دەستچنێکی نامەکانی هێنری مولێر لە سابڵاغەوە 8
بەشێک لە پرسیارە بە ووردە ڕێشاڵەکانی دەستەی بەڕێوەبەری له جه‌نابی هێنری ئا. مولێر و وڵامه‌کانی
وه‌رگێڕان و شرۆڤه: حه‌سه‌نی قازی
[ به‌رواری نووسینی ئه‌و نامه‌یه به پێی ئه‌و به‌شانه‌ی جه‌نابی ئاڵفرێد بێورگر له " لوتێران ئۆریانت می‌شن " دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه ده‌بێ مه‌ی 1932 بێ ح. ق.]
ئه‌لف: ده‌کرێ به ووردی باسی تێکۆشانه‌کانی خۆتمان بۆ فیر بوونی زمان بۆ بکه‌ی. ڕۆژێ چه‌ند سه‌عات له کاتی خۆت ته‌رخان ده‌که‌ی بۆ خوێندنی زمان؟
هێنری ئا. مولێر: بۆ ئه‌وه‌ی به ووردی و به ته‌واوی باسی ئه‌وه بکه‌م ده‌بێ ئه‌و شتانه دووپاته بکه‌مه‌وه که له نامه‌کانی پێشووم دا باسم کردبوون. ئه‌من زۆر به ووشیارانه خۆم ناچار کردووه هه‌رکاتێک و له هه‌ر شوێنێک بگونجێ به فێر بوونی زمانه‌وه خه‌ریک بم. به‌ڵام دیاره ئه‌وه هه‌ڵنه‌سووراوه ئه‌و جۆره‌ی پێم خۆشه له‌و کاره دا شێلگیر بم. ته‌نێ هه‌ر ئه‌وه‌ی که کاره‌کانی دیکه‌م به‌لاوه بنێم وبمه‌وێ به زمانه‌وه خه‌رێک بم ڕێگه خۆش ناکا. نه هیچ کوردێک و، نه هیچ که‌سی دیکه که گوێ له خوێندنه‌وه‌ی کوردی من بگرێ، یان گوێی لێ بێ که به کوردی قسه ده‌که‌م ده‌توانێ بڵێ له‌و کاره دا سه‌رنه‌که‌وتووم. و به تایبه‌تی مامۆستاکه‌م ، میرزا محه‌مه‌دی قازی ئه‌وه ناڵێ و هه‌ر ئه‌و بۆ خۆی ده‌زانێ که چه‌ندی ده‌رس پێ گوتووم. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌من هێشتا پێویستیم به دیلمانج هه‌یه به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانی ته‌واو پێویست بێ،یان له قسه کردن له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان دا و هتد. و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گشت کاتی خۆم بۆ فێر بوونی زمانی کوردی ته‌رخان کردووه، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی ڕه‌سمی له قسه کردن به زمانی کوردان بێزارن و سڵی لێ ده‌که‌نه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌تۆش بزانی وه‌ک منیش دهز‌انم که‌سی وا هه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له پێنج ساڵ لێره بوون جاری وایه هێشتا دیلمانج به‌کار ده‌هێنن. ئه‌من سه‌باره‌ت به زمانان جادووگه‌رێک نیم . له‌وانه‌یه به سستی پێشکه‌وم به‌ڵام هه‌ر فێری ده‌بم.
له پاییزی ڕابردووه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی مامنێونجی ڕۆژێ سێ سه‌عات خه‌ریکی فێربوونی زمان بووم.ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ورمێ بووم له پێگه‌ی میسیۆنی ورمێ مامۆستایه‌کی زمانم ڕاگرت و ڕۆژێ چه‌ندین سه‌عات ده‌رسی خسووسی پێ ده‌گوتم.زۆرم پێ سه‌یر بوو که بۆم ده‌رکه‌وت تورکی زۆر له کوردی هاسانتره و ئه‌من هیچ دوو دڵ نیم له‌وه‌ی بڵێم که هه‌موو که‌س ده‌توانێ دوای شه‌ش مانگ خوێندنی تورکی به‌و زمانه وه‌عز بکا. له‌وێ میرزا ئه‌حمه‌د قسه‌یه‌کی زۆر باشی له سه‌ر من کرد بۆ دۆستانمان له ورمێ سه‌باره‌ت به فێر بوونی زمان له لایه‌ن منه‌وه‌که دوایه بۆی گێڕامه‌وه. ئه‌من ئه‌وه به خۆم ناڵێم به‌ڵام بۆ ئه‌وه ده‌یڵێم تۆی لێ ئاگادار بی.
ب. مامۆستای ئێستای زمانت کێیه؟
هێنری ئا. مولێر: کوردێکه نێوی میرزا ڕه‌حمانه [ مه‌به‌ست له عه‌بدولڕه‌حمانی گیوی موکریانییه که له ڕاپۆرتی دیکه دا مولێر زیاتری باس کردووه. ح.ق] ، هه‌موو ڕۆژێ دێ و سه‌عاتێکم ده‌رس پێ ده‌ڵێ. له‌و ماوه‌یه دا ئێمه به‌یه‌که‌وه قسه ده‌که‌ین و هه‌رکامێکمان حه‌ول ده‌ده‌ین زمانی ئه‌ویدیکه فێر بین.ئه‌وه لەوەتا دەستم کردووە بە فێر بوونی زمان تا ئێستا باشترین شێوه بووه، ئه‌من ناتوانم میرزایه‌ک په‌یدا بکه‌م که به بێ ئه‌وه‌ی ئینگلیسی فێرکه‌م یان دراوی بده‌مێ ده‌رسم پێ بڵێ. محه‌مه‌دی قازی ده‌یه‌وێ دوای ڕه‌مه‌زان له سه‌ر خوێندنی ئینگلیسی له لای من به‌رده‌وام بێ. دۆستایه‌تی له گه‌ڵ وی زۆر به‌نرخه به‌ڵام وه‌ک مامۆستایه‌کی زمانی کوردی سسته، ته‌نانه‌ت خه‌مساردیشه. جار جار ئه‌من وا بیر ده‌که‌مه‌وه ئه‌و پێی وایه هه‌تا ئه‌من کوردی که‌متر بزانم باشتره بۆ دینه‌که‌یان.
س. چ جۆره ناسیاوی و دۆستایه‌تییه‌کت له گه‌ڵ خه‌ڵک په‌یدا کردووه؟
هێنری ئا، مولێر: زۆر خه‌ڵک هه‌ن که‌ئه‌من سه‌رم لێداون و له گه‌ڵیان ناسیاوییم په‌یدا کردووه. هه‌ر حه‌وتوویه‌ک له ژماره‌یان زیاد ده‌کا. ئه‌من چه‌ندین کۆڕی پچووکی دۆستانم پێکه‌وه ناوه و له‌و بڕوایه دام پێوه‌ندی هێندێکیان هه‌ر له به‌ر دۆستایه‌تی له گه‌ڵ من و چایی خواردنه‌وه بە یەکەوە نییە، به‌ڵکوو هه‌ودای دۆستایه‌تییه‌که‌یان له‌وه گرژتره. له سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی له گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆجێی یه که ئه‌من بنه‌مای هیوای خۆم هه‌ڵناوه باشترین شێوه ببینمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ڕووناکایی ئینجیلیان له دڵی بگه‌ڕێ. به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی لاو به بێ ڕێزپه‌ڕ – له یه‌که‌میانه‌وه هه‌تا دواییان – به گومانه‌وه له دین و کرده‌وه‌ی بابه‌کانیان ده‌ڕوانن. دیاره هه‌ستی دینی به‌هیچجۆر تێیاندا نه‌مردووه به‌ڵام پرسیاریان له مێشکی دا ساز بووه سه‌باره‌ت به داب و نەریتیان که ئه‌وه‌ش له نێو لاوان‌دا له هه‌موو شوێنێک هه‌ر وایه. بیری نوێ له‌جیات بیری لایەنی جه‌زمی ئیسلام ته‌نانه‌ت ڕێی ده‌ر کردووه بۆ ناو کۆروکۆمه‌ڵی بنه‌ماڵه هه‌ره ده‌مارگرژه‌کانیش. هێندێک له‌وان له مێژه گه‌یشتوونه‌ته خاڵی پڕ بوون و تا بۆقه‌ته ملیان هاتووه و، کاتێک بیانه‌وێ به ئاشکرایی نه‌زمی کۆنی شته‌کان تووڕ هه‌ڵده‌ن، ئه‌وه به مانای ڕاکردن و خۆ ده‌رباز کردنه. ساڵ و زه‌مان خه‌ریکه ده‌گۆڕێ. زۆر له خه‌ڵک ناسیۆنالیزمیان کردووه‌ته بیانوویه‌ک بۆ به‌لاوه نانی داب و شوێنه دینییه‌کان له کاتێکدا هێندێکی دیکه ڕه‌پوڕوو ده‌ڵێن خۆیان له نیری ڕێبه‌رانی دینی ڕزگار کردووه و به ئاشکرایی لایه‌نگری و پشتیوانی له ئازادیی دینی ده‌که‌ن.
ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی دانیشم و ئه‌م لاپه‌ڕانه بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری و هه‌ر وه‌ها بۆ دۆستانم بنووسم،له دڵه‌وه زۆر ده‌پاڕامەوه بڵێی بۆ ساڵی تازه شادی ئه‌وه‌م هه‌بێ که‌سێک به‌جیدی پرسیارم لێ‌بکا و ئه‌گه‌ر بکرێ یه‌که‌م میوه‌ی کاره‌کانمان پێ گه‌یشتبێ و پێتان ڕابگه‌یێنم. ئه‌من ئه‌و ڕۆژانه زۆر خۆشحاڵم؛ یه‌که‌م له به‌ر ئه‌وه‌ی پاڕانه‌وه‌کانم وه‌دی هات و یه‌که‌م پرسیارکاری ڕاسته‌قینه‌م لێ په‌یدا بوو. هێندێک له‌و بڵاڤۆکانه‌ی دابوومێ بیانخوێنێته‌وه به‌پرسیاریی وی ورووژاندووه،ئه‌و هه‌موو جۆره پرسیارێکی لێکردم سه‌باره‌ت به ئینجیل. دوێنێ هات و داوای بڵاڤۆکی زیاتری کرد چونکه بڵاڤۆکه‌کانی دیکه‌ی داوه به خزمه‌کانی و بڵاڤۆکێکی زۆری له به‌رده‌ست دا نه‌ماوه.جارێک پێی گوتم ئینجیلێکی فارسی هه‌بووه،دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین چیرۆکی سه‌باره‌ت به پێغه‌مبه‌ران تێدا خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ له سه‌ر " پێڕست"ه‌که‌یان نازانێ ته‌نانه‌ت ناتوانێ بۆ جاری دووهه‌م هه‌مان چیرۆکی تێدا ببینێته‌وه. ئاشناکردنی له گه‌ڵ کورتترین کورته‌ی ئینجیل شادییه‌ک بوو بۆ هه‌ردووکمان که ئه‌وه‌ش له سه‌ر فیلیپێک و خه‌سێندراوێکی ئیتیۆپیایی بوو. ئێمه دانیشتین و ده‌ستمان کرد به خوێندنه‌وه‌ی ئینجیلی کوردی و قسه‌کانی عیسامان له وه‌عزی چیای دا خوێنده‌وه.به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی هه‌تا نیوه‌ییمان خوێندبێته‌وه چه‌ندین جار گوتی " ئه‌یش، ئێمه قسه‌ی ئاوامان نییه،" و هه‌ستا سه‌رپێیان وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی ئه‌و ناچاره دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خۆی باس بکا بۆ یه‌که‌م که‌سی که چاوی پێی ده‌که‌وێ. ئه‌و کوڕه لاوه چوار مامی مه‌لای هه‌یه و یه‌كێک له‌وان گه‌وره‌ترین ده‌سته‌ڵاتی دینییه له سابڵاغێ. ئه‌و دۆستایه‌تی له گه‌ڵ کوڕی مه‌لاکان هه‌یه و بڵاڤۆک و نامیلکه‌کانیان ده‌داتێ. ئه‌و کوڕه مه‌لایانه ناڕاسته‌وخۆ پرسیاریان کردووه داخودا ئه‌من ئێواره‌ی دره‌نگ کاتێک هه‌وا تاریک دادێ له ماڵه خۆم میواندارییان لێ ده‌که‌م یان نا؟ ئه‌وه ئه‌گه‌رچی جارێ سه‌ره‌تاییه به‌ڵام تۆوێکی باش داچێندراوه- ئه‌من پێم خۆشه ئێوه‌ش له‌و شادییه‌ی خۆمدا هاوبه‌ش بکه‌م و به‌ر له هه‌مووشت له خوڵای بپاڕێنه‌وه که دڵی ئه‌و لاوه بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ددان به عیسا دا بهێنێ وه‌ک گه‌وره و ڕزگاری ده‌ری خۆی.
له‌وه‌ش زیاتر ، ده‌کرێ بڵێم گشت کاربه‌ده‌ستان به بێ ڕێز په‌ڕ زۆرم ڕێز لێ ده‌گرن. ئه‌و جارانه‌ی نه‌بێ که ده‌خۆنه‌وه ده‌نا زۆر جار به بانگهێشتنم گه‌وره‌م ده‌که‌ن و، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆی دا، موجامه‌له‌یه‌که. هه‌ر وه‌ها دراوسێ هه‌ژاره کورده‌کانی میسیۆنه‌که‌شمان – یه‌ک به یه‌کیان دۆستی منن و هێچیان سڵ ناکه‌نه‌وه له داوای یارمه‌تی ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌کیان هه‌بێ. ئه‌من له زۆر که‌سان له‌و ڕێزه ئاساییه‌ی که له بێگانه‌یه‌کی ده‌گرن، زیاتر نیزیک بوومه‌ته‌وه. ده‌بێ پێی لێ بنێم ته‌سه‌ورێکی هه‌ڵه‌م هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌و دژوارییانه‌ی که دێنه سه‌ر ڕێگای میسیۆنێرێک له پێگه‌یه‌ک دا که موسوڵمانه. هه‌رکه باوه‌ڕی دۆستێکت وه‌ده‌ست هێنا ده‌کرێ به دڵی کراوه له گه‌ڵی بدوێی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌شت نه‌بێ.
د. به ووردی باسی بۆچوونی هه‌رمه‌نییه‌کان، کورده‌کان و کاربه‌ده‌ستان بکه سه‌باره‌ت به میسیۆنه‌که‌مان.
هێنری ئا. مولێر: هه‌رمه‌نییه‌کان: ئه‌و خه‌ڵکه توند به ڕێبازی شێوه‌ی دینه‌که‌ی خۆیانه‌وه نووساون.بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌وان به‌ره‌و مه‌سیحییه‌تی پێشکه‌توو ڕابکێشین ده‌بێ به ووردی له‌سه‌ر منداڵه‌کانیان کار بکه‌ین. زۆر له لاوان و ژنانی گه‌نج ده‌نێویاندا مرخێکی ڕاسته قینه سه‌باره‌ت به چالاکی دینی له‌خۆیانه‌وه نیشان ده‌ده‌ن هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تی به‌شدارییان بدرێتێ. ئه‌وه‌ی که من له پێناوی ئه‌واندا حه‌وجێم پێیه‌تی ئه‌وه‌یه ئامۆژگاری بکرێم و یارمه‌تی بدرێم بۆ ساز کردنی به‌رنامه‌یه‌کی خولقێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی په‌روه‌رده‌ی دینی بۆ ئه‌وان.زۆر جار به بۆنه‌ی زه‌واج، غوسڵی ته‌عمید و ڕێوڕه‌سمی ناشتن سه‌رم لێداون.به‌ته‌واوی له‌وه تێده‌گه‌م بۆچی ئه‌وان توند به قه‌شه پیره‌که‌یانه‌وه نووساون چونکه به زمانی خۆیان ووشه‌ی خوڵای ده‌خوێنێته‌وه و به زمانی خۆیان له به‌ر خوڵای ده‌پاڕێته‌وه. ئه‌و بۆچوونه دۆستانه‌یه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆمن ڕه‌خساندووه پێوه‌ندیم به ژیانی بنه‌ماڵه‌یانه‌وه هه‌بێ و ئه‌وه نه‌ده‌کرا ئه‌گه‌ر ئه‌من له ئاست ئه‌وان به ته‌واوی خه‌مسارد با‌م.
بۆچوونی ئه‌وان سه‌باره‌ت به میسیۆنه‌که‌مان به گشتی دۆستانه‌یه، چونکه زۆریان له کاتی ته‌نگانه و پێداویستی دا یارمه‌تی دراون. ئه‌من به تایبه‌تی له‌سه‌ر کاری ده‌رمانی میسیۆن له‌وباره‌یه‌وه جه‌خت ده‌که‌مه‌وه. پێویست به گوتن ناکا له‌وانه‌یه هێندێکیان ته‌نێ له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی مادی بۆچوونێکی باش له ئاست ئێمه له‌خۆیانه‌وه نیشان ده‌ن. ئه‌وه‌ش به‌شێکه له ته‌بیعه‌تی ئینسان له سه‌رانسه‌ری جیهان دا.
کورده‌کان: هه‌ڵبه‌ت دیاره که مرخ و عه‌لاقه‌ی کورده‌کان له ئاست میسیۆنی ئێمه به ته‌واوی به کار و خزمه‌تی ده‌رمانی ئێمه به‌ستراوه‌ته‌وه. کاری بانگه‌شه و بڵاو کردنه‌وه مه‌سیحییه‌ت و په‌روه‌رده له نێو ئه‌واندا، له ئاستێکی ئه‌وه‌نده به‌رته‌نگ دا کراوه، که له‌وانه‌یه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان قه‌تیان ئه‌وه‌یان به بیریش دا نه‌هاتبێ. ( ئه‌من ته‌نێ سه‌باره‌ت به‌و چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی ده‌دوێم) ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له نێوکوردان دا هه‌ن زۆر چاوڕاکێشن ،بێتوو ئێمه به جیدی ده‌ست به‌و به‌رنامه‌یه بکه‌ین ئه‌و ده‌می ده‌توانین به دروستی بۆچوون و کاردانه‌وه‌ی ئه‌وان ته‌خمین بکه‌ین .
*پۆرترەی گیوی موکریانی کاری بەڕێز عەبدوڵای سەمەدی یە و بە سپاسەوە لە لاپەڕەی فەیس بووکی بەڕێز هێدی وەرگیراوە
No comments:
Post a Comment