ژێ.کاف ، مێژوو، بیر‌و بۆچوون و ئامانجه‌کانی
حوسێنی زێڕینگه‌ران [ فرووهه‌ر] یه که‌م سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف ، له ئه‌فسه‌رانی کۆماری کوردستان
ژێ.کاف، مێژوو، بیر و بۆچوون و ئامانجه‌کانی
گۆڤاری دوومانگانه‌ی ڕوانگه که له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک له خوێندکارانی کوردی زانسته پژیشکییه‌کانی زانکۆی ته‌ورێز ده‌رده‌چوو له ژماره‌ی 11 ی خۆێدا [ ڕه‌زبه‌ری 1381ی هه‌تاوی/ ئۆکتۆبری 2002 ی زایینی] هاوپرسه‌کییه‌کی له گه‌ڵ مه‌نافی که‌ریمی له ئه‌ندامه پله به‌رزه‌کانی حکوومه‌تی کوردستان، سه‌عیدی هومایوون ئه‌ندامی ده‌فته‌ری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و لێکۆله‌ره‌وه‌ی کورد سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی سه‌باره‌ت به کار‌و چالاکی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد بڵاو کردووته‌وه. ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌و هاوپرسه‌کییه دا باس کراون، هێندێکیان بۆ یه‌که‌م جار هاتوونه‌ته گۆڕێ و له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی نووسراو دا پێشتر باسیان لێوه نه‌کراوه، بۆ ئاگاداری هۆگرانی مێژووی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شێک له‌و هاوپرسه‌کییه جارێکی دیکه له وێبنووسی ڕوانگه دا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه.
مه‌نافی که‌ریمی له 2003.07.31 و سه‌عیدی هومایوون له 2004.05.21 ماڵاواییان له ژیان کردووه به‌شێک له بیره‌وه‌رییه‌کانی مه‌نافی که‌ریمی له پاڵ بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌عیدی هۆمایوون " پیشوای بیداری خاطرات سعید همایون به کوشش هاشم سلیمی " دا له ساڵی 2004 له لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس له هه‌ولێر به زمانی فارسی بڵاو کراوه‌ته‌وه.
" به مه‌به‌ستی ڕوون کردنه‌وه‌ی هێندێک پرس و لایه‌نی تاریک و نادیاری کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف له ڕێکه‌وتی 9/6/81 له شاری مه‌هاباد زێدی ژێ.کاف مێزگردێکمان پێک هێنا و تێکۆشاین بۆ تێگه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی که له پێش دا باسمان کرد، جه‌خت بخه‌ینه سه‌ر چه‌ن پرسیاری مێژوویی له‌و باره‌یه‌وه که به تایبه‌ت تا ئێستا وڵامێکی ئه‌وتۆیان بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌م و کووڕییه‌کانی به کارێکی ناته‌واو ده‌زانین که شیاوی ڕه‌خنه و ڕاوهیهکی زۆرتره.مێز گرده‌که‌مان به ئاماده بوونی ئه‌و چه‌ن ئازیزه پێک هێنا که لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی سپاسی به‌شدارییان بکه‌ین و ماندوونه‌بوونیان پێبڵێین.
میرزا مه‌نافی که‌ریمی / ئه‌ندامی کۆنی ژێ کاف و وه‌زیری فه‌رهه‌نگی کۆماری کوردستان (1946)
سه‌عیدخانی هومایوون/ ئه‌ندامی کۆنی ژێ.کاف و ئاجودانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
سه‌ید موحه‌مه‌دی سه‌مه‌دی / مێژوونووس و توێژکار که زۆر کاری مێژوویی له سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف و کۆماری کوردستان ئه‌نجام داوه.
ڕوانگه: وه‌ک یه‌که‌م پرسیار،له کاک مه‌ناف ده‌پرسین چۆن و له چ کاتێکدا بوونه ئه‌ندامی ژێ.کاف ؟
که‌ریمی. ئه‌من له بازاڕ دا دراوسێی حوجره‌ی حاجی ساڵحی شاتری بووم. " زه‌بیحی" ش وه‌ک شاگرد له حوجره‌ی حاجی دا کاری ده‌کرد.هه‌موو ڕۆژێ پاش ته‌واو بوونی کار له پێش ده‌رکی دووکان دا داده‌نیشتین و قسه‌مان ده‌کرد. ڕۆژێکی زه‌بیحی پێی گوتم، ئه‌گه‌ر ئه‌من ئه‌تۆ به‌رم بۆ جێگایه‌ک له گه‌ڵم دێی؟ ئه‌منیش له وه‌ڵام دا گوتم، ئێمه هه‌موو ڕۆژێ پێکه‌وه‌ین، بۆ ئه‌و جێگایه‌ش له خزمه‌تت دام. گوتی به مه‌رجێک به که‌س نه‌ڵێی و هه‌ر به‌یه‌که‌وه‌ش بچین. سه‌رئه‌نجام له ڕۆژی دیاریکراو دا ڕۆیشتین و له چه‌ن کۆڵانان تێپه‌ڕین هه‌تا گه‌یشتینه کۆڵانێکی به‌رته‌سک و له ماڵێک وه‌ژوور که‌وتین. زانیم که ماڵی حوسێنی فروهێره.پاش وه‌ی که دانیشتین،زه‌بیحی گوتی، ئه‌و جێگایه‌ی ده‌مگوت ئێره‌یه.ئێمه چه‌ن نهفهرێکین که ماوه‌یه‌که حیزبێکمان داناوه، پێمان خۆشه ئه‌تۆش له گه‌ڵمان بی و پاشان کورته‌یه‌کی سه‌باره‌ت به حیزبه‌که‌یان بۆ باس کردم. زۆریشی جه‌خت له سه‌ر کاری نهێنی و باس نه‌کردنی ڕووداوی ئه‌و ڕۆژه کرد. له وه‌ڵام دا گوتم: ئه‌من زۆر له‌و جۆره مه‌سه‌لانه ئاگادار نیم، به‌ڵام چونکه هه‌میشه له گه‌ڵتم،له حیزبه‌كه‌شدا هه‌ر له گه‌ڵت ده‌بم. زه‌بیحی گوتی، زۆر باشه، به‌ڵام ئێمه ته‌شریفات و مه‌راسیمێکمان هه‌یه که ئه‌تۆ ده‌بێ بۆ هاتن بۆ نێو ئه‌و حیزبه به جێیان بێنی. به‌ڵێ، هه‌ستاین چووینه دیوێکی دیکه که مێزێکی لێ بوو و له سه‌ر مێزه‌که‌ش قورئانێک و چه‌ن لاپه‌ڕه کاغه‌زی لێ داندرابوو.زه‌بیحی گوتی به‌و قورئانه سوێند بخۆ که تا دوایین دڵۆپی خوێن به بیر و بڕوای ئه‌م حیزبه وه‌فادار بی و قه‌ت خه‌یانه‌ت نه‌که‌ی و سوڕی حیزبیش به که‌س نه‌ڵێی.ئه‌من ئه‌و کارانه‌م هه‌موو کرد و له پاشان هاتینه‌وه دیوه‌که‌ی دیکه و فروهێر و که‌سێکی دیکه‌ش که نێوه‌که‌یم له بیر نه‌ماوه،هاتن دانیشتن و چامان خوارده‌وه.پاشان فروهێر گوتی،ئه‌مڕۆ ئه‌تۆ به ڕه‌سمی بوویه ئه‌ندامی حیزبی ئێمه و ناوی نهێنیت ئاریا یه و ژمارهکهشت "21" ه که وابوو بووم به "ئاریا – 21". ئه‌و جۆره‌ی له بیرم بێ ئه‌و جه‌ره‌یانه له سه‌ره‌تای ساڵی 1322 دا بوو.
ڕوانگه: کاک سه‌عید نێوی نهێنی و ژماره‌ی ئه‌ندامه‌تی ئێوه چه‌ند بوو؟ کێ به کۆمه‌ڵه‌ی ناساندن ؟
هومایوون: ژماره‌ی ئه‌ندامه‌تیم له بیر نه‌ماوه.به‌ڵام نێوه نهێنییه‌که‌م ئاگر بوو.نێوی ڕه‌حیمی سه‌یفی قازی ش هۆگر بوو. ناشزانم کێ به کۆمه‌ڵه‌ی ناساندین. به‌ڵام له بیرمه له‌گه‌ڵ ڕه‌حیم ئاغا له‌و ماڵه‌ی که ئێستا کوڕی میرزا قادری که‌ریمی تێدایه و له کن ئیداره‌ی موخابه‌راته، سوێندمان خوارد.
ڕوانگه: تاقمێک پێیان وایه که ژێ.کاف، لقی مه‌هابادی حیزبی هیوا بووه.هه‌ڵبه‌ت له یادداشته‌کانی مه‌لا قادری موده‌ڕیسی که یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی ژێ.کاف بووه، ئه‌و شته حاشای لێکراوه،ڕای ئێوه چییه؟
سه‌مه‌دی: ده‌بێ له پێشدا ئه‌وه‌تان عه‌رز که‌م که ئه‌گه‌ر ئه‌من شتێکم له‌و باره‌یه‌وه نووسیوه له سه‌ر بنه‌مای یادداشته‌کانی خودالێخۆش‌بوو مه‌لا قادری موده‌ڕیسی و قسه‌کانی خودالێخۆش‌بوو سه‌دیقی حه‌یده‌ری و ئه‌و ئازیزانه‌یه که ئێستا ته‌شریفیان لێره‌یه.من له ساڵی 1360 هه‌ستم به‌وه کرد که له کتێبخانه‌ی کوردی‌دا، سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه بۆشاییه‌کی گه‌وره هه‌یه و ئه‌گه‌ر له زانیاری ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌ندام یا دامه‌زرێنه‌ری ژێ.کاف بوون و ئه‌و ده‌م هه‌ر مابوون ، که‌لک وه‌رنه‌گرین، ئه‌و ده‌رفه‌ته به فیڕۆ ده‌چێ و پێوه‌ندی ئێمه له گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه به ته‌واوی ده‌پچڕێ.بۆیه له‌و باره‌یه‌وه هه‌وڵم دا و به تایبه‌ت زۆر جاران به خزمه‌ت مه‌لا قادر گه‌یشتم و که‌لکم لێ وه‌رگرت.ئه‌و نامیلکه نیوه‌چڵ و کرچ و کاڵه‌ی که له ساڵی 1360 دا نووسیم، ته‌نیا به مه‌به‌ستی زیندوو کردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی ئه‌و باسه بوو.
له وڵامی پرسیاره‌که‌تاندا، ده‌بێ بڵێم به پێی یادداشته‌کان و قسه‌کانی مه‌لا قادر، گۆیا ئه‌و چه‌ن که‌سه‌ی له عێراقه‌وه هاتبوون (میر حاج، خۆشناو و ...) زۆریان پێخۆش بووه که ئه‌و شته‌ی لێره پێک دێ سه‌ر به حیزبی هیوا بێ، به‌ڵام دامه‌زرێنه‌رانی ژێ.کاف دژ به‌و بۆچوونه بوونه و پێیان وابوو ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بن و له هه‌مان کاتیش‌دا، که‌لک له ئه‌زموونه‌کانی وان وه‌رگرن، چونکه به بڕوای وان ئه‌و بار و دۆخه‌ی که لێره هه‌یه، له گه‌ڵ عێراق جیاوازی زۆره.
ڕوانگه: له ژماره‌کانی سه‌ره‌تایی گۆڤاری نیشتمان دا، دروشمی " بژی سه‌رۆک" ده‌بینرێ.مه‌به‌ستی ئه‌و دروشمه کێ بووه؟
مه‌نافی که‌ریمی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و وه‌زیری فه‌رهه‌نگ له کۆماری کوردستان دا
که‌ریمی: سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف حوسێنی فروهێر بوو، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌و دروشمه ئه‌و نه‌بووه. ئه‌گه‌ر له ژماره‌کانی دواییدا با، ده‌کرا بڵێین مه‌به‌ست قازی محه‌مه‌د بووه... ئه‌من هیچ زانیارییه‌کم سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له نییه.
هومایوون: ئه‌منیش نازانم.ئه‌و ده‌م که بوومه ئه‌ندامی ژێ.کاف فروهێر سه‌رۆک بوو.به‌ڵام به‌و جۆره‌ی که ده‌یانگوت جێگای نه‌فه‌ری هه‌وه‌ڵیان بۆ مه‌رحوومی قازی به‌تاڵ هێشتبۆوه.هه‌تا ئه‌و کاته‌ی که قازی له ماڵی مام ئه‌حمه‌دی ئیلاهی به ڕه‌سمی بوو به ئه‌ندام و نێوی نهێنی " بینایی"یان بۆ دانا و هه‌ر وه‌ک له ده‌ره‌وه ڕێبه‌ری خه‌ڵک بوو، له ناو کۆمه‌ڵه‌ش دا بوو به سه‌رۆک.
سه‌مه‌دی: ئه‌من ئه‌و شته‌م له زۆر که‌سان پرسیوه،به‌ڵام جوابێکی ئه‌تۆم وه‌ده‌ست نه‌که‌وتووه.تاقمێک ده‌ڵێن ڕه‌نگه مه‌به‌ستی سه‌رۆکی ژێ.کاف بووبێ.
ڕوانگه: هه‌ڵبه‌ت زۆر وێده‌چێ که دانانی مه‌لا مسته‌فا به سه‌رۆکی ژێ.کاف و هیوا دوور له راستی بێ. له‌و سه‌رده‌مه دا مه‌لا مسته‌فا هێشتا خاوه‌نی ئه‌و که‌سێتییه نه‌بووه که له دواییدا ناوی پێ ده‌رکرد. قورسایی و که‌سێتی مه‌لا مسته‌فا له نێو جووڵانه‌وه‌ی کورددا، زۆرتر له دوای ڕێپێوانی مێژوویی بۆ سۆڤیه‌ت و په‌ڕینه‌وه له ئاراز و پاشانیش شۆڕشی ئهیلوول که‌وته به‌ر ده‌نگ و باس و مێدیای جیهانی. بیری کوردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا زۆرتر له قۆناخی دوورخرانه‌وه‌ی له سلێمانی دا و به هات و چۆ له گه‌ڵ ڕؤشنبیرانی ئه‌و شاره دا پێک هات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندی مه‌لا مستافا له گه‌ڵ حیزبی هیوا ته‌م و مژاوییه. له‌و سه‌رده‌مه دا مه‌لا مسته‌فا زۆرتر به لایه‌نگری ئینگلیس ده‌ناسرا، له کاتێکدا باڵێکی حیزبی هیوا به ته‌واوی کۆمۆنیست و لایه‌نگری سۆڤیه‌ت بوون..... .. هێندێک که‌س له سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن که مه‌به‌ستی دروشمی " بژی سه‌رۆک" ڕه‌فیق حیلمی بووه .وا وێده‌چێ که ژێ.کاف له سه‌ره‌تادا له ژێر کاریگه‌ریی حیزبی هیوا دا بووبێ. به‌ڵام له دواییدا زێتر سه‌ربه‌خۆ بووه و ته‌نانه‌ت له کوردستانی ئه‌و دیو لق و سازمانیشی داناوه.
هومایوون: ئه‌من ئه‌وده‌می قه‌ت نهم نیستووه که ڕه‌فیق حیلمی سه‌رۆکی ژێ.کاف بێ. به‌ڵام له بیرمه که چه‌ن که‌س له حیزبی هیوا وه‌ک کاک میرحاج و کاک مسته‌فا خۆشناو و .... هاتبوونه مه‌هاباد و له ماڵێک نزیک نه‌خۆشخانه‌ی قه‌دیم ده‌بوون و بۆ خۆم چه‌ن جار چوومه خزمه‌تیان.
ڕوانگه: له یادداشته‌کانی مه‌لا قادری موده‌ریسی دا هاتووه که کاتێک له ڕێکه‌وتی 22/5/1321 وه‌فده عێراقییه‌که هه‌وه‌ڵ کۆبوونه‌وه له گه‌ڵ وه‌فدی مه‌هابادی پێک دێنن، پێیان ده‌ڵێن که قازی محه‌مه‌د پیاوی ژماره یه‌کی مه‌هاباده و پێویسته به‌ر له هه‌موو شتێک له گه‌ڵ ئه‌و ڕاڤه بکه‌ن. به‌ڵام عێراقییه‌کان ده‌ڵێن ؛ نا کارتان به ئه‌و نه‌بێ. -مه‌لا قادر وای بۆ ده‌چێ که قازی له هاتنی ئه‌وانه ئاگاداره و ته‌نانه‌ت ئه‌و،ئه‌وانی به میوانه‌کان ناساندووه.ئێوه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
که‌رێمی: له‌و سه‌رده‌مه دا هه‌موو خه‌ڵک ده‌یانزانی که حێزبێک به نێوی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف هه‌یه و چالاکی ده‌کات.به‌ڵام چونکه نهێنی بوو، که‌س ئه‌ندامه‌کانی نه‌ده‌ناسی. ئه‌من بۆ خۆم له بیرمه چه‌ن جاران له دانیشتنه‌کانی حیزبی دا که باسی مه‌ڕحوومی پێشه‌وا و ئه‌ندامه‌تی ئه‌و له کۆمه‌ڵه دا ده‌کرا،له لایه‌ن هێندێک که‌س وه‌ک فروهێر و زه‌بیحی نه‌ختێک موخاله‌فه‌ت نیشان ده‌درا. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو که به هاتنی قازی، ئاڵوگۆڕ به سه‌ر کۆمه‌ڵه دا ده‌هات و کار ده‌که‌وته ده‌ست ئه‌و.به‌ڵام تاقمێکی دیکه بوون پێیان وابوو که قازی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته و نفووزی له نێو خه‌ڵک دا زۆره و به بێ ئه‌و، ئێمه ناتوانین کارێک بکه‌ین.ئه‌و باسه له نێو کۆمه‌ڵه دا هه‌بوو،
ڕوانگه: له هێندێک سه‌رچاوه دا ، عه‌زیزی زه‌ندی وه‌ک یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی ژێ.کاف باسی لێوه کراوه. ئێوه‌چ ڕایه‌کتان هه‌یه؟
که‌ریمی: ئه‌مڕۆکه،زۆرکه‌س خۆیان به دامه‌زرێنه‌ر یان ئه‌ندامی ژێ.کاف له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ،چونکه ژێ.کاف ڕێکخراوه‌یه‌کی نهێنی بوو،قسه‌کردن له سه‌ر ڕاست بوون یا درۆ بوونی ئه‌و ئیدیعایانه کارێکی دژواره.ئه‌من به‌ش به حاڵی خۆم قه‌ت عه‌زیزی زه‌ندیم نه‌ناسیوه و له هیچ دانیشتنێکی حیزبی دا نه‌مدیوه.عه‌زیزی زه‌ندی له گه‌ڵ حه‌بیبه زه‌رد و چه‌ن که‌سی تر، مه‌ڕامی کۆمۆنیستییان هه‌بوو.
سه‌مه‌دی: ئه‌من ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئاغای که‌ریمیم پێ دروسته و به ڕاستی جوان بۆ مه‌سه‌له‌که‌ی چووه. چونکه به هه‌ر حاڵ نه ته‌نیا ته‌مه‌نی له ئێمه زۆرتره، به‌ڵکوو بۆ خۆی له ناو جه‌رگه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ش دا بووه.ئه‌من که چه‌ن جاران له‌گه‌ڵ مه‌رحوومی مه‌لا قادر قسه‌م ده‌کرد، ده‌یگوت چونکه ژێ.کاف نهێنی بووه و هه‌ر که‌سه‌ی نه‌فه‌رێک به کۆمه‌ڵه‌ی ناساندووه و بۆخۆشی دووکه‌سی دیکه‌ی هێناوه، پێیان وابووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده که‌سه‌ن و ته‌نانه‌ت تاقمێک که سوێندیان خواردووه وه‌یان زانیوه دامهزرێنهریشن! ویلیا‌م ئیگلتۆن نێوی چه‌ن نه‌فه‌ر وه‌ک دامه‌زرێنه‌ر دێنێ.مه‌لا قادر چه‌ن نه‌فه‌ری دیکه ده‌ڵێ و له‌م ئاخریانهشدا، خوالێخۆشبوو دوکتور شیرازی ش پاش وه‌ی که ئه‌وانه‌ی که ئه‌من له زمان مه‌لا قادری نووسیبووم ، ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، دیسان و له سه‌رڕا هه‌ر ئه‌وانه ده‌نووسێته‌وه و له ئاخریش دا نێوی خۆی له گه‌ڵ ده‌خا! هه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ک جارێکی دیکه‌ش عه‌رزی جه‌نابتم کرد ، له نێو ئێمه دا ئه‌و گرفته هه‌یه که زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گێڕنه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن شته‌که‌ی بڕێک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و ده‌وری خۆیان گرینگتر نیشان دهن.به سه‌رنج دان به هه‌مووی ئه‌وانه.ئه‌من ئه‌و لیسته‌ی ئاغای مودهڕیسیم پێ له هه‌موان ڕاست تره.قه‌تیش عه‌زیزی زه‌ندیم به ئه‌ندامی ژێ.کاف نه‌زانیوه.
که‌ریمی: دوکتور شیرازی بۆ خۆی قه‌ت ئه‌ندامی ژێ- کاف نه‌بووه. ئه‌من له هیچ کۆبوونه‌وه یان جه‌له‌سه‌یه‌کی حیزبی دا نه‌مدیوه. شیرازی مونشی فروهێر بوو.فروهێر کارمه‌ندی دارایی بوو. ئه‌و ده‌م چونکه قه‌ند و شه‌کر گران بوو،فروهێر و سێ چوار نه‌فه‌ری دیکه تهشکیلاتێکیان ساخ کردبوو و قه‌ند و شه‌کریان به خه‌ڵکی شارودێ و عه‌شیره‌ت ده‌دا. شیرازی هه‌ر له به‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، دایمه له گه‌ڵ فروهێر بوو،به‌ڵام ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه نه‌بوو. له بیرمه که له‌و سه‌رده‌مه‌ی دا که قازی ئه‌ندامی ژێ – کاف نه‌بوو، ئێمه پێویستیمان به کتێبی کوردی بوو.داوامان له قکرد.ئه‌ویش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامی ژێ – کاف نه‌بوو، کتێبه‌که‌ی ئه‌مین زه‌کی به‌گی به نهێنی داینێ و له پاشانیش دامانه‌وه.
ڕوانگه: باسی بیروگرووپی کۆمۆنیستی ئه‌و سه‌ر ده‌مه هاته گۆڕێ.ئایا ئه‌و جۆره که‌سانه له مه‌هاباد زۆر بوون و یان ڕێکخراوه‌یه‌کیان هه‌بوو؟
که‌ریمی: نه‌خێر، زۆر که‌م بوون. چوارپێنج نه‌فه‌ر زیاتر نه‌بوون. جگه له عه‌زیز زه‌ندی، ئارام و حه‌بیبه زه‌رد و ماڵه حه‌سه‌نه شێتی و... بوون. سه‌ید محه‌مه‌دی سهیدیشیان له گه‌ڵ بوو.زۆرتر ئاژاوه‌چی بوون و پێیان خۆش نه‌بوو، قه‌ت له شاری دا هێمنایه‌تی هه‌بێ.به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی سابڵا‌غ له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ژێ – کاف بوون و سوێندیان بۆ خواردبوو. ژێ – کاف حیزبێکی میللی – ئیسلامی بوو و باوه‌ڕی به دینی ئیسلام هه‌بوو و چونکه ئه‌ندامه‌کانی سوێندیان به قورئان خواردبوو، خه‌ڵک خۆشیان ده‌ویست. ژێ – کاف نه ماڵی که‌سی خوارد و نه ماڵی که‌سیشی داگیر کرد.
هومایوون : له دواییش دا حیزبی دێمۆکڕات و کۆماری کوردستانیش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌ما و بیروباوه‌ڕی ژێ –کاف دامه‌زران
ڕوانگه: ئاماژه‌تان به‌و ئاڵ و گۆڕه‌ی کرد که به سه‌ر ژێ – کاف دا هات و بوو به حیزبی دێمۆکڕات. ئێستاکه هێندێک هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که ئه‌و ئاڵ و گۆڕه شتێکی ئاسایی نه‌بووه و ئه‌و حیزبه‌ی که له دوایی دا پێک هات، درێژه‌ده‌ری ڕێگای کۆمه‌ڵه‌ی ژێ – کاف نه‌بووه ڕاتان سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له چۆنه؟
هومایوون: حیزب هه‌ر هه‌مان کۆمه‌ڵه بوو و ئاڵ و گۆڕه‌که‌ش ته‌واو ئاسایی بوو، ته‌نیا به‌و جیاوازییه که ژێ – کاف داوای کوردستانی گه‌وره‌ی ده‌کرد، به‌ڵام حیزبی دێمۆکڕات به سه‌رنج دان به بارودۆخی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه و به‌رهه‌ڵستکاری ئه‌مریکا و ئینگلیس و پشتیوانی سارد و سوڕی [سڕی] سۆڤیه‌ت له کوردان به‌و ئاکامه گه‌یشت که له چوارچێوه‌ی ئێران دا و بۆ کوردستانی ئێران تێ‌بکۆشێ یانی دروشمه‌که‌ی ببێته دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان.
که‌ریمی: حیزبی دێمۆکڕات ته‌واوی لایه‌نه‌کانی کاری له به‌رچاو گرتبوو.سه‌دی نه‌وه‌دی خه‌ڵکی کوردستان موسوڵمان بوون.ئه‌و خه‌ڵکه و به تایبه‌ت عه‌شایر ئه‌گه‌ر زانیبایان، حیزب مه‌ڕامی کۆمۆنیستی هه‌یه، له گه‌ڵی نه‌ده‌که‌وتن.ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ستالینیش هاتبا مه‌هاباد.خه‌ڵک ئه‌وه‌ی قبووڵ نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چونکه ده‌یانزانی حیزبێکی ئیسلامی و میللی یه، هه‌موو خۆشیان ده‌ویست. ئێمه ئاغای زۆر گه‌وره‌مان هه‌بوو که له گه‌ڵ حیزب که‌وتبوو.
ڕوانگه: ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه، ئاماژه به‌و خاڵه ده‌که‌ن که که‌سانێکی وه‌ک زه‌بیحی و فروهێر که دامه‌زرێنه‌ری ژێ – کاف بوون، له پاشان له کۆمار دا ده‌ورێکی گرینگ‌یان نه‌بوو، به پێچه‌وانه که‌سانێک که هه‌تا دوێنێ هیچکاره نه‌بوون، ده سه‌ر که‌وتبوون و به پله و پایه گه‌یشتبوون.
که‌ریمی: هه‌ر وه‌ک له پێش دا عه‌رزم کردی پاش هاتنی قازی بۆ نێو ژێ – کاف، تاقمێک که ئه‌ویان به به‌رهه‌ڵستی خۆیان ده‌زانی و به ته‌مای پله‌و پایه‌ی گه‌وره‌تر بوون، کۆمه‌ڵه‌یان به جێهێشت و نێویشیان ده‌زانی و پێویست ناکا بیڵێم،به‌ڵام زه‌بیحی هه‌ر وه‌ک چۆن له ژێ – کاف دا سکرتێر بوو،له حیزبی دێمۆکڕاتیش دا هه‌ر وابوو.هه‌ر وه‌ها یه‌کێکی وه‌ک حوسێنی فروهێر هه‌بوو که له ئیداره‌ی دارایی دا بوو و قه‌ند و شه‌کری ده‌دا به خه‌ڵک. ناوبراو له‌و کاره دا حیساب و کیتابێکی ڕاست و دروستی نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ش له شاره‌وانی دا په‌روه‌نده‌یان بۆ ساز کردبوو.فرۆهێر بۆ فه‌وتاندن و له ناو بردنی ئه‌و په‌روه‌ندانه له گه‌ڵ چه‌ند نه‌فه‌ری دیکه که له گه‌ڵی بوون ، خه‌ڵکیان هان دا که شاره‌وانی بگرن.خه‌ڵک هێرشیان برده سه‌ر شاره‌وانی و 7 که‌سیان له پاسه‌بانه‌کان کوشت و په‌روه‌نده‌کانیان له نێوه ڕاست شه‌قام دا سووتاند.که‌سێکیش له خه‌ڵکه‌که کووژرا.ئه‌و ڕووداوه له زۆر سه‌رچاوه‌ی نێوخۆیی و بیانی دا وه‌ک بزاڤێکی سیاسی و ناسیۆنالیستی سه‌یری کراوه له حاڵێک دا به پێچه‌وانه نه ته‌نیا سیاسی نه‌بووه،به‌ڵکوو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و تاکه که‌سی تێدا بووه.
هومایوون: هۆی ئه‌وه‌ی که هێندێک که‌س له دوایی دا وه‌لاندران و یان پێشڕهفتیان نه‌کرد ئه‌وه بوو که بڕێک دزی و فزی کرابوو ئه‌وانه‌ش ده‌ستیان تێیدا هه‌بوو.به‌ڵێ ڕوون نه‌بوون و په‌ڵه‌دار بوونی ڕابردوو و په‌روه‌نده‌کان هۆی سه‌ره‌کی ئه‌و شته بوو.
که‌ریمی: ئه‌من له بیرمه که بۆخۆم مه‌لا قادری "مودهرسیی"م به کاک سه‌ید موحه‌مه‌د ناساند که دیمانه‌ی له گه‌ڵ ساز بکات. ئه‌من ئه‌و ده‌می نه‌مده‌توانی قسان بکه‌م.ده‌لیلێکی دیکه‌ی ئه‌و شته‌ی باستان کرد ئه‌وه بوو که ئه‌و که‌سانه کارمه‌ند بوون و مووچه خۆری ده‌وڵه‌ت و ئه‌و جۆره‌ی پێویسته نه‌یانده‌توانی چالاکی بکه‌ن. ئه‌وکه‌سانه‌ی دوایه هاتن هیچیان کارمه‌ند نه‌بوون و به شیوه‌ی ته‌واو وه‌خت چالاکییان ده‌کرد و ده‌چوونه شار و دێ و خه‌ڵک له گه‌ڵیان ئاشنا ده‌بوون.
ڕوانگه: حوسێنی فروهێر له باری سه‌واد و مهعلووماتهوه چۆن بوو؟
که‌ریمی: سه‌وادێکی وای نه‌بوو. له شه‌شومی سه‌ره‌تایی که‌متر خوێندبوو.به‌ڵام سه‌وادی ئیداری هه‌بوو. زه‌بیحی پیاوێکی به زانست و مه‌علوومات بوو، له هه‌مووان باسهوادتر بوو. سه‌دی نه‌وه‌دی بابه‌ته‌کانی "نیشتمان" بۆ خۆی ده[ی]نووسی. بۆ کاری سیاسی سه‌واد زۆر پێویست نییه. هه‌ر وه‌کوو ڕه‌زاشاش بێسه‌واد بوو و یان مارشاڵ تیتۆ و هیتلێریش سه‌وادێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو.
ڕوانگه: ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرسیاری پێشوومان. کاک سه‌ید موحه‌مه‌د ئێوه گۆڕانی ژێ – کاف و بوون به حیزبی دێمۆکڕات چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
سه‌مه‌دی: ئه‌من له کتێبی " نگاهی به تاریخ مهاباد" دا ده‌قی یادداشته‌کانی مه‌لا قادر و هه‌ر وه‌ها ڕا و بیر و بۆچوونی لایه‌نگران و موخالیفانی ئه‌و ئاڵوگۆڕهم هێناوه. پێم وایه هه‌ر ئه‌وه‌ش دروسته. ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ حه‌قیقه‌ت بزانین رێگایه‌که‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه. به‌ڵام بۆچوونی خۆم ئه‌وه‌یه که وه‌نه‌بوو که دامه‌زرێنه‌ران و ئه‌ندامان دابنیشن و به ئیشتیا ئه‌و ئاڵ و گۆڕه‌ی پێک بێنن. به یه‌قینی وا نه‌بووه.
ڕوانگه: تاقمێک ده‌ڵێن له کاتی گۆڕانی ژێ.کاف به حیزبی دێمۆکڕات زه‌بیحی له گه‌ڵ دوو که‌سی دیکه؛ دڵشادی ڕه‌سووڵی و قاسمی قادری له زیندان دا بووه و ئاگای له مه‌سائیلی ده‌ره‌وه نه‌بووه.
که‌ریمی: نا وانه‌بوو. ئێمه له‌و کاته دا له گه‌ڵ قازی و سه‌یفی قازی و چه‌ند نه‌فه‌ری دیکه چووبووینه باکۆیه. له‌وێ کێشه و هه‌رایه‌کی زۆر له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له ساز بوو.باقرۆف ده‌یگوت، ده‌بێ نێوی کۆمه‌ڵه بگۆڕن .به‌ڵام ئێمه حازر نه‌بووین بچینه ژێر بار. له پاشان دا باقرۆف گوتی، ئه‌وه‌ی ژێ.کاف ده‌یهه‌وێ کوردستانی گه‌وره‌یه و ئه‌و داواکارییه‌ش مه‌ترسی شه‌ڕ له گه‌ڵ ئێران و عێراق و سووریا و تورکیای به دواوه‌یه و به واته شه‌ڕی سێهه‌می جیهانی ڕوو ده‌دا و ئێمه‌ش که تازه شه‌ڕی دووهه‌ممان ته‌واو کردووه و هێشتا ڕۆنی چه‌که‌کانمان خاوێن نه‌کردۆته‌وه، حازر نابین بکه‌وینه نێو گێژاوی شه‌ڕێکی گه‌وره.به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه نێوی کۆمه‌ڵه بگۆڕن و داوای خودموختاری له چوارچێوه‌ی ئێران دا بکه‌ن، ئێمه وه‌ک یه‌کێتی سۆڤیه‌ت پشتیوانی‌تان لێده‌که‌ین. پاش چه‌ن ڕۆژی که له باکۆیه بووین، بڕیار درا بچینه تفلیس پێته‌ختی گورجستان. به‌ڵام شه‌وی ئه‌و ڕۆژه‌ی که بڕیار بوو له ئێرهوانهوه سه‌فه‌ره‌که‌مان درێژه پێ بده‌ین، جێگری جه‌عفه‌ر باقرۆف هات و پێیگوتین به‌رنامه‌که هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و ئێوه هه‌رچی زووتر ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێران، چونکه مه‌لا مسته‌فای بارزانی سنووری به‌زاندووه و هاتۆته نێو خاکی ئێران و به مه‌علوومی ئینگلیس ناردوویانه.ئێوه بچنه‌وه و ئاگاتان له بارودۆخه‌که بێ.ڕووسان پێیان وابوو که مه‌لا مسته‌فا پیاوی ئینگلیسیانه.پاش وه‌ی که هاتینه‌وه بۆ مه‌هاباد، قازی ئاکامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی له کۆبوونه‌وه‌ی حیزب دا، دایه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه و گوتی، ئێمه هیچ چاره‌یه‌کمان نییه و بۆ وه‌ی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت یارمه‌تیمان بدات ده‌بێ نێوی کۆمه‌ڵه بگۆڕین و بیکه‌ین به حیزبی دێمۆکڕات. ئه‌و بڕیاره په‌سند کرا و پاشانیش له باغی عه‌زیزئاغا به به‌شداری به‌ربڵاوی خه‌ڵک ڕاگه‌یه‌ندرا. له بیرمه له سه‌ره‌تای پاییز بوو و به قه‌رتاڵه ترێیان ده‌هێنا.مه‌ڕحوومی قازی قسه‌ی بۆ خه‌ڵک کرد و ته‌واوی لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی بۆ ڕوون کردنه‌وه و دوایه‌ش ئه‌و بڕیاره‌ی ڕاگه‌یاند.خه‌ڵکیش هه‌موو پێشوازیان کرد و گوتیان، ئێمه هه‌رچی پێشه‌وا بڵێ، ڕازین.
ڕوانگه:ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه هه‌ر به مه‌به‌ستی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و مه‌سه‌له پێک هاتبوو؟
که‌ریمی: به‌ڵێ، هه‌ر بۆ ئه‌وه پێک هاتبوو
سه‌عیدی هومایوون ئاجودانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
ڕوانگه: ئاغای هومایوون ئێوه‌ش له‌و کۆبوونه‌وه‌دا به‌شداریتان هه‌بوو؟
هومایوون: نه‌خێر.ئه‌من به‌شداریم نه‌بوو.وه‌بیریشم نایه، پێم وایه له سه‌فه‌ری تاران بووم.
ڕوانگه: کاک سه‌ید موحه‌مه‌د ئێوه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک دا ئه‌و شته‌تان دیوه یان بیستووتانه ؟
سه‌مه‌دی: ئه‌من مه‌سه‌له‌ی گیرانی زه‌بیحیم له یه‌کێک له خوشکه‌کانی بیست. به‌ڵام نازانم هاوکات بووه له گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له یان نا. ڕه‌نگه له کتێبه‌که‌ی عه‌لی که‌ریمی دا " ژیان و به‌سه‌رهاتی زه‌بیحی" باس کرابێ.
ڕوانگه: ئه‌دی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ی باغی عه‌زیزئاغا که میرزا مه‌ناف باسیان کرد...
سه‌مه‌دی: نه‌خێر ئه‌وه‌شم نه‌بیستووه.
که‌ریمی: قاسمی قادری که له‌گه‌ڵ زه‌بیحی و دڵشادی ڕه‌سووڵی گیرابوو، پاش گۆڕانی کۆمه‌ڵه و دامه‌زرانی حیزب، وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوچه‌یی هه‌ڵبژێردرا. ئه‌وه نیشان ده‌دا که له‌و ده‌مه دا نه‌گیراوه و له ده‌رێ بووه. به‌ڵێ قاسمی قادری و وه‌هابی بلووریان و مه‌لا قادری موده‌ریسی و مینهی شه‌ڕه‌فی و محه‌مه‌دی یاهوو کۆمیته‌ی ناوچه‌یی بوون و به کاروباری شار ڕاده‌گه‌یشتن.
هومایوون: ئه‌من له ساڵی 1324 دا له گه‌ڵ ماڵی خودالێخۆش‌بوو سه‌دری قازی چووبوومه تاران و ئه‌و کاته‌ی که کۆمار ڕاگه‌یه‌ندرا، له تاران بووم. له‌و ده‌مه دا ئاغای زه‌بیحی و میرزا قادری قاسمی قازی و کاک دڵشادی ڕه‌سووڵی له‌وێ له زیندان دا بوون. له تاران سه‌دری قازی هه‌وڵی ئازاد کردنیانی دا و ئازاد بوون. دوای ڕاگه‌یاندنی کۆمار هه‌موو پێکه‌وه هاتینه‌وه بۆ مه‌هاباد. ئه‌من و دڵشاد و دایکی له ماشێنێک دا بووین، ئه‌وانی دیکه‌ش له ماشێنێکی دیکه دا بوون. زه‌بیحی به هه‌واپه‌یما هاته‌وه. له‌و ده‌مه دا پێشه‌وا له ته‌ورێز بوو.
ڕوانگه: له کتێبه‌که‌ی عه‌لی که‌ریمی دا ( ژیان و به‌سه‌رهاتی زه‌بیحی) باسی گیرانی زه‌بیحی له سه‌رده‌می پێش ڕاگه‌یاندنی کۆمار و له‌و کاته دا که قازی ده‌سه‌لاتی شاری به ده‌سته‌وه بووه کراوه.له‌و باره‌یه‌وه چ زانیارییه‌کتان هه‌یه؟
که‌ریمی: به‌ڵێ ئه‌وه ڕاسته. کاتی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڕحوومی سه‌درولئیسلام ( سه‌دری قازی ) بۆ نوێنه‌رایه‌تی مه‌جلیس بوو. له هه‌یوانی شاره‌داری ئێستا دا خه‌ڵک ده‌نگیان ده‌دا. زه‌بیحی و قادری که‌ریمی ئامۆزام له گه‌ڵ که‌سێکی دیکه به‌وێدا ده‌ڕۆن و پێده‌که‌نن و گاڵته به هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌که‌ن. دوو ئاغای مامه‌ش که له‌وێ بوون پێیان ناخۆش ده‌بێ و ته‌له‌یفوون بۆ شاره‌وانی ده‌که‌ن. له‌وێڕا دێن و ده‌یان گرن. هه‌ڵبه‌ت دوای ڕۆژێک ئازاد کران.
ڕوانگه: له ژماره‌کانی سه‌ره‌تایی گۆڤاری نیشتمان دا ده‌بینین که زۆر تاریفی ده‌وڵه‌تی بریتانیا کراوه.له ژماره‌کانی دواتر دا به سه‌ر ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌ت دا هه‌ڵگوتراوه. هۆی ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه چ بووه؟
که‌ریمی : ئه‌من له گه‌ڵ زه‌بیحی دۆست و هاواڵی زۆر نزیک بووم.زه‌بیحی ئینسانێکی سه‌ر به گێچه‌ڵ بوو. سه‌دی نه‌وه‌دی بابه‌تاکانی نیشتمانی بۆ خۆی ده‌نووسی. له گه‌ڵ هه‌موو جۆره سیاسه‌تێکیش بوو.زه‌بیحی یادی به خێر بێ له گه‌ڵ ئینگلیسییان نێوانی هه‌بوو.له گه‌ڵ ڕووسانیش هه‌ر که‌ینه و به‌ینه‌ی هه‌بوو، له گه‌ڵ حیزبی هیوا پێوه‌ندی هه‌بوو و ته‌نانه‌ت له‌و دواییانه‌دا له گه‌ڵ حیزبی به‌عسیش نێوانی هه‌بوو.ده‌کرێ بڵێین ئه‌و جۆره که‌سانه پێیان خۆشه له هه‌موو شتێک دا بن و ده‌ست له هه‌موو شتێک وه‌رده‌ن.
هومایوون: هه‌ر له‌کۆنه‌وه وا باو بوو، هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی به ده‌وڵه‌تی ئینگلیس په‌یوه‌ست بکه‌ن. کوردیش که بێکه‌س و بێ ده‌ره‌تان بوو، هه‌وڵی ده‌دا سه‌رنجی ده‌وڵه‌تی گه‌وره وه‌ک ئیبگلیس یان سۆڤیه‌ت بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئێمه زۆرمان هه‌وڵ دا که پشتیوانی ئینگلیس بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد ڕابکێشین. ته‌نانه‌ت چه‌ن جار پێوه‌ندیمان به کۆنسوولی ئینگلیس له ته‌ورێزه‌وه گرت، به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتین.پاشان ڕوومان له سۆڤیه‌ت کرد.ئه‌وانیش له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و هه‌ر وه‌ها به‌رهه‌ڵستکاری ئه‌مریکا و ئینگلیس حازر بوون پشتیوانییه‌کی سارد و سڕ له ئێمه بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت له پێش دا هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه ده‌دا که ئێمه به‌شێک له کۆماری ئازه‌ربایجان بین . هه‌ر وه‌ک له پیش دا له دانیشتنه‌که‌ی پێشوومان دا عه‌رزم کردی له کۆبوونه‌وه‌ی "مدنیت ایوی" له ته‌ورێز کێشه و هه‌رایه‌کی زۆر ساز بوو.
سه‌مه‌دی: ئه‌من ئه‌و مه‌سه‌له‌یه و چه‌ن نموونه‌ی دیکه‌ی ئاوام دیت و پێم سه‌یر بوو.هه‌ر بۆیه له ئاغای مودهڕهسیم پرسیار کرد.ئه‌ویش فه‌رمووی له هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و ده‌م دا، ڕووس و ئینگلیس وه‌ک دوو به‌رداش وابوون و کوردیش وه‌ک گه‌نم له نێوانیان دا.جا بۆیه ئێمه ئه‌گه‌ر تاریفێکمان له یه‌کیان ده‌کرد، له ژماره‌ی داهآتوو دا قه‌ره‌بوومان ده‌کرده‌وه و باسی ئه‌وی دیکه‌مان ده‌کرد. بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته گه‌وره هیچیان وا نه‌زانن که ئێمه سه‌ر به‌یه‌کێک له‌وان و دوژمنی ئه‌وی تر یانین و ئه‌گه‌ر ئاوامان نه‌کردبا، گیر‌و گرفتمان بۆ ساز ده‌بوو. ئامانجی ئێمه ئه‌وه بوو که بڵێین ئێمه سه‌ربه‌خۆین و سه‌ر به هیچ لایه‌نێک نین و له گه‌ڵ هه‌ر دوولاش دۆستین.
ڕوانگه: هۆی پێوه‌ندی و نامه‌نووسینی زه‌بیحی بۆ کۆنسوولی سۆڤیه‌ت له ته‌ورێز دا چ بووه؟ ته‌نانه‌ت له یه‌کێک له‌و نامانه‌دا که له 23/12/ 1944 نووسیویه‌تی، ئه‌ندامانی کارای ژێ.کافی به نێو پێده‌ناسێنێ.
که‌ریمی: زه‌بیحی به هۆی کاره‌که‌ی هه‌میشه له ته‌ورێز ده‌بوو. ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی له گه‌ڵ بیانییانی گرتووه، هیچیان به بڕیاری ژێ.کاف نه‌بووه. یانی ئه‌وانه قه‌ت له ژێ.کاف دا باس نه‌کراون. هه‌ر وه‌ک مه‌سه‌له‌که‌ی پێشوو که باسمان کرد،ئه‌وه‌ش هه‌ر کارێکی سه‌ربه‌خۆ و تاکه‌که‌سی بووه. هه‌ر وه‌ک مه‌ته‌ڵێکی مه‌شهوور ده‌ڵێ: " الغریق یتشبث بکل حشیس" هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له به‌رچاو بێ که مه‌به‌ستی ئه‌و جاسووسی یا خودای نه‌خواسته خه‌یانه‌ت نه‌بووه. پێی وابووه به‌و کاره شتێک یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی له ڕووسان بۆ کورد ده‌ست ده‌که‌وێ. زه‌بیحی هه‌ر عاده‌تی وابوو که له گه‌ڵ بیانییان زوو پێوه‌ندی دۆستانه‌ی ساز ده‌کرد.بۆ وێنه جارێک ڕووسان له کافه نه‌وینی ته‌ورێز ده‌یبینن که له گه‌ڵ ئه‌مریکایی و ئینگلیسییان دانیشتووه و خه‌ریکی باس و خواسه.هه‌ر بۆیه لێی وه‌گومان ده‌که‌ون و به مه‌رحوومی پێشه‌وا ده‌سپێرن که وشیاری بێ. یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که زه‌بیحی له کۆمار دا ده‌ورێکی گرینگی نه‌بوو، هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بوو. له حاڵێک دا کافه‌ی نه‌وین جێگایه‌کی گشتی بوو و هه‌موو بۆ چێشت خواردن ده‌چوونه ئه‌وێ.
هومایوون: هه‌ر له قه‌دیمه‌وه وابوو هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌کی کوردیان به نه‌خشه و پیلانی ئینگلیس دا ده‌نا. وێده‌چی زه‌بیحیش بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه ناڕه‌وایه‌ی ڕووسان ئه‌و کاره‌ی کردبێ.
بۆ وێنه ڕووسان، مه‌لا مسته‌فا و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیشیان به پیاوی ئینگلیس ده‌زانی و پێیان خۆش نه‌بوو بێن بۆ کوردستانی ئێران و هه‌ر له‌و باره‌وه زۆریان فشار بۆ قازی ده‌هێنا که پێشوازی له مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێیانی نه‌کا. به‌ڵام قازی ده‌یگوت کوردستان مڵکی هه‌موو کوردانه و ئه‌وه‌ی قبووڵ نه‌ده‌کرد و تا ماوه‌یه‌ک کێشه و هه‌رایه‌کی زۆر له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌بوو.
که‌ریمی: ڕووسان ئه‌و ده‌م که مه‌لا مسته‌فا هاته ئێران، خه‌ریکی ساز کردنی فیرقه‌ی دێمۆکڕات و کۆماری ئازه‌ربایجان بوون و نیازیان وابوو کوردستانیش هه‌ر له گه‌ڵ ئازه‌ربایجان بخه‌ن و پێیان وابوو که ئینگلیسی مه‌لا مسته‌فایان ناردووه هه‌تا ئه‌و پلانه‌یان لێ پووچه‌ڵ بکاته‌وه.
ڕوانگه: شانۆی " دایکی نیشتمان" له‌و چاخانه دا ده‌ورێکی گرینگی هه‌بوو له بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری کوردایه‌تی و به تایبه‌ت گه‌شاندنه‌وه‌ی ژیله‌مۆی بیری ناسیونالیزم له ناخی خه‌ڵکدا.به‌ڵام پاش تێپه‌ڕ بوونی زیاتر له نیو سه‌ده هێشتا نووسه‌ری ئه‌و شانۆیه نه ناسراوه. ڕای ئێوه چییه ؟
که‌ریمی: وه‌ڵلا ئه‌من بۆ خۆم ئه‌و شانۆیه‌م دیت.به‌ڵام نازانم نووسه‌ره‌که‌ی کێ بوو. سه‌ید عوبه‌یدوڵڵای ئه‌یووبیان ده‌ڵێ ئه‌من نووسیومه، به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م...
هومایوون: نه‌خێر، ئه‌و ده‌م ته‌مه‌نی سه‌ید عوبه‌ید زۆر له‌وه که‌متر بووه که بتوانێ شتێکی ئاوا بنووسێ.
سه‌مه‌دی: له باره‌ی شانۆی دایکی نیشتمان دا ده‌بێ بڵێم ئه‌من ئه‌و شانسه‌م هه‌بوو له گه‌ڵ مه‌رحوومی
عه‌بدوڵڵای برایم شه‌مزینی (نه‌هری) که له‌و شانۆیه دا ده‌وری دایکی نیشتمانی ده‌گێڕا،قسان بکه‌م. هه‌ڵبه‌ت ئه‌من دووجار چوومه خزمه‌تی، که به‌داخه‌وه جاری دووهه‌م زۆر نه‌خۆش بوو و دوای ئه‌و نه‌خۆشییه‌ش هه‌ڵنه‌ستاوه. ئه‌و شتانه‌ی که ئه‌و به منی گوت، له په‌راوێزی وه‌رگێراوی ئیگلتۆن دا به کوردی هه‌مووم هێناوه.به قسه کردن له گه‌ڵ زۆر که‌سان و هه‌ر وه‌ها به‌خوێندنه‌وه‌ی کتێبی ئاڵه‌کۆکی غه‌نی بلووریان به‌و ئاکامه گه‌یشتم که زیاتر وێده‌چێ ده‌قی شانۆیه‌که له عێراق ڕا هاتبێ بۆ ئێره. کاک غه‌نی چونکه بۆخۆی یه‌کێک له ده‌ورگێڕانی ئه‌و شانۆیه بوو، ده‌بێ بایه‌خ بۆ بیروڕاکانی دابندرێ. کاک غه‌نی پاش گێڕانه‌وه‌ی زۆر وردیله شتی وه‌ک ژماره‌ی په‌رده‌کان و ده‌ورگێڕه‌کان و ته‌نانه‌ت نێوی خودالێخۆش‌بوو مارف حه‌سه‌نی نهججاڕیش ده‌با که گۆیا سه‌کۆکه‌ی ساز کردووه، ده‌ڵێ به داخه‌وه نه‌متوانیوه نێوی نووسه‌ره‌که‌ی بدۆزمه‌وه، به‌ڵام له بیرمه که میرحاج له عێراق ڕا هێنای و دای به زه‌بیحی و دڵشاد تا کاری له سه‌ر بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌من جارێکیش له‌و باره‌یه دا له گه‌ڵ کاک سیرووسی حه‌بیبی قسه‌م کرد. کاک سیرووس به ڕاستی یه‌کێک له که‌سێتییه باسه‌واد و گه‌وره‌کانی کورده.له " شانۆی دایکی نیشتمان" یش دا ده‌وری فریشته‌ی هه‌بووه.کاک سیرووس ده‌یگوت: " نازانم نووسه‌ره‌که‌ی کێ بووه، به‌ڵام به سه‌رنج دان به‌وه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه دا له مه‌هاباد شانۆ و نومایشنامه و تیاتر باوی نه‌بووه، پێم وانییه له مه‌هاباد نووسرابێ و به تایبه‌تی که ئێستاش ئێمه له‌و بوارانه‌دا هێز و توانایه‌کی ئه‌وتۆمان نییه.کارێکی ئاوا،میزانسێنی ده‌وێ، پشتی سه‌حنه‌ی ده‌وێ و زۆر ورده‌کاری دیکه‌شی پێویسته. کاک عه‌بدوڵای نه‌هریش که ده‌وری دایکی نیشتمانی گێڕاوه و تائاخری عومریشی خه‌ڵک هه‌ر به‌و نێوه بانگیان ده‌کرد، ئه‌ویش نه‌یگوت نووسه‌ره‌که‌ی کێ بووه. هه‌ر وه‌ک باسیشتان کرد کاک عوبه‌یدوڵڵای ئهیووبیانیش ده‌ڵێ ئه‌من نووسیومه.به‌ڵام به به‌راورد کردنی هه‌موو ئه‌وانه، ئه‌من بۆچوونی کاک غه‌نیم پێ دروستتره.
که‌ریمی: سیرووسی حه‌بیبی که یادی به‌خێر بێ و ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته، دۆست و هاواڵی نزیکم بوو. سیرووس بابی سابڵاغی و دایکی ئه‌مریکایی [نۆروێژی ] بوو، و به‌ڕاسی زۆری خزمه‌ت به کورد کرد.له شانۆی دایکی نیشتمان دا ده‌وری فریشته‌ی ده‌گێڕا. له بیرمه کاتی بردنه سه‌ر سه‌حنه‌ی ئه‌و شانۆیه خه‌ڵک پێشوازییه‌کی بێوێنه‌یان لێکرد.سه‌ربانی گاراژی موعینی پڕ بوو له ژن و منداڵ.کاتێک سیرووس که جلوبه‌رگی په‌پووله‌ی ده‌به‌ر دابوو و ده‌نگیشی زۆر خۆش بوو، شێعره به‌رزه‌که‌ی حاجی قادری " ئه‌ی بێ نه‌زیر و هه‌متا، هه‌ر تۆی که به‌رقه‌راری" خوێنده‌وه،ژن و پیاو تێکڕا له پڕمه‌ی گریانیان دا.به ڕاستی وه‌ک ڕۆژی حه‌شرێ ده‌چوو.سیرووس ده‌بیری کۆنسوولگه‌ری ئه‌مریکا له ته‌ورێز بوو.بۆ نووسینی کتێبی " کۆماری کوردستان" زۆری یارمه‌تی ویلیا‌م ئیگلتۆن دا.ئه‌گه‌ر ئه‌و کتێبه نه‌با زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که ئه‌مڕۆ ده‌یانزانین، له ناو ده‌چوون.ماڵی بابی سیرووس وه‌ک هۆتێلی خاریجیان وابوو. میوانی بیانی ده‌چوونه ماڵی ئه‌وان. ویلیا‌م ئیگلتۆن چه‌ن جاران هاته مه‌هاباد و له ماڵی سیرووس ده‌بوو.ئه‌من شه‌وانه له سه‌عاتی 12ی نیوه‌شه‌و به‌ولاوه ده‌چوومه ئه‌وێ و له گه‌ڵ ئیگلتۆن دا ده‌نیشتم و زانیارییه‌کانی منی له سه‌ر کۆمه‌ڵه و حیزب و کۆمار تۆمار ده‌کرد. ئه‌و ده‌م چونکه مه‌ترسی ساواک هه‌بوو، به نهێنی ئه‌و کاره‌م ده‌کرد.ئیگلتۆن له پێش دا کۆنسوولی ئه‌مریکا له که‌رکووک بوو وکهمێکی کوردی ده‌زانی و زۆریشی لایه‌نگری له کوردان ده‌کرد.له پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی دا باسی سیرووس و که سێکی دیکه ده‌کا که نێوی ناهێنێ. ئه‌و که‌سه ئه‌منم که ئه‌و ده‌م له به‌ر ساواک نه‌ده‌کرا نێوم بڵێ.
ڕوانگه: هێندێک که‌س مێژووی دامه‌زرانی ژێ.کاف ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ر ساڵی 1938 و کاتی دامه‌زرانی حیزبی ئازادیخوازی کورد که گۆیا عه‌زیزی زه‌ندی سه‌رۆکی بووه و زانیارییه‌کی که‌م له باره‌ی دا هه‌یه.
سه‌مه‌دی: کاک غه‌نی بلووریان له ئاڵه کۆک دا ده‌ڵێ که ژێ.کاف له ساڵی 1317 دا دامه‌زرا و ئه‌ندامانی ناوه‌ندی له 25/ 5 / 1321 له باغی حاجی داودی له داوێنی کێوی خه‌زایی دانیشتن و چه‌ن بڕیارێکیان بۆ به‌هێز کردن و په‌ره‌پێدانی چالاکی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه په‌سند کرد.هه‌لبه‌ت ئه‌من هه‌وه‌ڵ جاره ئه‌وه‌ی ده‌بیسم که مێژووی دامه‌زرانی ژێ.کاف بکێشنه‌وه بۆ ساڵی 1317.به‌ڵام له‌و ساڵه دا دیاره شتێک هه‌بووه.
که‌ریمی: له پێش دا ئه‌وه‌ی ڕوون که‌مه‌وه که باغی ئه‌مینولئیسلام دروسته،نه‌ک باغی حاجی داودی.به‌ڵام له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دووژه‌م دا ئه‌من ئه‌و ده‌م منداڵ بووم، به‌ڵام له بیرمه ده‌یانگوت ڕه‌حمانی سه‌دیقی و حوسێنی لبادی و ... له سه‌ر کوردایه‌تی گیراون. ده‌یانگوت که کاغه‌زی سووریا‌ن بۆ ڕه‌زا شا ناردووه و ڕاپۆرتیان له سه‌ر داون.سه‌رۆکی ئه‌منیه له تاران ڕا هات و له ماڵی میرزا ڕه‌حمه‌تی شافیعی نیشته‌جێ بوو.چه‌ن که‌سێکیان گرت که پاشان ئازاد بوون،ڕه‌حمانی سه‌دیقی هه‌ڵات بۆ دیوی عێراق و هه‌ر له‌وێش مرد.
ڕوانگه: ئایا ئه‌و ڕووداوه هه‌ر حیزبی ئازادیخوازی کورد نه‌بووه؟
سه‌مه‌دی: ئه‌من پێم وایه هه‌وڵی تاکه که‌سی بۆ کوردایه‌تی هه‌میشه بووه و له‌وانه‌شه ئه‌و که‌سانه دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌یان به‌یه‌که‌وه بووبێ،به‌ڵام به مانای ئه‌وڕۆ ته‌نیا ژێ.کاف ده‌کرێ وه‌ک حیزب و ڕێکخراوه چاوی لێبکرێ. له باره‌ی ڕێکه‌وتی دامه‌زرانی ژێ.کاف دا هه‌موو له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕن که 25 / 5 / 1321 دروسته، ته‌نیا سه‌ید عوبه‌یدوڵڵای ئه‌یووبیان نه‌بێ که ده‌ڵێ 15 / 5 / 1321 دروسته.
که‌ریمی : گیرانی ئه‌و تاقمه به یه‌قین له سه‌ر کوردایه‌تی بوو، به‌ڵام ژێ.کاف نه‌بوون.
ڕوانگه: لێره دا باسه‌که‌مان له سه‌ر ژێ.کاف کۆتایی پێدێنین و دێینه سه‌ر ده‌ورانی کۆمار و چه‌ن پرسیاری تایبه‌تی ئاراسته‌ی کاک مه‌ناف ده‌که‌ین.چۆن بوو که له لایه‌ن پێشه‌واوه وه‌ک وه‌زیری فه‌رهه‌نگی کوردستان دیاری کران؟ شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌زیر و به‌رپرسه‌کان له سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک بوو؟
که‌ریمی: ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان له بنه‌ڕه‌ت دا دژکرده‌وه‌یه‌ک بوو له به‌رانبه‌ری کۆماری ئازه‌ربایجان دا. پاش ئه‌وه‌ی که ئه‌وان ده‌وڵه‌تی خۆیان ڕاگه‌یاند و کابینه‌یان به مه‌جلیسی ئه‌یاله‌تی ناساند،له سه‌ر ئه‌و بۆچوونه که پێیان وابوو کوردستان به‌شێک له ئازه‌ربایجانه.ده‌ستوور و فه‌رمانی حکوومه‌تییان بۆ ئیداراتی کوردستان نارد.ئێمه‌ش به په‌له له حیزب دا به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا کۆبوونه‌وه‌مان ساز کرد و مه‌سه‌له‌که‌مان دایه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. له پاشان دا پێشه‌وا فه‌رمووی بۆ پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ئه‌و پلانه و هه‌ر وه‌ها پێش گرتن له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌ت وا باشه ئێمه‌ش وه‌زیره‌کانی کابینه هه‌ڵبژێرین و ده‌وڵه‌تی خۆمان ڕابگه‌یه‌نین. پێشه‌وا له درێژه دا گوتی ئه‌من لیستێک له‌و که‌سانه ده‌نووسم که ئه‌ندامی حیزبن و ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تیش ناخۆشی ناوێن.به‌ڵام له‌و کۆبوونه‌وه دا ئێمه نه‌مانزانی چ که‌سانێکی هه‌ڵبژاردووه،هه‌تاکوو له ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی کۆمار دا ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی وه‌زیرانیشی به خه‌ڵک ناساند. یانی ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره نه‌کرابایه، له‌وانه‌بوو پلانی کۆماری ئازه‌ربایجان سه‌ربگرێ. به سه‌رنج دان به‌و ڕاستییه که ناوچه‌ی موکریان له دابه‌ش کراوه ڕه‌سمییه‌کانی وڵات دا به‌شێک له ئازه‌ربایجان بوو.
ڕوانگه: ئێوه وه‌ک وه‌زیری فه‌رهه‌نگ له‌و ماوه کورته‌ی ته‌مه‌نی کۆمار دا چ هه‌نگاوێکتان بۆ په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری کوردی هه‌ڵێنا؟
که‌ریمی: ئێمه له‌و ماوه که‌مه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌ڕی بێ به‌شی و بێده‌ره‌تانی چ له باری ئابوورییه‌وه و چ له باری فه‌رهه‌نگییه‌وه هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌مان هه‌ڵگرت. بۆ وێنه ته‌نانه‌ت کتێبێکی کوردیمان نه‌بوو.چه‌ن نه‌فه‌رمان نارد بۆ عێراق و کتێبی کوردی‌یان بۆ هێناین.بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ له گه‌ڵ بێسه‌وادی کلاسی شه‌وانه‌مان بۆ ئه‌کابیر دانا و چه‌ن قوتابخانه‌ی دیکه‌مان کرده‌وه.هه‌ر وه‌ها تاقمێکمان مامۆستا له عێراق ڕا بۆ فێر کردن و ڕاهێنانی کوردی هێنا مه‌هاباد و به سه‌ر قوتابخانه‌کانمان دا دابه‌ش کردن. به‌رنامه‌یه‌کی دیکه که پیادههمان کرد،جل و به‌رگی فۆرم ( متحد الشکل ) بۆ قوتانییهکان بوو. هه‌ر وه‌ها منداڵه ڕووت و ڕهجاڵهکانمان کۆ کرده‌وه و به سه‌ر ماڵه ده‌وڵه مه‌نده‌کان دا دابه‌شمان کردن. هه‌ڵبه‌ت ده‌وڵه‌ت خه‌رجی ژیان و خوێندنی هه‌موویانی ده‌کێشا.له‌و ماوه کورته دا فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد گه‌شه‌ی ئه‌ستاند و له حاڵێک دا که‌متر له ساڵێک
له‌مه‌وبه‌ر که‌س خوێندن و نووسینی کوردی نه‌ده‌زانی، ئه‌وڕۆ هه‌موو فێره کوردی ببوون.
ڕوانگه: جگه له‌و مامۆستایانه‌ی که له‌و دیو ڕا هاتبوون، له مه‌هاباد که‌س کوردی نه‌ده‌زانی؟
که‌ریمی: زۆر به ده‌گمه‌ن.زه‌بیحی ده‌یزانی.مه‌لای داودیش هه‌بوو که کوردی زان بوو، به‌ڵام به کاری فێر کردن و ڕاهێنان نه‌ده‌هات.
ڕوانگه: جێگای کار‌و تێکۆشانی وه‌زیره‌کان له کوێ بوو؟ ئایا جێگایه‌کی تایبه‌تییان هه‌بوو؟
که‌ریمی: نه‌خێر. هه‌ر که‌س له ئیداره‌ی پێشوو جێگیر ببوو. بۆ وێنه وه‌زیری فه‌رهه‌نگ له ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی پێشوو.
ڕوانگه: سه‌رۆک وه‌زیران کێ بوو؟
که‌ریمی: حاجی بابه‌شێخی سیاده‌ت.
ڕوانگه: واته جه‌له‌سه‌کان به سه‌روکایه‌تی ئه‌و پێک ده‌هات ؟
که‌ریمی: به‌ڵێ. به‌ڵام زۆرتری دانیشتنه‌کان له مه‌قه‌ڕی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێمۆکڕات پێک ده‌هاتن و کۆمیته بڕیاری ده‌دا،چونکه وه‌زیره‌کان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیش بوون/
ڕوانگه: بۆچی حاجی بابه‌شێخ له وێنه ڕه‌سمییه‌کانی ده‌ورانی کۆمار دا نابیندرێ؟
که‌ریمی: ئێمه هه‌موو لاو و ته‌مه‌نمان نزیکه‌ی 25 – 24 ساڵ بوو. به‌ڵام حاجی بابه‌شێخ نزیک په‌نجا ساڵی ته‌مه‌ن بوو.له کۆبوونه‌وه حیزبییه‌کان دا به‌شداری نه ده‌کرد و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیش نه‌بوو.هه‌ڵبه‌ت دڵنیا به که له وێنه‌کان دا هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا فه‌وتاون.ئه‌من بۆ خۆم زیاتر له سه‌د وێنه‌م هه‌بوو که دوای ڕووخانی کۆمار هه‌مووم سووتاندن.
هومایوون: ئه‌من پێم وایه حاجی بابه‌شێخ زۆرتر ده‌ورێکی ته‌شریفاتی هه‌بوو و زۆر له جه‌ره‌یانی کاره‌کان دا نه‌بوو. هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بۆ ئه‌و پۆسته زۆرتر به له به‌رچاوگرتنی ڕاده‌ی سه‌واد و مه‌علووماتی وهه‌ر وه‌ها گرینگی بنه‌ماڵه‌که‌ی بوو.
که‌ریمی: هه‌ڵبه‌ت ئێمه " هه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی میللی" شمان هه‌بوو، که زۆربه‌ی ئه‌ندامانی بریتی بوون له ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کان. تا ئه‌و جێگایه‌ی له بیرمه،حاجی بابه‌شێخ، شێخ حه‌سه‌نی شه‌مسی بورهان، که‌ریم ئاغای قونقه‌ڵا، هاشمی یۆسفی، نه‌جمه‌دینی ته‌وحیدی،عه‌لی ئاغا نه‌وزه‌ڕی و ... ئه‌ندامی بوون.ئه‌و هه‌یئه‌ته زۆرتر به کاری عه‌شایر و گوندنشینه‌کان ڕا ده‌گه‌یشت و سه‌دی نه‌وه‌دی ئه‌ندامه‌کانیشی ده‌ره‌به‌گ بوون، کۆمیته‌ی ناوچه‌ییش به کاروباری نێو شاره‌کان ڕاده‌گه‌یشت. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له ده‌ست کۆمیته‌ی ناوه‌ندی دا بوو که ئه‌ندامه‌کانی هه‌موو مه‌هابادی بوون و مه‌ڕحوومی پێشه‌واش له دانیشتنه‌کانی دا به‌شداری ده‌کرد.
ڕوانگه: ئایا له کابینه‌ی کۆماری کوردستان دا وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه هه‌بوو؟
که‌ریمی: نه‌خێر، نه‌بوو.
ڕوانگه: له هێندێک سه‌رچاوه دا، حاجی ڕه‌حمانی ئێلخانی زاده وه‌ک وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه ناودێر کراوه!
که‌ریمی: به‌ڵێ، ئه‌و هه‌ڵه‌یه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که له ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی کۆمار دا حاجی ڕه‌حمان وه‌ک وه‌زیری کار‌و باری ده‌ره‌وه دیاری کرا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و گومانه ساز نه‌بێ که کۆماری کوردستان سه‌ربه‌خۆیی خوازه و به ته‌مای جیابوونه‌وه له ئێرانه، له زووترین کات دا لایان برد و کردیان به وه‌زیری ڕاوێژکار.
سه‌مه‌دی: تاقمێک له مێژوو نووسان و چاودێرانی سیاسی کاتێک کۆماری کوردستان و کۆماری ئازه‌ربایجان به یه‌که‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، هه‌ر ئه‌و شته وه‌ک نموونه دێننه‌وه و ده‌ڵێن کۆماری ئازه‌ربایجان وه‌زیری شه‌ڕ و وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی نه‌بووه، له حاڵێک دا کۆماری کوردستان هه‌ر دووکیانی هه‌بووه و هه‌ر له‌وه‌ش ڕا به‌و ئاکامه ده‌گه‌ن که کوردستان سه‌ربه‌خۆیی خواز و ئازه‌ربایجان خودموختاری خواز بووه.
ڕوانگه: یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان بوونی پۆلیسی نهێنی بوو.ئه‌و دیارده‌یه له کوردستان دا چۆن بوو ؟
که‌ریمی: ئێمه پێویستیمان به‌و شتانه نه‌بوو.کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف فه‌زایه‌کی له شار دا پێک هێنابوو له ئه‌وپه‌ڕی هێمنی و برایه‌تی دا.هه‌موو خه‌ڵک سوێندیان خواردبوو و برای یه‌کتر بوون.دزی و قومار و ئاره‌ق خواردنه‌وه و خوو و خده‌ی خراپ و به‌دڕه‌وشت له هیچ کوێ نه‌مابوو.ته‌نانه‌ت دووکانیش دانه‌ده‌خران.له بیرمه سه‌ید قادری سه‌ید جامی له بازاڕ دا سه‌عاتێکی زێڕی لێ ون بوو.دوای چوا ڕۆژان دیتیانه‌وه و بۆیان برده‌وه.
ڕوانگه: دوای ڕووخانی کۆمار هه‌یئه‌تی وه‌زیران چی‌یان به سه‌ر هات و له لایه‌ن ڕژێمه‌وه چۆن ڕه‌فتاریان له گه‌ڵ کرا، بۆ وێنه له گه‌ڵ جه‌نابتان
که‌ریمی: دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌ش بۆ مه‌هاباد ئێمه هه‌موو گیراین.42 که‌س له زیندانی شاره‌وانی ئێستا دا بوون و 10 که‌سیش که ئه‌منیش له گه‌ڵ وان بووم له زیندانی سه‌ربازخانه دا بووین. تاوانی ئێمه قورس‌تر بوو و به ئیعدامی ده‌ژمێردراین.دوای یه‌ک مانگ و نیو دادگایی کران 6 ساڵ زیندانم بۆ بڕایه‌وه.به‌ڵام دادستان ناڕه‌زایه‌تی له سه‌ر ئه‌و ڕایه ده‌ربڕی و بۆ دادگایی کردنی دووباره ناردیانینه ته‌ورێز. له‌وێ هه‌موومان له زیندانی ئه‌و شاره دا بووین. پاش دادگایی کردنه‌وه، حوکمی من بوو به 6 ساڵ زیندانی هاوڕێ له گه‌ڵ بێگاری ( اعمال شاقه) له شاری دێزفوول. دوای وه که داوای ئیستینافم کرد، بردیانمه زیندانی ورمێ. پاش ماوه‌یه‌ک لێبوردنی گشتی ڕاگه‌یه‌ندرا و هه‌موومان ئازاد بووین. ئه‌من سه‌رجه‌م 19 مانگ له زیندان دا بووم.پیاو حه‌ق بڵێ نه ده‌ستیان به‌ستین و نه ئه‌شکه‌نجه‌یان کردین.چاوپێکهوتنیشمان له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کانمان هه‌بوو.
ڕوانگه: زۆر سپاس بۆ به‌شداریتان و هه‌ر وه‌ها بۆ ئه‌و زانیارییه به نرخانه‌ی که پێتان داین
No comments:
Post a Comment