Monday, August 7, 2017

ماڵئاوایی فیزیکی دوکتور ئەمیر حەسەنپوور



وتووێژی حەسەن قازی لەگەڵ جانی دیلان لە ڕادیۆی کوردیی دەنگی ئەمریکا
بە بۆنەی ماڵئاوایی فیزیکی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور
ئێگزێتر، دووشەمە ٢٦-ی ژووەنی ٢٠١٧

جانی دیلان: کاک حەسەن خۆش هاتن بۆ بەرنامەکانی ڕادیۆی کوردی دەنگی ئەمریکا. سەرەتا سەرەخۆشی لە ئیوە، لە شەهرزاد خانم  هاوسەری کاک ئەمیر، کاک سەلاح، دۆست و هاوڕێیانی و گەلی کورد دەکەین بۆ ماڵئاوایی کردنی  پڕۆفێسۆر دوکتور ئەمیری حەسەنپوور. کاک حەسەن دەکرێ بە ئێمە و گوێگرانمان بڵێی کە ئاشنایەتی و دۆستایەتی ئێوە لەگەڵ کاک ئەمیر لە کەنگێوە دەست پێ دەکا؟
حەسەن قازی: لە پێش هەموو شتێکدا ئەوە بڵێم  بیستنی ئەو خەبەرە، ئەگەرچی کاک ئەمیر ماوەیەک بوو نەخۆش بو، تەواو تاساندمی. و ئەوە دووسێ ڕۆژە لەو دۆخە دام، و سپاست دەکەم لەو یەک دوو ڕۆژە دا بەو مەسەلەیەوە خەریکی و لەگەڵ خەڵک قسە دەکەی.  ئەمن دەتوانم بڵێم زیاتر ٥٠ ساڵ لەوە پێش لە تاران کاک ئەمیرم ناسی و ئەوە لە هەلومەرجێک دابوو کە خوێندکارانی  کورد لەو سەروبەندە دا کە ' جەبهەی میللی ئێران'  بە شێوەی نیوە ئاشکرا کاری دەکرد، ئەوانیش چالاکیان دەنواند و کاری سیاسی و کولتوریان دەکرد. ئەو دەمی لە تاران ڕۆژنامەیەک دەردەکەوت  بە ناوی ' کوردستان ' کە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بارودۆخەی لە عێڕاق و باشووری کوردستان لە گۆڕێ دابوو دامەزرابوو. ئەو ڕۆژنامەیە ڕێژیم بڵاوی دەکردەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی هیچ دەرەتانێک نە بوو بۆ نووسەر و شاعیرانی کورد هێندێک لەوان لەو ڕۆژنامەیە دا شتیان دەنووسی و یەک لەوان کاک ئەمیر بوو.
کاک ئەمیر دوای ئەوەی خوێندنی زانکۆیی لە پلەی ماستر دا تەواو کرد چووە ئەمریکا ، و لەو سەر وبەندەشدا ئەمن هاتبوومە ئینگلیستانێ و لە ساڵی ١٩٧٣ ، بە داخەوە کاک ئەمیر برایەکی پچووکتری خۆی لە شیکاگۆ لە دەست دا لە ئەستێورێکی مەلێ دا، و لەگەڵ جەنازەی براکەی هاتبووەوە کە بیباتەوە ئێران ئەودەمی لە لەندەن دیتم ، دواتر کە گەڕاوە لە چوار چێوەی چالاکییەکانی کۆنفێدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی دا پێوەندیمان  زۆر نزیک بوو و ئەمن دوێنێ گوێم لێ بوو کە لە یەکێک لە وتوووێژەکاندا ئاماژەت پێ کرد دیارە لە جەرەیان دا بووی  ئەویش چالاکی و خەباتی موشتەرەک بوو لە چوارچێوەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات . لە ساڵی ١٩٧٥  کۆمیتەی ئامادە کردنی کۆنگرەی ١٧ هەمی  خوێندکارانی کورد لە ئوڕووپا دامەزرا و بۆ ساڵی دوایی لە فڕانکفۆرت کۆنگرەی بەست. کاک ئەمیریش هاوینی ١٩٧٦ هاتە لەندەن  و لەبیرمە ئەو دەمی وتووێژی مەلا مستەفای  بارزانی لەگەڵ ئەمیر تاهیری لە ڕۆژنامەی کەیهانی هەوایی دا دەر کەوتو بوو لە ژێر سەردێڕی " کار من تمام است "، I am done with زۆر چاکم لە بیرە ئەو بابەتەمان بەیەکەوە کردە ئینگلیسی و پاشان  بەیەکەوە چووینە کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە فڕانکفۆرت  و لەو کۆنگرەیە دا  کۆمەڵەیەکی تازەی خوێندکاران پێک هات، ئاکسا ، ئەسۆسییەیشن ئاف کوردستان ستوودنتس ئەبراد کە کاک ئەمیر دوای ئەوەی لەو کۆنگرەیەوە گەڕاوە ئەمریکا بۆ پێک هێنانی لقی ئەو کۆمەڵەیە لە ئەمریکا زۆر یارمەتی کرد.، کەسێکی دیکەش کە لە ئاکسای ئەمریکا دا زۆر چالاک بوو نەمر دوکتور هاشم ئەحمەد زادە بوو کە  لەو سەروبەندە دا کە ڕێژیمی ئێران خەریک بوو لەق دەبوو چووەوە ئێران و وەک زاندراوە لە ورمێ تێڕۆر کرا. دیارە دەزانی دواتر کاک ئەمیر وەک زۆر کەسی دیکەی کە لە دەرەوەی ووڵات چالاکیان دەکرد  گەڕاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دە چوارچێوەی ' ئیتێحادییەی کۆمۆنیستهای ئیران'  دا کاری دەکرد کە دوایە بە ' سەر بەداران' ناوبانگیان دەر کرد، و یەكێک لە کەسانی هەرە نزیکی کاک ئەمیر، کە ئەویش لە دەرەوە  دە ڕیزی کۆنفێدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی دا کاری کرد بوو ڕەحمەتی شەهید سەلاح شەمسی بورهان بوو، کە لە هەلومەرجێکی نادیار دا لە سابڵاغ تێڕۆر کرا. و دواتر کاک ئەمیر بۆ بیرەوەری سەلاحی شەمسی بورهان کوڕەکەی بە نێوی وی کرد.
دیارە دەبێ بڵێم لەو سەروبەندی دا ئێمە لە باری سیاسییەوە هێندێک دوور کەوتبووینەوە لە یەکتر چونکوو ئەمن سەمپاتیم هەبوو نیسبەت بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و ئەو دە چوار چێوەیەکی ڕادیکاڵتر واتە لە سازمانێکی کۆمۆنیستی دا فەعالییەتی دەکرد. جا بۆیە لەو سەروبەندی دا کە خەباتێکی زۆر گەرم و گوڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بەردەوام بوو، لەو ماوەیە دا پێوەندیمان نەما بوو بەڵام لە ساڵی ١٩٨٢، ٨٣  ئەوانە بوو کە کاک ئەمیر جارێکی دی هاتەوە دەرەوەی ووڵات و لە پاریس یەکترمان دیتەوە، و دواتر کە لە گەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی چوونەوە بۆ ئەمریکا و لەوێوە گوێستیانەوە بۆ کانادا ، ئیدی پێوەندییەکانمان نەپچڕا و هەر بەردەوام بوو. یەکێک لە خەسڵەتە هەرە بەرچاوەکانی کاک ئەمیر ئەوە بوو یارمەتی ئەو کەسانەی دەدا کە بە دوای لێکۆڵینەوە و  بە دوای عیلم دا بوون، کەم کەسی وا هەبوو ئەوەندە سەخی بێ، یانی ئەوەی لە دستی هاتبا دەیکرد بۆ ئەوەی بواری زانست و تێگەیشتن بەرەو پێش بچێ سەرەڕای ئەوەی کە بە پێوانەی ئیدێئۆلۆژی  مەسەلەکانی لێک دەدایەوە و تا ئاخرین ڕۆژی ژیانیشی هەر ئاوا مایەوە. ئەگەر هێندێک باسی نووسینەکانی بکەین. لەو ساڵانەی دواییدا لە سەر شێوەی پێوەچاران بە شێوەزارە کوردییەکاندا ئێمە هاوکارییەکی زۆر نزیکمان هەبوو. دەزانی  لە ساڵی ٢٠٠٨ ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیران لە باشووری کوردستان  باسێکیان هێنا گۆڕێ و داوایان لە دەستەڵاداریی کوردی کرد سۆرانی یان لەهجەی ناوەڕاستی کوردی بکرێتە  زمانی ستاندارد لە باشووری کوردستان. کاک ئەمیر لە بەر ئەوەی پێشتر لە تێزی دوکتورایەکەیدا کە وەک کتێب بە ناوی " ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستان دا" بڵاو بوویەوە بەو ئاکامە گەیشتبوو کە کوردی زمانێکی دوو ستانداردە و ئەوەش هەر تایبەتی نییە بە کوردی چونکە لە دنیا دا زمانی دیکەی ئاوا هەن کە زیاتر لە ستانداردێکیان هەیە.. وەک زمانی ئاڵبانی ، نۆڕوێژی و ئەرمەنی.
لەو گەنگەشە و موناقەشەیەی کە لەو بارەیەوە دەستی پێ کرد کاک ئەمیر بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە هاتە پێشەوە و پێشەنگی ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە بوو و ئێمەش زمانناسانی ئاکادێمیک و غەیری ئاکادێمیک لەو ڕووەوە یارمەتیمان دا. ئەوە یەکێکە لە میراسەکانی کاک ئەمیری بۆمان دەمێنێتەوە و ئەمن زۆرم پێخۆش بوو یەکێک لەو کەسانەی ئەو سەروبەندی زۆر توند و تێژ داکۆکی لە جەبهەکەی دیکە دەکرد، لەو یەک دوو ڕۆژە دا شتێکی بڵاو کردووەتەوە  لە فەیس بووک دا کە دەتوانین بڵێین ناڕاستەوخۆ پێی لەو هەڵانە ناوە کە بەرانبەر بە هەڵوێستی کاک ئەمیر هەیبوو لە مەڕ پاراستنی هەمەڕەنگی و جیاوازی  لە بواری زمانییەوە لە کۆمەڵگەی کوردی دا. مردنی کاک ئەمیر خەسارێکی زۆر گەورەیە ، دیارە گەلی کورد لە هەموو ڕویەکەوە تەجرووبەی ناخۆشی هەیە ، بەڵام بۆ ئەوەی کە ئینسانێکی دیکەی ئاوا، ڕۆڵەیەکی دیکەی ئاوا سەر هەڵێنێتەوە ماوەیەکی پێ دەوێ تا جێگای پڕ بکرێتەوە و باشترین شێوەش بۆ ڕێز لێنانی لە بەرچاو گرتنی ئەو کارە گەورانەیە کە کردوویەتی. بۆ نموونە لێکۆڵینەوەی لە سەر  ' بزووتنەوەی جووتێران' کە بۆ ئەو بابەتە نزیکەی ٥٠ ساڵ بوو بابەت و کەرەستەی کۆ دەکردەوە.


جانی دیلان
: کاک حەسەن، کاک ئەمیر چەندین جار میوانی بەرنامەکانی ئێوە بووە  لە تێلێڤیزیۆنە کوردییەکان دا. ئایا هەر باسی ئەو بابەتانەتان کردووە کە لە درێژەی ساڵانی خوێندکاری دا لە مەهابادوە تا کانادا بە دوا داچوونی بۆ کرد بوو یان لە شتی دیکەش دواون؟

حەسەن قازی : بەڵێ لە بەرنامەی ڕاوێژ کە ئێستا پێشکێشی دەکەم و لە تێلێڤیزیۆنی دیکەی دا کە کارم کردووە زۆر بابەتمان تا و توێ کردووە لەگەڵ کاک ئەمیر. ئەمن دەتوانم ئاماژە بکەم بە دوایین وتووێژی تێلێڤیزیۆنی  لەگەڵ کاک ئەمیر کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ بوو و تێیدا باسی بواری ڕووناکبیرییمان کرد. دەزانی کاتی خۆی لە نێوان کاک ئەمیر و نەمر مەسعوود محەمەد هێندێک موناقەشە دروست ببوو و لەو بەرنامەیە دا من لە سەر پرسیارەکان زۆر پێکێشیم دەکرد، دیارە بەڕێزیشت وەک ڕۆژنامەوان ئەوە دەکەی کە پرسیار لە کەسێک دەکەی دەتەوێ ووڵامی لێ وەربگرییەوە، لەو بەرنامەیەش دا من بە ئیسرارەوە پرسیارم دەکرد. ئەوە دوایین چاوپێکەوتنی تێلێڤیزیۆنیمان بوو. ئەو وتوێژانەش کە پێشتر بوومانە زیاتر دە چوارچێوەی پسپۆڕایەتی مامۆستا ئەمیر دا بوو. بۆ نموونە لە سەر کامیونیکەیشنز، دەوری تێلێڤیزێۆن و ساتێڵایتی کوردی . دەزانین کە کاک ئەمیر دوو ووتاری زۆر دوورو درێژی نووسیوە سەبارەت بە یەکەم تێلێڤیزیۆنی ساتێڵایتی کوردی ؛ مەد تیڤی ، یەک دو ساڵ دوای دامەزرانی مەد تیڤی شتێکی لە سەر نووسی کە ئێستا وەک ئەدەبێکی کلاسیکی لێ هاتووە لە سەر ئەو ئامرازە لە ناو کوردان دا. بۆ نموونە لەو مەقالەیە دا دەڵێ: ' ئەگەر کورد لە سەر گۆی زەوی بێ دەستەڵات بن وهیچ  ووزەیان نەبێ ئێستا بە دامەزراندنی مەد تیڤی توانیویانە سەروەری و حاکمییەتی خۆیان لە ئاسمانان  دابمەزرێنن '.


جانی دیلان: کاک حەسەن، لێکۆڵینەوەکانی کاک ئەمیر بە چ مەبەستێک بوون؟ ئایا دۆزینەوەی زانیاری  لەمەڕ مێژووی زمانی کوردی، زاراوا جیاجیاکان ، زمانێکی یەکگرتووی کورد یا خۆ ئەلفبایەکی یەکگرتووی کوردی بووە؟

حەسەن قازی:
لەو لێکۆلینەوەیەی کە لە بنەما دا تێزی دوکتورایەکەی بوو و پێشکێشی  زانکۆی شەمپەینی کرد بوو لە ئێلێنۆی لە شیکاگۆ بۆ ئەو کارە زۆر دەگمەنە کەسێک کە پی ئێچ دی دەنووسێ ئەو هەمووە ئەرکە وەبەر خۆی بنێ، ئەوە شایانی تەقدیرە.  لەو کارە دا باسی چلۆنایەتی ستاندارد بوونی شێوەزاری سلێمانی دەکا. جا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ زۆر لەو کەسانەی بەشێوەیەک لە شێوان دەوریان هەبوو لە بەخۆداهاتنی زمانی کوردیدا پێوەندی کرد بوو، دیارە بە ڕێگای نامە و پێوەندی لەگەڵ ' کۆڕی زانیاری کورد' لە بەغدا. ئەو دەمی ئینترنێت نەبوو و پێوەندی کردن وەک ئێستا هاسان نەبوو. بۆ وێنە ئەو لەگەڵ کەسێکی وەک عەبدولڕەحمان زەبیحی پێوەندی کرد بوو لە مەڕ ' لێکسیکۆگڕافی' ، فەرهەنگنووسی کە بەخۆشییەوە ئەو نامانەی  لەو بارەیەوە ئاڵوگۆڕیان کردووە لە کتێبی " ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی ' دا کە کاک عەلی کەریمی نووسیویە و ئامادەی کردووە پارێزراون. هەر وەها چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژیشی کرد لە هاوینی ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ تۆفیق وەهبی لە لەندەن. لەو وتووێژە دا تۆفیق وەهبی بۆ نموونە باسی ئەوە دەکا کە پڕۆسەی پەتیگەری لە زمانی کوردیدا چۆن چووەتە پێشەوە. دیارە وەک باسم کرد کاک ئەمیر دە چوارچێوەی لێکدانەوە و شیکردنەوەی مارکسیستی دا  دیاردەکانی دنیای ، دەکرێ بڵێین مارکسیسم- لێنیسمێکی کلاسیکی دیارەدەکانی هەڵدەسەنگاند، بەڵام ئەو بۆچوونە ئێدێئۆلۆژیکە چەتی  لە پێوەندییەکانی نەدەخست  لەگەڵ خەلکی کە وەک ئەو بیریان  نەدەکردەوە و دەستی نەدەگێراوە  لە یارمەتی کردنیان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا.

جانی دیلان: کاک حەسەن، بۆ کار کردن لە سەر زمانی کوردی دەبێ مرۆڤ خۆی لە ناوچەگەری ڕزگار بکات  و بەو  پێیەی کە کاک ئەمیر کەسێکی ئینترناسیۆنالیست بوو، ئایا ئەو قۆناغەی  تێپەڕاند بوو؟

حەسەن قازی: بەڵێ بە هەموو شێوەیەک ئەو قۆناغەی تێ پەڕاند بوو و ئەو مەسەلەیە  جوان دیار بوو چونکوو کاک ئەمیر بە باشی لەوە تێگەیشتبوو  ئەگەر کوردێکی کە بە یەکێک لە شێوەزارەکان قسە دەکا ، هەر لە چوارچێوەی ئەو شێوەزارە دا خۆی بهێڵێتەوە و خۆی قەتیس کا و حەول بدا ئەو شێوەزارە بە سەر شێوەزارەکانی دیدا زاڵ بکا ، ئەوە پێشی پێشکەوتن و پێشی ڕێز گرتن لە جیاوازییەکان دەگرێ. جا لە بەر ئەوە کاک ئەمیر نەک هەر لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردی بەڵکوو لە مەڕ زمانان  و کولتووری دیکەش لە ناوچەکە دا کاری زۆر جیدی کردووە. بۆ وێنە یەکێک لە کارەکانی مەقالەیەکی زۆر ڕێکۆپێک و زانستییە کە سەبارەت بەو جێنۆسایدەی نووسیوە کە بە دژی ئەرمەنییان کراوە. لە لایەکی دیکەوە ڕوانگەی فێمینیستی لەکارەکانی کاک ئەمیر دا جییەکی تایبەتی هەیە. لە سەرکردنەوەی مافی ژن یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی  کە لە لێکۆڵینەوە و نووسراوەکانی کاک ئەمیر دا دەیبینین. یەکێک لە ووتارەکانی بە زمانی ئینگلیسی کە ئێستا بە زەینی مندا دێ، بابەتێکە لە مەڕ  بابمەزنی یان پاتریارکی لە شێوەزاری کوردیی سۆرانی یان کوردیی ناوەڕاست دا کە لەوێدا بە وورد بوونەوەیەکی ڕیازی هاتووە  ئەو تەعبیر،  ووشە و پەیڤانەی کە نیشانەی فەرق و جیاوازی دانانی جینسییەتین بە دژی ژنان لە زمانی کوردی دا ئەوەی زەق کردووەتەوە و هێناویەتە ڕوو. دیارە ڕوانگە ئینترناسیۆنالیستییەکەی یارمەتی کردووە بە ئەوەی لە سەر فکری پاراستنی جیاوازییەکان و ئەو زمانان و شێوەزارانە بکاتەوە کە لە جوغرافیای کوردستاندا بەکار دەهێندرێن.

جانی دیلان:کاک حەسەن ، لە کۆتاییدا، کاک ئەمیر بەر لەوەی کە زمانناسێک بێ مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن بیروباوەڕی چەپ بوو، تا چەند بە گرینگی دەزانن لاپەڕەکانی ژیانی لە خەباتی خوێندکاری و سیاسی دا، و هەر وەها ڕوانینی بۆ ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا هەڵبدرێتەوە و باسی لە سەر بکرێت؟

حەسەن قازی: ئەمن پێم وایە ئەو کارە کارێکی زۆر زۆر گرینگە بکرێ بەڵام، وەک دەزانی لە ڕووی نەریتی وا بووە هەتا ئینسانەکان  بە شێوەی فیزیکی زیندون ئەو جۆرەی کە پێویست بووە ئاوڕ لەکارەکانیان نەدراوەتەوە، بەڵام لە نموونەی کاک ئەمیر دا  وا نییە چونکە ئەو لە کۆڕ و کۆمەڵی ناونەتەوەیی ئاکادێمیک دا زۆر ناسراوە و  لە کارەکانی دا زیندووە. وەک باسم کرد بۆ لێکۆڵینەوەیەک چل پەنجا ساڵ کەرەستەی کۆ کردووەتەوە جا ئەو جار دەستی بە نووسینی کردووە. کەم شتی وا هەیە لە دنیا دا، واتە لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە بزووتنەوەی جووتێران لە ساڵی  ١٩٥١-٥٢  ئێستا ساڵی ٢٠١٧ یە  ئێمە قسەی لێ دەکەین. ئەمن پێم وایە ئەوە کانگایەکی گەورەیە بۆ ئەو شێوە لێکۆڵینەوەیە. یەکێک لەو کەسانەی وتووێژی لەگەڵ کرا لە سەر ئەو بزووتنەوەیە  و ئەمن یارمەتیدەر بووم دایکی من بوو. بە نامە پرسیارەکانمان بۆ نارد و وڵامی ئەویش هاتەوە ، ئەو لەو سەردەمە دا خاوەنموڵکێکی ژن بووە و بە پێچەوانەی ئاغا خاوەنموڵکەکان  بەشێک لەو جووتێرانەی پەنا دابوو لە دێیەکانی خۆی کە ئاغاوەت دەری کردبوون. حەیفە ئەو لێکۆڵینەوە زانستییە گەورەیە بە زمانی جۆر بە جۆر بڵاو نەکرێتەوە. تا ئەو جێگەیەی من بزانم ئەو لێکۆڵینەوەیە ڕەنگە لە پێشدا بە زمانی فارسی بڵاو بێتەوە  بەڵام  هیوادارم بە یارمەتی بەڕێز شەهرزاد موجاب زەمینەی ئەوە بڕەخسێ  ئەو کارە بە زمانەکانی دیکەش وەربگێڕدرێ و بڵاو بکرێتەوە.


 جانی دیلان: حەسەنی قازی نووسەر، لێکۆلەر ودۆستێکی دێرینی کاک ئەمیری حەسەنپوور پڕۆفێسۆری زانکۆی تۆرۆنتۆ، زۆر سپاس

تێبینی: وێنەکان لە گەڵ نەمر حەسەنپوور لە ٢٠-ی ژووییەی ٢٠١٤ سەردار سەعدی چرکاندوونی. وێنەی کاک جانی دیلان لە گووگل وەرگیراوە







No comments: