خۆم هانده‌ر و رێگاخۆشکه‌ری باسێکی وردی زانستییانه و به‌رپرسیارانه بم له‌سه‌ر یه‌کێک له گرنگترین نیشانه‌کانی ناسنامه‌ی کوردبوون واتا زمانی کوردی.
1) زمان دیارده‌یه‌که که له ڕه‌وتێکی مێژوویی‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌دات و له ڕه‌وتێکی مێژووییشدا گه‌شه ده‌کات. زۆر هۆکاری ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کولتووری له ده‌ره‌وه‌ی گه‌شه‌ی سرووشتییانه‌ی زمان ده‌بنه هۆی په‌ره‌گرتن یان له‌ناوچوونی زمانێک. ژماره‌ی ئه‌و زمانانه‌ی له سه‌ره‌تای هاتنه ئارای یه‌که‌م کۆمه‌ڵگه‌کانی مرۆڤه‌وه هه‌تا ئیستا قسه‌یان پێکراوه له به‌پارێزترین ئاستدا پتر له 150000 زمان بوونه. له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ژماره‌ی زمانه‌کان گه‌یشتووه‌ته نزیکه‌ی 6000 و پێشبینی ده‌کرێت تا کۆتایی سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م ئه‌م ژماره‌یه دابه‌زێته بۆ که‌متر له 1000 زمان. سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕێژه گه‌وره‌یه‌ی مه‌رگی زمانه‌کان، هه‌تا ئێستاش زمان وه‌ک خاڵی سه‌ره‌کیی ناسنامه‌ی مرۆفه‌کان و نه‌ته‌وه‌کان سه‌یری ده‌کرێت.
2) بابه‌تی ستانداردکردنی زمان له ده‌ره‌وه‌ی گه‌شه‌ی سرووشتییانه‌ی زاراوه‌کان له ڕه‌وتێکی مێژوویی‌دا، بریتییه له هه‌وڵی به پلانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕۆشنبیری بۆ ئافراندن، گه‌ڵاڵه‌کردن و به ناوه‌ندکردنی زمانێک یان زاراوه‌یه‌ک، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی زمانێکی فه‌رمی وه‌ک ئامرازی پێوه‌ندیی له چوارچێوه‌ی جۆغرافیایه‌کی سیاسی‌دا که له شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
3) ڕه‌وتی زاڵبوونی زاراوه‌یه‌ک یان زمانێک به سه‌ر زمان و زاراوه‌کانی تردا به هۆی هۆکارگه‌لی سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر جاران شێوه‌یه‌کی نادێمۆکراتییانه‌ی به خۆوه بینیوه. ئه‌گه‌ر کرده‌یه‌کی وا له سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا توانیبێتی به‌بێ نانه‌وه‌ی گرفتی زۆر، سه‌رکه‌وتوو بێت، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌سته‌مه کارێکی ئه‌وتۆ به سانایی سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بهێنێت.
4) ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ته‌نیا به زه‌بروزه‌نگ توانیان زمانی گرووپگه‌لێکی ئێتنیکیی تایبه‌ت به‌سه‌ر زمانه‌کانی تردا زاڵ بکه‌ن. سیاسه‌تی مسته‌فا که‌مال له تورکیا و ڕه‌زا خانی په‌هله‌وی له ئێران نموونه‌ی به‌رچاوی ملهوڕیی سیاسیین که ڕه‌وتی سه‌پاندنی زمانێک و سڕینه‌وه‌ی زمانه‌کانی تر ده‌کاته ئامانجی سازکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کده‌ست و یه‌کزمان.
5) پرسی کورد وه‌ک پرسێکی سیاسی خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی سنووربه‌زێنه و هه‌ر ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی و کولتووری له به‌شێکی کوردستاندا ڕاسته‌وخۆ کارتێکه‌ریی ده‌بێت له به‌شه‌کانی تری کوردستاندا.
6) دابه‌شبوونی کوردستان بووه‌ته هۆی بێبه‌ریبوونی زمانی کوردی و زاراوه‌کانی له تێپه‌ڕکردنی گه‌شه‌یه‌کی سرووشتییانه. ئه‌م دابه‌شبوونه له هه‌مان کاتدا زاراوه کوردییه‌کانی خستووه‌ته ناو هه‌لومه‌رجی جیاواز. له کاتێکدا که له به‌شێک له کوردستان هه‌لومه‌رجێکی که‌م تا زۆر له‌بار بۆ زاراوه‌ی کرمانجیی خواروو ڕه‌خسا، کرمانجیی سه‌روو که‌وته به‌ر هێرشی شۆڤێنیستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک و بۆ ماوه‌ی هه‌شت ده‌یه هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئاسه‌وارێکی درا. هه‌وڵی کورده‌کانی باكووری کوردستان بۆ بووژاندنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی زمانی کوردی سه‌ره‌ڕای زه‌ختی زۆری ناحه‌زانی ئه‌م زمانه ئه‌زموونێکی پڕبایه‌خه و ده‌بێ ڕێزی لێبگیرێت.
7) کوردان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یکی بێده‌وڵه‌ت له هه‌وڵ و خه‌باتی بێوچانی خۆیاندا به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، سه‌ره‌ڕای که‌ندوکۆسپی زۆر، توانییان هه‌ستی هاوبه‌شی هۆگریی به پرسی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزن و خۆ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یکی حاشالێکراو نیشان بده‌ن.
8) دوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کیی کوردی، کرمانجیی سه‌روو و خواروو ئه‌وه‌نده لێک نزیکن که ناکرێ وه‌ک دوو زمان هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ بکردرێت. له هه‌مان کاتدا ئه‌م دوو زاراوه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش له یه‌کتر جیاوازن که ناکرێ وه‌ک یه‌ک زمان دابندرێن. هۆگریی کوردان به یه‌کتر له ده‌ره‌وه‌ی سنووره فه‌رمییه‌کاندا، لایه‌نێکی به‌هێزی کوردایه‌تییه و ڕه‌وا نییه جیاوازیی زاراوه‌یی بکرێته له‌مپه‌رێک له‌سه‌ر ڕیگای هاوچاره‌نووسیی مێژوویی ئه‌م نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌دا.
9) ده‌سته‌به‌رکردنی ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ناتوانێ به فه‌رمیکردنی زاراوه‌یه‌ک و پشتگوێخستنی زاراوه‌کانی تر وه‌دی بێت. به‌پێچه‌وانه هه‌ر جۆره هه‌وڵێک بۆ سه‌رده‌ستکردنی زاراوه‌یه‌ک ده‌بێته هۆکاری سنوورکێشانێکی ماڵوێرانکه‌ر له‌نێوان ئاخێوه‌رانی زاراوه کوردییه‌کاندا.
10) وێده‌چێت به له‌به‌رچاوگرتنی فاکتۆرگه‌لی جیاوازه‌وه پێشنیاری دکتۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له‌مه‌ڕ دووستانداردبوونی زمانی کوردی شیاوترین و گۆنجاوترین ڕێگای هه‌ڵسوکه‌وتکردن بێت له‌گه‌ڵ زمانی کوردی‌دا.
11) به باوه‌ڕی من له جیاتی به هه‌ده‌ردانی وزه‌یه‌کی زۆری ڕۆشنبیری بۆ سه‌پاندنی زاراوه‌یه‌ک به‌سه‌ر زاراوه‌کانی تردا ده‌بێت پێشه‌نگی ڕۆشنبیری و سیاسیی کورد بیر له په‌ره‌پێدانی زاراوه سه‌ره‌کییه‌کان بکاته‌وه و گرفتی زۆری ئه‌م زاراوانه له بواری وشه‌ڕۆنان، ڕێنووس و ڕێزمان چاره‌سه‌ر بکات. ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باشووری کوردستان ده‌بێ ڕێگه‌خۆشکه‌ری ئه‌م ڕه‌وته بێت. ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت زمانی کوردی له ڕیزی ئه‌و 5000 زمانه‌دا نه‌بێت که له سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌مدا له‌ناو ده‌چن، ده‌بێ بیر له گه‌شه‌پێدانی زمانی کوردی به هه‌ر دوو زاراوه سه‌ره‌کییه‌که‌یه‌وه بکه‌ینه‌وه و هه‌لومه‌رجی په‌روه‌رده و به‌کارهێنانی له هه‌موو ئاسته‌کانی خوێندن و زانست‌دا بۆ بڕه‌خسێنین.
12) باسێکی له‌م چه‌شنه نه‌ک هه‌ر له بواری زمانی به‌ڵکوو له بواری سیاسیش‌دا هه‌ستیاره و چاره‌سه‌رکردنی له ده‌ره‌وه‌ی داواکاریی هاوبه‌شی ناوچه‌گه‌راییانه‌دایه. ئه‌زموونه‌کانی سیاسه‌تی زمانیی زۆر نه‌ته‌وه‌ی تر ده‌توانن یارمه‌تیده‌ری ئێمه بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شیاوترین ڕێگای چاره‌سه‌رکردنی پرسی زمان. ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی دوو یا چه‌ند زمانی ستانداردیان هه‌یه ده‌توانێ بۆ ئێمه زۆر به که‌ڵک بێ. ئه‌زموونی هیندییه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی ڕێنووس و جیاوازیی زۆری زمانی ده‌کرێت که‌ڵکی لێوه‌رگیرێت. ئه‌زموونی یه‌هوودییه‌کان له ژیاندنه‌وه‌ی زمانێکی مردوودا ده‌توانێت هه‌ستیاریی پرسی زمانمان بۆ سازکردنی نه‌ته‌وه وه‌بیر بخاته‌وه.
13) باسی زمان و سیاسه‌تی زمانی و کولتووری پێویستی به شاره‌زایی و زمانێکی تێکنیکی و پسپۆڕانه هه‌یه، زمانێک که دوور بێت له تووندی و بێڕێزی. هه‌وڵدان بۆ وه‌ڕێخستنی باسی زانستی و زمانناسانه ئه‌رکێکی ئینسانی و کوردانه‌یه
2008.05.04
No comments:
Post a Comment