Tuesday, March 25, 2008

هێندێک تێبینیی زمانی 40



هێندێک تێبینیی زمانی 40
حه‌سه‌نی قازی

ئه‌و جار " هاوسه‌رگیری ساز کردن"!

24-Mar-08 [16:9] ره‌نگا و ره‌نگ - هاوسه‌ری پێشووی ساركوزی شووی كرده‌وه‌
- "سیسیلیا ساركوزی"( ته‌مه‌ن 50 ساڵ) هاوسه‌ری پێشووی "نیكۆلای ساركوزی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا شووی كرده‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی هه‌ندێك گرفتی نێوانیان"سیسلیا" له‌ ساركوزی جیابۆوه‌، شووی به‌
"رچارد ئه‌تیاس"(48ساڵ) ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ ره‌گه‌ز مه‌غریبی و دانیشتووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌، دوێنیش ئاهه‌نگی بووك گواستنه‌وه‌كه‌ له‌شاری نیویۆرك ‌ به‌ڕێوه‌چوو. جێی ئاماژه‌یه‌، ساركۆزیش دوای جیابوونه‌وه‌ له‌ "سیسیلیا"، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمه‌ نمایشكاری به‌ ره‌گه‌ز ئیتاڵی و گۆرانی بێژ " كارلا بڕۆنی" سازكردووه‌

ئه‌م خه‌به‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕۆژی دووشه‌مۆ 24 ی مارس. له‌ ماڵپه‌ڕی " ئاژانسی په‌یامنێر" دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌.وه‌ک زۆر جاری دیکه‌، مه‌به‌ست له‌ نووسینی ئه‌م دێڕانه‌، نه‌ک نێوه‌رۆکی په‌یامه‌که‌، به‌ڵکوو شێوازی ده‌کار هێنانی زمان و ده‌کار کردنی بێژه‌ی دزێو و ناقۆڵای "هاوسه‌رگیری" یه‌.
له‌ نۆ ڕسته‌ دا ئه‌وه‌ی کراوه‌ به‌ ده‌ربڕینی ڕه‌نگاوڕه‌نگ خه‌مڵاوه‌ : "شووی کرده‌وه‌"، " جیا بۆوه‌" ، "شووی به‌ ... کرده‌وه‌" ،" بووک گواستنه‌وه‌"، " هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ...سازکردووه‌".
"شوو کردن"، " جیا[جوێ] بوونه‌وه‌"، " بووک گواستنه‌وه‌" هه‌موویان له‌ داڕشتنی ڕسته‌ی کوردی ده‌که‌ن و گونجاو و ڕه‌وان، به‌ڵام ڕسته‌ی "... هاوسه‌رگیری له‌ گه‌ڵ خانمه‌ نمایشکاری به‌ ڕه‌گه‌ز ئیتالی [ئیتالیایی] و گۆرانی بێژ " کارلا بڕۆنی [ بروونی ] ساز کردووه‌ "نه‌ک هه‌ر ناگونجێ به‌ڵکوو نا ڕه‌واشه‌، چونکوو ئه‌گه‌ر " هاوسه‌رگیری" له‌ زمانه‌که‌ماندا به‌ واتای " ئیزدیواج" وه‌ربگرین، ئه‌وه‌ کرداری یاریده‌ده‌ری " کردن" ی به‌ دوا دا دێ نه‌ک " ساز کردن".

No comments: