Sunday, April 15, 2007

زمان و خه‌تی کوردی، هاوپرسه‌کی له‌ گه‌ڵ دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور



زمان و خه‌ت
هاوپرسه‌کی له‌ گه‌ڵ دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور

خوێنه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێز ! ئه‌م هاوپرسه‌کییه‌ له‌ هاوینی ساڵی 2004 دا له‌ گه‌ڵ مامۆستا دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له‌ مه‌ڕ هێندێک لایه‌نی گرینگی زمانی کوردی ئاسته‌ کراوه‌ و له‌ 11 و 13ی مانگی ژووییه‌ له‌ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ئه‌و ده‌قه‌ له‌ کاسێتی تێلێڤیزیۆنه‌وه‌ دابه‌زێندراوه‌ و به‌ ئاگاداری به‌ڕێزیان له‌ سه‌روێبنووسی ڕوانگه داندراوه‌.

بینه‌رانی خۆشه‌ویست ئه‌م کاته‌تان باش ! له‌ به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌ی ڕوانگه‌ دا به‌یه‌که‌وه‌ین. له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌مجاره‌ دا مێوانێکی زۆر خۆشه‌ویستمان هه‌یه‌ ڕێزدار دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، مامۆستای زانکۆی تۆرانتۆ – دیپارتمانی شارستانییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک و نێوه‌ڕاست له‌ کانادا. دیاره‌ ڕێزدار ئه‌میری حه‌سه‌نپوور بۆ زۆرێک له‌ ئێوه‌ که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوه‌ و به‌ ساڵانی دوور و درێژ له‌ بواری ڕووناکبیریی کوردی دا کاری کردووه‌.
زۆر به‌ خێر بێی مامۆستا !

حه‌سه‌نپوور : زۆر سپاست ده‌که‌م.

قازی : وه‌کوو تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ، زۆری پێخۆشحاڵین ئێوه‌ بانگهێشتنی ئێمه‌تان قه‌بووڵ کرد. وه‌ک ده‌زانین له‌ ساڵی 1992 دا تێزی دوکتورایه‌که‌تان وه‌ک کتێب ده‌رکه‌وت : " ناسیۆنالیزم و زمان له‌ کوردستان ، ساڵی 1918 – 1985 " . ئه‌گه‌ر ده‌کرێ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ کورته‌یه‌ک ئاگاداری بده‌ن به‌ بینه‌ران له‌ سه‌ر ئه‌و کتێبه‌. چونکوو به‌ زمانی ئینگلیسی نووسیوتانه‌ ، ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ هێندێک به‌ندیشی وه‌رگێڕدرابێته‌ سه‌ر زمانی کوردی. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ به‌ گشتی نێوه‌رۆکی کتێبه‌که‌ بناسێنن ؟!

حه‌سه‌نپوور: نێوه‌رۆکی کتێبه‌که‌ زۆرتر باسی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌هجه‌ی سوله‌یمانی چۆن وه‌ک زمانی ستانداردی کوردی په‌ره‌ی گرت و چۆن له‌ پاڵ کرمانجی دا ئه‌ویش وه‌ک له‌هجه‌یه‌کی ستانداردیی کوردی [هاته‌ ئاراوه‌ ] ، و ئه‌وانه‌ پێوه‌ندییان چۆن بووه‌؟ ،به‌ڵام، لێکۆڵینه‌وه‌که‌ زۆرتر باسی ئه‌وه‌ی بوو که‌ له‌ ساڵی 1918وه‌، که‌ ده‌وڵه‌تی عیراق په‌یدا بوو و زمانی کوردی له‌ وێدا ده‌کارهێندرا له‌ په‌روه‌رده‌ و ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی، ئه‌و له‌هجه‌ی سوله‌یمانی، چۆن وه‌ک له‌هجه‌یه‌کی ستانداریی زمانی کوردی په‌ره‌ی ئه‌ستاند؟ زۆربه‌ی کتێبه‌که‌ باسی تۆمارکردن و لێکدانه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر له‌هجه‌ی ستانداردی سوله‌یمانییه‌، سۆرانی ستاندارد.

قازی: باشه‌، وه‌ختێک ده‌فه‌رمووی ستاندارد. یانی به‌ بۆچوونی ئێوه‌ ده‌کرێ ئێمه‌ بڵێین زمانی کوردی ستاندارد بووه‌ ؟ مه‌به‌ستم له‌ ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه‌یه‌ ! ؟

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ ده‌کرێ ! زمانی کوردی، وه‌ک زمانی هه‌رمه‌نی، وه‌ک زمانی ئاڵبانی، وه‌ک زمانی نۆروێژی زمانێکی جووت ستاندارده‌. ئه‌من له‌و کتێبه‌ دا ئه‌و وشه‌یه‌م ده‌کار هێنا. کوردی زمانێکی جووت ستاندارده‌.دیاره‌ له‌هجه‌ی تریشی هه‌یه‌. دوو کۆمه‌ڵه‌ له‌هجه‌ی تریشی هه‌یه‌، به‌ڵام. لازم نییه‌ زمانێک یه‌ک ستانداردی هه‌بێ، باری ژیانی به‌عزه‌ زمانێک وایه‌؛ هه‌ر وه‌ک کوتم ئاڵبانی، هه‌رمه‌نی و نۆروێژی دوو ستانداردیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا موشکیلێک نییه‌.

قازی: ئێستا وه‌ک له‌م مۆنیتۆره‌ دا ده‌بینین، نزیکه‌ی 12 ساڵ له‌مه‌وپێش، ده‌ ڕاستیدا چه‌ند مانگێک پێش له‌وه‌ی که‌ کتێبه‌که‌تان بڵاوبێته‌وه‌، ته‌شریفتان له‌ سوێد بوو ، له‌وێ له‌و سێمیناره‌ی دا که‌ ئێستا هێندێک له‌ وێنه‌کانی ده‌بینین، باسی ئه‌و کتێبه‌ کرا، ناساندنی ئه‌و کتێبه‌ به‌ هێندێک له‌ کورده‌کان که‌ له‌و سێمیناره‌ دا به‌شدارییان کردبوو. پێتان واهه‌یه‌ له‌وقسانه‌ی له‌و سێمیناره‌ دا سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی کردتان – ئه‌گه‌ر له‌ بیرتان مابێ- تاکوو ئێستا چ ئاڵووگۆڕێکی وا له‌زمانی کوردیدا، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری نووسین و ڕێک پێدان و که‌ڵه‌که‌به‌ندی کردنی زمانی کوردی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ؟

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ! ئه‌وه‌ زۆر بۆچوونێکی باشه‌ ! له‌و پرسیاره‌ت دا بۆچوونێک هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و 10-12 ساڵه‌ دا گۆڕانێکی زۆر به‌ سه‌ر زمانی کوردی دا هاتووه‌. ڕاستییه‌که‌شی هه‌ر وایه‌. باری سیاسی کوردستان گۆڕاوه‌. ئێستا له‌ ترکییه‌ زمانی کوردی زیاتر له‌ جاران ده‌کار ده‌هێندرێ؛ ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی ترکییه‌ که‌ تا ئه‌وڕۆش خه‌ریکی کوشتنی زمانی کوردی بووه‌، خۆی ده‌ستی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ زمانی کوردی ده‌کاربێنێ له‌ ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا.له‌ کوردستانی عێراق له‌ ساڵی 1991وه‌ چاپه‌مه‌نی کوردی یه‌کجار زۆر بووه‌. ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی کوردیش یه‌کجار زۆر بووه‌. ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی تازه‌تر په‌یدا بوون.
له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش هه‌ر وه‌ها، ئێستا 3 کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ساتێڵایت هه‌یه‌، 3 کاناڵی سه‌ره‌کی. ئینترنێت ده‌ورێکی زۆر گرینگ ده‌گێڕێ له‌ گۆڕانی زمانی کوردی دا. که‌ وابوو، ده‌کرێ بڵێین له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ باست کرد ، به‌ ڕاستی پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی تازه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ شه‌رتومه‌رجی مێژوویی 10-12 ساڵی ڕابردوو دا زمانی کوردی چی به‌ سه‌ر هاتووه‌ ؟

قازی : باشه‌، به‌ڵام یه‌ک مه‌سه‌له‌ هه‌ر له‌ جێگای خۆی ماوه‌ته‌وه‌؛ ئه‌ویش، هه‌بوونی دوو خه‌ته‌ - پێشتر دیاره‌ سێ خه‌ت بووه‌ - بۆ نووسینی کوردی. دیاره‌ وه‌ک ئێوه‌ ئاگادارن له‌و زه‌مینه‌یه‌ دا بۆچوونی جۆر به‌ جۆر هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. به‌ڵام، ئه‌و بۆچوونانه‌ش هیچیان بۆچوونی ئاوا ورد و قووڵ نین که‌ بکرێ وه‌کوو به‌دیلێک، وه‌کوو ئالترناتیڤێک یان وه‌کوو ڕیگا چاره‌یه‌ک چاو لێبکرێن. بۆ نموونه‌؛ یه‌ک ده‌ڵێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ زمانی کوردی له‌ بنه‌ماڵه‌ی زمانه‌ هیندوئوڕووپاییه‌کانه‌، باشتر وایه‌ خه‌تی ڕۆمی یان لاتینی بۆ نووسینی ده‌کار بهێندرێ، یان ئه‌ویدی پێی وایه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی وه‌کوو ئێران ، عێراق و سوورییه‌ خه‌تی ڕه‌سمی خه‌تی عه‌ڕه‌بییه‌- دیاره‌ ئه‌وه‌ی کوردی پێ ده‌نووسرێ هێندێک ئاڵوگۆڕی تێدا کراوه‌- ده‌بێ ئه‌و خه‌ته‌ بپارێزدرێ.
به‌ بۆچوونی ئێوه‌ بوونی دوو خه‌ت نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ نووسینی شێوازه‌کانی کوردی زیاتر له‌ یه‌کتری دوور بکه‌ونه‌وه‌ ؟

حه‌سه‌نپوور : نا ! شێوازه‌کانی کوردی له‌ یه‌ک دوور ناکه‌ونه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ دوو ئه‌لفووبێ ده‌نووسرێن، چونکه‌ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ زمان له‌ ئه‌لفووبێ پێک نه‌هاتووه‌، له‌ ده‌نگ پێک هاتووه‌. ئه‌لفووبێ ئامرازێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زمانی قسه‌ کردن تۆمار بکه‌ین. ئێستا ئێمه‌ له‌ تێلێڤیزیۆنا قسان ده‌که‌ین ، به‌ ئامرازێکی تر ، به‌ تێکنۆلۆژییه‌کی تر زمان تۆمار ده‌کرێ. به‌ڵام، پێش په‌یدا بوونی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن ، ته‌نیا شێوه‌یه‌کی که‌ زمان تۆمار ده‌کرا نووسین بوو. نووسین ئێستاش یه‌کجار گرینگه‌. به‌ڵام، زمانی کوردی ئه‌وه‌یه‌ که‌ قسه‌ی پێ ده‌که‌ین. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ینووسین ،دیاره‌ ئه‌ویش هه‌ر زمانی کوردییه‌، به‌شێکی زۆر گرینگه‌. ڕۆشنبیری کورد نزیکه‌ی 5 سه‌ده‌یه‌ خه‌بات ده‌کا بۆ وه‌ی که‌ زمانی کوردی وه‌ک زمانی فارسی و عه‌ڕه‌بی زۆر شتی پێ بنووسرێ و شتی باشی پێ بنووسرێ: ئه‌ده‌بییات ، عیلم، هونه‌ر، فه‌لسه‌فه‌ ، بۆ نووسینی ئه‌وانه‌ ده‌کار بهێندرێ.
مه‌به‌ستم له‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێم زمان له‌ ده‌نگ پێک هاتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زمانی کوردی ده‌کرێ به‌ ته‌واوی ئه‌و ئه‌لفووبێیانه‌ی که‌ ئێستا له‌ دنیایێ دا هه‌یه‌ بنووسرێ بێ ئه‌وه‌ی هیچ بگۆڕدرێ. به‌ ئه‌لفووبێ زمان ناگۆڕدرێ. زمانی کوردی یه‌کێک له‌ کۆمه‌ڵه‌ زمانه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی ده‌کرێ بڵێین ماڵباتی زمانه‌ هیندوئوڕووپاییه‌کانه‌؛ یانی ئه‌و زمانانه‌ی که‌ له‌ هیندووستانه‌وه‌ تا ئوڕووپا قسه‌یان پێده‌کرێ. به‌ڵام، هه‌ر وه‌ک کوتم ئه‌و زمانه‌ هیچ پێویست نییه‌ به‌ ئه‌لفووبێی لاتین بنووسرێ.چونکه‌ ئه‌لفووبێی لاتین خۆی هیچ پێوه‌ندی نییه‌ به‌و کۆمه‌ڵه‌ زمانانه‌وه‌.

قازی: وه‌ک چۆن ترکی به‌ ئه‌لفووبێ لاتین ده‌نووسرێ، به‌ڵام، هیچ پێوه‌ندی نییه‌ به‌ لاتینه‌وه‌.

حه‌سه‌نپوور:زۆر زمانی تر هه‌ن به‌ ئه‌لفووبێی لاتین ده‌نووسرێن . ئه‌وه‌ی که‌ ترکی یان هێنا به‌ ئه‌لفووبێی لاتین نووسییان هیچ ده‌ورێکی وای نه‌گێڕا که‌ زمانی ترکی زۆرتر به‌ره‌وپێش به‌رێ.

قازی: باشه‌ ! لێره‌ دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر پرسیاره‌که‌م. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ شێوازه‌کانی کوردی قسه‌ ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ ئه‌و زمانه‌ له‌ نووسینیش دا ده‌کار بکه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوییه‌ دامه‌زرێنن پێویستی به‌وه‌ ده‌کا هه‌ر دووکی ئه‌و خه‌تتانه‌ بزانن ! که‌ ئه‌وه‌ش ؛ ده‌بینین له‌ باری پراتیکه‌وه‌، له‌ باری کردارییه‌وه‌ هێندێک زه‌حمه‌ته‌. مه‌به‌ستی من له‌وه‌ بوو. ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌توانێ له‌ شێوازی نووسین دا دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ک پێک بهێنێ .

حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه‌ وایه‌. دیاره‌، هۆی ئه‌وه‌ی که‌ زمانی کوردی به‌ دوو ئه‌لفووبێ ده‌نووسرێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی کورد دابه‌ش کراوه‌. له‌ ترکییه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی قانوونی که‌س ڕێگه‌ی نه‌بووه‌ به‌ ئه‌لفووبێیه‌کی غه‌یری لاتین بتوانێ بنووسێ. ئه‌وه‌ دژی یاسا و قانوونی ترکییه‌ی بووه‌ که‌ که‌سێک بێ ترکی به‌ خه‌تی عه‌ڕه‌بی بنووسێ، له‌ حاڵێکا، له‌ پێشدا به‌ خه‌تی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسرا. له‌ عێراق و ئێرانیش هه‌ر وه‌ها. قانوونی ئێران و عێراق رێی نه‌ده‌دا [نادا ] که‌ کوردی، فارسی یا عه‌ڕه‌بی به‌ خه‌تێکی تر بنووسرێ. به‌ڵام، پێم وایه‌ تا کاتێکیش که‌ کورد خۆی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێ؛ ده‌سه‌ڵاتێکی یه‌کگرتوو ،ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێ.

قازی: باشه‌، له‌ نه‌بوونی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ دا ده‌کرێ پلانێک دابندرێ ؟ بۆ وێنه‌ ده‌کرێ کۆمه‌ڵانی خوێنده‌واری کورد ته‌شویق بکرێن هه‌ر دوو خه‌ته‌کان فێر بن ؟ ده‌زانین که‌ ده‌سته‌ڵاتی هاوبه‌ش نییه‌ ،ده‌سته‌ڵاتی سیاسی هاوبه‌ش نییه‌، فه‌رهه‌نگی سیاسی جیاواز هه‌یه‌، یان هێندێک ڕاسته‌قینه‌ی که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی کورده‌کان بۆخۆیان له‌ ئارا دان. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هۆکارانه‌ پێش گرتن به‌و له‌ یه‌ک دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ شێوازی نووسین دا چۆن ده‌کرێ ؟

حه‌سه‌نپوور: پێش گرتنی ئه‌وه‌یه‌ که‌ فێربوونی ئه‌و دووئه‌لفووبێیانه‌ زۆر زه‌حمه‌ت نییه‌. من و تۆ له‌ وڵاتی ئێران گه‌وره‌ بووین ، له‌وێ نووسینی کوردی قه‌ده‌غه‌ بوو. نووسین به‌ کوردی جورمێک [جه‌ریمه‌یه‌ک ] بوو له‌ ده‌وڵه‌تی شاهه‌نشاهی. ئه‌و زه‌مانی له‌وێ بووین، به‌ڵام به‌ دزی ئێمه‌ فێری بووین. چۆن فێری خه‌تی ڕووسی بووین ؟ ئێمه‌ ئه‌گه‌روژنامه‌ ی ڕێیا تازه‌ مان وه‌گیر که‌وتبا چۆنمان ده‌خوێنده‌وه‌؟ دیاره‌ ئه‌وه‌ڵ جار له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان وه‌گیرمان که‌وت. ده‌کرێ به‌ حه‌فته‌یه‌ک فێری ئه‌لفووبێی ڕووسی بی. ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌لفووبێی کوردی-عه‌ڕه‌بی نازانن – به‌ تایبه‌تی کوردی ترکییه‌ - پێیان وایه‌ ... ده‌ترسێن له‌و ئه‌لفووبێیه‌ی به‌ داخه‌وه‌ - پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ لای خه‌تی عه‌ڕه‌بی دا بڕۆن ده‌یانخوا خه‌ته‌که‌، یا وه‌دوایان ده‌خا له‌ کاروانی شارستانییه‌ت. ئه‌و فکرانه‌ش زۆرتر له‌ که‌ماڵیزم وه‌رگیراون به‌ داخه‌وه‌. ده‌ترسێن له‌و ئه‌لفووبێیه‌ی، شتێکی زۆر سه‌یره‌. ئه‌من له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوو دا هه‌میشه‌ قسه‌م له‌ گه‌ڵ کردوون، له‌ ئه‌لفووبێی عه‌ڕه‌بی ده‌ترسێن، به‌هانه‌ی سه‌یر سه‌یر دێننه‌وه‌. ده‌ڵێن : خه‌تی عه‌ڕه‌بی بۆ کامپیوتێر نابێ. قه‌ت شتی وا نییه‌. کامپیوتێر ئه‌سڵه‌ن نازانێ ئه‌و خه‌ته‌ی پێی ده‌نووسێ عه‌ڕه‌بییه‌ یا لاتینه!
مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ بته‌وێ. ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئه‌و خه‌ته‌ی فێربی ، زۆر باش ده‌توانی فێری بی. ئه‌لئان من و تۆ به‌ هه‌ر سێک خه‌ت ده‌خوێنینه‌وه‌ هێچکامیشمان له‌ مه‌دره‌سه‌ فێری نه‌بووین . چۆن توانیمان فیریان بین ؟

قازی: پێت وا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ شتێکی گشتگره‌ یان عاده‌تی خوێندنه‌وه‌ و عاده‌تی نووسینیش ته‌ئسیری خۆی هه‌یه‌؟ له‌ وانه‌یه‌ له‌و 12 ساڵه‌ی دا که‌ باسمان کرد تاکوو ئێستا زۆر ئاڵوگۆڕ بووبێ، به‌ڵام، دیسانیش ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ عێڕاق چوونه‌ خوێندنگه‌، چوونه‌ مه‌دره‌سه‌ و مه‌کته‌ب یان له‌ ئێران – باشوور یان ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان – وه‌کوو عاده‌تی خوێندنه‌وه‌ و عاده‌تی نووسین زیاتر خوویان گرتووه‌ به‌ خه‌تی ئاڵوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی. گه‌لۆ ئه‌وان هه‌مان مرخیان هه‌یه‌ بۆ ده‌کارهێنانی خه‌تی ڕۆمی ؟ یانی شته‌که‌ هه‌ر له‌ مه‌ڕ کورده‌کانی باکوور نییه‌ .

حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه‌ی ده‌یڵێی وایه‌ ! به‌ڵام، زۆر که‌سیش خه‌ته‌ لاتینه‌که‌ فێر بووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژایه‌تی خه‌تی لاتین ناکه‌ن فێری بوون ، پێی ده‌نووسن. به‌ڵام، پێم وایه‌ گیروگرفته‌که‌ له‌وه‌دایه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵک – وای دابنێین ئێستا که‌ له‌ ترکییه‌ نووسین به‌ کوردی په‌ره‌ده‌ستێنێ ، وای دابنێین مه‌دره‌سه‌ی کوردی هه‌بێ ، نازانم شتی وا ده‌بێ یا نا ؟ - به‌ڵام، ئه‌گه‌ر مه‌دره‌سه‌ی کوردی هه‌بێ و خوێندن و نووسین به‌ کوردی په‌ره‌بستێنێ، دوایه‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ ، چ له‌ ترکییه‌ یا عێراق یا له‌ ئێران ، ئایا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌توانن بخوێنن و بنووسنه‌وه‌ پێیان خۆشه‌ هه‌ر سێ ئه‌لفووبێ – ئێستا بووه‌ به‌ دوو - ، هه‌ر دوو ئه‌و سیستمه‌ی فێر بن ؟ پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر پێیان خۆش بێ ، شتێکی سه‌یر نییه‌ ده‌توانن ڕابێن.

قازی : ڕێزدار دوکتور حه‌سه‌نپوور وه‌ک ده‌زانین له‌ گراماتیک یان ڕێزمانی نه‌ریتی دا ، له‌ هه‌موو زمانه‌کانی جیرانی کوردیدا – عه‌ڕه‌بی بێ، فارسی بێ، ترکی بێ - ،ته‌نانه‌ت، له‌ ڕێزمانی نه‌ریتی زمانانی ئوڕووپاییش دا هێندێک شت هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ زانستی ئه‌مڕۆیی زمانناسیدا یه‌ک ناگرنه‌وه‌. ڕێزمانی هێندێک له‌و زمانانه‌ بۆ وێنه‌ ئینگلیسی ، له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ڕووی ڕێزمانی لاتینی یه‌وه‌ داڕێژراوه‌ و له‌ فارسیدا له‌وانه‌یه‌ یه‌که‌م جار لاسای ڕێزمانی عه‌ڕه‌بی کرابێته‌وه‌، به‌ هه‌رحاڵ ئه‌و خوێنده‌وار و ئه‌وکه‌سانه‌ی به‌ زمانه‌وه‌ خه‌ریک بوون له‌وانه‌یه‌ ته‌ئسیریان له‌ عه‌ڕه‌بی وه‌رگرتبێ. شتێکی دیکه‌ش هه‌یه‌ ئه‌ویش بۆچوونێکی گشتی یه‌ بۆ تێکه‌ڵکردنی ده‌نگ وخه‌ت . دیاره‌ ئێوه‌ له‌ قسه‌کانتاندا هێماتان پێکرد. پێم خۆشه‌ ئه‌گه‌ربه‌ زمانێکی فه‌ننیش نه‌بێ ئه‌و بابه‌ته‌ هێندێک زیاتر شی بکه‌نه‌وه‌. وه‌ک باستان کرد بنچینه‌ی زمان ده‌نگه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ چ شتێک بۆ نووسین و نیشاندانی ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌کار ده‌هێندرێ.

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ، له‌ لێکدانه‌وه‌ی زمانی کوردی دا له‌وڵات، زۆرتر مه‌به‌ستم کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و خوارووه‌، زۆر له‌ زانستی زمانناسی (لینگویستیکس به‌ زمانه‌ ئوڕووپاییه‌کان) زۆر که‌لک وه‌رنه‌گیراوه‌. هه‌ر وه‌ک باست کرد ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌ستیان کرد به‌ نووسینی ڕێزمانی کوردی له‌ ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراق دا دوای ساڵی 1918 مۆدێله‌که‌یان زۆرتر یا سه‌رف و نه‌حوی عه‌ڕه‌بی بوو یا ڕێزمانی فه‌ڕانسه‌ و ئینگلیسی بوو.ئه‌وه‌ش دیاره‌ پێشی وه‌ی ده‌گرێ که‌ ڕێزمانێکی ڕێک و پێک و باش و دروستی کوردی پێک بێ. یه‌کێک له‌و گیروگرفتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌و شێوه‌ی ڕێزمانی کۆن دا واته‌ سه‌رف و نه‌حوی عه‌ڕه‌بی ، ته‌نانه‌ت، ئینگلیسی و فه‌رانسه‌ش ئی ئه‌و ساڵانه‌ ، ساڵانی 1920- 1930 ، پێوه‌ندی نێوان ده‌نگ و حه‌ڕف باش ڕوون نه‌ببووه‌وه‌ و ئه‌وه‌ تائێستاش له‌ لێکدانه‌وه‌ی زمانی کوردی له‌ هه‌ر سێ پارچه‌ی کوردستانێ، ئه‌وانه‌ی که‌ شت ده‌نووسن له‌ سه‌ر زمانی کوردی، باسی ده‌که‌ن ، لێکی ده‌ده‌نه‌وه‌حه‌رف و ده‌نگ تێکه‌ڵ ده‌که‌ن . ئه‌وه‌یان له‌ به‌رچاو نییه‌ که‌ زمان له‌ ئه‌ساس دا ....

قازی:بۆ وێنه‌ ده‌ڵێن ئه‌و حه‌رفه‌ ده‌ زمانی کوردی دا نییه‌ !!

حه‌سه‌نپوور: یا ده‌ڵێن ئه‌و حه‌رفه‌ نییه‌ ، یا ده‌ڵێن ئه‌و حه‌رفه‌ ئاوا ده‌گوترێ . له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌و ده‌نگه‌مان هه‌یه‌ ئاوای ده‌نوووسین، چۆن ده‌کرێ بینووسین؟ ئاوای لێده‌که‌ن. بۆ وێنه‌ وشه‌یه‌کی که‌ من زۆر باش له‌ به‌رچاومه‌ که‌ چۆن ئه‌و تێکه‌ڵاوکردنه‌ بۆته‌ هۆی موشکیله‌یه‌ک ده‌کارهێنانی وشه‌ی "نوێ " یه‌.
بۆ وێنه‌ " نوێ" له‌ کوردیی سۆرانی دا دوو ده‌نگه‌ نه‌ک سێ ده‌نگ هه‌روه‌ک: خوێ، گوێ، سوێ. ئه‌وانه‌ دوو ده‌نگن . " نوێ" ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌لفووبێی ڕۆمی یا لاتین بینووسین ده‌بێته‌ حه‌رفی ئێن و ئۆیه‌ک که دوو نوخته‌ی له‌ سه‌ر بێ، به‌ڵام، ئێمه‌ ده‌بینین له‌ کوردستان که‌ به‌ خه‌تی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسن – مه‌به‌ستم کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و خواروو وه‌_ چونکه‌ خه‌تی عه‌ڕه‌بی حه‌ڕفی زۆر نییه‌ ، ده‌کرێ حه‌ڕفی لێ زیاد که‌ی به‌ڵام لێیان زیاد نه‌کردووه‌، دێنن " نوێ" به‌ سێ حه‌ڕف ده‌نووسن: نوون و واو و یێیه‌کی که‌ حه‌وتێکی له‌ سه‌ره‌. دوایه‌ دێن ئه‌و " نوێ" یه‌ی که‌ به‌ خه‌تی عه‌ڕه‌بی نووسراوه‌ - هه‌ر وه‌ک کوتمان له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و خواروو زۆرتر خه‌تی عه‌ڕه‌بی ده‌کارهێندراوه‌ _ که‌ دێن ئه‌و "نوێ" یه‌ی بکه‌نه‌ حه‌ڕفی لاتین ده‌یکه‌نه‌ سێ حه‌ڕف یا چوار حه‌ڕف. بۆ وێنه‌ کوردستانی نوێ ، ناوی ڕۆژنامه‌یه‌که‌، ئه‌وه‌ که‌ به‌لاتین ده‌ینووسن ، ده‌نووسن : ئێن+ ئای+دابلیوو + ئی [ که‌ چوکله‌یه‌کیشی ده‌خه‌نه‌ سه‌ره‌وه‌ی ]، شتێکی که‌ دوو حه‌ڕفه‌ ده‌یکه‌نه‌ چوارحه‌ڕف. شتێکی که‌ له‌ نووسین به‌ خه‌تی لاتینی دا دوو حه‌ڕفه‌ : ئێن + ئوێ یه‌، به‌و خه‌تی لاتینه‌ ده‌یکه‌نه‌ چوار حه‌ڕف. یانی موشکیلی ئاوا هاتۆته‌ پێش. به‌ڵام، هه‌ڵبه‌ت ده‌کرێ بڵێین له‌ چوارچێوه‌ی گشت ئه‌و گیروگرفتانه‌ی [دا ] که‌ زمانی کوردی هه‌یه‌تی ئه‌وه‌ زۆر گرینگ نییه‌. کێشه‌ی سه‌ره‌کی له‌ زمانی کوردی دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و زمانه‌ ئایا بۆ وه‌ی ده‌بێ که‌ زانستی تازه‌ ، فیزیک، شیمی، یا خۆ پزیشکی یا فه‌لسه‌فه‌ ده‌کرێ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاده‌یه‌کی به‌رز دا پێ بنووسرێ و پێی باس بکرێ ؟ لێکۆڵینه‌وه‌ی تازه‌ بکرێ به‌ زمانی کوردی ؟ ئایا ده‌کرێ له‌و زانکۆ کوردییانه‌ی که‌ ئێستا هه‌ن له‌ کوردستانی خواروو فه‌لسه‌فه‌ به‌ زمانی کوردی بنووسرێ و باس بکرێ ؟ ئێمه‌ کتێبی ده‌رسی فه لسه‌فه‌ له‌ ڕاده‌ی زانکۆمان هه‌یه‌ به‌ زمانی کوردی ؟ گۆڤاری فه‌لسه‌فه‌مان هه‌یه‌ به‌ زمانی کوردی که‌ بکرێ تێیدا هه‌م شتی فه‌لسه‌فی وه‌ربگێردرێته‌ سه‌ر کوردی و هه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌وه‌ڵ بکرێ به‌ زمانی کوردی له‌ فه‌لسه‌فه‌ دا ؟ یانی کێشه‌ گرینگه‌کانی زمانی کوردی ئه‌من پێم وایه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ن، به‌ڵام، دیاره‌ زۆریش گرینگه‌ ئه‌و باسه‌ بکرێ که‌ ده‌نگ و حه‌ڕف تێکه‌ڵ نه‌کرێ. چونکه‌ ئه‌وه‌ شتێکی زۆر سه‌ره‌تاییه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ی زمان و به‌رنامه‌دانان بۆ زمان نابێ ئه‌و دوانه‌ تێکه‌ڵ بکرێن. به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ هێشتا ئه‌وه‌ ڕوون نه‌بۆته‌وه‌.

قازی: ئێوه‌ باسی به‌رنامه‌ دانانتان کرد له‌ مه‌ڕ زمان و سه‌باره‌ت به‌ زمان! ده‌زانین که‌ به‌رنامه‌ دانانی زمانی یا له‌نگوێج پلانینیگ به‌شێکی زۆر گرینگه‌ له‌ زانستی زمانناسی دا. ڕه‌نگه‌ ڕاسته‌وخۆ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانیتان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌کردبێ، به‌ڵام له‌ باری تێئۆرییه‌وه‌، له‌ باری نه‌زه‌رییه‌وه‌ پێتان وایه‌ که‌ پلاندانانی زمانی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ به‌ره‌وپێشبردنی زمانی کوردی دا ده‌بێ چۆن ڕێک بخرێ ؟ له‌ کوێوه‌ ده‌بێ ده‌ست پێبکرێ؟

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ ! زمان هه‌ر وا که‌ قسه‌ی پێ بکه‌ی زۆر به‌رنامه‌ی تێدا نییه‌. به‌ڵام ، کاتێکی که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری ئاڵۆزتر بووه‌ ، ناکۆکی و پێوه‌ندی زۆر ئاڵۆز په‌یدا بوون و زمان پێوه‌ندییه‌کی زۆر توند و تیژی بووه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. مه‌نزوورم به‌ تایبه‌تی ئه‌و زه‌مانه‌ که‌ نووسین په‌یدا بووه‌؛ نزیکه‌ی 6000 ساڵ له‌وه‌ پێش به‌ په‌یدا بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی. زمان دوای ئه‌وه‌ی نووسینی لێ په‌یدا بووه‌ ، ده‌ستتێوه‌ردانی بۆته‌ شتێکی وشیارانه‌. نووسین شتێکی یه‌کجار گرینگ و ئاڵۆزه‌، پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ سیاسه‌ت هه‌یه‌، له‌ گه‌ڵ زۆر بنکه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دا هه‌یه‌. جابۆیه‌ ده‌ستتێوه‌ردان زۆر گرینگه‌ له‌ زمان دا. ئێستا نه‌ته‌وه‌-ده‌وڵه‌ته‌کانی که‌ له‌ دنیا دا هه‌ن ، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئێستا له‌ دنیایێ دا هه‌ن هیچیان به‌ بێ نووسین ناتوانن درێژه‌ی کاری خۆیان بده‌ن. نووسین بۆته‌ به‌شێکی گرینگ له‌وه‌. به‌ڵام، قسه‌کردنی سه‌ر ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنیش هه‌ر وای لێهاتووه‌. ئێمه‌ ئه‌لئان یه‌کتر ده‌دوێنین، ئه‌وانه‌ی چاو له‌وبه‌رنامه‌ده‌که‌ن له‌ پێوه‌ندییه‌کی زاره‌کی داین له‌ گه‌ڵیان، نه‌ک له‌ پێوه‌ندی نووسین دا، به‌ڵام، له‌ سه‌ر تێلێڤیزیۆن زۆر جاریش نووسراو هه‌یه‌، به‌ڵام ، له‌ ئه‌ساس دا ئه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کی زاره‌کییه‌.
ئێمه‌ خۆمان باش ده‌زانین ڕۆژ تیڤی خۆی له‌ خه‌باتێکی زۆر قووڵ و سه‌خت دابووه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ترکییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ کاری خۆی بکا. ته‌نانه‌ت، ئێستا وای لێهاتووه‌ قسه‌ کردنیش بۆته‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ زمان دا. ئێوه‌ ئازاد نین زمانی کوردی هه‌رچۆنێکی ده‌تانه‌وێ ده‌کاری بێنن. به‌عزه‌ وشه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ سه‌ر تێلێڤیزیۆن چونکه‌ چه‌ند میلیۆن که‌س چاوی لێده‌که‌ن ، نابێ ده‌کاری بێنن. به‌عزه‌ شێوازێکی قسه‌ کردن هه‌یه‌ ، بۆ وێنه‌ جنێودان له‌ سه‌ر تێلێڤیزیۆن شتێکی ڕه‌وا نییه‌ ، نابێ ئه‌و کاره‌ بکرێ. زمانی کوردی زمانێکی پاتریارکاڵه‌ ، وه‌ک زۆربه‌ی زمانه‌کانی دی دژی ژنه‌، باومه‌زنی یه‌. نابێ ئێمه‌ زمانی کوردی به‌ شێوه‌یه‌کی پیاومه‌زنانه‌ له‌ تێلێڤیزیۆن دا ده‌کار بێنین. جا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ، کورتی بکه‌مه‌وه‌ زمانی کوردی له‌ نه‌بوونی ده‌وڵه‌تیش دا ده‌ستتێوه‌ردانی زۆر تێدا بووه‌.

قازی: باشه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیی بده‌ین به‌ پلاندانانی زمانی؛ یانی تا ئه‌و جێگه‌ی ئێوه‌ بۆی ده‌چن پلاندانانی زمانی له‌ چ زه‌مینه‌یه‌ک دا ده‌ست پێبکا باشه‌ ؟ بۆ وێنه‌ یه‌ک له‌و ئاکتۆرانه‌ی که‌ ده‌توانێ پلانی زمانی دانێ ده‌کرێ ده‌وڵه‌تێک بێ ، یان له‌ ئاستی خواره‌وه‌تر دا بابڵێین ده‌ چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک دا ، جڤاتێک دا ، ده‌وروبه‌ڕێک دا ده‌کرێ بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی پلانێک دابندرێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ ماوه‌یه‌کی کورتخایه‌ن دا ئاڵوگۆڕ‌ یان ئه‌و ده‌ستتێوه‌ردانێکی له‌ به‌رچاو گیراو‌ ده‌ زمان دا بکرێ.
به‌ بۆچوونی ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر زمانی کوردی چ جۆره‌ پلاندانانێک له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین و به‌گشتی ئه‌و جوغرافیایه‌ی که‌ زمانی کوردی تێدا به‌کار ده‌هێندرێ – به‌ هه‌موو شێوازه‌کانیه‌وه‌ که‌ زۆر به‌ربڵاوه‌ - له‌ چ زه‌مینه‌یه‌ک دا ده‌کرێ پلاندانانی زمانی ده‌ست پێبکا ؟

حه‌سه‌نپوور : پلاندانانی زمانی ئێستا ده‌بێ ئاوای چاولێبکه‌ین که‌ ته‌نیا ده‌وڵه‌ت نییه‌ ده‌یکا. گه‌رچی، له‌ زۆربه‌ی وڵاتان ده‌وڵه‌ت ده‌ورێکی گرینگی گێڕاوه‌ . به‌عزه‌ ده‌وڵه‌تێک ئاکادێمی زمانی هه‌یه‌. په‌روه‌رده‌ی گشتی که‌ ئه‌غڵه‌ب ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌با ئه‌وه‌ ده‌ستتێوه‌ردانه‌. ده‌کار هێنانی زمان بۆ وێنه‌ له‌ عێراق دا عه‌ڕه‌بی بووه‌ ، له‌ ئێران فارسی بووه‌، له‌ ترکییه‌ ترکی بووه‌. ده‌کارهێنانی ئه‌و زمانانه‌ وه‌ک ئامرازی ده‌وڵه‌ت ، ئه‌وه‌ بۆخۆی به‌رنامه‌دانانه‌ بۆ زمان. له‌ کوردستاندا شتی وا نه‌بووه‌، به‌ڵام، له‌ ڕابردوو دا که‌ تێلێڤیزیۆنی مێد تێڤی هه‌بوو و ئه‌من له‌ سه‌رم نووسیوه‌ و باسم کردووه‌ ، تێلێڤیزیۆنی کوردی خۆی جۆرێک به‌رنامه‌دانانه‌ بۆ زمانی کوردی. بۆ وێنه‌ ڕۆژ تیڤی زۆرتر ئه‌لفووبێی عه‌ڕه‌بی ده‌کاردێنێ یان ئه‌لفووبێی ڕۆمی و لاتینی له‌ سه‌ر تێلێڤیزیۆن ؟ ئه‌وانه‌ش خۆی به‌رنامه‌دانانه‌. به‌ڵام، به‌رنامه‌دانان ( پلاندانان) زۆرتر مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بووه‌ به‌رنامه‌دانانی وشیارانه‌ بێ که‌ هێزی ده‌وڵه‌تی له‌ پشت سه‌ری بێ. به‌ڵام ، ئێستا ده‌بێ وای چاو لێ بکه‌ین که‌ که‌سێکی که‌ فه‌رهه‌نگێکی کوردی باش بنووسێ ، خۆی ئه‌وه‌ ده‌ستتێوه‌ردانێکی گرینگه‌ له‌ زمان دا ؛ به‌رنامه‌دانانه‌ بۆ زمان. له‌ ئه‌مریکا بۆ وێنه‌، فه‌رهه‌نگی زمانی ئینگلیسی وێبستێر ده‌ورێکی گرینگی گێڕا بۆ وه‌ی که‌ ئینگلیسی ئه‌مریکایی ببێته‌ شێواز و شێوه‌ی ستانداردی ئه‌مریکایه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازه‌ له‌ گه‌ڵ زمانی ئینگلیسی جێی تر وه‌ک ئینگلیستان. ئێمه‌ ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ڵ که‌سێکی که‌ به‌ زمانی کوردی نووسی ، شاعیره‌کانی نزیکه‌ی 500 ساڵ له‌وه‌ی پێش ، ئه‌وانه‌ هه‌وه‌ڵ که‌سانێک بوون که‌ به‌رنامه‌یان بۆ زمانی کوردی دانا.به‌ڵام، دیسان گرینگه‌ ، ئه‌و جیاوازییه‌ دابنێین به‌ینی ده‌ستتێوه‌ردان ده‌ زمانی کوردیدا. به‌رنامه‌ دانان بۆ زمانی کوردی له‌ تێلێڤیزیۆنێکی وه‌ک کوردسات ، وه‌ک کوردستان تیڤی ، وه‌ک ڕۆژ تیڤی یا خۆ ، شاعیرێک یا فه‌رهه‌نگنووسێک ئه‌وانه‌ له‌ لایه‌ک ، له‌ لایه‌کی تریش ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت هه‌بێ به‌ به‌رنامه‌ ئه‌و کاره‌ بکا.

قازی: دێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌. لێره‌ دا پێم خۆشبوو ئیستێکیش بگرین له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پیوریزم یان په‌تیگه‌ری له‌ زمان دا. دیاره‌ ئاگادارن ئه‌وه‌ ڕاسته‌وڕاست خۆی پێوه‌ندی به‌ زمانه‌وه‌ نییه‌ ،به‌ڵکوو فاکتۆری ده‌ره‌وه‌ی زمانی دای ده‌سه‌پێنێ. هۆکاری سیاسی؛ کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌. وه‌ک ده‌زانین لێروله‌وێ – دیاره‌ ئاستی ڕه‌نگه‌ که‌متر بووبێ – به‌ به‌ره‌که‌تی ئه‌وه‌ی که‌ نووسین زیاتر بووه‌ ، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ هێندێک ده‌نگ ، دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ هێندێک وشه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ئاسایی له‌ زمانێکه‌وه‌ گوێزراونه‌ته‌وه‌ نێو زمانێکی دیکه‌ له‌ به‌ر پێوه‌ندی ئه‌و زمانانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتر ، هه‌ر به‌رده‌وامه‌. پێم خۆش بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ هێندێک بدوێن . له‌ سه‌ر گۆیا ده‌نگی "بێگانه‌" له‌ زمانی کوردی دا و دووه‌میش په‌یڤ و وشه‌ی که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردی " ڕه‌سه‌ن" نه‌بن.

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ، ئه‌وه‌ به‌شێک له‌و ده‌ستتێوه‌ردانی زمانی کوردییه‌ که‌ ڕۆشنبیران کردوویانه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ دوای شه‌ڕی جیهانی ئه‌وه‌ڵ هاته‌ سه‌ریان که‌ کوردی په‌تی بکه‌ن. پێیان وابوو ئه‌و وشانه‌ی که‌ له‌ عه‌ڕبی و ترکی و فارسی ڕا هاتوون ، به‌ تایبه‌تی عه‌ڕه‌بی و ترکی ئه‌وانه‌، بێگانه‌ن ده‌بێ فڕێیان بده‌ی.
ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ پێشی به‌ره‌وپێشچوونی زمانی کوردی ده‌گرن و ده‌بێ بیان پاڵێوی، وه‌لایان بنێی ، هه‌ر وه‌ها، وه‌ک باست کرد ئه‌وه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر ده‌نگه‌کانیش. بۆ وێنه‌ ده‌نگی /ق/ ده‌ڵێن کوردی نییه‌،ئه‌وه‌ له‌ زمانی تره‌وه‌ هاتووه‌ ده‌بێ فڕێی ده‌ی، به‌ڵام زۆر وشه‌ی کوردی هه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی تێدایه‌. کوردێکی که‌ نه‌خوێنده‌وار بێ هه‌ر به‌ خه‌یالێشیدا نایه‌ که‌ /ق/ کوردی نییه‌. که‌ وابێ وه‌ختێکی گه‌لی کورد ئه‌وه‌ی وه‌رگرتووه‌ - ئه‌گه‌ر وه‌رگیرابێ، ئێمه‌ خۆ نازانین وه‌رگیراوه‌؛ با وای دابنێین [هێندێک] له‌و ده‌نگانه‌ وه‌رگیراون – ئه‌وانه‌ ئیدی بوونه‌ته‌ کوردی ، فڕێدان و وه‌لانانی وانه‌ زه‌ره‌رێکی زۆر له‌ زمانی کوردی ده‌دا...

قازی : ببووره‌ ! له‌ جێگه‌یه‌کدا ، ڕێزدار مایکڵ شایه‌ت هێمایه‌کی هه‌یه‌ له‌و سه‌ره‌تایه‌ی که‌ بۆ قامووسه‌که‌ی خۆی نووسیوه‌ به‌ پاڵپشتی بۆچوونی زمانناسێکی که‌ زمانی ئارامی ده‌زانێ ده‌ڵێ : سه‌رده‌مایه‌ک له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ ژێر تاوی زمانی ئارامی ، هاتبێته‌ نێو کوردی که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئیسپات ناکرێ ؟

حه‌سه‌نپوور: ڕاسته‌ ، ئه‌وه‌ ئیسپات ناکرێ، چونکه‌ نووسینی کوردی 500 ساڵ زیاتر پێشینه‌ی نییه‌. به‌ڵام، وای داده‌نێم ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌ زمانه‌کانی تره‌وه‌ هاتبن. هه‌ر وه‌ها، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ کرمانجی ڕۆژهه‌ڵات دا دوو جوور ده‌نگی /پ/ هه‌یه‌. ئه‌وه‌، مومکینه‌ ته‌ئسیری هه‌رمه‌نی بووبێ. له‌ زمانی هه‌رمه‌نی دا شتێکی وا هه‌یه‌، به‌ڵام، ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ زمان شتێکی زیندوو بێ – زمانی کوردیش زمانێکی زیندووه‌-- خۆی له‌ ناو خۆیدا مێکانیزمی گۆڕانی هه‌یه‌. هه‌ر وه‌ها له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ زمانه‌کانی تر که‌ له‌ ناوچه‌دا هه‌ن ، یا له‌ کوردستاندا هه‌ن یا له‌ دراوسێتی زمانی کوردی دا هه‌ن ده‌ور ده‌گێڕێ. ئه‌گه‌ر زمانێک بییه‌وێ خۆی قه‌تیس کا، خۆی ڕابگرێ له‌ زه‌مانێک دا، ده‌مرێ. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و حه‌وله‌ی که‌ دراوه‌ بۆ په‌تیکردنی کوردی زۆر له‌ خزمه‌ت وه‌یدانییه‌ که‌ کوردی گه‌شه‌ په‌یدا بکا. دیاره‌ گشتی ڕه‌د ناکه‌مه‌وه‌. زمانی کوردی ئێستا زۆر پوخت و پاراوتره‌، مه‌نزوورم زمانی نووسینی کوردییه‌، له‌و زمانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20 دا هه‌بووه‌. گۆڤاره‌کان و نووسراوه‌کان هه‌موویان هه‌ن. ئێستا زۆر پوخت و پاراوتره‌. به‌ڵام توندوتیژییه‌کی زۆریش هه‌یه‌ له‌ ناو به‌عزه‌ ڕۆشنبیرێکی کورد که‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌ زمانی کوردی وه‌ده‌ربنێن. ده‌یانه‌وێ زۆر وشه‌ی " کوردی " دابتاشن. " قه‌ڵه‌م" بۆته‌ وشه‌یه‌کی کوردی پێویست نییه‌ بیکه‌یه‌ پێنووس. " کاغه‌ز" کوردییه‌ نابێ بیکه‌یه‌ تێنووس . تێنووس زۆر ناخۆشه‌، زۆر بێفایده‌یه‌.

قازی: خوله‌کتان پێچۆنه‌ له‌ جیاتی "ده‌قیقه‌" ؟!!

حه‌سه‌نپوور: ئه‌وه‌ش هه‌ر وایه‌. " ده‌قیقه‌" بۆته‌ کوردی ، بۆ ده‌یکه‌نه‌ شتێکی تر ؟ " سانییه‌" بۆته‌ کوردی، "سه‌عات" کوردییه‌ . بۆ ئه‌وانه‌ ده‌گۆڕی؟ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ بگۆڕی وه‌ره‌ وشه‌ی ڕێک و پێک دابنێ. وه‌ره‌ نووسراوه‌یه‌کی عیلمی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی له‌ زمانانی تر بکه‌ به‌ کوردی و ئه‌و و‌شانه‌ش ده‌کار بێنه‌. به‌ داخه‌وه‌ من ده‌ڵێم ئه‌وه‌ دوشمنایه‌تی کردنه‌ له‌ گه‌ڵ زمانی کوردی.

قازی: ئه‌وه‌ فاکتۆرێک نییه‌ که‌ ڕاسته‌وڕاست به‌ زمانه‌وه‌ گرێ درابێ، وانییه‌ ؟

حه‌سه‌نپوور: وایه‌ ! ئه‌وه‌ سیاسه‌ت و ئیدێئۆلۆژییه‌. منیش ناڵێم هیچ سیاسه‌ت و ئیدێئۆلۆژییه‌ک نه‌بێ. ئه‌وه‌ی منیش ده‌یڵێم سیاسه‌ت و ئیدێئۆلۆژییه‌، به‌ڵام، دوو سیاسه‌ت و ئیدێئۆلۆژی هه‌یه‌. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک هه‌یه‌ دوکتور جه‌عفه‌ری حه‌سه‌نپوور کردوویه‌تی له‌ تێزی دوکتوراکه‌یدا. زمانی کوردی، ئه‌و جۆره‌ی که‌ مامۆستا هێمن ده‌کاری هێناوه‌، ئه‌وه‌ی لێکداوه‌ته‌وه‌. من پێم وایه‌ ڕێبازێکی که‌ هێمن هه‌یبوو باشه؛ بۆ وێنه‌ ده‌توانم نێوی تریشی لێ زیاد بکه‌م؛ ئه‌وه‌ی که‌ دژایه‌تی زمانی عه‌ڕه‌بی نه‌که‌ین ، دژایه‌تی زمانی فارسی و ترکی نه‌که‌ین. ئه‌وانه‌ زمانی ئه‌وتۆن که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ گه‌ڵیان ژیاوین.لێیان وه‌رده‌گرین، لێمان وه‌رده‌گرن. پێوه‌ندییه‌کی ئاوا هه‌بێ له‌ گه‌ڵ زمانه‌کانی دراوسێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و زمانانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌ به‌ سه‌ر زمانی کوردیدا، به‌ڵام، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ درێژه‌ پێبدرێ.زمانێکی پوخت وپاراو. ئه‌وه‌ ده‌توانێ زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ند بکا. به‌ڵام په‌تیکردنی توندوتیژی زمانی کوردی ئه‌و زمانه‌ کز ده‌کا. ئه‌وه‌ دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ زمانی کوردی نییه‌، ئه‌من ده‌ڵێم دوشمنایه‌تییه‌.

قازی: وه‌زعی شێوازه‌کانی نووسینی کوردی هێندێک له‌ یه‌ک جیاوازن ، له‌وانه‌یه‌ ده‌کارهێنانی ئه‌لفووبێی
جۆربه‌جۆر له‌وباره‌یه‌وه‌ بێ ته‌ئسیر نه‌بێ. مه‌به‌ستم جیاوازییه‌کانی نێوان شێوازی نووسینی کوردیی نێوه‌ڕاست (سۆرانی ) ، و کوردیی ژووروو (کرمانجی) یه‌. پێتان وایه‌ بارودۆخی هه‌ر کام له‌و شێوازه‌ نووسینانه‌ ده‌بێ هه‌ریه‌ک به‌ سه‌ری خۆیان لێیان بکۆڵدرێته‌وه‌؟ که‌مایه‌سییه‌کانیان نیشان بدرێ و ڕێگه‌ی پێشکه‌وتنیان ده‌ستنیشان بکرێ یان چۆنی ده‌بینی ؟

حه‌سه‌نپوور: له‌هجه‌ی ئه‌ده‌بی نووسینی کرمانجی و سۆرانی ده‌بێ پێوه‌ندییه‌کی زۆریان هه‌بێ و ده‌شیان بێ له‌ واقع دا. ئێمه‌ نازانین له‌ ده‌ساڵی داهاتوو دا باری کوردستان چۆن ده‌بێ ؟ به‌ڵام وا دیاره‌ پێوه‌ندی وانه‌ زۆرتر ده‌بێ. ئێستا نووسه‌ری کرمانجی زمان هه‌ن به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان. به‌ڵام له‌ کوردستانیشدا به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕوکێشانه‌ی هه‌بووه‌ ، به‌شێک له‌ کوردی ترکییه‌ هاتوون له‌ عێراق بوون ، ئی عێراق له‌ ئێران بوون ، فارسی زۆر فیر بوون. به‌ڵام له‌هجه‌کان، نه‌ک هه‌ر له‌هجه‌کان ، هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی باکووری کوردستان تێکه‌ڵاوی خوارێ بووه‌، ئی خوارێ تێکه‌ڵاوی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌، مۆسیقا وزمانیش وای لێهاتووه‌.

قازی: ئێستا شێوه‌ی پشتێند به‌ستن له‌ جلوبه‌رگی ژنانه‌ی مهابادێ دا له‌ زۆر جێگایان زۆر پاپولێره‌ !!

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵی، ئێستا وای لێهاتووه‌. ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ یه‌کجار زۆر بووه‌. له‌ هه‌موو بوارێکدا ئێمه‌ ده‌یبینین. به‌ڵام له‌ بواری زمان دا بڕێک جیاوازه‌. چونکه‌ بۆوێنه‌ زمانه‌که‌ زۆر ئاڵۆزتره‌ له‌ هه‌ڵپه‌ڕکێ. دره‌نگتر ده‌گۆڕدرێ. به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ ده‌ستی پێکردووه‌. چی لێ دێ ؟ پێم وایه‌ که‌س ناتوانێ پێشبینی بکا. به‌ڵام زۆر پێویسته‌که‌ پێوه‌ندییه‌کی زۆر دینامیک و به‌هێز و ئاڵۆز هه‌بێ به‌ینی ئه‌و دوو شێوازانه‌!

قازی: ڕێزدار دوکتور حه‌سه‌نپوور پێشتر هێندێکتان باس کرد. به‌ بۆچوونی ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ زمانی کوردی له‌ سه‌روبه‌ندی ئێستا دا بۆ نووسینی هێندێک بابه‌تی ده‌قیقه‌، یان مژاری زانستی ده‌کاربکرێ داتاشین یان ده‌کارهێنانی وشه‌ی ئه‌وتۆ که‌ پێشتر به‌و ‌واتایانه‌ له‌ نووسین دا ده‌کارنه‌کراون چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر زمانی ئه‌وێستایی و زمانی کۆنتر هێندێک باوه‌، ئه‌وه‌ چۆن ده‌بینن ؟

حه‌سه‌نپوور: ئه‌من پێم وایه‌ نابێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانه‌ کۆنه‌کان. ئه‌و مه‌یله‌ش به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ویست و داوخوازه‌ی که‌ زمانێکی په‌تی کوردیمان هه‌بێ. من پێم وایه‌ ئه‌و زمانانه‌ مردوون. خه‌ڵکی کورد ئێستا نازانێ ئه‌وێستایی چۆن بووه‌ ؟ واتاکان چۆن بوون. پێویست نییه‌. زمانی زیندووی ئێستا خۆی دینامیزمێکی هه‌یه‌ ده‌توانێ وشه‌ ساز بکا. چ به‌ وه‌رگرتن ، چ میکانیزمه‌کانی خۆی ده‌کاربێنێ. گشت زمانێکی زیندوو ئامرازی وشه‌ڕۆنانی هه‌یه‌، وشه‌ دانانی هه‌یه‌. کوردیش وه‌ک ئه‌و زمانانه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ی هه‌یه‌، و باشیش ده‌کار هێندراوه‌. من پێم وایه‌ له‌ سه‌ده‌ی 20وه‌ تا ئێستا ڕۆشنبیری کورد که‌لکێکی زۆر باشیان وه‌رگرتووه‌ له‌ ئیمکاناتی زمانی کوردی بۆ وه‌ی وشه‌ دابنێن .

قازی: ئێوه‌ که‌لکوه‌رگرتن له‌ به‌یته‌کانی کوردی ، له‌ فۆلکلۆری کوردی و ئه‌و وشانه‌ی ده‌واندا هه‌نه‌ چۆن ده‌بینن ؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ کار هێنانی وشه‌ی تازه‌ له‌ زمانی نووسین دا مرۆ وه‌ک ده‌ستاوێژ و سه‌رچاوه‌یه‌ک بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رچی ؟

حه‌سه‌نپوور: من پێم وایه‌ ، ڕێگایه‌کی ئه‌وه‌یه‌ تائێستا نه‌کراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ مه‌تنه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی پێشوو چاپ بکرێن و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر بکرێ و وشه‌کانیان ده‌ربێندرێ و فه‌رهه‌نگێکی باش دابندرێ. نیمانه‌! ئێمه‌ تا ئێستا فه‌رهه‌نگێکی تێروته‌سه‌لی کوردی به‌ کوردیمان نییه‌. ئه‌وه‌ هێشتا نه‌کراوه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێ بکرێ. دوایه‌ له‌ ئه‌ده‌بییاتی زاره‌کی به‌تایبه‌تی به‌یته‌کان که‌ باست کرد که‌لک وه‌ربگیرێ. پێم وایه‌ ئه‌وانه‌ پڕن له‌، نه‌ک هه‌ر وشه‌، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها، شێوه‌ی ده‌کارهێنانی وشه‌ له‌ ڕاده‌ی ڕسته‌ دا. شتی یه‌کجار جوانی تێدایه‌. به‌یتی کوردی هونه‌رێکی یه‌کجار گرینگ و ئاڵۆزه [پێچه‌ڵپێچه‌]، به‌ تایبه‌تی له‌ باری زمانه‌وه‌. من پێم وایه‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ ده‌کرێ که‌لکیان لێ وه‌ربگیرێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکرێ. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌دوای وه‌ی بکه‌وین وشه‌کان وه‌ده‌رنێین ، چاو له‌و به‌یتبێژانه‌ بکه‌ین. به‌یتبێژی نه‌خوێنده‌وار زمانی کوردی وه‌ها ده‌کارهێناوه‌ که‌ به‌ڕاستی ئینسان سه‌ری سووڕ ده‌مێنێ.چۆن توانیویانه‌ ئه‌وکاره‌بکه‌ن؟ بێ ئه‌وه‌ی تێئۆری بزانن ، بێ ئه‌وه‌ی خوێندبێیان. بۆچی ڕۆشنبیر که‌ زۆرتریان شارستانین و گشتیان خوێنده‌وارن ، ئه‌وانه‌ بۆچی ناتوانن ؟بۆچی وه‌دوای وه‌ی ناکه‌ون؟ بۆچی وه‌دوای ئه‌و کانگا گرینگانه‌ ناکه‌ون که‌ به‌شێک له‌ مێژووی زمانی کوردین؟ بۆچی ده‌یانه‌وێ ئه‌و وشانه‌ی که‌ به‌یتبێژه‌کانیش ده‌کاری دێنن، ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێ ئه‌وانه‌ش وه‌ده‌رنێن ؟

قازی: وه‌ک ئاگاداربم ئێوه‌ نووسراوه‌یه‌کتان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابمه‌زنی له‌ زمانی کوردیدا. گرینگی ئه‌وه‌ی که‌ ئێوه‌ فکرێکی ئاواتان بۆ هاته‌ پێشێ که‌ له‌وزه‌مینه‌یه‌ دا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک به‌ زمانی ئینگلیسی بڵاو بکه‌نه‌وه‌ چ بوو ؟

حه‌سه‌نپوور: زمانی کوردی وه‌ک گشت زمانه‌کانی دنیایه زمانێکی پیاومه‌زنانه‌یه‌ ( پاتریارکاله‌). مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ زمانی کوردی بێلایه‌ن نییه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا ژن و پیاو ده‌سه‌ڵاتیان نابه‌رابه‌ره‌. ژن ژێر چه‌پۆکه‌یه‌، پیاو ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌. ئه‌و نابه‌رابه‌رییه‌ له‌ زمانی کوردیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و زمانی کوردی ئه‌و نابه‌رابه‌رییه‌ زۆرتر دووپاته‌ ده‌کاته‌وه‌.زۆرتر به‌رهه‌می دێنێته‌وه‌. من حه‌ولم دا که‌ ئه‌و مانا و واتایانه‌ و ئه‌و وشانه‌ی که‌ له‌ زمانی کوردیدا ئه‌و پێوه‌ندی نابه‌رابه‌ره‌ ده‌رده‌بڕن و دووپاته‌ی ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌وانه‌ لێک ده‌مه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ست له‌ زمانی کوردی وه‌رده‌ین ، هه‌ر وه‌ک له‌ زمانی ئینگلیسی و به‌عزه‌ زمانێکی ڕۆژاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ 40 ساڵی ڕابردوو دا ئه‌وه‌ کراوه‌. ئێمه‌ش له‌ کوردیدا حه‌ول بده‌ین که‌ ئه‌و وشانه‌ ده‌کار نه‌هێنین. ئه‌و به‌شه‌ی زمان که‌ دژی ژنه‌، که‌ نابه‌رابه‌ری ژن و پیاو دووپاته‌ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌کار نه‌هێنین.

قازی: باشه‌ ده‌کرێ هێندێک نموونه‌ی ئه‌و وشه‌ و زاراوانه‌ باس بکه‌ی ؟

حه‌سه‌نپوور: به‌ڵێ ده‌کرێ. بۆ وێنه‌ ئه‌من ئێستا ده‌توانم بڵیـم : " پیاونابێ کاری وا بکا" ! یا " جا چۆن پیاو ده‌بێ وشه‌ی وه‌ک قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز له‌ زمانی کوردی ده‌ربێنێ؟". من که‌ ئێستا ئاوا بڵێم پیاو نابێ کاری وا بکا، پیاوم له‌ جیاتی ئینسان ده‌کار هێناوه‌.

قازی: به‌ڵام ده‌ زمانانی ئوڕووپاییش دا شتی وا هه‌یه‌. وه‌نییه‌؟ ده‌ ئینگلیسی دا هه‌یه‌.

حه‌سه‌نپوور: له‌ زمانی ئوڕووپاییش دا " مه‌ن" ، بۆ وێنه‌ "مه‌ن" له‌ زمانی ئینگلیسی دا، "ئۆم" له‌ زمانی فه‌رانسه‌یی دا، ئه‌وانه‌ به‌ مه‌عنای ئینسان ده‌کارده‌هێندرێن. له‌ کوردیدا "ژنانه‌" یانی "خوێڕییانه‌". له‌ کوردی دا "ژن" چه‌ند مه‌عنای هه‌یه‌. یه‌کێک له‌ مه‌عناکانی" ژن" خوێڕی، نه‌فام و بێ ده‌سه‌ڵاته‌.
له‌ گشت زمانه‌کانی تریش [دا] وایه‌. پیاو یانی ئازا. ئێمه‌ ده‌ڵێین : " فڵانه‌که‌س زۆر پیاوه‌"، یانی زۆر ئازایه‌. له‌ ئینگلیسی، عه‌ڕه‌بی، فارسی و ترکی و گشت زمانه‌کانی دیش دا وایه‌. ئه‌من نامه‌وێ بڵێم هه‌ر کوردی وایه‌. به‌ڵام، من حه‌ولم دا به‌و زانسته‌ی که‌ من په‌یدام کردووه‌ له‌ زمانی ئینگلیسی و به‌عزه‌ زمانێکی تر، که‌ فێمینیستان له‌ 40 ساڵی ڕابردوو دا حه‌ولیان داوه‌ ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ ڕوون که‌نه‌وه‌. من ویستم ئه‌و کاره‌ بکه‌م که‌ له‌ زمانه‌کانی تر دا کراوه‌.

قازی : ببووره‌ بۆ زاراوه‌ی فێمینیزم و فێمینیست هیچ شتێکت به‌ زه‌ین دا نه‌هاتووه‌ به‌ کوردی ؟

حه‌سه‌نپوور: هیچم به‌ زێهن دا نه‌هاتووه‌ و ڕاستیه‌که‌شی حه‌ولم نه‌داوه‌. موشکیلی تر، گیروگرفتی تر ئه‌وه‌نده‌ زۆرن که‌ ده‌رفه‌تی وه‌م نه‌بووه‌ من خۆم زۆر له‌وبابه‌ته‌وه‌ کاربکه‌م.

قازی : ڕێزدار دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوورمامۆستا ی زانکۆی تۆرانتۆ له‌ کانادا زۆر خوشحالین که‌ بانگهێشتنت قه‌بووڵ کردین و له‌م به‌رنامه‌یه‌ی ڕوانگه‌ دا به‌شداریت له‌ گه‌ڵ کردین. هیوادارم بتوانین به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌ش ئاسته‌ بکه‌ین. چارێکی دیکه‌ زۆر به‌ خێرهاتنت ده‌که‌ین.

حه‌سه‌نپوور: منیش زۆرتان لێ مه‌منوونم که‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌و دامێ ئه‌و باسانه‌ به‌یه‌که‌وه‌ بکه‌ین.

قازی: بینه‌رانی خۆشه‌ویست لێره‌ دا به‌رنامه‌ی ئه‌مجاره‌ی ڕوانگه‌ش داده‌کووژێنین . هه‌تاکوو به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌ لای ئێوه‌مان خۆش !

No comments: