بۆ میوانی ئێواره‌ی پاییز
بۆ میوانی ئێواره‌ی پاییز
سپاس بۆ په‌یام و ڕه‌خنه‌کانت.کاتێک بیرم له په‌خشاندنی ئه‌و هۆنراوه‌ی "هێمن" ده‌کرده‌وه منیش وه‌کوو تۆ وه‌بیر قسه‌که‌ی کاک محه‌مه‌دی مه‌لاکه‌ریم که‌وتمه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له شیکردنه‌وه‌که‌ی من خورد بییه‌وه من چ لۆمه‌و گازندم نه‌کردووه، هه‌ر نووسیومه خۆزگه وا بایه. ئه‌و قسه‌یه‌شم له گۆتره نه‌کردووه، سه‌رنجی به‌ڕێزت ڕاده‌کێشم بۆ یه‌که‌م په‌خشانی چاپکراوی هێمن که 65 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ژماره‌ی 2ی نیشتمان دا بڵاوکراوه‌ته‌وه [ خه‌زه‌ڵوه‌ری 1322ی هه‌تاوی.ده‌کرێ ئه‌م نووسراوه‌یه له یه‌که‌م بابه‌تی ڕوانگه دا بخوێنییه‌وه]، بۆیه ئه‌و خۆزگه‌یه‌م خواستووه، چونکوو وام داناوه ئه‌گه‌ر له‌و ده‌مییه‌وه له سه‌ر نووسینی په‌خشان به‌رده‌وام بووبا ده‌کرا زمانی نووسینی هه‌نووکه زۆر له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێ و ئه‌و قسه‌یه بڕووسکه‌یه‌کیش چییه له جوانی و دڵئه‌نگێزی شێعره‌کانی که‌م ناکاته‌وه.
سه‌باره‌ت به ساز کردنی فێعلی تێپه‌ڕ له نێو+ 'ئامرازی چاوگی' "اندن" به له‌به‌رچاوگرتنی بناخه‌ی ڕێزمانی کوردی وه‌نه‌بێ لادانێکی تێکده‌رانه‌بێ. ڕاسته له‌وانه‌یه نامۆ بێ. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر بێتوو به پێخۆر و به‌جێ له‌و ده‌رفه‌ته‌ی زانه‌وه‌ی زمان که‌لک وه‌ربگیرێ ده‌توانێ هه‌نبانه‌ی وشان ده‌وڵه‌مه‌ندتر کا. ئه‌گه‌ر که‌سێک مانای "په‌خشاندن" به " کردنه په‌خشان" وه‌ربگرێ یان چاوگی هاو شوباری دیکه‌ی وه‌کوو: " کورداندن " "به کوردی کردن " و ... ئه‌و ده‌می به‌پێی ڕێسای عاده‌تی خوێندنه‌وه و بیستن ڕێی تێده‌چێ ده‌قی پێبگرێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێت وایه ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی وا "تێکده‌رانه" یه، ده‌کرێ ڕه‌چاو نه‌کرێ.
سه‌باره‌ت به فێعلی لێکدراوی " وه‌بیرکه‌وتنه‌وه" له گه‌ڵت نێم. له کوردیی نێوه‌ڕاست دا دۆخی تێنه‌په‌ڕی "وه‌بیرکه‌وتنه‌وه"، " وه‌بیرهاتنه‌وه" و دۆخی تێپه‌ڕی " وه‌بیر خستنه‌وه " و " وه‌بیر هێنانه‌وه" مان هه‌یه و وابزانم ئه‌گه‌ر به سه‌رنجی مووقه‌ڵێشت لێی ورد بییه‌وه قسه‌که‌م بسه‌لـمێنی. "ڵی گه‌ڕاندنه‌وه" هێمن له شێعره‌که‌دا به مانای " وڵام دانه‌وه" ی ده‌کار کردووه.
پێم خۆش‌بوو شتێکیشت له سه‌ر " کردنه په‌خشان" ی [ په‌خشاندنی!] شێعره‌که نووسیبا، گه‌لۆ ئه‌تووش وه‌ک من پێت وایه ئه‌وه ده‌رفه‌ت ده‌کاته‌وه به‌ڕووی وه‌رگێڕاندا بۆ داڕشتتنی ڕسته‌ی وه‌سفی یان نا؟
جارێ جگه له به‌خێرهێنانی به‌رده‌وامت بۆ ئه‌م وێبنووسه چیدیکه‌م نییه بینووسم.
حه‌سه‌نی قازی
No comments:
Post a Comment