Monday, August 21, 2017

زمان و ناسنامە


  
 زمان و ناسنامە
بەرنامەی ' پێڤاژۆ ' لە تێلێڤیزۆنی ڕۆژ ،هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور ئەمیر حەسەنپوور مامۆستای کامیونیکەیشن لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کانادا. ئەو بەرنامەیە لە  ٢-ی  ژووییەی ٢٠٠٤  بە شێوەی زیندوو بڵاو کرایەوە و بینەران پرسیارەکانی خۆیان لەگەڵ دوکتور حەسەنپوور هێنا گۆڕێ.

 حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست ئەم کاتەتان باش،  بەخێربێنەوە بۆ ' پێڤاژۆ ' یەکی دیکە. لە ' پێڤاژۆ 'ی   ئەمشەو دا  مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور مامۆستای زانکۆی تۆرنتۆ لە کانادا  لە گەڵمانە. لەم بەرنامەیە دا ئێمە حەول دەدەین باسی  مەسەلەی زمان و پێوەندی زمان  لەگەڵ ناسنامە؛ ناسنامەی جۆر بە جۆر، ناسنامەی نەتەوەیی ، ناسنامەی کولتووری و لایەنەکانی جۆر بەجۆری ناسنامە بکەین. دیارە ئەو باسەی ئەمشەو لایەنی تێۆریکی کەمتر دەبێ، وامان پێ باشە  بە بوونی مامۆستا لێرە ئەوە ڕاستەو ڕاستە لەگەڵ باری  ئاکتوێل ، باری  ڕۆژانە لە بەشەکانی کوردستان دا ، لە پێوەندی لەگەڵ هووییەت و ناسنامەدا باس بکەین . داوای لێ بوردن دەکەین  بەرنامەکەمان هێندێک وەدوایە کەوت. لە حەرەکینی بەرنامە دا، بە دەم بەرنامەشەوە ئەو کاتەی کە ژمارە تەلەفۆنەکان  دێنە سەر ئەکڕانی تێلێڤیزیۆن، پێمان خۆشە ئێوەش بەشداریمان لەگەڵ بکەن ئەگەر پرسیارێکتان لە مامۆستا هەیە  بیهێننە گۆڕێ یان ئەگەر تێبینییەکی تایبەتیتان هەیە  لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسەی دا کە ئەمشەو دەکرێ  بۆچوونەکانی خۆتان بهێننە گۆڕێ. زۆر زۆر بەخێر بێی مامۆستا ئەمیر.

 ئەمیرحەسەنپوور: زۆر مەمنوونم.

 قازی: بەر لەوەی کە دەست بکەین بە باسی ئەو مەسەلەیە دەزانین کە چەندین ساڵە  نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو لە ئاستی جیهانی دا   باسی قەیرانی ناسنامە دەکرێ، دی کرایسس ئاف ئایدێنتیتی ، قەیرانی هەوییەت، قەیرانی شناس. ئێوە نەک لە ڕوانگەی خۆتانەوە بەڵکوو لە ڕوانگەی ئەو تیوریانەی کە باسی ئەو مەسەلەیە دەکەن  دەکرێ بە کورتی لایەنەکانی باس بکەن کە ئەو قەیرانی هووییەتە لە ڕوانگەی تیورییەوە چۆن دەبیندرێ ،لە ڕوانگەی جۆر بە جۆرەوە.

حەسەنپوور: بەڵێ، مەسەلەی هووییەت  شتێکی تازە نییە ، لە مێژە هەر هەبووە هەر ئینسانێک  ئەوەندەی ئاگامان لێیە  لە زوو وەوە زانیویە کە جیاوازە لە ئەوانیتر. هەر پیاوێک زانیویە کە جیاوازە لەگەڵ ژن، ژنێک زانیویە جیاوازە لەگەڵ پیاو ، زارۆک، منداڵ زانیویە کە جیاوازە لەگەڵ ئەویدی.

قازی: یانی مەبەستتانە بە شێوەی غەریزی

حەسەنپوور: نا بە شێوەی غەریزی نا، بە شێو ەی غەیری تیۆریک، نا تیۆریک.ناسنامە زۆرتر شتێکی کۆمەڵایەتی یە نەک غەریزی. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ...

قازی: یانی دروست دەکرێ

حەسەنپوور:  یانی دروست دەکرێ، یانی بەرهەمی شەرتومەرجێکە کە ئینسان تێیدا دەژی. کە وابوو هەست کردن  بەوەی کە من کێم لە منداڵییەوە لەگەڵ من بووە ، بەڵام لە سی چل ساڵی ڕابردوو دا ئەو مەفهوومی  ناسنامە کە لە زمانە ئوڕووپاییەکاندا وەک ' ئایدێنتیتی' ، ' ئیدێنتیتە ' یان شتی ئاوا  باس کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ووشەکە ووشەیەکی نوێ نییە بەڵام مەفهوومەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرین، دەکرێ بڵێین تا ڕادەیەکیش قووڵ، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر بەرین دەکار هێندراوە.بۆیە هەمانە بۆ وێنە  هەمانە باسی پاڵیسی ئاف ئایدێنتیتی  دەکرێ.

قازی: سیاسەتی ناسنامە

حەسەنپوور: بەڵێ سیاسەتی ناسنامە، یان ئەوەی کە باست کرد قەیرانی ناسنامە.
قازی: جا ئەگەر لە سەر قەیرانی ناسنامە ئەو بۆچوونانەی کە هەن هێندێکیان شی بکەیەوە.

 حەسەنپوور:  ئەو قەیرانە ناسنامە، با ئەوەی دەست پێبکەم، زۆرتر دەکرێ بڵێین  ئەوەی کە هانی دا دنیای  فکری و  ڕۆشنبیری و ئاکادێمیک و سیاسی ئەوانە گشتیان لە ڕۆژئاوا  دەستی پێکرد، کە هانی دا  زۆرتر خەباتی  ساڵانی ١٩٦٠ بوو ، بە تایبەتی لە ئەمریکا،بەڵام هەر وەها لە ئوڕووپا. خەڵکی کەمایەتییەکانی وەک ئەفریقایی – ئەمریکایی یان ئەفریقایی – کانادایی  کە ئەو زەمان پێیان دەکوتن ڕەشەکان

قازی : یانی ئەو ئیستیلاحە ' بلاک ئیز بییوتیفوول ' ئەو دەمی هاتە مەیدانێ ؟ کە ڕەش جوان و

 حەسەنپوور: بەڵێ  ڕەش لە ئەمریکایێ دا  کە ڕەگەزی حاکم ڕەگەزی سپی بوو  ، ڕەگەزی ڕەشیان هەمیشە وەک شتێکی خراپ و خەشین و  لێنەزان و دواکەوتوو ، تەنانەت وەحشی دادەنا  بەڵام لەو ساڵانە دا خەباتی ئەفریقاییە ئەمریکاییەکان  ئەو دروشمەی هێنا گۆڕێ کە:  ' ڕەش جوانە '،هەر وەها خەڵکە بوومییەکانی ئەو ووڵاتانە کە نزیکەی ٥٠٠ ساڵ بوو لە ژێر دەسەڵاتی خەڵکی ڕۆژئاوا دا بوون کە  هاتبوونە ئەمریکا و خواروو و سەروو و گشتی. ئەوانیش هەر وەها بەشێک لەو خەباتە بوون بەڵام  دوایە ئیتر زۆر ئاڵۆزتر بوو بە شێوەیەکی تیۆریک  وای لێ هات ئیتر ئێستا گشت کەس باسی ئایدێنتیتی دەکا. دەڵێ ناسنامەی من گرینگترە لە گشت شتێکی، من دەمەوێ جیاواز بم لە خەڵکی تر. دوایە بەعزە گۆڕانێکی تریش بوو دیسان هەر لە ڕۆژئاوا  لە ساڵانی ئاخری شێستەوە دەستی پێکرد بە تایبەتی، بەڵام لە ساڵانی حەفتاوە زۆر پەرەی ئەستاند. تیۆری  پۆست ستراکچرالیسم و پۆست مۆدێنیزم و  نیسبییەتی کولتووری، فەرهەنگی  ئەوانەش تێکەڵاوی ئەو کێشەیەی ئایدێنتیتی بوون  و هێنایان ئەوەیان کردە گرینگ کە  جیاوازی گرینگە نەک وەک یەک بوون.لە پێشدا زۆرتر باسی وەی دەکرا کە  وەک یەک بوونی ئینسانان، وەک یەک بوونی ڕەگەزان،  وەک یەک بوونی خەڵکێکی کە زوڵمیان لێ دەکرێ ، فکری  وەک یەک بوون لە سۆسیالیزم دا بە تایبەتی زۆر گرینگ بوو. جیاوازی زۆر گرینگ نییە، وەک یەک بوون گرینگە. بەڵام لە ساڵانی حەفتای بەم لایەدا ووردە ووردە ئەو تیوری جیاوازی، بایەخ دان بە جیاوازی دەورێکی گرینگی گێڕا لەوەیدا کە چەمک یا مەفهوومی  یا کۆنسێپتی ناسنامە یان ئایدێنتیتی یا هووییەت بایەخی پێ بدرێ.

قازی: باشە لێرە دا ئەگەر ئیستێک بگرین. یانی بۆ ئەو شیکردنەوەیە ڕوانگەی فکری جیاواز هەیە یان نا؟  کە بەتەواوی لەگەڵ یەکتری ناکۆک بن؟ یانی ئەو ڕوانگە ناکۆکانە چن لە  شیکردنەوەی مەسەلەی قەیرانی ناسنامە دا؟ و هەر وەها لە پێناسە کردنی ناسنامە بۆخۆی دا؟


حەسەنپوور
: با لە پێشدا ئەوەش بڵێم. ئەو چەمکی ناسنامە  نزیکەی دە ساڵێکە لە ناو  کورد دا، ڕێکخراوە کوردیەکان، ڕۆشنبیری کورد، میدیای کورد لەوێشدا باو بووە. زۆر باسی ناسنامە دەکرێ ناسنامەش هەر ناسنامەی تاقە کەس نییە . من وەک تاقە کەسم باس کرد، بەڵام دەکرێ باسی ناسنامەی  ژن بکەین، ناسنامەی پیاو،  ناسنامەی کورد، ناسنامەی فەلەستینی.

قازی
: ناسنامە توێژاڵکی جۆر بە جۆر ، تەنانەت ئی شوغڵ و پایەی جۆر بە جۆر.

 حەسەنپوور:  تەنانەت دەتوانین باسی ئەوەش بکەین. لە ناو کورد دا ئەوەی کە زۆرتر  باس کراوە ناسنامەی نەتەوەیی یە.

قازی: باشە پێش ئەوەی بێینە لای کورد،  مەبەستی من ئەوە بوو ئەگەر بکرێ بە کورتی باسی ئەو لایەنەش بکەین کە ناکۆکییەک هەیە بڵێین لە ڕێبازی تیۆریک دا لە سەر  شیکردنەوەی ئەو دیاردەیە؟

 حەسەنپوور: ناکۆکی هەیە بەڵێ.

قازی: چییە ئەو ناکۆکییانە.

حەسەنپوور: دەکرێ بڵێم من خۆم لایەنێکی ئەو ناکۆکی یەم. نەک ئەوەی ئەمن ئەو ناکۆکییەم ساز کرد بێ. بەڵام خۆم وەک هەر کەسی تر لەگەڵ ئەو مەفهووم و ئەو تیوریانە کە تێکەوتووم لە سی ساڵی ڕابردوو دا  من لە لایەکم و زۆربەی ئەوانیتر لە لایەکن. من پێم وایە ئەوە چەمکێکی گرینگ نییە.  پێم وایە لەگەڵ ئەوەشدا کە دیارە هەر ئینسانێک جیاوازە،  نەتەوەکان جیاوازن من پێم وایە لە نێوان دوو چەمکی دیفرنس  واتە جیاوازی و سەیمنێس واتە وەک یەک بوون ،  من زۆرتر لەو لام کە پێم وایە لە هەمان کاتدا  کە  جیاوازی زۆر گرینگە بۆ تێگەیشتنی سیستمی مەعنایی زمان،  ئەوە بەشێک لەو تیوری و باسانەیە لە زمانناسی  لە زەمانی دو سووسوری را  پەیدا بوو لە ساڵی ١٩١٣ کە کتێبەکەی بڵاو بووەوە بەو لای بەشێکی لە سترالچرالیسم هاتە ناو  پۆست ستراکچرالیسم. کارم بەو سابیقەی تیوری نییە بەڵام ،ئێستا لە باری سیاسی و تیورییەوە من پێم وایە ئەو بایەخەی کە دراوە بە جیاوازی لە باری سیاسییەوە زەرەری زۆر هەیە، لەباری تیوریکەوە ئێمەی زۆر نەبردووەتە پێش.

قازی: زۆر باشە، ئێستا ئەوە بۆچوونی ئێوەیە بەڵام لایەنەکەی دی باسی ئەوە دەکا کە لە عەینی حاڵ دا کە ئەو جیاوازییانە هەیە بەڵام  دژایەتێکی ڕاستەوڕاستی لەگەڵ یەکسانی لە ناو ئینسانەکاندا نییە. وا نییە؟

حەسەنپوور: یانی باسەکە دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە ئی وا هەیە بە ئەندازەیەک جیاوازی بۆ گرینگە کە ئەوەی لە بیر دەچێتەوە کە مافی گشتی و جیهانی هەیە، جا من دێمەوە سەر ئەو باسەی چونکە پرسیارەکەت نیهایەتەن دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی، ڕەخنەی منیش لەو بۆچوونەی کە ناسنامە ئاوا گەورە دەکەنەوە هەر لە سەر ئەوەیە. من پێم وایە تۆ ئەگەر لێم پرسی بۆچی ناسنامە هێندە گرینگ نییە و چ شتێک لەوی گرینگترە ئەمن دەڵێم چەمکی ماف گرینگترە لەوە و ئەوە پێوەندی هەیە لەگەڵ ئەو باسانە. من پێم وایە مافی بەشەر هەیە، مافی ژنان هەیە. مافی تەواوی ژنانی دنیایە بێ ئەوەی چاومان لە جیاوازییە کولتوورییەکان و جیاوازی ڕەگەزی و شتی وا بێ، ژنان لە گشت کۆمەڵگەی دنیایێ دەبێ ئازاد بن، دەبێ هیچ پیاوێک حەقی نەبێ لە ژن بدا ، هیچ پیاوێک نابێ مافی،

قازی: یانی پێتان وایە ئەو مەفهوومە لە ڕوانگەی ئێوەوە لایەنی ماف بوونەکەی گرینگە کە دەبێ خەباتی بۆ بکرێ،

حەسەنپوور: لایەنی ماف بوونی گرینگە و ئێمە مافی وامان هەیە کە جیهانییە،

قازی: بەڵام مافەکەش خۆزایی نییە، دەبێ دروست بکرێ،

حەسەنپوور: گشتی ، لە ڕوانگەی مندا کە ئەو چەمکی ئایدێنتیتی و ناسنامە مان زۆر پێ گرینگ نییە لە بەشەر دا هیچ شتێک نەماوە غەریزی و تەبیعی بێ. جا بۆیە لە واقع دا ئەو باسەی کە گشت شتێک ساز کراوە، کانسراکتد، ئەوە ئەوەڵەن باسێکی کۆنە، دوایە پێویست نییە زۆر بکرێ ئەو باسە.

قازی: زۆر باشە، ئەوە ئێستا بڵێین وەکوو سەرەتایەک بوو، خۆ ئامادە کردنێک بوو بۆ چوونە نێو باسەکە ، کە وەکوو لە سەرەتاشەوە گوتم بۆ ئەوەی کە باسەکەمان بۆ بینەرانی بەڕێزیش هێندێک  خۆشتر بێ زۆر ویشکی نەکەین لە باری تێۆریکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە زۆر دەبیسین بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا و زۆر کۆمەڵگەی دیکەی کە هێندێک لەوەی کە ئێوە باستان کرد ئەو مافانە، ئەو مافە دێمۆکڕاتیکانە وەدی نەهاتووە و یەک لەوانە مەسەلەی قەدەغە بوونی زمانی کوردی، دیارە لە جوغرافیای جۆر بە جۆر ، لەسەروبەندی جۆر بە جۆر دا، بە شێوەی جۆر بە جۆر بووە. ئێوە لە پێوەندی لەگەڵ زماندا پێتان وا هەیە کە – دیسان ئەوە باسێکی گشتی یە-، دوایە  بۆ ئەوەی کە ووردتری کەینەوە بەش بە بەش بە جوغرافیای کوردستان و ئەو ووڵاتانە دا دێینەوە  کە کوردستانیان تێدایە وەکوو بەشێک لە ڕاستی قەزایی – قانوونی ئەو ووڵاتانە،لە پێشدا پێتان وایە گەلۆ زمان هۆکار یان فاکتوری سەرەکییە بۆ ناسنامە یان ئەوەش شتێکە جێگای موناقەشەیە؟

حەسەنپوور: نا، زمان دەگۆڕدرێ. بەستراوەتەوە لە چ بارودۆخێک دا ئەو باسە دێتە گۆڕێ یان ژیانی گەلی کورد لە چ بارودۆخێکی سیاسی، مێژوویی، ئابووری و نێونەتەوەیی و ناوچەیی دایە. لە کوردستانی عێڕاق بۆ وێنە خەبات  بۆ زمان زۆر گرینگ بووە.

قازی: نموونەکان کاتێک باسەکەمان هاتە سەر چوارچێوەی هەر بەشەی باسی بکەین باشترە.

حەسەنپوور: بە کورتی ئەگەر باسی بکەم ئێمە ناتوانین  بڵێین زمان یان جلوبەرگ یان موسیقا یان شتی تر؛ ئەدەبییاتی کوردی یان میدیای کوردی کامیان گرینگترە، دەبێ چاو لەوەی بکەین باسی چ بارو دۆخێک دەکەین.

قازی: بۆ وێنە ئەتۆ باسی ئینسانێک دەکەی ، یان گرووپێکی ئینسانی وەک نموونە، نێوی ئەو گرووپە ئینسانییە دەنێی کورد لە پێناسە کردن و ناوزەرد کردنی ئەو گرووپە دا ئەو فاکتۆرانەی کە ئەو پێناسە کردنە پێک دەهێنن گەلۆ دە ناو ئەو فاکتۆرانە دا زمان فاکتۆری سەرەکەیە یان لەگۆر دیتنی ئێوە فاکتۆری سەرەکە نییە یان دەتوانێ لێر و لەوێ جیاواز بێ؟

حەسەنپوور: بە بۆچوونی من لە بابەت کوردەوە ئەگەر باسی بکەین زمان هەیە، ووڵات هەیە، ووڵاتێکی کورد، یانی ئێمە دەڵێین کورد نەتەوەیە لەبەر ئەوەی ووڵاتی خۆی هەیە، زمانی خۆی هەیە ، ووشیاری سیاسی کە پێی وایە کە مافی وەی هەیە کە وەک نەتەوەیەک چاوی لێ بکرێ. مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەیە ئەوانە زۆر گرینگن. سێ خەسڵەتی گرینگە کە دەکرێ بڵێین لە سەر بنچینەی وەی دەتوانین بڵێین کورد نەتەوەیەکە، دیارە باری ئابووریش زۆر گرینگە بەڵام لە بابەت کوردستانەوە باری ئابووری تەواو ئاڵۆز بووە. ئەو سێ چۆار خەسڵەتانە هەن.

قازی: زۆر باشە، ئێستا ئەگەر ئێمە ئەو مەسەلەیە ڕەبت بدەین بە بارودۆخێکی کە لە باکووری کوردستان و لە تورکییە هەیە . ئێمە دەزانین مەسەلەی قەدەغە کردنی زمان یان دە ڕاستیدا زمان بڕین، لینگویساید لەوێ زۆر بە ڕوونی بیندراوە. بەڵام دەزانین لەو دوایییانە دا جا لە بەر هەر هۆیەک بێ ، کە هیوادارم ئێوە بتوانن ئەو هۆیانە شی بکەنەوە، هێندێک ئاڵوگۆڕ بووە تا ڕادەیەک. لەو پێوەندییە دا یانی لە پێوەندی لەگەڵ باکووری کوردستان دا دەکرێ بڵێین زمان ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ناسنامەی کوردیدا یان وا نییە یان چۆنە؟ بەکگراوندەکەشی دەتوانن باس بکەن. پێشخانی مێژوویی زمانی کوردی لەوێ.

حەسەنپوور: من پێم وایە ، لە تورکیا دیارە دیسان لەوێش دەوری زمان گۆڕاوە. لە ئاخری سەدەی ١٩ کە مەحفیلە کوردییەکان لە ئیستانبووڵ بە تایبەتی، لە قاهیرەش هەر وەها، تا ڕادەیەکیش لە بەغدا کە ئەو دەمی بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی بوون لەوێ زمانی کوردی گرینگ بوو. حاجی قادر نموونەیەکێتی دەڵێ بخوێنن، بنووسن، هەر باسی خوێندن و نووسین و قەڵەم و دەفتەر و تەرجومە کردن، حاجی قادر زۆرتر باسی ئەوە دەکا، زۆر گرینگ بوو. دەڵێ جەریدە ، ڕۆژنامە و جەریدە ئێستا بووەتە باو زەمانی شتی تر نەماوە. لەبەر وەی ئەو زەمانی گرینگ بوو بەڵام هەر ئەو زەمانیش مەسەلەی حاکمییەت، بوونی دەوڵەتێکی کورد گرینگ بوو. ئەو زەمانی کوردی ناسیۆنالیستی تازە پەیدابووی کورد، ئەو زەمان باسی کێشەی ئەرمەنستانی دەکرد. حاجی قادر نیگەرانی ئەوەی بوو کە بەشێک لە کوردستان ببێتە بەشێک لە دەوڵەتێکی هەرمەنی ، جا بێمەوە سەر ئەوڕۆ، ئەوە حیکایەتێکی دوور و درێژە دوو سێ سەعاتی وەخت دەوێ باسی شتێکی ئاوا بکەین.

قازی: بەڵام بە کورتی باسی پێشخانە مێژوییەکە خراپ نییە باس بکەن.

حەسەنپوور: بە کورتی ئەوەیە کە بە پەیدا بوونی دەوڵەتی کەماڵیستی، دەوڵەتی جمهوری تورکیا تواندنەوەی گەلی کورد لە تورکیا دا کە پڕۆژەی دەوڵەتی کەماڵیستی و ناسیۆنالیستی تورکییە بوو دەورێکی یەکجار گرینگی هەبوو هەر بۆیەش زمانی کوردی قەدەغە کرا. قانوونی ساڵی ١٩٣٤. بە دوای ویدا چەند قانوونی دیکە. پێش  سەرکوتکردنی بزووتنەوەی دەرسیم قانوونێک هەبوو کە بە گوێرەی ئەو قانوونەی دەبا ئەوەی غەیری تورک با کە مەبەستیان کورد بوو ، کورد دەبوو بگوێزرێتەوە بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای تورکیا، لە هیچ جێیەکی تورکیا کورد زیاتر لە سەدی پێنجی نفووسی وێ نەبێ. هەر وەها بەرنامەی تریش هەبوو بۆ ئەوەی منداڵان لەمەدرەسەی وا دابنێن کە لەگەڵ ماڵبات و دایکوبابیان پێوەندییان نەبێ بۆ ئەوەی زمانەکەیان لە دەست بدەن.

قازی: تەنانەت کاتێک دەگوێزرانەوە بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای تورکییەش، بۆ ناوچەی جۆر بە جۆر ژمارەیان ئەوەندە نەبێ کە بتوانن تەئسیر دابنێن لە سەر دەورو بەرەکەیان.


حەسەنپوور: بەڵێ. کە لە ئەساسدا زمانیان بتوێتەوە. کەماڵیزم  بەرنامەی وەی نەبوو کە ڕەگەزی کورد بگۆڕێ. بەرنامەی ئەوەی هەبوو کە کورد بکاتە تورک لە ڕێگای گۆڕانی زمانەوە. دیارە لە شەرتومەرجی ئەو زەماندا خەباتێکی ئەوتۆ لە مەیدانی زماندا نەکرا، زۆرتر سەرهەڵدانی سیاسی بوو. ١٩٢٥، ئەوانی گرینگ دەڵێم، ١٩٣٧-٣٨ ١٩ دەرسیم، بە دوای ویشدا چەند سەرهەڵدانێکی تر. زۆرتر سەرهەڵدانی سیاسی بوو . بە سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی دەرسیم ئیتر دەکرێ بڵێین دەورەیەک، قۆناغێک لە سەرکوتکردنی گەلی کورد تەواو بوو تا ساڵانی ١٩٦٠. لە ساڵانی ١٩٦٠وە دوای کودێتا دووبارە دەستی پێکردەوە و لە شەرتومەرجێکی مێژوویی ترا. لەو ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٣٠ زۆربەی گەلی کورد لە دێهات دا دەژیا، ڕابەرەکان کەمتر حیزبی بوون، زۆرتر شێخ و ئاغاوەت و ئاریستۆکڕاسی کورد بوون. ساڵانی ١٩٦٠ خەڵکی ئەوەی پێی دەڵێن ووردە بورژوازی، خەڵکی شارەکان، ڕۆشنبیر، خوێندکار و ووردە ووردە ژنان، جاران زۆرتر پیاو بوون، ئێستا ووردە ووردە ژنیش، ڕۆشنبیری کورد ئەوانە دێن لە شارە گەورەکان بە تایبەتی لە زانکۆکان ، بەڵام لە زۆر جێی تریش، خەباتی خۆیان دەست پێ دەکەن و زمان دیسان گرینگ دەبێتەوە. بە کوردی نووسین گرینگ دەبێتەوە. تا ئێستا ئیتر، دوای ساڵی ١٩٨٤ کە

قازی: دەسپێکی حەڕەکەتی چەکداری

حەسەنپوور: حەڕەکەتی چەکداری دەست پێ دەکا ئیتر وەزعەکە دیسان دەگٶردرێ، پێوەندی تورکیا دەگۆڕدرێ لەگەڵ ووڵاتەکانی تر، تورکیا ماوەیەک بوو دەیەویست ببێتە بەشێک لە بازاڕی هاوبەش کە ئێستا پێی دەڵێین یەکەتی ئوڕووپا. یەکەتی ئوڕووپا فشار دێنێ بۆ تورکیا کە مافی زمانی و کولتووری کورد دەبێ لە بەر چاو بگرێ، شەرتومەرجەکەی ئێستا گٶڕاوە، بەڵام ئەمن پێم وایە لە تەواوی ئەو ماوەیە دا کە ئێستا تورکیا قانوونی ئەساسی، دەستوور، کانستیتووشنی خۆشی تا ڕادەیەک گۆڕیوە، زۆربەی قانوونەکان نەک تەواوی قانوونەکانی گۆڕیوە کە پێشی وەی بگرن کە زمانی کوردی سەرکوت بکرێ. ئێستا کە دەوڵەتی تورکییەی خۆی بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی دەست پێ کردووە من پێم وایە هێشتا سیاسەتی زمانی دەوڵەتی تورکییە  کوشتنی زمانی کوردییە بە شێوەیەکی قانوونی ئێستا دەیەوێ ئەوەی بکا. بەڵام سیاسەتەکەی ئێستا ..

قازی: چۆن ؟ ئێوە ئەو سیاسەتەی بەچی دەبەستنەوە؟

حەسەنپوور: بۆ وێنە. ئێستا چاو لە بەرنامە تێلێڤیزیۆنییەکەی بکە. بەو قانوونەی کە دایانناوە، ساڵ و نیوێکە باسی دەکەن. ئەگەر تورکییە مەبەستی ئەوە بێ زمانی کوردی ئازادە لە ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی دا بەکاری بێنن دەبێ هیچ شتێک پێشی نەگرێ. نابێ بڵێ چوار سەعات یان پێنج سەعات. زمانی کوردی ئازادە. دوازدە تا پازدە ئی وایە دەڵێ بیست میلیۆن کورد لەوێیە. کوردان ئەگەر بیانەوێ بیست و چوار سەعاتە بە زمانی کوردی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنیان هەبێ حەقیان هەیە، هیچ قانوونێک نابێ پێشی بگرێ. دەبێ ئەگەر بەرنامەکە بە کوردی بێ هیچ ژێرنووسی تورکیشی نەبێ، حەقیانە وابێ.دەوڵەتی تورکییە دەیەوێ ئەگەر بەرنامەی کوردیش هەبێ لە تێلێڤیزیۆن دا ژێرنووسی تورکی هەبێ هەتا کوردان تورکییەکەی چاو لێ کەن کوردییەکەی فێر نەبن. دوایە تەنانەت تا ئەو ڕادەیەی چوون – ئەوە سیاسەتێکی تەواو زمان کوژانەیە – کە ئەگەر قەرارە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی کوردی هەبێ دەبێ ئەو بەرنامەیە  دوایە بە تورکیش دووپاتە بکرێتەوە، نەک ژێرنووس، بە تورکی قسە کردنەکەی، ئەوەش سیاسەتێکی زمان کوشتتنە، واتە من دەڵێم تورکییە لە ژێر فشاری  یەکەتی ئوڕووپا دا قەبووڵی کردووە کە کوردی دەبێ ئیجازەی وەی هەبێ، مافی وەی هەبێ لە ڕادیۆ وتێلێڤیزیۆنی دا دەکاری بێنن بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەتەکەی نەگۆڕدراوە. لە بابەت خوێندن بە زمانی کوردییەوە ، لەوەش خراپترە سیاسەتەکەی. ئەوە سیاسەتی کوشتتنی زمانی کوردییە.

قازی: ئێوە پێتان وایە بۆ ئەوەی ئەو کوشت و کوشتاری زمانییەش کەم بێتەوە وەکوو پسپۆڕێک، وەکوو عالمێک کە  دەزانم هیچ دژایەتییەکتان لە گەڵ کولتوور و زمانی تورکی دا نییە پێتان وایە کە ڕێگاچارەسەری چییە؟ یانی ئەو عەلقەلە دروست کردنە لە پێش ئەوەی کە گۆیا زمانی غەیری تورکیش ئیجازەی پەخش و بڵاو کردنەوەی پێ دەدرێ، دیارە پێتان وایە ئەو عەلقەلەیە ئاشکرایە کە هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ دروست ناکا، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانانە دروست بکرێ دەبێ چ بکرێ؟ لە زەمینەی جۆر بە جۆر دا؟

حەسەنپوور: وەدی هاتنی ئەو گۆڕانە دیارە خەباتێکی دوورودرێژە. تا ئێستا ئەوەی کە تورکیا ڕێگا دەدا شت بە کوردی چاپ بێ و ئەوەی ڕێگا دەدا بەرنامەی مووسیقا هەبێ، ئیجازە دەدا کە کۆنفڕانس هەبێ، ڕێگە دەدا ، خۆی بەرنامەی تیلێڤیزیۆنی دەست پێ کردووە، دیارە ئەوە هەنگاوە بەرەو پێشەوە بەڵام خەباتێکە کە دەبێ درێژەی هەبێ. من خۆم پێم وایە بەڵگەیەکی یەکەتی ئوڕووپا هەبوو لە مارسی پارەکە بڵاو کراوە [ ٢٠٠٣ح.ق.] کە دەڵێ دێمۆکڕاسی ئوڕووپایی لەگەڵ کەماڵیزم یەک ناگرێتەوە یا دەبێ کەماڵیزم لا بچێ یا دێمۆکڕاسی ئوڕووپایی. من پێم وایە ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر دروستە، دەبێ ڕێژیمی سیاسی لە تورکییەی گۆڕانێکی یەکجار گرینگی بە سەر دا بێ کە نەک هەر لە بابەت مافی گەلی کوردەوە بەڵکوو مافی خەڵکی تورکیش. وەنەبێ خەڵکی تورکیش مافێکی هەبێ و دێمۆکڕاسییەکی ڕاستەقینەی هەبێ.

قازی: زۆر باشە، ڕێزدار دوکتور حەسەنپوور وەک دەزانین لە چوارچێوەی نێونەتەوەیی دا زۆر کۆنڤاسیۆن و پەیمان سەبارەت بە زمان هەیە، وەکوو شتێکی دیارە لێرە دا زیاتر لەوانەیە پێوەندی بدرێتەوە، گرێ بدرێتەوە لە مافی تاکە کەسیش تا ڕادەیەک، بەڵام هەرچۆنێک بێ وەکوو مافی مرۆڤیش تەماشا دەکرێ. پێتان وا نییە کە لە چوارچێوەی ناونەتەوەیی دا پێشێلکاری ئاوا ئاشکرا، دژایەتییەکی کە هۆیەکەشی زۆر دیار نییە بۆ لەگەڵ زمانێک دەکرێ ، دەتواندرێ لە چوارچێوەی ناونەتەوەیی دا هێندێک باس و قسەی لە سەر بکرێ. یانی کەسانی غەیری کوردیش لەوە وەجواب بێن یان ئەو دامەزراوانەی کە بە مافی مرۆڤەوە خەریکن؟ وەکوو کەیس ستادییەک، وەک  نموونەیەک کە تایبەتمەندی لە مەڕ خۆی هەیە.

حەسەنپوور:  یانی کەیسی زمانی کوردی

قازی: بەڵێ،

حەسەنپوور: تا ڕادەیەک ئەوە کراوە بەڵام دەزانی چۆنە قانون هەیە هەر وەک باست کرد. لە ساڵانی ١٩٥٠ یوو ئێن  [ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان] کۆنڤانسیۆن و دێکلارسیۆن و بەیانییەی وای هەبوو کە زمانی ئەو زەمانی پێیان دەگوت : ' ڤڕناکیولار لەنگوێجز' یانی زمانی غەیری ڕەسمی و غەیری ئەدەبی ئەوانە دەوڵەتان دەبێ ڕێگە بدەن پێیان بخوێندرێ بەڵام شتێکی کە هەیە زۆربەی ئەو کۆنڤانسیۆن و ئێعلامییانەی یوو ئێن یا ئی یەکەتی ئوڕووپا بە تایبەتی ئی یوو ئێن ، دەوڵەتەکان ئەگەریش قەبووڵی بکەن زۆر جار وا هەیە کە دەتوانن دەکاری نەهێنن، دەتوانن هەر وا لە پارڵماندا باسی بکەن  و دەنگی لە سەر بدەن  قبووڵی بکەن بەڵام لە پڕاتیک دا وەپشت گوێی دەخەن. کەس پێیان ناڵێ بۆ وا دەکەی؟ بەڵام دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی چەندە خەبات بکرێ بۆ ئەوەی کە لەو قانوونانە، لەو کۆنڤانسیۆنانە، ئەوانە بە کار بێندرێن بۆ ئەوەی لە ووڵات دا بۆ وێنە ئەو دەوڵەتانە مەجبوور بکرێن ئەو شتەی لە قانوونی خۆیاندا هەیە یان ڕەزایان پێ داوە لە ڕادەی ناونەتەوەیی دا دەکاری بێنن.

قازی: باشە ئەو ترس و پرینگانەوە لە زمان. ترس و پرینگانەوە لە زمان دە ڕاستیدا ڕەنگە لە زمانەکە خۆی نەبێ. وە نییە؟

حەسەنپوور: نا هیچ پێوەندییەکی بە خۆی زمانەکەوە نییە.

قازی: ڕەنگە وا ببیندرێ کە زمانەکە دەبێتە زەمینەساز و ڕێخۆشکەر بۆ شتێکی دیکە. ئەو شتەی دیکە بە بۆچوونی ئێوە هەر هەمان ناسنامەکە نییە؟

حەسەنپوور: نا، ئەمن پێم وایە ئەوەی کە دەوڵەتی جمهووری تورکییە لە ساڵی ١٩٢٣ بەو لاوە کە دامەزراوە دەیەوێ زمانی کوردی بتوێنێتەوە پێوەندی بەوەی نییە کە زمانی تورکی لە زمانی کوردی دەترسێ.بەرنامەیەکی ناسیۆنالیزمی تورکە لە شێوەی کەماڵیستی دا کە دەیەوێ خاکی تورکیا تورکاوی بکا، نێوی دێهات و نێوی چۆم و شاخ و کێو و شار و گشت ئەوانە دەگۆڕێ، ناهێڵێ کورد نێوی کوردی لە سەر خۆی دابنێ، پێشی زمانەکە لە خوێندن دا دەگرێ ، لە میدیا دا دەگرێ. پڕۆژەکە، پڕۆژەی گەورە، پڕۆژە مەزنەکە

قازی: باشە دەنگیش قەدەغە دەکا

حەسەنپوور: تەنانەت دەنگ. زۆر کەم وا هەیە ئەمن لە جێی دی دنیا. نموونەی ئاوا ئێستا هیچم وەبیر نایە. تورکییە لە دەنگی کوردیش دەترسێ. لە حەڕفێکی کە پێی وایە حەرفی کوردی یە. وەک ئەوەی کە / و/ی پێ دەنووسین ، دەبلیو بە ئینگلیسی، /ق/ کە وەک کیو دەنووسرێ، تەنانەت لەوەش دەترسێ. شتی وا سەیر هەر نییە دەوڵەتێکی کە دەیەوێ ببێتە ئەندامی یەکەتی ئوڕووپا و لە ناتۆ دا هەیە و وەک جەزیرەیەکی دێمۆکڕاسی لە دنیای ئیسلام دا چاوی لێ دەکەن لە چوار حەڕفی کوردی دەترسێ بەڵام ئەو ترسە ڕاستییەکەی ئەوە نییە کە لێی دەترسێ ، ڕاستییەکەی ئەوەیە دەوڵەتی تورکییەی ئێستا کە ساڵی ٢٠٠٤ ە ، لە ناوەڕاستی ٢٠٠٤ داین، و هەنگاو هەڵدەگرێ بەرەو ئەوەی کە ببێتە ئەندامێکی تەواوی یەکەتی ئوڕووپا هێشتا بەرنامەی تواندنەوەی گەلی کوردی وەلا نەناوە، بەرنامەکەی هێشتا تواندنەوەی گەلی کوردە.

قازی: بەڵام ئەوە لە چوارچێوەی زماندا تەقریبەن غەیرە عەمەلی یە وا نییە؟

حەسەنپوور: دەکرێ بڵێین بۆی ناکرێ چونکە بەربەرەکانی ئەو سیاسەتە هەیە.

قازی: چونکە زمانی کوردی لە جێگای دیکە هووییەتی ڕەسمی هەیە.

حەسەنپوور: دیارە ئەوە هەیە

قازی: بۆ وێنە ئینگلیسی لە ئینگلیستانی هەیە، ئەگەر بچی لە چینێ ئینگلیسی قەدەغە بکەی نابێ، چونکە ئینگلیسی هەیە ئیدی.

حەسەنپوور:  نا، ئەوە وایە

قازی: کوردیش وایە لە باری ڕەسمییەتەوە

حەسەنپوور: دروستە، بەو مەعنایە ناتوانێ زمانی کورد لە بەین بەرێ بەڵام  ئێمە خۆشمان باش دەزانین لە تورکیا کورد زۆرتر زمانی خۆی لە دەست داوە هەتا لە ئێران یان لە عێڕاق. ئێمە هیچ ئامار و لێکۆڵینەوەمان نییە بەڵام هەر کەسەی کە لە ناو کۆمەڵگەی کورد دا ژیا بێ، لە دەرەوەی ووڵاتیش بووبێ بە تایبەتی ئەوەی زۆر باش بۆ ڕوونە کە لە تورکییە
سیاسەتی زمان کوژی ، زمان کوشتن تا ڕادەیەک سەرکەوتووە ، بەشێک لە کوردی تورکییە زمانی خۆیان لە دەست داوە.

قازی:
یانی مەبەستتان ئەوەیە کە خەڵکی کورد ، خەڵکی ناوچەی کوردی کە مەجبوور بووبن یان منداڵی کورد  کە چوونە مەدرەسە لە ماڵێش ئەو تەئسیر و ئەو گوشار و فشاری کۆمەڵایەتییەی کە هەبووە لە ماڵێش ڕەنگە قسەیان پێ نەکردبێ ، بەڵام هەر چۆنێک بێ بە بۆچوونی ئێوە ئەوە ڕاستییەکە لەبەر ئەوەی کە سۆسیالیزە بوونی خەڵک زیاتر بە تورکی بووە وا نییە؟ ئێوە ئەوە وەکوو فێنۆمێنێکی ئاسایی، دیاردەیەکی ئاسایی دەبینن یان نا؟

حەسەنپوور
:  دیارە فێر بوونی تورکی لە ڕوانگەی منەوە  ئەمن پێم وایە هیچ ئیرادی نییە، ئەمن پێم وایە تەنانەت ئەگەر کوردێکیش زمانەکەی خۆی وەلا بنێ، زمانی تورکی فێر بێ، هەر بە تورکی قسان بکا لە ڕوانگەی منەوە من دەڵێم هیچ قەیدێ ناکا. نە دژی تورکم نە دژی زمانی تورکیم. بەڵام لە تورکییە ، ئەو پڕۆسەیە لە زۆر جێگای دیکەی دنیاش هەیە، چاو لە کانادا بکە ، لە ئەمریکا. هەرچی گەلان و زمانی ئوڕووپای چوون بۆ ئەو بەشەی دنیایە لە ئەمریکا دەتوانین بڵێین گشتیان توانەوە، بۆ خۆیان دەیانەویست زمانەکەیان  لە دەست بدەن. ئیتالیایی و سوێدی و فینلاندی و ئەوە کە دەچوونە ئەمریکایە دایکوبابەکان بۆخۆیان پێیان خۆش بوو کە منداڵەکان ئینگلیسی فێر بن.

قازی
: یانی وەکوو توانەوەیەکی دڵخوازانە.

حەسەنپور
: ئا، دڵخوازانە. لە کوردستان تواندنەوەیەکی بە کەڵەگایی،

قازی: بە تۆبزی

حەسەنپوور
: بە ملهوڕی و تۆبزی و بە نەهایەتی زەبر و زەنگ و بە کوشتار کراوە هەر بۆیەش تەواو سەرناکەوێ. لە کوردستان بەربەرەکانی هەیە لێرە لە دەرەوەی ووڵات منداڵ، زارۆکی کورد زۆر پێی خۆش نییە بە کوردی قسان بکا.

قازی
: ئێستا لەو بەشەی کە سەبارەت بە باکوور و تورکیایە ئەنجامێک دەربخەین  دەکرێ لە پێوەندی لەگەڵ ئەو قسانەی کە فەرمووتان ئەو ئەنجامەی لێ وەربگرین کە لەوێ لە ڕاستیدا زمان ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پێکهێنانی ناسنامە دا یان نا؟

حەسەنپوور: من پێم وایە ئەوەی کە لەوێدا ناسنامەی کوردی ڕاگرتووە و پەرەی پێداوە و ئێستا وای لێ هاتووە زۆرتر خەباتەکەیە کە لە بەرانبەر سەرکوتێکی زۆر وەحشیانە دا بووە. پێم وایە ئەوە زۆرتر بووە، کە لە پڕۆسەی ئەو خەباتە دا زمان دەورێکی گێڕاوە، دەورەکەشی پێم وایە گرینگە وەلی ئەوەی کە بڵێم ئێستا ئەوە دەورێکی سەرەکی یە لە تورکییەی دا پێم وا نییە دەورێکی ئاوا سەرەکی بێ، هێشتا گۆرانیبێژی کورد سەرکوت دەکا، هێشتا کەسێکی ڕۆژنامە و گۆڤار و شتی وا دەرکا سەرکوت دەکا.

قازی: بەڵام وەک عالمێک پەیامتان ئەوەیە کە خەڵک دەبێ بە زمانی خۆی قسە بکا. منداڵ و زارۆکی کورد

حەسەنپوور: بەڵێ من پێم وایە ئەگەر کەڵەگایی و زەبروزەنگی لە سەر بێ دەبێ بەربەرەکانی بکرێ. بەڵام ئەگەر کوردێک بییەوێ بە تورکی یان بە عەڕەبی قسان بکا و کوردییێ فەرامۆش بکا من دەڵێم قەیدێ ناکا.

قازی: زۆر باشە، بەڵام بۆ کورد ئێستا ئەوە پێشنیهاد ناکەن ئێستا، چونکە باوەڕیتان ئەوەیە کە خەباتەکەیە کە ئەساسی یە و  بە دەستهێنان و تەسبیت کردنی ئەو مافەش بۆخۆی بەشێکە لە خەباتەکە.

حەسەنپوور: بەڵێ، من پێم وایە زوڵمی میللی، زوڵمی نەتەوەیی زوڵمێکی یەکجار پیسە، زەرەرێکی یەکجار زۆرە، ناکۆکی دروست دەکا لە نێو کورد و میلەتانی دراوسێ بە تایبەتی ئێستا باسی میلەتی تورک و عەڕەب و فارس دەکەین. ناکۆکی و دژایەتی و دوشمنی و خوێنڕشتن دێنێتە گۆڕێ، لە بەر وەی پێم وایە هەر ئینسانێکی ئازادیخواز چ ترک بێ، چ کورد، چ عەڕەب بێ ، چ کورد دەبێ لە دژی زوڵمی نەتەوەیی خەبات بکا کە بەشێک لە زوڵمی نەتەوەیی زوڵمی زمانییە.

قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە بەشێکی دیکەی کوردستان. بێینە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ئێمە دەزانین کە لە زەمانی دەستپێکردنی پڕۆسەی چێبوونی دەوڵەتی نوێ ، یان هەر وەک ئەوەی ئێوە باستان کرد دەوڵەت- نەتەوە لە ناوچە دا ، لە ساڵانی ١٩٣٥وە لە زەمانی سەلتەنەتی پەهلەوی یەکەمڕا بۆ پێریۆدێک، بۆ سەروبەندێکی زەمانی حەولی ئاوا هەبوو عەینی ئەو سیاسەتەی کە لە تورکییە پەیڕەو دەکرێ و دادەبەزێندرێ ، لە ڕۆژهەڵاتیش ئەوە بکرێ کە دیارە ئەوە دوایە ئالوگۆڕی بە سەر دا هات، بەڵام لەوێش زمانی کوردی قەت وەکوو زمانێکی پەروەردە وەکوو زمانێکی ڕەسمی کە لە مەدرەساندا پێی بخوویندرێ ئەو ئیمکانەی بۆ نەهاتە پێشێ. بەڵام ئەو قەدەغەیە لە ماڵاندا نەبوو. پێم خۆشە ئەگەر دەکرێ لە سەر باکگڕاوندی ئەوە لە ڕۆژهەڵاتیش هێندێک بدوێن.

حەسەنپوور: بەڵێ ئەوە وایە. حکوومەتی ڕەزاشای پەهلەوی زۆر وە حکوومەتی کەماڵیستی دەچوو. لەوێش ئەو بەرنامانە هاتە گۆڕێ بەڵام ساڵی ١٩٤١ کە ڕزا شایان لا برد لە سەر تەختی سەلتەنەت تا ڕادەیەک گۆڕدرا بەرنامەکە. سیاسەتی زمانکوژی وەلا نەچوو بەڵام کەمێک کەمتر بووەوە. لە حکوومەتی جمهووری ئیسلامیدا سیاسەتەکە دیسان کەمتر لە بەرچاو ە تا زەمانی حەمەڕەزاشای. لە جمهووری ئیسلامیش دا قانوونی ئەساسی ڕێگە نادا بە زمانی کوردی بخوێندرێ گەرچی مادەی ١٥ ڕێگە دەدا کە ئەدەبییاتی کوردی لە مەدرەسەکاندا وەک دەرسێک بکوترێ بەڵام دیسان مەعلووم نییە.

قازی: نەک وەک دەرسێک، باسی ئەوە دەکرێ هەتا پۆلی چوارەمی سەرەتایی دەکرێ بە زمانی خۆیان بخوێنن یانی ئێشارەیەکی تایبەتی بە کوردی نییە بەڵام باسی زمانی ' ئەقوام' ی ئێرانی دەکەن. زمانی قەبیلەیی ، بەڵێ

حەسەنپوور: لە مادەی ١٥ دا هیچ شتی ئاوای تێدا نییە کە تا پۆلی چوارەم بخوێندرێ تەنیا ئەوەی دەڵێ، ئەمن ئەوەم زۆر باش لێک داوەتەوە ووشە بە ووشە، ' ادبیات زبانهای قومی و محلی میتواند تدریس شود' یانی دەکرێ ئەوانە تەدریس بکرێن؛ ئەدەبییاتەکە. ئەوە جوورێکە ئێمە دەزانین لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەتوانی ئەدەبییاتی نەتەوەکانی تر فێر بی بەڵام بە تەرجومە. ئەوە دەکرێ یەکێک وای تەعبیر بکا کە باشە ئەدەبییاتی کوردی بێنە بە دەرس بڵێ ، دەرسێک، یەک دەرس، لە یەک کلاسا، نەک لە هەر کلاسێکا. لە یەک کلاس دا ئەدەبییاتی کوردی بە فارسی دەرس بڵێ، شتەکان تەرجومە بکە . ئەوە ئەگەر بێ دەوڵەتی ئێرانێ ئەوەی بکا ناتوانی ئەتۆ بێی بڵێی مادەی ١٥ –ی قانوونی ئەساسی پێشێل کردووە. ئەوە قانوونی ئەساسی ئێرانێ. بەڵام دیارە ئێستا کە دەوڵەتی ئیسلامی دەسەڵاتیکی وای نییە بە سەر خەڵک دا، چاپەمەنی کوردی یەکجار زۆر بووە، ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن زۆر پەرەی نەستاندووە چون لەوێ ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی خسووسی نییە تەواو دەوڵەتی یە. بەڵام لە باری میدیای چاپییەوە یەکجار زۆر بڵاو دەبێتەوە و دەسکەوتێکی زۆر لەوێ هەیە.

قازی: باشە لەوێ پێتان وایە زمان چەندە بەشێکە لە ناسنامەی کوردی یان  لە بوونی گرووپی کورد؟

حەسەنپوور: ئەمن پێم وایە لە ئێراندا گرینگە. لە ئێراندا زمان زۆر گرینگە هەر  زۆریشی کار لە سەر دەکرێ ، لەوێ چاپەمەنی بە کوردی خوێنەرەوەی کوردیشی زۆرە لەوێ، بەڵام لە تورکیا کە چاوی لێ دەکەی ، ئەمن لە ڕۆمانەکانی کاک محەمەد ئوزوون ڕا دەزانم تەرجومە تورکییەکانی زۆرتر دەفرۆشرێ تا مەتنە کوردییەکانی کە لە ئەسڵ دا کوردی بوون.

قازی: دیارە بە پێی ئاگاهییەکی هەبوو لەو کۆنفڕانسەیدا کە سەبارەت بە ئەدەبییات لە دیار بەکر بەسترا  کتێبە کوردییەکانیشی زۆر فرۆشرابوون کەسانێکی کە لەوێ بوون باسیان دەکرد.

حەسەنپوور: دیارە لە خۆییم پرسی بۆخۆی وای دەگوت

قازی: باشە ئێستا ئەگەر بێینەوە ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی کە سیستماتیک بچینە پێشێ.

حەسەنپوور: جا لە کوردستانی ئێران، لە ئێران  هەم بە کوردی شت دەنووسن و چاپ دەکەن و هەم  دەخوێننەوە. لەوێ خەڵک وەک برسی بن بۆ ناوەڕۆک بو کوردی. شت دەگۆڕن لە فارسی بۆ کوردی، لە زمانەکانی دی بۆ کوردی وەریدەگێڕن بۆ سەر کوردی، شتی تازە چاپ دەکەن، لێکۆڵینەوەی تازە هەیە، لەوێ پێم وایە زمان زۆر گرینگە، زمان زۆر گرینگە لە کوردستانی ئێران.

قازی: گرینگییەکەی لە تەسبیت کردنی بڵێین مافی کوردی دا وەکوو گرووپێک چەندەیە؟

حەسەنپوور: پێم وایە لە ڕاستییدا ئەوە لە ئێراندا زۆر گرینگە چون مافەکانی کورد، دیارە ئەو مافانەی کە داوای دەکەن مافی دابین کردنی چارەنووسە کە زۆرتریش بە شێوەی خودموختاری یا ئێستا فێدێراڵ باسی دەکەن، فێدێڕالیزم لە چوارچێوەی ئێراندا ئەو جوورەی کە زۆرتر هاتوەتە گۆڕێ. ئەمن لێرە دا باسی ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکان ناکەم کە مافی دابین کردنی چارەنووسی تا ڕادەی جوێبوونەوە لە ئێران دێننە گۆڕێ. ئەوە لە بەرنامەیان دایە ئەمن باسی وان ناکەم. ئەمن باسی ڕێکخراوە کوردەکان دەکەم کە یا خودموختارییان دەوێ یا لە چوارچێوەی ئێرانێدا مانەوەیان دەوێ. لەوێدا مافی زمان، خوێندن بە زمان بە بێ قەید و شەرت و بە بێ مەحدوودییەت لە ڕادەی باغچەی منداڵان ڕا بگرە هەتا زانکۆ ...

قازی
: ڕێزدار حەسەنپوور بۆ ئەوەی کە زەینی بینەران ئالۆز نەبێ مەبەستی من لە پرسیارەکە ئەوەبوو کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلی کورد بە ساڵان خەباتی کردووە، دیارە ئەو خەباتە بە ڕێگای ڕێکخستنە سیاسییەکاندا بووە ، بە ڕێگای خوێندەواراندا بووە، بە ڕێگەی ڕووناکبیران دا ، بە ڕێگەی مەلایاندا هەموو جۆرە توێژالكێکی کۆمەڵایەتی، ژنان بەشدارییان هەبووە. لەو پێوەندییانە دا، بۆ نموونە ئەو مادە قانوونیانەی کە لە قانوونی بنچینەیی ئێستای کۆماری ئیسلامی دا گونجاوە، بۆ وێنە جێبەجێکردنی مادەی ١٥ بە دیتنی ئێوە تا چەندە دەتوانێ یارمەتی بکا بە قەوام پێدان و پتەوتر کردنی ئەو هوویەتە، ئەو ناسنامەیە، ئەو شناسەی کە کورد باسی لێوە دەکا؟

حەسەنپوور: من پێم وایە مادەی ١٥ بە ڕاستی هیچی تێدا نییە.

قازی: ئەوەندەی کە تێیدا هەیە؟

حەسەنپوور: ئەوەندەی کە تێیدایە دیارە ڕێگە دەدا بە ئەدەبییاتی کوردی لە مەدرەسەکانا تەدریس بکرێ، هەر ئەوەیە، لە میدیاش دا بە کار بهێندرێ. من پێم وایە ئەوە چوارچێوەیەکی زۆر تەنگە بەڵام دەکرێ، هەر وەک کراوە لە ساڵانی ڕابردوو دا نوێنەرانی کورد لە پارڵمانی ئێرانێ حەولیان داوە بۆ ئەوەی کە مادەی ١٥ دابین بکرێ. خۆشیان شتیان لێ زیاد کردووە. دەڵێن مادەی ١٥ دەڵێ دەبێ تا چوارساڵ لە مەدرەسە بە کوردی بخوێندرێ کە شتی وای هەر تێدا نییە ڕاستییەکەی. ئەوە داوخوازی ئەوانە. من ئەوەش بڵێم کە موشکیلەی تورکییە و ئێران و عێڕاق ئەوە نییە کە قانوونەکە ڕێ نادا. ئەو قانوونە ساز کراوە . هەر وەک چۆن مادەی ١٥ یان نووسیوە دروستیان کردووە، دەتوانن وەلای بنن، ئەوە سیاسەتە کە پێشی دەگرێ.

قازی: ئەوە عەینی ئەوەیە کە ئێوە باستان کرد مەسەلەن فڵان گرووپی کۆمۆنیستی کە ئێوە باستان کرد کە مومکینە هیچ پێوەندییەکی ئۆرگانیکیشی لەگەڵ وەزعی کوردستانی نەبێ ئەویش هەر لە سەر کاغەز هێندێک شت دەڵێ ئیدی. دەڵێ کورد حەقی جیابوونەوەی هەیە یا هەرچی ، بەڵام وەکوو سەنەدێک کە ئەتۆ ئیتیکای پێ بکەی، لە سەر ئەوە بڕۆی بچییە پێشێ لە چوارچێوەیەکی لێگاڵ دا کاری بۆ بکەی ئەوەیە ئیدی. بۆ نموونە ئێستا  جمهووری ئیسلامی لە ئێرانێ لە سەر کارە، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکەی دەڵێ ئەو جمهوورییە دەبێ بڕووخێ، لە سەر بنەمای وێرانەکانی دێمۆکڕاسییەک دابمەزرێ. هەر گرووپە کۆمەڵایەتییەی، یان هەر ڕێکخستنێکی سیاسی بۆ ئەو ئامانجە بەرنامەیەکی هەیە یان نییەتی. بەڵام ڕێگایەکی دیکەش هەیە کە ئەو چوارچێوەیە هەیە یانی داوا کردنی جێبەجێکرانی مادەیەکی قانوونی کە ئەگەر لە سەر کاغەزیش بێ ئەو سیستمە بۆخۆی تەسویبی کردووە، پەسندی کرووە لەو پێوەندییەدا ئەمن پرس دەکەم  دەڵێم ئەگەر بێتوو ئەوە جێ بە جێ ببێ ، جا ئەوە ئایا تا پۆلی چوارەم دەبێ یان خوێندنی ئەدەبییاتی کوردی ، ئەوە چەندە دەتوانێ کاردانەوە و کارتێکەری  هەبێ لە پێشبردنی هووییەتی کوردی دا؟

حەسەنپوور: ئەمن پێم وایە ئەگەر ئەوە ببێ، یانی ئەگەر هیچ بەرهەڵستێک نەبێ لە بەرانبەر زمانی کوردیدا، بڵێین کوردی ئێرانێ وەرن خۆتان هەر چۆنێکی دەتانەوێ لە هەر ڕادەیەک دا زمانی کوردی لە خوێندن دا دەکار بێنن ئەوە هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بەڵام دیسان وەزعێکی وایە، بارودۆخێکی وایە کە خۆی بەرهەڵستە لە بەرابەر زمانی کوردیدا. زمانی کوردی کاتێکی دەتوانین بڵێین کە بەرهەڵستێکی زۆر گەورەی لە پێش نییە کە  دەوڵەتی ئێران خۆی هەر وەک مەدرەسەی هەیە بە زمانی فارسی مەدرەسە دابنێ بە زمانی کوردی. لەوێدا ئیتر جێی باسە کە چەندە بە کوردی بێ چەندە بە فارسی. ئەوە شتێکە ئەمن دیسان مەجبوورم تورکییەی باس بکەم ئەگەر لە تورکییەی هەرچی بەرهەڵستی قانوونی هەیە لایبەن لە پێش زمانی کوردی تا کاتێکی دەوڵەتی تورکییە خۆی مەدرەسەی کوردی دانەنێ ، ئەو مەدرەسە کوردییانە بایەخیان نەبێ وەک مەدرەسەی ترکی دیسان سیاسەتەکە هەر سیاسەتی کوشتنی زمانی کوردی یە. مونتەها کوشتنێتی بە شێوەی قانوونی. لە ئێرانیش هەر وایە ئەلئان با مادەی ١٥ تەفسیر بکرێ بڵێن هەرچی کوردی ئێرانێیە وەرن زانستگایەک ، زانکۆیەک دروست کەن بە زمانی کوردی دەرس بخوێندرێ ، با ٥٠ زانکۆ دروست بکرێ لە ئێرانی بە زمانی کوردی بێ گشت دەرسەکانی تا وەختێکی بایەخی زانکۆیەکی نەبێ کە لە وێدا بە زمانی فارسی دەرس دەگوترێ، دەوڵەت قبووڵی نەبێ، مەدرەک و شەهادەکەی قبووڵ نەبێ دیسان ئەوە هەنگاوێکی قانوونی یە بۆ سەرکوتکردنی زمانی کوردی.

قازی: زۆر باشە ڕێزدار حەسەنپوور ئەگەر ماوە هەبێ داوخواز بکەین لە بینەرانیشمان کە ئەگەر پێیان خۆشە بە تەلەیفوون بەشداریمان لەگەڵ بکەن ئەگەر پرسیارێکیان هەیە یان تێبینییەکیان هەیە. هیوادارم هاوکارانم لە ژووری ڕێژی ژمارە تەلەفوونەکان بنووسن لە سەر ئەکرانی تێلێڤیزیۆن. ئەگەر تەلەفۆن هات ئەمن پرسیارەکەم دەبڕم ، ئێوە یادداشتیان بکەن تەلەفۆنەکان یەک یەک جواب بدەینەوە.

حەسەنپوور: زۆر باشە

قازی: باشە ئێستا ئێمە هەر ئیستێک بگرین لەوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران. وەک ئێوە باستان کرد لەو ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لە لایەن توێژاڵکی خوێندەواران، خوێندکارانی کورد، نەک تەنێ هەر لە شارەکانی کوردستان بەڵکوو لە زانکۆی دیکەش و لە چەند مۆئەسیسەیەک لە تاران و شوێنی دیکە زۆر گۆوار و بڵاڤۆک و نەشرییە بە زمانی کوردی بڵاو کراوەتەوە یان لە زۆر جێگایان بە شێوەی خسووسی ڕووناکبیرانی کورد، تێکۆشەرانی کورد پۆلی زمانی کوردییان داییر کردووە. دەزانم ئێوە لە باری جوغرافیاییەوە لە ڕۆژهەڵات و ئێران زۆر دوورن بەڵام تا ئەو جێگایەی کە ئێوە بزانن و لێتان کۆڵیبێتەوە پێشوازی خەڵک چۆنە، یان ئەو گۆوارەی کە چاپ دەکرێ گەلۆ خوێنەرەوە پێشوازی لێ دەکا؟

حەسەنپوور: ئەمن ئەوەندەی کە پرسیومە و ئاگام لێی بێ،

قازی: زۆر بە کورتی لە بەر ووڵامی تەلەفۆنەکان

حەسەنپوور: خوێنەرەوەی زۆرە ، خوێنەرەوەی زۆرە سەرباقی ئەوەی لەوێ کەس بە کوردی ناخوێنێ بەڵام خەڵکەکە ئەوەندە پێیان خۆشە دەخوێننەوە.

قازی: زۆر باشە،  ئێستا تەلەفۆنەکان هاتن ووردە ووردە . ڕێزدار حاتەممان لەگەڵە لە ووڵاتی سوێد لە سکاندیناڤیا. ئەم کاتەتان باش،

حاتەم: ئەو کاتەی ئێوەش باش ، سڵاوم هەیە بۆ جەنابت و بۆ کاک ئەمیر

قازی: زۆر سپاس کەرەم کە، ئەگەر تێبینی یا پرسیارێکت هەیە بیفەرموو.

حاتەم: وەڵاهی نازانم حەزم کرد تۆزێ درێژ قسە بکەم ئەگەر مەجالم  هەبێ،

قازی: با زۆر دڕێژ نەبێ بۆ ئەوەی کە خەڵکی دیش بەشداری بکا فەرموو،

حاتەم: ئەمن زۆر لە مێژە تەعقیبی نوسراوە و ووتەکانی بەڕێز کاک ئەمیر دەکەم لە ڕوانگەی منەوە یەکێک لەو بەڕێزانەی کوردە کە زانستییانە مەسائیلەکان لێک دەداتەوە.

قازی: ئەگەر بکرێ بڕێک دەنگ بەرز کەنەوە،

حاتەم: بەڵێ، هەمیشە و دایم ئەمن عەلاقەمەند بووم بیرو بۆچوونەکانی  بەڕێز حەسەنپوور ببیسم  و زۆریشم حەول داوە ئەگەر بۆم کرا بێ بخوێنمەوە. هەمیشە من تەزادێک، دژایەتییەکم لە بۆچوونەکانی ئەو دا دیوە.

قازی: لێرە دا کاک حاتەم ئەگەر بکرێ لە پێوەندی دەگەڵ ئەو بەحسەی کە ئێستا هەمانە بدوێی

حاتەم: دەقیقەن  لە سەر ئەو بەحسەی ئێستا ئەگەر مەجال بفەرمووی

قازی: بەڵێ، فەرموو

حاتەم: لە سەر کورد و هووییەت و ناسنامەی کوردی و هەر وەها بەرابەری و ئەو جۆرە شتانە کە لە کۆمەڵگای کوردی دا هەیە. کاک ئەمیر ئەفەرموێ بە بڕوای من هووییەت، ئایدێنتیتی یان ناسنامە زۆر زۆر گرینگ نییە. ئینسانێکی کورد دەتوانێ کوردیشی لە بیر بچێتەوە ، بە تورکی قسە بکا زۆر کارێکی خراپ نییە..

قازی: نا، وای نەگوت

حاتەم: ئەگەر من گوێم لێ بووبێ وای گوت

قازی: ئەتۆ بۆچوونی خۆت بفەرموو، تەفسیری قسەکەی وی بهێڵەوە، چونکە هەموو کەسی دیکەش گوێی لێ بووە. وای نەگوت کاک ئەمیر ئەو جۆرەی کە ئێوە فەرمووتان.فەرموو

حاتەم: باشە بە هەر حاڵ. کاک ئەمیر ووتی بە بڕوای من ئینسانێکی کورد

قازی: گوتی تاقە کەسێک دەتوانێ ، تاقە کەسی کورد دەتوانی کوردی فێر نەبێ بچێ زمانێکی دی فێر بێ.بەڵام وەکوو مەسەلەی نەتەوەیی بۆی گرینگە.

حاتەم:  ئەمن پرسیارەکەم لەو دەکەم ئەگەر مەجال دەدەی قسە بکەم، ئەگەریش مەجال نادەی

قازی: مەجال دەدەم بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە پۆلیمیک ، فەرموو بەردەوام بە!

حاتەم: مەجاڵ بدە ئەوەی کە خۆم پێم وایە  خۆم بیڵێم  کە ئەمن پێم وایە کاک ئەمیر هەمیشە تەزادی هەیە لە بۆچوونەکانیدا.

قازی: لە ووتنەکانی ئەمشەو دا ئێمە باس دەکەین

حاتەم: هووییەت بۆ میلەتێک بەتایبەتی کە تەعریف دەکرێ ، کە زمانی قەدەغە دەکرێ زۆر زۆر گرینگتر لەوەیە کە مەسەلەی بەرابەریی ژن و پیاو. لە ووڵاتێکدا کە شار دەڕووخێ ژنیش دەکووژرێ، ماڵەکەش دەڕووخێ، کرێکارەکەشی دەر بەدەر دەکرێ وەک ئێستە لە کەرکووک کراوە. لە بەشێکی زۆر لە شارەکان کراوە. من حەز دەکەم ئەوە لە کاک ئەمیر بپرسم چۆنە لە ووڵاتێکی مەسەلەن پچووکی وەکوو دانمارک ووشەی 'تاکسی' بە ئینگلیزیش و بە دانمارکی یەکێکە بە دوو ڕەنگ ئەینووسن بۆ ئەوەی کە هووییەتی خۆیان  بە دانمارکییەکە لە سەرەوە ئەینووسن بۆچی بۆ ئینسانێکی کورد گرینگ نییە کە هووییەتی کورد بوونی خۆی تەئکید لە سەر بکا ، لە حالێکدا بۆ جەمعییەتێکی حەوسەدهەزار کەسی شاری سنە ئوستاندارێکی فارسی ئیسفەهانی دێنن،

قازی: ڕێزدار حاتەم زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریت چونکە خەڵکی دیکەشمان لەگەڵە.  ئێستا تەلەفوون نییە. گوتتان تەلەفۆنێک هەیە [ ڕووەو ژووری فەرمان] ، هەرچۆنێک بێ. فەرموو جوابی کاک حاتەم بدەوە.

حەسەنپوور: بەڵێ من جوابەکەم ئەوەیە من  هەر وەک باسم کرد لە ئەوەڵەوە زمان بنچینەیەکە بۆ ئەوەی کە کوردان داوخوازی وەی بکەن کە وەک نەتەوەیەک بناسرێن و داوای مافی دابین کردنی چارەنووس بکەن. بوونی ووڵاتێکی هاوبەشیش یەکێک لەو بنچینانەیە . من باسی وەم نەکرد کە کورد خۆی ، نەتەوەی کورد بێ زمانەکەی وەلا نێ زمانێکی دی فێر بێ. من باسی وەم نەکرد، بەڵام باسی وەم کرد ئەگەر بێتوو کەسێک، کوردێک خۆی بییەوێ زمانی ترکی فێر بێ و زمانی کوردیش وەلا بنێ بەو مەعنایە نییە کە لە کورد بوون شۆراوەتەوە. من ئێستا لە ستودیۆی ڕۆژتیڤیم ، لێرە دا ئەو دوو ڕۆژەی لێرە بووم زۆر کەسم دیوە لە کوردستانی تورکییە کە کوردی فێر نەبوون بەڵام لە هەمان کاتدا خۆیان بە کورد دادەنێن و خەبات بۆ گەلی کورد دەکەن و ناتوانی بەوانە بڵێی کە کورد نین.

قازی: زۆر باشە کاک ئەمیر تکایە بە کورتی چونکە تەلەفۆن هەیە.

حەسەنپوور: ئا ئیتر باسەکە هەر ئەوەیە لە بەعزە ووڵاتێکی تریش وا دەکەن. دانمارک و ئەوە، ئیتر بە ڕاستی ئیفڕاتێکی زۆر دەکەن . ئێستا لە ئەمریکا، ناسیۆنالیزمی ئەمریکایی بەکار دەهێنن بۆ سەرکوتکردنی تەواوی دنیایە.

قازی: زۆر سپاس، ئێستا ڕێزدار کوردۆمان لەگەڵە لە ووڵاتی بریتانیا. ئەم کاتەتان باش کاک کوردۆ!

کوردۆ: ئەم کاتەت باش،

قازی: فەرموو ئەگەر پرسیارێک یا بۆچوونێکتان هەیە بەڵام تکایە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسەی کە ئەمشەو کراوە، فەرموو.

کوردۆ: وەڵا من دەربارەی زمانی فارسی ئەڵێم ئەڵێم ئەو زمانە تا چەندێ کوردی تێدایە. من هەر چەندە گوێم لە زمانی فارسییە پەنجا لە دەر سەتا زمانێکی کوردی جا من حەز ئەکەم تەوزیحێک لەبارەی زمانی فارسی با [بدا]، لە بەر ئەوەی هەست ئەکەم زمانی کوردی،

قازی: ببوورە ئەو تەوزیحەی کە پێویستیتان پێی هەیە سەبارەت بە مەسەلەی زمانی فارسی جارێکی تر کۆنکرێتر بیڵێنەوە. یانی زەحمەت نەبێ پرسیارەکەت چڕ کەوە.

کوردۆ: مەبەستم ئەوەیە ئەڵێم زمانی کوردی یانی تەئسیراتی بۆ زمانی فارسی هەبووە. بە مرووری زەمەن

قازی: بەڵێ زۆر باشە. کاکە ئەمیر ئەوەی یادداشت بفەرموو ئێستا تەلەفوونێکی دیکەش هەیە. کاک مرادمان لەگەڵە لە پیرانشار ئەو کاتەتان باش.

مراد: ئەو کاتەت باش قوربان

قازی: فەرموو کاک مراد

مراد: سڵاوی تۆ و کاک حەسەن دەگەیێنم.

قازی: بەڵێ، کاک ئەمیر، مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور، فەرموو

مراد: مامۆستا ئەمیر قوربان بەڵێ بمانبەخشە. دەمەویست سوئالێک لە کاک حەسەن بکەم

قازی: لە کاک ئەمیر

مراد: لە کاک ئەمیر ببەخشە. کورد لە ئێرانێ لە مەقامی دەوڵەتیدا تاچ ڕادەیەکی دەتوانێ بچتە پێشێ؟ وەکوو فەرماندار، وەکوو ئوستاندار وەکوو شارەدار دەمویست جوابی ئەو سوئالەم بداتەوە.

قازی: زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریتان

مراد: بە سپاسەوە قوربان

قازی: ڕێزدار مراد لە پیرانشارەوە. وا بزانم جارێ تەلەفۆنی دیکەمان نییە. فەرموو کاک ئەمیر

حەسەنپوور: بەڵێ پرسیارەکەی ئەوەڵ ڕاستییەکەی هیچ لێکۆڵینەوەی وا نییە کە پێشان بدا چەندە لە ووشەکانی زمانی فارسی کوردین. ئەو دوو زمانانە پێوەندییان ئەوەندە نزیکە کە کام ووشە کوردییە کامیان فارسییە زەحمەتە. مێتۆدی وەشمان نییە بزانین کێهەیان کوردییە، کێهەیان فارسییە. زۆر تێکەڵاون.
لە بابەت پرسیاری دووەمەوە دەگەڕێتەوە سەر یەکێک لەو باسانەی کە دەبوو کرا با فورسەت نەبوو داخوازی ئەوەیکە کورد شێوەیەکی خودموختاری یا فێدرالیزمی هەبێ کە ناوچە کوردەکان بە سەر خۆیاندا دەسەڵاتی حکوومەتی ناوچەییان هەبێ. ئەو پرسیاری دووەم دەگەڕێتەوە سەر ئەوە. قانوونی ئەساسی ئێرانێ ئیجازە نادا زۆربەی کورد  ببنە سەرۆک کۆمار چونکە زۆربەی کوردی ئێرانێ سوننین، قانوون دەڵێ دەبێ شیعە بێ. تەنیا کوردی شیعە دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار. کە دێتە سەر فەرماندار و شارەوان و ئەوانە مانعی قانوونی نییە کە کورد یا بەلووچ یا تورکمەن یان ئازەری یان عەڕەب ئەو مەقامانە وەرگرن. مانعی سیاسی هەیە نەک قانوونی.

قازی: بەڵێ زۆر باشە. تەلەفوونێکی دیکەشمان هەیە ڕێزدار هیوامان لەگەڵە لە ووڵاتی نۆڕوێژ لە سکاندیناڤیا، ئەم کاتەتان باش.

هیوا: ئەو کاتەتان باش بەڕێز قازی

قازی: کاک هیوا فەرموو لە پێوەندی لەگەڵ باسەکەی ئەمشەو دا ئەگەر پرسیار یا تێبینی هەیە بیفەرموو.

هیوا: بەڵێ ئەمن پرسیارێکم هەیە لە خزمەتی بەڕێز دوکتور دا. ئەویش ئەوەیە کە بەڕاستی ئایا ووشەی جیابوونەوە بۆ کورد ئایا لە جێگای خۆیدایە؟ ئەوان چون، دوژمنانی کورد وەکوو کوردیان مارە کرد بێ ، کە کورد داوای سەربەخۆیی دەکا دەڵێ دەیەوێ جیا بێتەوە.

قازی: بەڵام کاک هیوا تکایە لە پێوەندی لەگەڵ باسی هووییەت و ناسنامە دا ئەگەر بپرسی.

هیوا: بەڵێ، سەبارەت بە مەسەلەی ناسنامەش ئەوەیە کە تورکێک بە کوردی بە من بڵێ ئەمن تورکم هیچ باوەڕی پێ ناکەم. یانی ئەگەر کوردێک بێ بە تورکی بە من بڵێ من کوردم  یانی شکم لە کوردایەتی خۆشم دەبێت و ئینجا مەسەلەیەکی تریش  کە کورد کێشەی زمان یان بەشدار بوون لە دەوڵەتی دا نییە لە ڕاستیدا، کورد موشکیلی خاکی هەیە، موشکیلی جوغرافی و نەتەوەیی هەیە کە یەکەم دەوڵەتی فدراڵی خۆی پێک بێنێ دوای ئەوەش بکێشرێتە کۆنفێدرالیزم دوای ئەوەش سەربەخۆیی کە مافێکی ڕەوای گەلی کوردە. لێرە دەڵێم خەڵکی کوردستانم دەڵێ کام کوردستان؟ کوردستان زۆرە. بابە ئەمە چۆنە کە ئێران کوردستانی هەیە، تورکییە کوردستانی هەیە بەڵام کوردستان نە ئێرانی هەیە و نە تورکیای هەیە؟

قازی: زۆر زۆر سپاس کاک هیوا بۆ بەشداریتان. تەلەفۆنێکی دیکەمان لەگەڵە وابزانم ڕێزدار نزار لە ووڵاتی فینلاند. ئەو کاتەتان باش.

نزار: ئەو کاتەتان باش کاک حەسەن چاکن شوکور؟

 قازی: سەرچاوان فەرموو پرسیار یا تێبینی

نزار: بەڵێ مامۆستا نزاری شاعیرم لە خزمەتت دا لە فینلاندەوە. زۆر زۆر پێم خۆش بوو ئەو باسە خۆشەتان لە گەڵ کاک ئەمیری حەسەنپوور کە پێشتر لە شوێنەکانی دیکە گوێم لە قسەکانی ببوو. کاک حەسەن پێم وا بێ سەبارەت بە مادەی ١٥ کە فەرمووتان لە ئێرانێ، دیارە هێندێک دۆستی ئێمەش وەک کاک خالەق و ئەوانە مەئموور کرا بوون لە لایەن دۆستانی ئەندامی فڕاکسیۆنی کوردەوە کار بکەن لە سەر ئەو مادەی ١٥ یە، کتێبێک بنووسن بۆ مناڵانی مەدرەسە. بەڵام لێرە دا موشکیل ئەوەیە ئەوانە نایانەوێ ، بۆ نموونە کوڕە مامی من کە لە  'سەدا سیمای سنە'یە، سولەیمان کە لەوێ کارێکی زۆر دەکا ئەمنی مەعریفی کردبوو وەکوو مامۆستایەکی زمانی کوردی کە دەرسم گوتووە لە قوتابخانەکانی خۆمان کە کار بکەم لەوێ. بەڵام لە موساحەبەکە دا پێی گوتبوو: " آنکە میخواهد خدمت زبان کردی بکنە"؟  خودی لاریجانی وای پێ گوتبوو

قازی: یانی گوتبووی :' ئەوەی دەیەوێ خزمەت بە زمانی کوردی بکا'. فەرموو

نزار: بەڵێ ئافەرین، " آنکە نمیخاد خدمت نظام بکنە"!

قازی: یانی نایەوێ خزمەت بە سیستم بکا. تکایە ئەگەر بە کوردی قسە بکەی، چونکە ڕەنگە فارسی زۆر کەس تێی نەگا.

نزار: بە سەرچاو. یانی کاک حەسەن دروست ئەو جوملەی پێ گوتبوو کە ئەو کە دەیهەوێ کە خزمەتی زمانی کوردی بکا و خۆ ئەو نایەوێ خزمەتی نیزامی ئێمە بکا. جا پێم خۆشە زۆر ئەوانە خۆشبین نەبن. واقعییەتی شتەکە ئەوەیە ئەمن بۆخۆم هەستم پێ کرد . لەمسم کرد کە وەکوو کابرایەک کە کارم کردووە لەو هینە دا و ' ناڵەی نزار' یشم بڵاو بووەتەوە ساڵی ٢٠٠٠.

قازی: زۆر زۆر سپاس

نزار: خواهیش دەکەم یەک شتی دیکەم هەیە

قازی: بە کورتی تکایە

نزار: پێم خۆشە کاک حەسەن ئەو چالاکییەکانی شەرمەزار کردنی کوردان، خودی میدیاکان مەسەلەن موشکیلیان هەیە ئەمن ئەوە یادداشتم کردووە خانمێک کە لە خودی میدیاکەی ئێوە بڵاوی کردەوە ئێمە خۆشمان یا مەسەلەن دەڵێ: ' فڕۆکەخانەی هەولێری ناودەولەتی'، ئێمە خۆشمان موشکیلمان هەیە  وەکوو مێدیاکان.

قازی: بەڵێ، ئەوە باسێکی دیکەیە هیچ پێوەندییەکی وای نییە بەو باسەی ئەمشەوەوە. فەرموو ئەگەر قسەکانت کۆ کەیەوە سەر یەک فەرموو.

نزار: بەڵێ، ئەمن هەر وا بە پێویست دەزانم کە وەکوو فەرهەنگستانێک کە کاک دوکتور ئەمیری حەسەنپوور زەحمەت دەکێشێ وەکوو جەنابتان شتێکی وامان هەبێ لە موقابیل ئەو کەلیماتە فارسی و عەڕەبی و تورکی یە دا کە هێرش دێننە سەرمان ئێمەش شتێکمان هەبێ وەکوو بۆخۆتان دەزانن زمانی فەڕانسە لە موقابیل زمانی ئینگلیسی شتێکیان هەیە کە ئەگەر ئیستیلاحێکی تازە دێ، کەلیمەیەکی نوێ دادەنێن ، ئەمەش بەڵکوو شتێکی وامان هەبێ ئەگەر لەو سەتحەشا نەبێ مناڵەکانمان لە مەدرەسەی مەسەلەن بۆکان و سابڵاغێ دەڵێن: 'بەرجەستەگی' هەیە، مەنزوورم ئەو شتانەن.

قازی: بەڵێ زۆر سپاس بۆ بەشداریتان ئەو کاتاتەن باش

نزار: تەشەکور لە ئێوەش، شەوتان باش.

قازی: بەڵێ کاک زێکرامان لەگەڵە لە ووڵاتی بریتانیا.

زیکرا: زیکرا خان کاک حەسەن!

 قازی: بەڵێ بەڵێ ، ئەم کاتەتان باش خانمی زیکرای  ... بەڵێ فەرموو!

زیکرا: بەڵێ، ئەم کاتەتان باش کاک حەسەن دەستخۆشیت لێ ئەکەم بۆ ئەو پڕۆگرامە. بەخێرهاتنی کاک ئەمیر ئەکەم. من زۆر بە درێژی نادوێم لە سەر مەسەلەکە چونکە دەزانم کەسی دیکە هەن لە سەر هێڵی تەلەفۆنەکە ئەیانەوێ بەشداری بکەن. حەزم ئەکرد نەزەری جەنابتان و کاک ئەمیر بزانم بۆ ئەوەی کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە مینهاجی دیراسی دەرسی تەئریخ لە کوردستاندا گۆڕانکاری بە سەر [دا] بکرێ، خاسەتەن لە کوردستانی عێڕاق ئەوە بۆ داونزدە سیزدە ساڵ ئەچێ کە حکوومەتی بەعس نەماوە بە ڕاستی کتێبی تەئریخ پێویستی بەوە هەیە کە کورد تەئریخی خۆی بزانێ، هەر لە سەر ئەنشنت هیستۆری بێ [ تەئریخی کۆن] یان کەنتمپرێری بێ [ تەئریخی هاوچەرخ].


قازی: یانی مێژووی کۆن و مێژووی تازە، مێژووی هاوچەرخ

زیکرا: بەڵێ، چونکە وەکوو خۆتان ئەزانن مێژوو زۆر دەورێکی باڵا ئەبینێ لە هەوییەی ،لە ناسنامەی کوردیدا. جا وەکوو شتێک ئیقتیڕاح بکرێ بە سەر ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەیە لەو مەجالە دا کە بتوانن  تەئریخی کوردی چاوێکی پێ بخشێنن و گۆڕانکارییەکی لە سەر بکەن .

قازی: بەڵێ زیکرا خانم زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریتان

زیکرا: شایانی نییە، خواحافیز شەوتان شاد.

قازی: لە شاری لەندەنەوە. زۆر زۆر سپاس. ڕێزدار زڕێوار یان زرێبارمان لەگەڵە لە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. ئەم کاتەتان باش.

زرێبار: سەلاموعەلەیکوم

قازی: عەلەیکومەسەلام فەرموو

زرێبار: پرسیاری کورتم بوو لە خزمەتی میوانەکەتانا.

قازی: فەرموو

زرێبار: ئایەندەی ئەو حیزبە کوردییە زەعیفانەی ئێرانی کە ئێستە لە عێڕاقا نیشتەجێن کە واقعن بونەتە سەرباری خۆشیان چییە؟ خوا حافیز.

قازی: لە پێوەندی لەگەڵ زمان و ناسنامە دا پرسیارتان نییە؟ دیارە خواحافیزیان کرد، دیارە زۆر بە پەلە بوو لە پرسیارەکەی بۆیە ڕانەوەستا. ئێوە فەرموو ئەو پرسیارانەی کران، ئەو تێبینییانەی کە کران ئەگەر بۆچوونێکتان هەیە. ئەگەر تەلەفوون هات دەبێ ڕای بگرین. ئێستا تەلەفۆنێکمان هەیە دیسان. کاک کەماڵمان لەگەڵە لە ووڵاتی فەنلاند. فەرموو کاک کەماڵ ئەم کاتەت باش.

کەماڵ:  قوربان ماندوو نەبن

قازی: زۆر سپاس فەرموو

کەماڵ: کاکە دەستخۆشیتان لێ دەکەم بەخێرهاتنی ئەو میوانە خۆشەویستە دەکەم.

قازی: زۆر سپاس، بەڵێ  فەرموو

کەماڵ: مامۆستا لە بارەی مەسەلەی ئەوەی کە باسی دەکەن وەک زمانی کوردی. هەموومان باش ئەزانین کە پایەکی ئەسڵی بە ناوی ' سازمانی تەبلیغات ' هەموومان دەزانین کە چییە ، بە جێگای ئەوەی کە مەسەلەی دەرسی زمانی کوردی بە ئیستیلاح بدا بە منداڵەکان تا کلاسی چواروم بەرعەکسی ئەوەیە. ئێستا سازمانی تەبلیغات بەرنامەیەک بڵاو دەکەنەوە کە سەعی دەکەن کە منداڵەکان  بکەن بە شیعە ، دوای ئەوەی کە پێیان دەڵێن کورد ماوەیەکی زۆر زۆر قەدیمی نییە کە هاتووە بۆ ئایەندە دێت و کۆن دەبێ جا دەڵێم ئەو مەسەلەی  باس بکەن بە جیگای ئەوەی کە ئەوان بیانهەوێ زمانی کوردی مادەیەکی دادەنێن هەموویان شتێکی قولابی یە، ئەوانە بەرعەکس ، سازمانی تەبلیغات ئینسانهایەکیان دەوێدا مەئمور کردووە یەعنی لە پشکی جەوانان دا ئەنواعی وەرزیشەکانیشدا بڵاویان کردووەتەوە کە بەجێگای ئەوەی کە زمانی کوردیمان فێر کەن سەعی دەکەن بە ئیستیلاح کاری دیکەی لە پەنا دا دەکەن.

قازی: بەڵێ زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریت بۆ تێبینییەکانت. ڕێزدار سەرحەدمان لەگەڵە لە سپانیا، ئەم کاتەت باش

سەرحەد: ئەم کاتەت باش قوربان.

قازی: فەرموو برام، فەرموو

سەرحەد: سڵاو وڕێزم هەیە بۆ هەر دووکتان بە تایبەتی بۆ مامۆستا. دوو پرسیارم هەیە زەحمەت نەبێ.

قازی: فەرموو

سەرحەد: یەکیان گوتی کە تورکیا گۆڕانکاری تیا بووە بە هۆی بەشدار بوونی یان ویستنی بەشداربوونی بۆ ئەوڕووپا. ئێستا کورد ناتوانێ بە ڕێی سیڤیل جۆرە کارێک بکا کە جاران پێی ئەکرا. بۆ نموونە کە ئەڵێن زمانی کوردی قەدەغەیە لەوێ یەکێک ئەگەر لە ماوەی حەفتەیکا ئەگەر هەموو کورد بە کوردی بدوێن چ لە خەستەخانەیە، چ لە مەکتەبە، چ لە پۆلیسخانەیە ، چ لە دەرو دراوسێ، لە هەموو جێگاکانی کوردستان وەک چۆن مەسەلەن غاندی بەرانبەر بە هیند [ئینگلیستان] جۆرە کارێکی کرد کە نەیانئەتوانی چەندان میلیۆن بخەنە ناو زیندانەوە.

قازی: تکایە، فەرمووت پرسیارم هەیە بەڵام ئەوە زیاتر تەفسیری پرسیارەکە بوو.

سەرحەد: پرسەکەم ئەوە بوو کورد ئەگەر شتێکی وا بکات بۆی ئەکرێ یان نا حاڵی حازری بە تایبەتی کە جۆرە دەستوورێک هەیە لە ناو تورکیایا ناتوانێ  بابڵێین بتوانێ بیست هەزار کوردێک بکوژێ لەمەو دوا ، جاران ئەیتوانی بیکات. ئەوە پرسێکیانە. پرسی دووەم لە عێڕاقا ئێستا قەرار دراوە بڕیار دراوە کە زمانی کوردی وەک زمانی عەڕەبی ئەتوانرێ لە عێڕاقا بەکار بهێندرێ ئایا لەو ناوچەیەی کە لە کوردستانا سەربەخۆیە یان ئۆتۆنۆمی یە یان با بڵێین  هەرچییەکی پێ ئەوترێت ناتوانی قانوونێک دەربکەیت لە سەر ئەو قسەیە کە هەرچییەک ئەفرۆشرێ بە کوردستان بە کوردیش لە سەری نووسرابێ. ئێمە دەبینین لە بازاڕی کوردستانا سەدی نەوەدی شتی تورکی یە و سەدی دەشی ئێرانی یە.

قازی: زۆر باشە، پرسیارەکە موشەخەسە. خەڵکی دیکەشمان لەگەڵە تکایە. قسەکانت ئەگەر کورت کەیەوە.

سەرحەد: پرسی دووەم ئەوە بوو ئایا ئەگەر جۆرە بڕیارێکی وا دەر بکرێت زمانی کوردی ناچیتە ناو بازاڕەوە وەکوو مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور باسی کرد بوو لە نوسینەکانی خۆی، زۆر سپاس.

قازی: زۆر سپاست دەکەم. ڕێزدار سدیقمان لەگەڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری مەریوان. ئەو کاتەت باش.

سدیق: ئەلۆ سەڵاموعەلەیکوم

قازی: عەلەیکومەسەلام ، فەرموو

سدیق: بەخێرهاتنی میوانەکەتان دەکەم.

حەسەنپوور، زۆر سپاس

سدیق: من ئەمەوێ بەشکم ئەو دەنگی منە بگەیێنن بە تەواوی مێدیاکانی کوردستان. وەختێ ئێوە ئینتیزارتان هەیە ئێران و تورکییە و سوورییە و عێڕاق هووییەت و شناسنامەی ئێمە بپارێزێ من پێم تەعەجوبە چۆن سەرۆکایەتی کورد یا ڕۆشنبیرانی کورد بەو جۆرەی کە ئەبێ کار بکەن بۆ کوردستان نایکەن . ئەگەر تۆ سەیری ئاهوویێ بکەی هیچ وەخت بە لای دوژمنی خۆیدا ناڕوا بەڵام ئێمە کوردەکان خۆمان بە دەستی خۆمان خۆمان دەخەینە دەستی، باوەشی دوژمنەکانی خۆمان

قازی: بەڵێ، پرسیارەکەتان ئەگەر ئیمکانی هەبێ لە پێوەندی لەگەڵ باسەکە دا ڕێزدار سدیق

سدیق: من گەرەکمە پێتان بڵێم کە ئینشەڵا خۆمان گەرەک کار کەین . ئینتیزارمان نەبێ کە فڵان سازمان، فڵان گروە بێت و زمانی ئێمە پاکۆ بکا لە ووشەکانی کە لە زبانەکانی تر [ەوهاتوون]. داوا ئەکەم لە ڕۆشنبیرانی کورد بۆ خۆیان هەر ئەو برادەرەی پێشنهادی کرد فەرهەنگستانێ دابنێن کەلیمەی کوردی، ووشەی کوردی جوان و ئی تازە بخەنە جێگەی زمانەکانی تر.

قازی: زۆر سپاس بۆ بەشداریتان، ڕێزدار ئاراممان لەگەڵە لە سوێد، ئەم کاتەتان باش

ئارام: ئەلۆ

قازی: ئەلۆ، شەو باش

ئارام: شەو باش کاتێکی خۆشتان بۆ ئاواتە خوازم

قازی: فەرموو، سەرچاوان

ئارام:  ئەمن بە ڕاستی تێبینییەکم لەگەڵ بەرنامەکەتانا بوو

قازی: فەرموو

 ئارام:  و بە ڕاستی جێگەی ڕەخنەیشە، هیوادارم کە بە داخەوە یانی ناڕاستەخۆ و غەیری موستەقیم ئەو کارە بکەن بەڵام بە  شێوەیەک ئێوە تەبلیغ بۆ جمهووری ئیسلامی ئێران ئەکەن بە مەترەح کردنی مادەی ١٥-ی قانوونی ئەساسی

قازی: بەڵێ،

ئارام: ئەگەر ئێوە خەبەردار بن لە قانوونی ئەساسی عێڕاقا هیچکەس بدوونە دادگا، بدوونە قازی، بدوونە وەکیل مودافیع ...، بەڵام میلۆنها ئینسان ئێعدام کران

قازی: ئیجازە فەرموو

ئارام: یەک دەقیقە ، بە میلۆنها ئینسان ئێعدام کران بێ ئەوەی ،

قازی: ئیستێکی کەم بگرە با تەوزیحێک بدەم

ئارام: زۆر باشە

قازی: تەوزیحەکەش ئەوەیە، ئیجازە فەرموو، ئیجازە فەموو. ئەتۆ ئاوا ڕاستەوڕاست کە بەشداریت فەرمووە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا قسە بکەی نابێ ئاوا حوکم بدەی. ئێمە باسێکی فاکتایی دەکەین وا نییە؟

ئارام: وایە بەس ئەمن

قازی: ئیجازە بدە. قانوونێکی ئەساسی هەیە ، مادەیەکی تێدایە باسی ئەو مادەیەمان کردووە. جەنابت ناتوانی وەکوو تاقە کەسیش دروست نییە ماف بە خۆت بدەی بە شێوەیەکی دیکە مەسەلەکە هەڵگێڕییەوە. بەردەوام بە

ئارام: کاک حەسەن یەک مەوزووعی جیدیتان بۆ باس بکەم  کە نووسینی قانوون بۆ خۆی بە تەنیا کافی نییە

قازی: زۆر باشە، وا بفەرموو

ئارام: وە بەڕێوەبردنی قانوون کافییە. ئایا جمهووری ئیسلامی ئێران لە ماهییەتی سیاسی خۆیا توانایی و زەرفییەت و کاپاسیتێتی بەڕێوەبردنی ئەو قانوونەی هەیە یان نا؟

قازی: زۆر باشە، ئەوە پرسیارە ، فەرموو

ئارام: نە گەورە کردنی بەندی ١١-ی قانوونی جمهووری ئیسلامی

قازی: ١٥

ئارام: ئەمن بە داخەوە پێم وایە ئەو شێوەی بەحس کردنە ئەگەر هەدەفی ئێوەش ئەوە نەبێ، حەتا ئەگەر هەدەفەکەشتان شتێکی موسبەت بێ بەڵام ئەو شێوە لە قسە کردنە ئەمن پێم وایە زەربە لە قەزییەکە دەدا.

قازی: باشە، زۆر سپاس بۆ بەشداریتان ڕێزدار  ئارام لە سوێد. وابزانم بینەرێکی دیکەشمان دەگەڵە. ئەو کاتەتان باش. کاک سەعید ئەم کاتەت باش

سەعید: سەلام کاکە، شەوتان باش

قازی: شەو باش ، فەرموو کاک سەعید

سەعید: هیوادارم موەفەق بن زۆر سڵاوم هەیە بۆ کاک ئەمیری حەسەنپوور و بۆ جەنابت

قازی: زۆر سپاس

سەعید: پرسیارێکی چکۆڵەم هەیە

قازی: فەموو

سەعید: دیارە فەرمووی کاک ئەمیر لە سیستمی تورکییەی دا بە ڕەسمی دژی زمانی کوردی کار دەکرێ، لە ئێرانیش مادەی ١٥ باسی زمان دەکات و بە کردەوەش کە دەبینین بە نهێنی موخالیفە و نایەڵێ کە ئەو مادەیە بچێتە پێشێ یان مەدرەسەیێکی بۆ دانێن. ئەوەشتان باس کرد، جا پرسیارەکە لێرە ئەوەیە لە کاک ئەمیری ئێستا کە ڕووناکبیرانی کوردی ئێرانێ خەریکی نووسینن و مەقالات و ڕۆژنامە و گۆوار وشتی وا دەردەکەن ڕێژیمیش بە توندی پێشیان ناگرێتن پێتان وا نییە، یانی پرسیارەکە ئەوەیە کاک ئەمیر پێی وا نییە داخوا ئەو پێش نەگرتنە و نەرم کێشانە لە لایەک فشاری خەڵکەکەیە و ناتوانێ پێشیان بگرێ ، لە لایەکیش ڕێگا دەدا بۆ وەی سەرگەرم بن و باسی سیاسی نەکەن و مافەکانی خۆیان لە بیر بچێتەوە. ئەو پرسیارەیە.

قازی: بەڵێ ڕێزدار سەعید زۆر سپاس بۆ بەشداریتان. ئەم کاتەت باش. کاک ئەمیر فەرموو. ئیدی وا بزانم جارێ تەلەفۆنمان نابێ چونکوو  کاتەکەشمان نازانم چۆناوچۆنە بەڵام هەر چۆنێک بێ ئەگەر ووڵامی پرسیارەکان بفەرمووی لە پێوەندی لە گەڵ ئەو پرسیارانە دا کە کرا ئەمنیش پرسیارێکم هەیە دەتوانی ڕەبتی بدەی بە وان. ئەویش لە ڕاستیدا بارودۆخی زمانی کوردی و هووییەتی کوردی وەکوو ڕێزدارێک ئێستا لە تەلەفوونیش دا باسی کرد لە پێوەندی لەگەڵ باشووری کوردستان و بە تایبەتی لە قانوونی بڵێین  کار پێ کردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە لە مادەی ٩ دایە کە بەشێوەیەکی زۆر کۆنکرێت و موعەیەن ستاتوس و پلەیەکی زۆر تایبەتی دەناسێ بۆ زمانی کوردی. یانی زۆر تایبەتی بە ڕاستی لە باری قانوونییەوە وەک لە سەر کاغەز،بۆ ئەو ماوەیەش کە دەکرێ ئەوە بکرێتە زەمینەیەک بۆ  قانوونی دائیمیش دە ڕاستیدا زمانی کوردی یەکسان دیتراوە لەگەڵ زمانی عەڕەبی. جا لەو پێوەندییانە دا هەموو پرسیارەکانیش تکایە تا ئەو جێیەی دەتوانی ووڵامی هەموویان بدەیەوە. فەرموو.

حەسەنپوور: باشە، من حەول دەدەم پرسیارەکان زۆرن بەڵام  چەند لەو پرسیارانە پێکەوە پێوەندییان هەیە.
قازی
: ١١ دەقیقەشمان وەخت ماوە


حەسەنپوور: بەڵێ، پرسیاری ئەوەڵێ کە لە نۆروێژەوە بوو باسی جیابوونەوە. من پێم وایە جیا بوونەوە بۆ دانانی دەوڵەتێکی کورد مافی گەلی کوردە چون نەتەوەیەکە. هەم دێمۆکڕاسی بورژوازی ئەوەی قبووڵە، هەم  دێمۆکڕاسی سۆسیالیستی. دیارە مەسەلەی خاک و ووڵات، کوردستان وەک ووڵاتێک من ئەوەشم باس کرد، بەڵام باسی ئەوشۆمان زۆرتر باسی زمان بوو، دەنا وەک ئەوەیکە بنچینەی نەتەوە بوونی کورد چییە؟ یەکیان ئەوەیە کە ئەمن باسم کرد ووڵاتێکی هاوبەش بە نێوی کوردستان هەیە.
-پرسیارەکەی دی کە لە لەندەنەوە کرا سەبارەت بە نووسینەوەی تاریخ. ڕاستەوخۆ ناگەڕێتەوە سەر مەسەلەی زمان. بەڵام ئێستا وای لێ هاتووە ئەو ماوەیەی کە حکوومەتێکی کوردی هەبووە، حکوومەتی کورد هەبووە لە کوردستانی عێڕاق یان بەشێک لە کوردستانی عێڕاق کێشەی کتێبی دەرسی و ئەوانە هاتە گۆڕێ کە لایەنێکی زمانە بۆ وێنە لە زانکۆکان کتێبی دەرسی کوردی نەبوو، زۆرتر عەڕەبی یان ئینگلیسییان دەکار دەهێنا، لایەنێکی دیکەشی ئەوەیە کە ناوەڕۆکەکانی دەبێ لە سەر ڕا بنووسرێتەوە بە تایبەتی لە باری مێژووەوە، ئەوەش بەشێکە لەو خەباتەیە.
-باسێکی تر کرا کە  'سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی ' چ دەکا. دیارە من باسی وەم کرد کە کێشەی سەرەکی لە ئێران یان لە تورکییەی یا لە عێڕاق ئەوە نییە کە قانوون ڕێگە نادا بە دەوڵەت کە ئیجازە بدا بە کورد کە زمانی خۆی دەکار بێنێ یان ئازادییەکانی تری هەبێ، کوردی ئێرانێ یان نەتەوەکانی تر هەیانبێ لە ئێرانا. زۆرتر مەسەلەی سیاسەتە. دەوڵەتەکان دەوڵەتێکی دێمۆکڕاتیک نین. تەنانەت دەوڵەتێکی دێمۆکڕاسی بورژوازیش نین کە ڕێگە بدەن بەعزە قانوونێک کە دێمۆکڕاسی بورژوازی ناسیویەتی گەلی کوردی لێ بێ بەش نەکرێ.
-باسێک ئەوە بوو کە، ئەوەی کە لە ناوچەی ئۆتۆنۆم دا ، باشم نەنووسیوە
-باسێکی تر ئەوە بوو کە ، ئاخرین پرسیار کرا کە دەوڵەتی ئێرانێ حوسنی نییەتی نییە، دەوڵەتی ئێرانێ ئێستا بۆی ناکرێ کورد سەرکوت کا بۆیەیە ڕێگە دەدرێ. من پێم وایە ئەوە زۆر ڕوونە. پێم وایە لە قسەکانی منیش دا ڕوون بوو کە کێشەکە کێشەیەکی سیاسی یە. ئێمە لەو ووڵاتانە دا کێشەی ئێمە ئەوەیە کە لە سوورییە و لە عێڕاق ناسیۆنالیزمی عەڕەب حکوومەتی بە دەستەوە بووە، لە تورکییە ناسیۆنالیزمی تورک و لە ئێرانیش ناسیۆنالیزمی فارس کە پێی دەڵێن ئێرانی. ئەوانە دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە، دەسەڵاتی وانە جوورێک بووە کە بەرنامەی سەرەکی ئەو سێ ناسیۆنالیزمانە لەو چوار ووڵاتە ئەوە بووە کە گەلی غەیری عەرەب و تورک و فارس بتوێننەوە. یانی کێشەکە لە ئەساس دا کێشەیەکی سیاسییە.
-لەبابەت کوردستانی عێڕاقەوە ئەو قانوونی ئەساسییەی دەستووری کاتی کە سێ مانگ لەوەی پێش

قازی: پرسیارەکان تەواو بوو تەقریبەن

حەسەنپوور: ئا، دەمەوێ بیخەمەوە سەر پێوەندی بە ئەوەوە بدەم چون ڕووناکایی دەخاتە سەر کێشەی زمانی کوردی لە ئێران و لە تورکییە. ئەوە لە عێڕاقا قانوونی ئەساسی یان دەستور یان کانستیتوسیۆنێکی تازە هەیە کە کاتی یە ئەوەندە ڕێگا دەدا بە کوردی کە کوردی و عەڕەبی لە ڕەسمییەت دا هاوشان بن، هەرکیان زمانی ڕەسمی عێڕاقن. ئەوە فەرقی زۆرە لەگەڵ ئێران و لە تورکییە. لە تورکییەی زمانی کوردی هێشتا زمانێکی ڕەسمی نییە ، تورکییە ئێستا تەنیا دەڵێ ئەمن سەرکوتی ناکەم، ناڵێ زمانی کوردی زمانێکی ڕەسمی یە. لە ئێرانیش کوردی زمانێکی ڕەسمی نییە بەڵام لە عێڕاقا لەو دەستوورە دا، لەو قانوونی ئەساسییە دا کوردی و عەڕەبی تا ڕادەیەکی زۆر هاوشانن کە بەشێک لەوەی ئەوەیە کە بەڵگەی قانوونی لە پاسپۆرت ڕا بگرە هەتا قانوونەکانی عێڕاقێ دەبێ بە هەر تک زمان بنووسرێن ، ئەوە دیارە پێشکەوتنێکە لە باری قانوونییەوە.
-پرسیارێکیش کە کرا گشت شتێک دەبێ بە دوو زمان بێ بەڵێ ئەوە دەکرێ ئەو قانوونە، ئەو مادەی قانوونە ئاوا لێک بدرێتەوە کە هەر وەک لە کانادایە باوە. لە کانادایە تەواوی بیزنسەکان، تیجاڕەتەکان، کارخانەکان هەر کامیان بیانەوێ شتێک بێننە نێو بازاڕ، وای دابنێ خواردەمەنییەک ، دۆڵمەی هەڵپێچراو کە ئێستا دەیفرۆشن لە بازاڕ، هەر شتێکی دەنووسرێ دەبێ هەم بە فەڕانسە بێ هەم بە ئینگلیسی کە دوو زمانی ڕەسمی ووڵاتن. لە عێڕاق دەکرێ بڵێین ئەگەر ئەو دوو زمانانە هاوشان بن دەبێ ئاوا بێ. بەڵام یەک شتی تر لە کانادا کە دەوڵەتێکی دێمۆکڕاسی بورژوایی یە لە ئاکامی خەباتی فەڕانسەیی زمانەکاندا ئێستا ماوەی نزیکەی ٢٢، ٢٣ ساڵە کە نەک هەر بەرنامەی هاوشان بوونی زمانی فەڕانسەیی و ئینگلیسی هەیە- ئەوەش بڵێم لە کانادا زمانی فەڕانسەیی یە کە سەرکوت کرا بوو، نەک وەک زمانی کوردی تا ڕادەیەکی کەم - ، ئێستا دەوڵەتی کانادا نەک بەرنامەی ئەوەی هەیە کە ئەو دوو زمانانە ڕەسمین و هاوشانن لە هەمان کاتدا بەرنامەی وەی هەیە کە یارمەتی زمانی فەڕانسەیی بدا کە هەنگاوی زۆرتر بەرەو پێش بەرێ کە لەو ماوەیەی کە سەرکوت کرا بوو، وە دوا کەوتبوو وەپێش کەوێ. نموونەیەک بێنمەوە ئەوەیە دەوڵەتی کانادا هەر کەسێکی بییەوێ منداڵەکەی ، کەسێکی کە زمانی فەڕانسەیی نەبێ لە ماڵێ، بییەوێ منداڵەکەی بە زمانی فەڕانسەیی دەرس بخوێنێ منداڵەکەی لە هەر جێیەک بێ دەوڵەتی کانادا ئوتوبووس و ئیمکاناتی دەداتێ کە منداڵەکەی بچێتە ئەو مەدرەسە. ئەوە خەرجێکی  یەکجار زۆریشی هەیە. تا ئێستا نزیکەی  دوسەد هەزار منداڵی کانادایی کە زمانی ماڵێیان فەڕانسەیی نییە زمان فێر بوون. یەکێک لەوانە کوڕی من کە بە منداڵی بە ٥ ساڵی هاتە کانادایە لە ڕۆژی هەوەڵەوە ئێمە لە مەدرەسەی فەڕانسەیی زمانمان دانا. لەو گەڕەکەی ئێمەی لێ بوین مەدرەسەی فەڕانسە زمانی لێ نەبوو بەڵام ئوتوبووس دەهات دەیبرد بۆ ئەو مەدرەسەی. جا مەبەست ئەوەیە لە عێڕاقدا ئەگەر قەرار بێ کوردی و عەڕەبی هاوشان بن، بەرابەری بێ، دێمۆکڕاسی ڕاستەقینە هەبێ دەبێ دەوڵەتی عێڕاق بەرنامە دابنێ بۆ  ئەوەی زمانی کوردی کە سەرکوت کراوە لە ڕابردوو، بەرنامەی بۆ دا بنێن کە ئەو زمانە ئەو سەرکوت بوونەی بتوانێ تێ هەڵبێنێتەوە.

قازی: باشە ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ، مادەکان بخوێنینەوە دیارە ئەوەیکە جێ بە جێ دەکرێ یان جێ بە جێ ناکرێ ئەوە باسێکە و ئەوەش کە ئەو مادەیە هەیە ئەوە باسێکی دیکەیە و یانی ئەو تەماشاگەرە، ئەو بینەرەش کە حەساسییەتی هەبوو کە باسی مادەی ١٥ کرا لە ڕاستیدا حەساسیەتەکەی لە جێگای خۆیدا نییە، چونکە ئێمە باسی ناوەرۆکەکەی دەکەین ئەوەی کە جێ بە جێ دەکرێ ناکرێ ئەوە باسێکی دیکەیە.

حەسەنپور: ئێمە باسمان کرد کە مادەی ١٥ بە ڕاستی شتێکی وای تێدا نییە.

قازی: با نەچینەوە وێ. بێینە سەر مادەی ٩-ی قانوونی کارپێ کردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە کە وەکی دەزانین زۆر لایەنی پۆزیتیڤی تێدا هەیە لە ڕوانگەی کوردانەوە بە تایبەتی لە ڕوانگەی دەسەڵاتی کوردییەوە لە باشووری کوردستان زۆر تەئکیدی لە سەر کراوە و کوردانیش لە فۆرموولە کردن و گەڵاڵە کردنەکەیدا زۆر دەستیان هەبووە. پرسیارەکەی من لە پێوەندی لەگەڵ ناوەرۆکی دایە و لە بەراوەرد کردن دەگەڵ شوێنی دیکە، کە مەسئەلەی ئیمکانی دو زمانی ڕەسمی بەڕێوە دەچێ مەسەلەن ووڵاتێکی وەکوو فەنلاند، ووڵاتێکی وەکوو بیلژیک.
-لێرە دا کوتراوە کە ، بەڵێ، [ یەکسەر لە ئینگلیسییەوە وەری دەگێڕێ] زمانی عەڕەبی و کوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێڕاقدا، مافی عێڕاقییەکان هەیە کە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن بە زمانی زگماکی خۆیان، وەکوو زمانی تورکومانی، سیریاک یانی سوریانی یان ئەرمەنی و لە دامو دەستگا پەروەردەییەکانی حکوومەتی دا بە پێی ئەو ڕێنوێنییانەی پەروەردەیی کە دەدرێ یان بە هەر زمانێکی دیکە لە ئەنیستیتووەکانی پەروەردەیی خسووسیدا دەبێ ئەو شتانە گارانتی بکرێ، یانی ئەو خوێندنە. و ڕادەی موستەلەحەی زمانی ڕەسمی و ئەو ئامرازانەی کە بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو مادانە ، ئەو شتانە کە لەو مادەیە دا لە بەر چاو گیراوە دەبێ لە لایەن قانوونەوە دیاری بکرێ و ئەوە ئەو شتانەی خوارەوە دەداتە بەر خۆی:
-بڵاو بوونەوەی ڕۆژنامەی ڕەسمی دەوڵەت دەبێ بە هەر دوو زمانەکان بێ.
-ووتار دان و دەربڕین لە بۆنە ڕسمییەکاندا وەکوو بۆ وێنە لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا یان لە شووڕای یان ئەنجومەنی وەزیراندا ، لە مەحکەمەکاندا و لە کۆنفڕانسە ڕەسمییەکاندا دەکرێ بە هەر یەک لە دوو زمانەکان بێ،
-ناسین و بڵاوکردنەوەی دۆکیومێنتە ڕەسمییەکان و پێوەندییە ڕەسمییەکان یانی کۆرسپاندنس، موکاتەباتی ڕەسمی بە هەر دووک زمانەکان.
-کردنەوەی مەدرەسەی ئەوتۆ، مەکتەبی ئەوتۆ، خوێندنگەی ئەوتۆ  کە هەر دووک زمانەکانی تێدا دەکوترێتەوە بە پێی، دیسان، تەعلیمات یان ڕێنوێنییەکانی پەروەردەیی
-بەکارهێنانی هەر دووک زمانەکان لە هەر چوارچێوەیەکی دیکە دا کە لە سەر ئەساسی پرێنسیپی وەکوویەکی  وەکوو پارە، بڵێین بانک نۆتس، و پاسپۆرت و هەر وەها تەمر یان پوول [بە شێوەزاری دیکە] .
-بەکارهێنانی هەر دووک زمانە کان لە ئەنیستیتووە فێدێرالییەکاندا و لە ئاژانسە فێدێرالەکاندا ، لە مۆئەسەساتی فێدێڕالی دا لە ناوچەی هەرێمی کوردستان
پرسیارەکەی من ئەوەیە گەلۆ ئەو شێوازە بۆچوونە دێمۆکڕاتیکە بۆ زمانی کوردی و هاوسانی و یەکسانی  زمانی کوردی بە تایبەتی لە چوارچێوی عێڕاقدا دەپارێزێ یان نا؟ بۆچوونێکی ئەوتۆ، ئەوەی کە جێ بە جێ دەکرێ یان ناکرێ ئەوە بەحسێکی دیکەیە.

حەسەنپوور: بەڵێ ، پێم وایە بۆچوونێکی ئەوتۆ دەیپارێزێ. زمانی کوردی دەپارێزێ و ئەو بەرهەڵستانەی بووە، ئەو لەمپەرانەی کە بووە لە بەرابەر زمانی کوردیدا زۆربەی ئەوانە وەلا دەنێ ئەو قانوونە هەر لە قانووندا. بەڵام من دەڵێم ئەوە کافی نییە. دەبێ بەرنامەی پرۆمۆشن ئاف لەنگوێج ، ئەوەیکە پێی دەڵێن لە ووڵاتی وەک کانادا. زمانێکی سەرکوتکراو هەر ئەوەندە کافی نییە کە بڵێی ئێستا ئەوە من مەیدانی بەرەڵا دەکەم وەرە ئەتۆش ڕەسمی بووی. زمانی کوردی لە زۆرە بارەوە نابەرابەرە، زمانی عەڕەبی دەسەڵاتێکی زۆرتری هەیە لە دنیایێ دا، زمانی ڕەسمی نەتەوە یەکگرتووەکانە، نزیکەی دووسەد میلیۆن کەس قسەی پێ دەکا، مێژوویەکی هەیە کە زۆر لە مێژووی زمانی کوردی جیاوازی هەیە، بەڵام لە هەمووی گرینگتر، ماوەی، لە ساڵی ١٩١٨ وە کە دەوڵەتی عێڕاق دامەزراوە سەرکوت کراوە جا بۆیە لە ووڵامی ئەو پرسیارەتدا دەڵێم ئەو شتانە باشن لێر ولەوێ دەکرێ

قازی: زمانی کوردی خۆ سەرکوت نەکراوە ، دەتوانین بڵێین زمانی کوردی لە عێڕاق سەرکوت کراوە؟

حەسەنپوور: بەڵێ سەرکوت کراوە

قازی: چۆن؟

حەسەنپوور: کاتێکی زمانی کوردی ، کورد خەباتێکی زۆری کرد کە ڕێگەی بدەن لە ڕادەی مەدرەسەی سانەوی دا دەرسی پێ بکوترێ. بە زەحمەت ئەوەیان قەبووڵ کرد. دوایە لە

قازی: باشە ، ببوورە

حەسەنپوور: لە ڕادەی کالیچ و زانکۆ ڕێگایان نەدەدا

قازی: ببوورە ئاگادارییەکی پچووک بدەین بە بینەرانی بەڕێز. ئێمە لە بەر ئەوەی قسەکانی  ڕێزدار ئەمیر زۆر بە کەلکە و پێمان وایە دەبێ زیاتر لە سەر ئەو بابەتە بکۆڵینەوە وا بزابم بەرنامەکەمان دەتوانین بەردەوام بکەین هەتاکوو سەعات دە، دوای پرسیارێکی کورتی دیکە هیوادارم کە جارێکی دیکەش دیسان بینەران بتوانن بەشداریمان لەگەڵ بکەن. باشە لە سەر ئەو زەمینەیەی کە باستان کرد کە سەرکوت بەو مەفهوومە نا بەڵام  هاوشان و هاوتەریب نەبووە دەگەڵ زمانی عەڕەبی لە ڕەسمییەتدا. دەتوانین ئەوە بڵێین بەڵام  هەر لە کۆنەوە، هەر لە زەمانی ئینتیدابەوە ئەو بارودۆخەی کە زمانی کوردی لە باشووری کوردستان هەیبووە جێگای بەراوەرد کردن نییە لەگەڵ چ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە ئاستێکی زۆر هەراوتر دا لەگەڵ باکووری کوردستان یان باشووری ڕۆژئاوای کوردستان. پێم خۆش بوو ئێوە، باسی ئەوەتان کرد کە ئەوە تەبیعەتەن لە ڕێگای خەباتی گەلی کوردەوە بە دەست هاتووە. لە سەروبەندی پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕنی عێڕاقدا، چ دژایەتییەک هەبوو لە بەرانبەر بەکارهێنانی زمانی کوردی وەکوو زمانی نووسین لە کاتێکدا دەزانین کە دەستگای ئینتیداب یانی بریتانیاییەکان بۆخۆیان لەوێ  لەگەڵ ئەوە بوون کە کوردەکان بتوانن زمانی خۆیان بەکار بێنن لە نووسینیش دا. فەرموو. بەڵام بە کورتی تکایە

حەسەنپوور: بەڵێ  لە ١٩١٨ تا ١٩٢٠ دەوڵەتی ئینگلیس بەرنامەی وەی هەبوو کە زمانی کوردی ڕێگە بدا و بڕێک پەرە بستێنێ بەڵام دوایە کە بەرنامە گۆڕا و بەرنامەی ئەوە بوو دەوڵەتێکی عەڕەبی لە بەغدا دامەزرێنن، بە تایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٢٣ کە پەیمانی سێڤر کە دەگەڕاوە سەر تورکییە و دەبوو دەوڵەتێکی کورد پێک بێنێ ، ئەوە لاچوو پەیمانی لوزان هاتە گۆڕێ کە دروست کردنی دەوڵەتی هەرمەنی و دەوڵەتی کوردی لە تورکییە وەلانا، چونکە کوردی عێڕاقێ حەقی وەیان هەبوو ببن بە شێک لەو دەوڵەتە. لە ١٩٢٣ بەو لاوە دەوڵەتی ئینگلیستان  ئەوەندەی بۆی دەکرا پێشی زمانی کوردی دەگرت بەڵام، هەڵبەتە ئەو زەمانی عوسبەتولئومەم هەبوو، کۆمەڵی نەتەوەکان. کۆمەڵی نەتەوەکان ڕێگەی دابوو بە ئینگلیستان کە عێڕاق و فەلەستین ، لوبنان ئی فەڕانسە بوو، سوورییە ئی فەرانسەی بوو، حیجاز و ئوردون و ئەوانە لە ژێر دەست ئینگلیس دا بوو بەڵام گشت ساڵێک دەبوو لە ژێنێڤ لە پێرمەنێنت مەندەیتس کۆمیشن ، کۆمیسیۆنی دائیمی ئینتیداب دەبوو بێ لەوێ بڵێ لەو یەکساڵەی دا چۆنی عێڕاق ئیدارە کردووە. هیچ ساڵێک نەبوو لە ساڵی ١٩٢٠ەوە تا ساڵی ١٩٣٢ کە ئیتیداب ئینگلیستان بوو لە عێڕاقا کورد شکایەتێ نەکا. یەکێک لە شکایەتەکان ئەوە بوو کە زمانی کوردی دەبێ زمانی دەرس کوتن بێ، لە مەدرەسەی سەرەتایی و سانەوەی و لە زانستگا. دەوڵەتی عێڕاقێ ئیجازەی نەدەدا دەیگوت بە قازانجی کوردانە کە عەڕەبی فێر بن، دەوڵەتی ئینگلیستانیش زۆرتر لەگەڵ دەوڵەتی بەغدا بوو تا لەگەڵ کوردەکان. کتێبی دەرسییان دەویست، چەند ڕۆشەنبیری کورد کتێبی دەرسییان نووسی وە مودیری مەعاریف لە عێڕاق کە ئەو وەختە ساڵانی ١٩٢٠ ئەبوو خەلدوون ساتعولحوسری کە ناسیۆنالیستێکی ناسراوی عەڕەب بوو، ئەو ڕێگەی نەدەدا کتێبە دەرسییە کوردییەکان لە وەزاڕەتی مەعاریف وەریگرێ و لە مەدرەسەکاندا دەرسی پێ بکوترێ. با ئەوندەت فەقەت پێ بڵێم  لە ساڵی ١٩٣٢ کە ئیتنتیداب خەریک بوو تەواو بێ لە سەراسەری کوردستانا تەنیا ١٥ مەدرەسەی سەرەتایی هەبوو ئەویش زۆرتر لە ناوچەی سۆران، لە ناوچەی بادینان هیچ مەدرەسەیەک نەبوو.

قازی: باشە، باسی ئەو ڕێزدارەتان کرد ئەوەی کە مودیری مەعاریف بووە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو حەولانەی کە خوێندەوارانی کورد و بڵێین مونەویرینی کورد دەیاندا بۆ ئەوە ڕێفۆرمێک پێک بێنن لەو خەتی باوی عەڕەبی دا بۆ ئەوەی کە دەنگەکانی کوردی نیشان بدا، هەرچۆنێک بێ ڕێفۆرمە کردنی ئەو خەتە عەڕەبییە بۆ نووسینی زمانی کوردی. هێندێک بۆچوونی سەیری هێناوەتە گۆڕێ، ئەگەر باسی ئەو بۆچوونانەش بکەی بەجێ دەبێ،

حەسەنپوور: بەڵێ ئەو ساتعولحوسری ئینسانێکی ناسیۆنالیستی ، عەڕەبی دێمۆکڕاتی ئەڵبەتە ڕۆمانتیک بوو. ڕۆشەنبیری کورد هەر وەک باست کرد بو وێنە وەکوو تۆفیق وەهبی، ئەوە زووتریش دەستی پێ کردبوو، لە دەورەی عوسمانی کە ئەلفووبێی عەڕەبی بۆ نووسینی  کوردی زۆر باش نایەتەوە دەبێ بەعزە شتێکی لێ زیاد و کەم کەی. وەک ٧ی ئێستای لە سەر دادەنێین و /ڤێ/ ی بە سێ نوختە بنووسی و ئەوانە. دەستیان پێ کردبوو ئەوەی بکەن بە تایبەتی توفیق وەهبی ئەوەی کرد بوو کە توفیق وەهبی خۆی لە حکوومەتی عێڕاقێ دا بوو، ماوەیەک لە سولەیمانی گاڤرنری، ئوستانداری سولەیمانی بوو. لە کابینە دا بوو ماوەیەک. ساتعولحوسری دەیگوت ئێوە حەقوو نییە،حەقتان نییە هیچ شتێک لە خەتی عەڕەبی زیاد کەن چونکە ئەوە خەتی قوڕئانە قوڕئانیش کەلامی خوڵایە. تۆفیق وەهبیش دەیگوت قوڕئان کاتێکی کە  نووسرا، ئەوەڵ جار کە نووسرا مەتنەکانیشی ماوە، کۆنترین قورئان، هیچیان نە ئێعرابی هەیە نە نوختەی لە سەرە، دوایە لە سەریان داناوە کە وابێ، کوردیش دەتوانێ ئەوەی بکا بۆ ئەو زەمانی ٢٠٠ ساڵ دوای پێغەمبەری توانییان شتی لێ زیاد کەن بۆ ئێستا کورد ناتوانێ؟ دوایە دەیکوت بۆچی فارسان چوار عەلەمەتیان داناوە

قازی: بۆ ئەو دەنگانەی کە لە زمانەکەیاندا هەیە، لێیان زیاد کردووە

حەسەنپوور:  بەڵێ / پێ/ پ لە عەڕەبی دا نییە. فارسان دوو نوختەیان لە ب زیاد کرد بوو بە پ. /گێ/ لە عەڕەبی دا نییە  خەتێکیان لە ک زیاد کرد ، تۆفیق وەهبی دەیگوت بۆچی فارسان هەزار ساڵ لەوەی پێش ئەوەیان کردووە ئەوە دژایەتی لەگەڵ خودا و قورئان نییە بۆچی کورد ئێستا ئەوەی بکا دژایەتی یە؟ بەڵام لە هەر حاڵا،

قازی: تەنانەت لەو باەرەیەوە وا بزانم ئەفسەرێکی ئینتیدابیش، ئێدمۆندز، لەو بارەیەوە قسەیەکی جوانی هەیە چی گوتبوو؟

حەسەنپوور: بەڵێ، ئێدمۆندز لەوەی زۆر توورە ببوو. دەوڵەتی ئینگلیستانێ لایەنگری دەوڵەتی عێڕاقێی دەکرد. ئێدمۆدنز لەوەی زۆر تووڕە دەبێ نامەیەکی سیڕی دەنووسێ بۆ لەندەنێ،دەڵێ چۆن دەوڵەتی عێڕاقێ کە دەڵێ ئەمنییەتی من  بە زیاد کردنی سێ نوختە لە خەتی عەڕەبی لە مەترسی کەوتووە، دەڵێ چۆن شتێکی وا قەبووڵ دەکرێ کە ئەمنییەتی دەوڵەتێک کە جەیشی هەیە، دەزگای دەوڵەتی هەیە ، ئێمە یارمەتی دەدەین چۆن ئەمنییەتی  وەی بە زیاد کردنی سێ نوختە لە حەرفێکی لە مەترسی دەکەوێ؟ تەنانەت لە نێو خۆشیاندا  موشکیلیان هەبوو بەعزێکیان لەو ئیفڕاتەی کە دەوڵەتی بریتانیا دەیکرد نارازی بوون، بەڵام  مەبەستم ئەوەیە ئەگەر لە ساڵی ١٩٩١ کە دەسەڵاتی حکوومەتی بەعس لە سەر بەشێک لە کوردستان لا چوو  هەبوو مەدرەسەی سانەوی، کتێبی دەرسی کوردی هەبوو  بە ڕاستیش هەبوو، بە کوردیش دەرس دەکوترا و دەخوێندرا بەڵام  ئەو زەمانی سیاسەتی بەعس سیاسەتی تەعریب بوو.

قازی: ئیجازە بدە یەک دەقیقە. بینەرانی خۆشەویست ئەگەر پێتان خۆش بێ ئێوەش دەتوانن بەشداریمان لەگەڵ بکەن ، بۆ ماوەیەکی کورتی کە ماومانە سێ چوار دەقیقەیەک بەشکم یەک دوو تەلەفوونی دیکەش وەربگرین. فەرموو بەردەوام بە.

حەسەنپوور: مەنزوورم ئەوەیە دەوڵەتی بەعس تا ئاخرین ڕۆژێکی دەسەڵاتی بوو بە سەر کوردستانێ دا لە هەمان کاتدا
کە ڕێگەی دەدا دەرس کوتن لە مەدرەسەی سانەوی دا بە کوردی بێ، بەڵام سیاسەتی زمانی هێشتا تەعریب بوو.

قازی: باشە، ئێمە  دیسان لێرە ئەنجامێک دەربخەین لە پێوەندی لە گەڵ  باشوور و عێڕاق. بە لەبەر چاوگرتنی ئەو مادە قانوونییەی کە لێرە باسمان کرد، لەوێدا مەسەلەی زمان چ دەورێکی هەیە لە ناسنامە و هووییەتی کوردی دا؟

حەسەنپوور: لە کێهەیاندا؟

قازی: ئەوە دیسان تەلەفۆنمان بۆ هات. دەبێ ڕایبگرین. ڕێزدار ئاراممان لەگەڵە لە ووڵاتی نۆڕوێژ لە سکاندیناڤیا، ئەم کاتەت باش.

ئارام: ئەم کاتەت باش .

قازی: فەرموو

ئارام: ڕێز و سڵاوم بۆ دوکتۆر، ئەمەوێ پرسیارێ بکەم لە دوکتۆر. بەو یاسا کاتییەی کە لە عێڕاقدا دامەزراوە بۆ ڕەسمییەت ناسینی زمانی کوردی و عەڕەبی ئەمەوێ بپرسم  دوکتور تا چ حەدێک بڕوای بەوە هەیە کە ڕەسمییەت بوونی زمانی کوردی لە عێڕاقدا لە پراکسیزا، لە سبەینێیا، لە داهاتووا شۆڤێنێتی عەڕەبی ئەتوانێت بە ڕاشکاوی زمانی کوردی بناسێنێ و پراکسیز بوونی زمانی کوردی لە شوێنی وەکوو ئەو شوێنانەی کە تازە ئازاد کراون وەکوو کەرکووکا چۆن ئەتوانێ زمانی کوردی بە ڕەسمی بناسێندرێ لە پراکسیزا؟

قازی: زۆر سپاس

ئارام: سپاس بۆ ئێوەش

قازی: زۆر سپاس ئەو کاتەت باش. ڕێزدار ئەیووب مان لەگەڵە لە ووڵاتی ئاڵمانیا. ئەم کاتەت باش کاک ئەیووب

ئەیووب: ئەم کاتەتان باش کاک حەسەن. سڵاو ڕێزم هەیە بۆ میوانە بەڕێزەکەتان .

قازی: سڵاو لە ئێوەش فەرموو

ئەیووب: تەمەنا دەکەم. پرسیارێکی چکۆڵەم هەبوو. کاک ئەمیر لە سەرەتای فەرمایشتەکانیدا فەرمووی ئەمن زۆر لەگەڵ ئەو دەستە لە ڕووناکبیرانی کورد نیم کە زۆر باسی جیاوازی بکەن و باسی پێناسە بکەن. پرسیارێک دێتە پێشی کە ئایا مەسئەلەی کورد بە بڕوای من مەسئەلەی پێناسەیە دوایە مەسئەلەیەکی دیکە دێتە پێشی لە دنیای واقع دا مەسئەلەی پێناسە یا گەڕانەوە بۆ خۆ یا هوویییەت شتێکی دیاردەیەکی واقعی و عەینی یە. کۆمەڵگای  مرۆڤایەتی بە نەتەوە و بە ناسیۆنی  جۆراوجۆر دابەش کراوە هەر لە سەر ئەو ئەساسەش هەر میلەت و ناسیۆنێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیەوە چاو لە کێشەکە دەکا. هەر ئەوڕۆکە لە باشووری کوردستان ئێمە ئەو شتە دەبینین. ئایا ئەو خوێندنەوەی کاک ئەمیر تا چ ئەندازە لەگەڵ دونیای واقع دا دەتوانێ بۆ دۆزی کورد ڕوانگەیەکی واقعبینانە بێ، پرسیارەکەم ئەوەیە جگە لەوەش مەسئەلەیەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر مەسەلەی پیناسە فەقەت دیاردەیەک بێ لە ئاستی ڕووناکبیری و لە ئاستی ئاکادێمی دا باسی لێوە دەکرێ ئەدی بۆچی کاتێک کە مەسەلەی پێناسە و مەسەلەی نەتەوایەتی دێتە گۆڕێ دەتوانێ ئەم  چەمکانە بزوێنەری ئەوە بێ هەزاران ئینسان  بێنێتە مەیدان بە کوشتیان بدا، قوربانی بکرێن ئایا ئەو مەسەلە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

قازی: زۆر سپاس بۆ بەشداریتان، ئەم کاتەت باش.  وا بزانم تەلەفۆن ئیدی نەبێ باشترە چونکوو کاتمان کەم ماوە وا بزانم مامۆستاش ناپەرژێ جواب بداتەوە. فەرموو ئەگەر دەکرێ جوابی ئەو دوو پرسیارانە بدەوە.

حەسەنپوور: بەڵێ، ئەو دوو پرسیارانە زۆر باش بوون بۆ کۆتایی هێنان

قازی: کۆتایی نەهاتووە، چونکە ئەمنیش پرسیارێکم ماوە، فەرموو

حەسەنپوور: باشە، زۆر باشە.  عێڕاق چۆن ئەو قانوونەی دە کار دێنێ؟ ڕاستییەکەی ئەمن پێم وایە ئەوە تەنیا بەڵگەیەکە لە سەر کاغەز داهاتووی ئەوەی کە زمانی کوردی چی لێ دێ زۆرتر ئەوە نییە کە لە قانووندا چ دەنووسرێ، گەرچی ئەوە یەکجار موهیمە. موهیم ئەوەیە کە ئایا لە عێڕاقدا حکوومەتێکی دێمۆکراتیک هەیە یان نا، ئەمن لێرە دا تەنیا باسی دێمۆکڕاسی بورژوایی دەکەم. مەنزوورم ئەوەیە شتێکی وەک کانادا، شتێکی وەک بێلژیک. وەک سوێد. گەرچی ئەوێش من ڕەخنەم هەیە لە سیاسەتیان سەبارەت بە کەمایەتییەکان.

قازی: تەلەفۆنێکی ڕێگای دووریشمان هەیە ، لە وەتاغی فەرمان دەڵێن تەلەفۆنەکە مەعتەل بووە. برادەرێکمان لەگەڵە ، یان خوشکێک خانمێک لە سنەوە . ئەم کاتەتان باش

هیوا: ئەم کاتەتان باش

قازی: کاک هیوا ببوورە. ئەم کاتەتان باش کاک هیوا فەرموو

هیوا: ئەم کاتەتان باش. سڵاو وڕێزم هەیە بۆ مامۆستا، دەمەویست باسی جەریانی کوردستانێ بکەم، کوردستانی عێڕاقێ.

قازی: زۆر بە کورتی تکایە ئەگەر پرسیارت هەیە، چونکوو کاتمان نەماوە بە ڕاستی

هیوا: تێبینییەکم هەیە .

قازی: فەرموو تێبینییەکەت بە کورتی بفەرموو بۆ ئەوەی بپەرژێین هەموو شتەکان باس بکەین .

هیوا: باشە، بە سەر چاو. وەزیفەی کوردەکان لە بەشی باشووری کوردستان زۆر سەختترە ئەلئانەکە کە ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵکەوتووە . ئەمن دەمەوێ بڵێم بۆ خۆمان ئێمە دەبێ زۆرتر پێشقەدەم بین تا ئەوەیکە چاوەڕوانی عەڕەبەکان بکەین بزانین چەندە بەش و مافی ئێمە دەدەن.

قازی: زۆر زۆر سپاس

هیوا: مەسەلەن ئەلئانەکە دەبینن کەسێکی وەک سەرۆکی عێڕاق دەچێتە کۆڕ وکۆبوونەوەکان بە لیباسی عەڕەبییەوە بەشداری دەکا و ئەوانە. کەسێکی وەک دوکتور ڕۆژ نوری شاوەیسیش هەیە بە بڕوای من ئەویش دەتوانێ بچێ بە لیباسی کوردییەوە بەشداری بکا.

قازی: بەڵێ ، زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریتان و تێبینیتان. ئەم کاتەتان باش. کاک ئەمیر فەرموو

حەسەنپوور: بەڵێ من ئەوەم دەویست بڵێم کە لە عێڕاقدا یا هەر ووڵاتێکی تر لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرینگە قانوونەکە قانوونێکی دروست بێ، مافی زمانی کوردی بە تەواوی تێیدا دابین کرا بێ و بیپارێزێ؛ ئەوە زۆر گرینگە، بەڵام لە  نەهایەتدا مەسەلەکە دێتەوە سەر ئەوەی کە ڕێژیمەکە، حکوومەتەکە، نیزامی دەوڵەتی، دەسەڵاتی دەوڵەتی دەسەڵاتێکی دێمۆکڕاتیکە یان نا؟ چونکە ئەگەر دەسەڵاتێکی دێمۆکڕاتیک نەبێ ئەو قانوونە ناتوانێ پێشی بگرێ. قانوون تا ڕادەیەک دەتوانێ دەسەڵاتی سیاسی کۆنتڕۆڵ بکا بەڵام لە نیهایەتدا دەسەڵاتی سیاسییە کە تەنانەت قانوونی خۆشی دەخاتە ژێر پێ و پێشێلی دەکا. ئەوەی کە عێڕاق چی لێ دێتەوە ڕاستییەکەی ئێستا لە من بپرسن ئەمن دەڵێم نازانم چی لێ دێتەوە. مومکینە هەر ئەوەی کە لە دەستووری کاتیدا، ئەوەی کە باست کرد، لێرە باسمان کرد ئەوەی تێدایە، مومکینە لە دەستووری داهاتوو دا، لە دەستووری دائیمی دا هەرە ئەوەی تێدا بێ ئەوەی نازانین.

قازی: بەڵام یەک شت دەبێ لێی تێنەپەرین. ئەمن پرسیارم کرد پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نەسە، ئەو سیغەیەی کە لەو چوارچێوەی ئەو قانوونە دا هاتووە ئەگەر موقایەسەی بکەین لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی کە ووڵاتی دووزمانین. پرسیارەکەم دووپاتە دەکەمەوە، ئێوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاگادارییەی کە هەتانە بۆ وێنە سەبارەت بە پێوەچاران بە دوو زمان لە فەنلاند، لە بێلژیک بە چەند زمان، لە کانادا بە چەند زمان . پێتان وایە ئەوە لە چوارچێوەیەکی دێمۆکڕاتیک دایە یان نییە؟ ئەوەی کە جێ بە جێ دەکرێ ناکرێ، ئەوە موناقەشەیەکی دیکەیە.

حەسەنپوور: ئەمن ئەوەم  کە باس کرد گوتم ئەوە لەو چوارچێوە دەگونجێ بەڵام پرسیارەکە ئەوە بوو کە قانوون ئایا چۆنە، پرسیاری ئەوەڵێ.

قازی: ئی ئاخرئیش سەبارەت بە جلوبەرگی کوردی و عەڕەبی بوو

حەسەنپوور: پێش وەش کاک ئەیووب لە ئاڵمانەوە مەسەلەی پێناسەی هێنا گۆڕێ. من بۆیە دەلێم پێناسە ئەوەندە گرینگ نییە، ئەوەڵەن پێناسە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشەر لێک جوێ بکەیەوە. کورد هیچ پێوەندی بە عەڕەبەوە نییە، عەڕەب هیچ پێوەندی بە بلژیکییەوە نییە. کێشەیەکی ، ناکۆکییەکی سیاسی دروست دەکا، هاوبەش بوون و یەکگرتوو بوون و هاودەرد بوونی بەشەر

قازی: ئاخر باشە لەو قسەیەی کە دەیفەرمووی مومکینە ئاکامێکی زۆر سەیر دەربکەوێ وا نییە؟

حەسەنپوور: چۆن؟

قازی: یانی وەکوو ئینسان ئەگەر ئاوا گوێی لێ بێ یانی کە وابێ بۆ ئەوەی ئەو ئینسانانە لە هەمبەر یەکتری ڕانەوەستن، تووشی ئاڵۆزی نەیێن کە وابوو ئەوانەی کە هووییەتەکەیان ڕەفز دەکرێ داوای نەکەن چونکە ئەوە بشێوێنی پێک دێنێ. دەتواندرێ نەتیجەی وای لێ وەربگیرێ.

حەسەنپوور:  من ئەوە دەڵێم. من ئەلئان کوردم چون بە زمانی کوردی قسان دەکەم، ئەوەڵێ زمانی کوردی فیر بووم. دایکوبابم کورد بوون و ئەوانە ئەمنیان کردووەتە کورد، جیاوازم لەگەڵ ترکێکی کە وا نەبووە، یا لەگەڵ عەڕەبێک  یان بلژیکییەک. من  دەڵێم ئەوە گرینگ نییە. ئەو پرسیارەی کە کاک ئەیووب کردی ئەمن لە سەر ئەساسی ئەوە ناڵێم ئەگەر لە ئێران بژیم داوای وەی دەکەم من بە زمانی خۆم دەرس بڵێم و قسە بکەم و ئازادیم بێ و قانوونەکان بە زمانی کوردی بێ. لە سەر ئەساسی وەی پێناسەم نییە. لە سەر بنچینەی  ئەوەی کە من دێمۆکڕاسیم دەوێ . من مافم دەوێ ئەساسی باسەکە ئەوەیە. ئێمە پێویست نییە بڵێین  چون پێناسەی من لەگەڵ پێناسەی فارس و عەڕەب و ترک جیاوازی هەیە دەبێ مافی وەم هەبێ زمانی خۆم لە گشت بوارێکدا بە کار بێنم.

قازی: ئەو پرسیاری ئاخری بۆ ئەوەی ئەمنیش پرسیارێکی دیکە بکەم. پرسیاری ئاخری سەبارەت بەوە بوو ، ئەو ڕێزدارە تەلەفۆنی کرد کوتی چون ئەو سەرۆک کۆماری حکوومەتی کاتی لە عێڕاقێ ئێستا جار جار جلوبەرگی عەڕەبی دەبەر دەکا پێی وا بوو جێگرەکەشی کە کوردە دەبێ جلوبەرگی کوردی دەبەر بکا ئێوە بۆچوونتان چییە؟

حەسەنپوور: بەڵێ، من ئەگەر بیرو ڕای منتان دەوێ من هیچ کام لەوانەی کە لەو حکوومەتی پێشوو دا بوون یا لەو حکوومەتەی ئێستا دان هیچیانم قبووڵ نییە.

قازی: نا، ئەخر ئەو باسی ئەوەی نەکرد کە ئێوە قەبووڵتانە یا قەبووڵتان نییە . پرسیارەکەی ئەوە بوو کە سەرۆک کۆمار جلوبەرگی عەڕەبی  دەبەر دەکا، گەلۆ جێگرەکەی کە کوردە ئەویش جلوبەرگی کوردی دەبەر بکا موناسیبە؟ ئێوە هیچ یەک لە جلوبەرگەکان بە موناسیب نابینن پرسیارەکە ئەوەیە.

حەسەنپوور: نا من پێم وایە هیچ موشکیلەیەک نییە کوردەکان لیباسی کوردی دەبەر بکەن بەڵام هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکا.

قازی: زۆر باشە. ئاخر پرسیاری من، ڕەنگە ئاخریش نەبێ بەرەو دوایی دەڕۆین ئەویش ئەوەیە کە ئەو مەسەلەی زمان و ناسنامە  دە ڕاستیدا هەر بەو سێ بەشەی کوردستانەوە نەبەستراوەتەوە بە بەشێکی دیکەی گرینگی کوردستانیشەوە بەستراوەتەوە کە ئەویش باشووری ڕۆژئاوای کوردستانە. لەوێش ئەگەرچی زمانی کوردی هەمیشە هەر قەدەغە بووە بەڵام هەلومەرج جۆرێک بووە کە کۆمەڵانی خەڵکی کورد لەوێ لە ماڵە خۆیاندا بە کوردی قسەیان کردووە ، ئەگەرچی لە دەرەوەی ماڵێش مەجبوور بوون بە زمانی عەڕەبی بخوێنن. لەوێ ئێوە پێتان وایە زمان چ دەورێک لە هەلومەرجی ئێستا دا کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بخوازرێ و نەخوازرێ لەویش ئالۆگۆڕێک دەستی پێکردووە و دەست پێدەکا چ دەورێک دەتوانێ بگێڕێ زمان لە مەسەئەلەی هووییەتدا یان نێوێکی دیکەی کە ئێوە بۆخۆتان لێی دەنێن. فەرموو

حەسەنپوور: من ئەوەندەی ئاگام لێ بێ لە سوورییە کوردی وێ تووشی کێشەیەکی زۆر گەورە بوون لەگەڵ دەوڵەتی سوورییە لە ساڵانی  ١٩٦٠ ئەویش ئەوە بوو نەک هەر زمانی کوردییان قەبووڵ نەبوو بەڵکوو ئەوەندەی من ئاگام لێ بێ نیزیکەی سەدو بیست هەزار کەس کوردی سوورییەی لە مافی شاروەندی یا هاووڵاتێتی یان سیتیزنشیپ بێ بەشیان کردن. ئێستاش ئەو خەباتە درێژەی هەیە. بەشێکی زۆر لەوانە، کوردیکی زۆر نزیکەی هەشتا هەزار کەس ووڵاتی بە جێهێشت بەشێکی زۆریان چوونە لبنانێ. کێشەی سەرەکی ئێستا لە سوورییەی وا دیارە کە ئەوانە وەک هاووڵاتی وەک ئەوانیتر چاویان لێ بکەن کە ئەو دەمی مافی زمان  یەکێک لەو مافانەیە کە ئەوان داوای دەکەن.

قازی: باشە کاک ئەمیر ئەمن زۆر زۆر سپاستان دەکەم بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی پێڤاژۆ دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم

حەسەنپوور: منیش زۆر مەمنوونم کە ئەو دەرفەتەو دا باسوو لەگەڵ بکەم

قازی: بینەرانی خۆشەویست ئەوشۆ لە بەرنامەی پێڤاژۆ دا ویستمان بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرەتاوە وەکوو زەمینەیەک بۆ باسەکە باسی  بوحرانی ناسنامە یا بوحرانی هووییەتی بکەین و لەو  پێوەندییە دا دەوری زمانی کوردی لە هووییەت یا هەر نێوێکی دیکەی کە میوانی خۆشەویستی بەرنامە لێی نا باس بکەین. هیوادارم ئەو باسە بە نۆرەی خۆ کەلکی هەبووبێ تا پێڤاژۆیەکی دیکە ماڵتان ئاوا بێ.

تێبینی: ئەو هەڤپەیڤینە لەگەڵ دوکتور حەسەنپوور لە ئێوارەی جومعە ٢-ی مانگی ژووییەی ٢٠٠٤ بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ڕۆژەوە بڵاو کراوەتەوە.

پەیوەست

قانوونی بنچینەیی جمهووری ئیسلامی ئێران، بەندی دووەم: زمان، خەت ، مێژوو و ئاڵای ڕەسمی ووڵات
 ئەسڵی پازدەهەم
زمان و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە.بەڵگە و نامەگۆڕینەوە و دەقە ڕەسمییەکان دەبێ بە ئەم زمان و خەتە بێ بەڵام کەلکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و ئێتنیکییەکان لە چاپەمەنی و ئامرازی ڕاگەیێنەری گشتی و بە دەرس گوتنەوەی ئەدەبییاتی ئەوان لە مەدرەسەکاندا، بە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە.

ئەسڵی شازدەهەم
لەبەر ئەوەیکە زمانی قورئان و زانست و مەعاریفی ئیسلامی عەڕەبییە و ئەدەبییاتی فارسی بە تەواوی ئامێتەی بووە ئەو زمانە دەبێ لە دوای پلەی سەرەتایی تا دوایی پلەی ناوەندی لە هەموو پۆلەکان و ولە هەموو بوارەکاندا بە دەرس بگوترێتەوە.












No comments: