Friday, May 1, 2020

سمایل گیان ، هەتا مابم لە بیرت ناکەم! بەڵگەیەکی ساواک سەبارەت بە چلۆنایەتی کووژرانی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی

  
سمایل شەریفزادە لەگەڵ دایکی یای سەیزادە زارا جەعفەری کچی سەید جامی و یەک لە براکانی خودالێخۆشبوو ڕەحمان شەریفزادە


سمایل گیان ، هەتا مابم لە بیرت ناکەم!

بەڵگەیەکی ساواک سەبارەت بە چلۆنایەتی کووژرانی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی
حەسەن قازی
پێنجشەمە ١٢- بانەمەڕی ١٣٤٧  /  ٢ – مەی  ١٩٦٨  ڕۆژێکی ڕەش بوو ، سمایل و سێ هاوڕێی پێشمەرگەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان میرزا محەمەد شاتمانی ، حسین رحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵ   لە بەر دزەی چەند کەسی خۆ فرۆش بۆ ناو ڕیزەکانیان سەرەڕای ئەوەی کە یەک لە هاوڕێیانیان لە خەو دا تەقەی لێ کرا بوو و بریندار بوو بە پێی بەڵگەی ساواک نزیکەی ٥ سەعات لە بەرانبەر ژمارەیەکی زۆر جاش و هێزە تایبەتییەکانی ڕێژیمی کوڕی ڕەزا خان کە ژمارەیان چەند هێندەی ئەوان بوو خۆڕاگرییان کرد. یەک لە پێشمەرگەکان عەبدوڵا کەریم زادە لەگەڵ ئەوەشدا بریندار ببوو توانی گەمارۆی دوژمن بشكێنی و خۆی ڕزگار کا و بەخۆشییەوە ئێستاش زیندوویە.
لە زستانی ساڵی ١٣٩٤ (2015) موءسسە مطالعات و پژوهشهای سیاسی کتێبێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی ’ 'حزب دمکرات کردستان ایران‘ ، بە قەڵەمی کەسێک بە ناوی محمود نادری، ئەو کتێبە بە شێوەیەکی لایەنگرانە و بە مەبەستی شێواندنی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە کوردستانی ئێران نووسراوە ، بەڵام هەر چەند چڵ و نیوەچڵیش بێ زۆر بەڵگەی گرینگی تێدایە . لەوانە چەند لاپەڕەی لێپرسینەوە لەگەڵ نەمر سولەیمانی موعینی لە زیندانی بارزانی و هەر وەها ڕاپۆرتی بەرپرسی ساواک (سازمانی ئیتلاعات و ئەمنییەتی کێشور) ی ئۆستانی کوردستان ، لیقوانی بۆ سەرەوەی خۆی لە مەڕ شەهادەتی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی.
لێرە دا بەڵگەکە وەکوو خۆی  لەگەڵ وەڕگێڕانی بە کوردی سۆرانی بڵاو دەکەینەوە.  لە کۆتایی ڕاپۆڕتی ساواکی سنە دا باسی کەسێک کراوە بە ناوی مەلا حسن، مەلا جەلال کە مەبەست لە ڕەوانشاد دوکتور کوروش لاشایی لە ڕێبەرانی سازمانی ئینقلابی حیزبی توودەی ئێرانە کە دوو ڕۆژ بەر لە شەهید بوونی سمایل و هاوڕێیانی لێیان جوێ ببووەوە . 







تئێمبلێم

تاج ،شێروشمشێر و خورشید

سەرۆکوەزیرایەتی

سازمانی ئیتیلاعات و ئەمنییەتی ووڵات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیدارەی سێیەم

ژمارە ٧٦٢٧/٥١٢

بەروار : ١٨/ ٢/ ١٣٤٧  [ ٨ / ٥  / ١٩٦٨ ]

ساواکی سنە

مۆری نهێنی


بە دوای ٧٥٥٦ / ١٢ ه – ١٣/ ٢ / ١٣٤٧  [ ٣ / ٥ / ١٩٦٨ ]

سەبارەت بە کووژرانی چوار نەفەر لە هەڵسووڕاوی حیزبی

تیمساری سەرۆکایەتی سازمانی ئیتیلاعات و ئەمنییەتی ووڵات

ووردە ڕیشاڵی ڕووداوی بەرواری ١٢ / ٢ / ١٣٤٧  [ پێنجشەمە ٢-ی مەی ١٩٦٨ ]  بە شێوەی خوارەوە بە عەرز دەگەێندرێ.
١-هەنگاوەکانی پێشووی ساواکی ئوستان
  هەر وەک ئاگادارن لە وەتی ئەمن ئەو بەرپرسیارەتییەم  وەئەستۆ گرتووە مەسەلەی گەڕانەوەی هەڵاتووە ئێرانییەکان بابەتێکی زۆر هەستیار بوو و بە گرینگ داندرا چونکە ڕوون بووەتەوە کە هەڵسووڕاوە حیزبییەکان ئەو جۆرە تاکوتەرایانە بە پاڵپشتی خۆیان دەزانن و زۆر جار لەوە هێز و کەلک وەردەگیرێ بەو مەبەستە چالاکی هەرە گرینگی ئەم ساواکە لە سەر ڕاکێشانی هەڵاتووەکان بۆ ناو خاكی شاهەنشاهی چڕ بووەتەوە و بە ڕێگای جۆر بە جۆرەوە  لەو بارەیەوە هەنگاو هاوێژراوە و ئاکامی سەرنجڕاکێشیش دەست کەوتووە. دوای ئەوەی کە چوار کەس لە هەڵاتووان گێڕدرانەوە شوێندانانی قووڵی ئەو ئەمان پێ دانە لە ناو هەڵاتووان دا بە باشی دەرکەوت تا ئەوەی کە ئەحمەد ئەحمەدی عونسوری کاریگەری هەڵاتووان بە پێی نەخشەی پێشووی ئەم ساواکە هاتەوە و ئەمانی درایە و بەرە بەرە تا ئەم بەروارە ٢٢ نەفەر ( بە پێی سیایی پەیوەست ) هاتوونەوە لە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆیان دامەزراونەوە.
گشت ئەو تاکوتەرایە بە شێوەیەکی شایستە دڵیان دراوەتەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ خزمەت ڕاگەیاند. لە سەرەتای هاتنەوەی ئەحمەد ئەحمەدی بەو شێوەی کە لەو نامانەی دا کە پێشکێش کراون هاتووە بڕیار وا بوو ناوبراو هەڵەکانی ڕابردووی خۆی بەشێوەی هەرە باش تێ هەڵێنێتەوە و لەو بارەیەوە ئاموزشتی پێویستی درایە و ئامانجی سەرەکی کەنابوود کردنی ئەشڕار و هەڵسووڕاوانی حیزبی بوو پێی تەفهیم کرا.
دوای دەستپێکردنی کار وا بڕیار درا کە ئەحمەدی وێڕای وەرگرتنی چەک لە ژاندارمەری بە پێی ئامۆژگاری ساواک و ڕاوەدوونانی ئاشکرای هەڵسووڕاوەحیزبییەکان سەبارەت بە دزە کردن بۆ ناو ئەشڕاریش بەو شێوەیەی کە پێشتر لێی ئاگادار کراون هەنگاو هەڵێنێتەوە. لەمەڕ گەڕانەوەی هەڵاتووانیش ئەحمەد ئەحمەدی ئامووزشتی پێویست درا تا ئەوەی کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەمەو بەر هاتە ئیدارەی ساواکی ئوستان و بە مەبەستی گەڕانەوەی کەسێک بە ناوی کوێخا شەریف پاشناو ساڵحیان داوخوازی لێ بوردن و ئەمانی کرد و لەبەر ئەوەی کەسی ناوبراو هەڵاتوو و خاوەن پێشینەی ئاژاوەگێڕی بوو بە ئەحمەد ئەحمەدی گوترا کە ئەو شەخسە دەبێ خزمەتێکی زۆر بەرچاو بکا بۆ ئەوەی هەنگاو بهاوێژرێ بۆ لێ بوردنی.
ئەحمەدی پەیامی ساواکی بە شەریف ساڵحیان گەیاند و ناوبراویش ئامادەیی خۆی بە مەبەستی نابود کردنی ئەشڕار ڕادەگەیێنێ دوایە قەراری پێوەندی لەگەڵ شەریف بە ژمارەی نهێنی ٣٢ لە نێوان ساواکی بانە و ئەحمەد خان دادەندرێ.
٢-پێشینەی کوێخا شەریف ساڵحیان
بە پێی دۆسییەی بەردەست و درکاندنەکانی کەسی ناوبراو لە دەوروبەری بەهاری ساڵی ٤٥ لە بەر رق و کینەیەک لە لەحاجی ڕەزا کوێخای کێلەشینی هەبوو و ئەو ناڕەحەتییانەی کە کەسی ناوبراو بۆ شەریفی ساز دەکرد شەریف لەگەڵ زاواکەی محەمەد حەسەن پەنا هەڵدێ بۆ عێڕاق و دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە و لەگەڵ گرتنی کچی حاجی ڕەزا تەقە لە حاجی ڕەزاش دەکا کە ئەو دوای ماوەیەک چاک دەبێتەوە . هەر وەها دووجاریش دزی چەکدرانەی کردووە.
٣-قەومانی ڕووداوەکە
دوای ئیبلاغ کردنی هەلومەرجی لێ خۆشبوونی شەریف ساڵحیان بە ڕێگەی ئەحمەد ئەحمەدی ناوبراو  بە مەبەستی دزە کردن و پێوەندی کردن لەگەڵ هەڵسووڕاوە حیزبییەکان وەجووڵە دەکەوێ و لەبانەی خوارێ تووشیان دێ و خۆی بە سمایل شەریفزادە دەناسێنێ و شەریف زادە پێشوازی لێ دەکا تا ئەوەی کە لە بەراییەکانی مانگی بانەمەڕ دا نامەیەک بۆ سازمانی ئەمنییەت و فەرماندەی گوردان وئەحمەدی دەنووسێ و دەنێرێ و لەو نامەیە دا مەبەستی خۆی بۆ لە ناوبردنی یەک یان چەند کەس لە ئەشڕار ڕادەگەێێنێ و لە دوای ئەوە لە بەرواری ٢٢/ ٢ / ٤٧ شەریف ساڵحیان خۆی بە فەرماندەی گوردانی ماماڵ دەناسێنێ و ڕادەگەێێنی کە لەگەڵ ٣٢ نەفەر بە سەرپەرستی مەلا عەزیز ( سماییل شەریفزادە ) لە گەنمانی سەردەشتەوە هاتینە دێی [...] لە ٣٨ کیلۆمیتری باکووری ڕۆژئاوای بانە ( سنووری سەردەشت و بانە) دواتر مەلا عەزیز، شەریف بە گشتی ٨ نەفەر بە مەبەستی پێشوازی لە فاییق کە بڕیار بوو لەگەڵ ژمارەیەکی دە کەسی کە خەلیل شەوباش یش دە ناویان بوو بێنە ناو ئێران هاتنە دێی دارێنە لە ٢٤ کیلۆمیتری باکووری رۆژئاوای بانە سەعات ٢٣ (١١) کە نۆرەی کێشک کێشانی شەریف بوو لە پەنجەرەی هۆدەکەوە بە دەتیر تەقە دەکا بەرەو میرزا محەمەد و مەلا عەزیز لە لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە  بە ڕیز خەوتبوون  و دوایە هەڵدێ. لەهەمان کات دا زاوای شەریف بە ناوی محەمەد حەسەن پەنا کە ئەویش لەگەڵیان بووە لە دوای تەقەی شەریف بە پێی بریاری پێشوو تەما دەگرێ هەڵێ. گرووهانی ماماڵ دوای ئاگادار بوون لەو ڕووداوە داوای هەڵسووڕاوی یارمەتیدەر دەکا و سێ ئێکیپی  (ئەحمەد ئەحمەدی – عەبدوڵا شەهیدی – محەمەد یۆنسی ) بە سەرپەرستی دوو نەفەر لە ئەفسەرانی ژاندارمەری و نەفەراتی عەمەلییاتی تایبەتی  دەست دەکەن بە ڕاوەدوونان و بەیەکەوە بەرەو شوێنی ڕووداوەکە وەڕێ دەکەون و دەبینن خوێنێکی زۆر لە سەر لێفەکە ڕژاوە کوڕی خاوەن ماڵەکە پێیان دەڵێ ( گوللەیەک وەدەست و لاتەنیشتی یەکێکیان کەوتووە و نەیتوانیوە قسە بکا و لەوانەیە بمرێ دوای ئەنجامی دانی زنجیرەک گەڕان لە رێیە محەمەد کوڕی حەسەن پاشناو حەسەن پەنا زاوای کوێخا شەریف بە بێ چەک و تەقەمەنی خۆی بە مەئموورەکان دەناسێنێ و شوێنی خۆ شاردنەوەی ئەشڕاریان پێ دەڵێ لە سەعات ١٤:٣٠ رۆژی ١٢ مەئموورەکان لەگەڵ ئەشڕار تێک هەڵدەچن و لەو شەڕە دا لە پێشدا ئەحمەد مەحموودی خەڵکی نەجنەی سەروو موسەلسەلچی ئەحمەدی کە گوللە وە دەموچاوی کەوتبوو شەهید دەبێ ، شەر تا سەعات  ١٩:٠٠ بەردەوام دەبێ و چوار کەس بەو ناوانەی خوارەوە دەکوژرێن و چەک و مەیتی ئەوان وەدەست دەکەوێ.
١-سماییل شەریفزادە بە ناوی خوازراوی مەلا عەزیز بەرپرسی حیزبیی ناوچەی بانە و مێشکی بیرکەرەوەی حیزبی بە موسەلسەلێکی سیمینۆف و سەرنێزە و ١٥٦ فیشەک و فانوسقەیەکی چەرمی و دووربینێکی دوو چاو و یەک دانە نارنجۆکی دەستی.
٢-میرزا محەمەد خەڵکی سەردەشت بە تفەنگێکی ١١ تیر و ٨٤ فیشەک و دوو فانوسقەی چەرمی
٣-حەسەن کوڕی ڕەحمان ڕابی بە تفەنگێکی بڕنەوی نێونجی و سێ فیشەک و فانوسقەیەکی چەرمی
٤-عەلی کوڕی عەبدوڵا کۆڵ خەڵکی بناویلەی سەردەشت بە تفەنگێکی یازدە تیر و ٧٩ فیشەک وفانوسقەیەک

کەسێکی دیکە بە ناوی عەبدوڵا خەڵکی بانەی خوارێ کە وێ دەچێ کووژرابێ و ئەشڕار ئەویان بە چەکەوە هاوێشتووەتە ناو چوم . کەسێکی دیکەش بە ناوی مستەفا خەڵکی لەیلانەی مەڵبەندی سەردەشتیش هەڵاتووە. هەر وەها ٤٥ لاپەڕە سەنەد و مەدڕەک لە گیرفانی ئەو کەسانە دا دۆزراوەتەوە کە سیاییەکەی نووسراوە و لەگەڵ وێنەی کووژراوان بە پەیوەست پێشکێش دەکرێ.
مەیتی کووژراوان لە دوای ئەنجام دانی تەشریفاتی قانوونی برا سنە و بە شێوەی بێ ناو نێژران.
کورتەی لێپرسینەوە لە شەریف ساڵحیان
ناوبراو لەگەڵ تەئییدی چلۆنایەتی قەومانی ڕووداوەکە کە لە سەرەوە بە عەرز گەیشت دەڵێ کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر ئەحمەدی پێوەندی پێوە کردم و گوتی  کە ئەمن لەگەڵ بەرپرسانی سازمانی ئەمنییەتی کوردستان پێوەندیم گرتووە و ئەوان دەڵێن کە تۆ تەقەت لە حاجی ڕەزا کردووە و چەند جار دزی چەکدارانەت کردووە کە وابوو دەبێ خزمەتێکی گەورە بکەی بۆ تێهەڵێنانەوە بۆ ئەوەی کە دیسان لێ بوردنت بۆ دەرچێ منیش بەڵێنم دا کە خزمەت بکەم و لە ڕاستیش دا کردم.
ناوبراو لێی زیاد دەکا کە لەو ماوەیەی دا کە ئەمن لەگەڵ هەڵسووڕاوە حیزبییەکان بووم و چووینە زۆر دێ و ئاوەدانییان ئەوان لەهەڕ دێیەی یەک نەفەریان وەک بەرپرس دیاری کردووە لە دێی ویسک عێزەت کوڕی مەحموود فەرەج. لە بەندژاژ دوو برا هەن یەکێک ناوی ساڵح و ئەویدیان ڕەحمان، لە وورچەک سێ نەفەر بەرپرسن کە هەر سێکیان ناویان کەریمە و یەک لەوان دەشەلێ . لە ڕشکی کەسێک بە ناوی فەقێ کەریم بولحەسەن ، کوێخا ساڵح و کوڕەکەی. لە گرشیلان کەسێک بە ناوی حەسەن. لە گەنمان کەسێک بە ناوی حەسەن، لە برایم خەسار  عەلی دارۆغە. لە سووتوو حاجی سەلیم بەگ و عەلی شەڵماشی. گرووپی هەشت نەفەری ئێمە لە سوتوو لە عەبدوڵای موعینی جوێ بووینەوە و بەرەو شاخی هەڵۆیان چووین لەوێرا بەرەو دارێنە چووین بۆ ماڵی کوێخا حوسێنی دارێنە و لە سەعات ٢و نیوی دوای نیوە شەو تەقەم لە مەلا عەزیز کرد. کوێخا شەریف لە لێپرسینەوە  دا گوتی کە ئەو کەسانە سێ دەزگا بێسیمیان هەیە کە یەکیان لەلای مراد ژێرێژە یەکیان لە بەر دەست عەبدوڵا موعینی و یەکیشیان لە بەر دەست سولەیمان موعینی دایە. سماییل شەریفزادە بە ڕۆژ لە شاخی پەروەردەی پارتیزانی دەدا بە ئێمە و بڕیار بوو تا مانگێکی دیکە هێرش بکەنە سەر پۆستەکانی ژاندارمەری.
بە پێی قسەی ناوبراو تا دوو ڕۆژ بەر لەو ڕووداوە لە بەرواری ١٢/ ٢/ ١٣٤٧ [ پێنجشەمە ٢-ی مەی ١٩٦٨]  کەسێک بەناوی مەلا حەسەن کە دوکتوریشیان پێ دەگوت بە سمیل و برۆی پرۆی ڕەشی چڕ ، باڵا ناونجی و تەمەن نزیکەی ٣٠ ساڵ لەگەڵیان بووە و چەندین زمانی بێگانەی زانیوە ( وا وەبەرچاو دێ ئەو کەسە بەو نیشانانەوە هەمان مەلا جەلال نوێنەری حیزبی هەڵوەشاوەی توودە بێ کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی فاییق ە)
بە عەرزی ئەو بابەتانەی سەرەوە وا وەبەرچاو دێ لەبەر درەنگ گەیشتنی مەئموورانی ڕاوەدوونان بەشێک لە بەڵگە و سەنەد و مەدڕەکی حیزبی وون بووبێ ویا لە ناویان بردبێ ئەم ساواکە بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئەو بەڵگانە هێندێک هەنگاوی ناوەتەوە بێتوو کەشف بن لەگەڵ ڕوونووسی مەدرەکەکانی دیکەی کە کەشف کراون لە دواییدا پێشکێش دەکرێ. ع
سەرۆکی سازمانی ئیتیلاعات و ئەمنییەتی ئوستانی کوردستان . لیقوانی
ئیمزا  


 وێبەیەکی کەمتر بیندراوی نەمر حەمەدەمین سیراجی و سمایل شەریفزادە

بە خۆشییەوە ڵە ڕێگای دۆستێکەوە وێنەیەکی سمایلم پێ گەیشت کە ساڵی ١٩٦٥ لە لایەن وێنەگری تێکۆشەر کاک زاهێر ڕەسام لە قەلاذزێ گیراوە . کاک ئاراس زاهیرکە کوڕی ڕەحمەتی کاک زاهیرە و لە قەڵادزێ ستودیۆی پشدەر بەڕێوە دەبا نێگاتیڤی ئەم وێنەیەی سمایل و چەند وێنە دیکە لەوانە وێنەی شەهید سولەیمان موعینی سەر لەنوێ زاهیرکردووەتەوە ئەو کارەی جێی سپاس و دەستخۆشانەیە. 

 دوکتور کوروش لاشایی ( ٢٠٠٢ - ١٩٣٨) لە دامەزرێنەران و ڕێبەرانی سازمانی ئینقیلابی حیزبی توودەی ئێران کە لەم  راپۆرتەی ساواک دا باسی کراوە. لاشایی لە گوزاریشەکانیدا بۆ ڕێبەرایەتی سازمانی ئینقیلابی زۆر دڵسۆزانە پەسنی  سمایل شەریفزادە دەدا. و لەگەڵ شتی دیکە دا دەنووسێ : " بەر لە هەموو شتێک دەبێ بڵێم هەر لە هەمان هەوەڵ لەحزەی دیدارم لەگەڵ شەریف زادە و عەبدوڵا موعینی زۆرم بە دڵەوە نووسان و هەستم کرد لە لایەن ئەوانیشەوە حاڵەتێکی ئاوا هەیە. ئەوان هەر دووکیان خوێنگەرم و سەمیمی بوون . هەر ئەو ماوە کورتەی کە لەگەڵ یەکتری بووین دەت گوت بە ساڵانە یەکتری دەناسین. زۆر لە سەر شەپۆلێک بووین . ئەو حاڵەتەم بۆ هاتبووە پێشی کە دەتگوت لەزانکۆ تووشی دۆستانی قەدیمی بووم و خەریکین بەرنامەی شۆڕشی چەکدارانە دادەڕێژین، شەریف زادە و موعینی لەگەڵ هەموو  دلنزمی و گەلیی بوونیان لایەنی ڕووناکبیریان هەبوو کە ئەوەش  سەرچاوەی لەشۆق و هەڵپەی ئەوان بۆ زانین و فێربوونی مەسەلەی سیاسی و تیوری دا بوو. پەیکەرێک بوون لە تاکوتەرای شۆڕشگێر کە هەم تایبەتمەندی ڕووناکبیرانەیان هەبوو و هەم لەگەڵ خەڵک و بۆ خەڵک بوون ."




No comments: