Saturday, March 29, 2008

هێندێک تێبینیی زمانی 42



هێندێک تێبینیی زمانی 42
حه‌سه‌نی قازی



کوردستانی – چه‌ند وشه‌ له‌ ته‌رجومه‌ی ده‌ستووری کۆماری عێراقدا هه‌یه‌ که‌ له‌ زمانی کوردیدا نین

‌هه‌ولێر - له‌ ده‌ستوری كۆماری عێراقی فیدراڵ ئه‌و ده‌قه‌ی وه‌رگێڕدرابۆیه‌ سه‌ر زمانی كوردی چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ ته‌رجومه‌كه داهه‌یه‌ كه‌ له‌ زمانی كوردیدا نییه‌

له‌مباره‌یه‌وه‌ ،(تاریق جامباز)،ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی سه‌وز رایگه‌یاند :" دوای ورد بوونه‌وه‌مان له‌ سه‌ر ده‌ستوری عێراق ،له‌و ده‌قه‌ی وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ ته‌رجومه‌كه‌دا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و داوا ده‌كه‌ین وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بكرێت.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2005 دا ده‌ستوری عێراق خرایه‌ ده‌نگانه‌وه‌ و 80% ی خه‌ڵكی عێراق ده‌نگیان بۆدا.


تکایه‌ بزانن چۆن له‌م پاراگرافه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی ' ئاژانسی په‌یامنێر ' دا هاتووه‌ تێده‌گه‌ن. "چه‌ند وشه‌ له‌ ته‌رجومه‌ی ده‌ستووری کۆماری عێراقدا هه‌یه‌ که‌ له‌ زمانی کوردیدا نین". ئه‌و ڕسته‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ زۆر ئاڵۆزه‌ و مه‌به‌ست ناگه‌ینێ، خوێنه‌ره‌وه‌ به‌ پێی بۆچوونی زمانی خۆی تێده‌گا مه‌به‌ست له‌ و ڕسته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ‌" له‌ ده‌قی ده‌ستووری کۆماری عێراقدا چه‌ند وشه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ له‌ وه‌رگێرانی کوردی ئه‌و ده‌قه‌ دا نین".
دوای ئه‌م سه‌رباسه‌ ئاڵۆزه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ : " له‌ده‌ستووری کۆماری عێراقی فیدراڵ ئه‌و ده‌قه‌ی وه‌رگێڕدرابۆیه‌ [بوویه‌ ] سه‌ر زمانی کوردی چه‌ند وشه‌ له‌ ته‌رجومه‌که‌یدا هه‌یه‌ که‌ له‌ زمانی کوردیدا نییه‌ " لێره‌شدا دیسان تووشن به‌ تووشی په‌یامێکی ئاڵۆزه‌وه‌ ده‌بێ وده‌بێ ئاوای لێ تێبگه‌ین : " له‌ ده‌ستووری کۆماری عێراقی فێدراڵ دا چه‌ند وشه‌‌ هه‌یه‌ که‌ له‌و ده‌قه‌ی دا وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی نییه‌"
که‌ ده‌گه‌ینه‌ بڕگه‌ی دوایی ئه‌وجار بێ پشت به‌ستن به‌ بۆچوونی زمانی ڕسته‌که‌ به‌و شێوه‌ی ده‌بێ ببێ ده‌خوێنینه‌وه‌: " له‌مباره‌یه‌وه‌، (تاریق جامباز ) ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی [پارلمانی ] کوردستان له‌ سه‌ر لیستی سه‌وز ڕایگه‌یاند " دوای ورد بوونه‌وه‌مان له‌ سه‌ر ده‌ستووری عێراق ، له‌و ده‌قه‌ی وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی کوردی چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌ ته‌رجومه‌که‌دا ده‌رنه‌که‌وتووه‌"
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ڕسته‌ هاسانه‌ بۆچی له‌ سه‌رباس و سه‌ره‌تای خه‌به‌ره‌که‌ دا ئاوای به‌ سه‌ر هاتووه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دا هێمای پێکرا؟ خۆزگه ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و ڕستانه‌ی ئاوا داڕشتووه‌ وه‌کوو ئه‌و ئه‌ندام پارڵمانه‌ له‌وه‌ ورد بووباوه‌ چ ده‌نووسێ

1 comment:

Anonymous said...

کاک حه‌سه‌ن سڵاو!
له‌م ڕسته‌یه‌ دا که‌ نووسیوته‌ "تکایه‌ بزانن چۆن له‌م پاراگرافه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی ' ئاژانسی په‌یامنێر ' دا هاتووه‌ تێده‌گه‌ن." له‌ باری ڕێزمانه‌وه‌ له‌نگییه‌ک ده‌بینم: "له‌" ده‌و ڕسته‌یه‌ دا ده‌وری "تێ" ده‌گێڕێ و درووست نییه‌ بنووسرێ "چۆن له‌م پاراگرافه‌ تێده‌گه‌ن"، ڕاستتره‌ بنووسرێ "چۆن له‌م پاراگرافه‌ ده‌گه‌ن". حه‌ز ناکه‌م تێبینییه‌که‌م له‌مه‌ درێژدادڕتر بکه‌م، چونکه‌ ده‌زانم خۆت، که‌ له‌ باری مه‌سه‌له‌ی زمانه‌وه‌ ئاوا ورد بینی، به‌وه‌نده‌ تێبینییه‌ تێم ده‌گه‌ی.

سه‌یران