Sunday, September 25, 2016

پەیامی ڤالتر موت ئەندامی پارڵمانی سوێد لە پارتیی کەسک بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ڕێکخستنەکانی پەیەد لە ئوڕووپا، برووکسێل ٢٤-٢٥ ی سێپتامبری ٢٠١٦


دۆستانی خۆشەویست!
کاتێک ئەمن دەڵێم دۆستانی خۆشەویست لە قووڵایی دڵمەوە ئەوە دەڵێم. جا بۆیە دۆستانی خۆشەویست سەردەمی ئێمە چەند قارەمانێکی کەمی هەیە ، ئێوە ژنان و پیاوانی ئازا و بەجەرگی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ،  یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن  بەدڵنیاییەوە قارەمانانی ڕاستەقینەن. خەباتی ئێوە بە دژی تاریکایی ڕەبەقی داعش وە خەباتی دژی نازیسم دەچێ لە سەدەی بیستەم دا جا بۆیە ئێوە بە نوێنەرایەتی هەموو مرۆڤایەتی خەبات دەکەن و هاوپێوەندی و  پشتیوانی هەمەلایەنەی هەموو هێزە دێمۆکڕاتیکەکانتان لێ دەوەشێتەوە لە سەرتاسەری جیهان دا. لە ڕۆژئاوا ئێوە لە هەلومەرجێکی یەکجار دژوار دا  خەریکی دروست کردنی کۆمەڵێکی دێمۆکڕاتیکن کە خەسڵەتەکانی بریتیین لە یەکسانی  جێندری لە نێوان ژن و پیاو  دا ،و شەریکایەتی دەستەڵات لە نێوان گرووپە جیاوازە ئێتنیکییەکان دا.

دنیا ئەوەی ئێوە دەیکەن دەبینێ و  ئەگەر ئێوە سەربکەون ئەوە  وێنەیەکی ئیلهامدەر دەخولقێنێ نە تەنێ هەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو بەگشتی بۆ هەموو جیهان. و بە پێچەوانە ئەگەر ئێوە هەڵە بکەن  ئەوە بە شێوەی هەمەلایەنە لەلایەن دوژمنەکانتان ڕا  و باشترە بڵێم لەلایەن دوژمنە هاوبەشەکانمان ڕا بە خراپ بەکار دەهێندرێ.
بە داخەوە تاقە دوژمنی 'ڕۆژئاوا '  هەر داعش نییە ، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری سەرەڕۆ و یان با بڵێین سوڵتانی تورکییە هێزە تورکەکان دەنێرێتە ناو سوورییە بە بیانووی  شەڕ کردن بە دژی داعش بەڵام لە ڕاستییدا  وا  وەبەرچاو  دێ ئەو هێزانە  جەخت بکەنەوە لە سەر  خەبات بە دژی ڕۆژئاوایەکی ئۆتۆنۆم. سوڵتان بە ئاشکرایی لەوە دەترسێ    ' ڕۆژئاوا ' ببێ بە  وێنەیەکی ئیلهامدەر بۆ  خەڵکی باکووری کوردستان  کە هەرێمێکی گەورەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە وەبەر دەگرێ. کاتێک مێدیای جیهانی سەرقاڵی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانن لە سوورییە، ئەردۆغان  شەڕێکی خوێناوی بە دژی خەڵکی باکووری کوردستان وەڕێخستووە  کە کووژراو و بریندارێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و  ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازا تورکانەی لە خۆیان ڕادەبینن بە دنیا بڵێن چ ڕادەبرێ، زیندانی دەکرێن و  ئەشکەنجە دەدرێن. لە جیاتی ئەوەی کە وەکوو جۆرە هاوپەیمانێک لە شەڕی دژی تێڕۆریزم دا لەگەڵ ئەردۆغان مامڵە بکرێ  هێزە ڕۆژئاواییەکان دەبێ تێ بگەن کە ئەردۆغان خۆی تێڕۆریستە کە ڕۆژ بوێری نییە خەلکی بێ سووچ و تاوان نەکووژێ.



جێگای لەبار و موناسیب بۆ ئەردۆغان نابێ کۆشکی سەرۆک کۆماری بێ لە ئانکارا  بەڵکوو دەبێ دادگای ناونەتەوەیی تاوانکاری بێ لە لاهە. تەنیا ڕێگا لە بەر دەم تورکییە وەکوو  دەوڵەتێک ئەوەیە کە هەموو زیندانە سیاسییەکان ئازاد بکا و کاتێک ئەمن دەڵێم هەموو مەبەستم هەموو زیندانییە سیاسییەکانە و  عەبدوڵا ئوێجالان دە ناویان دا.
مافی دیاریکردنی چارەنووس بێ ئەملاو و ئەولا لە جاڕنامەی جیهانی مافی مروڤ دا گونجاوە . لەو بەڵگە دەگمەنە دا نەنووسراوە هەموو گەلان  مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە جگە لە گەلی کورد  یان گەلی فەلەستین نەبێ ، تەواو بە پێچەوانە بە ڕوون و ئاشکرایی گوتراوە چ ڕێز پەڕ نییە بۆ کەلک وەرگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس.
ڕێکەوتنامەی سایکس – پیکۆی ساڵی ١٩١٦ ئێستا سەد ساڵ لە تەمەنی ڕادەبرێ  و ئەگەر مرۆڤ بگاتە ئەو تەمەنە دیارە کاتی خانەنشین بوونی هاتووە. ئەو ڕێکەوتنامە نهێنییە لە نێوان دوو دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی دا ناتوانێ هەمان ستاتوسی حقووقی هەبێ وەک جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمن بە یارمەتی هاوکارانم لە پارڵمانی سوێد دا  پێشنیازقانوونێکمان نووسیوە کە داوا دەکا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێفراندۆمێک  ڕێک بخا  لە هەموو بەشەکانی کوردستان  بۆ ئەوەی  ستاسوسی قانوونی داهاتوو دیاری بکرێ کە چ جۆرە سیستێمێکی ئۆتۆنۆم یان سەربەخۆ دابمەزرێندرێ.



و ئەمن قسەکانم بەوە کۆتایی پێ دەدەم کە ئێمەی کەسک هەمیشە ئەنترناسیۆنالیست بووین و لە دژی هەموو جۆرە ناسیۆنالیسمێکین  کە لە سەر بنەمای زوڵم و زۆرداری لە کەمایەتییان  و هێرشکاری بێ بۆ سەر نەتەوەی دیکە. جا بۆیە ئەمن پێم وایە هەتا بڵێی  سەرنجڕاکێشە  و هەتا بڵیی ئیلهامدەرە  کە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک چەمکێکی نوێ پێش دەخا  سەبارەت بە نەتەوە و نەتەوە سازی کە لەگەڵ روحی سەدەی بیست و یەکەم  دا دەگونجێ  کە دەتوانێ ببێ بە وێنەیەکی ئیلهامدەر نەک هەر بۆ  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو بۆ ئوڕووپاش ، لە سکاتلەندەوە تا کاتالۆنیا.
بەو کەسانەی بە خۆیان ڕادەپەڕموون بە من بڵێم کە هیچ هیوایەک نییە لە بەردەم مرۆڤایەتی دا،  و لە چاخی ئێمە دا هەر تاریکییە کە باڵی بە سەر هەموو جێگایەک دا کێشاوە ئەمن دەڵێم نا بڕواننە  'ڕۆژئاوا ' .
زۆر سپاستان دەکەم.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

تیبینی حەسەن قازی لە کۆنگرە: جێی ئاماژەیە پارتیی کەسکی سوێد شەریکی حکوومەتی ئیتیلافی سوێدە و ٥ وەزیری هەیە لە کابینە دا.




Wednesday, September 21, 2016

دانیشتن لەگەڵ ئەو فرە زمانزانە ئەمریکایی یەی کە ئەوینداری زمانی کوردی یە



سیروان کاجۆ  ١٥ – ی ژووەنی ٢٠١٦
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
دانیشتن لەگەڵ ئەو فرە زمانزانە ئەمریکایی یەی کە ئەوینداری زمانی کوردی یە
" مرۆڤ بە کەسێکی کە تەنێ زمانێک بزانە دەڵێ چی؟ ئەمریکایی ." ئەوە نوکتەیەکی باوە  بە ئاسایی خەڵک لە دەرەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیڵێن. باشە، هەر نەبێ ئەمریکاییەکی کە من دەیناسم لەگەڵ ئەو پێشداوەرییەی لە مەر ئەمریکاییان هەیە یەک ناگرێتەوە. بە بێ گۆمان ئەو یەک لە زمانناسە هەرە دیارەکانی کوردی سەردەمی ئێمەیە و خۆشی بەوە دەزانێ. تەنێ کێشەیەکی کە هەیە ئەو خۆی بەوە هەڵناکشێ – بەڵام ئەمن پێم وایە ئەو دەبێ ئەوە بکا. ئەو کەسەی باسی لێوە دەکەین  مکاییل ل. شایەت ە ، ئەگەر تا ئێستا نەتانناسیوە من باسێکی دەکەم.
شایەت لە ساڵی ١٩٥٧ لە سینسیناتی لە ئۆهایۆ لە بنەماڵەیەکی جوولەکە دا چاوی بە دنیا پشکووت، و هەر لە تافی منداڵییەوە خۆشەویستییەکی تایبەتی لە مەڕ زمانان و کولتووران دا تێدا پەیدا بوو. باوکی مکاییل ، ستانلی شایەت ، مێژوو زان و شاعیرێکی بە ناوبانگ بوو کە شێعرەکانی بە زمانانی ئینگلیسی و عیبری بڵاو بوونەتەوە. مکاییل لە تەمەنی ٦ ساڵان ڕا دەبەر خوێندن نرا  و چووە خوێندنگەیەکی ڕۆژانەی جووڵەکان و لەوێ  فێری زمانی تەوڕات بوو. دوای تەواو کردنی خوێندنی ئامادەیی، چووە ئیسرائیل و لەوێ زمانی عەڕەبیش فێر بوو، دوایە تورکی ، فارسی و دواجار کوردی فێر بوو.

شایەت دەڵێ : " عیبری وەک زمانی قسە پێکردن بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵان زمانێکی مردوو بوو ، بەڵام ئێستا زیندوو کراوەتەوە. ئێستا عیبری زمانێکی مۆدێڕنە و گەڵێک شتی پێ چاپ کراوە. زمانی پەروەردە، سیاسەت ، زانست و هەموو بوارەکانی دیکەیە زمانێکە کە لەگەڵ بارودۆخی سەدەی ٢١ دەسازێ". شایەت دڵنیایە کوردیش ڕۆژێک بەو ئاراستەیە دا دەڕوا.

ئەو قامووسە کوردیی کورمانجی – ئینگلیسی یەی ، مکاییل شایەت ئامادەی کردووە ، لە ساڵی ٢٠٠٢ چاپەمەنیی زانکۆی ییل چاپی کرد و بەرهەمی هەرە گەورە و هەرە هەمەلایەنەیە لە ناو ئەو دوو زمانانە دا، ١٦ ساڵی خایاند ئەو قامووسە ٨٤٦ لاپەڕەییە ئامادە بکا . لەو بارەیەوە شایەت دەڵێ، " حکوومەتی تورک هەمیشە ئەو فکرەی بڵاو کردووەتەوە کە زمانی کوردی بوونی نییە، جا بۆیە ئەو قامووسە گەورە قەڵەوە  باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندی ئەوەی کە ئەوان هەڵەنە. "
 شایەت ، کە زیاتر لە ٣٥ زمانی خوێندووە، لەوە سەردەر ناکا کە بۆچی ئەو هەموو چالاک و سیاسییە کوردەی کە لەپێناو مافی کورد دا خەبات دەکەن و خەڵک هان دەدەن زمانی خۆیان بپارێزن ، بەڕاستی سەیرە کە خۆیان زۆربەیان بە کوردی قسە ناکەن ، و ئەگەر قسەشی پێ بکەن، لەماڵێ لەگەڵ منداڵەکانیان دا بە کاری ناهێنن.
با بێینە سەر شتی هەر شیرین سەبارەت بە مکاییل شایەت و خۆشەویستی وی بۆ زمانی کوردی.
ئەوە چیرۆکێکە دەگەڕێتەوە ئەو ساڵانەی ئەو دەچووە مەدرەسە. " من تووشی کوردێکی جوولەکە هاتم  کە دایکوباوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستانی ئێران بوون" ئەو بەهەڵپەوە ئەو دیدارە وەبیر دەهێنێتەوە. " من لەگەڵ هەموو بنەماڵەکە بوومە دۆست ، و ئەوە بەپرسیارییەکی لەمن دا وورووژاند بۆ ئەوەی فیری زمانی کوردی ببم."ئەو بەردەوام دەبێ و دەڵێ: " کاتێک من لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجلس زمانی عەڕەبیم دەخوێند ، هۆگری هەڵپەڕکیی فۆلکلۆریش بووم. کتێبێکم دۆزییەوە و بە خوێندنەوەی فێری هێندێ لە هەڵپەڕكی فۆلکلۆرییەکان بووم کە یەکێک لەوانە لە کتێبەکە دا لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی تورکییە بوو. لە شی کردنەوەی ئەو هەڵپەڕكییە دا نووسرا بوو  ' ئەوە هەڵپەڕکێی کەمایەتی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە ' ئەو دەمی تەمەنم ١٨ ساڵ بوو ، وەبیرم دێ لە خۆم پرسی ؛ ئەوە مانای چی ؟ ئایا لە تورکییە جگە لە تورکەکان کەسی دیکەش دەژین؟ ماوەیەکی کورت دوای ئەوە ، چوومە کتێبخانەی زانکۆ و کتێبێکی ڕێزمانم دۆزییەوە کە  بە فەڕانسەیی ڕۆژێ لێسکۆ و جەلادەت بەدرخان سەبارەت بە کورمانجی  نووسیبوویان ."
لە بەر ئەوەی  ئەوەندە سەرچاوە لە بەر دەست دا نەبوو بۆ فێر بوونی کوردی ، بە ڕاستی زۆر بۆی زەحمەت بوو کتێبێک پەیدا کا. " لە هاوینی ساڵی ١٩٨٥ ئەمن لە تورکییە بووم. ئەو کاتەی لەوێ بووم بڕیارم دا کوردی فێر بم. ئەوەش هەنگاویی دواتری مەنتقی بوو ، چونکە ئەو دەمی من دەمتوانی بە عیبری، عەڕەبی ، تورکی و فارسی قسە بکەم. بەدوای کوردێک دا دەگەڕام کە پێی خۆش بێ ئینگلیسی فێر بێ، و لە بری ئەوە  ئەویش کوردی فێری من کا. هاوکارێکم  لە ڕێستورانێک وەیترێکی دۆزییەوە کە ئەوەی پێ باش بوو ، جا ئێمە لە کۆڵانە کۆنەکانی ئەستەنبووڵ دا قەدەممان لێ دەدا من هێندێک ئینگلیسیم فێری وی دەکرد ، ئەویش هێندێک کوردی فێری من دەکرد ". ئەوە جارێ سەرەتا بوو.
کاتێک شایەت گەڕاوە ئەمریکا دەستی کرد بە فێر بوونی کوردی بە ڕێگای خوێندنەوەی دەقان. ئەوە چیرۆکی فۆلکلۆری بوون کە لاپەڕەیەکیان کوردی بوو و لە لاپەڕەی تەنیشتیشی دا دەقە کوردییە یان وەرگێڕدابووە سەر فەڕانسەیی یان ڕووسی. ئەو لەکاتێکدا پێ دەکەنێ دەڵێ : " زۆر کەم شت هەبوو بە ئینگلیسی ، بەڵام ئەمن خۆشحاڵ بووم ئەڵمانی ، فەڕانسەیی ، ڕووسی و تورکی م دەزانی ، چونکە وەرگێڕانێکی زۆر لە نێوان کوردی و ئەو زمانانە دا لە بەر دەست دا بوو:. لایەنی خۆش لە مەڕ مکاییل ئەوەیە کاتێک باسی مژاری زمانەوانی دەکرێ  کە زۆر لە کوردان بە " حەساس " ی دەزانن ئەو سڵی لێ ناکاتەوە بۆچوونەکانی بە ڕاشکاوی بهێنێتە گۆرێ. ئەمن پێم وابێ ئێوە دەزانن ئەمن لێرە دا باسی چ دەکەم. ڕاستە ، مەبەستم کورمانجی و سۆرانی یە. شایەت لە سەر بنەمای  ئەزموونی ٢٠ ساڵ لێکۆڵینەوە لە سەر زمانی کوردی ددان بە جیاوازییەکان نێوان سۆرانی و کورمانجی ، دوو شێوەزاری سەرەکی کوردی دا دەهێنێ ، بەڵام پێی وایە ئەگەر مرۆڤ هەر دووکیان  بخوێنێ و لە هەر دووکیان بکۆڵێتەوە ، جیاوازییەکان بەڕاستی کەم دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بە جیدی پێ وایە نابێ هیچ شێوەزارێک بە سەر شێوەزارێکی دیکە دا بسەپێندرێ.
بەپێی قسەی شایەت ، دەبێ ڕێز و حورمەت لەبەر بوونی دوولایەنە لە نێوان گشت شێوەزارە کوردییەکان دا هەبێ، نەک تەنێ هەر کورمانجی و سۆرانی ، بەڵکوو گشتیان دەبێ لەو شوێنانەی ڕێگا بە بەکار هێنانی کوردی دەدەرێ لە خوێندنگەکان دا بخوێندرێن.  " ئەوە تەنێ بابەتێکی زمانەوانی نییە ، لە ڕاستیدا بابەتێکی نەتەوەیی شە، بابەتێکە لەمەر سەبات و ئارامی، لە ڕابردوو دا سەرهەڵدان کراوە لە بەر ئەوەی شێوەزارێک بە تۆبزی دە ئەوکی ئاخێوەرانی شێوەزارێکی دیکە ڕۆ کراوە. "


ئەو قسانەی خوارەوە بیروڕاگۆڕینەوەیەکی خۆمانەیە لەگەڵ شایەت لەمەڕ دوایین پێشوەچوونەکان.
زیڤ: ئەتۆ لەو ماوەیە خەریکی چاپکردنەوەی  قامووسە کوردی – ئینگلیسی یەکەت بووی . ئەو کارە گەیشتووەتە کوێ؟

شایەت: هەژمارێکی زۆر ووشەم لێ زیاد کردووە، هەر وەها  بەو شی کردنەوەی ئەو ووشانە دا هاتوومەوە کە لە چاپی یەکەم دا بوو. ئەوە کارێکی یەکجار زۆرە، و بۆ منیش کاری خۆشەویستی یە، بەڵام من وا هەست دەکەم  دەبێ گرووپێک لە کورد و کوردۆلۆژیستان پەروەردە بکەم  بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن کە من دەیکەم. بەڕاستیش ئەوە جۆرە پڕۆژەیەکە کۆمەڵێک بە هەرەوەزی زۆر چاکتر و کاریگەرتر دەتوانن بیکەن ، و ئەوە چ کەلکی نییە ئەو زانستەی من هەمە نەگوێزڕیتەوە و بەمنەوە بمرێ – ئەمن دەبێ  کادرێک  لە مامۆستایان و قامووسنووسان  پەروەردە بکەم ، نابێ ئەوە بکەم؟  ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەن کە لە بواری سیاسەت دا چالاکن، و بە زەحمەت کەسی ئاوا دەست دەکەوێ مرخی لە ڵێکۆڵینەوە بێ لە سەر زمان و ئەدەبییاتی کوردی  - و زۆر لە ( لە پەنای خودای دا نەک  هەموان )  زانستکاران بێگانەن ، ئێمە پێداویستیمان بە کوردی زۆرتر هەیە بۆ ئەوەی مرخیان تێدا بورووژێ سەبارەت بە زمان و کولتووری خۆیان !
ئەمن ئێستا لە بڵاوکەرەوەیەکی نوێ دەگەڕێم بۆ چاپی دوویەمی قامووسەکە، لەبەر ئەوەی دەزگای چاپەمەنیی زانکۆی ییڵ نایەوێ دیسان چاپی کاتەوە.
زیڤ: ژمارەیەک لە دەستگا و دامەزراوە هەڵکەوتووەکان لە ئەمریکا لە دواییانە دا دەستیان کردووە بە وەڕێخستنی بەرنامەی خوێندنی زمانی کوردی. ئەوە بە ئاشکرایی دەری دەخا هەتا دێ هۆگری زیاتر دەبێ بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی. وەک کوردناسێک، ئایا ئێوە لە بارودۆخی لێکۆڵینەوەی کوردی ڕازین لە ئەمریکا و لە شوێنی دیکە؟
شایەت: ئەمن بە هەبوونی بەرنامەیەکی زۆری خویندنی زمانی کوردی نازانم. ئەوانەی هەن هێندێک بەرنامەن بۆ خوێندنی مێژووی کورد و سیاسەتی کورد. ئەو بەرنامەیەی خوێندنی هاوینەی زمانی کوردی کە زانکۆی ئاریزۆنا وەڕێی خستووە خەرجی زۆر گرانە، ئەمن دڵنیا نیم ئەوە بۆ کێ داندراوە کە بتوانێ بەشداری تێدا بکا. دەنیز ئەکینجی لەو بەرنامەیەی ئەمن لە یوو سی بێرکلی دامناوە ، دەرس دەڵێ، و ئەوە خەبەرێکی خۆشە، بەڵام جارێ دیارە نییە ئایا ئەوە دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە مادەکانی خوێندن یان نا و ئایا بەو جۆرەی پێویستە حەقدەستی دەرس گوتنەوەی دەدەنێ کە بتوانێ لەوێ درێژە بەکارەکەی بدا یان نا. ، ئەمن نازانم بڕیارە کێ لە جۆرج تاون ( یان زانکۆیەکی دیکەی  واشنگتن  دی سی کە بەرنامەیەکی نوێی خوێندنی کوردی لێ ڕاگەیاندووە) دەرس بڵێتەوە، جا بۆیە نازانم ئایا کەسێکی ئاوایە کە بە ڕاستی لێی بوەشێتەوە ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێ یان نا. ( کوێرە چت دەوێ دوو چاوی ساغ)بە گشتی هێشتا  ئاوایە کە هەر کەسێک بییەوێ لەم ووڵاتە ( لەو ویشکاڕۆیە)  لە کوردی بکۆڵێتەوە درەنگ یا زوو دەستەوداوێنی من دەبێ. ئەمن بەوە خۆشحاڵم بە کوردی – چ کورمانجی و چ سۆرانی – دەرس بڵێمەوە و شآگردان پەروەردە کەم لە زمانەکە دا و ئەوەی کە چۆن بە دروستی ڕێزمان بەکار بهێنن، و فێری ڕێنووسی ستانداردیی کوردیان کەم هەم بە ئەلفووبێی عەڕەبی و هەم لاتینی. بە شێوەی یەک – بە – یەکی  دەنگ و تیپ لە هەر دووکیان دا.  هێشتا کوردێکی زۆر هەن ئەم شتانە نازانن. ئایا ئەو کەسە تازەیەی جۆرج تاون دەبەر کاری ناوە ئەو شتانە دەزانێ؟ لەگەڵ ئەوەش، ئێستا ئیدی کاتی ئەوە هاتووە زانکۆکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی کوردیش لە بەرنامەکانی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆیان زیاد بکەن، واتە بەرنامەی خوێندنی زمانی کوردی، ئەدەبییات، و فۆلکلۆر لە لایەکەوە، و مێژووی کورد و سیاسەتی کورد لە لایەکی دیکەوە. ئەمن پێم وایە زۆر خۆش دەبێ  ئەگەر خەڵکێکی زۆر – بە سەدان و تەنانەت بە هەزاران کەس -  دەست بکەن بە پرسین لە دیپارتمانەکانی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە سەرتاسەری ووڵات کە بۆ چی ئەوان کوردیان ( هەم کورمانجی و هەم سۆرانی) لە بەرنامەی خوێندیان زیاد نەکردووە، شان بە شانی عەڕەبی، فارسی و تورکی! لە ڕابردوو دا، حکوومەتی تورکییە حەولی دەدا لێرە لە ئەمریکا پێشی ئەوە بگرێ ، و زانکۆکانی ئەمریکا ئامادە بوون هاوکاریان لەگەڵ بکەن.

هەر بوویە ئەمن بوومە ئێدیتۆری بەرزی ڕادیۆی کوردیی دەنگی ئەمریکا، و دواتر کاتالۆگری کتێبەکان بە زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کتێبخانەی کۆنگرەی ئەمریکا. ئاواتی سەرەتایی من ئەوە بوو لە زانکۆ ئەمریکاییەکان دا بەرنامەی لێکۆڵینەوەی کوردی دامەزرێنم ، بەڵام ئەوانەی دەستەڵاتدار بوون ئەو دەمی نەیاندەویست ئەوە ڕوو بدا.  ئەگەرچی تا ئەو دواییانەش کوردی لە تورکییە قەدەغە بوو، ئەمن تا ئێستا دوو پیشەی دەوڵەتیم هەبووە ، بەتایبەتی هەر لە بەر کوردی زانینەکەم .
زیڤ: بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی لە کوردستانی سوورییە ڕادەبرێ، ئەتۆ دابێی کوردیی کورمانجی چۆن پێشبینی دەکەی. ئایا کوردی لە ڕۆژئاوا دەبێ بە جۆرێک لە زمانی پێوەندی [ لینگوا فڕانکا ]. ئایا کوردەکانی سوورییە دەتوانن چ شوێنێکی پۆزیتیڤیان هەبێ لە سەر بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی زمان لە هەموو کوردستان دا؟.

شایەت: ئەمن خۆشحاڵم ئەتۆ ئەو پرسیارەت پرسی سیروان! بەر لە هەموو شت دروشمی من ئەوەیە: زمانێک کە منداڵ قسەی پێ نەکەن چ دوا ڕۆژی نییە. ئەگەر کوردەکانی سوورییە  کورمانجی بگوێزنەوە بۆ وەچەی دواتر، ئەوە زۆر باش دەبێ بۆ داهاتوو. هەر وەها، زۆر لە کوردان لە تورکییە تەنبەڵی دایگرتوون بۆ بە کوردی قسە کردن و گواستنەوەی کوردی بۆ ناو وەچەی داهاتوو، بەڵام لە بەر ئەوەی عەڕەبی نازانن و کوردەکانی سوورییەش تورکی نازانن، ئەوان ناچارن بە کوردی لەگەڵ یەکتری قسە بکەن. جا بۆیە بوونی کوردەکانی سوورییە لە تورکییە و لە ئوڕووپا وەک خەونێک وایە کە وەدی هاتبێ، بەو مانایە کە کوردەکانی تورکییە ناچار دەکا زمانی کوردی بەکار بهێنن! هەڵبەت ، ئەوەی کە کوردەکانی سوورییە ناچار بوون زێد و ماڵ وحاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن زۆر دڵتەزێنە، بەڵام بێ سێ و دوو ئەوە لایەنێکی پۆزیتیڤی ئەو بابەتەیە.
زیڤ: ئەتۆ ئێستا لە سەر چیدیکە کار دەکەی؟ دەزانم ئەتۆ مرخت لە کۆکردنەوەی مەتەڵی کوردییە. دەکرێ زیاتر لەوبارەیەوە بدوێی؟
شایەت: شوێنی کارەکەم لە کتێبخانەی کۆنگرەی ئەمریکا جێگایەکی بەدڵە کە بتوانم کات دابنێم بۆ کۆ کردنەوەی مەتەل، زاراوە، بەیت و بابەتەکانی دیکەی فۆلکلۆری. لەبەر ئەوەی من گشت ئەو کتێبە کوردییانەی دەگەنە کتێبخانە کاتالۆگ دەکەم، بۆم هەیە  گشت ئەو مادە تازانەی سەبارەت بە فۆلکلۆر بڵاو دەبنەوە ببینم. ئێستا ئەوە بەساڵانە خەریکی کۆ کردنەوەی مەتەڵی فۆلکلۆریی کوردی و عەڕەبیم . و ئەگەر لە کتێبخانەی کۆنگرە دا کارم نەکردبا ، بە هەبوونی زۆربەی ئەوانم نەدەزانی. پێوەم پەیکەرەیەکی مەتەڵی فۆلکلۆری کوردی ( و پەیکەرەیەکی مەتەڵی فۆڵکلۆری عەڕەبی بە جیاواز) بڵاو بکەمەوە، بەڵام  هێشتا هەر خەریکی کۆ کردنەوەم! لەوەش دەرچێ، لە گوتنەوەی زمانیش دا فۆلکلۆر بە کار دەهێنم،. هەموو دەرسێک بە زاراوە و مەتەڵێک دەست پێ دەکا، کە ئەمن هەڵی دەبژێرم چونکە ئەوان ڕێزمانی دەرسەکە نیشان دەدەن یان دەبنە نموونەی، بۆ وێنە، کاتێک ئامرازی ناسینەوە واتە – ئێک ( کە مانای یەکە ، پیاوێک یان سێوێک)  شی دەکەمەوە، دەرسەکە بە زاراوەی  دزی دزی یە ، چ هێلکەیەک ، چ گامێشێک  دەست پێ دەکا.
لەکۆتاییەکانی مانگی ئووت دا لە ئامستردام بەشداری دەکەم لە کۆنفڕانسێکی زمانناسیی کوردی دا، و ئەمن زۆر بە هەڵپەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەم. لەم لایەی ئەو ئەستێرە  ( ئوقیانووسی ئاتڵانتیک )  ژمارەیەیکی زۆر کەم لە زانستکاران هەن کە لە سەر کوردی بکۆڵەنەوە؛ بەڵآم، لە ئوڕووپا  زۆر هەن، و ئەوە گرینگە ئێمە ئاگامان لە یەکتری بێ و بەکارەکانی یەکدی بزانین. لە ڕابردوو دا چەند کەسم لەوان دیتووە. و پێم خۆشە پێوەندییەکانمان تازە کەینەوە و هەر وەها چاوم بە زانستکاری نوێ بکەوێ. ( ئەوە جێی ئەوپەڕی دڵخۆشی بوو بۆ من کە ببینم هێندێک لە کارەکانی من لە لیستی کتێبنامەی هێندێک لە کتێب  و ووتارەکانیان دا هەیە!)

سەرچاوە: ماڵپەڕی زیڤ ،موزاییکی کوردی [ بە زمانی ئینگلیسی ]


Sunday, September 18, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاری دانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ١٢ ، پێنجشەمە ١٥ و جومعە ١٦-ی سێپتامبری ٢٠١٦


دووشەمە  ١٢-ی سێپتامبری ٢٠١٦
جان کربی
ووتەبێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: باشە، ئەمن دووپرسیارم هەیە لە سەر سوورییە. ڕووسەکان ڕایانگەیاند ئەو ئاگر بەس، یان ڕاگرتنی تەقە و دوژمنکارییەی کە هەر ئێستا  لێرە وەزیری کارو باری دەرەوە باسی کرد، یەپەگە ( یەکینەکانی پاراستنی گەل) و ئەڕتەشەکانی سوورییەی ئازاد (ئێف ئێس ئەی ) یش وەبەر دەگرێ. داخودا ئەوە ڕاستە ، داخودا ئەوە ڕاگرتنی شەڕی نێوان بە گشتی تورکەکان و کوردەکانیش لە سوورییە دەگرێتەوە؟

ئاغای کربی: با دیسان بڵێم، لەبیرت بێ ئەوە چییە، ئەوە خەسڵەتی نەگۆڕاوە، ڕاگرتنی تەقە و دوژمنکاری کە لە مانگی فێڤرییە دا ڕاگەیێندرا هەموانی دەگرتەوە یان وا داندرابوو هەموان بگرێتەوە بەڵام ئەو گرووپانەی وا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ناوخۆی سوورییە وەک تێڕۆریست نێوزەد کراون،ناگرێتەوە و ئەوان دوو ڕێکخستنن ، یەکیان داعش ە و ئەویدیکەیان ئەلنوسرە یە، کە هەر وەک ئێستا وەزیری کارو باری دەرەوەش گوتی ئەو ڕێکخستنە یانی ئەلقاعیدە، ئەلقاعیدە لە سوورییە. و ئەگەر تەقە وەستاندن و دوژمنکاری جێ بە جێ بکرێ، و ئەگەر بپارێزدرێ و ڕەچاو بکرێ، ئەو دەمی تەنێ ئەو دووگرووپە دەبنە ئامانجی هێرش

پرسیار: کە وا بوو تەقە وەستاندن و دوژمنکاری بەگژ یەک داهاتن و ڕووبەڕوو بەەنەوەکانی تورک – کورد یش وەبەر دەگرێ؟
ئاغای کربی: دەزانی ، ئێمە گوتوومانە – ئێمە لە مێژە گوتوومانە کە نامانەوێ ببینین – و ئەمن چەند حەفتە لەمەو پێشیش گوتم - کە ئێمە نامانەوێ تێکهەڵچوونی بە زەبر و زەنگ لە نێوان هێزە تورکەکان و هێزە کوردەکان دا ببینین . ئەوەی ئێمە گوتوومانە ، هەر ئەوەیە ئەمن ئەمڕۆ دووپاتەی دەکەمەوە، ئەویش ئەوەیە ئێمە دەمانەوێ، ئەوان وەک ئەندامانی ئیتیلافی دژی داعش، شەڕی داعش بکەن، ئەوە ئەو شتەیە- کە ئێمە دەمانەوێ ئەوان ئەنێرژی خۆیانی تێدا بەکاربێنن .

پرسیار: سپاس و پرسیاری دووەمم لە مەڕ کێشەی سوورییە ئەوەیە کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوورییە و هەر وەها ئاسۆرییەکان ئعترازیان کردووە دەرحەق بەو بەڵگەنامەیە کە لەلایەن ئەو ئۆپۆزیسیۆنەوە دەرچووە کە عەڕيبستانی سعوودی پشتی دەگرێ واتە ئێچ ئێن سی، و ئەوە بەرنامەیانە بۆ سەروبەندی تێپەڕ بوونە لە سوورییە. گلەیی و گازندەکە ئەوەیە ئەو بەڵگەنامەیە بە پێی بنەمای عەڕەبایەتی و لە ڕوانگەی ئیسلامگەرییەوە گەڵاڵە  کراوە و تێیدا بەرژەوەندییەکانی کەمایەتییان لە سوورییە لە بەر چاو نەگیراوە.

ئاغای کربی: ئێ.

پرسیار: باشە چ لێکدانەوەت هەیە لە سەر ئەمە؟ ئایا ئێوە چبڕ سەرنجتان داوەتێ کە بە بەجێ هێشتنی زۆر شت بۆ ووڵاتانی وەک عەڕەبستانی سعوودی ئێمە هەر هەمان ئەو کێشەیە زیندوو دەکەینەوە کە لە ئەفغانستان کردمان لە دوای ساڵانی ١٩٨٠ کان، ئەو دەمێ کە پاکستان جڵەوی کارەکانی درا دەستی و ئاکامەکەشی وەنەبێ شتێکی زۆر جوان بووبێ؟
ئاغای کربی: ئەمن تەواو دڵنیا نێم مەبەستت لە دوایین بەشی پرسیارەکەت چییە، بەڵام دەڵێم ئێمە بەردەوامین لە سەر پێزانی خۆمان سەبارەت بە سەرۆکایەتی عەڕەبستانی سعوودی لێرە دا بە کار کردنی لەگەڵ ئێچ ئێن سی وئۆپۆزیسیۆنی میانەڕۆ  بۆ ئەوەی یارمەتییان بدا کە لە سەر بنەمای پرێنسیپی یەکگرتوو بجووڵێنەوە.
ئێستا ، بڕوانە ، ئەمن ئەو  ئعترازە تایبەتییەم نەدیتووە، بەڵام ئاگام لێیە، ئەمن بەگشتی دەزانم لە سەر چییە، خۆییم نەدیتووە، جا بۆیە بەجێ نابێ لێرە خەت بە خەت پێی دا بێمەوە. ئەوەی من لەم بارەیەوە پێت دەڵێم ئەوەیە:لێرە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێچ گۆڕانێک لە بیرو بۆچوونی ئێمە دا پێک نەهاتووە ، و پێم وابێ دەتوانم بڵێم لەو بارەیەوە بۆچوونی ئەندامانی دیکەی گرووپی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە سوورییە (ئای ئێس ئێس جی) ش هەر ئاوایە، ئەویش ئەوەیە ئێمە دەمانەوێ سوورییە وەک ووڵاتێکی یەکگرتوو، گشت، پلووراڵ ببینین، کە جێی هەموو سوورییەیەکانی تێدا ببێنەوە بێ لە بەر چاو گرتنی ئەوەی کە شێوەی ژیانیان چۆنە، بێ لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە باوەڕیان بە چ دینێک هەیە  و بێ لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە سەر بە چ ئێتنیسیتی یەکن.  ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە لە سەرەتاوە گوتوومانە و ئەوە ئەو ئامانجەیە کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەر دەوام دەبێ لە سەری  بۆ وەدیهێنانی.


پێنجشەمە ١٥ –ی سێپتامبری ٢٠١٦
 مارک سی. تونر
 جێگری ووتە بێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی
 پرسیار: زۆر سپاست دەکەم. ئایا دەکرێ زانیاریمان بدەیەی سەبارەت بە دیدارەکانی ئەمـڕۆی جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بلینکن لە ئەربیل [ هەولێر ] ؟
 ئاغای تونر: بە دڵنیاییەوە، با کاغەزەکە ببیمەوە. وەک ئاماژەت پێ کرد ئەو لە کوردستانی عێڕاقە – جێگری وەزیر ئانتۆنی بلینکن ، تۆنی بلینکن ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقە. ئەو لەوێ چاوی کەوت بە پرێزیدێنت بارزانی و کاربەدەستە پایەبەرزەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێم. ئەوان بەردەوام بوون لە سەر قسە کردن ، ئاشکرایە ، حەولدان بۆ تێکەوبردن و تێک شکاندنی داعش و هەر وەها پشتیوانی بۆ – ئەو پشتیوانییەی کە ئێستا لە پێشمەرگە دەکرێ، ئەوان هەر وەها سەبارەت بە ووڵام دانەوەی دەستبەجێی قەیرانییە ئینسانییەکان لە عێڕاق قسەیان کرد و دوا جار باسی ئەو ئامادەکاری و هاوکاریانەشیان کرد لە نێوان بەغدا و ئەربیل [ هەولێر ] دا بەر لە ڕزگار کردنی مووسڵ.
پرسیار: ئەمن دەزانم کە ڕاپۆرتی کوردی دەلێن – ڕاپۆرتی چاپەمەنی دەڵێن پرێزیدێنت بارزانی باسی مەسەلەی مووسڵ ی دوای نەمانی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام، کە ئەوێ لە ڕووی سیاسییەوە چۆن حوکم بکرێ و ئیدارە کردنی چۆن بێ. ئایا چ ووردەکاری ئەو بابەت لا دەست دەکەوێ؟
ئاغای تونر: ئەمن مەبەستمە بڵێم، ئەمن چم لەوە زیاتر نییە بیڵێم کە ئێمە لە سەرەتاوە هەمیشە گوتوومانە ، کە ئەویش ئەوەیە هەر کاتێک ئەو شارانە ، شارۆچکانە ، هەرێمانە ڕزگار دەکرێن ، ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ هەر چی زووتر بیبینین – ئاشکرایە، ئێمە دەمانەوێ ناوچەکە بە ئەمن ببینین و ئەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە زۆر شوێنی ئەو ناوچانە چونکە مین ڕێژ کراون و هەڕەشە لە سەر هاووڵاتییان هەیە یان هەڕەشە لە سەر گیانی ئەو خەڵکە مەدەنییانەی کە بگەڕێنەوە سەر زێد و واری خۆیان. بوڵام شتێکی دیکەش کە ئێمە دەمانەوێ بیبینین ئەوەیە کە خزمەتی کۆمەڵایەتی وەگەر بکەوێتەوە، حکوومەت – حکوومەتی ناوچەیی دابمەزرێندرێتەوە. ئێمە پێمان خۆشە ببینین کە هەرچی زووتر قەوارەی ژیان دابمەزڕێندرێتەوە بە شێوەیەکی ئەوتۆ ڕێگا بدا بە هاووڵاتییان، ئەوانەی کە لە شوێنی خۆیان هەڵکەندراون ، یان ئەوانەی کە ناچار بوون لە ژێر حوکم و کۆنتڕۆڵی ئایسیل دا لەوێ دەرببەن و بژین ، بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەنەوە. جابۆیە حکوومەتی جێیی ئەو شتەیە کە ئێمە دەمانەوێ دابمەزرێندرێتەوە.
پرسیار: یانی پێداگری لە سەر ئەو شتەی کە خەڵکی جێیی دەیانەوێ؟
ئاغای تونر: بەڵێ ئەوە ئەو شتەیە کە من دەیڵێم
پرسیار: سپاست دەکەم.
پرسیار: سەفیری ئەمریکا جان باس کەوتووەتە بەر ئاگربارانێکی توند لە دوای بەیانییەکەی چەند ڕۆژ لەمەوپێشی سەبارەت بە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە کە لەو دواییانە دا لە دەست حکوومەتی ناوچەیی دەرهێندران و خرانە بەر دەست ئەو قەیومانەی کە حکوومەت دیاریی کردوون. و سەفیری دەوڵەتە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە داخویانییەکی بڵاو کردەوە. ئایا ئەتۆ چت هەیە بیڵێی سەبارەت بە بارو دۆخی وی لە تورکییە؟
ئاغای تونر: سەبارەت بە وەزعی وی لە تورکییە؟ ئەدی. ئەو وەک سەفیر لە تورکییە دەمێنێتەوە. و ئەمن هیچ لەوە زیاد ناکەم کە ئەو لە لێکدانەوە و بەیانییەکانی دا دەری بڕیون. بەڵام ئاشکرایە کە سەرۆک کۆمارو وەزیری کاروباری دەرەوە باوەڕی تەواویان پێیەتی.
پرسیار: کە وابێ نیگەرانییەکانی وی سەبارەت بەو حکوومەتە ناوچەییانە ، کە زۆربەیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییەن، وا وەرگیراوە کە ئەو موداخەلە لە کاروباری ناوخۆیی تورکییە دا دەکا. چەندین وەزیری تورک بەرتەکیان نیشان دا و قسەکان یان داخویانییەکانی وییان مەحکووم کرد، لەوانە وەزیری کارو باری دەرەوە و وەزیرەکانی دی. ووڵامی ئێوە بۆ ئەو ئارگومێنتە چییە کە ئەو لە کاروباری ناوخۆیی تورکییە دا موداخەلە دەکا؟.
ئاغای تونر: ئێمە لەگەڵ ئەو قسەیە ڕێک نین. و دیسان با بیڵێمەوە، قسەکانی وی بەجێ بوون. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە قسەکان و داخویانییەکانی. و ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە پێوەندی ئێمە لەگەڵ تورکییە ، هەر کاتێک باسی لێوە دەکەین- دەڵێین ئێمە پێوەندییەکی پتەومان هەیە لەگەڵ تورکییە و ئاشکرایە ئەوە زۆر لایەن دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر لەگەڵیان ڕێک نەبین لە پێوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ یان بارودۆخی دێمۆکڕاسی لە تورکییە ، ئێمە هەست دەکەین ئێمە پێوەندییەکەمان بایی ئەوەندە پتەوە کە بکرێ ئەو نیگەرانییانە بە ئاشکرایی دەرببرێن
 پرسیار: کە وابێ ئەتۆ دەڵێی کە ئەو داخویانییە دەستپێشخەرییەکی شەخسی نییە لە لایەن سەفیرەکەتانەوە؟ بەڵکوو ئەوە داخویانی و هەڵوێستی حکوومەتی ئێوەشە؟
 ئاغای تونر: بڕوانە ، مەبەستم ئەوەیە بڵێم . هەر کاتێک سەفیرێک قسە دەکا دیارە ئەوە بە نوێنەرایەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
 پرسیار: جا کەوابێ ئێمە دەکرێ هەر لە سەر ئەمریکا بمێنینەوە و بڵێین سەفیرە ئەمریکاییەکان سەر هەڵدان وەڕێ دەخەن، یان دەبنە هۆی ورووژاندنی سەرهەڵدان؟
 ئاغای تونر: باشە ( پێکەنین ) ئەوەی دیکە لە کوێ دەبێ؟
پرسیار: دووی دیکەش هەن، دە ڕاستییدا ، دووی دیکە
 ئاغای تونر: باشە
 پرسیار: ڕەنگە ئەتۆ ئاگات لێیان نەبێ . ئیتالیا و ڕۆمانی 

جومعە  ١٦ – ی  سێپتامبری ٢٠١٦
جان کربی
قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: سپاست دەکەم. ، سەبارەت بە دیداری تۆنی بلینکن ، بە نووسراو هیچ هەیە سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکانی؟

ئاغای کربی: سەبارەت بە سەردانی -

پرسیار:  سەبارەت بە سەردانی جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە ، تۆنی بلینکن

ئاغای کربی: ئەها ، تۆنی بلینکن، بەداخەوە ، چم پێ نییە -

پرسیار: و سەبارەت بە سەردانی مەکگورک  لە ئەربیل [ هەولێر]  ئایا هیچی نوسراوت لایە سەبارەت بە دیدارەکانی لەگەڵ بارزانی و کاربەدەستانی دیکە لەوێ؟

ئاغای کربی: با تەماشایەک بکەم. ئەمن نازانم هەمە یان نا. هەمە ، هەمە . ئەو [ ئێلیزابێت ] دەڵێ هەمە.

پرسیار: دە باشە باشە ( پێکەنین )

ئاغای کربی : دەبێ لێرە بیبینمەوە. یەک سانییە سەبرت بێ. ئەه- ئەوەتا ، لە لاپەڕەی یەکەمە . ئەمن دەبێ چاویلکەکەم دە چاوم کەم  لە بەر ئەوەی فۆنتی نووسراوەکە  هێندەش گەورە نین ( پێکەنین )

ئاغای کربی: دوێنێ جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بوو، لەوێ چاوی کەوت بە پرێزیدێنت بارزانی  و کاربە دەستە پایە بەرزەکانی دیکەی حکوومەت بۆ درێژە دان بە قسە کردن لە سەر حەولەکان بۆ تێکەوە بردن و تێک شکاندنی داعش، پشتیوانی بۆ پێشمەرگە ، هەر وەها ووڵامدانەوەی دەستبەجێ بە یارمەتی ئینسانی بەو کەسانەی لە بەر قەیرانی عێڕاق لەناوخۆ لە زێد و واری خۆیان هەڵکەندراون، لە قسەکردنەکاندا باسی هاوکارییەکانی بەغدا – ئەربیل [ هەولێر ] یش کران بەر لە ڕزگاری مووسل . باشە ؟

پرسیار: برێت مەکگورک دەجریوێنێ کە بە ڕواڵەت هێندێک بابەتی دیکەش قسەیان لێوە کراوە. ئەو لە یەکێک لە جریوەکانی خۆی دا دنەی یەکەتی دەدا لە نێوان دوو پارتی فەرمانڕەوا دا، واتە پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.  ئەمن دەمەوێ ئەوە بزانم کە – هەڵسەنگاندنی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چییە – سەبارەت بە یەکەتی یان  یەک نەبووونی لە ناو کوردەکانی عێڕاق لە حاڵی حازر دا؟

ئاغای کربی: دیارە ئەمن لێرە قسەی خۆم ناخەمە پێش قسەی جێگری وەزیر . ئەمن پێم وایە ، بڕوانە، ئێمە لە مێژە باسی ئەوەمان کردووە کە ئاواتمان ئەوەیە ببینین پارتییەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ باشتر بوون و چاکەی عێڕاق. بەڵام ئەمن ناچمە سەر چ ووردە ڕیشاڵێکی دیکە جگە لەو ووڵامەی کە هەر ئێستا لە ووڵامی پرسیاری ئێوە دا دامەوە

پرسیار: بەڵام داخودا لەوە نیگەرانن کە یەک نەبوونی ئەوان تا ئەو ڕادەیە بێ کە کێشە ساز کا بۆ ئامانجی بەربڵاوتری کە ئێوە بیرتان لێ کردووەتەوە-

ئاغای کربی: دەزانی ، ئەمن نامەوێ – مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، ئەمن دەکرێ پێت بڵێم ئێمە پێمان خۆشە چ ببینین ، و ئەوە نەگۆڕاوە. و ئەمن پێم وا نییە ئەوە یارمەتی دەر بێ ئەگەر مرۆڤ  شک و گومان دەرببڕێ کە ئەوە ناقەومێ. مەبەستمە بڵێم ، هۆی پێوەندیی بەردەوام و نەپساوەی ئێمە لەگەڵ ڕێبەران لەوێ  هەر ئەوەیە. ئێمە دەمانەوێ بەغدا و ئەربیل [ هەولێر ]  ئاوا ببینین کە درێژە بدەن بە کار کردن بۆ چاکەی ووڵات وبۆ بەرژەوەندیی هەموو عێڕاقییەکان لە هەر کوێیەک هەن . بەڵام  ئەمن شتی وا ناکەم – ئەمن دەست ناکەم بە دەربڕینی شک و گومان سەبارەت بە ئەوەی کە ئەوە ڕوو نادا. مەبەستمە بڵێم ، ئەمن پێم وایە  ئێمە دەتوانین  بەگشتی بڵێین کە یەک نەبوونی  بۆ ئەو مەبەستە ئافرێنەر نییە. یەک نەبوونی  یارمەتیدەر نابێ و هەر بۆیەشە ، دیسان بڵێمەوە ، ئێمە بەردەوام دەبین بۆ پێداگرتن لە سەر یەکەتی.




Tuesday, September 13, 2016

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاننا لیند، ١٢-ی سێپتامبری ١٩٩٩

 چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاننا لیند، ١٢-ی سێپتامبری ١٩٩٩
( تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنم لە ١٢-ی سێپتامبری ١٩٩٩ لە شاری گوتێنبێرگ بە زمانی سوێدی لەگەڵ ئاننا لیند وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەودەمی سوێد سەبارەت بە بارودۆخی باکوور و تورکییە بۆ تێلێڤیزۆنی میدیا ئەنجام دا. لەو ڕۆژە دا لە شاری گۆتێنبێرگ ڕێوڕەسمیک بۆ شەرمەزار کردنی سزای ئێعدام بەڕێوە دەچوو. بەداخەوە ئاننا لیند لە ١١-ی سێپتامبری ٢٠٠٣ بەشێوەیەکی دڕندانە و بە ڕۆژی ڕووناک لە ستۆکهۆڵم کووژرا. بۆ بیرەوەری ئەو ئینسانە دێمۆکڕاتە وەرگێڕانی دەقی ئەو چاو پێکەوتنە بڵاو دەکەمەوە.لە خوارەوە لینکی ڤیدێئۆی چاوپێکەوتنەکە لە تۆڕی یووتووب داندراوە )

 حەسەن قازی: سپاست دەکەم بۆ ئەوەی داوای ئێمەت قەبووڵ کرد بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە لێت پرسم لەو دواییانە دا زۆر بە ڕوونی باست کردووە کە دەتەوێ تورکییە ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا بەڵام دیارە ئەو ئەندامەتییە هێندێک هەلومەرجی هەیە و بۆ وێنە ئەو هەلومەرجانەی لە دانمارک بۆ ئەندامانی تازە داندراون. دیارە تورکییە خۆشی دەیەوێ ببێتە ئەندام. ئەو هەلومەرجانەی دانمارک کامانەن؟

 ئاننا لیند: ئەمن لەو باوەرەدام ئەوە گرینگە لە ناو یەکێتیی ئوڕووپا و تورکییە دا هاوکاری هەبێ و لە داهاتوو دا تورکییە دەتوانێ ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا.بەڵام بۆ وەدیهاتنی ئەوەش تورکییە دەبێ مافە بنەڕەتییە مرۆڤییەکان ڕەچاو بکا ، بۆ وێنە دەست پێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ڕێکخراوە دێمۆکڕاتیکەکان لەناو کوردەکان دا. ئەمن لەوە تێ دەگەم کە مرۆڤ لەگەڵ پ.ک.ک. موزاکەرە ناکا کە کردەوەی تێڕۆریستی دەکا، بەڵام ڕێکخراوەی دێمۆکڕاتیکیش هەن کە دەکرێ تورکییە وتووێژیان لەگەڵ بکا و دیالۆگیان لەگەڵ بکرێ. تورکییە دەبێ ددان بەوە دا بنێ کە لە تورکییە هێشتا کێشەی مافی مرۆڤ هەیە، دەبێ سزای ئیعدام هەڵبگیرێ و سیستمی قەزایی بگۆڕدرێ بە گشتی ئەو داوخوازانە پێک بێنێ کە ئورووپا داوایان دەکا.
 حەسەن قازی: بە دڵنیاییەوە ئێوە ئاگادارن کە لە سەرەتای مانگی ئووت دا بەرپرسی مافی مرۆڤ ، دێمۆکراتی و کار لە وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا سەری لە تورکییە و لە ناوچە کوردییەکان دا. لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی لە ئانکارا لەوێ بە ئاشکرایی باسی ئەوەی کرد کە جەخت دەکەن لە سەر دێمۆکڕات کردنی تورکییە. ئایا لەو بارەیەوە چ ڕاوێژێک لە نێوان ئوڕووپا و ئەمریکا دا هەیە؟

 ئاننا لیند: ئەو جەخت و گوشارانە هەم لە لایەن ئوڕووپا و هەم لە لایەن ئەمریکاوە دەکرێن. و هەر کەس لە لایەن خۆیەوە دەیکا و ئەمن پێم وایە ئەوە باشە چونکە داوخوازەکان لە هەمان کات دا لە شوێنی جۆر بە جۆرەوە دەکرێن.

حەسەن قازی: بەڵام ئایا وتووێژێک لە نێوان ئێوە و ئەمریکا دا لەو بارەیەوە هەیە؟

ئاننا لیند: شتەکە ئاوایە کە ئوڕووپا ڕاستەوڕاست لەگەڵ تورکییە دەدوێ و ئەمریکا ڕاستەوڕاست لەگەڵ تورکییە دەدوێ و دیارە تا ڕادەیەکیش بۆچوونەکان وەک یەک وان و هەڵبەت ئەوە گرینگە کە تورکییە مافی مرۆڤ و مافە دێمۆکڕاتیکەکان لە بەر چاو بگرێ.

 حەسەن قازی: وەک وەبەرچاو دێ بەتایبەتی دوای ئەو کارەساتە تەبیعی یەی لە تورکییە قەوما هێندێک نیشانەی ئاوا دەرکەوتووە کە تورکییە و یۆنان کە لە ڕووی نەریتییەوە دانوویان بەیەکەوە ناکوڵێ ئێستا لەیەکتری نزیک دەبنەوە . ئێوە ئەوە چۆن دەبینن و لێکدانەوەتان لە سەری چییە؟

 ئاننا لیند: ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر باشە، ئەوە زۆر باشە ئەو کارە بکەن . هیوادارم ئەوە مانای ئەوە بێ کە تورکییە زیاتر لا بکاتەوە لە سەر کێشە ناوخۆییەکانی و چارەسەرکردنیان لە پێوەندی لەگەڵ مافە مرۆڤییەکان دا لە جیات ئەوەی ئەنێرژی خۆی لە سەر ئەوە دابنێ کە دوژمنێک دراوسێیەتی .هیوادارم هێور بوونەوەی بارگرژی لە نێوان تورکییە و یۆنان دا بگاتە ئەوەی کە تورکییە مافە مرۆڤییەکان لە ناوخۆی تورکییە دا بە جیدی بگرێ.

 حەسەن قازی: پ.ک.ک. ، یانی پارتیی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاندووە بەردەوام نابێ لە سەر خەباتی چەکدارانە. ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟ ئایا ئەو هەڵوێستەی کە ئێستا سەبارەت بە پ.ک.ک. ڕاتگەیاند لە لایەن دەوڵەتی سوێدەوە گۆڕانی بە سەر دادێ؟
 ئاننا لیند: ئەمن پێم وایە ئەوە گرینگە کە پ.ک.ک کۆتایی دەدا بە خەباتی چەکدارانە.چونکە کردەوەی توندو تێژی قەت دێمۆکراسی دانامەزرێنێ و ئەمن پێم وایە تەنیا ڕێگای ڕێزگرتن لە خەباتی دێمۆکڕاتێک و هەر وەها لە مافی کوردان لە تورکییە ئەوەیە کە مرۆڤ زەبرو زەنگ بەکار نەهێنێ . بەڵام لە تورکییە زۆر ڕێکخراوەی دێمۆکڕاتیک هەن تەنانەت لە ناو کوردەکانیش دا و ئەمن ئەوە بە جێی قەبووڵ نازانم دەوڵەتی تورکییە دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ ئەوان ناکا.

حەسەن قازی : وەک ئێوە ئاگادارن نۆڕوێژ کارێکی زۆری کرد بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل لە دەوری یەکتری کۆ ببنەوە و وتووێژ بکەن. پێت وا هەیە بکرێ سوێدیش دەورێکی ئاوا ببینێ لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکییە دا ؟

 ئاننا لیند: ئەگەر دەرفەتێکی وا هەبێ ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر باش دەبێ. ئێستا پێم وایە گرژییەکی زۆر هاتووەتە ئاراوە بە دانانی ئەو داوخوازیانە لە سەر تورکییە. حاڵی حازر ڕەنگە ئێمە نەتوانین وەک ناوبژیوان دەور بگێڕین بەڵام ، ئەمن هیوادارم بتوانین لە داهاتووە دا دەورێک بگێڕین بۆ ئەوەی بکرێ دیالۆگێک لە ناو کوردەکان لە تورکییە و دەوڵەتی تورک ساز بکەین.

 حەسەن قازی: ئەمن زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەو کاتەی بەئێمەت دا ، ئەگەر شتێکی دیکەت هەیە بە بینەرانی ئێمەی بڵێی فەرموو

 ئاننا لیند: پێدەکەنێ و دەڵێ نا سپاست دەکەم چی دیکەم نییە

لە دوای کووژاندنەوەی کامێڕا ئاننا لیند داوای کرد جارێکی دی پرسیارەکەم لەمەڕ ئەگەری بەریوانی کردنی سوێد لە نێوان نوێنەرانی گەلی کورد لە تورکییە و دەوڵەتی تورک دووپاتە بکەمەوە. منیش پرسیارەکەم زیاد کرد و کردمە دوو پرسیار.

حەسەن قازی: پرسیارەکە ئەوە بوو وەک ئێوە دەزانن نۆڕوێژ دەورێکی گەورەی گێڕا بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل بە جۆرێک لەیەک نزیک بنەوە و دەست بە دیالۆگ بکەن و گەیشتنە ئەو قۆناخەی کە ئێستا دەیبینین. پێتان وایە کە حکوومەتی سوێد و بە تایبەتی ئێوە سۆسیال دێمۆکڕاتەکان کە ئێستا دەستەڵاتدارن ئامادەن هەمان دەور بگێڕن لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکییە دا؟

 ئاننا لیند: بەڵێ بەخۆشییەوە ئەوە دەکەین چونکە ئێمە لە ڕووی نەریتییەوە پێوەندی باشمان هەبووە لەگەڵ زۆرێک لە ووڵاتە ئیسلامییەکان کە جیاوازی دینی و کولتوورییان هەیە لەگەڵ سوێد و ئێمە پێمان وایە مەسەلەی مافی مرۆڤیش زۆر گرینگە و پێوەندیی باشمان لەگەڵ کوردەکانیش دا هەیە و بە خۆشییەوە دەڵێم ئەگەر سوێد دەرفەتی بدرێتێ لە دڵەوە یارمەتی دەکەین بۆ پێکهێنانی دیالۆگ لە نێوان کوردەکان لە تورکییە و حکوومەتی تورک دا.

 حەسەن قازی: و دوایین پرسیارم لە ووتەی ئەمڕۆت دا لێرە ڕاتگەیاند ئێوە دژی حوکمی ئێعدامن لە ئەمریکا و لە ئوڕووپا ئایا ئەوە تورکییە و ئەو حوکمی ئێعدامەش دەگرێتەوە کە بە سەر ئوێجاڵان یان دا سەپاندووە ؟

 ئاننا لیند: ئێمە لە پرێنسیپ دا لە هەموو جێگایەک لە دژی سزای ئێعدامین . و ئەوە هەموو ووڵاتێک دەگرێتەوە لەهەر جێگایەک کە سزایەکی ئەوتۆ هەبێ.

 قازی: سپاس بۆ تو

 ئاننا لیند: گەلێک سپاس


لینکی ڤیدێئۆی چاوپێکەوتنەکە
https://youtu.be/924u6MpWjLg

وێنەکان و ڕێکخەری چاوپێکەوتنەکە: هیوا کاردۆیی
فیلمهەڵگر : عەککاس ئاکگوین