موکریان ده‌ڵێ " وه‌کی دی " وا نییه که تۆ ده‌یڵێی
موکریان ده‌ڵێ .....
"ئاسورییه‌کان، کلدانییه‌کان، سوریانی ئۆرتۆدۆکس، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌کی دی "
ئه‌وه چه‌ند جاره دهنووسراوهکانت دا ده‌بینم "وه‌کی دی" به هه‌ڵه به‌کاردێنی! " وه‌کی دی" ده‌ربڕینێکه که به مانای "به شێوه‌یه‌کی دی/به بارێکی دی دا" به کار دێ.ده‌ڵێن:" وه‌کی دی چۆنی؟" به‌ڵام جه‌نابت به مانای "ئی دیکه/ئه‌وانی دی "به کار دێنی !
خێرت ده‌گاتێ ئه‌گه‌ر له‌م خاڵه گرینگانه‌ی زمان زیاتر ورد بییه‌وه! باسی ئه‌و وشانه‌ش ناکه‌م که دایانده‌تاشی و به حه‌وت پشتان ناچنه‌وه سه‌ر کوردی و داڕشتنی کوردی! بۆ وێنه وشه‌ی "ڕاهێزاندن" له چه‌ند پۆست له‌مه‌و به‌رت دا!
هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بی و ماڵاوا
10 April 2007 o6:44
به‌ڕێز موکریان !
زۆر سپاست ده‌که‌م بۆ سه‌ردانی ڕوانگه و کات ته‌رخان کردنت بۆ خوێندنه‌وه‌ی نێوه‌رۆکی ڕوانگه. له مه‌ڕ بۆچوونت سه‌باره‌ت به مانای "وه‌کی دی" که وات داناوه ئه‌من به هه‌ڵه ده‌کارم هێنابێ پێم خۆش بوو سه‌رنجت ڕابکێشم بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و مانایه له دوو فه‌رهه‌نگی کوردی دا که له‌کاتی نووسینی ئه‌م دێڕانه دا له به‌رده‌ستم دان.
هه‌نبانه بۆرینه
وه‌کی : 1) وه‌ک؛ 2)هه‌رکات؛ 3)ئه‌گه‌ر،هه‌گه‌ر ف 1)نگا : وه‌ک، 2)هرگاه؛ 3)اگر
کوردستان (گیوی موکریانی)
وه‌کی: وه‌ختێکی، که ، وه‌کوو، کاتێک ، ده‌مێکی
که وابوو به پاڵپشتی ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه ده‌ربڕینی "وه‌کی دی " به‌ومانایه‌ی که ئه‌من له ڕسته‌ی " ئاسۆرییه‌کان، کلدانییه‌کان ، سوریانی ئۆرتۆدۆکس ، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌کی دی " ده‌کارم کردووه هه‌ڵه نییه. تکایه جێگۆڕکێ به‌و ده‌ربڕینه له گه‌ڵ ئه‌و وشانه‌ی له فه‌رهه‌نگه کان دان بکه ، ئه‌وده‌می قسه‌که ڕوونتر ده‌بێته‌وه.
"ئاسۆرییه‌کان ، کلدانییه‌کان ، سوریانی ئۆرتۆدۆکس، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌ک دی "
یان
" ئاسۆرییه‌کان ، کلدانییه‌کان ، سوریانی ئۆرتۆدۆکس ، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌کوو دی "
وه‌کی دی! ئه‌و مانایه‌ش که ئێوه هێماتان پێکردووه ته‌واو به جێ یه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که وشه و ده‌ربرێن ده‌کرێ فره مانا بن.
نووسیوتانه : " باسی ئه‌و وشانه‌ش ناکه‌م که دایانده‌تاشی و به حه‌وت پشتان ناچنه‌وه سه‌ر کوردی و داڕشتنی کوردی ! بۆ وێنه وشه‌ی " ڕاهێزاندن " له چه‌ند پۆست له‌مه‌وبه‌رت دا"
زۆرم پێ خۆش ده‌بوو لیسته‌یه‌کم له‌و وشه و ده‌ربڕینانه بۆ بنووسی، به‌ڵام به‌داخه‌وه
ئه‌وه‌ی وه‌کوو نموونه باست کردووه نه‌ک هه‌ر لێی وردنهبوویهوه، به‌ڵکوو ئه‌من ئه‌و بۆچوونه به دڕدۆنگی ده‌زانم له ئاست ده‌ره‌تانی زمانی کوردی بۆ ڕۆنانی مانای نوێ.
یه‌که‌م . ئه‌من ئه‌م چاوگهم دانه‌تاشیوه، به‌ڵکوو زمانزانی نه‌مر مه‌سعوود محه‌مه‌د و به دوی وی‌دا چه‌ند نووسه‌ر و وه‌رگێڕێک ده‌کاریان هێناوه. مه سعوود محه‌مه‌د ئه‌و "داتاشینه"
ڕێک وپێکه‌ی شی کردووه‌ته‌وه.
ڵه زمانی کوردی‌دا ؛ له زۆربه‌ی شێوازه‌کاندا ، به یارمه‌تی [ لێره دا پێشگری "ڕا" و "دا" ]
ده‌کرێ مانای نوێ ده‌رببڕدرێ.
ئه‌گه‌ر که‌سێک ماندوو بێ ده‌ڵێ داهێزاوم واته هێزم که‌م بووه‌ته‌وه، هێزم له به‌ر دا نه‌ماوه.
به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که پێشگری "ڕا" به پێی بۆچوونی زمانی دۆخی به‌رزبوونه‌وه‌ی
تێده‌خوێندرێته‌وه که واته ئه‌گه‌ر به قیاس بگیرێ و له هێز لێکبدرێ ده‌توانێ مانای پێچه‌وانه‌ی " داهێزان " بدا ، که وابوو " ڕاهێزان" ته‌واو به پێستی خۆیه‌تی و له دۆخی
ترانزیتیڤ (تێپه‌ڕ) دا ده‌بێ به ڕاهێزاندن به مانای تهقویهتکردن و به‌هێز کردن. من ئه‌و ده‌ربڕینه‌م بۆ وه‌رگێڕانی " سترێنگثن " ده‌کار کردووه.
هیوادارم پێوه‌ندیت نه‌پچڕی و ئه‌م دیالۆگه زمانییه درێژه پێبده‌ین و ئه‌گه‌ر سه‌رلێده‌رانی دیکه‌ش مرخی باس و خواسی ئه‌وتۆیان هه‌بێ ئه‌وانیش به‌شداری بکه‌ن.
هه‌ر بژی،
حه‌سه‌نی قازی
2007-04-10
1 comment:
سڵاو به‌ڕێزم!
ئه‌و دوو سه‌رچاوانه‌ی ئاماژه‌ت پێکردوون من به سه‌رچاوه‌یه‌کی جێ متمانه‌یان نازانم. هه‌ردووک سه‌رچاوه ده‌کرێ به ئاواڵدووانه دابندرێن و هه‌ردووکیشیان زۆر بازاڕییانه و نازانستییانه داڕێژراون و ناکرێ له بواری زمانناسیدا زۆریان پشت پێ ببه‌سترێ. [بۆیه‌ش به‌و دوو سه‌رچاوانه‌ت ده‌ڵێم "ئاواڵدووانه" چونکه به وته‌ی "کوردستان موکریانی"، "هه‌نبانه‌بۆرینه" هه‌ر "کوردستان"ه‌که‌ی "گیوی موکریانی"یه و کاتی خۆی که "گیو" ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی داوه به کۆڕی زانیاری، بۆیان چاپ نه‌کردووه و نه‌شیانداوه‌ته‌وه! "هه‌ژار"، که ئه‌وده‌م له کۆڕی زانیاری کاری کردووه ئه‌و نوسخه‌یه‌ی هه‌ڵگرتووه و له ئاکامدا به هێندێک ئاڵوگۆڕه‌وه کردوویه به "هه‌نبانه‌بۆرینه"! به‌ڵام ئه‌وه هه‌ویرێکه و ئاوی زۆر ده‌وێ، جارێ لێره ناشێلدرێ. هه‌ر وه‌ک تێبینییه‌ک ده‌کرێ له‌به‌ر چاو بگیرێ.]
جا ته‌نانه‌ت به پێی ئه‌و دوو سه‌رچاوانه‌ش ئه‌گه‌ر له ده‌ربڕینه‌که‌ت ورد بینه‌وه، به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ که جه‌نابت به هه‌ڵه به کارت هێناوه. ده هیچکام له‌و سه‌رچاوانه دا شتێک نابیندرێ که بۆچوونه‌که‌ی جه‌نابت بسه‌لمێنێ! جه‌نابت "وه‌کی دی" به مانای "و غیره"ی فارسی به کار دێنی که ده کوردی دا یان "هتد"ی له جێ داده‌نێن که کورتکراوه‌ی "هه‌تا دوایی"یه، یان ده‌ڵێن "ئه‌وانی دی / ئیدیکه(هی تر)،...". ڕاسته ده‌ربڕینێک ده‌کرێ چه‌ند مانای هه‌بێ، به‌ڵام دێره دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی جه‌نابت له‌به‌ر چاوته ئه‌وه‌ی به کارت هێناوه پڕ به پێست نییه. "وه‌ک" زۆرتر بۆ شوبهاندنی شتێک به شتێکی دی به‌کار دێ؛ ناکرێ بڵێی "سوور و سپی و شین و وه‌کی دی"! له کوێ شتی وات بیستووه؟! ده‌کرێ بڵێی "سوور و سپی و شین و ڕه‌نگه‌کانی دی" یان "ئه‌وانی دی"، یان "هتد". به پێی ویستی جه‌نابت ئه‌گه‌ر جێگۆڕکێش به وشه‌کانی نێو ئه‌و دوو فه‌رهه‌نگه بکه‌ی و ده‌گه‌ڵ ده‌ربڕینه‌که‌ت پێکیان بگری نه‌ک هه‌ر هیچ ڕوون نابێته‌وه به‌ڵکوو شتێکی وای لێ ده‌رده‌چێ که فڕی به سه‌ر کوردییه‌وه نابێ! ئه‌وه کوێی کوردییه: "ئاسۆرییه‌کان، کلدانییه‌کان، سوریانی ئۆرتۆدۆکس، نه‌ستوورییه‌کان و وه‌ک دی"؟!
سه‌باره‌ت به داتاشینی وشان: من زۆر وشه‌م لێ دیوی که ناله‌بار داتاشراون. چونکه پێموابووه ئه‌و هه‌ویره‌ش ئاوی زۆر ده‌وێ و له‌وانه‌یه مه‌ودا بۆ شێلانی نه‌بێ لیستم لێ ساز نه‌کردوون. ڕه‌نگه له داهاتوو دا ئه‌وه‌ش بکه‌م.
ئه‌من له ئاست ده‌ره‌تانی زمانی کوردی بۆ ڕۆنانی مانای نوێ دڕدۆنگ نیم، به‌ڵام له ئاست به‌کارهێنه‌رانی زمانی کوردی‌دا دڕدۆنگم. کاتێک له زمانی کوردی باشووری کوردستان ورد بییه‌وه ده‌زانی ده‌ڵێم چی. ئه‌وه‌ی له‌وێ قسه‌ی پێده‌کرێ و پێی ده‌نووسرێ فڕی به سه‌ر زمانی کوردییه‌وه نییه و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ده‌زانم له سه‌ر زمانی کوردی. ئه‌وان "زمان‌زان"ی وه‌ک مه‌سعوود محه‌ممه‌دیشیان هه‌بووه که ئاوایان به‌سه‌ر هاتووه! یان له‌وانه‌شه هه‌ر ئه‌و زمانزانانهیان بناغه‌ی زمانێکی ئاوا سهقتیان بۆ داڕشتبن! با دوور نه‌ڕۆین، هه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌د ده‌ینووسی ده‌بوو لانی که‌م سێ جاری بخوێنییه‌وه هه‌تا تێی بگه‌ی! وشه‌کان کوردی بوون به‌ڵام داڕشتنه‌که کوردی نه‌بوو! جا جه‌نابت که له زمان دا وا ورد بینی نابێ خێرا هه‌رچی بیستت و خوێندته‌وه بیقوازییه‌وه و به کاری بێنی! به تایبه‌ت ئێستا که له شوێنێکی گرینگ کار ده‌که‌ی و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بێ، له‌وانه‌یه وا جێ بگرێ ببێته نه‌قڵی "بهروار"ی زه‌بیحی و به که‌س ڕاست نه‌کرێته‌وه. بۆیه له جێی وا دا ده‌بێ زیاتر هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی بکرێ.
ئه‌گه‌ر مه‌سعوود محه‌ممه‌د گوتبێتی "له زمانی کوردی‌دا، له زۆربه‌ی شێوازه‌کاندا، به یارمه‌تی پێشگری "ڕا" و "دا" ده‌کرێ مانای نوێ ده‌رببڕدرێ."، نابێ وای دابنێی که هه‌رچی وه‌به‌ر ده‌ستت هات پێشگرێکی وای پێوه بلکێنی و بڵێی پڕ به پێستێتی! ده‌بێ ئه‌وه‌ت له‌به‌ر چاو بێ که ئه‌و پێشگرانه، به پێی قانوون و ڕێسایه‌ک، له جێی خۆیاندا به کار دێن، نه‌ک له گۆتره و به شێوه‌یه‌کی گشتی له هه‌موو شوێنێک. ناکرێ به پێی ئیشتیا به که‌له‌که‌ی هه‌موو چاوگێکه‌وه بلکێندرێن.
ڕاسته جاری وایه پێشگری "ڕا" دۆخی به‌رزبوونه‌وه‌ی تێده‌خوێندرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ هه‌موو چاوگێک نالوێ. ناکرێ له به‌رامبه‌ر "داهێزان" دا بڵێی "ڕاهێزان"[له کوێ شتی وات بیستووه؟]، ده‌کرێ بڵێی "به هێز کردنی توانایی" به‌ڵام "ڕاهێزاندنی توانایی" ئه‌گه‌ر داتاشینی ناشییانه نه‌بێ چییه؟ به‌و پێیه‌ی جه‌نابت بۆی چووی ده‌کرێ له به‌رانبه‌ر "داوه‌شان" دا بڵێین "ڕاوه‌شان"! له به‌رانبه‌ر "دابه‌زین" دا بڵێین "ڕابه‌زین"،...! "ڕا" ده زمانی کوردی‌دا ده‌وری زۆره و ئه‌رکی هه‌ر "به‌رزکردنه‌وه" نییه. به هێندێک وشه‌وه ئه‌رکی "وه‌ستاندن"ی له‌سه‌ر شانه: "ڕاگرتن، ڕاوه‌ستان"، ئه‌رکی دیکه‌شی هه‌یه که "به‌رزبوونه‌وه" ناگرێته‌وه، به‌ڵام با نووسراوه‌که‌می پێ درێژداڕ نه‌که‌م. من دژی داتاشینی وشان نیم، چونکه زمانێکی زیندوو ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ زیندوو بمێنێ ده‌بێ به پێی ڕه‌وتی زه‌مان مه‌ودای بۆ وشه‌ی نوێ هه‌بێ، به‌ڵام من دانووم ده‌گه‌ڵ داتاشینی ناشییانه ناکوڵێ. بۆ داڕشتنی وشه‌یه‌کی نوێ ده‌بێ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی کوردی له‌به‌ر چاوبگیرێن. وادیاره جه‌نابت ئه‌و تێبینییهی مه‌سعوود محه‌ممه‌دت ورگرتووه و زرم له به‌رانبه‌ر "داهێزان" دا "ڕاهێزان"ت قوت کردووه‌ته‌وه و پڕ به پێستی خۆشی ده‌زانی! من ئێستاش پێموایه ئه‌وه، به هیچ پێوانه‌یه‌ک، ده‌و پێسته‌ی دا ناگونجێ. دیسان هیوادارم له داهاتوو دا له‌و خاڵانه زیاتر ورد بییه‌وه. سه‌رکه‌وتوو بی!
Post a Comment