هێندێک تێبینیی زمانی 50
هێندێک تێبینی زمانی 50
حه‌سه‌نی قازی
زمانی 'ستاندارد' به 'کوردی'یه‌کی وا ؟ 'نۆ وه‌ی'!
کاک هه‌ندرێن ی ناسیاوم و که‌سێک به نیوی کامیار سابیر بابه‌تێکیان له ژێر سه‌ردێڕی ' کورد، پێویستی به یه‌ک زمانی نووسینی نیشتمانیی هه‌یه' به دووقۆڵی نووسیوه و له ماڵپه‌ڕی ' ده‌نگه‌کان' دا بڵاویان کردووه‌ته‌وه. ئه‌من لێره‌دا ته‌نێ به‌شێک له بڕگه‌ی کۆتایی به‌شی سێیه‌می ئه‌و وتاره‌م هه‌ڵبژاردووه و له ڕوانگه‌ی زمانییه‌وه هێندێک تاووتوێی ده‌که‌م. نێوه‌رۆکی وتاره‌که، ئه‌گه‌رچی له زمانی 'ستاندارد 'یان وه‌ک ئه‌وان ده‌نووس 'ستاندهرد'ده‌دوێ، زیاتر فڕ تێگرتن و شه‌ڕه قسه‌یه و ده‌ردی لێ ده‌بارێ وهیچ ده‌رفه‌تێک بۆ گه‌نگه‌شه، پێ سه‌لماندن و بۆ سه‌لماندن نا هێڵێته‌وه. با به‌یه‌که‌وه ئه‌و به‌شه‌ی له بڕگه‌ی کۆتایی به‌شی سێیه‌می ئه‌و نووسراوه‌یه هه‌ڵمبژاردووه بخوێنینه‌وه:
" زاراوه‌ی کرمانجیی یان بادینانی هیچ پێویستی به لاواندنه‌وه و دڵنه‌واییکردن نییه. هه‌رچه‌نده زاراوه‌یه‌که نزیکه‌ی نیوه‌ی کورد پێی ده‌ئاخفێ( سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ ئامارێکی دروست نییه که کرمانجیی له زاراوه‌کانی تر زۆرتربن) ، به‌ڵام تازه ناتوانێ فریای هێجه‌مۆنی لینگوا فرانکای کوردیی( زمانی ستانده‌ردی کوردیی – که بناغه‌که‌ی به سۆرانیی داڕێژڕاوه) بکه‌وێ.به ڕاستی نه‌زانییه‌کی کوشنده‌یه قوربانی به زمانی ستاندهرد بده‌ی بۆ ڕاگرتنی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی کرمانجیی لێروله‌وێ، خوێندن له بادیناندا بکرێته‌وه به‌کرمانجیی، ئه‌مه که‌رتوپه‌رتکردنی کوردستانی باشووره، ئه‌مه باکگراوندی پێوه‌ندییه‌کانی هۆز و خێڵه و ناتوانێ ئه‌وه بپه‌رژێنێ که کوردستانی باشوور ده‌بێ یه‌ک زمانی ستاندهرد و ئۆفیشڵی هه‌بێ، که هه‌ر ئێستا له هه‌ولێر و که‌رکوک و سلێمانیی و هه‌موو ناوچه‌کانیان بێ هیچ که‌م و کوڕییه‌کی ئه‌وتۆ، له هه‌موو بوارێک‌دا به‌وپه‌ڕی جوانییه‌وه فه‌نکشن ده‌کات"
له مه‌ڵبه‌ندی سابڵاغێ ئه‌گه‌ر که‌سێک کوردییه‌کی وای گوێ لێبێ یان به هه‌ڵکه‌وت له جێیه‌کدا بیخوێنێته‌وه. یه‌که‌م شتی به سه‌ر زاری دا دێ ؛ ده‌ڵێ :"گالمه‌مشام بۆ ئه‌و کوردییه" حه‌قیشێتی چونکوو له 9 دێڕ دا هه‌رنه‌بێ تووشی 9 وشه و بێژه‌ی وادێ که نه‌ک له " هه‌نبانه‌بۆرینه " ی هه‌ژار، به‌ڵکوو له قوتووی چ ورده‌واڵه فرۆشکیش دا بۆی نادۆزرێته‌وه. با جارێ له وشه ڕۆئاواییه‌کانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین دوایه دێینه سه‌ر وشه‌کانی که " چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی کرمانجیی [کرمانجی] لێرو له‌وێ"! ده‌کاری ده‌که‌ن و ئه‌و جار باسی یه‌ک دوو وشه‌ی فارسیش ده‌که‌م.
1.هێجه‌مۆنی، وشه‌ی هێژێمۆنی [فه‌رانسه]، یان [ هێگێمۆنی] ئینگلیسی، ئه‌گه‌ر که‌سێک له گه‌ڵ یه‌کێک له زمانه ئوڕووپایه‌کان ناسیاوی نه‌بێ له‌و ڕسته‌یه‌ی نووسراوه‌تێناگا.ده‌کرا له بری "هێجه‌مۆنی" بنووسن "باڵا ده‌ستی" یان "ده‌سته‌ڵاتی ڕۆنیشتوو" یان هه‌ر شتێکی دیکه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌ی "ئاسایی"ش تێی بگا.
2.له‌و بڕگه‌یه سه‌ره‌وه له ڕسته‌یه‌کدا به دوای دوو وشه‌ی لینگوا فڕانکا دا که‌وانێکیان داناوه و نووسیویانه :'(زمانی ستانده‌ری کوردیی _ که بناغه‌که‌ی به سۆرانیی داڕێژراوه)' یه‌کی نه‌شاره‌زا بێ پێی واده‌بێ لینگوا فرانکا یانی 'زمانی ستاندارد' به‌ڵام وانییه. لینگوا فڕانکا به ڕه‌چه‌ڵه‌ک بێژه‌یه‌کی ئیتالییایی و مانای وردی واته زمانی فرانکی و له زمانی ئینگلیسی دا به واتای ئیتالیاییه‌کی ئه‌وتۆیه که فه‌ڕانسه‌یی، سپانیایی، یۆنانی، و عه‌ڕه‌بی تێکه‌ڵاو بووبێ و پێشتر له شاره به‌نده‌رییه‌کانی ده‌ریای مێدینته‌رانه قسه‌ی پێکراوه، له سه‌روبه‌ندی ئێستا دا به هه‌ر زمانێک ده‌گوترێ که وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش یان زمانی بازرگانی به‌کار ده‌هێندرێ له نێوان ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی وا به‌زمانی جۆر به‌جۆر قسه ده‌که‌ن. مانای سێیه‌میشی له ئینگلیسی‌دا واته هه‌ر شتێکی که وه زمانی هاوبه‌ش بچێ. بۆ وێنه ڤیدال ده‌ڵێ' فیلم لیگوافڕانکا [ زمانی هاوبه‌ش]ی سه‌ده‌ی بیسته‌مه.
(Merriam- Webster’s Online Dictionary)
دیاره چه‌نده "سۆرانی" لێده‌وه‌شێته‌وه زمانی هاوبه‌شی هه‌موو کورد بێ یان نا باسێکی دیکه‌یه به‌ڵام له جیات لینگوا فڕانکا نووسه‌ران ده‌کرا 'زمانی هاوبه‌ش' ده‌کار بکه‌ن و ئه‌و ده‌می ڕسته‌که‌یان به کوردی ده‌بوو به: ' به‌ڵام تازه ناتوانێ فریای باڵا ده‌ستی زمانی هاوبه‌شی کوردیی [کوردی] بکه‌وێ'.
3. ستاندهرد، ده‌نگی شه‌شه‌م له‌م وشه‌یه دا هه‌م له زمانی ئینگلیسی و هه‌م به گوێی "کوردی" وه‌کوو /ئا/ی درێژ ده‌بیسترێ و له ژێر کارتێکه‌ری سیستمی ده‌نگسازی عه‌ڕه‌بی دا ئه‌و ده‌رده‌ی به‌سه‌ر هاتووه. له‌و پێوه‌ندییه‌ش دا "ستاندارد" ده‌لوێ به " پێوانه" یان "پێوه‌ر" وه‌ربگێڕدرێ.
4.باکگڕاوند. بۆ ئه‌م وشه‌یه‌ش له کوردی دا "پاشخان"، "ژێرخان" و "زه‌مینه"ی فارسی که له کوردیش دا ده‌کار ده‌کردرێ ده‌ست ده‌ده‌ن و پێویست ناکا که‌سێکی که کوردی ده‌خوێنێته‌وه و ئینگلیسی نازانێ بۆ تێگه‌یشتنی به نێو قامووساندا بگه‌ڕێ.
5. ئۆفیشه‌ڵ، که عه‌ڕه‌باندنی وشه‌ی 'ئافیشل'ی ئینگلیسییه له ده‌قی کوردی دا به 'فه‌رمی' وه‌رگێڕدراوه و جێگه‌ی خۆی کردووه‌ته‌وه. 'ڕه‌سمی' ش هه‌ر به‌و واتایه به کارهێنانی جارێ له بره‌و نه‌که‌وتووه.
6. وشه‌ی هه‌ره زه‌ق و سه‌یر له‌و بڕگه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ' فه‌نکشن' ه که به‌تایبه‌تی له ڕسته دا ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش زیاتر زه‌ق ده‌رده‌که‌وێ، با ڕسته‌که جارێکی دیکه به یه‌که‌وه بخوێنینه‌وه : ' له هه‌موو بوارێک‌دا به‌و په‌ڕی جوانییه‌وه فه‌نکشن ده‌کات' ئیدی ئه‌مه هه‌رچه‌ندی بڵێی 'ستاندهرد' ه. چاوگی فه‌نکشن له زمانی ئینگلیسی دا له ڕسته دا سه‌ربه‌خۆ ده‌کار ده‌کردرێ و مانای 'کردن' ی تێده‌خوێندرێته‌وه و پێداویستی به کرداری یاریده‌ده‌ری 'کردن' نییه.وه‌ک ئه‌وه وایه نووسیبایان ' له‌هه‌موو بوارێک‌دا به‌و په‌ڕی جوانییه‌وه کردن ده‌کا'! نووسه‌ران مه‌به‌ستیان بووه بڵێن ' له‌هه‌موو بوارێک‌دا به‌و په‌ڕی جوانییه‌وه هه‌ڵده‌سووڕی' یان ' له هه‌موو بوارێک‌دا به‌وپه‌ڕی جوانییه‌وه ده‌ڕوا'.
7. له ڕسته‌یه‌ک دا نووسراوه ' هه‌رچه‌نده زاراوه‌یه‌که نزیکه‌ی نیوه‌ی کورد پێی ده‌ئاخفێ'. دیاره چاوگی 'ئاخافتن' یان 'ئاخاوتن' له شێوازی کوردیی سه‌روو ڕا هاتووه‌ته نێو کوردیی نێوه‌ڕاست و نووسه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ست و کوڵێکی زۆریان له هه‌مبه‌ر کرمانجی هه‌ڵڕشتووه، ویستوویانه شێوازی گه‌ردان کردنی چاوگه‌که هه‌روه‌کوو کرمانجی سه‌روو ده‌کار بکه‌ن و له بری 'ده‌ئاخێوێ' نووسیویانه ' ده‌ئاخفێ'. دیاره له‌مه‌ش دا شێرگیر نین و گه‌ردان کردنه‌که‌یان سه‌قه‌ته، چونکوو کرمانجی ئاخێو ناڵێن 'ده‌ئاخفێ' به‌ڵکوو ده‌ڵێن ' داخفێ'.
8. له ڕسته‌یه‌ک دا چاوگی 'په‌ژراندن' به‌کارهێندراوه و ئه‌مه‌ش وشه‌یه‌که له‌و ساڵانه‌ی دواییدا له کوردیی سه‌روو ڕا هاتووه‌ته نێو زمانی نووسینی کوردیی نێوه‌ڕاست به مانای 'قه‌بوول کردن'.واته ئی 'کرمانجه‌کان'ه!
9. هێندێک له‌و نووسه‌رانه‌ی به شێوازیی کوردیی نێوه‌ڕاست ده‌نووسن هیچ له وشه و بێژه‌ی فارسی سڵ ناکه‌نه‌وه و به‌جێ و نابه‌جێ ده‌کاریان ده‌که‌ن. له‌م بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ش دا هه‌روا کراوه.هه‌رنه‌بێ دوو وشه‌ی فارسی ده‌رخواردی خوێنه‌ره‌وه دراوه: ' کوشنده' که کورداندنی 'کۆشه‌ندێ' ی فارسییه له بری وشه‌ی 'کوژه‌ر' یان 'بکوژ'ی کوردی، 'ئامار' له بری ' ئه‌ژمار' یان 'هه‌ژمار' یان 'ژمێریاری'.
هه‌ر ئه‌وه ماوه بڵێم ئه‌گه‌ر پێکێشی له سه‌ر په‌ژراندنی 'زمانی ستاندارد' به‌م زمانه بکرێ که له نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌یخوێنینه‌وه ، وای به حاڵی زمانی کوردی جا چ که‌لوری و هه‌ورامی بێ یان کرمانجی و سۆرانی.
No comments:
Post a Comment