هێندێک تێبینیی زمانی 33
هێندێک تێبینیی زمانی 33
حه‌سه‌نی قازی
"به‌خشی" نه‌ک "به‌خشرا"
له‌و ڕۆژانه دا سایتی 'بۆ ڕۆژهه‌ڵات' سه‌ردێڕی هه‌واڵێکی ئاوا گه‌ڵاڵه کردبوو:
ناوه‌ندی ڕۆژنامه نووسانی کوردستانی ئێران خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی خۆی به‌خشرا
" ناوه‌ندی ڕۆژنامه نووسانی کوردستانی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌کدا که ئه‌مڕۆ بڵاوی کرده‌وه،خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی خۆی به‌خشرا. به پێی ئه‌و به‌یاننامه‌یه ئه‌مڕۆ یه‌که‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی ناوه‌ندی ڕۆژنامه نووسانی کوردستانی ئێرانه. ئه‌م ناوه‌نده ئه‌یه‌وێ هه‌موو ساڵێک خه‌ڵاتێک ببه‌خشرێته ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی که له ڕێگه‌ی به‌ره‌و پێش بردنی ڕۆژنامه‌وانی کوردی له ئێران هه‌وڵیان داوه"
با ئێستا هێندێک ئه‌و نووسینه‌ی سه‌ره‌وه سه‌نگ و سووک که‌ین بزانین له‌نگی[ له نگییهکانی] ده چی دایه. ئاگادار ده‌کرێن ئه‌و ناوه‌نده خه‌ڵاتێکی هه‌یه‌که هه‌موساڵێک به ڕۆژنامه‌وانێکی ده‌به‌خشێ، که چی ده‌خوێنینه‌وه " خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی خۆی به‌خشرا" و، ئه‌گه‌ر بمانه‌وه‌ێ له‌و ڕسته‌یه سه‌رده‌ربهێنین وای تێده‌گه‌ین که ئه‌و ناوه‌نده خه‌ڵاتێکی بووه که به‌خشراوه،یانی ناوه‌نده‌که خۆی نا، به‌ڵکوو کارایه‌کی نادیار ئه‌و کاره ی کردووه،به‌ڵام ئه‌گه‌ر بنووسرێ "ناوه‌ندی ... خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی خۆی به‌خشی یان به‌شییه‌وه ئه‌و ده‌می ئه‌و لارییه سه‌ر ڕاست ده‌کرێته‌وه.
دوایه ده‌خوێنینه‌وه: " ئه‌م ناوه‌نده ئه‌یه‌وێ هه‌موو ساڵێک خه‌ڵاتێک ببه‌خشرێته ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی که ....." لێره‌ش دا مانای ڕسته‌که ئاڵۆزه، گه‌لۆ ئه‌و ناوه‌نده خۆی خه‌ڵاته‌که ده‌به‌خشێ یان ده‌یه‌وێ کارایه‌کی دیکه ئه‌و خه‌ڵاته ببه‌خشێ. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی یه‌که‌م بێ، که ده‌بێ وابێ، ئه‌و ده‌می ده‌بێ بنووسرێ "ئه‌و ناوه‌نده ئه‌یه‌وێ هه‌موو ساڵێک خه‌ڵاتێک ببه‌خشێته ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی که له ڕێگه‌ی به‌ره‌وپێش بردنی ڕۆژنامه‌وانی کوردی له ئێران هه‌وڵیان داوه" دیاره ئه‌م ڕسته‌یه‌ش له‌نگی هه‌ر پێوه دیاره، چونکوو یه‌ک خه‌ڵاته و ده‌به‌خشرێ به ڕۆژنامه‌وانان و دیاره ئه‌وه‌ش به‌شیان ناکا و ڕه‌نگه له سه‌ر دابه‌ش کردنی،دمه‌قاڵه‌یان لێ په‌یدا بێ،ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌که ئاوا ده‌رببڕدرێ له‌نگی و لاری نامێنێ: " ئه‌م ناوه‌نده ئه‌یه‌وێ [ ده‌یه‌وێ ] هه‌موو ساڵێک خه‌ڵاتێک ببه‌خشێ به‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ی له ڕێگه‌ی به‌ره‌وپێش بردنی ڕۆژنامه‌وانی کوردی له ئێران هه‌وڵی داوه " و ئه‌گه‌ریش ده‌یه‌وێ له ڕۆژنامه‌وانێک زیاتر خه‌ڵات کا، ئیدی پێویست به دیاری کردنی ژماره بۆ خه‌ڵاته‌که ناکا و حه‌ق وایه بنووسرێ: " ئه‌م ناوه‌نده ئه‌یه‌وێ [ ده‌یه‌وێ] هه‌موو ساڵێک خه‌ڵات ببه‌خشێ به‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی .... هتد". وابزانم زۆری له سه‌ر ڕۆیشتم
No comments:
Post a Comment