Monday, May 4, 2020

کۆچی دوایی ئیرەج کەشکۆڵی (کاک ئیسماعیل) تێکۆشەری گەورەی دۆستی کورد، لە رێبەرانی سازمانی ئینقیلابی حیزبی توودەی ئێران و دواتر حیزبی ڕەنجبەران و ڕۆڵەی بە وەفای عەشیرەتی قەشقایی



کۆچی دوایی ئیرەج کەشکۆڵی (کاک ئیسماعیل) تێکۆشەری  گەورەی دۆستی کورد، لە رێبەرانی سازمانی ئینقیلابی
حیزبی توودەی ئێران و دواتر حیزبی ڕەنجبەران و ڕۆڵەی بە وەفای عەشیرەتی قەشقایی
زۆر بە داخەوە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ  (یەکشەمە ٣-ی مەی) ئیرەج کەشکۆڵی کە لە کوردستان بە کاک ئیسماعیل ناسراوە دوای ماوەیەکی درێژ نەخۆشی لە تاراوگەی پاریس چاوی وێک نا. کەشکۆڵی لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە لە خەباتی سیاسی دا بەشدار بوو،لە دەرەوەی ووڵات بە شێوەی چالاک لە خەباتی کۆنفێدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی دا هاوبەشی هەبوو و لە ڕاپەڕینی جنووبی ئێران لە ساڵانی ٦٤-٦٥ دا لەگەڵ نەمر عەتا کەشکۆڵی دەوری سەرەکی گێڕا.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٨ ڕێبەرایەتی سازمانی ئینقیلابی حیزبی توودەی ئێران بڕیاری دا لە خەباتی چەکدارانەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی ذیمۆکڕاتی کوردستان دا بەشداری بکا ، ئیرەج لەگەڵ ئەندامانی دیکەی بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە چوونە کوردستان بەڵام بەر لەوەی بگەنێ زۆربەی ڕێبەرانی جووڵانەوە شەهید ببوون. ئەو تێکۆشەرانە ئەگەر چی ئەو شکانەیان بە داخێکی گەورە دادەنا بەڵام هێچ گومان وڕاڕاییەکیان تێدا پێک نەهات بۆ بەشداری و پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد و لە باشووری کوردستان درێژەیان دا بە چالاکییەکانیان.
ئیرەج نزیکەی دووساڵ لە باشووری کوردستان لەگەڵ پێشمەرگە و وەچەی نوێ جووڵانەوەی چەپ لە باشوور لە پێوەندی دابوو.

دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا چالاکانە بەشداری کرد لە دامەزراندنی حیزبی ڕەنجبەرانی ئیڕان دا کە بە بەشداری سازمانی ئینقیلابی و چەند گرووپی دیکەی مائویست – مارکسیست پێک هات. حیزبی ڕەنجبەران لە سەرەتاوە وەک حیزبی توودە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جمهوری ئیسلامی دەکرد، و هەتا جمهووری ئیسلامی پێوەی نەدا وەخۆ نەهاتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی ئەو حیزبە گیران و تیرەباران کران ، لەوانە هووشەنگ ئەمیر پوور کە کەسایەتێکی ناسراوی ئۆپۆزیسیۆن بوو لە ساڵانی سەرەتای حەفتاکانەوە لە هەندەران.
ئیرەج هەر وەک لە کتێبی " ئاوڕێک لە بزووتنەوەی چەپی ئێران لە ناوەوە " باس دەکا لەگەڵ ئەو رێبازەی حیزبەکەیان نەبوو لە ئاست کوردستان . دواتر ئەوان داڵدەیان بۆ کوردستان برد و تەنانەت لە کوردستان لە خوڕاگری چەکدارانەش دا بە دژی ڕێژیمی نگریسی جمهووری ئیسلامی بەشدار بوون.
کاک ئیسماعیل لە بیرەوەرییەکانی دا بە دوور و درێژی ئەو قوناغە لە خەبات دەگێڕێتەوە ، دواتر کە لە حیزبی ڕەنجبەران جوێ دەبێتەوە  باشووری کوردستان بەرەو فەڕانسە بەجێ دێلێ سەبارەت بە ئاخرین دیداری لە کوردستان لەگەڵ مام جەلال دەنووسێ:
 " لە دێی سوورداش کە نزیک سەدی دووکانە چاوم بە مام جەلال کەوت.لەو دیدارە دا وەزعییەتی خۆم پێ گوت. یەک دوو نەفەر لە هاوڕێیانی حیزب، لە وانە عەلیی سادقی یش لەو دیدارە دا بەشدار بوون. دوای ڕۆیشتنی عەلیی سادقی، تاڵەبانی گوتی: " ئێستا ئێوە لە ناو خاکی عێڕاق دان  و ئەوە لەگەڵ ئەو زەمانەی لە خاکی ئێران دا بوون جیاوازە. هەر بۆیە ناچار دەبن ئیمتیازی زیاتر بدەن بە عێڕاق، حیزبی ڕەنجبەران یش هێزێکی ئەوتۆی نییە و لێرە ناتوانێ کارێک بکا." تاڵەبانی بە ئاماژە بە پێشینە و پێوەندیم لەگەڵ قەشقاییەکان لەو باوەڕە دابوو شایەد ئەگەر بچمە ئوڕووپا لەوەدا سەرکەوم کارێکیان بۆ بکەم و بە کورتی مانەوەی منی لەوێ بە بێ فاییدە دەزانی. دوای ئەو گفتوگۆیە هێندێک پارەشی بۆ ئامادە کردم و گوتی لە داهاتووش دا هەر یارمەتییەکی بمەوێ درێخی ناکا . لە وەتی کوردستانم  بە جێ هێشتووە هەر وەک جاران دۆستی یەکترین و هەر کاتێک بێتە پاریس دەیبینم. دوایین جار لە زیافەتێک دا دیتم کە هاوسەری میتێڕان، سەرۆک کۆماری پێشووی فەڕانسە بە ئیفتخاری وی لە پاریس سازی کرد بوو.
مەرگی ئیرەجی کەشکۆڵی هەر وەک چۆن بۆ بزووتنەوەی چەپی ئێران و عەشیرەتی قەشقایی خەسارێکی گەورەیە بۆ کوردستان یش لە هەر دوو بەری سنوور جێی داخ و خەفەتە. وێرای سەرەخۆشی لە هاوسەری بەڕێز بەلقیس کەشکۆڵی و منداڵەکانی ، سلاو دەنێرم بۆ  ڕەوانی پاکی تێکۆشەری گەورە کاک ئیسماعیل.
حەسەن قازی
٣-ی مەی ٢٠٢٠



No comments: