پشتیوانی له هه‌ڵوێستی پرۆفسۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپوور بۆ وڵامدانه‌وه به په‌یام بۆ"به فه‌رمیی کردنی کرمانجیی خواروو" پشتیوانی له زانسته
جه‌عفه‌ر شێخولئیسلامی , مامۆستای زانکۆی کارلتن، کانادا
ده‌ستوچاوت خۆش بێ کاک د. ئه‌میر. ئه‌وه‌ی جه‌نابت نووسیوته ئاشکرایه که به‌رهه‌می ئه‌زموونێکی دوورودرێژی ئێوه‌یه له مه‌یدانی لێکؤڵینه‌وه‌ی زانستیی سه‌باره‌ت به ستاندارده بوونی زمانی کوردی.
به‌داخه‌وه، تا ئێستا مێژوو نیشانیداوه که ناسیۆنالیزمی کوردی نه‌یتوانیوه له ژێر ته‌ئسیری ئایدیۆلۆجی ئه‌و ناسیۆنالیسته-شۆڤینیستانه (هی عه‌ره‌ب، تورک، فارس) ده‌رباز بێ که کوردیان ژێرده‌سته راگرتووه. کورتوکرمانجی، ناسیۆنالیزمی کوردی فرچکی به شیری ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست گرتووه. ئه‌وه‌ش زۆر سه‌یر نییه، ره‌نگه تا راده‌یه‌کیش سروشتیی بێ. له قه‌دیمه‌وه گوتوویانه "دوو گایان ده‌باڵ یه‌ک بکه‌ی، یان خووی یه‌کتر ده‌گرن یان ره‌نگی یه‌کتر". ئاشکرایه ره‌نگ گرتنه‌که زۆر به دووره. کوردیش خووی ئاتاتورک، ره‌زاخان و سه‌ددامی گرتووه. ناسیۆنالیستی کورد هه‌روه‌کوو ناسیۆنالیستی تورک و عه‌ره‌ب و فارس ده‌ڕوانێته پرۆسه‌کانی نه‌ته‌وه-دامه‌زراندن، له‌وانه پرۆسه‌ی پلاندانان بۆ زمان.
جێگای مه‌ترسی ئه‌وه‌یه که ناسیۆنالیستی کورد به ئه‌وه نازانێ. پێی وایه که ئه‌و پێشکه‌وتووتره له ناسیۆنالیسته باڵاده‌سته‌کان. له هه‌مووش زۆرتر جێگای داخ ئه‌وه‌یه که راده‌یه‌کی زۆری نووسه‌ر و "ئه‌کادیمیستیش" هه‌ر بێخهبهرن که ئه‌وانیش هه‌ر به ربه‌ی ره‌زاخانه‌کان و ئاتاتورکه‌کان ده‌یپێون.
ره‌زاخان و ئاتاتورک و زۆری دیکه‌ش به زۆری زه‌بر و زه‌نگ زمانێکیان به سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یان داسه‌پاند. ئاکادیمی زمانیشیان دامه‌زراند. ئه‌وه‌ش پێشنیاری نووسه‌ره کورده‌کانه به حکومه‌تی هه‌رێم. جا با له خۆمان بپرسین: ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ره‌زاخان و ئاتاتورک بوون به هۆی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی له ئێران و تورکیا؟ نا. شۆڕشه‌کانی کورد دژی حکومه‌ته‌کانی ناوه‌ندیی باشترین به‌ڵگه‌ن. ئایا به فه‌رمی کردنی زمانێک (فارسی و تورکی، یان عه‌ره‌بی له سوریه) بوو به هۆی په‌ره‌پێدانی ئاشتی و رێزگرتن له مافی مرۆڤ، یان به پێچه‌وانه‌وه؟ دیاره به‌پێچه‌وانه‌وه. تورکیه هه‌موو ساڵێ سه‌رچڵی وڵاتانی تاوانبار به پێشێلکردنی مافی مرۆڤه، که به‌شێکی زۆری ئه‌و پێشێلکردنی مافی مرۆڤه بریتیه له قه‌ده‌غه‌کردنی مافه کو‌لتووریی و سیاسیه‌کانی کوردان له تورکیه. ئایا داسه‌پاندنی یه‌کزمان له ئێران و تورکیه، بۆ وێنه، بوو به هۆی زۆرتر خوێنده‌واربوونی خه‌لکی کورد له‌و وڵاتانه؟ نا. ئایا داسه‌پاندنی یه‌کزمان بوو به هۆی باشتر بوونی هه‌لومه‌رجی ئابووری له کوردستان؟ نا.
ده‌ی، که‌وابوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و داخوازینامه به‌س لاساکردنه‌وه‌ی ناسیۆنالیسته تورک و فارس و عه‌ره‌به‌کان نییه, چیتره؟ وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئێستاش زمانی فه‌رمی/ره‌سمی نییه. ئه‌فریقای باشوور نزیکه‌ی 11 زمانی ره‌سمی/فه‌رمی هه‌یه. کانادا دوو زمانی ره‌سمی هه‌یه. سویسرا چواری هه‌یه. سه‌تا چل له ولاتانی دنیا که سیسته‌می فیدڕالییان هه‌یه یان زمانێکی ره‌سمی تایبه‌تیان نییه، یان زۆرتر له یه‌کزمان ره‌سمییه. ئه‌و وڵاتانه‌ش، له ئه‌مریکاوه بگره هه‌تا سویسرا و مالیزیا بریتین له سه‌قامگیرترین وڵاتانی دنیا. ده‌ی، دیسان ده‌پرسم: به ره‌سمی کردنی یه‌ک شێوه‌زار له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چه‌ند-شێوه‌زاردا بۆچی؟
له کۆتاییدا با ئه‌وه‌ش بڵێم و، ره‌نگه پرسیارێکیش بێ، که بۆ لێوردبوونه‌وه ببێ: هۆی چییه که گوێنه‌گرتن بۆ مافی زمانی که‌مینه‌کان زۆرتر له کوردستانی باشوور (عێراق) باوه، به تایبه‌ت له ناو سۆرانیزمانه‌کاندا؟ ئایا بڵێی هۆیه‌که ئه‌مه نه‌بێ که ئه‌و مه‌ڵبه‌نده، به تایبه‌ت ناوچه‌ی شاره‌زوور، تامی بێبه‌شبوون له زمانی زگماکیی نه‌چێشتووه؟ هه‌موومان ده‌زانین که ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئه‌نفالیشدا، زمانی کوردی له عێراق قه‌ده‌خه نه‌بوو.
دیسان سپاس بۆ د. ئه‌میر
تێبینی: (بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی پێیان وایه ئیمزاکه‌ره‌کان زۆرتر له د. ئه‌میر شاره‌زای ئه‌و بابه‌ته‌ن، باشتره بزانن که د. ئه‌میر تێزی دۆکتۆراکه‌ی، که ساڵی 1989 له ئه‌مریکا ته‌واو کردووه، لێکۆڵینه‌وه‌یه له سه‌ر چۆنیه‌تی جووت ستاندارده بوونی زمانی کوردی. ئه‌و تێزه بووه‌ته کتێب و ئه‌مه‌ش ناوونیشانه‌که‌ی: Hassanpour, A. (1992). Nationalism and language in Kurdistan. San Francisco: Mellen Research University Press. خۆزگه یه‌کێکی له من ئازاتر و به‌کارتر په‌یدا ده‌بوو و، ئه‌و کتێبه‌ی ده‌کرد به کوردی سۆرانی (کوردی/کرمانجی ناوه‌راست). له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا، د. ئه‌میر به ده‌یان وتاری له سه‌ر زمانی کوردی، به ئینگلیزی و کوردی، بڵاو کردۆته‌وه.)
** سه‌رباسه‌که له لایه‌ن ڕوانگه‌وه داندراوه
No comments:
Post a Comment