Sunday, May 10, 2020

ئەمڕۆ ٢٩ ساڵ لە مەرگی ڕەحیم قازی تێ دەپەڕێ


ئەمڕۆ ٢٩ ساڵ لە مەرگی ڕەحیم قازی تێ دەپەڕێ

لە ٩-ی مانگی مەی ساڵی ١٩٩١ ڕەحیم قازی [ ڕەحیم سەیف قازی] لە شاری باکۆ کۆچی دوایی کرد. ئەو لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٧٩ دوای ٣٣ ساڵ ژیان لە هەندەران گەڕاوە کوردستان و لە ڕیزەکانی حیزیی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا دەستی بە چالاکی کرد و لە کۆنگرەی چوارەمی حیزب دا وەک کۆنگرەی  دوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب هەڵبژێردرا.
ڕەحیم قازی و شەش کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی  دوای  ماوەیەک وەکوو پێڕۆیانی کۆنگرەی ٤  لە حدکا جوێبوونەوە و ڕێبەرایەتی حدکاش زۆر توند بەدژیان جووڵایەوە و وەک تاقمی حەوت کەسی لە ڕێزەکانی حیزب وەدەری نان. ژیانی سیاسی پێرەوانی کۆنگرەی چوار ماوەیەکی درێژی نەبرد و ئەو فۆرماسیۆنە لێک بڵاو بوو. ڕەحیم قازی بەر لە پەلاماری هەمەلایەنەی جمهووری ئیسلامی بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی تەنانەت لایەنگری خۆشی بۆ پێڕاگەیشتن بە وەزعی نەوەیەکی چووەوە باکۆ . لەو ماوەیە دا تێزی دوکتورایەکەی لە پێشدا وەرگێڕا سەر زمانی کوردی و دواتر بە هاوکاری حەسەن ماوەڕانی تەرجەمەی کرد بە زمانی فارسی و لە هێندێک کار و چالاکی فەرهەنگی وسیاسی دا بەشداری کرد ، بەڵام لە ڕوانگە منەوە باشترین کاری کە لە ماوەی موهاجەرەتی دووهەمی خۆی دا کردی دەرخستنی هێندێک بەڵگە نامە بوو لە ئارشیوی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان سەبارەت بە کۆمەڵەی ژیانی کورد کە ئەو بەڵگانە تا ڕادەیەک  مێژووی کاروچالاکی کۆمەڵە ژ.ک ڕوون دەکەنەوە کە پێشتر بیروڕای گشتی لەو زانیاریانە بێ ئاگا بوو.
ئێمە(ڕەحیم قازی و من) وەک باب و کوڕ زۆر یەکمان نەدی. ئەو شەش مانگ دوای ژیان لەگەڵ دایکم لەگەڵ نزیکەی ٥٠ خوێندکاری دیکە لە لایەن جمهووری کوردستانەوە بۆ پەروەردەی عەسکەری ناردرانە باکۆ ودیارە دوای هەڵوەشانی جمهووری زۆربەی ئەو خوێندکارانە هاتنەوە ووڵات بەڵام ئەو و هەشت نۆکەس لەو خوێندکارانە لە شووڕەوی مانەوە و هێندێکیان لە گەڵ کارو خوێندن چالاکی سیاسیشیان دەکرد. بۆ وێنە ڕەحیم قازی ، عەلی گەلاوێژ ، سولتان وەتەمیشی ، کەریم ئەییوبی و قادر مەحموودزادە بۆ نزیکەی ١٣ سال ڕۆژنامەیەکی یەک لاپەڕەییان  "کوردستان" لە دوو توێی ڕۆژنامەی ئازەربایجان ی ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دا وەک ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بڵاو دەکردەوە. هەر وەها ئیدارە و بڵاو کردنەوەی بەرنامەیەکی ڕادیۆیی بە زمانی کوردی بە ناوی ڕادیۆ کۆمەڵ ، کە لە موکریانی کوردستان بە ڕادیۆ " دزە" ناوبانگی ڕوێشتبوو و دیارە بە بەشی خۆی زۆر کاریگەر بوو بۆ زیندوو بوونەوەی چالاکییە سیاسییەکان لە ڕٶژهەڵات لە دوای ڕووخانی جمهووری کوردستان

ئەمن تەمەنم ٢٥ ساڵ بوو کە بۆ جاری یەکەم ڕەحیم قازی م دی ، دیارە وێنەم زۆر لێ دیتبوو و پێوەندی نامەیشمان هەبوو بەڵام باب وکۆر یەکەم جا لە مۆسکۆ چاویان بەیەک کەوت. ماوەی ٣ حەوتوو لە مۆسکۆ و باکۆ لە ساڵی ١٩٧١، دوو ساڵ دواتر لە بێرلینی ڕٶژهەڵات و ئاخر جار لە دیسامبری ١٩٧٩ لە ستۆکهۆڵم چاومان بەیەک کەوت. لەو دیداردە دا بوو کە من بە خۆم پەڕمووم ئامۆژگاری بکەم بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە بەساڵان لە ووڵات دوور بووە دەبێ حەول بدا لە ڕووی سیاسییەوە تووشی هەڵە نەیە و باشترین ڕێگا ئەوەیە لە گەڵ دوکتور قاسملوو کار بکا، هەرچەند من ئەو دەمی خۆم بە ڕەسمی هێشتا لەگەڵ حدکا کارم نەدەکرد.
بەڵام وا دەرنەچوو، پێرۆیی لە سیاسەتی دەرەوەی شووڕوی و ڕەنگە مەیلی پایە و کورسی کارێکی وای کرد ئامۆژگارییەکانی من ڕەچاو نەکا . کاتی دابڕانی گرووپی حەوت کەسی من وەک بەرپرسێکی حیزبی لە سوێد بەیاننامەم لە سەر دەرکرد ، دیارە ئەو هەلوێستەی من بۆ حدکا قووت نەدەچوو  چونکە بۆ زۆر کەسان پێوەندی عاتیفی و خزمایەتی زاڵتر بوو بە سەر هەڵوێستی سیاسی دا، ئیدی لە ١١ ساڵی دواتری ژیانی ڕەحیم قازی دا پێوەندی ئێمە لە بەر هەڵوێستی سیاسی وی قەت ئاسایی نەبووەوە. هەرچەند جار و بار بە ڕێگای دۆست و ئاشنای هاوبەش ئاگامان لە یەکتری هەبوو و دەستخەتی ڤێرسیۆنی فارسی کتێبەکەی بۆ ناردم کە تاکوو ئێستاش بە چاپ نەکراوی لە لام ماوەتەوە.
رێژیمی سەرەڕۆیی حەمەڕەزاشا ترسێکی هەمیشەیی لە زیندوو بوونەوە و چالاکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کورردستان هەبوو و لەو ناوە دا دەسنێژ و جاسووسە خۆجێیەکانی ئاوی حەمامیان بۆ گەرمتر دەکرد. لە هەڕەتی زیندوو بوونەوی تێکۆشان لە موکریان دا بە تایبەتی لە ژێر تاوی بەرنامەکانی ڕادیۆ  "ذزە " ڕاپۆرت و گوزارشی سەیرو سەمەرە دەدرا کە لە خوارەوە نموونەیەکی دەبینن ، سەبارەت  بە " هاتنەوە" ی ڕەحیم سەیف قازی و پێوەندی لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەران و خەڵکی ئاسایی لە کوردستان. لەو بارەیەوە ئێستا زیاتر لە دە بەڵگەنامەی درۆی دەستەڵاداری جۆر بەجۆری ڕێژیمی کوڕی ڕەزا خان لە ناوەندی ئەسنادی میللی ئێران دەست وێیان ڕادەگا. 
لە بیرمە  لە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی گشتی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد خەبەری مەرگی م بیست و لەبەر ئەوەی من لە باکووری سوێد دەژیام وا بڕیار درا لە سوێد مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە بەرین و نەمر حەمەدەمین سیڕاجی بەرپرسایەتی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەی وە ئەستۆ گرت.


ئێمبلێم
تاج وشێر و شمشێر و خورشید

تاریخ ٢٤ / ٣ / ١٣٣٢ [٢٥ / ٥ / ١٩٥٣ ]

ژمارە ١٦٨٧٠ / ١

وەزاڕەتی نیو خۆ

شارەبانی گشت ووڵات

نهێنی

وەزاڕەتی نێوخۆ

بە حورمەتەوە بە ئاماژە بە نووسراوەی ژمارە ٣٤٣٥ /م / ٤ / ٣ / ١٣٣٢ سەبارەت بە هاتنی ڕەحیم سەیف قازی و هاوڕێتانی ناوبراو بۆ کوردستان بە خاتری بەرزتان ڕادەگەیندرێ ،
بە لە بەر چاوگرتنی نووسراوی ژمارە ١٩٩٢١ / س/ ١٨٤٧٥ / م / ٢٥/ ١٢/ ٣١١٣ [ ١٦ / ٣ / ١٩٥٣] و پەیوەستەکەی ئەوجۆرەی کە مەڵبەندی ٢-ی ژاندارمەری ئازەربایجان ڕایگەیاندووە تیپی مەهاباد لە هاتنی ناوبراو و هاوڕێیانی بۆ مەهاباد ئاگادار بووە و هێندێک مەئمووریش داندرابوون بۆ کەشفی شوێنی خۆ شاردنەوەیان و هەر ئەو جۆرەی کە بە پێی ژمارەی ٨٦٤٢ / ١- ١٧ / ٢ / ١٣٣٢ [ ٧ / ٥ / ١٩٥٣ ] بە عەرزتان گەیشتووە ناوبراو دوای ماوەیەک مانەوە لە شامات بەرەو مەهاباد دەچێ و لە مەهابادەوە بەرەو نەغەدە جووڵاوە و هەر وەها ڕاپۆرتەکانی ئەو دواییانەی ئیدارەی پۆلیسی تەورێز یش دەڵێن کە ناوبراو دوای ماوەیەک مانەوە لە شامات چووەتە مەهاباد و لە ماڵی ڕەحیم سوڵتانیان و حوسێن فڕووهەر کە لە تاکوتەرای سەربەگێچەڵ و لە هەڵسووڕاوانی چالاکی فیرقەی کۆمەڵەی پێشوو و حیزبی هەڵوەشاوەی توودەن بە دزی ماوەتەوە دوایە دەچێتە نەغەدە و شنۆ و دوایە سەردەشت ، بانە و سەقز و لەوێوە بەرەو سنە و هەمەدان دەڕوا . ئیدارەی پۆلیسی ناوبراو لێی زیاد دەکا کە لەوێوە بە دواوە زانیارییەکی دروست بە دەستەوە نییە. -
سەرۆکی ئیدارەی پۆلیسی گشت ووڵات
سەرتیپ مودەبیر ئیمزا
مۆری وەزاڕەت نێوخۆ
ئیدارەی سیاسی
چوار تەسدیقی دیتنی ڕاپۆرتەکە،



کاتی هاتنەوەی ڕەحیم قازی بۆ مەهاباد دوای ٣٣ ساڵ دووری لە نیشتمان حەمەدەمین موعینی وەزیری نێوخۆی جمهووری کوردستان و بابی شەهیدان سولەیان ، عەبدوڵا و خانە  هاتبووە پێشوازی
وێنە: جەلال کەریمی

No comments: