Sunday, May 25, 2008

سه‌باره‌ت به‌ چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ "هاوڵاتی" به‌ڕێز میوان ده‌نوسێ :



ده‌بوو لێشت پرسیبان به‌ پێی چ لێکدانه‌وه‌یه‌ک "هاووڵاتی" بووه‌ته‌ "هاوڵاتی"!
سه‌باره‌ت به‌ باسه‌که‌ش: منیش پێموایه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجی ئێستا دا به‌ جووت ستاندارد دانانی زمانی کوردی گونجاوترین ڕێگایه‌، به‌ڵام له‌ داهاتوو دا ئه‌و دوو ستانداردانه‌ و ستانداردی دیکه‌ش که‌ خۆیان گرت(هه‌ورامی و زازایی و...) ناچارن ڕه‌وتێکی سه‌ربه‌خۆ بپێون، چونکه‌ تێکه‌ڵکردنیان به‌ مه‌به‌ستی پێکهێنانی "زمانی یه‌کگرتوو" نه‌ک هه‌ر ناگونجێ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هه‌شه‌ ده‌یفه‌وتێنێ. به‌داخه‌وه‌ کوردیش ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی نییه‌ که‌ وه‌ک وڵاتانی چه‌ند زمانه‌ی دیکه‌ له‌ سه‌ر ستاندارێک ساغ بێته‌وه‌. ڕه‌وتی مێژوو له‌ ئاکامی ئه‌و کێشانه‌ دا و به‌ هۆی دابڕانی سیاسی و جوگڕافیایی و کولتوورییش، ئه‌و پرسیاره‌ دێنێته‌ گۆڕێ: ئایا ئێمه‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین؟ له‌وانه‌یه‌ جاران نه‌ته‌وه‌یه‌ک بووبین به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وته‌ی پێواومانه‌ و ده‌یپێوین قه‌ت به‌ره‌و یه‌کبوونمان نابا.
سه‌رکه‌وتوو بی!
میوان
به‌ڕێز میوان!زۆر سپاس بۆ تێبینییه‌کانت. له‌ مه‌ڕ وشه‌ی " هاوڵاتی" ئه‌گه‌رله‌ شکڵی وشه‌که‌ ورد بییه‌وه‌ ده‌بینی دوو ده‌نگی/w/، و /u/کلۆر کراوه‌.به‌ڵام ده‌کرێ مه‌به‌ستیش ده‌نگدانی 'وڵاتی' wulati 'بێ. ها+وڵاتی واته‌ ده‌ی هه‌سته‌ ئه‌ی وڵاتی وئه‌گه‌ر وای وه‌ربگرین نووسینی وشه‌که‌که وه‌کوو 'ها+ وڵاتی' ده‌ست ده‌ده‌دا چونکوو له‌م ڕێنووسه‌ماندا ده‌نگی دووه‌می وشه‌ی 'وڵاتی' /u/ ده‌رناکه‌وێ. وشه‌ی 'وڵاتی' به‌ مانای 'هاووڵاتی' و ' شارومه‌ند' به‌کارهێندراوه.ده‌شکرێ وای بۆبچین له‌ سه‌ره‌تاوه‌که‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ئه‌م نێوه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه‌، هه‌ر دووک واتای وشه‌که‌ی له‌ به‌رچاو بووبێ واته‌ ' هاو وڵاتی ' و ها وڵاتی ' و نووسینی شکڵه‌ کورتکراوه‌که‌ی به‌ هه‌ر دوو مانا لا په‌سند بووبێ.
به‌سپاسه‌وه‌!
حه‌سه‌نی قازی‌

No comments: