هێندێک تێبینیی زمانی 49
هێندێک تێبینیی زمانی 49
حه‌سه‌نی قازی
سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک " پایته‌ختی کۆمه‌ڵایه‌تی"
گؤڤاری لڤین له‌ژماره‌ی 64، 1ی ئاوریلی 2008 چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ دوکتور دێنیس [ نه‌ک دینس ئه‌و جۆری که له سه‌ر دێڕی باسه‌که نووسراوه] ناتالی مامۆستای زانکۆی کوردستان بڵاو کردووه‌ته‌وه. وا ده‌رده‌که‌وێ ئاماده‌کاری ئه‌و بابه‌ته، کاک نامۆ عه‌بدوڵا به زمانی ئینگلیسی ئه‌و وتووێژه‌ی کردووه و دوایه پرسیار و وڵامه‌کانی به کوردی داڕشتووه‌ته‌وه.له‌م ده‌قه دا چه‌ند زاراوه و ده‌سته واژه سه‌رنجیان ڕاکێشم وا له خواره‌وه ئاماژه‌یان پێده‌که‌م
نامۆ عه‌بدوڵا وشه‌ی " ئۆتۆڕێتارییه‌ن" ی هه‌م به "ئۆتۆریته‌گه‌را" و هه‌م به "ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها' وه‌رگێڕاوه و ڕسته‌یه‌کی ئاوای نووسیوه: " ئه‌مه‌ش وایه که سیستمێکه ده‌یه‌وێت له حکوومه‌تێکی ئۆتۆریته‌گه‌راو ( ئۆتۆریتارییه‌ن ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها) به‌ره‌و پێکهاته‌یه‌کی دێمۆکڕاسی هه‌نگاوبنێت" سه‌باره‌ت به‌و پاشگره فارسییه‌ی "گه‌را" که له زمانی نووسینی کوردی دا گه‌رای! داناوه،له‌و زنجیره تێبینییانه دا به درێژی باس کراوه. چه‌مکی ئۆتۆریتارییه‌ن له‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ئاوه‌ڵناوێکه بۆ حکوومه‌ت بێ ئه‌وه‌ی پێداویستی به مانا کردنه‌وه‌ی له که‌وانه‌دا هه‌بێ به هاسانی ده‌کرێ به کوردی به " ده‌سته‌ڵاخواز" وه‌ربگێڕدری وبه ته‌واوی ماناکه به ده‌سته‌وه بدا : " ئه‌مه‌ش وایه که سیستمێکه ده‌یه‌وێت له حکوومه‌تێکی ده‌سته‌ڵاتخوازه‌وه به‌ره‌و پێکهاته‌یه‌کی دێمۆکڕاسی هه‌نگاو بنێت".
له‌و چاوپێکه‌وتنه دا دیسان تووشمان به تووشی "گه‌را" یه‌کی دیکه‌وه دێ له‌م ڕسته‌یه دا:
" هه‌ر چه‌ند ئه‌م سیستمه له گۆشه‌نیگایه‌کی موئه‌سه‌سه‌گه‌راوه [ ئینستیتوشنڵ پێرسپێکتیڤ] شه‌رعییه‌تی که‌مه". به‌رله‌وه‌ی به‌ر بینگی " موئه‌سه‌سه‌گه‌را" بگرم ده‌بێ بڵێم " گۆشه نیگا" که ئیدی ڕێی ده‌رکردووه بۆ‌نێو زمانی نووسین ، نه فارسییه و نه کوردی و هاوتایه‌کی پڕبه‌پێستی له زمانه‌که‌مان دا هه‌یه ئه‌ویش " سیله‌ی چاو" ه، به‌ڵام هێچیان نه " گۆشه نیگا" و نه " سیله‌ی چاو" واتای ته‌واوی "پێرسپێکتیڤ " ناگه‌یێنن و لێره دا ده‌کرێ " ڕوانگه" ده‌کار بکردرێ. له زمانی کوردی دا" ئینستیتووشن" به ده‌زگا، دا‌و و ده‌زگا، دامه‌زراوه ، بنیات مانا کراوه‌ته‌وه و " ئینستیتوشنڵ" به واتای هه‌ر شتێکه که سه‌ر به "ئینستیتووشن" بێ که وابوو له‌و ڕسته‌یه دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له کۆڵ چه‌مکێکی ناقۆڵا بکه‌ینه‌وه که به‌سه‌قه‌تی له به‌یه‌که‌و لکاندنی ناوێکی عه‌ڕه‌بی و پاشگرێکی فارسی ( موئه‌سه‌سه+گه‌را) داڕێژراوه ده‌کرێ "ئینستیتوشنڵ" به " ده‌زگایی"، "بنیاتی" وه‌ربگێردرێ. ئاوا: " هه‌رچه‌ند ئه‌م سیستمه له ڕوانگه‌یه‌کی ده‌زگاییه‌وه شه‌رعیه‌تی که‌مه" یان " هه‌رچه‌ند ئه‌م سیستمه له تێڕوانینێکی بنیاتییه‌وه شه‌رعیه‌تی که‌مه".
کاک نامۆ ڕسته‌یه‌کی دیکه‌ی ئاوا وه‌رگێڕاوه: " لۆژیکی نیمچه ده‌وڵه‌تی ئه‌و مانایه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت که هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت سوودی ته‌نگه‌ژه‌که به ده‌ست بهێنێت " و له که‌وانه دا دیاری کردووه که سوودی ته‌نگه‌ژه وه‌رگێڕانی ده‌سته وشه‌ی " بینێفیت ئاف سته‌یلمه‌یت" ی ئینگلیسی یه. " ته‌نگه‌ژه" بۆ واتا کردنه‌وه‌ی " سته‌یلمه‌یت" ته‌نگه، چونکوو "سته‌یلمه‌یت" حاڵه‌تێک ده‌گه‌یێنێ پێواژۆێک یان ڕووداوێک گه‌یبێته پنکتێکی ئه‌وتۆ که ڕێی پاش و پێشی نه‌بێ، جا بۆیه له‌ومانایه دا "بن به‌ست" وه‌ک هاوتای
" سته‌یلمه‌یت" ڕسته‌که ڕوونتر و کراوه‌تر ده‌رده‌بڕێ: " لۆژیکی نیمچه ده‌وڵه‌تی ئه‌و مانایه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت که هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت له‌و [دۆخی] بن به‌سته که‌لک بستێنێ".
له‌م چاوپێکه‌وتنه دا له وڵامی یه‌ک له پرسیاره‌کان دا چه‌مکی ( سۆشڵ کاپیتاڵ) به‌کار هاتووه که ئاماده‌کاری هاوپرسه‌کییه‌که بۆ ئه‌وه‌ی له کۆڵ خۆی کاته‌وه به " پایته‌ختێکی کۆمه‌ڵایه‌تی" وه‌رگێڕاوه.
" دواجار، ئه‌وکۆتو‌به‌نده هه‌یکه‌لییانه‌ی! هه‌رێمی کوردستان، که لاوازی دامه‌زراوه‌کان و پێکهاته‌ی عه‌شایه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی پایته‌ختێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێته‌وه، ( سۆشل کاپیتاڵ) وا ده‌که‌ن کوردستان نه‌توانێت به‌رده‌وامی به مانه‌وه‌ی خۆی بدات ئه‌گه‌ر له‌م کاته دا سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت".
" کاپیتاڵ " له زمانی ئینگلیسی دا چه‌ندین مانای هه‌یه، " پێته‌خت" یان " پایتخت" [ی فارسی] یه‌ک له ماناکانێتی، به‌ڵام له‌و پێوه‌ندییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا " پایته‌خت" چ جێی نییه. ده‌ڕاستی دا مه‌به‌ست له "سۆشڵ کاپیتاڵ" گشت ئه‌و نرخ و به‌هاکۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن که له سه‌ر یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه و ده‌کرێ پشتیان پێ ببسترێ و ئه‌وه له زانستی کۆمه‌ڵناسی و مه‌ردمناسی دا چه‌مکێکی پێ زاندراو و ناسراوه و ده‌کرێ له کوردی‌دا به " سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی" یان " ده‌سمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی" وه‌ربگێڕدرێ.
له‌م هاوپرسه‌کییه دا " ئێلیت" به " نوخبه‌ی سه‌رکرده‌کان" وه‌رگێڕدراوه که لێره دا " سه‌رکرده‌کان" زێده‌یه و " نوخبه" ی عه‌ڕه‌بی ده‌کرێ مانای " ئێلیت" ی لێ بخوێندرێته‌وه.
Dennis Nataliدێنیس ناتالی
Authoritarian ده‌سته‌ڵاتخواز
Institutional perspective ڕوانگه‌ی ده‌زگایی، تێڕوانینی بنیاتی
Benefit of stalemateکه‌لکی بن به‌ست
Social capital سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌سمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
Elite نوخبه
No comments:
Post a Comment