پشتیوانی له پێشنیاری " به فه‌رمی کردنی کرمانجیی خواروو" هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره و کاره‌ساتێکی نه‌ته‌وایه‌تییه
پشتیوانی له پێشنیاری " به فه‌رمی کردنی کرمانجیی خواروو" هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره و کاره‌ساتێکی نه‌ته‌وایه‌تییه
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی – له‌نده‌ن
به هۆی نه‌خۆشی و له‌ش ناساخییه‌وه توانای تاوتوێ کردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی به ڕێ و جێی پێشنیاره‌که‌ی دوکتور ئه‌میر و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی دیکه‌م نییه که بۆیان له مل داوه، به‌ڵام به کورتی ده‌بێژم ئه‌وه ته‌نیا شتێک بووه که له مامۆستا ئه‌میر وه‌ک دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمانه دابه‌شکراوه‌که‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا. بۆچی؟
1. ئه‌وه غه‌درێکی گه‌وره‌یه له زیاد له سێ له چواری گه‌له‌که‌مان که له هه‌موو پارچه‌کانی وڵات‌دا ده‌ژین و به کرمانجیی خواروو نادوێن. سه‌روه‌ری و پێشکه‌وتی زاراوه‌ی کرمانجیی خواروو به‌شێکی له ئه‌نجامی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکیا دا هاته گونجان که له ماوه‌ی 80 ساڵی ڕابوردوو دا وه‌ک به‌شێک له دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی کردنی گه‌لی کورد له چوارچێوه‌ی کۆماری تورکیا دا هه‌وڵی ویشک کردنی سه‌رچاوه و بناژۆ کردنی ئه‌و زمان و زاراوه‌یه‌ی داوه که کوردی ناو وڵاته‌که پێی ده‌ئاخفن. دوه‌ری تورکیا له‌وه دا به‌رچاو بوو که زاراوه‌ی سه‌ره‌کی ڕادیۆی کوردی به‌غدا ببێته کرمانجیی خواروو بۆ ئه‌وه‌ی کوردی تورکیا که‌متر خووی پێ بگرن و گوێی بده‌نێ. هه‌ر وه‌ها سیاسه‌تی تورکیا پشتگیریی هه‌میشه‌یی کردووه له زه‌ق بوونه‌وه‌ی کرمانجیی خواروو له‌و شوێنانه‌دا که نه‌یتوانیبێت زمانه‌که به گشتی و به هه‌موو زاراوه‌کانیه‌وه تونا بکات. هیچ مه‌نتیقێکی سه‌لیمی سیاسی ناتوانێ په‌سندی ئه‌وه بکات که زیاد له سێ له چواری خه‌ڵکێک بکه‌ونه شوێن که‌مایه‌سییه‌کی دیاریکراو ئه‌ویش له بارودۆخێکی وه‌ک بارودۆخی کورد و دابڕاویی خه‌ڵک و فراوان بوونه‌وه‌ی ڕۆژ به ڕۆژی که‌له‌به‌ری نێوان پارچه‌کان دا.
2. ئه‌وه، به فه‌رمی کردنی جیاوازی و دابڕاویی پارچه‌یه‌کی پچووک به‌ڵام گرنگ و چالاکی وڵات _ واته ناوچه‌ی ئاخێوه‌ران به زاراوه‌ی کرمانجیی خواروو،ه له به‌ژنی سه‌ره‌کی وڵاتێک که کوردستان بێت.
3.له‌ناوبردنی هیوای له مێژینه‌ی گه‌لی کورده بۆ وه‌دی هێنانی ئاواتی پێک هاتنی زمانی یه‌کگرتوو له بارودۆخی گونجاوی دواڕۆژ دا.
4. مۆری په‌سنده له سه‌ر دابه‌شبوون و لێک دابڕانی پارچه‌کانی کوردستان و بێ حورمه‌تی کردنه به ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد که به زاراوه‌کانی دیکه ده‌ئاخفن. ئاخێوه‌رانی کرمانجیی ژووروو،دیمڵی،هه‌ورامی و که‌لهوڕی هه‌رگیز ئێمه بۆ ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره مێژووییه نابه‌خشن و یه‌کپارچه‌یی وڵات که هه‌رئێستا گه‌لێک لاواز و له‌رزۆکه، لێدانێکی نوێ و کاریگه‌ری لێده‌درێت به‌ڵام ئه‌مجاره به ده‌ستی دوژمن و داگیرکه‌ر نا، به ده‌ستی خۆیی.
5.ئه‌م کاره، هیوای ئه‌وه له ناو ده‌بات که له دواڕۆژ دا ئهلف و بێی لاتینی _ که به گشتی به‌ستراوه‌ی زاراوه‌ی کرمانجی ژوورووه، ببێته ئهلف و بێی فه‌رمی هه‌موو وڵات و کوردی هه‌موو پارچه‌کان له پیتی کۆن و ناته‌واو و نائه‌مڕۆیی عه‌ڕه‌بی ڕزگاریان بێت.
6.ئه‌م کاره، واته پشت گوێ خستنی زاراوه‌یه‌کی هه‌مه‌گیر و ده‌وڵه‌مه‌ند به ملیۆنه‌ها ئاخێوهریهوه، عه‌ین و بیلا وه‌ک کاری داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌مان و بۆ نموونه، ڕه‌زا شاوایه _ که به ناوی یه‌کگرتوویی خه‌ڵک و یه‌کپارچه‌یی خاکه‌وه زمانێکیان به زۆره ملی کرده حاکم و سه‌رۆک و زمانه‌کانی تر _ یه‌ک له‌وان کوردی،یان کرده کڵفه‌ت و که‌نیزی ئه‌و.
7. ئه‌م کاره دژ به هه‌موو ئه‌سڵێکی دێمۆکڕاسی و به‌نده‌کانی جاڕی جیهانی مافی مرۆڤه که ژماره‌یه‌کی که‌م له خه‌ڵک به بێ پرس و مه‌سڵه‌حه‌ت و ڕێفڕاندۆم و ده‌نگدان، بڕیار له سه‌ر په‌راوێزکردنی زمانی ملیۆنان خه‌ڵک بده‌ن و به گوێره‌ی خواستی خۆیان ببڕن و بدروون و ناوی بنێن خزمه‌ت و خه‌مخۆری و دڵسۆزی.
8. ئه‌م پێشنیاره ته‌نیا له هه‌ل و مه‌رجی دووره وڵات بوون و دابڕان له خه‌ڵک هاتۆته گونجان. هیچ عه‌قڵێکی سه‌لیم له بارودۆخی کرژی ئێستای نێوان پارچه‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت له باشوور _ که شوێنه‌واری ناحه‌زی ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆیی ئێستاش به‌رچاوه،پێشنیارێکی ئه‌وتۆ ناکات و ژێر داوخوازییه‌کی ئه‌وتۆ مۆر ناکات. با خاوه‌ن ئیمزاکانی ئه‌و پێشنیاره کرچ و کاڵه ئاوڕێک له‌و که‌ش و هه‌وایه بده‌نه‌وه و به خۆیاندا بچنه‌وه.
9.پێشنیاره‌که، نه به مه‌نتیقی ئینسانی و نه به مه‌نتیقی سیاسی له شوێنی خۆیدا نییه و هیچ بنه‌مایه‌ک بۆ په‌سند و وه‌رگیرانی له لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه به‌چاو ناکرێت، هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ک به‌یاننامه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی سیاسی پێش له دایکبوون ده‌مرێت، به‌ڵام شوێنه‌واری نه‌رێ یی خۆی له سه‌ر یه‌کگرتوویی و یه‌کپارچه‌یی کۆمه‌ڵانی گه‌له‌که‌مان داده‌نێت، ئه‌وه‌ش داخێکی گه‌وره‌یه که ژماره‌یه‌ک له ڕووناکبیر و خوێنده‌وارانی گه‌له‌که‌مان ده‌ورێکی ئه‌وتۆ ببینن و ببنه هۆره و به به‌ژنی لاوازی یه‌کپارچه‌یی گه‌لدا بچنه خواره‌وه.
10. پێشنیاره‌که له باره‌ی زمانه‌وانیشه‌وه ناته‌واوه. جووت ستاندارد بوونی زمانێک ده‌ره‌تان به تاقه که‌س یا کۆمه‌ڵێکی 50 که‌سی نادات یه‌ک لایه‌نه و بێ سێ و دوو،زاراوه‌یه‌ک بکه‌نه په‌راوێزی ئه‌ویتر و بوودجه و ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی فه‌رمی و حکوومی بخه‌نه خزمه‌ت یه‌کیانه‌وه _ ئه‌ویش زاراوه‌یه‌ک که که‌مایه‌سییه‌کی گه‌لێک که‌م پێی ده‌دوێن له به‌رانبه‌ر زۆرایه‌تیه‌کی هه‌راو و به‌رچاو و له هه‌موو پارچه‌کانی وڵات‌دا.
له کۆتاییدا با ئه‌م شێعره‌ی هه‌ژار دووپات بکه‌مه‌وه که ده‌ڵێی هه‌ر بۆ ئه‌م باسه‌ی گوتراوه:
"... هه‌رکه‌س که ده‌خوێنێ پیت و نیوێک
ئه‌و ده‌چته که‌لێک و گه‌ل له شیوێک ..."
08/5/2
له‌نده‌ن
No comments:
Post a Comment