Thursday, March 7, 2013

بێهرووزی چەمەنئارا : گۆڕانی شێوازە نەک شێوەزار



بێهرووزی چەمەنئارا : گۆڕانی شێوازە نەک شێوەزار

بەشێک لە هاوپرسەکی "شفیق نیوز" به‌ زمانی فارسی لە گەڵ بەڕێز بێهرووزی چەمەنئارا خوێندکاری دوکتورا لە زانکۆی
جۆرج -ئاوگوست لە گوتینگن ی ئەڵمان سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی.

شەفیق نیوز: بەو جۆرەی کە لە نووسراوە و کارەکانی ئێوە ڕا دەردەکەوێ ئێوە خاوەنی بۆچوونێکی تایبەتین سەبارەت بە دەستەی باشووری شێوەزارە کوردییەکان و " گۆرانی" لە قالبێکی دیکە دا دەبینن، ئایا دەکرێ ئەوە هێندێک شی بکەنەوە؟

بێهرووزی چەمەنئارا: ژمارەیەکی زۆر ڕۆژهەڵاتناس بە ناوی جۆر بە جۆری وەک گەشتیار، کاربەدەستی دەوڵەتی، ئەفسەری نیزامی و جار جار وەک داگیرکەر هاتوونە ناوچەکانی ئێمە و هەر کامەیان بە شێوەیەک کە بە پێویستی بە پێی مێتۆد نەبووە، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە و بیروڕا دەربڕین لە سەر ڕەگەز، زمان و کولتووری ئێمە. بەڵام لە نێو ئەوانەدا گرینگترینیان بۆچوونی زمانناسی بەنێوبانگی ئینگلیسی " مەکێنزی" یە کە لە ئەوانیدی زیاتر لە هەموویان بۆ ئێمە گرینگە. چونکە ئەو کەسێکە کە لە نێو ژمارەیەکی زۆر کەم دا کەبە تایبەتی لە سەر هەورامی و گۆرانی بە ووردە ڕیشاڵ قسەی کردووە. لە لێکدانەوەکانی دا بەو ئاکامە گەیشتووە کە گۆڕانی لە ڕوانگەی کەڵەکەبەندی زمانییەوە بەشێک نییە لە دەستەی زمانی کوردی و بۆخۆی وەکوو زمانێکی سەربەخۆ سەر بە دەستەی زمانەکانی ناوەندی و لێوارەی کەویری ئێرانە. هەڵبەت بەر لە بەڕێزیان لێکۆلەرەوەی دیکەش وەک ئارانسکی و بلۆ و لەم ڕۆژگارەش دا کەسانێک وەک پڕۆفێسۆر پاول لەو باوەڕە دان وپێکێشی دەکەن کە گۆرانی وەکوو زمانێکی جیاواز بناسێنن و سەراوردی دەستنیشان بکەن. بەڵام ئەوەی کەلە کۆکراوەی چەندهەزار بەیت و چەند سەد هەزار ووشەی شانامەی کوردی و شێعرە کلاسیکەکانی گۆرانی دەردەکەوێ ئەوەیە کە گۆرانی نە شێوەزارە، نە لەهجەیە و نە زمان ، بەڵکوو شێوەیەکی ئەدیبانەی زمانێکە کە لە نێو ئاخێوەرانی کوردی زاگرۆس دا دەوری پێوەندی دەگێڕێ و تەنیا لە وێژمانی ئەدەبی و لە شێوەی شێعر دا خۆی دەردەخا و لەوەش زیاتر، نە زمانی قسە پێکردن و نە زمانی نووسینی پەخشان بووە. بەوجۆرەی کە لە تەواوی نەریتیی شێعری پێشینیانمان دا دەبینین، شێعرەکان بە گۆرانی ن و سەرباسی شێعرەکان یان سەربەندی داستانەکان هەموویان بە فارسی و کۆتاییەکان هەموویان بە عەڕەبی یا تورکی و فارسین. هەرچۆنێک بێ ئاکامی لێکۆڵینەوەی من نیشاندەری شێوەیەکی تایبەتی لە دەربڕینی شێعری یە، بە کێش و میتری تایبەتی ( دە بڕگەیی) و بە زەمینە و دەروون مایەی شێعری پێشاپێش ناسێندراوە کە لە لێکۆڵینەوەکەم دا لە بەندی زمانی شانامە دا بە ووردە ڕیشاڵ لەوبارەیەوە دواوم.

شەفیق نیوز: ئایا گۆرانی هەمان هەورامی یە ؟

بێهرووزی چەمەنئارا: هەم ئەرێ و هەم نا !، نا لە بەر ئەوەی کە هەورامی شێوەزارێکی تایبەتی کوردی یە بە ناساندنی تایبەتی زمانناسانەوە. بەڵام گۆرانی شێوەزارێک نییە و دانانی ئەو دوانە بە هەمان شت هەڵەیەکی باوە کە بەداخەوە ئیستاش هەر باوە. ئەڕێ ش، لەو ڕوانگەیەوە کە شێوەی ئەدیبانەی شێعری هەورامی لە ئاوێنەی شێعری گۆرانی دا ڕەنگی داوەتەوە. هەر وەک چۆن کە شێعری لەکی و کەلوری و لوڕیش لە سەردەمانی پێشوو دا بەو شکڵە بوون. بەم پێیە گۆرانی چەترێکی ئەدەبی یە بە سەر دەستەی باشووری شێوەزارە کوردییەکانەوە. بەلەبەر چاوگرتنی ئەوە، گۆرانی لە مانای عێلی گەورەی گۆرانیش جیاوازە و لە مانای خوێندن وچرینی موسیقیش جیاوازە. بە کورتی دەکرێ بگوترێ کە گۆرانی مێتۆدی کلاسیکی دەربڕینی ئەدیبانەی خەڵکی هەرێمی زاگرۆس لە دوای لە دەور کەوتنی زمانی پەهلەوی ( لە سەردەمی ساسانییەکان) تا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمە.

No comments: