وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ به‌ندی 13. وێنه وه‌کوو به‌ڵگه
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901- 1914
نووسینی: جان.چالێنکۆ
وه‌رگێڕ : حه‌سه‌نی قازی
به‌ندی 13. وێنه وه‌کوو به‌ڵگه
ژووییه - ئووتی 1914
زۆر له‌و وێنانه‌ی ئیاس هه‌ڵی گرتوون پۆرتره‌ی تاکه که‌سی و به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵکن له موحیتی ژیانی ڕۆژانه‌یاندا. چه‌ندێک له‌و وێنانه سه‌باره‌ت به ڕووداو یان چاوپێکه‌وتنی ئه‌وتۆن که ئه‌و بۆ خۆی به‌شداری تێیاندا کردووه.له 1ی ئووتی 1914 ئیاس چوو بۆ شنۆیه ، که له‌وێ کۆمیسیۆنی دیاریکردن و نیشانه‌کردنی سنوور که‌مپی هه‌ڵدابوو. وێنه‌یه‌ک 6 ئورووپاییان نیشان ده‌دا که له پێش هێندێک چادران ڕاوه‌ستاون و له به‌ر وێنه‌کێش پۆزیان داوه.له نێوه‌ڕاست وێنه‌که و نیوه هه‌نگاوێک له پێشه‌وه سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕووسی ، ڤلادیمیر مینۆرسکی ، به لای ده‌ستی چه‌پییه‌وه خانمه‌که‌ی ، وبه شانی راستییه‌وه ، ئیاس به جلوبه‌رگی "که‌شخه‌ی" نیزامییه‌وه ده‌بیندرین. چه‌ند هه‌نگاوێک ئه‌ولاتر له‌و سێ که‌سه‌وه ، به ته‌نیشت خانمی مینۆرسکییه‌وه، ئه‌فسه‌رێکی ڕووسی ده‌بیندرێ که هێندێک به‌ڵگه‌ی له‌بن هه‌نگڵی ناوه، و به ته‌نیشت ئیاسه‌وه دوو پیاوی ئینگلیسی ڕاوه‌ستاون که جارێ وه‌کوو کاپیتان ئه‌ی.تی.ویلسۆن و لیوتانت کۆلۆنێل ئار.ئی.رایدار داده‌ندرێن که سه‌ربه هه‌یئه‌تی بریتانیایی بوون له کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور دا. مینۆرسکی دواتر ئاوا باسی ئه‌و ڕووداوه ده‌کا: "له 19 ی ژووییه [ 1ی ئووت ] ئالێکساندر ئیاس هات بۆ دیده‌نی ئێمه له شنۆ و دهنگوباسی هه‌ڵئایسانی شه‌ڕی ئوتریش و سڕبیای پێڕاگه‌یاندین. ئێمه هه‌ستمان کرد ده‌بێ چاوه‌ڕێی ڕووداوی به‌مه‌ترسیتر بکرێ؛ سێبه‌ری مه‌رگ به سه‌ر یه‌کێکمانه‌وه ده‌گه‌ڕا".
ئاڵمان به دژی ڕووسییه شه‌ڕی ڕاگه‌یاندبوو. ڕۆژێک دواتر ترکییه هاوپه‌یمانییه‌کی نهێنی
له گه‌ڵ ئاڵمان مۆر کرد و ده‌ستی کرد به کۆکردنه‌وه و وه‌گه‌ڕخستنی سه‌ربازه‌کانی. له
هه‌مان کاتدا ، له شنۆ، هه‌یئه‌تی بریتانیایی کۆمیسیۆنی سنوور له لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی ڕووسی سهربازخانهکهوه بۆ نانی نێوه‌ڕۆ که له‌ده‌ره‌وه ساز درابوو، میواندارییان لێ ده‌کرا.
ئیاس نێگاتیڤی ئه‌و وێنانه‌ی ئه‌و ڕۆژه هه‌ڵیگرتبوون له زه‌رفێک [پاکه‌ت]ناوه و له سه‌ری نووسیوه " مینورسکی و دیمه‌نه‌کانی شنۆ ، 18- 19ی ژووییه‌ی 1914 " [ 31ی ژووییه - 1ی ئووتی 1914 ] . ئه‌من دوو وێنه‌ی دیکه‌شم دۆزییه‌وه که مینۆرسکی نیشان ده‌ده‌ن له بۆنه‌ی ڕه‌سمی له نێو ڕووسان و ئێرانییاندا . له وێنه‌ی یه‌که‌میاندا، مینۆرسکی له گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی پچووک له کاربه‌ده‌ستان له ته‌نێشت کانییه‌ک ڕاوه‌ستاون، له‌و جۆره کانیانه‌ی که له‌و وڵاتانه‌ی بوولهرزهیان لێدێ ده‌بیندرێن، له وێنه‌ی دووه‌میان دا مێنۆرسکی له نێوه‌ڕاست ده‌سته‌یه‌کی هاوشوبار دا ڕاوه‌ستاوه که په‌رداخی نۆش کردنیان به ده‌سته‌وه‌یه.ئه‌و وێنه‌یه‌ی دواییان به وردییه‌کی زۆره‌وه هه‌ڵگیراوه په‌نجه‌ره‌که‌ی پشته‌وه‌ی ئه‌وجێیه‌ی وێنه‌که‌ی لێ هاوێژراوه به په‌رده‌یه‌کی سپی داپۆشراوه بۆ ئه‌وه‌ی تیشکی ڕووناکیی که ده‌که‌وێته سه‌ر لێنسی دووربینه‌که که‌متر بێته‌وه.ئه‌و کاربه‌ده‌سته پایه به‌رزه ئێرانییه‌ی که به دانێشتنهوه په‌رداخی نۆش بێی هه‌ڵهێناوه جارێ وه‌کوو کۆمیسیۆنێری دیاریکردن و نیشانه‌کردنی سنوور ، ئیتیلاعولمولک داده‌ندرێ.
ته‌نێ چه‌ند پۆرتره‌ی دیکه‌ی به‌کۆمه‌ڵی فه‌رمی ئاوا ، له کۆلێکسیۆنهکهی ئیاس دا ماونه‌ته‌وه، وه‌کوو یه‌کی دیپڵۆماته ڕووسه‌کان، ئه‌گه‌رچی پۆرتره‌ی ئاسایی ژیانی لادێی ئێران بابه‌تی ئه‌وتۆن که نێوئاخنی زۆر له وێنه‌کانن. ئیاس هه‌روه‌ها کارتی پۆستی دێمه‌نی ژیانی لادێی کۆ ده‌کرده‌وه که له لایه‌ن وێنه‌گری هاوچه‌رخییه‌وه واته ئانتوان سێڤروگوین ڕا گیراون که ئه‌و سه‌روبه‌ندی له تاران ده‌ژیا، و لێخوردبوونهوهیان، بۆچوونی جیاوازی ئه‌وان به جوانی ده‌رده‌خا. سێڤروگوین ( 1930 – 1870 ) له تارانه‌وه کاری ده‌کرد ، وێنه‌ی زۆر جوانی له نێو ستودیۆ به‌رهه‌مهێندراوی ئاماده ده‌کرد ، که تێیاندا سووژهکانی زۆر به وردی ده‌ڕازێندرانه‌وه و پیشان ده‌دران، به جلوبه‌رگی بریقه‌داره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام بدرێ به بینه‌ری ڕۆژئاوایی که ڕۆژهه‌ڵات و خه‌ڵکه‌که‌ی چۆن دێنه به‌رچاو. [به‌ڵام] بۆچوونی ئیاس زۆر زیاتر له ته‌ک تێگه‌یشتنی ئه‌م ڕۆژگاره له‌مه‌ڕ وێنه‌ی به‌ڵگه‌یی جۆر دهردێتهوهکه تێیدا وێنه‌کێش ئه وپابهتهی وێنای ده‌کا نای ڕازێنێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕێی تێناچێ ئیاس خۆی له گه‌ڵ سێڤروگوین به‌راوه‌رد کردبێ.سێڤروگوین هونه‌رمه‌ندێکی وێنه‌هه‌ڵگری حیرفه‌یی [پرۆفێشنال] بوو له کاتێکدا ئیاس، که قه‌ت باسی وێنه‌ی خۆی ناکا، ده‌بێ زیاتر خۆی به وێنه‌گرێکی ئاسایی [ ئاماتۆر ] دانابێ که به مه‌به‌ستی که‌لک لێوه‌رگرتنی شه‌خسی و له بیر بوونی ئه‌و که‌سانه‌ی چاوی پێیان که‌وتووه یان ئه‌و ڕووداوانه‌ی به‌شداری تێدا کردوون ، وێنه‌ی هه‌ڵ گرتووه.کاتێک هاونیشتمانێکی فه‌نلاندی ، ئیڤار لاسی ، داوای له ئیاس کرد بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی سه‌باره‌ت به فه‌رهه‌نگی گه‌لی له‌ئێران بۆ بنێرێ بۆ ئه‌وه‌ی چاپکراوه‌کانی خۆی پێ بڕازێنێته‌وه، ئیاس زیاتر ئه‌و وێنانه‌ی بۆ نارد که له کۆلێکسیۆنی وێنه‌کانی سێڤروگوین دا بوون واته - " وێنه‌ی ته‌واو " – نه‌ک له‌و وێنانه‌ی که بۆخۆی کێشابوونی، که ئه‌مڕۆ ، ده‌بێ زۆر به ڕه‌سه‌نتر دابندرێن ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌کانی ئه‌و دوانه به‌یه‌که‌وه به‌راوه‌رد بکرێن
No comments:
Post a Comment