وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ به‌ندی.14 ژماردنی پێچه‌وانه به‌ره‌و ناکامی
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه
1901 – 1914
نووسینی : جان. چالێنکۆ
وه‌رگێڕ : حه‌سه‌نی قازی
به‌ندی14. ژماردنی پێچه‌وانه به‌ره‌و ناکامی
سێپتا‌مبر _ دیسامبری 1914
11 ی سێپتامبری 1914، بۆ وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له سه‌ر سنوور له نزیک ماکۆ ڕووداوێک قه‌وما. په‌لی ڕووسی له ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی که ئه‌رکی چاوه‌دێری به‌ئه‌ستۆوه‌بوو سنووری به‌زاند.له گه‌ڵ ترکه‌کان شه‌ڕ ڕوویدا که تێێدا ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی باسی کرا بریندار کرا و له هه‌ر دووک لا 2 یان 3 که‌سیش بریندار بوون و کووژران. ده‌سته‌ڵاتدارانی نیزامی ڕووسی وه‌گه‌ڕکه‌وتنی ترکان له سه‌ر سنوور زۆر به جیدی وه‌رده‌گرن به‌ڵام هیچ نیشانه‌یه‌ک له هاتنه پێشه‌وه‌ی ترکه‌کان به دیاره‌وه نییه. ئه‌وه سه‌ربازانی ڕووسین که له‌وانه‌یه ڕووداو بورووژێنن ، نه‌ک ترکه‌کان .
12ی سێپتا‌مبر، بۆ ورزیری خاوه‌نشکۆ له تاران
ئه‌وه‌ی خواره‌وه له لایه‌ن کۆمیسه‌ری بریتانیایی کۆمیسیۆنی سنووری ترکییه- ئێران وه،
له 22ی سێپتامبری 1914 ڕاگه‌یێندراوه :
12ی سێپتامنر: له نزیک دیلمان له نێوان سه‌ربازانی ڕووس و کورده‌کانی سۆمایی شه‌ڕ قه‌وماوه له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی خواره‌وه دا که له لایه‌ن کۆنسوولی ڕووسه‌وه به من ڕاگه‌یێندراوه:
زانیاری نهێنی به‌ده‌ست گه‌یشت که هێندێک له سه‌رۆکه‌کانی ناوچه‌ی سۆمایی ، به فیت و دنه‌دانی ترکه‌کان، هاتوون ،بۆ قه‌ڵایه‌ک به‌نێوی گونی بۆ بردنی چه‌ک و نه‌فه‌ران به مه‌به‌ستی هێرش کردن بۆ سه‌ر سه‌ربازانی ڕووسی.کۆنسوولی ڕووس ، به هێزێکی زۆره‌وه له سه‌ربازانی ڕووسی و یارمه‌تی عه‌شیره‌ته دۆسته‌کان ، قه‌ڵاکه‌یان گه‌مارۆ دا و داوایان له‌وانه‌ی کرد تێیدا بوون خۆ به‌ده‌سته‌وه بده‌ن . ئه‌وان گوێیان نه‌دایه ئه‌و فه‌رمانه و قه‌ڵاکه بۆ ماوه‌ی 8 سه‌عاتان بۆمباران کرا. کورده دوژمنه‌کان 20 که‌سیان لێ کووژرا ، و زۆریان لێ بریندار بوو.سه‌ربازانی ڕووس سێ کووژراو و 8 برینداریان لێ به جێ ما. کورده‌کان به شه‌و خۆیان ده‌رباز کرد. عه‌سکه‌ره‌کانی ترک دوو دێی ناوچه‌ی سۆمایی یان داگیر کردووه که له لایه‌ن کۆمیسیۆنی [ دیاری کردنی ] سنووره‌وه درابوو به ئێران. جموجووڵی ئه‌وان له نزیک سنوور دهستدرێژکهرانهیه ، به‌و کرده‌وه‌یه و ناڕێکی ده‌سته‌ڵاتدارانی ڕووسی ، وێده‌چی ڕووداوی زیاتر بقه‌ومێ.
ئه‌و گوزاریشتانه‌ی که بۆ تاران نێردراون له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئاگادارییانه ڕێک خرابوون که به ده‌ست کاپیتان ویلسۆن گه‌یشتبوون ؛ جێگری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی برێتانیا له کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور دا. ئه‌و زانیاریانه له نزیک شوێنی ڕووداوه‌کانه‌وه هاتبوون و زانیاری زیاتریش له لایه‌ن نوێنه‌ری ڕووسان ، ڤلادیمیر مینۆرسکی یه‌وه له به‌رده‌ست نرابوو. په‌یامی 12 سێپتا‌مبر نرخاندنێکیشی له گه‌ڵ بوو سه‌باره‌ت به توانایی سه‌ربازانی ڕووسی له ئازه‌ربایجان.
ئه‌وه‌ی خواره‌وه بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازانی ڕووسییه له سه‌ر سنوور تا ئه‌و جێیه‌ی به ڕێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌وه بۆم ده‌رکه‌وتووه.
ساوجبوڵاغ : 300 سه‌ربازی پیاده‌ی سه‌ر به هه‌نگی پێنجه‌می قه‌وقاز. 200 قازاخ ، 4 تۆپ.
سه‌ربازخانه‌ی شنۆ چۆل کراوه و قازاخی ئێرانی له‌وێ دامه‌زراون.
ناوچه‌ی ورمێ : دوو گوردانی پیاده‌ی سه‌ر به هه‌نگی پێنجه‌می قه‌وقاز، هێندێک قازاخ ،4 تۆپی شاخی.
ناوچه‌ی دیلمان: دووگوردانی هه‌نگی حه‌وته‌می قه‌وقاز و هه‌شت تۆپ
خوێ: دوو گوردانی هه‌نگی شه‌شه‌می قه‌وقاز، گوردانی گاردی هه‌نگی هه‌شته‌می قه‌وقاز.سێ په‌لی تۆپخانه‌ی شاخی ( به گشتی 12 تۆپ، 300 نه‌فه‌ری سه‌ر به
پێشه‌نگانی یه‌که‌می قه‌وقاز. گوردانێک قازاخ).
ماکۆ : له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو دا به گشتی سه‌ربازخانه‌که‌ی ڕاهێزێندراوه و ئێستا به قه‌ده‌ر خوێ به‌هێزه. بنکه‌ی فه‌رمانده‌ری ئه‌فسه‌ری گشتی که فه‌رمانده‌ری هێزه‌کانه له ئازه‌ربایجان له خوێ هه‌ڵکه‌وتووه.
ئه‌و سه‌ربازانه‌ی سه‌ره‌وه له پۆستی 5 یان 6 که‌سی تا 300 که‌سی دا هاوته‌ریبی سنوور دامهزڕێندراون له پانتایی جوگرافیایی ده‌ره‌جه‌ی 37 به‌ره‌و باکوور. تا ئه‌وجێگه‌ی من بزانم بێتوو شه‌ڕ هه‌ڵایسێ ، ئه‌و هه‌نگه‌ی له ورمێ یه ده‌کشێته‌وه و خه‌تی به‌رگری ڕووسان ده‌بێته ماکۆ، خوێ و دیلمان وئه‌وانی پشته‌وه‌ی به‌ره‌ش له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی ورمێ داده‌مه‌زرێن.
کۆکردنه‌وه‌ی ستراتێژیکی هێزه‌کانی ڕووسی، که پێویستی به چۆلکردن و کشانه‌وه له گشت ناوچه‌کانی خوارووی دیلمان بوو، له وانه ئه‌ستانه‌کانی ورمێ و سابڵا‌غ، به‌شێک بوو له نه‌خشه‌یه‌کی گه‌وره‌تر بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش بۆ سه‌ر ترکییه له رێگه‌ی ئێرانه‌وه ئهگهرهاتبا ئیمپراتۆری عوسمانی لایه‌نی ئاڵمانی گرتبا و شه‌ڕ ههڵئایسابا.
17ی سێپتا‌مبر، وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه، له‌نده‌ن
وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له‌تاران له گوزاریشتهکهیدا باسی نیگه‌رانییه‌کی زۆر
ده‌کا ده‌نیو ئه‌رمه‌نییه‌کاندا له ته‌ورێز و له نێو عێساییهکاندا له ورمێ له
ئاکامی ده‌نگۆی پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی ڕووسی و له ترسی تاڵان و
ڕاوه‌ڕووتی کوردی بێتوو شه‌ڕ له نێوان ترکییه و ڕووسییه دا ده‌ست پێبکا.
له جێی خۆیدا نییه پێکێشی بکرێ له سه‌ر مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ڕووسی،
پنکتێکی که ده‌بێ بدرێته ده‌ست حکوومه‌تی ڕووسییه خۆیان
بڕیاری له سه‌ر بده‌ن؛ به‌ڵام ڕه‌نگه [باش] بێ وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه
پێوه‌ندی بکا به کۆنسوولی گشتی ڕووسییه له‌ته‌ورێز به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی
به‌ڵکوو شتێک بکرێ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کان.
22ی سێپتا‌مبر، وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
ئه‌وه‌ی خواره‌وه له لایه‌ن نوێنه‌ری خاوه‌نشکۆ له ته‌ورێز
له 22 ی سێپتا‌مبر ناردراوه :
سه‌ربازانی ڕووسییه له سابڵا‌غ به 4 تۆپه‌وه که له تێلگرامی 14ی سێپتامبری کاپیتان ویلسۆن هێمای پێکرابوو چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر گه‌یشتنه ئێره [ ته‌ورێز ].
ئه‌من له لایه‌ن هاوکاره ڕووسهکهمهوه ئاگادار کرام ، زێده‌تر له‌وه‌ی سه‌ره‌وه، ئێستا ژماره‌ی سه‌ربازانی ڕووسی له ته‌ورێز ئاوایه:
دوو گوردانی سه‌ر به هه‌نگی هه‌شته‌می قه‌وقاز ، که ئه‌و ده‌ڵێ ئێستا له دۆخی ئاماده‌باشی ته‌واوی شه‌ڕ دان ، له گه‌ڵ 120 قازاخ و 2 تۆپ.
کۆنسوولی رووسییه ئاگاداری کردم که نائارامی له ورمێ و هه‌ر وه‌ها سابڵا‌غ ڕوویداوه.
ئه‌و هێزه ڕاهێزێنهرهی که ئیاس 6 مانگ پێشتر داوای کردبوو و بۆیان ناردبوو ئێستا ده‌ستی کردووه به پاشه‌کشه و به‌رگری له سابڵا‌غ دراوه‌ته ده‌ست ئێسکۆرتهکانی شه‌خسی ئیاس که ژماره‌یان نزیکه‌ی 50 قازاخه. فه‌رمانده‌ریی نێوه‌ندی ڕووسییه، له ستراتێژی هێرشبه‌رانه‌ی خۆیدا له ئاست ترکییه ، به ڕوونی هیچ مه‌به‌ستی نه‌بوو که به‌شه‌کانی هه‌ره باشووری ئه‌و شوێنانه‌ی که له ژێر کۆنترۆڵی دابوو بپارێزێ و به‌رگرییان لێ بکا.
مینۆرسکی ، که هه‌ستی به مه‌ترسی وڵامدانه‌وه‌ی به زه‌بروزه‌نگی تیزدانهکانی ترکی و کوردی ناوچه سنوورییه‌کان کردبوو ، تێلگرامێکی نارد بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه له پێترزبورگ ، و وشداری پێدان که پشتیوانی له سه‌رۆکه کورده‌کانی وه‌کوو عه‌بدولره‌زاق [ ده‌بێ مه‌به‌ست له عه‌بدولره‌زاق به‌درخان بێ – تێبینی وه‌رگێڕ ] نه‌که‌ن و چه‌کیان نه‌ده‌نێ، چونکوو ئه‌وان به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به دوای ده‌ستکه‌وتی شه‌خسی خۆیانه‌وه‌ن.
24ی سێپتا‌مبر، ڤلادیمیر مینۆرسکی
ئه‌من تێلێگرامی ژماره 2801 م به‌ده‌ست گه‌یشت و خوێندمه‌وه. ده‌ستبه‌جێ وه‌ڕێ ده‌که‌وم بۆ لای کۆمیسیۆن له سه‌ر سنوور.
به‌ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم بیروڕای خۆم ده‌رببڕم سه‌باره‌ت به‌م هه‌نگاوانه‌ی هه‌نووکه نه‌خشه‌یان داده‌ڕێژین وبڵێم که ئه‌وانه به هیچجوور چ قازانجێکی عه‌سکه‌ری بۆ ئێمه تێدا نابێ و ته‌نێ ده‌بێته هۆی ورووژاندنی تۆڵه سه‌ندنه‌وه له لایه‌ن ترکه‌کانه‌وه و ڕقی خۆیان به عیساییه‌کان و پشتیوانانیان ده‌ڕێژن. ئێمه به وه‌ده‌ستهێنانی 2000 هاوپه‌یمانی ڕاڕا ژماره‌یه‌کی گه‌وره له کورده‌کان له خۆمان نه‌بان ده‌که‌ین ، که بۆ ئێمه زۆر گرینگن ، له سه‌رانسه‌ری ترکییه دا.
عه‌بدولره‌زاق [ ده‌بێ مه‌به‌ستی عه‌بدولره‌زاق به‌درخان بێ – وه‌رگێڕ ] له‌به‌ر گه‌وجی ته‌واوی خۆی نێوبانگی به هه‌موو جێیه‌ک دا بڵاو بووه‌ته‌وه.لێره دا ناکرێ هیچ بشاردرێته‌وه، و به ڕێکخستنی گرووپی چه‌کدار ئێمه به‌رپرسایه‌تی ده‌ستپێکردنی شه‌ڕێک ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆمان. ئێمه نیگه‌رانی و په‌شێوییه‌کی ڕووت ده‌خه‌ینه هه‌رێمه‌کان ، به تایبه‌تی له ورمێ. له ترسان و له به‌ر گوێدانه ده‌نگۆ و قسه‌ڵۆکان ، هه‌رمه‌نییه‌کان و ئاسۆڕییه‌کان ده‌نگۆی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره بڵاو ده‌که‌نه‌وه، که ئێمه‌ش، به داخه‌وه باوه‌ڕیان پێ ده‌که‌ین.
ئه‌من ناتوانم نکووڵی له گرینگی خه‌ریک بوونی ئیاس به دامه‌زراندنی پێوه‌ندی له گه‌ڵ کورده‌کان له ناوچه‌ی سنووردا بکه‌م؛ له‌به‌ر ژیریی و جووڵانه‌وه‌ی عاقڵانه‌ی پێویستی پێی هه‌یه. هه‌نووکه هه‌ر کۆنسوولخانه‌یه‌ک سیاسه‌تی تایبه‌تی له‌مه‌ڕ خۆی به‌ڕێوه‌ده‌با.
له‌وانه‌یه بارودۆخی سیاسی هه‌راوتر شه‌ڕ بکاته ڕووداوێکی خۆلێنهبوێر، به‌ڵام ئه‌وه به قووڵی جێی داخ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ڕێگه بدرێ دژوارییه‌کانی نا پێویستی خۆجێی ببنه هۆی شه‌ڕ هه‌ڵگیرسان، که ده‌کرێ به ته‌واوی خۆیان لێ بپارێزرێ به لابردنی نوخته و پۆسته‌کانمان له سنوور و ده‌ست كێشانهوهمان له ده‌ستتێوه‌ردان له کاروباره‌کانی نێوخۆیی دا.
هه‌ر وه‌ک مینۆرسکی پێشبینی ده‌کرد، هێزه‌کانی ڕووسی له شاری ورمێ که زۆربه‌ی عیسایی بوون له لایه‌ن ده‌سته‌ی کورده‌کانه‌وه به هاوکاری عه‌سکه‌ری ترک زۆر خراپ که‌وتنه به‌ر زه‌بروزه‌نگ.له وڵام دا ، 3000 هێزی پیاده‌ی ڕووسی له خوێ وه ناردران . و به شێوه‌ی کاتی، پێش به قه‌تڵی عامی دانیشتوانی خۆجێیی عیسایی گیرا.
24ی ئۆکتۆبر، له کۆلۆنێل ئالێکساندر ئیاسه‌وه، ساوجبولاغ
نوسخه بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه. تێلگرام بۆ هه‌موو
کۆنسوولخانهکانمان له ئازه‌ربایجان.
شه‌ش ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر موته‌سه‌ریفی که‌رکووک و کۆی سنجاق گه‌یشتوونه ڕایات ،
له‌وێ چاوه‌ڕوانی هاتنی سه‌ربازان ده‌که‌ن به مه‌به‌ستی داگیرکردنی لاجان و
سابڵا‌غ. ئه‌وان چاوه‌ڕوانی په‌نجا به‌سته گوله تۆپ و فیشه‌ک ده‌که‌ن. له‌وچه‌ند ڕۆژه‌ی
دواییدا ئه‌فسه‌رێک که‌جلوبه‌رگی خۆی گۆڕیوه گه‌یشتووه‌ته سابڵا‌غ بۆ هاندان و
ورووژاندنی خه‌ڵک به دژی ئێمه.ئه‌و به دانیشتوانی شاری گوتووه که له جێژینی
عوقووبه [عوقووبه بایرامی] دا شه‌ڕ له گه‌ڵ ڕووسییه ده‌ستی پێکردووه.
سالارودهوله [ ئه‌بولفه‌تح میرزای سالارودهوله کوڕی موزوفهرهدین شای قاجار بوو
و له دژی شۆڕشی مه‌شرووته ڕاپه‌ڕی – تێبینی وه‌رگێڕ ] سه‌ری کورده‌کانی
هه‌رێمی سه‌رسنوور ده‌دا و بۆ پشتیوانی له ترکه‌کان هانیان ده‌دا. ئه‌مڕۆ ڕه‌قیب
به‌گ، شابه‌نده‌ری ترک له ورمێ، گه‌یشته سابڵا‌غ.
رایات ، که له ڕۆژئاوای سابڵا‌غ هه‌ڵکه‌وتووه و له مه‌ودای چه‌ند کیلۆمیتری سنوور له
نێو خاکی ترکییه دا هه‌ڵکه‌وتووه، وا وێده‌چێ ئه‌و شوێنه بێ که هێرشی ترکه‌کان له‌وێوه بێ. حکوومه‌تی ئێران ئه‌وه‌ی پێی بکرێ ته‌نێ ئه‌وه‌یه که چاو له ده‌رکه‌وتنی
ڕووداوه‌کان بکا. له 27ی ئۆکتۆبر به فه‌رمی لای وه‌زیری بریتانیا پرۆتێستی کرد که هه‌بوونی هێزه‌کانی ڕووسییه بێلایه‌نی وی ده‌شێوێنێ. له 29ی ئۆکتۆبر سکاڵای له ترکییه کرد بۆ دزه کردنه‌کانی له سنوور و له‌به‌ر ده‌ستنێژه تێکده‌ره‌کانی
29ی ئۆکتۆبر
ترکییه به‌نده‌ره‌کانی ڕووسییه له ده‌ریای ڕه‌ش وه‌به‌ر تۆپان ده‌دا و
ئیمپراتۆریه‌کانی ڕووسییه و عوسمانی به فه‌رمی له شه‌ڕ دان.
2ی نۆڤامبر
کۆکردنه‌وه‌ی هێزی نیزامی ڕووسییه به‌دژی ترکییه به‌درێژایی سنووری
قه‌وقاز له ده‌ریای ڕه‌شه‌وه بگره تا سنووری ئێران له که‌لاماکێ [ماکۆ ]
وه ده‌ست پێده‌کا. له ئازه‌ربایجانی ئێران هێزه‌کانی ژه‌نه‌راڵ چێڕنۆزووبۆڤ
به‌ره‌و سنووری ترکییه جووڵاون و ته‌نگه‌ی گرینگی قوتوریان له سه‌ر
ڕێگه‌ی خوێ – وان له ترکییه و باشقه‌ڵا له سه‌ر ڕێی دیلمان – وان داگیر
کردووه. دانیشتوانی خۆجێی سه‌ربزێوی ئه‌و ناوچه‌یه بێده‌نگن ، و
ته‌نانه‌ت شاسهیوانهکانی [ شاهسێڤهن] قه‌ره‌داخ ئه‌و وه‌فادارییه‌ی
خۆیان پاراستووه که له ساڵی 1912 دا به‌ڵێنییان له سه‌ردابوو.
3ی نۆڤامبر، کۆلۆنێل ئالێکساندر ئیاس ، ساوجبولاغ
ڕه‌قیب به‌گ ، دوای هاندانی خه‌ڵک به دژی ئێمه ، ئه‌مڕۆ به‌ره‌و
هه‌مه‌دان چوو. له‌م دواییانه‌دا ژماره‌ی مه‌ئموورانی ترک که خه‌ریکی
هاندانی کورده‌کانن به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کردووه. تائێستا
من توانیومه پێشی چه‌ند کوردێک بگرم که له گه‌ڵ ترکه‌کان نه‌که‌ون
له شاری دا خه‌ڵک له نیگه‌رانی دا ده‌ژین، و ئه‌و نیگه‌رانی و په‌شێوییه
به‌وه‌ی که کاربه‌ده‌سته ناوچه‌یه‌کان خاو وخێزانی خۆیان ده‌نێرن بۆ ته‌ورێز
زیاتر بووه. به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له ڕایاته‌وه دێن ترکه‌کان هێزه‌کانی
خۆیان به‌ره‌و ساوجبولاغ وه‌ڕێ خستووه، و داوای ئه‌وه‌یان کردووه که
ئه‌من له ماوه‌ی 24 سه‌عاتان دا سه‌ربازه‌کانی خۆم له شاری
به‌رمه ده‌رێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌م هێرشێکی به‌ربڵاو ده‌کرێته سه‌ر شاری
و هه‌موو ڕووسه‌کان دهکووژرێنهوه.ئه‌و 50 که‌سه‌ی که له کۆنسوولخانه
دا ماونه‌ته‌وه، به‌س نییه بۆ خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر هه‌نگێک دا، به‌تایبه‌تی
ئه‌گه‌ر له لایه‌ن کورده‌کانیشه‌وه پشتیان بگیرێ. من داوای ڕێنوێنی و
فه‌رمان ده‌که‌م که چۆن بجووڵێمه‌وه بێتوو ئه‌و زانیارییه‌ی که به ئێمه
گه‌یشتووه وه‌ڕاست بگه‌ڕێ.
24 ی نۆڤامبر، بۆ وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
سه‌ره‌ڕای ئیعتیرازی حکوومه‌تی ئێران ، که له‌لایه‌ن وه‌زیری ڕووسییه
شه‌وه پشتیوانی لێکراوه، ڕیگه دراوه به شوجاعوده‌وله که بگه‌ڕێته‌وه
ته‌ورێز ، که ئه‌و له ئوتومۆبیلی نیزامی دا گه‌یشته ئه‌وێ و یه‌کسه‌ر
ئاژوای بۆ لای کۆنسوولی گشتی ڕووسییه.ئه‌و ئێستا لهنێعمهت ئاباد،
دێیه‌کی ڕووسی له ده‌ره‌وه‌ی ته‌ورێزه، و ده‌گوترێ ، ده‌یه‌وێ له‌وێوه
بچێته ماڵ و موڵکی خۆی له مه‌راغه. هه‌بوونی شوجاعوده‌وله له
ئه‌ستانه‌که دا هه‌ڵکه‌وتی حاکمی گشتی کاتی زۆر لاواز ده‌کا، چونکوو
ئه‌وان دوژمنی قه‌سته‌سه‌ری یه‌کترین ، واداده‌ندرێ که شوجاعوده‌وله
به پاڵپشتی پشتیوانی ته‌واوی ڕووسییه هاتووه‌ته‌وه.
28ی نۆڤامبر
ترکه‌کان له ورمێ سنوور پێشێل ده‌که‌ن.
2ی دێسامبر، کۆلۆنێل ئالێکساندر ئیاس ، ساوجبولاغ
نوسخه ناردراوه بۆ سه‌نت پێترزبورگ ، ته‌ورێز، خوێ ، ورمێ و تفلیس
سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ، گرووپێک له ترکه‌کان و عه‌شیره‌تی کورد،
سنووریان به‌زاند ، لاجانیان داگیر کرد و دوێنێ گه‌ێشتنه [ له ده‌قی
ماک دا نه‌نووسراوه ] ، و له‌وێوه به‌ره‌و سابڵا‌غ دێن. به‌له‌به‌رچاوگرتنی
زێده بوونی مه‌ترسی له سه‌ر شاری، ئه‌مڕۆ کۆنسوولخانه داخرا و
ئه‌من به‌ڕیگه‌ی میاندواو دا دێم بۆ مه‌راغه.
3ی دێسامبر ، وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
له سه‌قزیشه‌وه خه‌به‌ر هاتووه که سه‌ربازانی ترک له 23ی نۆڤامبر
گه‌یشتوونه‌ته سابڵا‌غ. ئه‌من له‌وه ده‌کۆڵمه‌وه.
4ی دێسامبر ، وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
سابڵا‌غ له لایه‌ن 450 ترکی ژێر فه‌رمانی موته‌سه‌ڕیفی که‌رکووک
و 400 کوردی ژێر فه‌رمانده‌یی شێخ جه‌لاله‌دینی ڕایاته‌وه داگیر
کراوه ، که ویده‌چێ [له گه‌ڵ خه‌ڵک] باش بجووڵێته‌وه.حکوومه‌تی
ئێران تێلگرامی ناردووه بۆ قازاخانی فارس (ئێرانی) که حه‌قیان
به‌سه‌ریانه‌وه نه‌بێ و خۆ له کاروباریان وه‌ر نه‌ده‌ن. له هه‌مان کات
دا حکوومه‌تی ئێران ئیعتیرازی کردووه له لای سه‌فیری ترکییه ، که
وڵامی داوه‌ته‌وه حکوومه‌ته‌که‌ی ناچار بووه هه‌نگاوی ئه‌وتۆ باوێژێ
به مه‌به‌ستی خۆپاراستن تا ئه‌و کاته‌ی که ڕووسییه ڕێز له
بێلایهنێتی ئێران ده‌گرێ... ئهولێی زیاد کردووه که شوجاع
مه‌راغه‌ی به‌ره‌و میاندواو جێ هێشتووه، له‌کاتێکدا که کۆنسوولی
گشتی ڕووسییه‌ش هه‌ڵاتووه و خۆی ده‌رباز کردووه. شوجاع
خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی نهفهراته و بانگه‌وازی ده‌رکردووه بۆ چه‌کدار
کردنی هه‌نگه‌کانی ئێرانی که بۆ ماوه‌ی نادیار چوونه ئیزنێ.ئه‌و
ڕاستییه‌ی که نێوبراو له لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه له‌به‌ر کار نراوه له
تێلگرامی سه‌فیری خاوه‌نشکۆ له ته‌ورێزه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که‌ده‌ڵێ
کۆنسوولی گشتی ڕووسییه پێی گوتووه پێشبینی پێشڕه‌وی
زیاتری ترکه‌کان به‌ره‌و ته‌ورێز ناکا، و ئه‌گه‌ر بێتوو پێشڕه‌وییه‌کی
ئه‌وتۆ بکرێ، ده‌کرێ ده‌ستبه‌جێ شوجاع به‌ره‌وڕوویان بێته‌وه،
کهتفهنگ و چه‌ک وته‌قه‌مه‌نی مۆدێرنی دراوه‌تێ.
4ی دێسامبر، کۆنسوولی گشتی ڕووسییه له ته‌ورێز ،
ئه‌ی. ئه‌ی. ئۆرلۆڤ
کۆلۆنێل ئیاس به سڵامه‌ت گه‌یشته میاندواو، ئارشیوی
کۆنسوولخانهشی له گه‌ڵ خۆی هێناوه. له‌به‌ر هه‌ستانی ئاوی
چۆمی و ژماره‌ی که‌می سه‌ربازان ، ئه‌و پێی وایه که ترکه‌کان
له سابڵا‌غ بهملاوهتر نایه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موکرییهکانیشیان
له گه‌ڵ بکه‌ون.دوێنێ شوجاعوده‌وله 1200 سواره و سه‌ربازی
پیاده‌ی به تۆپخانه‌وه به‌ره‌و میاندواو ناردووه. دوێنێ ئیاس دوو
پارچه تۆپی ناردووه بۆ تیپی ئێرانی. چوار پارچه‌ی دیکه‌ش
ئه‌مڕۆ ناردراوه.
8 ی دێسامبر ، وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
ئه‌م به‌یانییه نزیکه‌ی 700 که‌س له تاک و ته‌رای هه‌نگی
هه‌شته‌می تۆپخانه‌ی قه‌وقاز، له گه‌ڵ 80 قازاخ و دوو
ئاگرده‌ری خێرا ، ئێره‌یان [ ته‌ورێز ] به‌ره‌و میاندواو به جێ
هێشت ، که هاوکاره ڕووسییه‌که‌م ده‌ڵێ، له‌وێوه جووڵاون و
له‌وانه‌یه به‌ره‌و سابڵا‌غ بچن.
ئه‌و هێزگواستنهوهیه سه‌ربازخانه‌ی ته‌وڕێزی تانیوه که‌م
کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێ ، هێزی دیکه‌ی که جێی ئه‌وان
پڕ ده‌کاته‌وه له‌م یه‌ک دوورۆژه دا ده‌گه‌نه ئێره.
ده‌گوترێ له میاندواو شوجاع نزیکه‌ی 300 سواره‌ی خۆی ،
500 سواره‌ی عه‌شیره‌تی چارداوڕوو و 700 سه‌ربازی پیاده‌ی
ئێرانی له به‌ر ده‌ست دایه.
13ی دێسامبر، وه‌زیری خاوه‌نشکۆ له تاران
وه‌زیری ڕووسی گوتی که ترکه‌کان سابڵاغیان چۆل نه‌کردووه،
به‌ڵام ئێستا سه‌رقاڵی ئاماده‌کارین بۆ پێشڕه‌وییه‌ک، و
کۆنسوولخانه‌ی ڕووسییه یان تاڵان کردووه
14ی دێسامبر، کۆنسوولی گشتی ڕووسییه، ته‌ورێز
تێلێگرامی کوتوپڕ بۆ فه‌رمانده‌ی به‌شی ئازه‌ربایجان
[ ژه‌نه‌راڵ چێرنۆزووبۆڤ ]، نوسخه بۆ تفلیس و سه‌نت
پێترزبورگ.
کۆلۆنێل ئیاس وشداری ده‌دا و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر به‌زوویی
ترکه‌کان له سابڵا‌غ دهرنهپهڕێندرێن ئه‌وده‌می نزیکه‌ی
50،000 کوردیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌وێ ، و ته‌ورێز هه‌ڕه‌شه‌ی لێ
ده‌کرێ. به بۆچوونی وی، مانۆڕێکی سه‌رکه‌وتووانه پێداویستی
به هێزێکی به‌رچاو هه‌یه چ به ژماره‌ی سه‌ربازان و چ به ژماره‌ی
چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی.
18 ی دێسامبر، کۆنسوولی گشتی ڕووسییه، ته‌ورێز
به پێی فه‌رمانی ئیاس ، دوو گرووهان،دووجۆخهی
موسه‌لسه‌ل، 50 قازاخ _ به گشتی 756 که‌س _ گه‌یشتوونه‌ته
میاندواو [ له ته‌ورێزه‌وه ]
21ی دێسامبر، کۆنسوولی گشتی ڕووسییه،ته‌ورێز
ئیاس تێلێگرافی ناردووه و ده‌ڵێ که جمووجوولێ ترک _ کورد
هه‌ر دێ و زیاد ده‌کا و ته‌نانه‌ت ڕێژه‌یه‌کی زۆر هه‌ڕه‌شاوی
په‌یدا کردووه. نه‌ک هه‌ر موکرییه‌کان، به‌ڵکوو قهرهپاپهغهکانیش
له‌گه‌ڵ ترکه‌کان که‌وتوون. له سه‌قز، شێخانی ته‌وێڵه و بیاره
چاوه‌ڕوانی هاتنی 1000 عه‌سکه‌ری موته‌سه‌ریفی سلێمانی
له بانه‌وه ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و سابڵا‌غ بچن و هێزی خۆیان
بخه‌نه پاڵ موجاهیده‌کانی دیکه.نه‌بوونی چ جۆره سزادانێک له
لایه‌ن ئێمه‌وه باوه‌ڕی خۆجێیی سه‌رڕاست ده‌کاته‌وه که
ڕووسه‌کان له هه‌موو شوێنێک لێدراو‌ن ، و ڕووسییه چبڕ نه‌ماوه.
له ماوه‌ی دووحه‌وتووی ڕابردوو دا شوجاع ومن ئه‌و جموجووڵهمان
قه‌مته‌ر کردووه ، به‌ڵام ئه‌مڕۆژه نزیکه که ڕنووی کوردی گه‌مارۆی
میاندواو بدا و هه‌موو شتێک له سه‌ر ڕێی خۆی ڕاماڵێ له‌چوونی
خۆیدا به‌ره‌و قه‌وقاز.به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م بارودۆخه ، ئه من
جارێکی دیکه به‌په‌له تکا ده‌که‌م ده‌ستبه‌جێ سه‌رباز بنێردرێ بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌و بێ شه‌رمییه سزا بدرێ و هه‌بوون و مانی ڕووسییه
یان وه‌بیر بخرێته‌وه.
27ی دێسامبر
به دوای شکانه‌کانی هاوته‌ریبی سنووری باکووری قه‌وقاز
له‌گه‌ڵ ترکییه، ژه‌نه‌ڕال میشلایێڤسکی، سه‌رۆکی ئه‌ڕته‌شی
قه‌وقاز ، ترسی ڕێ نیشتووه و فه‌رمانی پاشه‌کشه‌یه‌کی
گشتی هه‌موو سه‌ربازانی ڕووسی له ئازه‌ربایجانی ئێران
ده‌ر کردووه.
28ی دێسامبر، کۆنسوولی گشتی ڕووسییه، ته‌ورێز
نوسخه بۆ سه‌نت پێترزبورگ. فه‌رمانده‌ی هێزی ئازه‌ربایجان
تفلیس
ئیاس ڕاده‌گه‌یێنێ: شێخ حیسامه‌دین و [شێخ] نه‌جمه‌دین
گه‌یشتوونه‌ته سابڵا‌غ. ئه‌وان چاوه‌ڕوانی موته‌سه‌ریف عێزه‌ت
به‌گ ده‌که‌ن که له سلێمانییه‌وه بگاتێ. هه‌موو کورده‌کانی
ناوچه‌ی سابڵا‌غ و قه‌ره‌په‌پاغه‌کان له گه‌ڵ ترکه‌کان که‌وتوون،
و به‌گشتی ژماره‌یان ده‌گاته 10،000 که‌س.
له تێلگرامی شوجاع ڕا ده‌رده‌که‌وێ که ڕێبه‌ری کورد مه‌ولانی
گه‌یشتووه‌ته دێیه‌ک له 12 ڤێرستی میاندواو، له‌وێ هێزه‌کانی
ئێمه لێیان دا وناچار بوو به‌ره‌و سابڵا‌غ پاشه‌کشه‌بکا.به‌پێی
قسه‌ی ئیاس ، شوجاع 1000 سوار و 1500 سه‌ربازی پیاده‌ی
هه‌یه.
29ی دێسامبر، کۆنسوولی گشتی ڕووسییه، ته‌ورێز
تێلێگرام بۆ سه‌نت پێترزبورگ. نوسخه بۆ تفلیس
ئه‌من پێوه‌ندیم له گه‌ڵ شوجاع گرتووه. ئه‌و نزیک نیوه‌ڕۆیه
له میاندواو ئیاسی به‌جێ هێشتووه. شوجاع پێکێشی
له‌گه‌ڵ کۆنسوول کردووه که ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ئه‌وێ به
به‌جێ بهێلێ، به‌ڵام کۆنسوول به قسه‌ی نه‌کرد و دووجار
گه‌ڕاوه ماڵه خۆی، یه‌که‌م جار بۆ هه‌ڵگرتنی سه‌نه‌د و به‌ڵگه ودوایه بۆ هێنانی کڵاوه پێسته‌که‌ی.
چه‌ندین که‌س له دانیشتوانی میاندواو ڕووداوه‌که‌یان
پشت ڕاست کردووه‌ته‌وه، دیتوویانه که ئیاس چۆن بریندار بووه
وله نزیک ماڵه‌که‌ی خۆی له ئه‌سپه‌که‌ی به‌ربووه‌ته‌وه
ده‌سته‌ی قازاخه‌کانی ئێمه، تیپی ئێرانی و سوارانی
ئه‌میر تومانی سه‌راوی له مه‌یدانی نه‌به‌رد کشاونه‌ته‌وه.
ئه‌وان له چۆمی جه‌غه‌توو په‌ڕیونه‌ته‌وه و ده‌كرێ سبه‌ینێ
بگه‌نه مه‌راغه یان بنا‌و. له مه‌راغه ئه‌و 100.000 فیشه‌که‌ی
که بۆ شوجاعم ناردبوو که‌لکیان لێوه‌رنه‌گیراوه.
شوجاع هیواداره ئه‌م ئێواره‌یه له گه‌ڵ هێزی ئێمه یه‌ک
بگرێته‌وه. سه‌ردار ڕه‌شید پێشنیار ده‌کا له سه‌روبه‌ندی
ئێستا دا ، به چۆل کردنی ناوچه‌ی مه‌راغه، په‌سندتر وایه
که هه‌موو هێزه‌کان له ته‌ورێز کۆ بکرێنه‌وه.
No comments:
Post a Comment