"یخربون بیوتهم بایدیهم"
"یخربون بیوتهم بایدیهم"
حه‌سه‌نی قازی
کاک موحسین جوامێر له نووسراوه‌یه‌ک دا له ژێر سه‌ردێری " ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور و "کا" له "پووش" بژاردن"که له ژماره‌ی 217ی ڕۆژنامه‌دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه ویستوویه هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی نوووسراوه‌یه‌کی کورتی به‌ڕێزحه‌سه‌نپوور له‌مه‌ڕ " جووت – سته‌ندارد" بوون و چه‌شناوچه‌شنی زمانی له کوردستان به‌رپه‌رچ بداته‌وه له بن په‌رده‌ی به‌رگری له شێوازێکی که‌مایه‌تی که ئه‌و به "دایه گه‌وره"ی نێو زهد ده‌کا.
ئه‌و قسه‌یه‌ی که زانایه‌کی وه‌کوو ئه‌میری حه‌سه‌نپوور سه‌باره‌ت به واقعی هه‌نووکه‌یی زمانی له جوگرافیای کوردستانی عێراقدا ده‌یکا، شتێک نییه ، به پێی سۆز و به‌سترانه‌وه‌ی ئێتنیکی یان به پێخۆش‌بوون و ڕه‌مه‌کی به زه‌ینیدا ڕابرا بێ، به‌ڵکوو ئه‌وئاکام لێده‌رخستنه به پێی لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ڕاستینه‌ی چه‌شناوچه‌شنی زمانی له وێندرێ و له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان کراوه که حه‌سه‌نپوور زۆر له مێژه هێناویه‌ته گۆڕێ و له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به‌له‌به‌ر چاوگرتنی گشت ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی دا ڕوویانداوه، ئه‌و بواره‌ش واته لێدوان و ڕاوه‌سته کردن له سه‌ر پرسی زمان به‌رفراوانتربووه‌ته‌وه.
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور 19 ساڵ له‌وه پێش به پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی 67 ساڵ مێژووی شێوازه‌کانی کوردی و هه‌موو بابه‌ته‌کانی گرێ‌دراو به چه‌مکی زمان و کو‌لتوور یه‌که‌م جار وه‌کوو زانایه‌کی کورد ڕاستینه‌ی فره‌چه‌شنێتی زمانی کوردی هه‌م له باری تێئۆری و هه‌م له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گرده‌وه‌کۆیی کردووه.حه‌ق وایه ئه‌و که‌سانه‌ی به‌خۆ ده‌په‌ڕموون بێنه نێو باسێکی ئه‌وتۆوه به زاناییه‌وه بێنه شه‌ڕه‌جه‌نگی فیکری و نه‌ک به هێنانه گۆری بابه‌تی لابه‌لاخۆڵ ده‌چاوی خه‌ڵک که‌ن.
ئه‌و کاته‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپوور خه‌ریکی ئاماده کردنی تێزی دوکتورایه‌که‌ی بوو، به له سه‌ره‌خۆییه‌کی بێوێنه حه‌ولی ده‌دا له چوار قوڕنه‌ی ئه‌و کوره خاکییه چ زانا و پسپۆڕێکی بواری زمانی کوردی هه‌یه پرس و ڕاوێژی له گه‌ڵ بکا. نه‌مران مه‌سعوود محه‌مه‌د،عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی، ئاوره‌حمانی حاجی مارف و زانایانی سه‌رزیندوو و عه‌مر درێژ که‌مال فوئاد و جه‌ماڵ نه‌به‌ز له‌و که‌سانه بوون.
پێوه‌چاران به ڕاستینه‌ی شێوازه کوردییه‌کان وه‌کوو واقعێکی هه‌ست پێکراوبه هه‌ڕوگیفی ناوچه‌یی و هاواری "لێک دانه‌بڕاندنیان" جێبه‌جێ ناکرێ چونکوو ئه‌وجیاوازیانه هه‌ن و ده‌سکردنین تا به بڕیاری سیاسی ڕاپه‌ڕێندرێن.
ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه ملی بۆ ڕاکێشرێ که "زمان" به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌را و زه‌نایه‌ی نراوه‌ته‌وه هۆکاری سه‌ره‌که نییه بۆ گرێدان و پاراستنی کوردان به‌یه‌که‌وه، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر پێکێشی بکرێ له سه‌ر داسه‌پاندنی "دایه‌گه‌وره‌یه‌ک" به سه‌ر "ڕۆڵه‌کان" ی‌دا ،ئه‌و ده‌می زمان ده‌بێ به هۆکاری هه‌ره کاریگه‌ر بۆ نامۆ بوون و له یه‌ک دابڕانی کورده‌کان له یه‌کتر و ئه‌وه‌ی موحسێن جوامێر نووسیویه " یخربون بیوتهم بایدیهم" وه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێ و دیاره پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر ڕاسته واته بێتوو له ڕووی پلانێکی زمانی له سیستمی خوێندن و په‌روه‌رده له کوردستانی عێراق دا هه‌موو شێوه‌زاره‌کان وه‌خۆ بکرێن و ئاخێوه‌رانیان هه‌ست نه‌که‌ن کراونه‌ته قۆچی قوربانی " دایه گه‌وره" ئه‌و ده‌می "زمان" ده‌بێته هۆکاری ته‌بایی کۆمه‌ڵایه‌تی و حه‌ز و خۆشه‌ویستی دوولایه‌نه و چه‌ند لایه‌نه و له‌و وڵاتانه‌ی دیکه‌ش دا که شێوازه‌کانی کوردی هه‌ن و زۆریش له کوردستانی عێراق گه‌وره‌ترن ده‌بێته سه‌رمه‌شقێک بۆ ئه‌وه‌ی که‌لکی لێوه‌ربگیرێ.
موحسێن جوامێر له جێیه‌کی وتاره‌که‌ی دا ده‌ڵێ : " به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پاشخانی فکریی کاک حه‌سه‌نپوور بخوێنێته‌وه ،ده‌زانێ ئاخر شت که نێوبراو بیری لێ بکاته‌وه، یه‌کییه‌تی کورد و کوردایه‌تییه" دیاره ئه‌و بۆی هه‌یه له گه‌ڵ بۆچوونی ئیدێئۆلۆژی به‌ڕێز ئه‌میری حه‌سه‌نپوور دژایه‌تی فکری بکا، به‌ڵام بۆی نییه خۆمان لێبکاته قازی و هێڵ و ڕێبازی "یه‌کیه‌تی کورد و کوردایه‌تی" نه بۆ حه‌سه‌نپوور و نه بۆ که‌سی دیکه دیاری بکا.پێم خۆش‌بوو ئه‌وه‌شی به بیر بخه‌مه‌وه که پاشناوی کاک ئه‌میر " حه‌سه‌نپوور" ه نه‌ک ئه‌وه‌ی له جێیه‌کدا نووسیویه:"کاک پوور" و هیوادارم به‌وه مه‌به‌ستی له سووکایه‌تی کردن به " پوور" نه‌بێ و له ژێر تاوی "زمانی براگه‌وره" دا له قه‌ڵه‌می ده‌رچووبێ.
ئه‌م نووسراوه‌یه له ژماره‌ی 220ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه،چوارشه‌مۆ 14.05.08 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
No comments:
Post a Comment