هه‌ر ئه‌وه مابوو به‌سه‌رماندا بسه‌پێنن
هه‌ر ئه‌وه مابوو به‌سه‌رماندا بسه‌پێنن !
ئه‌حمه‌د دارا
ئه‌من پێم وایه که ئه‌و پێشنیاره‌ی سه‌پاندنی کرمانجی خواروو - یان ئه‌وه‌ی هه‌نکه ئێمه پێی ده‌نووسین - که له راستییدا له بنی بن زاراوه‌ک پتر نییه نه‌ک هه‌ر ناشایسته و زۆر خراپه به‌ڵکه کێشه‌کان پتر و پتر ئاڵۆز ده‌کا ، چونکه هه‌ر زاراوه یان بن زاراوه‌کی تری زمانی کوردی له‌بارترن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نه‌ک ئه‌و ( شه‌ڕه پشیله)ی ئێستا ئێمه پێی ده‌نووسین.. جگه له‌وه‌ش ئه‌وه سه‌رده‌مانه‌کی له‌مێژه رۆژی سه‌پاندنی زاراوه یان بن زاراوه به‌سه‌رچووه.. سه‌پاندنی هه‌ر زاراوه‌کیش که پێشتر له زمانانی تر روویداوه هه‌رگیز له روانگه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستیی و ناوچه‌گه‌ریی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره چه‌وسێنه‌رانه به‌ده‌ر نه‌بووه که به زاراوه سه‌پاوه‌که قسه‌یان کردووه و پاشانیش میلله‌ته‌که زاراوه‌کانی خۆی له‌ده‌ستداوه و زمانه سه‌پاوه‌که‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی زۆری میلله‌ته‌که نه‌توانن به‌و زمانه بئاخڤن و زمانه‌که ببێته زمانی ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌فسه‌ته‌چییان .. بۆ نموونه وه‌ک ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی عه‌ره‌ب له‌پاش تێپه‌ڕبوونی ١٤٠٠ ساڵ به‌سه‌ر داسه‌پاندنه‌که زمانی عه‌ره‌بی نازانن و زمانه‌که‌یان بۆته هی خه‌ڵکێکی که‌م له به‌ناورۆشنبیره‌کان .
ئێستاش ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه‌ک نووسه‌ر ده‌یانه‌وێ بنی بن زاراوه‌کی بێسه‌روبه‌ر و لاوازی کوردی که هی که‌مینه‌کی زۆر که‌می خه‌ڵکی کورده و له هیچ رووه‌که‌وه له‌بار نییه به‌سه‌ر هه‌موو کوردی دابسه‌پێنن ئه‌وا بۆخۆیان ئازادن با ئه‌و کۆششه بکه‌ن به‌ڵام با دڵنیا بن له ماندووبوونی خۆیان و دروستکردنی کێشه بۆ زمانه‌که‌مان هیچ شتێکی دیکه نادورنه‌وه.. بۆ ئه‌وان و بۆ سه‌رجه‌می میلله‌تی کورد باشتره که ئه‌وان بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که چۆن زمانه‌کی یه‌کگرتوو له هه‌موو زاراوه و بن زاراوه و بنی بن زاراوه‌کان چێبکرێ نه‌ک هه‌نده‌ک نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی ئاڵووده‌بوو به نه‌خۆشیی ره‌گه‌زپه‌رستی و ناوچه‌گه‌ریی و خۆپه‌رستیی به هاوکاریی هه‌نده‌ک ده‌سه‌ڵاتداری خۆبه‌رۆشنبیرزان ئه‌نفالی زاراوه‌کان بکه‌ن و کێشه‌که قووڵتر بکه‌نه‌وه.
له‌گه‌ڵ رێزم بۆ بۆچوونی ئه‌و چه‌ند نووسه‌ره و هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌وان بیرده‌که‌نه‌وه.. به‌ڵام تکایه با هه‌موومان به سینگه‌کی فراوانتر و هێمنانه‌تر و لۆژیکییانه‌تر ده‌ست بۆ ئه‌م کێشه گرنگه ببه‌ین چونکه ئه‌مه چاره‌نووسی میلله‌ته‌کی پێوه به‌ستراوه‌ته‌وه ناکرێ به گوێره‌ی هه‌وا و ئاره‌زووی تاکه‌که‌سیی بڕێارێکی سه‌رپێییانه‌ی له‌سه‌ر بدرێ .
ئه‌من پێشنیارم ئه‌وه‌یه که با رێگه خۆشبکرێ هه‌رکه‌سه‌ک له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان له هه‌ر لایه‌نه‌کی رۆشبیریی چه‌ند له‌م رووه‌وه ده‌زانێ به پشکی خۆی به‌شداریی بکا و له هه‌نکه‌وه‌ڕا پرۆگرامه‌کی تێروته‌سه‌لی پێنج ساڵیی دابڕێژدرێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بۆ ئه‌وه‌ی به چڕوپڕیی کاری بۆبکرێ و ده‌زگایه‌کی چاودێری تایبه‌تیش بنه‌بڕی نه‌خۆشییه ناوبراوه‌کان بکا و دووریان بخاته‌وه له‌و کرداره.. هه‌روا به‌هیچ شێوه‌ک رێگه‌نه‌درێ پارت و ئاراسته رامیارییه‌کان و ده‌زگا حکومییه‌کان و رێکخراوه رۆشنبیریی و ده‌سته و ده‌سته‌به‌ندییه‌کانی نێوان رۆشنبیران و هه‌ر جۆره ده‌سته‌به‌ندییه‌کی تر که په‌یوه‌ندییان به‌و کاره‌وه نییه ده‌ست له‌و پڕۆسه وه‌ربده‌ن، سه‌ره‌نجام پاش پێنج ساڵ زمانه‌ک گه‌ڵاڵه بکرێ و به زۆربه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی - که خاوه‌نه‌کانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌شێن- بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و زمانه هاوبه‌شه بده‌ن که هه‌موو زاراوه‌کان پشکیان تێیدا هه‌بێ نه‌ک سه‌پاندنی ته‌نیا یه‌ک زاراوه..دیاره بڕیاردانیش له‌سه‌ر ئه‌و زمانه ده‌بێ کاتیی بێ بۆ ماوه‌ی په‌روه‌رده‌بوونی یه‌ک نه‌وه که ئه‌و زمانه یه‌کگرتووه بڕیارله‌سه‌ردراوه فێرده‌بن پاشان راپرسییه‌کی گشتیی جه‌ماوه‌ریی بکرێ که ئایا ئه‌و ئه‌زموونه سه‌رکه‌وتوو بووه یان نا ،ئه‌گه‌ر راپرسییه‌که به به‌ڵێ بوو ئه‌وا زمانی یه‌کگرتوو له‌و رۆژه‌وه به ته‌واویی بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ ئه‌گه‌ر به نا بوو ئه‌وا دیسان به به‌خۆداچوونه‌وه‌وه پرۆگرامه‌کی تر بخرێته روو و کۆششه‌کان به‌رده‌وام بن تا ئه‌نجامه‌کی سه‌رکه‌وتوو وه‌ده‌ستدێ .
دیاره ئه‌م بابه‌ته زۆر هه‌ڵده‌گرێ.. به‌ڵام وابزانم ئه‌و پێشنیاری سه‌پاندنه‌ی که له لایه‌ن نووسه‌رانی سه‌رده‌می ئێستا کراوه ناهێنێ هێنده‌ی له‌سه‌ر بوه‌ستین چونکه ئه‌مڕۆ خه‌ڵک له‌سایه‌ی به‌ڕاستگه‌رانی هزری ئازادیی و یه‌کسانیخوازیی ناتوانێ به پێشنیارێک بڵێ به‌ڵێ که داوای سه‌پاندن ده‌کا جا با ئه‌و پێشنیاره له لایه‌ن هه‌ندێک نووسه‌ری بێ ده‌سه‌ڵات و پێخۆری سیسته‌مه‌کی چه‌وسێنه‌ریش نه‌بێ به‌ڵکه ئه‌گه‌ر له لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه بێ - که له بارودۆخی ئێستای جیهان هه‌موویان سه‌رکوتگه‌رن به رێژه‌ی له‌یه‌ک جوایێز - هه‌ر ناتوانێ سه‌ربکه‌وێ .. من دڵنیام ئێستا ئه‌گه‌ر پێشنیاری سیسته‌مه‌کی ته‌نانه‌ت به بێ سه‌پاندنیش بکه‌ی بۆ ئه‌و نووسه‌رانه که بتوانێ نان و ئازادیی بۆ هه‌مووان دابین بکا ئه‌وا یه‌کسه‌ر ده‌بنه واقیعگه‌رایی و ده‌لێن هێشتا واقیعی میلله‌ته‌که‌مان ئه‌وه‌ی به‌به‌ره‌وه نییه و .. ده‌بێ خه‌ڵکی هه‌ژار - که زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵن - بۆ ماوه‌یه‌کی نادیار چاوه‌ڕووان بکه‌ن رێک وه‌ک چاوه‌ڕووانییه خورافییه‌که‌ی موسلمانان بۆ به‌هه‌شته‌که‌ی ئیسلام، ره‌نگه هه‌ندێکشیان بڵێن جارێ ئێمه زمانمان نییه..با زمانه‌که‌مان به‌سه‌ر هه‌موو میلله‌ت دابسه‌پێنین ئه‌نجا بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی و یه‌کسانیی کۆشش ده‌که‌ین،یان ئه‌گه‌ر پتر له‌گه‌لییان پێدا بچی ئه‌وا به ستالینیست و ماویست و پۆلپۆتیست و ... هتد تاوانبارت ده‌که‌ن که‌چی ئه‌و به‌ڕێزانه زۆربه‌یان خۆیان له‌سه‌رده‌می باوی ئه‌و ئاراسته ناوبراوانه سه‌ر به‌و ئاراستانه بوون و ئێستاکه‌شی له‌گه‌ڵدا بێ هه‌ر به شێوه له‌و ئاراستانه دابڕاون و خۆیان به نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریی هه‌ڵواسیووه و شانازیی به لیبرالیزم و به‌هه‌شته ئه‌ندێشاوییه‌که‌ی سه‌رمایه‌داریی ده‌که‌ن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا له هزری ناوه‌کیی خۆیان هه‌ر به( روبه‌ی قورقوره ) ده‌پێون و هه‌مان توندوتیژیی له مێشکیان ده‌خولێته‌وه که هاوکاریان به ناوی کۆمۆنیزم ئه‌نجامیان ده‌دا ده‌نا چۆن له سه‌رده‌می ئێستا بیر له کرداری سه‌پاندن ده‌که‌نه‌وه.. ئه‌ویش سه‌پاندنی گشت نا به‌سه‌ر تاک و که‌مایه‌تییه‌ک - که هه‌ر جۆره سه‌پاندنه‌ک کارێکی ساغله‌م نییه - به‌ڵکه سه‌پاندنی که‌مایه‌تییه‌کی زۆر که‌م به‌سه‌ر گشت.. له‌وه‌ش سه‌یرتر بابه‌ته‌که بابه‌تی دروستکردنی زمانی یه‌کگرتووه!
له‌کۆتاییدا هیوادارم با ئه‌و نووسه‌ره به‌ڕێزانه قیچه‌ک پتر له کێشه‌که بکؤڵنه‌وه و بتوانن له دوور و له ده‌روه‌ی خۆیان ئه‌و پێشنیاره‌ی خۆیان و پێشنیاره‌کانی تر به هوردیی بخوێننه‌وه به‌ڵکه هیچ نه‌بێ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر راکانی خۆیانیش پێ دابگرن با بتوانن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی تر بکه‌ونه گفتوگۆ و وه‌ک چۆن به ئاسانیی و به په‌له‌پڕووزێ و بێ به‌رنامه و بێ کاتی ته‌رخانکراو ...هتد پێشنیاره‌که‌یان خسته‌ڕوو هه‌ر به‌و شێوه‌یه بڕیار نه‌ده‌ن و رووباره‌که شێلووتر نه‌که‌ن.
dara@emrro.com
تێبینی: ئه‌م نووسراوه‌یه به‌ڕێز ئه‌حمه‌د دارا بۆ بڵاو کردنه‌وه له ڕوانگه دا بۆی ناردووین،سپاسی ده‌که‌ین
No comments:
Post a Comment