موکریان سووره له سه‌ر قسه‌ی خۆی و ده‌ڵێ
سڵاو به‌ڕێزم !
ئه‌و دوو سه‌رچاوانه‌ی ئاماژه‌ت پێکردوون من به سه‌رچاوه‌یه‌کی جێ متمانه‌یان نازانم. هه‌ر دووک سه‌رچاوه ده‌کرێ به ئاواڵدووانه دابندرێن و هه‌ر دووکیشیان زۆر بازاڕییانه و نازانستییانه داڕێژراون وناکرێ له بواری زمانناسییدا زۆریان پشت پێ ببه‌شترێ.[بۆیه‌ش به‌و دوو سه‌رچاوانه‌ت ده‌ڵێم "ئاواڵدووانه" چونکه به وته‌ی " کوردستان موکریانی"، "هه‌نبانه بۆرینه" هه‌ر "کوردستان"ه‌که‌ی " گیوی موکریانی" یه و کاتی خۆی که "گیو" ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی داوه به کۆڕی زانیاری ، بۆیان چاپ نه‌کردووه و نه‌شیانداوه‌ته‌وه! "هه‌ژار"، که ئه‌و ده‌م له کۆڕی زانیاری کاری کردووه ئه‌و نوسخه‌یه‌ی هه‌ڵگرتووه و له ئاکامدا به هێندێک ئاڵوگۆڕه‌وه کردوویه به " هه‌نبانه بۆرینه" ! به‌ڵام ئه‌وه هه‌ویرێکه و ئاوی زۆر ده‌وێ، جارێ لێره ناشێلدرێ. هه‌ر وه‌ک تێبینییه‌ک ده‌کرێ له به‌رچاو بگیرێ].
جا ته‌نانه‌ت به پێی ئه‌و دوو سه‌رچاوانه‌ش ئه‌گه‌ر له ده‌ربڕینه‌که‌ت ورد بینه‌وه، به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ که جه‌نابت به هه‌ڵه به کارت هێناوه.ده هیچکام له‌و سه‌رچاوانه دا شتێک نابیندرێ که بۆچوونه‌که‌ی جه‌نابت بسه‌لمێنێ! جه‌نابت "وه‌کی دی" به مانای " وغیره" ی فارسی به کار دێنی که ده کوردی دا یان "هتد"ی له جێ داده‌نێن که کورتکراوه‌ی هه‌تا دوایی "یه ، یان ده‌ڵێن "ئه‌وانی دی/ئیدیکه (هی تر)،.." ڕاسته ده‌ربڕینێک ده‌کرێ چه‌ند مانای هه‌بێ ، به‌ڵام دێره‌دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی جه‌نابت له‌به‌ر چاوته ئه‌وه‌ی به‌کارت هێناوه پڕ به پێست نییه. "وه‌ک" زۆرتر بۆ شوبهاندنی شتێک به شتێکی دی به‌کاردێ؛ناکرێ بڵێی "سوور و سپی و شین و وه‌کی دی"! له کوێ شتی وات بیستووه؟! ده‌کرێ بڵێی " سوور و سپی و شین و ڕه‌نگه‌کانی دی" یان " ئه‌وانی دی " ، یان "هتد". به پێی ویستی جه‌نابت ئه‌گه‌ر جێگۆڕکێش به وشه‌کانی نێو ئه‌و دوو فه‌رهه‌نگه بکه‌ی و ده‌گه‌ڵ ده‌ربڕینه‌که‌ت پێکیان بگری نه‌ک هه‌ر هیچ ڕوون نابێته‌وه به‌ڵکوو شتێکی وای لێ ده‌رده‌چێ که فڕی به سه‌ر کوردییه‌وه نابێ ! ئه‌وه کوێی کوردییه : " ئاسۆرییه‌کان، کلدانییه‌کان، سوریانی ئۆرتۆدۆکس ، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌ک دی" ؟
سه‌باره‌ت به داتاشینی وشان : من زۆر وشه‌م لێ دیوی که ناله‌بار داتاشراون. چونکه پێموابووه ئه‌و هه‌ویره‌ش ئاوی زۆر ده‌وێ و له‌وانه‌یه مه‌ودا بۆ شێلانی نه‌بێ لیستم لێ ساز نه‌کردوون. ڕه‌نگه له داهاتوو دا ئه‌وه‌ش بکه‌م.
ئه‌من له ئاست ده‌ره‌تانی زمانی کوردی بۆ ڕۆنانی مانای نوێ دڕدۆنگ نیم، به‌ڵام له ئاست به‌کارهێنه‌رانی زمانی کوردی‌دا دڕدۆنگم. کاتێک له زمانی کوردی باشووری کوردستان ورد بییه‌وه ده‌زانی ده‌ڵێم چی. ئه‌وه‌ی له‌وێ قسه‌ی پێده‌کرێ و پێی ده‌نووسرێ فڕی به سه‌ر زمانی کوردییه‌وه نییه و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ده‌زانم له سه‌ر زمانی کوردی. ئه‌وان "زمان‌زان"ی وه‌ک مه‌سعوود محه‌مه‌دیشیان هه‌بووه که ئاوایان به سه‌ر هاتووه! یان له‌وانه‌شه هه‌ر ئه‌و زمانزانه‌نه‌یان بناغه‌ی زمانێکی ئاوا سه‌قه‌تیان بۆ داڕشتبن! با دوور نه‌ڕۆین ، هه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌ینووسی ده‌بوو لانی که‌م سێ جاری بیخوێنییه‌وه هه‌تا تێی بگه‌ێ!وشه‌کان کوردی بوون به‌ڵام داڕشتنه‌که کوردی نه‌بوو! جا جه‌نابت که له زمان دا وا ورد بینی نابێ خێرا هه‌رچی بیستت و خوێندته‌وه بیقوازییه‌وه و به‌کاری بێنی! به تایبه‌ت ئێستا که له شوێنێکی گرینگ کار ده‌که‌ی و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێی ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بێ، له‌وانه‌یه وا جێ بگرێ ببێته نه‌قڵی "به‌روار"ی زه‌بیحی و به که‌س ڕاست نه‌کرێته‌وه. بۆیه له جێی وادا ده‌بێ زیاتر هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی بکرێ. ئه‌گه‌ر مه‌سعوود محه‌مه‌د گوتبێتی " له زمانی کوردی‌دا ، له زۆربه‌ی شێوازه‌کاندا ، به یارمه‌تی پێشگری "ڕا " و "دا" ده‌کرێ مانای نوێ ده‌رببڕدرێ."، نابێ وای دابنێی که هه‌رچی وه‌به‌ر ده‌ستت هات پێشگرێکی وای پێوه بلکێنی و بڵێی پڕ به پێستیتی! ده‌بێ ئه‌وه‌ت له به‌رچاو بێ که ئه‌و پێشگرانه ، به پێی قانوون و ڕێسایه‌ک، له جێی خۆیاندا به کار دێن، نه‌ک له گۆتره و به شێوه‌یه‌کی گشتی له هه‌موو شوێنێک.ناکرێ به پێی ئیشتیا به که‌له‌که‌ی هه‌موو چاوگێکه‌وه بلکێندرێن. ڕاسته جاری وایه پێشگری " ڕا " دۆخی به‌رز بوونه‌وه‌ی تێده‌خوێندرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ هه‌موو چاوگێک نالوێ. ناکرێ له به‌رامبه‌ر "داهێزان " دا بلێی "ڕاهێزان" ["له کوێ شتی وات بیستووه؟]، ده‌کرێ بڵیی " به‌هێزکردنی توانایی" به‌ڵام " ڕاهێزاندنی توانایی" داتاشینی ناشییانه نه‌بێ چییه؟ به‌و پێیه‌ی جه‌نابت بۆیچووی ده‌کرێ له به‌رانبه‌ر " داوه‌شان" دا بڵێین " ڕاوه‌شان" ! له به‌رانبه‌ر " دابه‌زین" دا بڵیێن "ڕابه‌زین" ،...! " ڕا " ده زمانی کوردی‌دا ده‌وری زۆره و ئه‌رکی هه‌ر "به‌رزکرنه‌وه" نییه . به هێندێک وشه‌وه ئه‌رکی "وه‌ستاندن" ی له سه‌ر شانه : "ڕاگرتن، ڕاوه‌ستان" ، ئه‌رکی دیکه‌شی هه‌یه که "به‌رزبوونه‌وه" ناگرێته‌وه، به‌ڵام با نووسراوه‌که‌می پێ درێژدادڕ نه‌که‌م.
من دژی داتاشینی وشان نیم، چونکه زمانێکی زیندوو ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ زیندوو بمێنێ ده‌بێ به پێی ڕه‌وتی زه‌مان مه‌ودای بۆ وشه‌ی نوێ هه‌بێ، به‌ڵام من دانووم ده‌گه‌ڵ داتاشینی ناشییانه ناکوڵێ. بۆ داڕشتنی وشه‌یه‌کی نوێ ده‌بێ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی کوردی له به‌ر چاو بگیرێن. وادیاره جه‌نابت ئه‌و تێبینییه‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌دت وه‌رگرتووه و زرم له به‌رانبه‌ر " داهێزان" دا "ڕاهێزان " ت قوت کردووه‌ته‌وه و پڕ به پێستی خۆشی ده‌زانی ! من ئێستاش پێموایه ئه‌وه به هیچ پێوانه‌یه‌ک ، ده‌و پێسته‌ی دا ناگونجێ دیسان هیوادارم له داهاتوو دا له‌وخاڵانه زیاتر ورد بییه‌وه.
سه‌رکه‌وتوو بی!
11/04.2007 06:41
No comments:
Post a Comment