هێندێک تێبینیی زمانی 48
هێندێک تێبینیی زمانی 48
حه‌سه‌نی قازی
چه‌ند سه‌رنجێک له سه‌ر تێبینی له سه‌ر تێبینی 4
له‌گه‌ڵ ڕێز و حورمه‌ت، به ڕاستی من بۆم ساخ نه‌بووه‌وه ئه‌و تێبینییهی له‌مه‌ڕ "هه‌واڵه‌که‌ی سایتی ئاوێنه" به‌ڕێز شه‌بانی [ شوانی، شڤانی] نووسیویه یان هوگرێکی دیکه‌ی ڕاست نووسینی کوردی. تکایه ئه‌گه‌ر بۆچوونی به‌ڕێزیانه با ئاگادارم کاته‌وه.
ئاشتی سه‌باره‌ت به "مێرد کردن " و " ژن هێنان" هێندێک شتی شیکردوونه‌ته‌وه که به‌جێنه و له‌م زنجیره باسانه دا پێشتر لێی دواوم. منیش له گه‌ڵ ئه‌وه‌م هه‌رنه‌بێ له زمانی نووسین دا هه‌وڵ بدرێ بۆ فت کردنی کوته و داڕشتنی ئه‌وتۆی دووچاوکی کردن و هه‌ڵاواردنی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌خوێندرێته‌وه و ژن به بوونه‌وه‌رێکی که‌متر له پیاو داده‌نێ. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر ئه‌و زمان ته‌کاندانه به‌پێی ڕێبازێکی پته‌و و شێرگیرانه [شێلگیرانه] نه‌کرێ و هه‌ر بۆ دژایه‌تی له گه‌ڵ هاتنی تۆوی "بیگانه" بۆ نێو زمانی نووسینی کوردی بێ. کوته‌ی ناقۆڵا و سه‌قه‌تی وه‌ک ' هاوسه‌رگیری'، ' هاوسه‌رگیری سازکردن'، 'هاوسه‌رگیری ئه‌نجام دان ' 'پێکهێنانی ژیانی هاو سه‌رگیری ' ، پڕۆسه‌ی هاوسه‌ری گیری ' لێده‌رده‌چێ .
ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه که‌له نووسراوه‌یه‌کی ماڵپه‌ڕی 'گوڵان ' داهاتووه ئه‌و ناشێرگیر [ ناشێلگیر] بوونه زۆر به جوانی ده‌درده‌خا. نووسه‌ر له سه‌ر دێڕی باسه‌که‌ی دا له بری " ژیانی هاوسه‌ریی" یان " ژیانی هاوسه‌رایه‌تی" ده‌ربڕینه‌که‌ی وا گه‌ڵاڵه کردووه که مرۆ وای لێتیده‌گا "گه‌لاوێژ" جگه له 'هاوسه‌ر' ، ' مێرد' یشی هه‌بێ. به هاوسه‌رگیری ده‌ستی پێکردووه و دوایه هاتووه‌ته‌وه سه‌ر ' شوو کردن ' و ' ژن هێنان ' و دیاره ئه‌وه هیچ ده‌خڵی به ڕوانگه‌ی یه‌کسانی له ئاست جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی [ جێندر] وه نییه،و له تێکدانی زمان زیاتر نه‌بێ شتێکی دیکه نییه و وه‌ک له سلێمانی ده‌ڵێن مرۆ بۆی هه‌یه بپرسێ ئه‌مه چه‌نی به‌چه‌ند ؟!
لادانی سێكسی كۆتایی بە ژیانی هاوسەری گەلاوێژ و مێردەكەی دێنێ
پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بۆ ژن و پیاو كۆمەڵێك مەغزاو مەدلولی جوان و پڕمانای هەیە هاوسەرگیری واتە خۆشەویستی و توانەوەی دوو عاشق لە بۆتەی یەكتردا بەواتایەكی تر پرۆسەی هاوسەرگیری فریادرەسی كچان و كورانە لە هەڵخلیسكان و لادان لەسەر رێگای راستەقینە و دەروازەیەكی تایبەت بۆ بەختەوەری و ژیانی هاوبەش... كەواتە ژیان بە هاوسەرگیرییەوە جوان و جوانتر دەبێ بۆیە ئەوانەی بایەخی شووكردن و ژنهێنان لایان شتێكی كەمە ئەوە بە هەڵەداچوونە، مرۆڤ چ كچ بێت یاخود كوڕ پێویستە بەر لەوەی بچێتە نێو دونیای هاوسەرایەتییەوە دەبێ لە پێشەدا خۆی ساز و ئامادە بكات بەتایبەتی پیاوەكان گەرەكە بزانن كە ئایە توانای بەڕێوەبردنی ژن و ماڵیان هەیە و لە رووی جەستەیی عاتیفی و جنسییەوە تا چەند دەتوانن دڵی ژنەكانیان رازی بكەن ئەگەر زانیان مەرجەكانی هاوسەرێكی باشیان تێدا نییە نابێت باژۆ دەشتە لە خوت و خۆڕا ژن بهێنن و پاشان كچی خەڵك بكەنە پەندی زەمانە و ژیان لە خۆشیان تێك بدەن ئەم رووداوەی بەردەستتان نە رۆمانە و نە چیرۆكی بەر ئاگردان، بەڵكو باسی ژیانی كچێكە كە چۆن دوای مێردكردن تووشی ئازار و ناخۆشییەكی زۆر دێت و هەر بەو هۆیەشەوە تووشی خیانەت دێت و خیانەتی پێدەكرێت، ناوی ئەو كچەش(گەلاوێژ)ە، و تەمەنی 21ساڵە.
رێزدار ئاشتی له شوێنێکی بۆچوونه‌که‌تدا کوته‌ی ' پیاو سالاری' ت به‌کار هێناوه، ئه‌گه‌ر لێم دڵمه‌ند نه‌بی پێم خۆشه بڵێم ئه‌و پاشگرانه‌ی ' سالار ' و 'سالاری' ش هه‌ر وه‌ک 'گه‌را' و 'گه‌رایی' گۆرین وان که هێندێک نووسه‌ری که زمانی فارسی 'گه‌رای' له نووسینه‌کانیاندا داناوه ده‌یده‌نه ده‌م ناوێک یان ئاوه‌ڵناوێک و ئاوه‌ڵناو یان ناوێکی واتای نوێی لێ داده‌ڕێژن. له کوردی دا ' پیاو مه‌زنی ' واتای پڕ به پێستی ' مرد سالاری ' فارسی یان 'پیاو سالاری' کوردی – فارسییه.
No comments:
Post a Comment