کۆماری کوردستان له ڕوانگه‌ی وه‌زیری فه‌رهه‌نگه‌که‌یه‌وه
گۆڤاری دوومانگانه‌ی ڕوانگه که له لایه‌ن خوێندکارانی کوردی زانکۆی زانسته پژیشکییه‌کانی ته‌بریز [ته‌ورێز] ده‌ر ده‌چوو له ژماره‌ی 15ی خۆیدا، گه‌ڵاوێژی 1382/ ژووییه‌ی 2003 چاوپێکه‌وتنێکی له گه‌ڵ نه‌مر مه‌نافی که‌ریمی یه‌کێک له ڕێبه‌رانی کۆماری کوردستان له مهاباد به زمانی فارسی بڵاو کردووه‌ته‌وه.لێره دا وه‌رگێڕدراوی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه پێشکێش ده‌کرێ.
کۆماری کوردستان له ڕوانگه‌ی وه‌زیری فه‌رهه‌نگه‌که‌یه‌وه
وتووێژ له گه‌ڵ مه‌نافی که‌ریمی
ئاماده کردنی :سمایلی مسته‌فازاده
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
* به‌ر له هه‌موو شتێک کورته‌یه‌ک له بیۆگرافی خۆتان و چلۆنایه‌تی ئه‌ندامه‌تیتان له ژێ.کاف دا باس بکه‌ن.
* له ساڵی 1298ی هه‌تاوی له شاری سابڵاغی موکری که ئێستا نێوی مهاباده له دایک بووم.خوێندنی سه‌ره‌تاییم تا ساڵی 1316ی هه‌تاوی که بۆ یه‌که‌م جار له مهاباد ده‌بیرستانی سێ پۆله دامه‌زرا له‌وێ بوو. به‌ر له‌وه دوو خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی سه‌عاده‌ت و په‌هله‌وی له مهاباد هه‌بوون. به‌و پێیه پۆلی یه‌که‌م، دوویه‌م و سێیه‌مم له مهاباد تێپه‌ڕاند به‌ڵام پۆلی چواره‌م نه‌بوو.چه‌ند ساڵێک سه‌رگه‌ردان بووم و دواجار چوومه ورمێ و له‌وێ دیپڵۆمی ئه‌ده‌بیم وه‌رگرت. یه‌که‌م جار که‌له گه‌ڵ وشه‌ی حیزب ناسیاویم په‌یدا کرد حیزبی ژێ.کاف (ژیانه‌وه‌ی کوردستان)1بوو.به‌ر له‌وه له سه‌رای که‌ریم خان له گه‌ڵ عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی که میرزای ته‌جاڕه‌تخانه‌ی حاجی ساڵحی شاتری بوو هات و چوو و دۆستایه‌تی ئاساییم هه‌بوو.ڕۆژێک عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی پێشنیاری پێکردم به یه‌که‌وه بچینه ماڵێک که من نه‌مده‌زانی ماڵی کێیه، له‌وێ زه‌بیحی خاوه‌ن ماڵی پێ ناساندم که حوسێنی فرووهه‌ر بوو. له گه‌ڵ قسه‌ی دیکه زه‌بیحی کوتی ئێمه چه‌ند که‌سێکین که جگه له دۆستی و براده‌رایه‌تی تهشکیلاتێکیشمان هه‌یه و زۆر جار له ده‌وری یه‌کتری کۆ ده‌بینه‌وه ، ئه‌گه‌ر پێت خۆش بێ ده‌توانی له گه‌ڵمان که‌وی.به‌ڵام ئێمه ڕێوشوێنێکیشمان هه‌یه و هه‌رکه‌س تازه له گه‌ڵمان ده‌که‌وێ ده‌بێ جێبه‌جێی بکا. منیش ئاماده‌یی خۆم نیشان دا، به یه‌که‌وه چووینه ژوورێکی دیکه‌ی که ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ژووره‌ی بوو لێی دانیشتبووین.ژووره‌که که‌سی لێ نه‌بوو و مێزێکی چکۆڵه و دوو کورسی لێ بوو،له سه‌ر مێزێکه قورئانێک و به ته‌نیشتییه‌وه ئاڵایه‌ک داندرابوو. زه‌بیحی له چه‌کمه‌جه‌ی مێزه‌که نووسراوه‌یه‌کی ده‌رهێنا و کوتی ئه‌مه مه‌ڕامنامه‌ی ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی ئێمه‌یه. ده‌بێ به قورئان سوێند بخۆی قه‌ت ڕاز و نهێنییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه نه به‌زمان ، نه به‌قه‌ڵه‌م ، نه به قه‌ده‌م و ته‌نانه‌ت نه به ئیشاره له لای هیچ که‌س نه‌درکێنی. چه‌ند جار قورئانه‌که‌م ماچ کرد و مهڕامنامهکهم که ئاغای زه‌بیحی بڕگه به بڕگه به ده‌نگی به‌رز ده‌یخوێنده‌وه دووپاته کرده‌وه و ئه‌ندامه‌تی کۆمه‌ڵه‌م قبووڵ کرد‌و ژماره‌ی "21" و نازناوی "ئاریا" یان پێدام.هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی پێوه‌ندی له گه‌ڵ حیزبی هیوا له کوردستانی عێراق هه‌بوو و له ڕێنوێنییه‌کانی ئه‌وان بۆ به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵه که‌لکی وه‌رده‌گرت. له گۆڤاری نیشتمان دا که ئۆرگانی ژێ.کاف بوو کارمان ده‌کرد و ئه‌ومان له چاپخانه‌ی ئه‌رمه‌نییان له ته‌ورێز چاپ ده‌کرد و په‌ڕه‌کانمان ده‌برده‌وه مهاباد و له‌وێ سهحافیمان ده‌کرد، به‌رگمان تێده‌گرت و بڵاومان ده‌کرده‌وه. کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف حیزبێکی مه‌زه‌بی – نه‌ته‌وه‌یی بوو له ساڵی 1321 وه تا ساڵی 1324 مهابادی به ڕێوه برد و دهوماوهیه دا پاکی و دروستکاری له نێو خه‌ڵک دا بڵاو بووه‌وه که ئه‌وه دنیا قه‌تی به خۆیه‌وه نه‌دیتبوو.بۆ وێنه قومار،ئاره‌ق خواردنه‌وه و چاوتێبڕینی نامه‌حره‌م له نێو کۆمه‌ڵ دا نه‌مابوو و پاکی و له‌خۆ بوردوویی باڵی به سه‌ر ههمووجێیهکدا کێشابوو.( هه‌ژار و هێمن یش له بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیاندا هێمایان به‌و مه‌سه‌لانه کردووه).
* له مانگی سه‌رماوه‌زی ساڵی 1320ی هه‌تاوی دا هێندێک که‌س له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی شووڕه‌وی یه‌وه له مهاباده‌وه بانگهێشتن کران بۆ باکۆ. له‌و باره‌یه‌وه چ ئاگادارییهکتان هه‌یه؟
* باسی سه‌فه‌ری هه‌وڵێ بۆ باکۆ پێویستی به سه‌ره‌تایه‌ک هه‌یه. به ده‌م شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانییه‌وه ڕووسه‌کان له گه‌ڵ کورده‌کان له ده‌وروبه‌ری سابڵاغێ تێک هه‌ڵچووبوون. له‌و سه‌روبه‌ندی دا کورده‌کان به لایه‌نگری له ده‌وڵه‌تی عوسمانی به دژی ڕووسه‌کان شه‌ڕیان کردبوو و ئامۆزای نیکه‌ڵای ڕووسییه‌یان 2 که‌له میاندواو کۆنسوولی ڕووسه‌کان بوو کوشتبوو و ته‌رمه‌که‌یان هینابووه مهابادێ. ڕووسه‌کانیش به تۆڵه‌ی خوێنی وی، هێرشیان کردبووه سه‌ر مهاباد و " ئیندرقاش" (دێیه‌ک له ده‌ورو به‌ری مهاباد) و هه‌شت هه‌زار که‌سیان قه‌تڵی عام کردبوو. ڕووسه‌کان دوای بیست و چه‌ند ساڵێک که له‌و ڕووداوه تێپه‌ڕ ده‌بوو و له به‌ر دڵدانه‌وه‌ی کوردانیش بێ 30 – 40 که‌سیان له خه‌ڵکی بازاڕی و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان بۆ دیده‌نی له ڕووسییه بانگهێشتن کرد. له‌و سه‌فه‌ر دا له جێ‌دا مه‌سه‌له‌ی سیاسی نه‌هاتبووه گۆڕێ، ئه‌و ده‌می هێشتا کۆمه‌ڵه‌ی ژێ. کاف دانه‌مه‌زرابوو.
* له سه‌فه‌ری دوویه‌مدا بۆ باکۆ که له 21ی خه‌رمانانی ساڵی 1324ی هه‌تاویدا کرا چ جۆره مه‌سه‌له‌یه‌ک هاته گۆڕێ ؟
* سێ ساڵ له پێکهاتنی ژێ.کاف تێپه‌ڕیبوو و ڕووسه‌کان چه‌ند جار به ڕێگه‌ی مه‌ئمووره‌کانی خۆیان که له هه‌موو ئازه‌ربایجان و کوردستانی موکریان دا هه‌بوون به ئێمه‌یان کوتبوو بچن و له گه‌ڵ سه‌رانی ئازه‌ربایجان قسه بکه‌ن و ئامانجه‌کانی ژێ.کاف یان بۆ ڕوون که‌نه‌وه.دواجار ده‌سته‌یه‌کی 7 که‌سی که بریتی بوون له قازی محه‌مه‌د، محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی، قاسمی ئێلخانیزاده، ئه‌من، کاک هه‌مزه‌ی جه‌ڵدیان، نووری به‌گی به‌گزاده و عه‌لی ڕیحانی چووینه باکۆ و ڕۆژێک به‌ر له‌وه‌ی چاومان به میر جه‌عفه‌ر باقرۆف بکه‌وێ داوخوازه‌کانی خۆمان ئاماده کرد و له ماڵه خۆی چاومان پێی که‌وت و له به‌ر ئه‌وه‌ی ترکیمان ده‌زانی پێویستی به دیلمانج نه‌بوو. باقرۆف کوتی ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف که داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌کا له دنیای ئه‌مڕۆ دا قبووڵ ناکرێ و ده‌بێ ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه‌که‌تان هێندێک سه‌نگ و سووک بکه‌ن، ده‌نا ( تازه شه‌ڕ بڕابووه‌وه) ده‌بێ شووڕوی له به‌ر کورده‌کان خۆی تووشی شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی بکا. به کورتی دوای گه‌ڕانه‌وه له باکۆ کۆبوونه‌وه یه‌کمان له باغی عه‌زیزئاغا که زۆربه‌ی خه‌ڵکی مهاباد و هه‌موو ئه‌ندامانی ژێ.کاف تێیدا ئاماده بوون، پێک هێنا و له‌و دانیشتنه دا قازی محه‌مه‌د ئاکامی سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ خه‌ڵک باس کرد و سه‌باره‌ت به گۆڕینی نێو و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه پرسی پێکردن و هه‌ر له‌وێ به پێی له دوودانی خه‌ڵک ژێ.کاف نێوی خۆی گۆڕی و دوای چه‌ند ڕۆژ له گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی له باکۆ به دوای گوڕینی نێو له لایه‌ن حیزبی تازه دامه‌زراوه‌وه، لیستێکی به‌ورده ڕیشاڵمان له داواکانمان ئاماده کرد و ناردمانه باکۆ که ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌م له بیر ماوه و بۆشیان پێک هێناین.
1- ماشێنێکی چاپی گه‌وره که پێداویستییه‌کانی ئێمه بۆ چاپی ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێبی ده‌رسی جێ به‌جێ بکا.
2- 12 ماشێنی نیزامی‌یان بۆ گواستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و که‌لوپه‌لی سه‌ربازخانه له به‌ر ده‌ست ناین.
3- موافه‌قه‌ت کرا 60 که‌س له لاوانی خوێنده‌وار بۆ په‌روه‌رده‌ی سه‌رکرده‌یی (ئه‌فسه‌ری) و زانکۆی جۆر به جۆری دیکه بنێرینه باکۆیه و 40 که‌سیشمان به خوێندنگه نیزامییه‌کانی ئازه‌ربایجانی ئێران که له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی شووڕه‌وییه‌وه بۆ ئازه‌ربایجانی ئێران ساز کرابوون ناساند و له ماوه‌ی 3 ڕۆژان دا ناردنی خوێندکاره‌کان ده‌ستیپێکرد.
4- به مه‌به‌ستی ئابووری و بۆ گه‌شه پێدانی خۆش گوزه‌رانی گشتی به تایبه‌تی بازرگانان شیرکه‌تێک به نێوی " ته‌ڕه‌قی" له لایه‌ن بازرگانان و کاسبانهوه دامه‌زرا که که‌لوپه‌لی پێویست ده‌نێردرا بۆ ئه‌و شیرکه‌ته.
5- ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌ویست ببنه پێشمه‌رگه و په‌روه‌رده‌ی نیزامی ببینن ده‌چوونه سه‌ربازخانه‌کان بۆ په‌روه‌رده کردنیان سه‌رکرده‌یه‌ک ( ئه‌فسه‌رێک) به نێوی کاکاغا که له شووڕه‌وییه‌وه هاتبوو، ده‌ستی به‌کار کرد.
6- ده‌زگایه‌کی ڕادیۆ که تا نێو مهاباد و ده‌ور و به‌ری بڕی ده‌کرد دامه‌زرا.
7- ده‌سته‌یه‌کی مووزیکی نیزامی بۆ ڕۆژانی جێژن و شادی و ڕێوڕه‌سمی نیزامی له پێشمه‌رگه‌خانه‌ی مهابادێ دامه‌زرا.
8- ده‌زگایه‌کی سینه‌مای گه‌ڕۆک که بۆ بانگه‌شه‌ی حیزبی که‌لکی لێوه‌رده‌گیرا و خه‌ڵک پێشوازییان لێکرد له لادێکان و له نێو شاری مهاباد دا ده‌ستی به کار کرد.
* سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ری دوازده‌ی خه‌رمانانی 1324 بۆ ته‌ورێز که بۆ پیرۆزبایی له فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان کرا چتان له بیر دا ماوه؟
* حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان ده‌یه‌ویست مه‌ڵبه‌ندی موکریان بخاته ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆی و کاتێک ده‌یانه‌ویست مه‌جلیسی میللی خۆیان پێک بهێنن وه‌کوو شاره‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان له مهابادیشیان گێڕابووه‌وه.بۆ نوێنه‌رایه‌تی مهاباد له‌و مه‌جلیسه دا حاجی مسته‌فای داودی، که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین، وه‌هابی بلووریان، من و عه‌لی ڕیحانی هه‌ڵبژێردراین . له ڕۆژی کرانه‌وه‌ی مه‌جلیسه‌که دا نوێنه‌رانی شاره‌کانی ئازه‌ربایجان یه‌ک یه‌ک قسه‌یان کرد و پێپیرۆزهی خۆیان ڕاگه‌یاند و دوایه ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنیان وا به‌چێ ده‌هێنا که فیدایی و سهرلهپێناوی ئازه‌ربایجان بن و کاتێک نۆره گه‌یشته نوێنه‌ری مهاباد؛ حاجی مسته‌فای داودی هه‌ستا سه‌رپێیان و ڕایگه‌یاند ئێمه پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌بین به‌ڵام سوێندی نه‌خوارد که فیدایی و سهرلهپێناوی ئازه‌ربایجان بێ. بۆ به‌یانییه‌که‌ی بێ ئاگاداری حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان له تهبریزهوه [ته‌ورێز] گه‌ڕاینه‌وه مهاباد و له مهاباده‌وه نامه‌یه‌کمان بۆ ته‌ورێز نارد و ڕامان گه‌یاند ئێمه به‌شێک نین له ئازه‌ربایجان و ده‌مانه‌وێ خۆمان سه‌ربه‌خۆ بین. هه‌ڵبه‌ت دوای پێکهێنانی مه‌جلیسی میللی ، ئه‌وان ده‌سته‌ی وه‌زیرانی خۆشیان ڕاگه‌یاندبوو و ڕوونووسی نێوی وه‌زیره‌کانیان بۆ تاران و مهاباد و بۆ حیزبی تووده ناردبوو. ئێمه‌ش له مهاباد دانیشتوویه‌کی [ دانیشتنێکی] نائاساییمان پێک هێنا و له‌و کۆبوونه‌وه‌یه دا ده‌سته‌ی وه‌زیرانی خۆمانمان هه‌ڵبژارد و هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌کان به ته‌واوی به پێی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو. بۆ وێنه مه‌حموودی وه‌لیزاده که دیپڵۆمی کشتوکاڵی له که‌ره‌ج وه‌رگرتبوو به پێی ڕاوێژی ئه‌ندامانی ئاماده له کۆبوونه‌وه‌که دا، وه‌کوو وه‌زیری کشتوکاڵ هه‌لبژێردرا . ئێمه‌ش ڕوونووسێک له بڕیاره‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه و لیستی وه‌زیره هه‌ڵبژێردراوه‌کانمان بۆ تاران و ورمێ و ته‌بریز [ته‌ورێز] نارد.
* جگه له‌و که‌سانه‌ی له کوردستانی عێراقه‌وه بۆ به‌رگری له کۆمار و ده‌رس گوتنه‌وه و کار له چاپه‌مه‌نیدا هاتبوون گه‌لۆ له کوردستانی ترکییهشهوه له زه‌مانی کۆمار دا که‌س هات بۆ مهاباد؟
* ئێحسان نووری پاشا و قه‌دری به‌گی جه‌میل پاشاش هاتن و سه‌ردانی مهابادیان کرد. ڕاوێژ‌مان پێ کردن و ئه‌وانیش ئێمه‌یان ڕێنوێنی ده‌کرد.ئه‌وان به‌رله‌وه‌ی کۆمار بڕوخێ سه‌ردانی مهابادیان کرد.
* ویلیا‌م ئیگلتن له کتێبی " کۆماری کوردی ساڵی 1946 " ( وه‌رگێڕانی محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی) ده‌ڵێ که کۆمار بایی هه‌شتسه‌دهه‌زار (800000) دۆلاری تووتن به شووره‌وی فرۆشتووه، له بری ئه‌وه، ئێوه چتان له شووڕه‌وی وه‌رگرت؟
* ئه‌وی ساڵێ ده‌وڵه‌تی ئێران به‌رهه‌می تووتنی کوردستانی نه‌کڕی و ئێمه به ناچار به شووڕهویمان فرۆشت وچاپخانهیهکی گه‌وره و کاغه‌زی جۆر به جۆر و ئامرازی پێویستمان بۆ چاپ له ڕووسه‌کان وه‌رگرت و دراوی نه‌غد وه‌رنه‌گیرا.
* گه‌لۆ که‌مایه‌تی جووله‌که‌ی مهاباد له کۆمار دا به‌شدارییان هه‌بوو؟
* له مهاباد نزیکه‌ی 60 بنه‌ماڵه‌ی جووله‌که ده‌ژیان و خه‌ریکی کار‌و کاسبی وه‌کوو زێڕینگه‌ری، ئارهقفرۆشی، ورده‌واڵه فرۆشی، عه‌تتاری و پارچه فرۆشی بوون. به ڕاگه‌یاندنی حکوومه‌تی کۆماری کوردستان ئه‌وانیش وه‌کوو خه‌ڵکی مهاباد له جێژن و شادمانی دا به‌شداریان کرد و وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگی کۆمار هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که خه‌ریکی ڕێکوپێک کردنی مه‌دره‌سه‌کان و ئاماده کردنی کتێبی شاگردان و کاره‌کانی دیکه‌ی فه‌رهه‌نگی بوو، جووله‌که هاوشارییهکانیشی له بیر نه‌کرد و له ئاگادارییه‌ک دا پێمان ڕاگه‌یاندن ئه‌وانیش وه‌ک برا کورده‌کان ده‌توانن خوێندنگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێ و ده‌رس خوێندن به زمانی خۆیان ئازاده و مه‌دره‌سه‌کانی ئه‌وانیش وه‌کوو خوێندنگه‌کانی کوردستان یارمه‌تی و ئالیکاری پێویستیان پێ ده‌کردرێ و خوێندنگهیهکمان کرده‌وه که ئاغای داودزاده ( بۆخۆی جووله‌که بوو ) به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و ئه‌وانیش وه‌کوو کۆمه‌ڵی یه‌هوودی مهاباد به شادی سه‌ربه‌خۆیی و ناساندنی پێشه‌وای کوردستان جێژنێکی زۆر جوانیان گێڕا که شه‌و وڕۆژێک به‌رده‌وام بوو.
* باسی ده‌وری ژنان بکه‌ن لهکۆمار دا. ده‌وری ژنان له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌می کوردستان دا چلۆن بوو؟
* به پێی به‌ندی 21ی مه‌ڕامنامه‌ی حیزب،کۆمیته‌ی یایان پێک هاتبوو که مینا خانم هاوسه‌ری قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی بوو و ئه‌ندامه‌کانی تائه‌و جێیه‌ی وه‌بیرم دێ بریتی بوون له میناخانم سه‌رۆکی حیزبی یایان، ئامینه‌ی داودی، زیبا ئه‌یووبیان، شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی، ڕه‌عنا فرووهه‌ر، خه‌جیجی حه‌یده‌ری ،وجیههی شوجاعی،ویڵمای سه‌یادیان ، کولسومی سوڵتانیان و نه‌زاکه‌تی حاجی ڕه‌شید، و ئه‌و خانمانه‌ش که له گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی کوردستان هاوکارییان ده‌کرد بریتی بوون له کوبڕای عه‌زیمی، شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی، حه‌ڵه‌بی ئیسماعیل فه‌ره‌جی، خه‌جیجی حه‌یده‌ری و ئه‌وانه‌ی که له جێژن و ڕێوڕه‌سمی حیزبی دا وتار یان سروودیان ده‌خوێنده‌وه بریتی بوون له عیشرهتی عه‌زیمی، ویڵمای سه‌یادیان ( ئاسۆڕی)، فه‌ریده‌ی زه‌ندی، خه‌جیجی حه‌یده‌ری، سه‌لته‌نه‌تی داودزاده ( یه‌هوودی)، له ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی کۆمار دا خه‌جیجی مه‌جدی (حه‌یده‌ری)، ویڵمای سه‌یادیان و کوبڕای عه‌زیمی نوتقیان کرد 3 .
* له ماوه‌ی ژیانی کۆمار دا چ ئاڵ‌وگۆڕێک له‌ده‌سته‌ی وه‌زیران دا کرا؟
* تا دوایین ده‌می حکوومه‌تی کۆمار هیچ گۆڕانێک له پێکهاته‌ی کابینه دا نه‌کرا. کار و باره‌کانی ڕۆژانه چ گشتی و چ وه‌رده‌کاری به پێی به‌رنامه‌ی که له پێشدا داندرابوون به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چوون و چاوه‌دێریان به سه‌ردا ده‌کرا. حیزب خاوه‌نی دوو کۆمیته‌ی [ به‌ڕێوه‌به‌ری] و هه‌یئه‌ت ڕهئیسهیهک بوو:
1- کمیتهی ناوه‌ندی که له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو تهشیلاتهکانهوه بوو وله ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی وه‌زیران و چه‌ند که‌سی دیکه وه‌کوو زه‌بیحی و محه‌مه‌دی ڕه‌سووڵی [ دڵشاد]، غه‌نی خوسره‌وی و محه‌مه‌دی یاهوو پێک هاتبوو و به سه‌ر هه‌موو کار‌و باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕاده‌گه‌یشت و بڕیاری پێویستی ده‌دا.
2- کۆمیته‌ی ناوچه‌یی که به کاروباری دانیشتوانی شاری و ناکۆکییه‌کانی نێوان خه‌ڵک به تایبه‌تی کاسبکاران و بازاڕییان ڕاده‌گه‌یشت و گیروگرفته‌کانی ئه‌وانی به پێی توانای خۆی ڕاده‌په‌ڕاند و ئه‌ندامه‌کانی بریتی بوون له قاسمی قادری قازی، قادری موده‌ریسی، محه‌مه‌دئه‌مینی شه‌ڕه‌فی، وه‌هابی بلووریان، وه‌هابی قازی ، عه‌لی ڕیحانی . محه‌مه‌دی یاهوو مونشی ده‌فته‌ری ئه‌و کۆمیته‌یه بوو و کاروباری له‌مه‌ڕ نامه ئیدارییه‌کانی ڕاده‌په‌ڕاند.
3- هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی زیاتر به کاروباری وه‌رزیڕان و کرێکاران و کێشه و ناکۆکێ نێوان خاوه‌نموڵک و جووتێران ڕاده‌گه‌یشت و ئه‌ندامه‌کانی بریتی بوون له: حاجی بابه شێخ، مه‌لا حوسێنی مه‌جدی، شێخ حه‌سه‌نی شه‌مسی بورهان، که‌ریمی که‌ریمی قونقه‌ڵا، هاشمی یۆسفی، نه‌جمه‌دینی ته‌وحیدی، ئیبراهیمی ئه‌دهه‌م، عه‌زیزئاغای کولتهپه. کاروباری له‌مه‌ڕ جه‌وانان ئاغای عه‌لی خوسره‌وی، سه‌رۆکی لکی جه‌وانانی حیزب به‌ڕێوه‌ی ده‌برد.مودیری مه‌سئوولی ڕۆژنامه‌ی کوردستان خودالێخۆش‌بوو سه‌ید محه‌مه‌دی حه‌میدی و گهڕێنهندهی گۆڤاری نیشتمان یش عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی بوو.
* ئێوه وه‌کوو وه‌زیری فه‌رهه‌نگی حکوومه‌ت له ماوه‌ی وه‌زاره‌تی خۆتاندا چتان کرد ؟
* قازی محه‌مه‌د ئه‌وپه‌ڕی گرینگی ده‌دا به خوێندن و فه‌رهه‌نگ و به‌ره‌وپێشبردنی و گه‌وره‌ترین هه‌نگاویشمان له‌و بواره دا هه‌ڵهێنایه‌وه. ئێمه له ماوه‌ی 11 مانگ ته‌مه‌نی حکوومه‌تی کۆمار دا له عێراقه‌وه کتێبی کوردیمان هێنا و دوای لابردنی تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌کانی له مه‌ڕ عێراق له سه‌ر ڕا چاپمان کردنه‌وه و له به‌ر ده‌ست شاگرد مه‌دره‌سه‌مان نان.هه‌ر وه‌ها بۆ ده‌رس گوتنه‌وه به زمانی کوردی 10 تا 12 مامۆستامان له سلێمانی، که‌رکووک و هه‌ولێره‌وه هێنا و ئه‌وانیش بێ ئه‌وه‌ی چ پاداشتێکیان بوێ ده‌ستیان به خزمه‌ت کرد که به‌داخه‌وه هه‌ر ناوی چه‌ند که‌سێکیانم وه‌بیر دێته‌وه: 1. عوسمان دانیش، 2. محه‌مه‌د وردی ، 3.قادر ئه‌حمه‌د، 4. جه‌میل به‌هائه‌دین. له مهابادییهکانیش مه‌لا عه‌بدوڵای داودی و دڵشادی ڕه‌سووڵی که ده‌یانزانی ده‌رسی زمانی کوردی بڵێنه‌وه له ده‌رسخانه‌ی گه‌لاوێژ کاریان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت مه‌دره‌سه‌ی شه‌وانه‌شمان بۆ خوێندنی که‌سانی گه‌وره ساڵ کردبووه‌وه و به زمانی کوردی پێیان ده‌خوێندرا و له ماوه‌ی چه‌ند مانگان‌دا زۆربه‌ی شاگرده‌کان فێری خوێندن و نووسینی کوردی بوون.یه‌ک له هه‌نگاوه‌کانی دیکه ناردنی 60 که‌س بۆ باکۆ و 40 که‌س بۆ ته‌ورێز بوو بۆ درێژه دان به خوێندن. هه‌روه‌ها جلوبه‌رگی یه‌ک شکڵمان ده‌به‌ر هه‌موو شاگردان کرد وجلوبه‌رگ و کتێب و که‌ره‌سته‌ی پێویستی خوێندنمان به خۆڕایی دا به شاگردان. جگه‌له‌وه ژماره‌یه‌ک له منداڵانی شاری که ته‌مه‌نیان له نێوان 6 تا 12 ساڵان و بێ دایکوباب بوون کۆ کرده‌وه و بۆ وه‌خۆکردن به سه‌ر ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ندان دا دابه‌شمان کردن و هه‌موو خه‌رج و مخاریجی ئه‌وانه‌ش وه‌زاڕه‌تی فه‌رهه‌نگ وه‌ئه‌ستۆی گرتبوو.
* کۆمار زیاتر له کام ناوچانه ده‌سته‌ڵاتی ده‌ڕۆیی ؟
* به‌ره‌و باشوور تا شاره‌دێی سه‌را که له نێوان بۆکان و سه‌قز هه‌ڵکه‌وتووه. له ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌شته‌وه تا سنووری عێراق و هه‌ر وه‌ها شاره‌کانی نه‌غه‌ده و شنۆ و بۆکان و دێیه‌کانی ده‌ور و به‌ری سه‌ڵماس و ورمێ له نێو سنووری کۆمار دابوون و له شاره‌کانی ورمێ، سه‌ڵماس، ماکۆ و میاندواویش نوێنه‌رمان هه‌بوو بۆ پێڕاگه‌یشتن به گیروگرفت و کاره‌کانی کوردانی دانیشتووی ئه‌و شارانه.
* هێندێک که‌س ڕه‌خنه له به‌رپرسانی کۆمار ده‌گرن که بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان هیچ هه‌نگاویان هه‌ڵنه‌هێناوه و هه‌ر به مه‌ڵبه‌ندی موکریان ڕازی بوون. وڵامتان بۆ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه چییه؟
* ده‌بێ هه‌ڵکه‌وتوویایه‌تی زه‌مانی و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی ئه‌و ده‌می هه‌بوون له‌به‌رچاو بگیڕێن. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌می باکووری کوردستان [ی ئێران ] به ده‌ست شووڕه‌وییه‌کانه‌وه بوو و باشووریشی له بن کۆنتڕۆڵی ئینگلیسییه‌کاندا بوو، و هه‌ر کام له‌و ده‌وڵه‌تانه له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆیاندا تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ستیان ده‌ڕۆیی و هێچکامیشیان له ناوچه‌ی ده‌ستیان له‌کاروباری ناوچه‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ویتر دا وه‌ر نه‌ده‌دا. به‌و شێوه‌یه گه‌لۆ ده‌کرا حیزب له ناوچه‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی دیکه‌دا، که ئه‌وان حیزبیان سه‌ر به شووره‌وی داده‌نا، به ئاشکرا بانگه‌شه و ته‌بلیغات بکا و کانگانی [ بنکه‌کانی] خۆی دامه‌زرێنێ؟ تا ئه‌و جێیه‌ی که هه‌ڵده‌سووڕا کۆمار حه‌ولی ده‌دا بۆ هاندانی گه‌لی کورد و ئه‌گه‌ر چه‌تێک له به‌ره‌و پێشچوونی کاره‌کاندا هاته پێشێ هه‌لومه‌رجی جیهانی ئه‌و ده‌می و شه‌رت و هه‌ڵکه‌وتوویایه‌تی و به‌رعۆده‌ییه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی و په‌یمانی نێو ده‌وڵه‌تان هۆی ئه‌مه بوو نه‌ک خه‌مساردی و که‌مته‌رخه‌می کاربه‌ده‌ستانی کۆمار.
* ڕه‌خنه‌یه‌کی دیکه‌ی له به‌رپرسانی کۆمار ده‌گیرێ ئه‌وه‌یه که له که‌سایه‌تییه کورده‌کانی ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان که‌لک وه‌رنه‌گیراوه و ده‌به‌ر کار نهندراون.
* ئه‌و ده‌نگۆیانه له جۆره که‌سانه‌وه ده‌بیسترێ که ته‌نانه‌ت به‌رپرسیاره‌تی قسه‌کانی خۆشیان به ئه‌ستۆوه ناگرن.دانی پله‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی به مه‌لا مسته‌فای بارزانی، حه‌مه ڕه‌شیدخانی قادر خانزاده‌ی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق، ئه‌مه‌ر خانی شه‌ریفی شکاک و پله‌ی سه‌رپۆلی به زێڕۆ به‌گی هه‌رکی خۆی شاهیدی ئه‌و ڕاستییه‌یه که تا ئه‌و جێیه‌ی کرابا له که‌سایه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد جا له چ تایفه و عه‌شیره‌تێک بووبن به دڵپاکییه‌وه پێشوازی کراوه، چما ئامۆژگارانی فێرگه‌کان و فه‌رمانده‌رانی هێزی به‌رگری ئێمه هه‌موویان خه‌ڵکی کوردستانی عێراق نه‌بوون؟ چما ئه‌وه سه‌رکرده [ئه‌فسه‌ر] ئازاکانی کوردی عێراق نه‌بوون که هێندێک ناوچه‌ی سنووری کۆماریان ده‌پاراست؟ مه‌گه‌ر پله‌ی جێگریی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ نه‌درا به ئاغای برایمی نادری کوردی کرماشانی؟ مه‌گه‌ر له میوانانی پایه‌به‌رزی وه‌کوو جه‌میل قه‌دری پاشا له سوورییه‌وه و ئیحسان نووری پاشا له ترکییه‌وه و دوکتور سمایلی ئه‌رده‌ڵان خه‌ڵکی سنه له ماوه‌ی مانه‌وه‌یاندا له مهاباد به گه‌رمی میوانداری و پێشوازی نه‌کرا؟
* سپاس بۆ به‌شداریتان له‌م هاوپرسه‌کییه دا.
* ئه‌منیش سپاسی ئێوه ده‌که‌م.
------------------------------------------------------------------
چه‌ند ڕوونکردنه‌وه له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه:
1. سه‌باره‌ت به نێوی ته‌واوی كۆمه‌ڵه‌ی ژێ،کاف ئه‌من نزیک ده ساڵ لهمهوپێش له گۆڤاری گزینگ دا بابه‌تێکم بڵاو کردووه‌ته‌وه [ گۆڤاری گزینگ ژماره 18، زستانی 1998 ل.46 – 47 ] و له‌وێدا به پشت به‌ستن به به‌ڵگه‌ی نووسراو [ بڵاوکراوه‌ی ڕێگا که ماوه‌یه‌کی کورت دوای هه‌ڵوه‌شانی کۆماربڵاو کراوه‌ته‌وه] سه‌لماندوومه که ژێ ، کاف کورتکراوه‌ی " ژیانی کورد " ه نه‌ک شتێکی دیکه. گشت ئه‌و که‌سانه‌ی دیکه‌ی وا له‌وباره‌یه‌وه نووسیویانه بۆ پاساودانی قسه‌که‌یان پشت به ته‌فسیر و ته‌عبیر ده‌به‌ستن نه‌ک سه‌رچاوه‌ی نووسراو، ته‌نانه‌ت هێندێک له ئه‌ندامانی کۆنی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد یش. لێره دا پنکتێکم وه‌بیر هاته‌وه، له ساڵانی 1340 هه‌تاوی دا له ناوچه‌ی مهاباد که‌سێک هه‌بوو مه‌یلی ئه‌وه‌ی زۆر تێدابوو به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی ڕۆژ هه‌لس و که‌وت بکا، نه‌مر سادقی شه‌ڕه‌فکه‌ندی ده‌یگوت فڵانی کۆن ژێ.کاف واته ژیانی کورد بووه، به‌ڵام ئێستا ماناکه‌ی هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه و له پێناو ژن – کۆنیاک دا تێده‌کۆشێ.
2.مه‌به‌ست له‌و که‌سه کۆلۆنێل ئالێکساندر ئیاس ه که له‌ساڵی 1912 تا دیسامبری 1914 کۆنسوولی ڕووسییه‌ی تێزاری بووه له سابڵاغێ و کاتی پاشه‌کشه له سابڵا‌غ له میاندواو کووژراوه. ئیاس ئامۆزای نیکه‌ڵای ڕووسییه نه‌بووه، به‌ڵکوو به ڕه‌چه‌ڵه‌ک فه‌نلاندی بووه. ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی ئیاس سه‌باره‌ت به بارودۆخی هێندێک له عه‌شیره‌ته کورده‌کان بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه‌ی ناردووه و ئه‌و وێنانه‌ی له کاتی گه‌ڕانی به دێێهکانی کوردستاندا هه‌ڵیگرتوون یارمه‌تی گه‌وره‌ن بۆ تێگه‌یشتنی چلۆنایه‌تی و هه‌ڵکه‌وتوویایه‌تی ئه‌و سه‌روبه‌ندی. ئه‌گه‌ر کورده‌کان ئیاس یان کوشتبێ ئه‌وه په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه له مێژوویهکهماندا، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و نووسینانه‌ی تاکوو ئێستا له‌وباره‌یه‌وه بڵاوکراونه‌ته‌وه، بکوژانی ئالێکساندر ئیاس به ته‌واوی ئاشکرانابن.
سه‌باره‌ت به سه‌ربڕینیشی له دوای کوشتنی وگواستنه‌وه‌ی دوو چیرۆک هه‌یه، یه‌کیان ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر داره‌وه کراو و براوه بۆ سابڵا‌غ و له به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵی قازی فه‌تتاح داندراوه و ئه‌ویتریان ده‌ڵێ سه‌ری بڕاوی ئیاس له میاندواوه وه‌پێش له‌شکری په‌لامارده‌ری ترک و "کورد" خراوه له هێرشیان دا بۆ سه‌ر مه‌راغه. ته‌رمی ئیاس له لێواری " جه‌غه‌توو" نێژراوه، به‌ڵام دواتر ئاو بردوویه و شوێن بزر بووه.
3. ڕۆژنامه‌ی کوردستان بڵاو که‌ره‌وه‌ی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و کۆمار [حیزب و حکوومه‌ت له یه‌ک جوێ نه‌بوون] له ژماره‌ی 25، 26ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1324 / 17ی مارسی 1946 ئه‌م ئاگادارییه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه: " ساز کردنی حیزبی دێمۆکڕات ( له لایه‌ن ژنانی کوردستان) ڕۆژی جومعه 24-12 – 1324 له لایه‌ن یای پێشه‌وای کوردستان له ژماره‌یه‌کی زۆر له یایه‌کانی تێگه‌یشتووی کوردستان گێڕدرایه‌وه و له ساتی 3ی پاش نیوه‌ڕۆ له ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی کۆبوونه‌وه و به سهرۆکهتی یای پێشه‌وای کوردستان (یای مینای ...) حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان دامه‌زرا و ژمارێکی زۆر له یایان نێونووسیان کرد و مانگانه‌ی ئه‌ندامه‌تیان له تمه‌نێک تا ده تمه‌ن وه‌ئه‌ستۆ گرت."
No comments:
Post a Comment