Thursday, August 31, 2023

شبکە جهانی کانال یک، برنامە رمز پیروزی، مجری حسن اعتمادی، سەشنبە ٢٩ اوت ٢٠٢٣ "چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق " وەرگێڕانی قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

شبکە جهانی کانال یک، برنامە رمز پیروزی، مجری حسن اعتمادی، سەشنبە ٢٩ اوت ٢٠٢٣

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


وەرگێڕانی قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

حەسەن ئێعتمادی: بەڕێز وەلی لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵ دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان توانییان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەست بە چالاکییەکانی خۆیان بکەن، ڕەنگە تا ئەو ڕادەیە لە گوشار و هەڕەشەمان نەدیبێ لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و تەوافوقی حکوومەتی عێڕاق. چ قەوماوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دوای بیست ساڵ هەڵوێستێکی ئاوای گرتووە و گەرەکییەتی هەنگاوێکی بە پەلە هەڵێنێتەوە بۆ چەک کردنی حیزبە سیاسییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان؟ 
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: بە باوەڕی من ئەوە دەتوانێ چەند هۆی هەبێ. سەبەبێکی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە تەمەنی چل و چوار ساڵەی خۆیدا قەت تا ئەوەندە لە ژێر گوشار دا نەبووە و تا ئەو ڕادەیە لەناوەوە لاواز نەبووە و لەو چل و چوار ساڵە دا قەت کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران بە گشتی و کوردستان و زاهیدان بە تایبەتی تا ئەو ڕادەیە موشکیلەی سەرەکی ئەو ڕێژیمە نەبوون. هۆی ئەوەی کە کوردستان و زاهیدان ئەو حالەتە تایبەتییەیان پەیدا کردووە لەبەر ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئەسڵی خۆیدا ڕێژیمێکی ئاپارتایدە و لە سەر بنەمای تەبعیز، دەرهاویشتن، نکووڵی لێکردن، زیندان و ئەوانە داندراوە و ئەو تەبعیز و دەرهاویشتنە بە شێوەی قانوونی لە ئێران دا هەیە و دەستەڵاتی سیاسی ئەوە بە کردەوە بەکار دەبا. و کوردستان و زاهیدان ناوەندی بەیەک گەیشتنەوەی سێ ئاپارتایدی تایبەتین. ڕێژیمی ئاپارتایدی جینسییەتی، وەکوو پاشماوەی شوێنەکانی ئێران، ڕێژیمی ئاپارتایدی میللی- زمانی و ڕێژیمی ئاپارتایدی مەزهەبی و فەرهەنگی. بەوپێیە ئەو مەسەلەیە جێی سەرسوڕمان نییە کە کۆمەڵگە پەراوێزەکان وەکوو کوردستان و زاهیدان ئەوەندە پێشڕۆن و ئەوەندە لە دژایەتی و ئێعتراز و خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی دا پێشڕۆن، و لەم یازدە، دوازدە مانگە دا بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەرچاو دەمەیدانێ دا بوون، و تەنانەت کاتێک ئەو خۆ پیشاندانانە لە کوردستان، ئەو بەرهەڵستە لە کوردستان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرکوت کران، ئەو ئیعترازاتە هەر لەوێ ماوە و ئەم ڕێژیمە دەزانێ لە هەلومەرجێک دا کە بە تەواوی مەشڕووعییەتی خۆی لە دەست داوە. لە هەلومەرجێک  دا کە لە بواری زۆر هەراو و بەربڵاوی ژینسیاسەت دا لەبەر ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بۆی جێ بەجێ نابێ، نەیتوانیوە وەک دەڵێن حکوومەت بکا و ئێستا حاکمییەتی خۆی بە دەکارکردنی توند و تیژی، بە زیندان و داغ و درەوش لەو ناوچانە دا بەرقەرار دەکا. لە لایەکەوە ڕێژیم دەزانێ کە لە کوردستان لە ڕووی مێژووییەوە حیزبە سیاسییەکان زۆر گرینگ بوون و مێژوویەکی هەڵنەبڕاوی هەشتاو پێنج ساڵە، نەوەد ساڵەیان هەیە و لەوێ هەن و لە ناو خەڵک دان سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنێکی زۆری ژیانیان لە تاراوگە بوون. و هەر وەها ڕێژیم دیتوویە تەنانەت لە هەلومەرجێک دا کەسانێک کە مومکینە لەگەڵ ئیدێئۆلۆژی و بەرنامەی ئەو حیزبانەش یەک نەبووبن لە دژایەتی لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمەدا پەیام و داوخوازەکانی ئەو حیزبانەیان وەخۆ کردووە. هەنووکە ڕێژیم لە هەلومەرجێک دا کە خەریکین بەرەو ساڵوەگەڕێ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و قەتڵیی حکوومەتی ژینا ئەمینی دەچین ڕێژیم زۆر توند لە دووپاتەبوونەوەی ئەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە خەڵک لە خەرمانانی ساڵی پێشوو دەترسێ، بەو پێیە بەو گوشارەی کە ڕێژیم هێناویەتە سەر حیزبە کوردەکان لە لایەکەوە شەڕێکی دەروونی وەڕێ خستووە و لە لایەکی دیکەوە گوشاری سیاسی هێناوە کە ئەوانە نەتوانن یانی جورێک بێ ئەوانە نەتوانن ئەو پێوەندییە سیاسی فەرهەنگییەی کە لەگەڵ ناوەوەی کوردستان و لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی هەیانە بە شێوەیەکی پۆزیتیڤ یا چالاک کەلکی لێ وەربگرن. بێ شک ئێمە دەبینین هێندێک سازان کراوە لەوێندەرێ بەڵام تا ئەو جێگایەی کە من دەزانم ناوەرۆکی ئەو رێکەوتنە لە نێوان ئێران و حکوومەتی عێڕاق زۆر ڕوون نییە، لەو بارەیەوە قسەی کە یەکتری بەرپەرچ دەدەنەوە دەکرێ و لە لایەکی دیکەشەوە دەبێ بڵێین کە حیزبەکانی کوردی کوردستانی ئێران لەسەربنەمای رێکەوتننامەیەک کە نزیکەی بتست ساڵە لەگەڵ حکوومەتی فێدراڵی کوردستانی عێڕاق هەیانە، کە لە سەر بنەمای ئەو رێکەوتننامەیە ئەوان بۆیان هەیە لە کوردستانی باشوور، لە کوردستانی عێڕاق بمێننەوە بەو مەرجەی لەوێوە عەمەلییاتی نیزامی بە دژی ڕێژیمی ئێران ئەنجام نەدەن. لێرە دا ئەو حیزبانەی کە لە شارە گەورەکان یان لە دەوروپشتی ئەو شارانە لە کوردستانی عێڕاق بوون وەکوو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، یان حیزبی کۆمەڵە و ئەوانە. ئەوانە ئەو وەزعەیان تا ئەو جێگایەی من بزانم و بۆ خۆشیان دەڵێن ئەو ڕێکەوتننامەیان بەڕێوەبردووە و پێی وەفادار ماون. حیزبی دیکە هەن وەکوو پارتیی ژیانی ئازادیی کوردستان کە ئەوان لە کوردستانی عێڕاق لە ناوچە شارییەکان دا نین، ئەوان لە چیاکانن و ئەگەرچی لەوێش نزیک دە ساڵ لەوە پێش هێندێک تێکهەڵچوون لە نێوان پەژاک و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا و کۆماری ئیسلامی دەستی کرد بە بۆمبارانی گوندەکان و بەرزاییەکانی ناوچەکە دیسان بە بەریوانیی حکوومەتی فێدراڵی کوردستانی عێڕاق موافەقەتنامەیەک لە نێوان پەژاک و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کرا و کۆماری ئیسلامی بەڵێنی دا دەست هەڵگرێ لە بۆمبارانی ئەو شوێنانە و ئەوانیش لە ناوخۆی ئێران عەمەلییات نەکەن.شتێکی کە ئەمن دەمەوێ بیلێم ئەوەیە کە ئەو بیانوویەی کە کۆماری ئیسلامی دەیهێنێتەوە و ئەو قسەیەی کە دەیکا لە ڕاستیدا ئیحتیجاجەکەی بنەمایەکی ڕاستەقینەی نییە و حیزبە کوردەکان لەوێ لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستیان نەبردووە بۆ چەک. ئەوەی کە ئەوان چەکدارن، بەڵێ چەکدارن.

ئیعتیمادی: بەڕێز وەلی ماوەیەک لەمەو بەر ئێمە دیتمان کە پۆلیسی دەوڵەتی ئاڵبانی هێرشیان کردە سەر کەمپی سازمانی موجاهیدین بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان لەوێ بە ڕێگای کامپیوتێرەکانیانەوە کاری ناقانوونی دەکەن و دەگوترێ تەنانەت هێندێک لەو کامپیوتێرانەیان لەو شوێنە بردووەتە دەرەوە و تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەبوو ئەوانەیان تەسلیم کردووە بە کۆماری ئیسلامی ئێران. پێتان وایە تا چ ڕادەیەک لە سەر بنەمای ئەو رێکەوتنەی لە نێوان ئیران و عێڕاق دا کراوە ئەمریکاییەکانیش دەکرێ دەوریان تێیدا هەبێ؟
وەلی: ئەمن پێم وایە کە ئەمریکا دەوری چالاکی نییە بەڵام ئەمریکا ئاگای لەو هەلومەرجە هەیە و ئەمن پێم وایە لەو سیاسەتەی کە بە قەولی خۆیان پێی دەڵێن pasification واتە ئارامسازی عێڕاق بەزەرەری ئێران، یانی ئەوان دەیانەوێ ئێران لە عێڕاق بچێتە دەرەوە یان لانی کەم زۆر لاواز ببێ. و لەو پێناوە دا ئەوان ئامادەن لەو جۆرە سیاسەتانەی کە ببنە هۆی ئەوەی کە ئێران بێ و لەگەڵیان بسازێ لەوێ بەشێوەیەک، ئەوان پشتیوانی لێ دەکەن.  بەڵام ئەمن پێم وا نییە ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاک دەستی لەو کارە دا هەبێ. ئەمن پێم وایە ئەوان چاوەڕێ دەبن بزانن چ دەبێ چونکە سەبەبێک نییە کە ئەمریکا بییەوێ دۆزی کورد ئەگەر بڵێین بۆ کۆماری ئیسلامی سەرئێشەیەکی گەورەیە، کوردستان و حیزبە کوردەکان، سەبەبێک نییە کە ئەمرێکا موافەقەت بکا کە ئەو سەرئێشەیە ئێستا لە کۆڵ کۆماری ئیسلامی بکاتەوە. ئەمن پێم وایە حیساباتی ئەوان زیاتر لە سەر ئەوەیە کە چۆن دەکرێ وەزعی عێڕاق، وەزعی حکوومەتی عێڕاق زیاتر و زیاتر تەسبیت بکرێ و چۆن دەکرێ پێوەندیی حکوومەتی فێدراڵی کوردستانی عێڕاق لەگەڵ ناوەند واتەبەغدا بەهێز بکرێ. یەک لە مەسەلەکانی کە هەمیشە بۆ ئەمریکا گرینگ بووە ئەوە بووە کە پێوەندیی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی فێدڕالی کوردستانی عێڕاق پێوەندییەکی پۆزیتڤ، پتەو، بێ سەرئێشە، و ئارام بێ. ئەمن پێم وا نییە  ئەمریکا بەو هاسانییە بییەوێ ئیمتیازێکی ئەوتۆ لە عێڕاق بە ئێران بدا مەگەر ئەوەی کە ئیمتیازێکی گەورەتر وەربگرێ. ئێستا ئەمریکا زۆربەی بوارە داراییەکانی و بواری چەک پەیداکردنی کە کۆماری ئیسلامی کەلکی زۆر گەورەی لێ وەردەگرتن،لە ڕووی داراییەوە بۆ خۆ دزینەوە لە سزاکان بە تایبەتی هێنانی دۆڵاری ئەمریکایی لە عێڕاقەوە بۆ ئێران و لە ڕووی تەسلیحاتییەوە بۆ ناردنی چەک لە ڕێگای سنووری عێڕاقەوە بۆ سووریا، لوبنان و هەر وەها فەلەستین. ئێستا ئەو بوارانە بەستراون و ئەمریکا دەیەوێ ئەو وەزعە وەک خۆی بمێنێتەوە و تەسەوری من ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا ئاگای لەوە هەیە، کە بێ گومان لێی ئاگادارە چاوەڕێ دەکا بزانە ئاکامی چ دەبێ بەڵام تەسەوری ئەوەی کە بە شێوەیەکی چالاک ویستبێتی کە کوردەکانی ئێران چەک بکرێن بۆ ئەوەی سەرئێشەی کۆماری ئیسلامی کەمتر بێ یا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق بەرەو پێش بچێ، بە بۆچوونی من ئەوە دوورە لە ڕاستەقانی.

ئێعتیمادی: بەڕێز وەلی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە. ئەوەی کە تا سێ حەوتووی دیکە وردە رێشەی زیاتر ڕوون دەبێتەوە. بۆچوونی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێڕاق و ئەو بڕیارەی کە ڕێبەرانی حیزبە سیاسییە کوردەکان لەو بارەیەوە دەیدەن ئێمە لەم ڕۆژانە دا لەگەڵ دوو ڕۆژی گرینگ ڕووبەڕووین یەکیان ساڵوەگەری کوشتنی مەهسایە و یەکیشیان سەفەری ئیبڕاهیم ڕەئیسی یە بۆ نیۆیۆرک. بە باوەڕی ئێوە لە وەزعێکی ئاوا دا سیاسەتی حیزبە سیاسییە کوردەکان و حیزبە سیاسییەکانی دیکە دەبێ چ بێ؟

وەلی: ئیزن بدا لە پێشدا ئەوە بڵێم کە ئەو ئارەزووەی کۆماری ئیسلامی کە حیزبە کوردەکان چەک دەکرێن تەنانەت ئەگەر ئەوە بەشێکیش بێ لە ناوەرۆکی ڕێکەوتننامەی نێوان ئیڕان و عێڕاقیش ئەوە وەدی نایە و کاری کردن نییە. هۆیەکی سەرەکی ئەوەیە کە بە گشتی کوردستانی عێڕاق کۆمەڵگەیەکی پڕچەک و چەکدارە و  لە هەولێر ئەگەر ٥ کیلۆمیتر بەو لاوە بچی بازاڕی چەک هەیە، لەوێ هەر جۆرە چەکێکت بوێ دەتوانی بیکڕی. چەکی ئەمریکاییت دەوێ، ئوڕووپاییت دەوێ، هەرچییەکی بتەوێ. لە شوێنێکی ئاوا چاوەڕوانی ئەوەی کە هێزێکی چەکدار بێ و چەکەکەی دانێ و بڵێ ئەوە با پێشکێش بە ئێوەی نکەم، ئەوە ئارەزوویەکی بێ مانایە، خەونێکە، ئەوە ڕوو نادا. دووهەم ئەوەیە ئەگەر ئەو حیزبانە گوشارێکی زۆریان بۆ بێ، بنەمالەکانیان لە کەمپەکان دا بەجێ دەکەن و بۆ خۆیان دەچنە چیا . ئیدی لەوێ قسەی چەک داماڵین لە گۆڕێ دا نامێنی و دەستی کۆماری ئیسلامی یا تورکیا و ئەوانە پێیان ڕاناگا. ئێستا بڕوانن ئەوە پارتیی کڕێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٤وە خەریکە شەڕ دەکا لە بەرانبەر گەورەترین ئەڕتەشی ناتۆ لە ئوڕووپا دا و هێشتاش لەوێیە و بە تەعبیرێک، بە وتەیەک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتریش دەبێ. ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئەو حیزبانەی کە شەڕی نائاسایی ( نا مونەزەم / irigular) دەکەن هەر وا هاسان نییە، مەگەر ئەوەی خۆیان بێن و چەکەکانیان دانێن، هەر ئەو شتەی کە لە ئەفریقای باشووری ڕووی دا.
ئێعتیمادی: ئەگەر دەکرێ لە درێژە دا وڵامی ئەم پرسیارەش بدەنەوە. ئێوە تەئکیدتان لە سەر چەکدار بوونی حیزبە سیاسییە کوردەکانە. بەڕێز موهتەدەی لە وتوێژێک دا کە دوێنێ لەگەڵ ئێران ئینترناشناڵ بوویان، بەڕێزیان دەڵێن کە حیزبە کوردەکان لە دەسپێکی بزووتنەوەی مەهساوە ڕایان گەیاند ئێمە بەهیججۆر توندوتیژی ناکەین ئەوە گێڕانەوە بوو. بەڕێز موهتەدی دەڵێ: لەو ساڵانەی دواییش دا حیزبە کوردەکان عەمەلیاتی چەکدارانەیان نەبووە، بۆ چی سەرەڕای ئەوە ڕێژیمی ئێران ئەو گوشارانە دێنێ. ئیزن بدەن قسەکانی تەکمیل بکەم ببوورە. دەڵێ:
 " ئێمە ئەگەر مەترسی بین مەترسی سیاسین نەک مەترسی نیزامی
وەلی: ئەوە دروستە
ئێعتیمادی: لە کاتێکدا بەڕێز وەلی ئێوە دەفەرموون کە بە چەکدار مانەوەی حیزبە سیاسییە کوردەکان خۆی لێی ناپارێزرێ و گرینگە بۆ ئەو حیزبانە.
وەلی: ئەلئان گرینگە بۆیان چونکە وەزعی ئێران دیار نییە. وەزعی ئێران ڕوون نییە و ئەمن بەڕاستی پێم وایە ئەو ئیحتیجاجەی کە بەشێکی سەرەکی لە ئۆپۆزیسیۆن دەیکا کە لە ئێران ئێمە زۆر هێمنانە لە کۆماری ئیسلامی تێ دەپەڕێنین چ چەکمان بە دەستەوە بێ یان نەبێ، ئەوە بە باوەڕی من دروست نییە هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەم کۆماری ئیسلامییە تەنێ سەرکوت و زوڵم و ئەوەی نەکردووە، ئەو ڕێژیمە تەواوی مەردمانی ئێرانی چ کورد زمان بن، چ فارس زمان بن، چ تورک، چ عەڕەب بێ،  هەرچی بن سووکایەتی پێ کردوون، سووکایەتی پێ کردوون و ئەو سووکایەتی پێ کردنە بە باوەڕی من حاڵەتی توندوتیژییەکی زۆر گەورەی بە خۆیەوە گرتووە. تەماشای شەڕە ئازادیدەرەکان بکەن لە کۆلۆنییەکانی فەڕانسە بەراوەردیان بکەن لەگەڵ کۆلۆنییەکانی بریتانیا. لە کۆلۆنییەکانی فەڕانسە کۆلۆنیالیزم ڕەهەندی فەرهەنگی – زمانی زۆر سەرەکی هەبوو، ڕەهەندی دەروونی زۆر سەرەکی هەبوو. ئەو جەنگە ئازادیدەرانە زۆر خوێناوی بوون. ئەمن ناڵێم ئەو مەسەلەیە لە ئێران دووپاتە دەبێتەوە بەڵام مەسەلە ئەوەیە کە ئەم حیزبە کوردانە لەو چەکە کەلکیان وەرنەگرتووە، ئەوە دروستە و سیاسەتێکی زۆر دروستی کە وەپێشیان گرت و ئەو دەمی ئەمن زۆر لەوە خۆشحال بووم ئەوە بوو کە کاتێک ئەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە ئێران دەستی پێکرد پارەکە لە مانگی سێپتامبر دا. لە مانگی خەرمانان دا ئەو حیزبانە داخویانیان دا و بە خەڵکیان گوت دەست بۆ چەک نەبەن، تا ئەو جێگای دەتوانن دەست لە توند و تیژی بپارێزن و بۆخۆشیان ڕایانگەیاند ئێمە وەکوو حیزبە سیاسییە کوردەکان بەهیچجوور بە چەکەوە نایەینە نێو ئێران. ئەوان بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاند. تەنانەت هێندێکان لە ناوخۆ دەیان گوت ئەوە کۆماری ئیسلامی خەریکە دەمانکووژێ و حیزبەکانمان چەکدارن و هیچ ناکەن. بە باوەڕی من سیاسەتی حیزبەکان لەو بارەیەوە دروست بوو . کۆماری ئیسلامی ئەگەر بەڕاستی بۆخۆی بزانێ خەریکە چ دەکا با وای دانێین حیزبە کوردەکان چەکیان داناوە، تەنانەت حیزبە کوردەکان خۆیان هەڵوەشاندووە ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە کوردستان ئارام و کشومات دەبێ، لە حەقیقەت دا بەو مانایەیە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە و تا ڕادەیەک لەبەڕ ئەو مەودای جوغرافیایییە و هەر وەها ئەو وەزعەی کە لەوێ هەیە لە ڕووی ئابووری و لۆجستیک و ئەو جۆرە شتانە، زەرەر و مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی کەمتەرە لەوەی کە ئەو مەترسییە لەوێوە بێ و بگاتە کۆمەڵگەی مەدەنی کە تەوەری سەرەکی تەواوی شۆڕشی ئێرانە کە لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی دا بێ.
ئیعتیمادی: بەڕێز وەلی دوو جوور بانگەشە دەکرێ یەکێک چەکدار بوونی خەڵک یا ساز کردنی ڕێکخراوە نیزامییەکان کە بتوانێ لە بەرانبەر  کۆماری ئیسلامی ئێران دا خۆڕاگری بکا و پەلاماری بدا و یەکیش بانگەوازی گشتی بۆ مانگرتن و ئیعترازاتی سەرتاسەری. پرسیارەکەی من ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی سیاسی حیزبە سیاسییە کوردەکان کە بە جۆرێک بانگەشەیان دەکرد بۆ ڕێبازی چەکدارانە بەڵام ئەمڕۆ بۆ خۆیان دەڵێن ئێمە هیچ کارێکمان نەکردووە لەو ساڵانەی دا کە لە عێڕاق بووین. بەڕێز وەلی ئازیز ئایا ئەوە دروستتر نییە کە لەهەلومەرجی ئێستا دا زەمینە بۆ هاوپێوەندییەکی سەرتاسەری و میللی لە نێوان هەموو حیزب و گرووپە سیاسییەکانی کورد و غەیری کورد، هەرێمی و نا هەرێمی، و سەرتاسەری دابمەزرێ بە تایبەتی لە هەلومەرجێک دا کە ئێمە دەبینین کە ئیحتیمالی دەستپێکردنی ئاخێزێکی دیکە لە ئێران هەیە. فەرموون تکایە!
وەلی: بڕوانە، کاتێک کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئاوا چالاکە، و پرۆفایلێکی ئاوا سیاسی پەیدا کردووە و لەماوەی ئەو یەکساڵە دا لە دۆخی خۆڕاگرییەوە گەیوەتە دۆخی ئیعتراز و ئۆپۆزیسیۆن و قوربانی داوە حەوجێیەک بە شەڕی چەکدارانە بەشێوە کلاسیکییەکەی نییە. و ئەمنیش ئەو باسەی کە دەمکرد ئەوە نەبوو. ئەو باسەی کە من کردم ئەمە بوو کە ئێمە ناتوانین بڵێین لە قۆناغێکی ئاخری دا کە تێپەڕین و دەرباز بوون ڕوو دەدا ئێوە لەوانەیە نەتوانن پێش بە خەڵکێک بگرن کە ئاوا سووکایەتییان پێ کراوە و ئاوا سەرکوت کراون بڕژێنە ناو ناوەندەکانی پاسداران و بەسیجییەکان و چەکەکانیان هەڵگرن و کارێکی کە دەیانەوێ بیکەن. ناکرێ بگوترێ کە ئەوە ڕوو نادا، بەڵام وەک ستڕاتێژییەک بۆ تێپەڕین و دەرباز بوون ئەمنیش لەو باوەڕە دام  کە گرینگترین هێز هەمان دینامیزمە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران ئێستا هەیەتی و ئەوە دەبێ بەهێز بکرێ بەڵام شتێک هەیە پارەکە لە سەرەتاوە هاوپێوەندییەکی سەرتاسەری ساز بوو  کە لە ڕاستیدا لە کوردستانەوە دەستی پێکرد بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" [ ئەوە بە زمانی ماک/ کوردی دەڵێ] و ئەوە پەرەگر بوو. بەڵام ئەوەیان هەم ڕێژیم خۆی و هەم بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن ئەو هاوپێوەندییە، ئەو جومگانەی هاوپێوەندییان کوتا. بەم پێیە تا ئەو کاتەی سیاسەت ئاوا بێ ئەمن لەو باوەڕە دام ئەو ئۆپۆزیسیۆنی کە هەیە لە ڕاستییدا تەنیا شتێکی کە لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە دەتوانی چاو لە سیاسەتی ئەوانە بکەی لە ڕاستیدا گنخانی سیاسەتە. سیاسەت لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە دا گنخاوە، ئەوەندە حاڵەتی دەستەیی و دابڕ دابڕی پەیدا کردووە، ئەوەندە وەدوای بەرژەوەندی تاکە کەس و بەرژەوەندی دەستەیی کەوتووە ئیمکانی ئەوەی کە ئەوانە بتوانن کارێک سەبارەت بە هاوپێوەندی لەناوخۆی وڵات دا بکەن، بەباوەڕی من نزیک بە سیفرە. بەو پێیە ئەوەی کە گرینگە لە ناوخۆ دایە، لەناوخۆ سیاسەت لە دۆخی پەرەگرتن و بەرەوژوور چوون دایە، بەر بە دوندان دەڕوا. ئەو گنخانەی کە لە تاراوگە لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات دا دەیبینین. بۆ یەکەم جار دەبینین دەستە ڕاستییەکی تیژپەڕی ڕەگەزپەرستیان بۆ ئێمە دروست کردووە، وەزعیکی ئاوا کە هاتووەتە پێشێ ئیمکانی ئەوەی کە هاوپێوەندیی سەرتاسەری بەو شێوەیەی کە ئێمە چاوەڕوانی دەکەین ئەگەر ئەو جومگەبەندییەی کە لە سێ چوار مانگی سەرەتای ئەو ئاخێزەدا هەبوو، ئەگەر ئەوە دیسان سەرهەڵنەداتەوە من پێم وایە کێشەکە دەبێتە کێشەیەکی بنەڕەتی. ڕێژیم لەرز گرتووەیە، ڕێژیم ترساوە، رێژیم لاوازە، رێژیم لە ناو چەندین قەیران دایە کە بەسەریەکەوە بوون بە قەیرانی سیستێمی. بەڵام گشت دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە ئایا کەس یا کەسانێک هەن کە پاڵی پێوەبنێین بکەوێ یان نا؟  ئەمن ئێستا ئەمە نابینم. دیسان دای دەگرمەوە هێزی سەرەکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانە ئەمن بە گردبڕی بانگەشە ناکەم بۆ شەڕی چەکدارانە، باوەڕم پێی نییە  وەک ڕێبازێک کە ئەو ڕێژیمە بڕووخێنێ. بەڵام لە سیاسەت دا ناکرێ شتێک سەد لە سەد بەرپەرچ بدرێتەوە و سەد لە سەد پەسند بکرێ. بۆیەش ئەمن کێشەم هەیە لەگەڵ پاسیفیستەکان، هێندێک جار لەوانەیە ئەو پاڵ پێوەنانە لە دوو ڕۆژی ئاخری دابێ و ئەگەری ئەوەش هەیە کە لەو دووسێ ڕۆژی ئاخری دا توندوتیژی بگاتە ڕادەی هەری زۆر.

ئیعتیمادی: سپاس بۆ بەشداری هەموو لایەک. تا بەرنامەیەکی دیکە ماڵاوایی لە ئێوە هەموو خۆشەویستان دەکەین.

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
وەرگێڕان ودابەزاندن: حەسەن قازی









 

Monday, August 28, 2023

گفتوگۆی بەرنامەی ڕۆژەڤ ی کورد کاناڵ لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی. " خەسارناسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. لەبەرە بەری ساڵیادی ئەو شۆڕشە دا. سێشەمە ٢٣-ی ئووتی٢٠٢٣، پێشکێشکار عەلیی لەیلاخ

گفتوگۆی بەرنامەی ڕۆژەڤ ی کورد کاناڵ لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی. " خەسارناسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. لەبەرە بەری ساڵیادی ئەو شۆڕشە دا. سێشەمە ٢٣-ی ئووتی٢٠٢٣، پێشکێشکار عەلیی لەیلاخ
عەلیی لەیالاخ
: بینەران و خۆشەویستانی کورد کاناڵ، خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ڕؤژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم کوردستانیانی خۆشەویست لە خزمەتی ئێوە داین لە بەرنامەی ڕؤژڤ ی ئەمجارە. مژاری بەرنامەکەمان تەرخان کردووە بە  ئاوڕدانەوەیەک لە یەک ساڵی ڕابردوو، چونکە ساڵێک پر لە کشمەکش بوو لە ئێران و لە کوردستان و دەنگدانەوەی ئەم ڕووداوەش دەرەوەی کوردستانی بینی و ئێستاش بە جوورێک لێکەوتەکانی دەبینین و ئەوەی کە گرینگە شۆڕشێک لە کوردستان دەستی پێکرد جا تایبەتمەندی شۆڕش چییە، ڕاپەڕین بێت ئێمە لە بەرنامەکانی دیکە باسمان کردووە. ساڵێک تێپەڕکرا خەڵک چییان بە دەست هێنا، کۆماری ئیسلامی چی لە دەست دا؟ ئایا ئەو شۆڕشە دامرکاوە؟ هۆکاری دامرکاندنی یا نەخێر لەوانەیە وەکوو دەلێن خۆڵەمێشێک بێ ئەگەری گەشانەوە و گڕکانی هێشتا هەر بەردەوامە.
یەک لەو عەزیزانەی کە لە دەسپێکی شؤڕشی ژیناوە لەگەڵ تێلێڤیزیۆنی کورد کاناڵ ناوە ناوە کاتی داناوە و زەحمەتی کێشاوە پرؤفسۆر دوکتور عەبباسی وەلی شڕۆڤەکار و مامۆستای زانکۆ کە ئەمجارەش لەگەڵمانە.
بەڕێز عەبباس وەلی ئەم کاتەت باش!
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: ئەم کاتەتان باش و سڵاوم هەیە لە خزمەتی بینەران و بیسەرانتان دا.

لەیلاخ: بەڕێز جەنابت یەک لەو کەسانەی کە هەر لە یەکەم چرکەساتی ڕووداوەکانی یەکساڵی ڕابردوو وەکوو ئێلیت و بژاردەیەک، وەکوو کەسێک کە لە حەوزەی کاری خۆت شارەزای لە دەرکەوتن لە ڕاگەیاندنە غەیرە  کوردەکانیش بە جوورێک داشداری و قسەی خۆتت هەبووە لە موجادەلە کردنەکان، یا قسەکان، دیالۆگەکان. هەمیشە تەرکیزت لە سەر ئەوە بووە کە کورد دەبێ کورد وەکوو خۆی قسە بکات و تووشی هەڵەی ڕابردوو نەبێت. لە بەرەبەرەی یەکساڵەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی داین دەمەوێ بە کورتی لە جەنابت بپرسم ئەو شۆڕشە یا هەر شتێک کە جەنابت بە پێی حەوزەی تەخەسوسی خۆت ناوی  لە سەر دائەنێی بەتەواوی دامرکاوە؟
وەلی: نا، نەخێر دانەمرکاوە، بەڵام دیارە زۆر سەبر بووەتەوە، ڕەنگە بتوانی بڵێی بە جوورێک چەقیوە بەڵام ئەو شۆڕشە، یانی بەشێک لەو شۆڕشە هەر وا بەردەوامە بەڵام بە گشتی وەکوو پرؤسەیەکی یەکگرتوو، دینامیزمەکەی، جووڵانەکەی، جووڵانەوەکەی کەم بووەتەوە ئەوانەش هۆکاری تایبەتی هەیە بەڵام بە بێ گومان ئەوە ئاخری ئەو شۆڕشە نییە و لە هەلومەرج و بارودۆخێک کە موناسیب و موساعید بێ بۆ شۆڕشەکەی ئەوە سەر هەڵدەداتەوە. و ئەو سەرهەڵدانەوەیە حەتمییە، ئەوەی کە دیار نییە ئەوەیە کە ئەوە لە چ کاتێکی ڕوودەدا. جا بۆ ئەوەی کە شتێکی وا ببێ بە باوەڕی من ئەو هەلومەرجەی کە پێویستە دەبێ بێتە پێشێ ئەو هێزانەی کە ئێستا ئامادەن، بە نەزەری من ئامادەن بێنە نێو مەیدانێ، ئەوانە دێنە نێو مەیدانێ بەڵام ئەوەی کە ئێستا گرینگە، ئەوەیە کە دەو دەورەیەی دا، دەو فەترەیەی دا کە شۆڕش ئەنێرژییەکەی کەم بووەتەوە، شۆرش بە جوورێک ڕەنگە بڵێین کە چەقیوە، دەو دەورەی دا ئێمە دەبوو چ کارێکمان کردبایە، یا چ کارێکی بکەین کە ئەو بەشانەی کە لە جەماوەری ڕؤژهەڵات و هەر وەتر جەماوەری ئێران بە گشتی کە دە شۆڕشێ دا بەشدارییان نەکرد، ئەگەرچی لە دوورەوە یا لە ڕووی فکرییەوە و لە ڕووی ئاڕمانی و ئامانجەوە لەگەڵ شۆڕش یەک بوون، لەگەڵ ئامانجەکانی شۆڕش یەک بوون بەڵام بەشداریی چالاکیان تێدا نەکرد ئێمە دەبوو چمان کرد بایە و ئێستا چ دەبێ بکەین کە ئەوانە بێنینە نێو شۆڕش. چون ئەوانەی کە هێزی چالاکی شۆڕشن و ئێستا بێدەنگن بێ گومان ئەوان دێن دەمەیدانەوە بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەو کەسانەی کە نەهاتوون، ئەو بەشەی کە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات؛ کە ئەلبەتە کەمتر بووە، بەڵام لە ئێران بەشێوەیەکی گشتی کە دە شۆڕشەکەی دا بەشداری نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ ئامانجەکانی شۆڕش یەک بووە و بە دڵ پشتیوانی لێ کردووە بەڵام دە کردەوە دا بێدەنگ بووە.
لەیلاخ: زۆر سپاس کاک دوکتور ببوورە دێمە ناو باسەکەوە وڵامی یەکەمی جەنابت بۆم من چەندین پرسیاری ساز کردووەجەوهەرین. ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ هەر ئەوانەی باست کرد من لە پرسیارێک دا گەڵاڵەی بکەم  و پێشکەشی بکەم. فەرمووت چ کارگەلێکمان کردووە و چیمان نەکردووە ئەوە بۆ خۆی دەتوانێ پرسیارێک بێت. دەمهەوێ بڵێم ئەو توێژە خۆڵەمێشییە کە باسی دەکەن لە کۆمەڵناسی دا، لە کوردستان بەشداری زیاتریان  کرد تا شارەکانی دیکە.  هەر ئێستا جەنابت وات باس کرد. هۆکاری ئەوە چییە جا دەچمە سەر پرسیاری دیکە.
وەلی: ئەگەر بە وردی لێی بکۆڵینەوە ئەو شۆڕشە شۆڕشێک بووە بە دژی دەسگای حاکمییەت  و دەسگای حاکمییەت سوڵتەی خۆی لە ئێرانێ دا بە ڕێگای سێ مێکانیزمی تەبعیز، جیاکاری و دەرهاویشتن دامەزراندووە یانی مێکانیزمی وەکوو ئاپارتاید. ئەو ئاپارتایدانە یەکیان جینسییەتی بووە، یەکیان نەتەوەیی و زمانی بووە، یەکیشیان ئایینی و فەرهەنگی بووە. ئەڵبەتە ئەوانە دە چوارچێوەی قەیرانێکی گەورەی ئابووری دا بووە کە ئەو قەیرانە ئابوورییە بنەمایەکی چینایەتی هەیە و ئەو شۆڕشە ئەوانەی تا ڕادەیەکی زۆر لێک هاڵاندووە. لە جێگایەکی وەکوو کوردستانێ ئەو شۆڕشە نەتیجەی  پێک هاتن و چوونە باڵ یەکی سێ میکانیزمی ئاپارتاید بووە بەڵام لە تارانێ یا جێگاکانی دیکە و لە بەلووچستانیش هەر وەک کوردستان بووە؛ بەڵام لە جێگای دیکە وەکوو تارانێ یا وەکوو ئازەربایجانێ یا خووزستانێ یەک یا دوو لەو ئاپارتایدانە هەبوون بۆیە بەشێک لە جەماوەر ئەو هێزەی تەجهیز / تەیار کردنی نەبووە کە بیکا و لە سەرەتاکانی ئەو شۆڕشە دا وای لێ هات کە ئەو حەڕەکەتەی کوردستانێ، ئەو ڕاپەڕینەی کوردستانێ تەئسیرێکی زۆر گەورەی هەبوو دە سەراسەری کردنی ئەو شۆڕشەی دا. ئەو تەئسیرە بوو بە هۆی ئەوەی کە پێوەندی لە نێوان پەراوێز، واتە ئەو کۆمەڵگە غەترە حاکمە، غەیرە فارس زمانە، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هووییەتی نەتەوەییان  فارس نییە ئەوانە لە پەراوێز دا ئەوانە ئەنێرژییەکی تایبەتی بگرن و ئەو پێوەندییەی نێوان ناوەند و پەراوێز کە لە زەمانی شۆڕشی مەشرووتەوە/ دەستوورییەوە بەو جوورە دامەزرابوو کە هەمیشە ئەنێرژییەکە و سیاسەتەکە و حەڕەکەتەکە لە ناوەندەوە دەهات بۆ پەڕاوێز، لە مەرکەزەوە دەهات بۆ پیراموون ئێستا ئەوە هەڵگەڕاوەتەوە. لە لایەکی دیکەش ئەو سێ دۆخی دەباڵەیەکەوە چوونە، ئەو سێ فۆڕمە، ئەو سێ جوورە لە ئاپارتاید لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دا ڕەنگی دایەوە. پێناسەی ژینا. پێناسەیەکی هاوبەشی جۆر بەجۆری، دێمۆکڕاتیک، پلووراڵ بوو و هەستان و دژایەتی بە دژی ئەو سێ ئاپاریایدانە
لەو شۆڕشە دا ڕەنگی داوە. و لێرە دا حکوومەت بە وردی زانی کە هۆی سەراسەری بوونی ئەو شۆڕشە پەراوێزە نەک ناوەند بۆیە ئەوان دەستیان کرد بە سەرکوتی پێناسەی دێمۆکڕاتیک، پلووڕاڵی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و دووەمەیش ویستیان ئەو پێوەندییەی نێوان ناوەندو پەڕاوێز کە بەو شۆڕشە ئاوەژوو ببووەوە و گۆڕا بوو ئەوەی بهێننەوە سەر دۆخی جاران. هەڵبەت لێرە دا پێداگری دەکەم  لەبەر تایبەتمەندییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات و لەبەر کەمکاری بەشە دێمۆکڕاتیکەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لەوانە ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش دەناو دا، لێرە پێداگری لە سەر دەکەم، کارەکان جوورێک چوونە پێشێ کە بەشی سەلتەنەت خواز و دەستی  ڕاستی تیژپەڕ گەشەیان کرد و هاودەنگ لەگەڵ جمهووری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر ئەو نوختەیەی کە لە ڕووی ستڕاتێژیکەوە گرینگ بوو یانی ئەو هووییە و ئەو پێناسەی پلووراڵ، دێمۆکڕاتیکەی کە لە ژێر چەتری ژن، ژیان، ئازادی دا هاتبووە پێشێ و دروست ببوو، و دووهەمیش ئامانجیان ئەوە ئەو هێزەی کە گۆڕان و ئاوەژووبوونەوەی پێوەندی نێوان پەراوێز و ناوەند دروستی کردبوو و قورساییەکی زیاتر لە خۆی دابوو بە ڕۆژهەڵات و هەر وەها بە بەلووچستان دە چوارچێوەی ئێران دا، ئەوە بشکێنن. هەر لە بەر ئەوەش بوو کە سەلتەنەت خوازەکان دەست لە دەستی جمهووری ئیسلامی دا ئەو کارەیان کرد. و ئەو کارە بووە هۆی ئەوە ئەو شۆڕشە کە لە سێ مانگی ئەوەڵی دا، دە ستراتێژی خۆی دا، یانی دە عەمەلییاتی خیابانی و جادەیی و گشتی دا سەرکەوتوو بوو، کەم کەم ئەنێرژی خۆی لە دەست دا  بەو شێوەیە کە نەیتوانی ئەو ڕێبەراتییەی خیابانی کە لە ناوەندی ئاسۆیی دا هاتبووە پێشێ ئەوەی بکا بە ڕێبەرایەتییەکی سیاسی کە لە سەرەوە ڕا بێ و ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوو لە نێوان سەرەوە و خوارەوەی ئەو حەڕەکەتە دروست  بکا.  
دەو بەینەی دا بە باوەڕی من ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتی خەتاکاری ئەسڵی بوو کە ئەوانە نە توانییان ئەو ڕێبەرایەتییەی دروست بکەن و نە توانییان ڕێگایەکی دیکەی پێ نیشان دەن. نەتیجەی ئەوە بوو کە ئەو شۆڕشە بە بێ سەر ماوە. ئێستاش ئەو شۆڕشە بە بێ سەرە.
لەیلاخ: دوکتور وەلی سپاس بۆتێبینییەکانت، بۆ ئەو قسانەی کە بە ئەزموونی جەنابت هەم لە ڕەوتی یەکساڵی ڕابردوو و هەم لەو تەخەسوسەی کە لە بواری کۆمەڵناسی و لە سیاسەت دا هەتە، ئاماژەت بەوە دا کە لە شۆڕشی مەشڕووتە بەو لاوە گۆڕانکارییەکان لە مەرکەوە و بەرەو حاشیە بووە، ئەمجارە کە کوردستان بڵێین بوو بە چەقی ئەو گۆڕانکارییە لە چەند مانگی سەرەتاوە بینیمان پێشوازییەکان خراپ نەبوون، ئەمە پرسیارە دوای ئەوە کە ئاماژەت پێ دا هێندێک بەناو ئەتوانین بڵێین ئۆپۆزیسیۆن  شێوەی هەڵسوکەوتی ئەوان و بۆلد کردنەوەی هێندێک کەسایەتی و هێندێک وەکوو تەجزیەتەڵەبی و ئەمانە ئەمە تەئسیری دانا لە سەر شارەکانی مەرکەز کە بکشێنەوە یا هەست بە مەترسی کەن کە یەکپارچەگی بە قەولی خۆیان وڵاتێک لە مەترسی دایە لە کاتێکدا  داواکاری خەڵک بە گشتی نەمانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە بوو، شێوەی فەلسەفی نەبوو، ئێوە چۆنی لێ دەڕوانن؟

وەلی: بێ گومان ئەو هێنانە گۆڕێی مەسەلەی تەجزیەتەڵەبی، تەمامییەتی ئەرزی، مەسەلەی تاک زمانی، مەسەلەی ئیتیلاف دەگەڵ سپای پاسداران ئەوانە حەموو ستڕاتێژی وێژمانی/ گفتمانی بوو بۆ ئەوەی کە ئیمکانی ئیتیلافی گەورەتر لە بەین بەرن. دەو کارەی دا دەستە ڕاستییەکان و بە تایبەتی  سەلتەنەتخوازەکان موئەسیر بوون . ئەویش لەبەر ئەوە بوو وەختێک بەو ستراتێژییە هاتنە پێشێ کە ئێمە دەمانەوێ ئیتیلاف لەگەڵ فەرد بێ و لەگەڵ حیزب نەبێ ئەوە دەمی بۆ ئەوەی بوو کە زەمینەی وەکالەت دان بە ڕەزا پەهلەوی ئامادە بکەن. وەختێک کە ئەو ستراتێژییەی وەکالت دان شکستی خوارد و جەماوەێکی کەم ڕەئیان پێ دا، ئەو ستراتێژییەیان گۆڕی و ئەمن کوتم و هێرشیان کردە سەر ئەوە کە پێوەندی نێوان پەراوێز و ناوەندی بپچڕێنن و بۆمباران و مووشک بارانی بارەگا و جێگاکانی حیزبەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشوور بەشێک لەو ستراتێژییەی بوو کە حکوومت کردی و لە ئاست ئەمە ئۆپۆزیسیۆنی دەستی ڕاستیش لەگەڵ مەسەلەی تەجزییە تەڵەبی و لەگەڵ مەسەلەی تەمامییەتی ئەرزی لە فەزای وێژمانی دا دەگەڵ حکوومەت دەستیان دا یەک. بە باوەڕی من دەو بەینەی دا هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی غەیری کورد سەرگەردان مابوون ئەوان نەدەیانتوانی هەڵوێستێکی بگرن کە شەقڵی  زیدی "نەتەوە"  یانی زیدی ئێرانییان لێ بدەن، نە دەیانتوانی کە ئەو وەزعەی قبووڵ بکەن. ئەو ئینفیعال و دەستەوەستانی ئەوان ئەو ئیمکانەیان نەما  کە بتوانن  بێن بۆ لای پەراوێزێ و بتوانن ئیتیلافێکی موئەسیر دروست بکەن، دە عەینی حاڵ دا، لێرە دا دەبێ ئەوەی بە ڕاشکاوی بڵێم بە باوەڕی من هێزە کوردەکانیش ئەو  وەزعەیان بە دروستی نەخوێندەوە. ئەمن زۆر جار کوتم کە ئەو دەمی، دەو بارودۆخی دا دەبوو سیاسەتی کوردی دە چوارچێوەی سێ بازنەی دەباڵ یەک دا بێ. یەکەمی ئەوە بوو کە هێزە کوردەکان دەبوو دەنێو خۆیان دا ئیتیلافێکی مەحکەم لە سەر بنەمای بەرنامەیەکی لانی کەم/ مینیمۆم  بەڵام یەکگرتوو، بەرنامەیەکی کە تەنێ تەعبیری سیاسی لێ بکرێ سەرەڕای ئیدێئۆلۆژی جیاوازی حیزبەکان. ئەو موشکیلە بۆ ئیتیلاف نەیەتە پێشێ. ئەمن تەنانەت پێشنیارم کرد ئەگەر ئیتیلافێکی وا کرا کە ئێستا دەو وەزعە ئاستەمەی مێژوویی دا ئەوە زۆر گرینگە کە حیزبە کوردەکان، هێزە کوردەکان بتوانن ستادێکی هاوبەش و یەکگرتووی عەمەلییاتی و وێژمانی دروست بکەن و تەنانەت پێداگریم کرد کە ئەوە زۆر باشتر دەبێ ئەگەر وتەبێژی ئەو ستادە ژن بێ چونکە ئێمە دە چوارچێوەی شۆڕشی ژن. ژیان. ئازادی دا بووین و دە چوارچێوەی سیاسەتی کوردی دا ژنەکان دیار نەبوون. ئەوە زۆر کۆسپێکی خراپ بوو. بازنەی دووەم کە بەدەوری ئەو بازنەی یەکەم دا دەبوو هەبێ ئیتلاف لەگەڵ هێزە پەراوێزەکانی غەیری فارس بوو، دوای ئەوەی کە ئەو ئیتیلافە دەکرا ئەو دەمی ئێمە دەمانتوانی بە هێز و هەر وەتر بە بەرنامەیەکی موشەخەس کە هێزی لە پشتە دانیشین و لەگەڵ هێزە فارسەکان مامڵە و موزاکەرە بکەین.  ئەوانەی کە چوون بۆ مامڵە لەگەڵ هێزە فارسەکان بە دەستی بەتاڵ چوون. لەلایەکەوە ڕێژیم دەیکوتان، لە لایەکەی دیکەشەوە هیچ موئتەلیفیان بەو شێوەی پەیدا نەدەکرد لەبەر ئەوەی کە ئیمکانات بۆ ئەوە نەهاتبووە پێشێ و هێزە فارسەکان، یانی هێزە ئێرانییەکانیش بە وردی لەوە دەگەیشتن کە ئۆپۆزیسیۆنی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ هێزی خۆی دەو چوارچێوەی دا لە دەست دەدا. بۆیە ئەوانیش پاشەکشەیان کرد بوو، موزاکەراتیان دەکرد بەڵام بەهیچ جوور ئامادە نەبوون بەڵێن بدەن بۆ هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەک. لێرە دا مەسەلەکە ئەوەیە ئایا ئێمە هەلومەرجەکەمان دروست  خوێندەوە؟ بە نەزەری من نا! ئایا ئێمە هیچ لێکدانەوە/ هەڵسەنگاندنێکی موشەخەسمان لە سەر ئەو هەلومەرجە موشەخەسە کردبڵێ هەنووکە ئاڕایشی هێزەکان، بەرژەوەندی/ قازانجی هێزەکان، حدوود و سنووری دەسەڵاتیان  دەو چوارچێوەی دا چییە و ئێمە بەرەو کوێ دەڕۆین و دەبێ چۆن بڕۆین. ئەو پرسیارانە بە نەزەری من نەهاتنە گۆڕێ. بە نەزەری من ئێمە دەرفەتێکی گەورەی مێژووییمان سەدی هەشتا لە دەست داوە و سەدی بیستی ماوە. هیوادارم ئەو سەدی بیستەی یان ئەو پەڕی ئەو سەدی سییەی دە فازی دووەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا باشتر، عاقڵانەتر، وردتر و ڕوونتر و شەفافتر بەرەو ئەوە بچین کە ئەوەی وەگەر خەین، مۆبیلیزەی بکەین.
لەیلاخ: دوکتور جەنابت هەر بۆ خۆت، لە یەک دوو جار لە بەرنامە دا کە من لە خزمەت جەنابت دا بووم هاوتەریب لەگەڵ حیزبەکان باست لەوە دەکرد کە، حیزبە کوردەکان مەبەستمە، باست لەوە دەکرد کە کورد لە ئێستاوە هەر نابێ خۆی ببەستێتەوە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لە ئێستاوە دەبێ لە دەرکەوتنەکانی، لە دیدارەکانی، عەرز بێ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەبێ جێگە و پێگەی کوردستانی خۆی بپارێزێ کە شاهیدی ڕووداوی دیکەی وەکوو ٥٧ ەکە نەبینەوە. ئێستا پرسیار ئەمەیە  بۆچی ئەم خەباتە بە شێوەیەک حاڵەتی فەلسەفی بە خۆیەوە گرت. لە حاڵێکدا دەبێ سیاسییانە بجووڵێیەوە، بۆ ئەولەوییەتیان پێشبار بە نەمانی کۆماری ئیسلامی نەدرا، یانی کۆماری ئیسلامی نەهێڵی ئەو خەڵکە لە سەر شەقام داوا کا  ئینجا لە درێژەی پڕۆسەکە تۆ داواکاری خۆتت هەبێ وەکوو کورد. ئێوە چۆن لەوە دەڕوانن؟
وەلی: بە باوەڕی من کورد هووییەتێکی نەتەوەیی هەیە کە ئەو هوویەتە نەتەوەییە وەکوو دیوارێکی دەتوانێ سیاسەتەکەی بپارێزێ، لە عەینی حاڵ دا ئەگەر ئەو سیاسەتی کوردی هەر لە پشت ئەو دیواری نەتەوەیی یا بە تەعبیرێک دیواری ئێتنیکی بمێنێتەوە ئەوە کورد سەرکەوتوو نابێ. ئێمە دەبێ ئەوە قبووڵ بکەین ئەگەر تەماشای بەرنامەی حیزبەکان بکەین. حیزبە کوردەکان، حیزبە کوردەکان هەموویان حیزبی ئۆتۆنۆمیستن. یانی جوورێک ئۆتۆنۆمییان دەچوار چێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا دەوێ. ئەگەر ئەوە دروست بێ و ئەمن هەڵە نەکەم  کە فکر دەکەم کە حیزبە سەرەکییە کوردەکان ئاوان، چ حیزبی دێمۆکڕات، چ کۆمەڵە، چ پەژاک، چ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – کۆمەڵە  ئەوانە هیچیان دە بەرنامەکانیان دا  سەربەخۆ خواز نین کە تەواوی سیاسەتەکەیان لە پشت دیواری نەتەوەیی خۆیان کۆ بکەنەوە و لەوێڕا تەعامول بکەن، لەوێڕا شەڕ بکەن.لەوێڕا سیاسەتەکانیان  بەرەو پێش ببەن. ئەگەر ئێمە بۆچوونەکەمان ئەوەیە کە دەمانەوێ دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا ئەو ئۆتۆنۆمییەی بە دەست خەین جا ئەوە چ بنەمایەکی فێدراڵی هەبێ یا نەبێ، یا جوورێک لامەرکەزی بێ نازانم ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە، بەڵام هەر چۆنێک بێ بەرنامەکە ئۆتۆنۆمیستە. چاو لە ناوە کان بکە، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، یا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەوە ناوەکەی بەخۆوەیەتی و ئەگەر وابێ ئێمە نابێ، لە ڕووی ستراتێژیکەوە ئەوە هەڵەیە کە ئێمە سیاسەتەکەمان تەنیا لە پشت ئەو دیوارە دا بێڵینەوە. ئەو دیوارە ئی ئێمەیە، ئێمە دەبێ ئەوەی زۆر مەحکەم بکەین لەوێ بمێنین، ئەوەمان هەبێ بەڵام دەبێ سیاسەتەکەمان بەرینە دەرێ ئەگەر قسە لە سەر ژیان  لە ژێر حاکمییەتی ئێران دایە بۆ بەڕێوەچوونی سیاسەتێکی دێمۆکڕاتیک دەبێ موئتەلیفمان هەبێ، دەبێ بەرنامەیکمان هەبێ بۆ ئەو لایەنانەی ئیتیلافیان لەگەڵ دەکەین شیاوی قبووڵ و پەژراندن بێ، و بەرنامەی ئەوانیش بۆ ئێمە جێی قبووڵ و پەسند بێ. شەڕ دەبێ لە سەر ئەو بەرنامانە بێ. دیوارە نەتەوەییەکە یان دیوارە ئێتنیکییەکە لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر دیوارەکەی بڕووخێنین  لە دەرەوە وەکوو زەمانی شۆڕشی ١٣٥٧/ ١٩٧٩ ی، کە ئەو دەمی دیوارەکە ڕووخا بەو مانایەی ئەو ئیدێئۆلۆژییەی کە ئەوەی شکاند لە بنچینە و بنەمای حیزبە کوردەکان دا هەبوو.توودەییەکان و فەداییەکان و ئەوانیدی بەودیوارە ڕووخاوەی دا هاتنە ژوورێ، ئەو دیوارەیان دەورە دا هاتنە ژوورێ. ئێستا ئێمە دەبێ لەو تەجروبەی فێر بین، ئەو دیوارە وەکوو خیابانێکی یەک تەڕەفەیە، ئێمە دەچینە ژوورێ بەڵام دەتوانین ئیزن بدەین بێنە ناو ئێمە بەو مەرجەی ویستەکانی ئێمە قبووڵ بکەن. ستراتێژییەکە دەبێ لە سەر بنەمایەکی ئاوا دابندرێ، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە هووییەت/ ناسێنەی خۆمان لە دەست دەدەین وەک هێندێکان دەڵێن یان ئێژن ئەوە سیاسەتێکە پێشتر تەجروبە کراوە، نا وا نییە ئەو سیاسەتە پێشتر باسی نەکراوە. ئەمن ناڵێم بۆ وێنە بچین لەگەڵ حکوومەتێکی ئیتیلاف بکەین  لە بەر تەوەهومێک کە گۆیا ئەو حکوومەتە دژی ئەمپریالیستە نا. ئەمن ناڵێم ئەو کارەی بکەین. ئەو حکوومەتە حکوومەتێکی پرۆتۆ فاشیستە واقیعەن. ئەوە ئەگەر نێوی بنێی فاشیزمی ئیسلامی دروستە. دەگەڵ ئەوەی ئیتیلاف ناکرێ، لە هەلومەرجێک دا کە ئەو حکوومەتە خەریکە دەکەوێ، یان لەلاوازترین دۆخی خۆی دایە.  دەبێ ئەو پرسیارەی لە خۆمان بکەین ئایا ئەو بەرنامەی ئۆتۆنۆمییەی کە دامانناوە، ئەو بەرنامە حیزبییانەی کە نووسیومانە و هەموو ساڵێکیش  پەیتا پەیتا  لە کۆنگرەکانی خۆمان دا باسیان دەکەین و دەیان گۆرێن و زیاد و کەمیان دەکەین، ئایا وەدیهاتنی ئەو بەرنامەی هەمانە تەنیا بە هێز و بەدەستی کورد دەکرێ؟ ئەگەر ناکرێ دە چوارچێوەی ئێرانێ دا بەو مانایەیە کە بۆ وەدیهاتنی ئەو بەرنامەیە یا دەبێ حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک لە ئێرانێ هەبێ کە ئێمە بتوانین تەعامولی لەگەڵ بکەین یا دەبێ لەگەڵ هێزێکی کە بتوانێ بە جوورێک ئەو بەرنامەیەی ئێمە قبووڵ بکا، ئێمەش بتوانین بەشێک لە بەرنامەی ئەوان قبووڵ بکەین لەگەڵ ئەوانە تەعامول بکەین و ئیتیلاف بکەین. ئەوە ستراتێژییەکی بەرەو پێشە، جا بە باوەڕی من شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە ئەو زەرفییەتەی داوە بە کوردستانێ باشترین وەخت بوو بۆ موزاکەرات و تەعامول.
لەیلاخ: زۆر سپاس ببوورە چونکە کاتمان بەرەو کۆتایی دەڕوا ئەمن پرسیارم ماوە، بەڵام یەک پرسیار وەکوو دوایین پرسیار جەنابت ئاماژەت بەوە دا لە ئەگەر فازی دووەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەو شۆڕشە نیشانەکانی دیارە دانەمرکاوە. لە ساردی داوە بەڵام تازە کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی پێش ئەو شۆڕشە و خەڵکیش هەر  بەو شێوە. دەمهەوێ بە کورتی جەنابت ئاماژە بەوە بکەی لە ئەگەری فازی دووهەمی شۆڕشی ژینا بە هەر چۆنێک و لە هەر کوێ ئەو بیست لە سەدە پەرەی پێ بدرێ و کوردستان خۆی بە دەست بێنێتەوە و خەڵکی ئێران بە گشتی جەنابت چۆنی لێ دەڕوانی؟ چ بکرێ لە واقیعدا قەرەبووی کەمکارییەکان یان لە واقیع دا هەڵەکانی ڕابردوو بکاتەوە؟ زۆر بە کورتی

وەلی: خوێندنەوەی من ئەوەیە کە ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شکافێکی دروست کرد، لە لایەکەوە ئێمە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیمان هەیە لە ڕۆژهەڵات کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەوانەی لەو کۆـەڵگەیە دان چالاکانی سیاسین. ئەمن حدوود و سنووری کۆمەڵگەی مەدەنی بە بەرخوەدان و ڕاوەستان لە هەمبەر بە حکوومەت دەناسێنم. ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە لە هەلومەرجی ئێستا دا ڕادیکاڵ بووە بەڵام بە نەزەری من حیزبە سیاسییە کوردەکان لە حاڵەتێکی ستاتوس کۆ دا یانی هەلومەرجی هەیی ( مەوجوود) دا ماونەوە. ئەمن پێم وایە بۆ ئەوەی لە فازی دووەم دا ئامادەییەکی تەواو هەبێ حیزبە کوردەکان دەبێ بە شێوەیەکی ڕادیکال بە سەر بەرنامەکانیان. ڕێبەرایەتییان،وەزعییەتی سازمانییان و هەر وەها وەزعی خۆیان لە باشوور دا بچنەوە و لە ئێستاوە ئەوە بکەن بەڵام بەشێوەیەکی کراوە و شەفاف. نەک ئەوەی بیکەن و دوایە بە ئێمە بڵێن ئەوە کردمان نەزەری تۆ چییە؟ ئەوە بە کار نایە و هەمیشەش ئاوا کراوە. گرینگ ئەوەیە ئەو پێداچوونەوەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا، شەفاف و دێمۆکڕاتیک بکرێ کە  ئەو خەڵکەی کە دەچێتە خیابانێ و سینگی خۆی وەبەر گوللان دەدا  ئەوانیش نەزەریان هەبێ دە وەیدا. دەزانی ئەوە زۆر گرینگە بە باوەڕی من ئەو شۆڕشە کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یە ئەوەندەی کە من دەتوانم بیخوێنمەوە، ئەوەندەی کە ئەمن تێی دەگەم، مومکینە ڕاست بێ مومکینە هەڵە بێ، بەڵام ئەوەندەی ئەمن تێی دەگەم هیچ تەئسیرێکی ڕادیکاڵی لە سەر وێژمانی ئەو حیزبانە، یانی دیسکۆرسی ئەو حیزبانە، لە نەزەر ئاڕایشی سازمانی ئەوانە، هەر وەها فکری ستڕاتێژیکیان دانەناوە . یانی چ گۆڕانکارییەک کراوە کە ئەو هووییەتی جینسییەتی کە ئاوا ئیستا لە ئێرانێ چالاکە، ئاوا ئەو ڕێژیمەی قەمتەر کردووە و ناچاری کردووە بە پاشەکشە ، ئەو هووییەتە چ ڕەنگێکی دە گوفتمان و دە سازمان و دە ستراتێژی ئەو حیزبانە دا داوەتەوە؟ ئەوە ئایا بووتە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دە هیڕارشی حیزبی دا ببێ؟ ئایا بووەتە هۆی ئەوە کە ئیدێئۆلۆژی حیزبی یا گوتاری حیزبی بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بگۆڕدرێ؟ ئایا سەبەب بووە کە بەرنامەکانی حیزبی بەرەو ئەوە بڕۆن کە پێداچوونەوەیەکی ڕادیکاڵیان لە سەر بکرێ؟  ئەگەر ئەوانە نەبووە تەئسیری ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە ئەو وەزعەی لە ئێرانێ دەو دوازدە مانگەی دا پێک هێناوە چ بووە؟

لەیلاخ: زۆر سپاس، ئەگەر قسەیەک مابێ سپاست دەکەم دوکتور گیان کاتت دانا. کاتمان بەرەو کۆتایی دروا هەوڵ ئەدەین لە دەرفەتەکانی دیکەش بە وردی و زیاتر لە خزمەتی جەنابتان دا بین.
وەلی: زۆر سپاستان دەکەم، هەر وەتر سپاس لە بینەران و بیسەرانتان سپاس.
لەیلاخ: سپاسی دووبارە بۆ بەڕێزت تەمەن درێژ بی. بەڵێ بینەرانی ئازیز و خۆشەویست بە بەشداری میوانی بەڕێزی بەرنامە دوکتور عەبباس وەلی لە خزمەتی ئێوە دابووین. ئاوڕدانەوەیەک بوو لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە خەسارەکان، لە دەسکەوتەکان، لە ئەگەرەکان. هیوادارم هەموومان پێکەوە چونکە ئەو شۆڕشە شۆڕشی چینێکی تایبەت نەبوو، بەڵکوو شۆڕشی هەموو توێژ و چینەکان بوو، سەر لەنوێ پێکەوە بین بۆ گەیشتن بە بەهاری ئازادی. کات شاد.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە سێشەمە ٢٣-ی مانگی ئووتی ٢٠٢٣ لە کورد کاناڵەوە بە شێوەیەکی زیندوو بڵاو کراوەتەوە. دابەزاندنی ناوەرۆکی بەرنامە لە بەر گرینگی قسەکانی پرۆفێسۆر وەلی لە لایەن وێبنووسی ڕوانگەوە کراوە. دەکرێ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە دا ببینن،









 

Friday, August 25, 2023

Wednesday, August 23, 2023

چشم‌انداز: ادامه سرکوب دانشگاه؛ سنگری که جمهوری اسلامی هرگز موفق به فتحش...

تیوری سیاسی و مافی زمانی تیۆری سیاسی و مافی زمانی، هاوپرسەکی لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

تیوری سیاسی و مافی زمانی

تیۆری سیاسی و مافی زمانی، هاوپرسەکی لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

 قازی: بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ.لە بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژ دا لە سەر بابەتێکی زۆر گرینگ ئەویش " بابەتی تێۆری سیاسی و زمان یان مافی زمان" ی قسە دەکەین لە گەڵ بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی، پرۆفێسۆر لە زانکۆی بۆغازئیچی، دیپارتمانی کۆمەڵناسی.گەلێک بەخێر بێی مامۆستا! 

 وەلی: زۆر سپاستان دەکەم.

  قازی: دیارە لەو بابەتانەی کە پێوەندی هەیە بە تیۆری سیاسییەوە لە زەمینەی فەرهەنگ و لە زەمینەی ناسیۆنالیزم و لە زەمینەی ئێنیسیتی و ئەوانە زۆرشت نووسراوە، بەڵام لە زەمینەی زمان یان مافی زمانی لە تیۆری سیاسی دا کەمتر شت نووسراوە، جگە لەو کتێبەی کە ویم کیمیلکا وەختی خۆی بڵاوی کردوەتەوە " تیۆری سیاسی و مافی زمانی". پێم خۆش بوو بپرسم ئێوە لە ڕوانگەی تیۆری سیاسییەوە زمان چۆن دەبینن؟ 

 وەلی: ئەوەی کە زمان لە تیۆری سیاسی دا زۆر کەمتر لە سەری نووسراوە لە بەر ئەوەیە  زمان زۆربەی جاران دە چوارچێوەی بەحسەکانی ناسیۆنالیزم دا دیتراوە بە عینوانی یەکێک لە مەسائیلی ئەساسی وە سەرەکی بەحسەکانی ناسیۆنالیزمی. دە وەیدا دیتراوە وەلی خودی مەسەلەی زمانی ئەو جۆرەی کە بۆی دەچن پسپۆڕانی تێۆری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی ئەوە بەشێوەیەکی گشتی لە دوو ڕێگایان ڕا، دەگەڵ تیۆری سیاسەت پێوەندی دەبێ. یەکیان،جێگای زمانە دە هووییە و پێناسەی نەتەوەیی گەلێکی یا نەتەوەیەکی دا،دووەمیان نەخش و ڕۆڵی زمانە دە بەیانی پڕۆسەی سیاسی دا، بەتایبەتی پڕۆسەی دەستەڵاتی سیاسی و پێوەندیی دەستەڵاتی سیاسی دەگەڵ ئەو گەلانەی کە هووییەیان دەگەڵ هووییەی دەستەڵاتی سیاسی یەک نییە. جا بۆیە، دەستەڵاتی سیاسی ئەو جوورەی کە بۆی دەچن و شی دەکەنەوە لە دوو جێگایان خۆی دا دەمەزرێنێ ؛ یەکیان لە تەریقی پڕۆسەی سیاسەت، کە لێرەدا مەعموولەن ئەو زەختەی کە سوڵتەی سیاسی دای دەمەزرێنێ زەختێکی فیزیکی- نیزامی یە ، وەلی لە لایەکی دیکەشەوە لە عەرسە و مەیدانی گوتاری یا گوفتمانی یا دیسکۆرسی پێ دەڵێن لەوێشدا زمان بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئەو کارە و ئەو پڕۆسەیەی کە دامەزراندنی دەستەڵاتی سیاسییە لە پڕۆسەی سیاسی دا یەک دەگرێتەوە، بەو مەعنایەی ...

  قازی: زۆر باشە، ئەگەر دەکرێ لێرە ڕابوەستین. دیارە بەشێک لەوانەی کە بەهەرحال، دەزانین کە چەمکێک هەیە بە ناوی زمانی دایکی یا مادر لەنگوێج و تەبیعەتەن ئەوەش هەمیشە لەگەڵ زمانێکی دیکە دێتە مەیدانێ کە یا  زمانی ووڵاتێک بێ یا زمانی سەرانسەری بێ یا بە هەرحاڵ زمانی نەتەوەیی بێ یا هەر چۆنێک. لەو پێوەندییە دا هێندێک دیتن هەیە؛ ئەو دیتنانەش ئەوەن کە دەڵێن ئەو مەسئەلەیە یانی زمانی دایکی یا زگماکی نابێ بکرێتە مەسەلەیەکی سیاسی ، بەڵکوو دەکرێ ئەوە لە چوارچێوەی کولتووری دا، لە چوارچێوەی ئەو نیزامەی دا کە هەیە جێ بە جێ بکرێ. بەڵام ئێوە وەکوو تیۆریستێکی سیاسی ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینن؟ یانی پێتان وا هەیە مەسەلەی زمانی بوومی یان زمانێک کە سەرانسەری نییە بەهەرحاڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دا، ئایا ئەوە بۆخۆی چەمکێکی سیاسی یە یان فەرهەنگی یان چۆنە؟ 

 وەلی: نەخێر ئەوە ئەساسەن فەرهەنگی نییە. ئەگەر فەرهەنگی بێ، لەبەر وەی فەرهەنگی یە چون سیاسییە.ئەگەر سیاسی نەبێ ناتوانێ فەرهەنگی بێ.ئەوانەی کە باسی زمانی دایکی لەو ڕوانگەیەوە دەکەن، ئەوانە بە باوەڕی من – و ئەوەندەی کە ئەمن لە سەر لینگویستیکس ، زمانشناسی دەزانم، ئەوە حەوزەی کاری من نییە وەلی ئەوەندەی من لێی دەزانم- ئەوەیە کە ئەو بۆچوونە بۆچوونێکی زۆر کۆن و تا حەدێکی پاشکەوتوو لە زمانییە کە زمانی تەنێ وەک ئامرازی پێوەندی دەبینێ. زمان ئەوە نییە، ئەگەر بچینە سەر ئەوەی کە پێی دەڵێن " ستراکچڕاڵ لینگویستیکس" یانی زمانناسیی بناغەیی دەوێدا مەسەلەی زمانی  بە جوورێکی دی تەعریف دەکرێ. لەوێدا لە بەشی ئەوەڵ دا کە ئەوەی عەرزم کردی زمانی وەک ئامرازی پەیوەندی دەبینێ ، دە وێدا مەعنایەکی کە دە زمان دا دروست دەبێ  رەبتی هەیە بە خودی سابجێکتەکە و تاکەکە و ئیندڤیجواڵەکە دە سووڕەتێک دا زمانناسیی بنەمایی ئەوەی ڕەد دەکا، مەسەلەی مەعنا ڕەبتێکی بە سابجێکتی نییە،مەعنا لە تەفاوت، فەرق و دیفرنس ئیجاد دەبێ بۆیە دە زمان دا ئەگەر مەعنا پەیدا دەبێ ئەوەیە، جا بۆیە زمان بە بێ کۆنسێپتی دیفرنس بێ مەعنایە و زمانی دایکی لەو بابەتەیەوە موهیمە . لە بەر ئەوەی نییە کە ئامرازێکە و دەنگێکی دیکەیە هەیە، شتێکی دیکە هەیە  ئەوە لەبەر وەی نییە ، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئامرازی بەیانی جیاوازییەکانە کە دە زمانی ئەسڵی یان غەیری دایکی دا  یا نەگونجاوە یا ئەوە ئینکار کراوە.جا عەرزی بە خزمەتت دەکەم لێرە مەسەلەکە دێتە سەر ئەو شتەی کە من دە پێشدا باسم دەکرد کوتم دوو پڕۆسە هەیە یەکیان ئەوەیە کە دەستەڵاتەکە لە نەزەر سیاسی و فیزیکی دا دەمەزرێنێ  یەکی دیکە لە نەزەر گوتاری و ئەوەی کە پێی دەڵێن گوفتمانی یان دیسکۆرس. دە دیسکۆرسیش دا ئەوەیە کە ئەو جیاوازییەی کە ئەلئان باسم کرد کە مەعنای دەدا بەزمانی ، ئەو جیاوازییە وەکوو مەحسوور دە دیوارێکی دا حیساب دەکرێ، ئەو جیاوازییە دەبەسترێ بە سووڕەتی سکووتێکی، سایلنسێک دەردێ، جا بۆیە ئەگەر ئێمە ئەو پڕۆسەی دەگەڵ پڕۆسەی دامەزراندنی دەستەڵاتی بە زەختی نیزامی و فیزیکی موقایەسە بکەین، دەوێدا ئەو جیاوازییە بە زەخت و دەستەڵاتی فیزیکی و نیزامی ئینکار دەکرێ لێرە دا بە سکووت ئینکار دەکرێ. ئەگەر لە پڕۆسەی دامەزراندنی دەستەڵاتی سیاسی ، سوڵتەی سیاسی لە سەر نەتەوەیەکی  یا لە سەر گەلێکی دە وێدا ئەو زەختە نیزامییە  بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی یە، دێرەشدا دە عەرسەی گوفتمانی یا دە عەرسەی گوتاری دا، لێرەشدا ئەو سکووتەی کە هەیە – ئەوە زۆر موهیمە – ئەو سکوتەی کە هەیە ئەوە بەشێک لە بنەمای زمانی موسەلەتە ، جا بۆیە ئەگەر زمانی دایکی ئیجازەی پێ بدرێ کە دەکار بکردرێ ئەو سکووتەی کە لە بنەمای زمانی موسەلەت دایە ، ئەو سکووتە دەشکێ، ئەو دیوارە دەشکێ و دێتە دەرێ، جا بۆیە لە سەرڕا ئەو هوویەتەی غاڵب و ئی سوڵتەی کە ئەو زمانە بەشێک لەوە ئەو هووییەتە دەبێ لە سەرڕا دابمەزرێتەوە.

قازی: زۆر باشە، ئێستا لێرە مەسەلەیەکی دیکەش تەرح دەکرێ. دە ڕاستیدا هێندێک نەزەراتی دیکەش هەیە کە دەڵێن بۆ وێنە لە چوارچێوەی جوغڕافیای ئێران دا دەکرێ بە زمانی دایکی چەند دەرسێک هەبێ، کوردی، تورکی ئازەربایجانی، بەلووچی ، عەڕەبی ، تورکەمەنی یان زمانی دیکە، بەڵام، ئەوە نابێ ببەسترێتەوە لە مەسەلەی ناسنامە یان هووییەت یان ناسێنە. چونکە ئەوە ئەگەر ببەسترێتەوە بەوە دەگاتە ئەوەی کە هووییەتی سیاسی جۆر بە جۆر پێک بێ و وەختێک هووییەتی سیاسی جۆر بە جۆر پێک هات ، دەگاتە جودایی و دەبێ بە نیسبەت هەر زمانەی کە هەیە ووڵاتێک دروست بێ. جوابی بەڕێزت بۆ ئارگومێنتێکی ئاوا چییە؟

  وەلی: بە باوەڕی من ئەو ئیستیدلالە دە ئەسڵدا غەڵەتە، لە بەر ئەوەی کە پەیوەندی زمان و ناسنامەی یان هووییەی  پێوەندییەکی ئینتیخابی نییە کە ئێمە بمانەوێ یان نەمانەوێ. زمان بەشێک لەو هوویەیەیە، بەتایبەتی لە دنیای مۆدێڕن دا، ئەگەر پێش دەوڵەتی میللی و پێش مۆدێرنیتە بایە پێش ئەو پڕۆسە سیاسییە ئەو قسە مومکین بوو دروست بایە. لە ئیمپڕاتووری عوسمانی یان لە ئێرانی قەدیم، لە چینێ یان حەتا ئوڕووپای پێش ١٧٨٩ ی شۆڕشی  گەورەی فەڕانسە. ئەو بەحسە مومکین بوو ئەو دەمی جێگایەکی هەبایە. وەلی وەختێکی ئێمە دێین دە چوارچێوەیەکی سیاسی دا قسە دەکەین کە یەکێک لە شەرتەکانی ئەسڵی ئەو چوارچێوەی حەتا دە "تیۆری دێمۆکڕاتیک " دا ئەوەی کە پێی دەڵێن " تیۆری ئیمێنێنس" ئەوەیە کە ئەو کەسەی کە حکوومەتێ دەکا دەبێ زمان و هووییەی وی لەگەڵ ئەوکەسەی حکوومەتی لە سەر دەکرێ یەک بێ. جا ئەوە حەتا لە تیۆری دێمۆکڕاتیک دا کە زۆر بەحسی لە سەر دەکەن لە مەر دێمۆکڕاسی و ئەوانە ئەو مەسەلەی ئێمینێنس هەیە، جا  بۆیە دە سیاسەتی ئەوڕۆ دا ئەو بەحسە، بەحسێکی زۆر پاشکەوتوو ە، دەحەقیقەت دا ئاگای لە وەزعی گۆڕانکاریی سیاسی و فەلسەفی دنیای ئەوڕۆ نەبووە بەو شێوەی. ئەوە بەحسێکە کە مومکینە زمانشناسێکی زۆر زۆر سونەتی، مومکینە شاعیرێکی گەورەش بێ، نووسەرێکی گەورەش بێ، وەلی ئاگای لە سیاسەت و مەبانی فەلسەفی سیاسی نەبێ ئەو بەحسەی بکا. ئەو بەحسە  نازانێ ئەساسەن ئەو هێزەی کە فەرهەنگی دادەمەزرێنێ سیاسەتە. فەرهەنگ بە بێ سیاسەت لە دەرەوەی خۆیەتی. ئەوە سیاسەتە کە ناوەرۆکی فەرهەنگی دەبا دە فەرهەنگییەوە، دینامیزمی دەداتێ.

 قازی: زۆر باشە، بە داخەوە چونکوو وەخت زۆر نییە تکایە دەکرێ هێندێک کورتتر وڵام بدەیەوە! وەک ئاگاداری پێش ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ئێران بکرێ وەختێک کە ئاغای ڕووحانی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی پێشکێش کرد، دە مادەیەکی تەرح کرد کە لە وێدا باسی کردووە وەختێک بێتە سەر کار ئەو مادانەی کە لە قانونی بنەڕەتی ئێران دا هەن کە جێ بەجێ نەکراون- دیارە لەوێدا ئێشاڕەیەک هەیە بە زمانی بوومی،مەنتەقەیی یان قەبیلەیی یان هەر چۆنێک – و هەروەها بەڵێنی دا کە کەسێکی تایبەتی دا دەنێ بۆ کاروباری کە ئەوان پێی دەڵێن "ئەقوام" و کەمایەتییان. بەڵام دوای ئەوەی کە ماوەیەکیش گوزەراوە لە دانی ئەو بەڵێنانە ئەو مەسەلەیە هەتا ئێستا جێ بەجێ نەکراوە، جگە لەوەی نەبێ کە کەسێک داندراوە وەکوو بەرپرسی مەسەلەی "ئەقوام" و کەمایەتییان. و لەو دواییانە دا لە " فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی" لە کۆبوونەوەیەک دا کە وەزیری ئامووزش و پەروەرشی ئێران لە گەڵیانی هەبوو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە دژی ئەو تەرحەی دەوڵەت قسەیان کرد و بە گشتی ئەگەر قسەکانیان کۆکەینەوە سەر یەک ئەو ئەندامانی پەیوەستە یانی ئەندامانی داییمی باسی ئەوەیان کرد کە ئەگەر بێتوو ئیجازە بدرێ بە جێ بە جێ کردنی ئەو چەند مادەیەی کە پێشبینی کراوە لە قانوونی ئەساسی ئێراندا ئەوە دەگاتە کز بوون و لاواز بوونی زمانی فارسی و دیارە لە هەمبەر ئەوەش کاردانەوەی زۆر هەبوو لە لایەن تێکۆشەرانی مافی زمانی و بەڕێزیشت لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی و لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی دا ئەوەندەی من ئاگادار بم لەو زەمینەیە دا باست کرد و قسەت کرد. پرسیارەکەی من لێرەدا ئەوەیە چەندێک لە ئەندامانی کە موخالەفەتیان کردووە لە گەڵ ئەو فکرە بۆخۆیان لە باری ئێتنیکییەوە خەڵکی ئازەربایجانن، زمانی دایکییان تورکی ئازەربایجانی یە، ئەگەر بیانەوێ بە زمانی فارسی قسە بکەن، مومکینە بە نووسین باش بنووسن  بەڵام بە قسە کردن  ڕەنگە بە زمانی فارسی بە باشی قسە نەکەن. پاشان ئەگەر ئێمە تاریخی مۆدێڕنی ئێران بەلانی کەمەوە لە مەشڕووتییەتەوە هەتا ئێستا تەماشا بکەین  دەبینین زۆرێک لە دامەزرێنەران و بیرەوەران و پێکهێنەرانی  فکری ناسیۆنالیزمی ئێرانی دە ڕاستیدا بۆخۆیان فارس نەبوون. بە تایبەتی ئەگەر تەماشای ئازەربایجان بکەین زۆربەیان ئازەربایجانی بوون و ئێستا بە پێچەوانەی مەسەلەی کوردان موناقەشەیەکیش هەیە  لە نێو ئازەربایجان هێندێک کێشەی ناسنامەیی زیاترە دە بەرانبەر یەکتری دان. کابرا دەڵێ ئێمە ئێرانین، ئەویدی دەڵێ نەخێر ئێمە تورکین . جەنابت ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینی؟ ئەتۆ ئەوەی لە ئێتنیک دەکەیەوە یان نا یان چۆنی دەبینی لە ڕوانگەی تیۆری سیاسییەوە؟

 

  وەلی: لە تیۆری سیاسی دا ئەوەیە کە، ئەساسی قەزییەکە ئەوەیە کە  ئێتنیسیتە شتێکی تەبیعی نییە، ئەساسەکە ئەوەیە کە کەس بە ئێتنیسیتە لە دایک نابێ. کەس وەختێکی کە لە دایک بوو پێناسەی کوردی و فارسی و نازانم تورکی و ئینگلیسی و ئەڵمانی لێ نادەن.
 قازی: لە ڕوانگەی تیۆری سیاسییەوە.
 وەلی: بەڵێ! ئێتنیسیتە شتێکی دروست کراوە، ئەوەش سیاسەت دروستی دەکا جا بۆیە ئەوانەی کە تۆ فەرمووت  ئەوانە ئازەرین. بەڵێ لە لایەکەوە ئەوە مۆمکینە کە ئەو خەڵکی ئازەربایجان بێ و بە تورکی ئازەریش قسان بکا بەڵام، هووییەی سەرەکی و غاڵبی فارسی قەبووڵ کردووە دە ژێر وەیدا کارێ دەکا، ئەوە مەسەلێکە تایبەتی ئێرانێ نییە. لە تورکیەش دەبینین کە یەکێک لە تیۆریسیەنەکانی  گەورەی ناسیۆنالیزمی تورکی زیا گوێکئاڵپە کە خەڵکی دیاربەکری بووە، کورد بووە و ماڵیشی ئەلئان لەوێ ماوە و مووزەیە و ...

قازی: یان لە ئێران ڕەشید یاسمی کە ئەندامی فەرهەنگستانی یەکەم بووە

وەلی: بەڵێ، ئەوە شتێکی هێندە سەیر و عەجایب نییە، نموونەی ئاوا بووە بەو شێوەی. یەک ئەوەی دەگەیێنێ کە یەک خودی هووییە بۆ خۆی کانستراکتێکی سیاسییە ...
قازی: یانی بە سیاسەت دروست دەکری!

 وەلی: بەڵێ بە سیاسەت دروست دەکرێ، دووەمیش ئەوەیە کە وەختێکی دەڵێن بە سیاسەت دروست دەکرێ ئەوە بەو مەعنایەیە کە پێوەندییەکی زۆر ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ دەستەڵاتی سیاسی. ئەگەر تەماشای وەزعی کەسانی وەک ڕەشید یاسەمی یا ئەحمەد کەسڕەوی  یا ڕەزا زادەی شەفەق یا تەقی زادە لە ئێرانێ بکەی ئەوانە هەمیشە بەشێک لە ستروکتووری سیاسی ئێرانێ بوون، مەسەلەن سەتار خان نەبووە، باقر خان نەبووە، ئەوەش بۆ ئەوان مەسەلە نەبووە، ئەوان جوورێکی دیکە لەگەڵ سیاسەتی ئێرانێ پێوەندییان هەبووە.پێوەندی وانە جوورێکی دیکەیە. ئەوانە ئینتێلێجێنسیایەک بوون کە دە زەمانێک دا دەستیان بە کار کردووە کە پڕۆژەی دەوڵەتی میللی پڕۆژەیەکی تازە بووە. ئەوانە هەموو بەرەو ئەوە چوون ئەو پڕۆژەیەیان قەبووڵ کردووە و ویستوویانە ئەو پڕۆژەیەی لە ئێرانێ دامەزرێنن

قازی: لێرەدا ئیستێک بگرین. هێندێکان کە باسی ئێرانیگەری زۆر دەکەن بۆ وێنە دەڵێن کەسێکی وەکوو تالبۆف یان کەسێکی دیکە کە مەشهوورە ئاخوند زادە لە قەفقاز ژیاوە بەڵام باسی زمانی فارسی کردووە باسی  ناسیۆنالیزمی ئێرانی کردووە. ئەوە دەبەسترێتەوە بە ئەوەی کە بیرۆکەی، هەستی وشیاری ناسیۆنالیستی لە ئازەربایجان تاریخێکی دوور و درێژی نییە؟  یا بە چی دەبەسترێتەوە؟

 وەلی: مەسەلەکە ئەوەیە کە بە باوەڕی من دەبێ ئاوای بۆ بچی کە تێکەڵبوونی ئازەرییەکان دەگەڵ سیاسەتی مۆدێڕنیتە چ بووە. بەشی زۆری وەی لە ڕووسییەی تێزاری سەری هەڵداوە. ڕووسییەی تێزاریش ئەگەر تەماشای بکەین لە بەشی ئازەربایجان و بەشی  گورجستان و یانی ئاسیای ناوەندی و ئەوانە ئی خوارەوە و ناوەندی و ئەوانە ئینتێلێنجێنسیای ڕادیکاڵ و دێمۆکڕات و سۆسیالیستی وانە دە فەرهەنگی ڕوسی دا گەورە ببوون و فەرهەنگی ڕووسیشیان پێ فەرهەنگی موسەلەت بوو. فەرهەنگی ڕووسیش ڕابیتەی ئەوانە لە گەڵ فەرهەنگی باڵادەستتری ئوڕووپایی بوو.فەڕز کە بەشی زۆری حەتا بۆلشۆڤیکەکان بە ئەڵمانی مارکسیزمی فێر دەبوون. ئەوە شتێکە هەبووە. جا بۆیە لە ئێرانێش بە باوەڕی من وەختێک پڕۆژەی حکوومەتی میللی هاتە گۆڕێ مەسەلەی زمانی هاتە پێشێ. زمان دیارە، زمانی فارسی لە نەزەر تاریخی یەوە زمانێکی دوور و درێژترە و لە نەزەر تاریخییەوە ئەوە تەڕدیدێکی تێدا نییە کە زۆرتر ڕوشد و گەشەی پەیدا کردووە و حەتا دیسان ئەوەش غەیری عادی نەبووە کە تورکەکان لە ئێران حکوومەتیان کردووە لە زەمانی مەغوولی بەولاتر حەتا پێشتر

  قازی: بەڵام بە هووییەتی تورکی نەیان کردووە.

  وەلی: بە هوویەتی زمانی تورکی نەیان کردووە وەلی ئەو دەمی ئەو هووییەتەش مەتڕەح نەبووە، کەما ئینکی  مەسەلەن لە ئیمپڕاتۆری عوسمانیشدا سێ زمان هەمیشە هەبووە فارسی زمانی ئەدەبییات بووە، عەڕەبی زمانی تێکنیکی و قەزایی و حقووقی و مەزهەبی بووە، تورکی زمانی دیوان بووە.

 قازی: ئەگەر جەخت بکەینەوە لە سەر ئێران. چونکە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا مەسەلەی ئازەربایجان گرینگە. یانی ئەگەر جەختی بکەینەوە لە سەر ئازەربایجان وەک دەزانی کە لەوێ بزووتنەوەیەکی زۆر گەورە هەبووە. بزووتنەوەی مەشرووتییەتی ئێران لە ئازەربایجانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ئەگەر هێندێک تەماشای تاریخی تازەی ئێران و ئازەربایجان و کوردستان بکەین ئەوەی کە تەبەلوری داوا و خواستی نەتەوەیی بێ تەنێ لە حەڕەکەتی پیشەوەری، تەنێ لە زەمانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان خۆی نیشان دەدا. پێشتر نابینین وایە یا وا نییە؟ 

 وەلی: بڕێک لە حەڕەکەتی خیابانی ش دا بەو شێوەی هەبووە. وەلی مەسەلەکە ئەوەیە کە ئازەرییان وەزعێکی تایبەتییان لە ئێرانێ هەبووە. ئەوەی کە ئازەرییان تا بەشێکی زۆر بەشدار بوون لە بنەمای قودرەت لە ئێرانێ لە نەزەر سیاسییەوە

 قازی: بەڵام بە نێوی ئازەربایجان؟
وەلی: ئاخر ئەو دەمی ئازەربایجان بەو شێوەیە مەعنای نەبووە، یەعنی ئازەربایجان بە شێوەیەکی هووییەیی مەعنای نەبووە، ئەوانە بەشدار بوون، ئەوانە حەتا ئەوەی کە دەڵێن ئەوانە گرووپی سەرەکی ئێتنیکی لە ئێرانێ بوون و لە نەزەر ئابووری و ئیقتیسادی ئەو وەزعەیان ماوە، ئەلئان ئەگەر تەماشای بکەی لە ڕووی سیاسیشەوە وایە، مەسەلەن خودی ئایەتوڵا خامەنەیی بۆخۆی ڕەگەزی ئازەری هەیە، وایە؟

 قازی: بەڵێ چەند نەسل پێشتر 

 وەلی: یان سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن ئەویش مووسەوی کە تەورێزی یە و دەبەینی وانە دا زۆرە ئەو مەسەلە. بەڵام لەوێ بە باوەڕی من ئێتنیسیتە لە بنەمایەکی تازەی دەستەڵاتی دا هەیە.

 قازی: بەڵام ئەوە گرینگە، لە سەروبەندی تازە دا، ئێوە میسالی مووسەوی تان هێناوە. میسالی زۆر ڕووناکبیری کە زمانی دایکییان ئازەربایجانییە بەڵام خۆیان بە ئێرانی دادەنێن و ئەو هووییەتەیان پێ سەرەکەیە. دەکرێ ئەوانە بە تەواوی لێک جیا بکەینەوە؟ یانی موهیم نییە کابرا لە ڕووی ئێتنیسیتەوە چییە، موهیم ئەوەیە کە لە باری سیاسییەوە بەرنامەی چییە؟ یان باسی چ هووییەتێک دەکا. وایە؟

 وەلی: دروستە. ئێتنیسیتە بەو بۆچوونەی فەرهەنگی، یان بەو بۆچوونەی کە هەر کەسە وەختێکی لە دایک دەبێ ئێتنیسیتەیەکی دەبێ، بە باوەڕی من لە نەزەر سیاسییەوە شتێکی بێ مەعنایە. کامیلەن بێ مەعنایە. دەبەینی خودی ئێمە دا، ئی ئازەریانیشدا هەر واتر مەسەلەی پێناسە یان هووییەی کوردی شتێکە کە کەسێک لە نەزەر سیاسییەوە بۆی دەچێ و قەبووڵی دەکا یان دەچوارچێوەی سیاسەتێکی دا ئەوە بێ ئەوەی کە بۆخۆی بزانێ ڕوشدێ دەکا.

قازی: یانی لەو ڕوانگەیەی ساز دان، کانستڕاکشن ە دا، گورجییەک دەتوانێ کورد بێ ، بەڵام کوردێک دەتوانێ کورد نەبێ .

 وەلی: دەقیقەن وایە. بە باوەڕی من هیچ کەس بە هووییەیەکی  ئێتنیکی یان میللی لە دایک نابێ.

 قازی: زۆر باشە! لە پێوەندی ئەو باسەی دا کە پێشتریش ئاماژەم پێ کرد یانی ئەو تەرحەی کە ئاغای ڕووحانی باسی کرد بوو، لە ٢١ی مانگی فێورییە ( دووی ڕەشەمە) ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بوو و  موناقەشە زۆر لەوە زیاتر بوو کە چاوەڕێ دەکرا چ بە لایەنگری و چ بە دژ، بە تایبەتی مەسەلەیەکی کە زەق دەکرێتەوە ئەوەیە هێندێکان دەڵێن ئیمکان بۆ خوێندنی زمانی دایکی با، بەڵام، خوێندن بە زمانی دایکی نا. چونکە خوێندن بە زمانی دایکی دەگاتە ساز کردنی هووییەتێکی دیکە. بەڵام شتێکی کە چاوڕاكێشە لەو موناقەشانە دا کەسێک بە ناوی ئاغای بەقایی ماکان کە پسپۆڕی ئەدەبییاتی فارسی یە و ماوەیەک لە ئەمریکا بووە و دوایە لە سەر ئیقباڵی لاهووری کاری کردووە، باسی شتێکی کردووە کە لە ئەدەبییاتی  هاوچەرخی فارسی یا ئێرانی دا نموونەی نەبووە تا ئێستا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو دەڵێ لە ئێران هەموو کەس فارسە. تەقریبەن عەینی ئەو ئیحتیجاج و قسەیەی کە پێشتر لە تورکییە دەکردرا. ئێوە ئەوە بە چی دەبەستنەوە؟ یانی گوتوویە لە ئێران فەرق ناکا، هەر کەس لە ئێرانە حەتا خاک و خۆڵەکەش هەمووی هەر فارسە و ئەویش یانی ئێران. ئەوە چۆنە کە ئێستا تەبەلوری پەیدا کردووە؟
وەلی: وەڵا ئەوە بە داخەوە، مخابن بە تەئەسوفەوە دەبێ بڵێی کە ئەوە بەحسی زمانی، بەحسی پێناسە و هووییەتی لە ئێرانێ زۆر دەباتەوە پشتەوە، یانی ئەوە  بۆچوونێکی زۆر پاشکەوتووە بە نەزەری من، حەتا  بەشێکی زۆری ئینتێلێجێنسیای فارسیش ئەوەیان قەبووڵ نەبووە و لە ئێرانێ بە شێوەیەکی سوننەتی ئەوەندەی ئەمن ئاگام لێیە هیچوەختێکی ئەوانە نەهاتوون ئەوەی بڵێن....

  قازی: لە تورکییەی گوتراوە،

 وەلی: لە ئێرانێ کەس نەیگوتوە ، ئەمن ئەوەم بیستووە، یانی نەمبیستووە ئەمن ئەوەم خوێندووەتەوە کە جارێکی شاعیرێکی ئێرانی ئاغای سپانلوو کوتبووی کە زمانی فارسی و مەزهەبی شیعە دوو ستوونی ئەسڵی هووییەی ئێرانین.ئەمن بۆخۆشم ئەو دەمی لە بەحسێکی دا شتێکم لە سەر ئەوەی گوت کە ئەگەر وابێ دەبێ تەکلیفی ئەوانەی کە نە مەزهەبیان شیعەیە و نە زمانی دایکییان فارسی مەعلووم کەن بزانن کە ئایا ئەوانە ئێرانین یا ئێرانی نین؟ بە باوەڕی من هەر خودی ئاغای سپانلووش ئاگادار نییە لە کانسیکوێنسی سیاسی ئەو بەحسەی کە دەیکا. وە زۆر عاتیفی ئەو قسەی کردووە. مومکینە کوردێکیش یا تورکێکیش ئەو بەرخوردە عاتیفییەی دەگەڵ شێعر و ئەدەبی فارسی هەبێ وەلی ئەو بەحسە جێگای دە سیاسەت دا بەو شێوەیەی نییە و ئەگەر بە شێوەیەکی نائاگاهانە یانی بێ ئەوەی کە ئاگای لێ بێ ئەو بەحسەی بکا و ئاگای لە کانسیکوێنسەکانی نەبێ ئەو دەمی موشکیلەی  ئەساسی دێنێتە پێشێ. لەدوایە لە نەزەر تێکنیکیشەوە، ئەو ئاغای ماکان کە کوتت بە باوەڕی من کەم سەوادە کە ئەمن ئەلئانەکە پێی دەڵێم ئەوە ئینسانێکی کەم سەوادە، ئێستاش وەدەزانێ کە زمان ئامرازێکی ئینتیخابی یە  کە بۆ خۆت ئینتیخابی دەکەی وەکوو ئامرازێکی وەکوو مەسەلەن ئەمن دەڵێم ئەمن دەمەوێ ئەوڕۆ ئەو لیباسەی دەبەر کەم، سبحەینێ لیباسێکی دی دەبەر کەم. یا ئەوڕۆ ئەو خۆراکەی بخۆم ڕۆژێکی دی یەکی دیکە، یا ئەوڕۆ ئەو کتێبەی بخوێنمەوە و ڕۆژێکی دی کتێبێکی دی. ئەوە نییە. ئەو ئەسڵەن پێوەندی زمانی دەگەڵ مەسائیلی جیاوازی کە ڕەبتی هەیە بە بنەمای دەستەڵاتی سیاسی ئاگای لەوەی نییە. ئەمن بە ئینسانێکی کەم سەوادی بێ فەرهەنگی دەزانم و بە باوەڕی من پێش ئەوەی قسەی ئاوا بکا، لە باتی وەی زۆرتر ئیقباڵی لاهووری بخوێنێتەوە باشترە بچێ بڕێک تیۆری مۆدێڕن بخوێنێتەوە خۆی ئاگادار بکا، بۆخۆشی باشترە. دنیای باشتر دەبینێ، دەتوانێ بە ئیستیلاح دەگەڵ خۆشی چاکتر ڕەفتارێ بکا، چونکە ئەلئانەکە خۆی دە جەعبێکی سیاسی زۆر زۆر، دیوێکی سیاسی زۆر زۆر تەنگ ناوە نێوی ناوە زمان و فەرهەنگی فارسی. ئەوە یەک قەدەم دوو قەدەم لەوێ هەڵگرێ دە دنیای واقیع دا سەری وە دیواری دەکەوێ. ئەمن جا بۆیە کەسی ئاوا نە بە جیدی دەگرم ، ئەمن نەسیحەتی دەکەم  کە بچێ کتێبی بخوێنێتەوە. ئەگەر ئەوانەی کە بەحسی وا دەکەن لە سەر زمانی دایکی کە ئایا زمانی دایکی دەبێ فێری بی یا پێی بخوێنی و ئەوانە؛ ئەوە بەحسێکی سیاسییە، ئەگەر بنەمای ئەو بەحسەی بە شێوەیەکی سیاسی دابمەزرێنن  ئەوە بەحسێکی زۆر باشە. ئەو بەحسە  نە فەقەت بۆ ئێمە باشە، ئەو بەحسە بۆ بۆچوونی وان بۆ زمانی فارسی، بۆ وان باشتریشە، یانی ئەوانیش دەتوانن بۆچوونێک و دیدێکی ئی تازەتر و باشتریان لە پێناسەی سیاسی و فەرهەنگی و زمانی خۆیان هەبێ چون زۆر خراپە ئینسان دە دنیای تەنگی خۆیدا بژی وەکوو ئاغای ماکان.

 قازی: دیارە ئەمن پرسیاری دیش دەکەم بەڵام، پێم خۆش بوو پرسیاری بینەرێکیش لێرە باس بکەم  باسی ئەوەی کردووە کە " تێڕوانینێک لە سەر مێژووی ئێران هەیە کە پێی وایە ئەم وڵاتە لە دەسپێکی میژووە وە وەک جەستەیک بەردەوامی هەبووە و...(ئەمە گێڕانەوەیەکی ئایدۆلۆژیکە لە لایەن پان ئێرانیەکانەوە)ئەم تێڕوانینە چەندە ڕاستە و چەندە ئایدۆلۆژیکە؟بە تایبەت گەر ئەم تێڕوانینە لە گەل ئەمری واقیعی میژووی ئێران لێک بدەینەوە کە وا نەبووە و ئێرانیش نەتەوە دەولەتێکی مۆدێڕنە.جا مەبەستی من بە تیۆر کردنی ئەو دوو ڕوانگەیە بووە لە دەلاقەی گێڕانەوەی مێژوو." ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟

  وەلی: ئەو بەحسە دە بەینی ناسیۆنالیستاندا زۆرە. ناسیۆنالیستان بە داخەوە بەشی زۆریان ئەوەی کە دە فەلسەفەی دا پێی دەڵێن هیستۆریسیست ن، تاریخگەران. ئەوانە ڕیشە و بنەمایەکی بۆ تاریخی خۆیان دەبیننەوە، لە دوایە تاریخی خۆیان بەر ئەساسی  تەکامولێکی فەڕزی ئەو ڕیشە و بنەمایەی شی دەکەنەوە. لە پڕۆسەیەک دا کە قەت قەتع نابێ، ئەو هەموو بەسەرهاتە لە تاریخی ئێرانێ دا بووە، ئەو پڕۆسەیە لە نەزەر وانەوە هەر وا هاتووە و دەڕوا و دەڕوا و گەیشتووەتە ئەوڕۆ و ئەلئانەکە بەو شێوەیەیە خۆی دەردەخا باشە. یەكێک لە موشکیلاتی ئەساسی تاریخگەری یا تاریخگەرایی ئەوەیە کە بەحسەکە هەمیشە مێتافیزیکی یە. هەر بەحسێکی کە لە سەر بنەما و ڕیشەیەکی فەڕزی یەکگرتوو کە دە تاریخێ دا موتەحەویل دەبێ و تاریخی بەوجوود دێنێ بەو شێوەی ئەو بەحسە  مێتا فیزیکی یە، بەحسێکە ئەساسەن  ناتوانێ دە چوارچێوەی تاریخێکی واقعی و ئێفێکتیڤ دا  تەبیین بکرێ، بەیان بکرێ. جا بۆیە ئەوەی کە ئێران لە بیدایەتی دامەزراندنێ، کە ئەساسەن مەعلووم نییە ئەو دەمی ئێرانێکی ئاوا هەبووە، سنوورەکانی چ بووە، چ نەبووە، وەزعی سیاسی چ بووە. چونکە ئەوەی کە هووییەی وڵاتێکی تەعیین دەکا دە حەقیقەت دا فەرهەنگی ئەو وڵاتەی نییە، سیاسەتی ئەو وڵاتەیە. زەمانێک بووە کە مەسەلەن ئەتۆ نەت توانیوە کە بڵێی ئێران کولییەتێکی یەکگرتوو بووە. هەر ئەو نا چینیش وا بووە، فەڕانسەش وا بووە. یەکگرتوویی وڵاتێکی دە ژێر سوڵتەیەکی واحید دا، ئەوەی پێی دەڵێن حاکمییەتی میللی ئەوە شتێکی زۆر تازەیە. ئەوە بە دەستەڵاتیش ئەو دەمی ڕانەدەگیرا، ئەلئانەکە موەریخینی نیزامی بە ئێمە دەڵێن هەتا سەدەی ١٨ لە ئوڕووپایە هیچ وڵاتێک نەبووە کە بتوانێ لە نەزەر نیزامییەوە لەشکرێکی دە هەزار نەفەری سەد کیلۆمێتران بجووڵێنێتەوە بە بێ ئیحتیاج بە هێزی محەلی. ئەگەر ئاوا بووبێ وڵاتێکی وەکوو ئێرانێ کە بە قسەی ئەوانە دوو سێ هەزار کیلۆمیتر بووە. ئەوە لە مەرکەزێ ڕا چۆن ئیدارە کراوە؟ عەینی ئەو مەسەلە لە مەوریدی زمانی فارسی وایە وەکوو زمانی نویشتاری خەڵکی  ئێرانێ. ئەمن ئەو بەحسەی دەکەم باشە ئەگەر ئەتۆ دەڵێی ئەوە زمانی نویشتاری خەڵکی ئێرانێ بووە لە بیدایەتی قەڕنی بیستوم لە ئێرانێ سەدی چەندی خەڵکی ئێرانێ سەوادی نویشتارییان هەبووە بە نەزەری من حەدی ئەکسەری سێ دەرسەد چوار دەر سەد باشە لە جەماوەرێکی نیزیکەی هەشت نۆ میلیۆن.  ئەگەر زمانی فارسی زمانی نویشتاری وانە بووە لە کوێ ئەوە میللی بووە؟ میللی بوونی لە کوێ ڕا هاتووە؟ ئەوە فەڕزییاتێکە، کە ئەدیبان ئەو فەڕزییاتەی دەکەن کە لە تیۆری سیاسەت دا ئەوە نە جێگای هەیە و نە بە مەنتیقی وەی دەخوێنێتەوە و نە بە مەنتیقی بەحسی تاریخی. شتی وا نەبووە.

 قازی: بەڵام ئەو بەڵگە و وەقفنامە و ئەو جۆرە شتانەی کە بۆ وێنە لە ناوچەی کوردستان هەیە زۆربەیان بە فارسی یە ئەوە چۆن پاساو دەدرێ؟

  وەلی: خۆ ناڵێم زمانی ئیداری نەبووە، بووە، وەلی نابێ بڵێن کە پێش وەی کە دەستەڵاتی دەوڵەتی میللی پەهلەوی پشتیوانی لە زمانی فارسی بکا، ئیمکانی نییە ئەتۆ بەحسی ئەوەی بکەی بڵێی زمانی نویشتاری میللی بووە، زمانی نویشتاری میللی نەبووە.
قازی: زۆر باشە! ئێمە دەزانین لە داوخوازەکانی سیاسی بزووتنەوەی سیاسی کوردان لە هەر بەشی کوردستانێ کە بوو بێ و لە هەر بڕگەیەکی مێژوویی دا بووبێ، دە ڕاستیدا مەسەلەی داوخوازی زمان هەمیشە لە پێشەوە بووە و ئێستاش بە ئەو گوڕ و تینەی کە ئەو داوخوازە لە ئێران بەخۆیەوە گرتووە پێتان وایە کە ئەوە دەتوانێ ببێتە پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە بەینی ئاخێوەرانی زمانی کوردی، زمانی تورکیی ئازەربایجانی، بەلووچی، عەڕەبی لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەش دا کاربکەن بۆ وەدیهێنانی ئەو داوخوازانە؟
وەلی: هاوبەشی دێمۆکڕاتیک بەڵێ! مەسەلەیەک لێرە هەیە کە کوردەکان و ئازەرییەکانیش نابێ هەڵەی فارسەکانی ئیفڕاتی تیکرار بکەنەوە یانی ئەوەی دووپاتە بکەنەوە بەو مەعنایەی کە وەختێکی ئەتۆ حەقی خۆت دەوێ ئەوە نابێ بە مەعنای تەختەئە کردن و ئینکار کردن بێ. بەحسی موستەدەلی سیاسی تێۆریک شتێکی دیکەیە.وەلی پڕۆپاگاندای سیاسی،فەرهەنگی شتێکی دیکەیە. ئەمن پێم وایە کە ئەگەر کوردەکان و ئازەرییەکان و عەڕەبەکان و بەلووچەکان بتوانن پلاتفۆڕمێکی دێمۆکڕاتیک دابنێن و لەو پلاتفۆڕمەی دا جەماعەتێکی پسپۆڕ لە هەر بەشەی دا بەشدار بێ ئەوانە بتوانن لە دیالۆگێکی باش دەگەڵ ئینتێلێجێنسیای فەرهەنگی شتێکی هاوبەش بەوجوود بێنن، وەختێک ئەوەیان بەوجوود هێنا بتوانن دەگەڵ ئەو کەسانەی کە دە بنەمای دەستەڵاتی ئێرانێ دا ئەوەی ئینکار دەکەن و پۆزیسیۆنی زۆر ئیفڕاتییان هەیە، دەگەڵ وانە دەتوانن بەحس و دیالۆگیان هەبێ، دەتوانن بنووسن. ئەمن پێم وایە هەم ئازەرییەکان، هەم کوردەکان، هەم عەڕەبەکان و بەلووچەکان دەبێ بزانن کە دێرە دا ئیحتیاجیان بە هاوکاری ئینتێلێجێنسیای دێمۆکڕاتیکی فارس هەیە، ئەوان دەبێ بێنە ژوورێ، ئەوان قسەکانیان موهیمە جێگای خۆی دەگرێ دەتوانێ قسەکان و بەحسەکانی ئێمە دەوڵەمەند بکا. ئی ئێمەش دەتوانێ دە موقابیل دا قسەی ئەوان دەوڵەمەند بکا. دیواری ئێتنیکی کێشان دەو بەینەی دا بە باوەڕی من زۆر خراپە. نە دیوارێکی وا هەیە، کە دیارە ئەوە دیوارێکی سیاسییە دەیکێشن نێوی ئێتنیکی لە سەر دادەنێن. لێرە دا دەبێ مەیدانێک بکرێتەوە. مەیدانەکە دیوارەکەی دەبێ زۆر فلێکسبڵ  و نەرم بێ کە جەماعەتێکی کە دەیانەوێ بێن دێرەوە  و قسەکانی خۆیان دەچوارچێوەی ئەو فەرهەنگە دێمۆکڕاتیکەی دا بکەن. ئێستا وەختی ئەوەی هاتووە کە بەحسێکی ئاوا ببێتە بەحسێک بۆ  پڵاتفۆڕمێکی هاوباش. زۆر زۆر گرینگە بە شەرتێکی کە بە دەوری وەی دا دیوارێکی بڵیندی ئێتنیکی نەکێشرێ.

 قازی: بەڕێز وەلی، ئێمە دەزانین کە بەو زووانە یانی لە ٣٠ی مانگی مارس هەڵبژاردنی ناوچەیی دەبێ لە تورکییە و بە تایبەتی لە ناوچەی کوردستانیش ، لە مەڵبەندی کوردستان بەحسی خۆسەری دێمۆکڕاتیک هاتووەتە مەیدانێ و تا ڕادەیەکیش ئەگەر بە نیسبەت ساڵی ١٩٩١ بەملایەوە تەماشا بکەین بۆچوونی ڕەسمی بە نیسبەت زمانی کوردی  هێندێک ئاڵوگۆڕی بەسەر داهاتووە بەڵام هیچ زەمینەی قانوونی بۆ زمانی کوردی نەهاتووەتە مەیدانێ. یانی لەگەڵ ئەوەشدا کە تێلێڤیزۆنێکی ٢٤ سەعاتە هەیە بەڵام هیچ ڕەسمییەتی قانوونی نییە. پێت وا هەیە لە پێوەندی لە گەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا کوردان بۆ خۆیان لە چوارچێوەی خۆسەریی دێمۆکڕاتیک دا چۆن دەتوانن مەسەلەی زمانی کوردی بەرەو پێشەوە بەرن لە باکووری کوردستان دا؟

 وەلی: بەحسی زمانی کوردی لە چەند مەیدانی جیاواز دا مەتڕەحە لە تورکییەی. بەحسی قانوونی بنەڕەتی، ئی کانستیتوشن ی تورکییەیە، کە دەوێدا ئەو بەحسە دەبێ بە شێوەیەکی قانوونی بگونجێندرێ، کە زمانی کوردی زمانێکی قەبووڵکراوە و هەم سەنگ و هەم تەرازی زمانی تورکی یە. مونتەها لێرە دا دەڵێم چون زمانی تورکی لە نەزەر تاریخییەوە زمانی ئیداری ئێرە بووە و لەو بارەیەوە کوردان نایانەوێ ئەو وەزعەی تێک بدەن، زمانی تورکی وەکوو زمانی ئیداری دەمێنێتەوە، وەکوو زمانی ئامووزشی دەمێنێتەوە وەلی کوردیش وەک زمانی ئامووزشی دەبێ قەبووڵ بکرێ و ئەوەی کە تەواوی ئەو حقووقە سیاسی و فەرهەنگیانەی کە بە زمانی تورکی دەدرێ دەبێ  بە زمانی کوردیش بدرێ وەلی دە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکییەی دا کوردەکان ئەوەی بە سووڕەتی داوتەڵەبانە قەبووڵ دەکەن کە زمانی تورکی لە نەزەری تاریخی ڕا ئەو وەزعەی هەبووە، جا ئەوەی بۆچی ئەمن لێرە تەئکید لە سەر مەسەلەی تاریخی دەکەم لە بەر ئەوەیە نابێ بەحسێک بکرێ کە ئەو زمانە روجحان و بەرتەری لەزمانەکەی دیکە هەبووە.ئەوە شتێکی غەڵەتە موشکیلی ئەساسی دێنێتە پێشێ و یەکێکیش ئەوەیە بە باوەڕی من کوردەکان هەڵەیەکیان کردووە، حەتا من ئەو بەحسەم لەوێش کردووە، ئەوە دە دەستووری بەدەپەش دا هەیە. ئەوان  دە شەڕاییتی فێعلی دا مەسەلەی زمانی ڕەسمییان قەبووڵ کردووە. یانی قەبووڵیان کردووە دە قانوونی ئەساسی تورکییەی دا کە قەرار بوو لە سەر ڕا دابندرێتەوە.

 قازی: یانی قانوونێکی تازە؟

  وەلی: بەڵێ قانوونی تازە.قانونی ئەساسی تازە  دە وێدا بڵێن زمانی تورکی زمانی ڕەسمیی تورکییەیە،.ئەمن دەگەڵ ئەوەی موخالیفم. لەو بابەتەیەوە کە مەسەلەی زمانی ڕەسمی بەو مەعنایەیە کە ئەوە زمانی دەستەڵاتە. ئەوە موشکیلاتێکی زۆر هەم بۆ کوردان...
قازی: لە زۆر وڵاتی جیهان زمانی ڕسمی نییە بۆ وێنە لە قانوونی ئەساسی ئەمریکا دا، لە سوێد نییە.
وەلی:لە ئینگلیستانیش نییە. بە باوەڕی من ئەوە بگوترێ هەر ئەو جۆرەی کە لە ئینگلیستان هەیە، لە فەڕانسە بە تەرتیبێکی دیکە، لە ئەڵمان. ئەوە تەکامولی ئەو زمانانە لە نەزەر تاریخی یەوە ئاوا بووە ؛ پێوەندییان لەگەڵ ئیدارە و دەستەڵاتی جۆرێک بووە ئەلئان تێکدانی وەی موشکیلەی گەورە دێنێتە پێشی وەلی دە عەینی حاڵ دا دەبێ تەواوی ئەو حقووق و ئیمتیازاتەی کە بەو زمانەی دراوە بە زمانەکانی دیش بدرێ و لەفزی ڕەسمی وەکوو مەزهەبی ڕەسمی، وەکوو زمانی ڕەسمی ئەوە یانی ئێمە باسی ئەو عەناسور و ئێلێمێنتەکان و ئەجزای هووییەی دەستەڵاتی دەکەین.ئەوە لە نەزەر تیۆریکەوە موشکیلەی دێنێتە پێشێ ، ئەمن ئەو بەحسەم لەگەڵ جەماعەتێکی بەدەپەی لەوێ کرد ئەوان دیارە قەبووڵیان نەکرد. وەلی ئەمن فکر دەکەم کە ئەگەر بێتوو و قانوونی بنەڕەتی دابندرێتەوە حەتا زمانی کوردیش قەبووڵ بکرێ دەوێدا، وەلی بڵێن زمانی تورکی زمانی ڕەسمی وڵاتەکەیە دیسان موشکیلەکە بەشێکی زۆری حەل دەبێ وەلی ئیمکانات بۆ موشکیلاتی کە پاشان بێتە پێشێ دیسان هەر دەمێنێتەوە.

 قازی: ئاخر پرسیار! ڕەنگە پرسیاری دیکەشی بەدوو دا بێ، بەڵام وەختمان کەم ماوە، ئەویش پێوەندی هەیە بە شێوەزارە کوردییەکانەوە بۆ وێنە ئێستا لە باکووری کوردستان شێوەزاری کورمانجی هەیە کە زۆربە قسەی پێ دەکەن، شێوەزاری دملکی هەیە کە لە نووسینیش دا بەرەو پێش دەبردرێ و ئاخێوەرانی هەر دووک لا و نووسەرانی هەر دووک لا یەکتری تەحەمول دەکەن و حورمەتی دوولایەنەیان هەیە .دیارە لە باشووری کوردستان ئەو بابەتە موناقەشەیەکی زۆری لە سەر ساز بووە کە لەوێش وەک دەزانین شێوەزارێک بە سەرشێوەزارێکی دیکە دا بە ڕەسمی دانەسەپاوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو باسە جارێ ئاکتوێل نەبووە. ئێوە ئەو مەسەلەی بەیەکەوە چارانی شێوەزارەکان چۆن دەبینن؟ پێتان وایە شێوەزارێک دەبێ بکرێتە ڕەسمی، پڕاتیک شتێکی دیکەیە بەڵام لە ڕەسمییەت دا!

 وەلی: نا! بە باوەڕی من وەختێکی دوو شێوەزار بەو شێوەیەی هەیە، دو شێوەی وتووێژ کردن و نووسین هەیە. دە چوار چێوەی سیاسەتێکی دێمۆکڕاتیک دە وەزعی فێعلی دا لازم نییە یەکیان بە سەر ئەویدیکە دا بسەپێنی. بنەمای تیۆریکی قسەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ و دەڵێن سۆرانی دەبێ ببێتە زمانی سەرەکی بنەمای وەی دەگەڕێتەوە سەر بۆچوونێکی ڕیپابلیکەن بۆ دەوڵەتی میللی وەکوو لە فەڕانسە و تورکییە و ئەو جۆرە جێیانە بووە. ئەو بۆچوونە ئی زەمانێکی تایبەتی بوو. ئەو بۆچوونە ئەلئان بنەمای نەماوە. ئێمە ئەمریکامان لە بەرچاوە، ئینگلیسمان لە بەرچاوە. لەوێدا ئەو جۆرە مەسائیلە بە سەپاندن نەبووە، پاشان موشکیلەکە لە بەین ناچێ. بە باوەڕی من ئەوە نەزەرێکی کۆنە، نەزەرێکی پاشکەتووە و مۆدێلی وەی مۆدێلێکی دەوڵەتی میللی یە کە هەم لە فەڕانسەی و هەم بە تەقلیدی وی لە تورکییەی موشکیلاتی گەورەی هێناوەتە پێشێ  وە هیچ لازم نییە بە باوەڕی من ئەو مۆدێلەی بێنین لە جێگایەکی دیکە پیادە بکەین. ئەگەر ئەوان باسی ئەوەی دەکەن و دەڵێن زاراوەی سۆرانی پێشکەوتووە نەت دەتوانی ئەو بەحسەی لە ئەواخری قەڕنی نۆزدە کردبایە وا نەبووە! وەختێکی کە ئەستەنبووڵ مەرکەزی فەعالییەتی فەرهەنگی و سیاسی کوردی بووە، هەولێر و سڵیمانی هیچ نەبوون

 قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز پرۆفێسۆر وەلی بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
 وەلی: زۆر سپاس، و سپاسم بۆ بینەرانتان
 قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی : ڕاوێژ" یش. تا ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

  تێبینی: ئەمە دەقی نووسراوەی هاوپرسەکییەکی تێلێڤیزیۆنی یە لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کە ڕۆژی هەینی ٢٨ی فێڤرییەی ٢٠١٤ ئاستە کراوە و ئێوارەی یەکشەمە ١٦ی مارسی ٢٠١٤ لەبەرنامەی "ڕاوێژ"ی تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ستێرک دا بڵاو کراوەتەوە

   سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە

  Friday, March 21, 2014