دوکتور میرێلا گالێتی له به‌رنامه‌ی ڕوانگه دا
هاوپرسه‌کی له گه‌ڵ دوکتور میرێلا گالێتی
یای دوکتور میرێلا گالێتی زانایه‌کی ئیتالیایه‌و ساڵانێکی دوورودرێژهسهبارهت کوردان خه‌رێکی لێکۆڵینه‌وه و نووسینه. گالێتی هه‌م به ئینگلیسی و هه‌م به ئیتالیایی به‌رهه‌مه‌کانی بڵاو ده‌کاته‌وه. تا ئێستا چه‌ند کتێبی له سه‌ر کوردان بڵاوکردووه‌ته‌وه و دۆستێکی وه‌فاداری کوردانه. ئه‌م هاوپرسه‌کییه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه ده‌قی بابه‌تێکه که له4 ی دێسامبری 2004 دا ئاسته کراوه و له 13 و 14ی دیسامبری 2004 له به‌رنامه‌ی ڕوانگه‌ی تیڵێڤیزیۆنی ڕۆژدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
قازی : یای مێرێلا، له دوای به‌خێرهێنانت، ده‌کرێ باسی یه‌که‌م نووسینه‌کانی ئیتالیایی سه‌باره‌ت به کوردان و کوردستان بکه‌ی ؟
گالێتی: ئه‌من پێم وایه گرینگه سه‌باره‌ت به یه‌که‌م نووسینه‌کانی ئیتالیایی له‌مه‌ڕ کوردان قسه بکرێ ، نه‌ک هه‌ر سه‌باره‌ت به‌کوردان ، به‌لکوو کوردستان. یه‌که‌م ئیتالیایی که چوونه کوردستان هه‌ر له به‌ر کوردان نه‌بوو ، به‌ڵکوو پێیان خۆش بوو له سه‌ر ئه‌و مه‌سیحییانه بزانن که له‌وێ ده‌ژیان واته : ئاسۆرییه‌کان ، کلدانییه‌کان، سوریانی ئۆرتۆدۆکس ، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌کی دی. له سه‌ده‌ی پازده‌یه‌م مارکۆ پۆلۆ به ئێران دا تێپه‌ڕی ، ئه‌گه‌رچی نه‌چووه کوردستانێ، به‌ڵام له نووسینه‌که‌یدا وه‌کوو ویلایه‌تێکی ئیمپراتۆری ئێران باسی کوردستان ده‌کا. ئه‌وه گرینگه که مارکۆپۆلۆ هێما به کوردستان ده‌کا، باسی موسڵ و جێی ئه‌وتۆ ده‌کا. یه‌که‌م گهشتوهر، مژده به‌رێکی ئیتالیایی بوو: ڕێکۆلدۆ دێ مۆنتۆکرووچێ، که له کۆتایی سه‌ده‌ی چاردهیهمدا چوو بۆ مووسڵ . ئه‌و باسی کورده‌کان له هه‌رێمه‌که‌دا ده‌کا و هه‌روه‌ها زۆر باسی سیناگۆگیش ده‌کا، چونکوو له‌و سه‌روبه‌ندی دا جووله‌که‌یه‌کی زۆر له مووسڵ ژیاون.
له کۆتایی سه‌ده‌ی چاردهیهمهوه ، ده‌کرێ بڵێین هه‌موو سه‌ده‌یه‌ک له لایه‌ن ئیتالیاییهکانهوه باسی کورده‌کان کراوه؛ به تایبه‌تی، له لایه‌ن دیپڵۆماتی وێنیزییهوه که به هه‌رێمه‌که‌دا تێده‌په‌ڕین بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ئێرانێ.
به‌ڵام پێم وایه گهشتوهری هه‌ره گرینگ و یه‌که‌م، پییێترۆ دێلا والێ بوو که ساڵی 1617ی زایینی چووه کوردستان و به وێدا تێپه‌ڕی. ئه‌و سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌کی زۆر گرینگی ئیتالیایی بوو. زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی ده‌زانی . له ماردین له گه‌ڵ ژنێکی ئاسۆری زه‌واجی کرد، پاشان چووه به‌غدا. زۆری له سه‌ر سه‌فه‌ره‌که‌ی نووسیوه ، و به هاسانی ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی دێلا والێ چوارسه‌ده له‌مه‌وبه‌ر نووسیویه ئێستاش هه‌ر ڕاسته.سه‌باره‌ت به وه‌یه‌کچوونه‌کانی نێوان ئیتالیا و کوردستانی نووسیوه ، ده‌ڵێ له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر دووک لا زۆریان شایی به خۆیانه ،هه‌ر تاکێک له نێویاندا زیاتر بیر له خۆی ده‌کاته‌وه تا کۆمه‌ڵ به گشتی. ئێمه ده‌زانین ئه‌و سه‌رده‌مانی ئیتالیا به سه‌ر چه‌ندین ده‌وڵه‌تی جوێ جوێ دا به‌ش کرابوو ، هه‌ر وه‌ک کوردستان که له میرنشینی جۆر به جۆر پێک هاتبوو.له ڕوانگه‌ی سیاسیشه‌وه ئه‌و وه‌یه‌کچوونانه گرینگن له نێوان ئیتالیا و کوردستاندا. وه‌ک باسم کرد پییێترۆ دێلا والێ هاوسه‌رێکی ئاسۆری هه‌بوو ، ئه‌و له مه‌ڕ میوانداری کوردانیش شتی نووسیوه‌و باسی کراوه بوونی ژنی کورد ده‌کا له کاتی ڕووبه‌ڕووبوون له گه‌ڵ پیاوی بێگانه دا. ئه‌و ده‌نووسێ ژنی موسڵمان ،ژنی عه‌ره‌ب کاتێک تووشی بێگانان دێن هه‌ڵدێن و خۆیان ده‌شارنه‌وه کاتێک میوانێک دێته ماڵیان . ئه‌و زۆر شتی نووسیوه.
قازی : به‌ڕێز گالێتی وابزانم که‌سێکی ئیتالیایی هه‌بووه که له سه‌ر گرامێری کوردی کاری کردووه ؛ گارزۆنی. ده‌گوترێ ئه‌و یه‌که‌م که‌سه که ڕێزمانی کوردی نووسیوه. ده‌کرێ له سه‌ر وی هێندێک ئاگاداری بده‌ن به بینه‌ران ؟
گالێتی: ماوریسیۆ گارزۆنی له ساڵی 1787 کتێبی [ ڤۆکابولارێ گراماتیکا دێلا لینگوا کوردا ] واته ڕێزمانی زمانی کوردی بڵاو کرده‌وه. ئه‌وه یه‌که‌م کتێب بوو که بڵێ زمانی کوردی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه و دیالێکتی زمانی فارسی نییه، چونکوو له نووسینی پێشووتر دا وا گوترابوو. ئه‌وه گرینگه سرنجی بدرێته که گارزۆنی ش له مووسڵ ده‌ژیا، نزیکه‌ی 20 ساڵ له‌وێ ژیا، ئه‌و قه‌شه‌ی کلیسای دۆمێنیکان بوو. له ساڵی 1750وه تیمێکی کلیسای دۆمێنیکان له مووسڵ دامه‌زرابوو. زۆربه‌ی ئه‌و ئیماندارانه ئیتالیایی بوون و له ماوه‌یه‌کی که‌متر له 50 ساڵ دا ئه‌وان دوو کتێبی هه‌ره گرینگ‌یان له مه‌ڕ کوردان نووسی. کتێبی یه‌که‌م ئه‌و ڕێزمانه‌ی بوو باس کرا و کتێبی دووه‌میان جووزێپێ کهمپانیلێ نووسی و له ساڵی 1818 له ناپۆلی بڵاو کرایه‌وه و نێوی " مێژووی ئایین له کوردستان" ه . ئه‌من پێم وایه ئه‌وه یه‌که‌م کتێبه له جیهان دا که له سه‌ر کوردان به چاپکراوی بڵاو کرابێته‌وه، ڕاسته ئێمه شه‌ره‌فنامه مان هه‌یه، به‌ڵام شه‌ره‌فنامه تاکۆتایی سه‌ده‌ی 19هه‌م وه‌کوو ده‌ستخه‌ت مابووه‌وه و یه‌که‌م جار له پێترزبوورگ چاپ کرا. به‌ڵام کتێبه‌که‌ی کامپانیلێ له ساڵی 1818 دا چاپ کرا. ئه‌ویش قه‌شه‌یه‌کی کلیسای دۆمێنیکان بوو. بۆیه ده‌توانین بڵێین به ڕێگه‌ی گه‌شتوه‌ران وه‌کوو دێلا والێ یان که‌شیشان که له کوردستان ژیاون ئێمه ئه‌ده‌بییاتێکی گرینگمان هه‌یه سه‌باره‌ت به کوردان و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له کوردستان ده‌ژین .
قازی : ئێوه له به‌رگی یه‌کێک له کتێبه‌کانتاندا لاپه‌ڕه‌یه‌کی شهڕهفنامهتان چاپ کردووه که ئێستا ئه‌و ده‌ستخه‌ته له کتێبخانه‌ی تۆرینۆیه له ئیتالیا. ئێوه ده‌زانن کێ ئه‌و ده‌ستخه‌ته‌ی هێناوه بۆ تۆرینۆ له ئیتالیا ؟
گالێتی: نا، به وردی نازاندرێ . ده‌زانین کڕدراوه و له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه له کتێبخانه‌ی شایانه‌ی تۆرینۆ بووه. سه‌باره‌ت به‌و ده‌ستنووسه هیچ زانیارییه‌کی دیکه به‌ده‌سته‌وه نییه. به‌ڵام، ئه‌وه گرینگه که له تۆرینۆ یه‌ک له ده‌ستنووسه هه‌ره کۆنه‌کانی شه‌ڕه‌فنامه پاریزراوه.
قازی: باشه ! ڕێزدار گالێتی ، ئێستا با بزانین یه‌که‌م کورد له ئیتالیا کێ بووه به پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که ئێوه کردووتانه ؟
گالێتی : وا بزانم سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌کۆن سه‌باره‌ت به ئیتالیاییهکانن له کوردستان . به‌ڵام ، له مه‌ڕ کوردان له ئیتالیا پێم وایه هاتنیان بۆ ئه‌وێ ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ده‌ی بیسته‌م.. بۆ نموونه شه‌ریف پاشا، هه‌ر وه‌ها له‌یلا به‌درخان که له‌میلانۆ له " لاسکاڵا" دانسی کرد ،وابزانم له ساڵی 1942 بوو. ئه‌وه زۆر گرینگ بوو، چونکوو هه‌موو ڕۆژنامه و گۆڤاری ئه‌و سه‌رده‌مه باسیان کردووه. وه‌کوو گوتم ، هه‌بوونی کورده‌کان له ئیتالیا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ده‌ی بیسته‌م، نه‌ک زووتر. له‌وانه‌یه کورد زووتریش هاتبن بۆ ئیتالیا ، به‌ڵام من تا ئێستا له‌وباره‌یه‌وه هیچم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه.
قازی : له سه‌رو به‌ندی تازه‌تر دا ، خوێندکار، یان بازرگان و تاجری کورد که‌نگێ ڕێیان که‌وتووه‌ته ئیتالیا ؟
گالێتی : ئه‌من پێم وایه هاتنی کوردان بۆ ئیتالیا له ساڵانی 60 و 70ی سه‌ده‌ی بیسته‌م دایه، که زۆر کوردی سوورییه و عێراق دێن بۆ خوێندن له زانکۆکانی ئیتالیا دا . زۆریان له‌وێ ماونه‌ته‌وه و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاتی خۆیان. ئێستا چه‌ندین دوکتور هه‌ن که له ئیتالیا ده‌ژین ، زۆربه‌یان له گه‌ڵ ژنی ئیتالیایی زه‌واجیان کردووه ، ته‌نێ له‌و چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی دایه که دیارده‌ی زه‌واج کردنی پیاوی کورد له گه‌ڵ ژنی کورد ده‌بیندرێ. له پێشدا کورد وه‌ک خوێندکار هاتن له ساڵانی 1970 و ساڵانی 1980 کاندا.زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی هاتن خوێندکار بوون، له ئێرانیشه‌وه هاتن و ده‌کرێ بڵێین له ساڵانی 1990 کاندا موهاجره‌ت کردنێکی نوێ ده‌ستی پێ‌کرد. خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که به دووی کار و به دووی ژیانێکی هێمن و به دوور له مه‌ترسی دا ده‌گه‌ڕان ، و هه‌ر وه‌ها، له به‌ر هۆی سیاسی بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌رێتی سیاسی هاتنه ئیتالیا. ئه‌و کوردانه خه‌ڵکی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستانن ، به تایبه‌تی له ترکییه ، سوورییه و عێراقه‌وه.
قازی :وه‌ک ده‌زانین له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1998 ڕێزدار عه‌بدوڵا ئوێجاڵان هاته ئیتالیا ، که دواتر باسی ده‌که‌ین. با ئێستا هێندێک باسی شه‌ریف پاشا بکه‌ین.ئێمه ده‌زانین که شه‌ریف پاشا که‌سێکه له کۆنفرانسی ئاشتی له سێڤر، له پاریس گۆیا نوێنه‌رایه‌تی مه‌سه‌له‌ی کوردی کردووه و له بواری نێونه‌ته‌وه‌یی دا هه‌تا ئێستاش که باسی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌کرێ هه‌میشه هێمایه‌ک هه‌یه به‌و کۆنفرانسه‌ی سێڤر و ئه‌و مادانه‌ی که له بڕیاری ئه‌و کۆنفرانسه دا هه‌یه. وابزانم شه‌ریف پاشا له ساڵی 1951 له‌ئیتالیا کۆچی دوایی کرد . ئهگهردهکرێ هێندێک زیاتر له سه‌ر شه‌ریف پاشا بدوێن ، چۆن هاته ئیتالیا ؟ گه‌لۆ له ئیتالیا که‌سی ماوه ، نه‌ماوه ؟ هێندێک له‌و باره‌یه‌وه زانیاری بده‌ن به بینه‌ران !
گالێتی : یه‌ک له دوایین لێکۆڵینه‌وه‌کانی من سه‌باره‌ت به شه‌ریف پاشایه . من به هه‌ڵکه‌وت به‌وه‌م زانی که ئه‌و له ئیتالیا ژیاوه. ئه‌و زیاتر له مۆنتێ کارلۆ ده‌ژیا له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی که میسری بوو. وه‌ک ڕه‌نگه بزانی ئه‌و سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی میسر بوو. شه‌ریف پاشا کچێکی هه‌بوو به نێوی مه‌له‌که ، له مۆنتێ کارلۆ ژیانێکی زۆر شایانه‌ی هه‌بوو. له ساڵی 1947 مه‌له‌که له گه‌ڵ شازاده‌یه‌کی ئیتالیایی یه‌کتریان ناسی که نێوی کارلۆ پێکۆرینی مانزۆنی بوو. دوای چه‌ند مانگان زه‌واجیان کرد!
قازی : ئه‌و شازاده ئیتالیاییه خه‌ڵکی کوێ بوو ؟
گالێتی : ئه‌و خه‌ڵکی ماکالابریا ی باشووری ئیتالیا بوو ، به‌ڵام، له مۆنتێ کارلۆ ده‌ژیا، له مۆنتێ کارلۆ چاویان به یه‌کتر که‌وت. پاش شه‌ش حه‌وت مانگ زه‌واجیان کرد. له ڕۆمێ زه‌واجیان کرد و چه‌ند مانگان له‌وێ ژیان . شه‌ریف پاشا له گه‌ڵیان چوو بۆ ڕۆمێ بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ کچه خۆشه‌ویسته‌که‌ی و زاواکه‌ی بژی.دوایه مه‌له‌که و مێرده‌که‌ی چوونه کاتانزارۆ شارێکی پچووک له باشووری ئیتالیا له کالابریا و شه‌ریف پاشا دوایین ساڵانی ژیانی خۆی له وێ ژیا . ئه‌و له کاتانزارۆ کۆچی دوایی کرد.
قازی : باشه ! وابزانم شه‌ریف پاشا نامه‌ی نووسیبوو بۆ مۆسۆلینی. وابزانم ئێوه کارتان له سه‌ر کردووه. له‌و نامانه‌دا ده‌ڵێ چی ؟
گاڵێتی : ببووره ، ئه‌من له بیرم چوو باسی ئه‌وه بکه‌م . بیرم له ژیانی بنه‌ماڵه‌یی وی ده‌کرده‌وه، نه‌ک له چالاکییه سیاسییه‌کانی. له ڕاستیدا ئه‌و له ساڵانی 30 و سه‌ره‌تای چله‌کاندا هیچ چالاکییه‌کی به نێوی کوردان نه‌بوو. له ساڵی 1942 دا دوو نامه‌ی نووسی بۆ بێنیتوو مۆسۆلینی که ئه‌وزه‌مانی سه‌رۆکی ئیتالیا بوو. داوای لێکرد بیر له‌کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ بکاته‌وه و پێشنیاری کرد خهدێوی میسر به پادشای کوردستان دابندرێ . ئه‌وه نیشان ده‌دا که شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی وی ئی سه‌رده‌مای ئیمپراتۆری عوسمانی بووه. ئه‌و سه‌ر به سه‌ده‌ی بیسته‌م نه‌بوو و وه‌ک کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م بیری ده‌کرده‌وه. فکری ئه‌وه بوو خهدێوێکی بێگانه‌ی میسری بێ و وه‌کوو پادشای کوردستان له سه‌ر ته‌ختی شایه‌تی دانیشێ.
قازی: له سه‌ر دوایین ساڵانی ژیانی چه‌نده ده‌زانی ؟
گالێتی : ئه‌رێ ! ئه‌و له گه‌ڵ کچه‌که‌ی و زاواکه‌ی چووه کاتانزارۆ و له‌وێ ژیانێکی هێوری به سه‌ر برد.وه‌زعی له‌شساخی باش بوو و له ته‌مه‌نی 86 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد . نه‌وه‌که‌ی خۆی زۆر خۆش ده‌ویست که کچێکی پچکۆڵانهی پیتۆڵه بوو.
قازی : باشه ! لێره وێنه‌یه‌ک هه‌یه که گۆڕی شه‌ریف پاشا نێشان ده‌دا و له سه‌ری نووسراوه ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا. ئه‌و له کوێ نێژراوه ؟
گالێتی : ئه‌من که‌متر له مانگێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌م هه‌ڵگرتووه، ئه‌وه قه‌بری شه‌ریف پاشانییه ، به‌ردێکه بۆ بیره‌وه‌ری وی له گۆڕستانی کاتانزارۆ.به‌ڵام ته‌رمه‌که‌ی له‌و گۆڕه دا نییه . نه‌وه‌کانی ده‌ڵێن ته‌رمه‌که‌ی براوه‌ته‌وه بۆ میسر. ڕه‌نگه له قاهیره یان شوێنێکی دیکه له میسر نێژرابێ. کچه‌که‌ی مه‌له‌که له ساڵی 1972 دا مردووه و نه‌وه و نه‌تیجه‌کانی سه‌رده‌می باپیری خۆیان وهبیرنایه. من پرسیارم کرد گه‌لۆ کاغه‌زێک ، شتێکی له پاش به جێ ماوه و ئه‌وانه ماون ؟ ئه‌وان له ماڵه خۆیاندا هیچیان له سه‌ر وی نییه .
قازی : هیچ ئاگادارییه‌ک سه‌باره‌ت به کتێبه‌کانی، شته‌کانی به ده‌سته‌وه نییه ؟
گالێتی : ته‌قریبه‌ن هیچ به ده‌سته‌وه نییه. من پرسیم ، ته‌نێ چه‌ند وێنه هه‌نه. ئه‌وان چه‌ندین جار ماڵیان گوێستووهتهوه. له ساڵ دا ماوه‌یه‌ک له مۆنتێ کارلۆ و ماوه‌یه‌ک له باشووری ئیتالیا ده‌ژین .
قازی : ڕێزدار گالێتی ئێستا بابێینه سه‌ر ئه‌و کارانه‌ی له‌م سه‌رده‌مه دا ئیتالیایی له سه‌ر کورد نووسیویانه، له‌وانه کاره‌کانی خۆشتان ، [ کتێبێک نیشان ده‌ده‌م ؛ باسی ئه‌و کتێبه‌مان کرد : مێژووی کورد ] و زانای دیکه‌ی ئیتالیایی له‌مه‌ڕ کوردۆلۆژی و سه‌باره‌ت به ژیانی کوردان !
گالێتی: ئه‌وه‌ی که سرنجی منی زۆر ڕاكێشاوه پێوه‌ندی نێوان ئیتالیا و کوردستان بووه و هه‌روه‌ها مێژووی کورد. بۆیه هه‌موو تێکۆشانه‌کانی من له‌و به‌ستێنه دان. ده‌توانم بڵێم له ده ساڵی ڕابردوو دا هێندێک قووڵتری بۆ چووم ، نه‌ک هه‌ر له سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ، به‌ڵکوو له سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگه نا کوردییانه‌ش که له کوردستان ژیاون و ده‌ژین کارم کردووه .
قازی : مه‌به‌ستتان مه‌سیحییه‌کانه !
گالێتی : ئه‌رێ ! گرینگه باس بکرێ که کوردان گرووپی هه‌ره گه‌وره‌نه که له کوردستاندا ده‌ژین. به‌ڵام ته‌نیا گرووپ نین، بۆیه سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ش ده‌نووسم، که ته‌قریبه‌ن پێی نه‌زاندراوه. ده‌مه‌وێ نیشان بده‌م له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو دا کوردستان چ ئاڵووگۆڕێکی به‌خۆیه‌وه دیوه . ئه‌من کتێبێکی زۆر چاوڕاکێشم دۆزیوه‌ته‌وه که به قه‌ڵه‌می ئه‌لێکساندرۆ دێ بیانکی نووسراوه. ئه‌و له سالێ 1855 ، 1856 ئیتالیای به جێ هێشت و بوو به ئه‌فسه‌ر له ئه‌رته‌شی عوسمانی‌دا.فێری ترکی بوو ، و له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ر بوو له ئه‌رته‌شی عوسمانی‌دا ، به هه‌موو ئه‌رمه‌نستان و کوردستان دا گه‌ڕا و دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئیتالیا له ساڵی 1860 دا گه‌ڕایه‌وه ئیتالیا و له ساڵی 1863 دا کتێبێکی زۆر چاوڕاکێشی بڵاو کرده‌وه: " سه‌فه‌ر به ئه‌رمه‌نستان، کوردستان و لازستان دا " . من ئێستا ئه‌و کتێبه‌م به ده‌سته‌وه‌یه و ده‌مه‌وێ دیسان چاپی بکه‌مه‌وه.
قازی : نێوه‌رۆکی کتێبه‌که چییه ؟
گالێتی : گێڕانه‌وه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌یه له‌و هه‌ڕیمانه : له ئه‌رمه‌نستان ، کوردستان. ئه‌و باسی شێوازی خانوو و ماڵان ده‌کا. باسی چلۆنایه‌تی سازکردن و پێکه‌وه‌نانیان ده‌کا. باسی قلیان کێشان و توتن ده‌کا. ژیانی ڕۆژانه له کوردستان و ئه‌رمه‌نستان، بارودۆخی ژنان . ئه‌و باسێکی زۆر ده‌کا سه‌باره‌ت به ئه‌سپی کوردی. بۆ کۆنینه ناسێک ئه‌وه دۆزینه‌وه‌یه‌که ، چونکوو له‌و کتێبه‌دا باسی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌کرێ که هه‌نووکه به‌و شێوه‌یه نه‌ماوه. وه‌ک ده‌زانین له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کوردستان که‌وته به‌ر کۆمه‌ڵ کوژی . له‌و جوگرافیایه‌دا هه‌رمه‌نی ژێنۆسید کران له ساڵی 1915، دوایه کوشتوبڕی ئاسۆری، سوریانی و کلدانییه‌کان ، و دوایه قهتڵووبڕی کوردان و دوایه ئه‌و ڕاستییه‌ی که جووله‌که‌کان کوردستانیان به‌جێ هێشت.
قازی : باشه کتێبی دیکه چ نووسراوه ؟
گالێتی : زانایه‌کی دیکه هه‌یه ، ئێستا ئه‌من لێی ده‌کۆڵمه‌وه ئه‌ویش کارلۆ کییاری یه. ئه‌و خه‌ڵکی باکووری ئیتالیا بوو وه‌کوو پشنکهری گوومرگ چووه ئێرانێ و نزیکه‌ی 40، 45 ساڵ له ورمێ ژیا. له ساڵی 1946 دا کتێبێکی بڵاو کرده‌وه سه‌باره‌ت به ژیانی خۆی، سه‌باره‌ت به ژیانی ڕۆژانه‌ی . ئه‌و له ورمێ له گه‌ڵ کچێکی ئاسۆری زه‌واجی کرد و دوو کچیان هه‌یه . ئه‌وه‌ش گرینگه، چونکوو کییاری زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی ده‌زانی و نزیکه‌ی نیو سه‌ده له‌وێ ژیا ، بۆیه ئه‌و به خۆیدا دهپهڕموو باسی ژیانی ڕۆژانه له‌وێ بکا و بیگێڕێته‌وه.
قازی: ئه‌ی له سه‌روبه‌ندی تازه‌تر دا هیچ کتێب له سه‌ر کوردان بڵاو بووه‌ته‌وه ؟
گالێتی: ده‌توانین بڵێین تا ساڵانی 90ی سه‌ده‌ی بیسته‌م هیچ کتێبێکی ئه‌وتۆ نییه. به‌ڵام له ساڵانی 90 دا زۆربه‌ی کتێبه‌کان ، کتێبی به په‌له نووسراون، چه‌ند وێنه‌یه‌ک وچه‌ند ڕسته، ناکرێ بڵێین گرینگن. زۆربه‌یان کتێبی ژورنالیستین . له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه کتێبێکی ئه‌وتۆ نییه.
قازی: باشه ! ڕێزدار دوکتور گالێتی ، به‌و لێکۆڵێنه‌وانه‌ی له مه‌ڕ کولتووری کوردی کردووتانه ، و خۆشت وه‌کوو خانمێکی ئیتالیایی له شارێکی وه‌کوو بۆلۆنیا ده‌ژی که خاوه‌ن قورساییه‌کی زۆره له کولتووری ئیتالیا دا ، به بۆچوونی ئێوه وه‌یه‌کچوونه‌کانی نێوان کولتووری ئیتالیایی و کولتووری کوردی کامانه‌ن ؟
گالێتی : به شێوه‌یه‌ک جۆره موشکیله‌یه‌ک بۆ هه‌ردوو لا هه‌یه. بۆ کوردان و بۆ ئیتالیاییان . ئێمه له ژێر ده‌سته‌ڵاتی جیاواز دابووین ، تا ئێستاش کاردانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه له ژیانی ڕۆژانه‌مان دا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه.مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه بڵێم فرانسه‌یی و سپانیایی له باشووری ئیتالیا بوون و ئوتریشییه‌کان له باکووری ئیتالیا بوون . ته‌نانه‌ت هه‌نووکه‌ش دوای سه‌ده‌ونیوێک هه‌ست ده‌که‌ین جۆره جیاوازییه‌ک له مێژووی هاوبه‌شی ئیتالیا دا هه‌بێ . ئه‌من پێم وایه کوردانیش هه‌ر هه‌مان گرفتیان هه‌یه. چونکوو کوردستان له لایه‌ن عه‌ڕه‌بان و ترکان و به ڕاده‌یه‌کی که‌متر له لایه‌ن ئێرانییانه‌وه به کۆلۆنی کراوه. بۆیه مرۆ تووشی کولتوورێک دێ که بۆ هه‌موو کوردان کولتوورێکی هاوبه‌ش نییه.کوردان به پێی ئه‌وه‌ی که له کامه وڵات دا ده‌ژین ده‌بێ ترکی، عه‌ڕه‌بی یان فارسی فێر بن . له به‌رئه‌وه وه‌یه‌کچوون زۆره. کوردستان و ئیتالیا ژماره‌یه‌کی زۆر تایبه‌تمه‌ندی له مه‌ڕ خۆیان هه‌یه. له کۆن دا له ئیتالیا حکوومه‌تێکی نێوه‌ندی نه‌بووه. بۆیه ئێمه ئێستاش هه‌ست ده‌که‌ین سه‌ر به‌و شاره‌ی بین لێوه‌ی دێین تا ئه‌وه‌ی که سه‌ر به‌و وڵاته‌ی بین که شاروومه‌ندی ئه‌وێین!
قازی : باشه! کێهه لایه‌نی ئه‌و کولتوورانه، ده‌بێ زیاتر زه‌ق بکرێنه‌وه ، زیاتر جه‌ختیان له سه‌ر بکرێ ؟ بۆ ئه‌وه‌ی که ته‌فاهوم و له یه‌ک تێگه‌یشتن و هه‌ستی هاوپێوه‌ندی له نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه دا زیاتر بکرێ ؟
گالێتی : هێندێک جیاوازی هه‌یه. له زمانی ئیتالیایی دا ئێمه دانتێ مان هه‌یه که کۆمێدیای نووسی و ده‌کرێ بڵێم ته‌نانه‌ت ئێستاش هه‌موو ئیتالیاییه‌ک لێی تێده‌گا. بۆ کوردان مهم و زین ئه‌و گرینگییه‌ی هه‌یه، بۆ کولتووری کوردی مهم و زین ئه‌و گرینگییه‌ی هه‌یه ؛ به‌ڵام شاعیری گه‌وره ههژارناچار بوو له کرمانجییه‌وه بیکاته سۆرانی.ئه‌من پێم وایه له‌و باره‌یه‌وه جیاوازی هه‌یه. موشکیله‌ی زمان.
قازی: باشه چ لایه‌نێک ده‌بێ جه‌ختی له سه‌ر بکرێ بۆ پێک هاتنی ته‌فاهومی زیاتر له نێوان هه‌ر دووک گه‌ل دا ؟
گالێتی : ئه‌من پێم وایه هه‌ر دووک گه‌ل ، هه‌ر دووک لامان ته‌بیعه‌ت و خۆزامان زۆر خۆش ده‌وێ ، خۆشه‌ویستیمان زۆره بۆ ژن و به تایبه‌تی ته‌بیعه‌ت و خۆڕسک. له‌وباوه‌ڕه‌دام زۆر مرخ و مه‌یلی هاوبه‌شمان هه‌یه. کاتێک مهم و زین ده‌خوێنینه‌وه هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ی که ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی تێدا ده‌گێڕدرێته‌وه سه‌ر به جیهانی ئێمه‌شه. وابزانم دوو دنیای ئێمه زۆر له یه‌کتری جیاواز نین.
قازی : ڕێزدار دوکتور گالێتی ، ئێمه ده‌زانین که به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئوێجاڵان له ساڵی 1998 دا له سوورییه‌وه هاته ئیتالیا و کوردیش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که له‌وێ حکوومه‌تی ئیتالیا ئیجازه‌ی مانه‌وه‌ی سیاسی بداتێ.
به‌ڵام وه‌ک ده‌زانین ئه‌وه نه‌کرا، به‌ڕێزیان ئیالیای به جێهێشت و دوایه به ئاوایه‌کی تاوانکارانه له کێنیاوه ڕفێندرا و بردراوه ترکییه که ئه‌وه دلێ کوردانی زۆر ئێشاند. پێم خۆش بوو بزانم ئێوه وه‌کوو لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ک کاردانه‌وه‌ی بوونی ئوێجاڵان له ئیتالیا، ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌کی کورتیش بووبێ له سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ئیتالیا له‌پێوه‌ندی له گه‌ڵ دۆزی کورد دا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن ؟
گالێتی : کاتێک ڕێزدارئوێجاڵان هات بۆ ئیتالیا ، ده‌توانم بڵێم ئیتالیاییان مه‌سه‌له‌ی کوردیان بۆ ده‌رکه‌وت، بۆیان که‌شف بوو. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که بوونی وی له ئیتالیا کێشه‌ی زۆری بۆ سیاسه‌تی ڕه‌سمی ئیتالیا سازکرد. وه‌ک ده‌زانین ئیتالیا سه‌ر به ڕۆژئاوایه و پێوه‌ندییه‌کی نزیکی هه‌یه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. له‌و پێوه‌ندییه دا به ڕاستی ناکرێ باسی سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی ئیتالیا بکرێ، واشنگتن به سه‌ر هه‌موو لایه‌نی ژیانی ئێمه دا زاڵه. وه‌ک ده‌زانین ئه‌وده‌می واشنگتن پێوه‌ندییه‌کی زۆر نزیکی له گه‌ڵ ترکییه هه‌بوو. ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که ئیتالیا نه‌یده‌توانی هیچ شتێک به دژی سیاسه‌تی ترکییه بکا.
قازی : ئه‌من زیاتر مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو که بهڕێزئوێجالان چ ته‌ئسیرێکی بووه له سه‌ر روح و ڕه‌وانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ئیتالیا ؟
گالێتی : کاتێک ڕێزدار ئوێجاڵان هات بۆ ئیتالیا ، چاپه‌مه‌نی ئیتالیا ، ڕۆژنامه، ڕادیۆ ، تێلێڤیزیۆن هه‌موویان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفره‌وان باسی کێشه‌ی کوردیان ده‌کرد به تایبه‌تی بارودۆخی کوردی ترکییه، کوردی باکووری کوردستان. یه‌که‌م کاردانه‌وه‌کان زۆر باش بوون ، به‌ڵام ده‌زاندرێ دوایه کێشه‌یه‌کی زۆر له گه‌ڵ ترکییه ساز بوو، ترکییه گوشارێکی زۆری خسته سه‌ر ئیتالیا ، له سه‌ره‌تاوه خه‌ڵک به ده‌نگه‌وه هاتن ، به‌ڵام دواتر که ترکییه هه‌ڕه‌شه‌ی له ئیتالیا کرد و گه‌مارۆی له سه‌ر به‌رهه‌می ئیتالیایی دانا، ئیدی خه‌ڵکیش ئه‌و دڵگه‌رمییه‌ی پێشوویان نه‌ما بۆ بوونی ڕێزدار ئوێجاڵان له وڵاتی ئێمه دا. بۆیه حکوومه‌ت داوای لێکرد ئیتالیا به جێ بهێڵێ.
قازی: باشه، ڕێزدار گاڵێتی باسی تێکه‌ڵاویی کوردان و ئیتالیاییهکانمان کرد. دوای ڕووخانی رێژیمی سه‌دام حوسێن و ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌مریکا له عێراق و بوونی ئه‌مریکا له باشووری کوردستان ، له‌و پێوه‌ندییه دا ده‌وری ئیتالیا چییه ؟ گه‌لۆ ئیتالیایی له باشوور هه‌نه ؟
گالێتی : ده‌کرێ بڵێین دوای دامه‌زرانی هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراق له لایه‌ن ئیتالیاوه هێندێک یارمه‌تی کراوه به باشووری کوردستان. وابزانم له ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ ئیتالیایی هێندێک خوێندنگه‌یان ساز کردووه ، له سلێمانی و ناوچه‌ی دیکه‌ش له باشووری کوردستان. ئه‌وه خه‌ڵکی دڵخوازن که ده‌چنه ئه‌وێ و سه‌رچاوه‌ی داراییان ، ئه‌و دراوه‌یه که له لایه‌ن یه‌کێتی ئوڕووپاوه ده‌درێ به‌و ڕێکخستنه ئیتالیاییانه بۆ یارمه‌تیدانی کوردی عێراق. له دووساڵی ڕابردوو دا نزیکه‌ی 3000 سه‌ربازی ئیتالیایی له ناسرییه له باشووری عێراق به‌جێ کراون. ئه‌وه‌ش جۆره‌یه‌ک ئاماده‌یی و هه‌بوونی ئیتالیاییانه له عێراق دا ، و مانای یارمه‌تیدان به کوردانیشی تێدا ده‌خوێندرێته‌وه. ده‌مه‌وێ ئه‌مه‌ش وه‌بیر بخه‌مه‌وه که له سه‌رده‌مێکی زۆر توف و ناخۆش له مێژووی کوردی عێراق دا، کاتێک ئه‌وان به‌ره‌و سنووری ترکییه و ئێران به‌کۆمه‌ڵ کؤچیان ده‌کرد ، ئه‌رته‌شی ئیتالیا له زاخۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی دروست کرد. ئه‌وه له ساڵانی 91، 92 دا بوو . پێم وایه ئه‌وه کارێکی باش بوو و خزمه‌تی خۆی کرد.
قازی : له ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه مه‌سه‌له‌ی کورد به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوا ؟ چۆن جێ به جێ ده‌بێ ؟ ناسنامه‌ی سیاسی کورد چلۆن داده‌مه‌زرێ ، له ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه که به‌ساڵان هێز و وزه‌ی خۆتان بۆ لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دانه‌وه و ئێستا به‌شێک له کاره‌کانتان له سه‌ر ئه‌م مێزه ده‌بینین .
گالێتی : ئه‌من وای بۆ ده‌چم ئێستا هه‌بوونی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ نالوێ. ئه‌من پێم وایه ته‌نیا چاره‌سه‌ری ، چاره‌سه‌رییه‌کی هه‌ڕێمی یه. من باسی ئێستا ده‌که‌م، باسی دابێ ناکه‌م. ئه‌م دۆزه به زۆر فاکتۆرانه‌وه و له‌وانه هه‌ڵوێستی دراوسێیه‌کانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. ڵه‌م قۆناخه پێم وایه کوردان ده‌بێ خاوه‌نی فێدراسیۆن و ده‌ره‌جه‌یه‌کی به‌ربڵاوی ئۆتۆنۆمی بن ده چوارچێوه‌ی هه‌ر کام له‌و وڵاتانه‌ی دا که تێیاندا ده‌ژین. ئه‌من سیاسه‌تی ئێستای کورده‌کانی عێراق زۆر به مه‌عقوول داده‌نێم که داوخوازی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ناکه‌ن ، به‌ڵام زۆر به توندی سوورن له سه‌ر پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ، واته ئۆتۆنۆمی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له چوارچێوه‌ی عێراق دا. به‌لای منه‌وه وشه و قسه گرینگ نینه. ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه که مرۆ له ڕاستی دا هه‌یه‌تی . زه‌عمه‌ته مه‌سه‌له‌ی کورد له هه‌ر چوار به‌شی کوردستان هاوکات چاره سه‌ر بکرێ . ثێم وایه ئێستا کورده‌کانی عێراق ده‌رفه‌تێکی مێژووییان به ده‌ست هێناوه بۆ هه‌بوونی ئۆتۆنۆمییه‌کی پته‌وی ڕاسته‌قینه. بۆیه گرینگیشه له به‌غدا هه‌تا ده‌کرێ وزیری زیاتریان هه‌بێ.
قازی : ڕێزدار گالێتی ورده ورده کاتی به‌رنامه‌که‌مان ته‌واو ده‌بێ، ئه‌من لێره کتێبێکتان ده‌بینم که تێیدا هێندێک شێعر و چیرۆکی منداڵانی کوردیتان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئیتالیایی ، و هێندێک له شێعری شاعیرانی کلاسیکی کوردیشتان به هاوکاری هاوکارانی کوردتان وه‌رگێڕاوه. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ له‌دوایی دا به‌یه‌که‌وه شێعرێکی پیره‌مێرد بخوێنینه‌وه. ئه‌من کوردییه‌که‌ی ده‌خوێنمه‌وه ، ئێوه‌ش ئیتالیاییه‌که‌ی.
[ ئه‌و ڕۆژی ساڵه‌یه نه‌ورۆزه هاته‌وه .... به کوردی و ئیتالیایی ده‌خوێندرێته‌وه ]
قازی : زۆر سپاس ڕێزدار گالێتی بۆ به‌شداریتان له به‌رنامه‌ی ڕوانگه و هاتنتان بۆ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ
گالێتی : ئه‌منیش سپاستان ده‌که‌م بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته. هه‌ر ڕاوه‌ستاو بی.
2 comments:
بژی کاکه گیان، به ڕستی بابه‌تی چاک بوو.
"ئاسۆرییه‌کان ، کلدانییه‌کان، سوریانی ئۆرتۆدۆکس ، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌کی دی."
ئه‌وه چه‌ند جاره ده نووسراوه‌کانت دا ده‌بینم "وه‌کی دی" به هه‌ڵه به کار دێنی! "وه‌کی دی" ده‌ربڕینێکه که به مانای "به شێویه‌کی دی / به بارێکی دی دا" به کار دێ: ده‌ڵێن "وه‌کی دی چۆنی؟"، به‌ڵام جه‌نابت به مانای "ئی دیکه / ئه‌وانی دی" به‌کاری دێنی!
خێرت ده‌گاتێ ئه‌گه‌ر له‌م خاڵه گرینگانه‌ی زمان زیاتر ورد بییه‌وه! باسی ئه‌و وشانه‌ش ناکه‌م کهدایاندهتاشی و به حه‌وت پشتان ناچنه‌وه سه‌ر کوردی و داڕشتنی کوردی! بۆ وێنه وشه‌ی "ڕاهێزاندن" له چه‌ند پۆست له‌مه‌و به‌رت دا.
هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بی و ماڵاوا!
Post a Comment