Thursday, March 29, 2007

ئاگاداریی زیاتر له‌ تێڕوانین و بۆچوونه‌کانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌ شه‌سته‌مین ساڵرؤژی له‌ سێداره‌ درانی پێشه‌وا، سه‌یفی قازی وسه‌دری قازی دا


ئاگاداریی زیاتر له‌ تێڕوانین و بۆچوونه‌کانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
له‌ 60 مین ساڵرۆژی له‌ سێداره‌ درانی پێشه‌وا، سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی دا

حه‌سه‌نی قازی

ئه‌گه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونی خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ به‌شێکی جوغرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا تاکوو ئێستا به‌ زمانی کوردی و وه‌کی دیکه‌ زۆرکتێب ، بیره‌وه‌ری و وتار بڵاو کراوه‌نه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش پێویستی به‌ لێکدانه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی ئه‌وسه‌روبه‌نده‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد؛ دیاره‌ به‌دوور له‌ سۆز و که‌فوکوڵی بانه‌کی و به‌پێی پێوه‌ری زانستی و بابه‌تیانه‌ پێویستی خۆی له‌ کیس نه‌داوه‌ .
من چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش بۆ ئاگاداری له‌ شێوه‌ی بۆچوون و تێڕوانینه‌کانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به‌ پاڵپشتی وتاره‌ بڵاوکراوه‌کانی له‌ 66 ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا که‌ ئه‌و ده‌می له‌ به‌رده‌ست دابوون و وه‌ک بیستوومه‌ ئێستا هێندێک ژماره‌ی دیکه‌ش دۆزراونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وانه‌م هه‌موو له‌ نامیلکه‌یه‌ک دا به‌ نێوی " ڕوانگه‌ی پێشه‌وا - 19 بابه‌تی ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژانڤییه‌ تا سه‌ره‌تای سێپتامبری 1946 " له‌ تیراژێکی به‌رته‌سک دا بڵاو کرده‌وه‌.
ئه‌من وای بۆ ده‌چم تا ئێستا ده‌ست به‌ گشت ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ڕانه‌گه‌یشتبێ که‌ له‌وانه‌یه‌ هاوپرسه‌کی و لێدوانیان له‌ گه‌ڵ پێشه‌وا کردبێ ، بۆ وێنه‌ هه‌واڵده‌ری ئاژانسی فرانس پرێس که‌ له‌کاتی ده‌سته‌ڵاداریی کوردی دا سه‌ری له‌ سابڵاغ داوه‌ تا ئێستا به‌ نێوه‌رۆکی نازاندرێ.
له‌ " ویژه‌نامه‌ چشم انداز ایران "، پاییزی 1384 که‌ به‌ زمانی فارسی بۆ بابه‌تی له‌ مه‌ڕ مێژووی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌رخان کراوه‌ له‌ نووسراوه‌یه‌ک دا به‌ قه‌ڵه‌می ئێحسانی هووشمه‌ند " ڕوانێنێکی کۆمه‌ڵناسانه‌ له‌ شکڵگرتنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران " ده‌رده‌که‌وێ که‌ نووسه‌ر ده‌ستی به‌ زۆر سه‌رچاوه‌ی که‌ به‌زمانی فارسی باسی کۆمار و ڕێبه‌رانی کۆماریان کردووه‌، ڕاگه‌یشتووه‌. له‌یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه‌ دا که‌ به‌داخه‌وه‌ نووسه‌ر به‌ جوانی دیاری نه‌کردووه‌، ناوی ڕۆژنامه‌که‌ چ بووه‌ له‌ گه‌ڵ هێندێک له‌ بۆچوونه‌کانی پێشه‌وا ناسیاو ده‌بین که‌ ده‌یسه‌لمێنێ چه‌نده‌ له‌ زه‌مانی خۆی دوورتری بیر کردووه‌ته‌وه‌ .
ئیحسانی هووشمه‌ند ده‌نووسێ : " شه‌هباز ، نامه‌ی مه‌ردوم و ره‌هبه‌ر له‌و بڵاوکراوانه‌ی سه‌ر به‌ حیزبی تووده‌ بوون که‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی ده‌نگووباس و ڕووداوه‌کانی مهاباد هاودڵی خۆیان له‌گه‌ڵ نیشان ده‌دا . له‌ یه‌کێک له‌ هاوپرسه‌کییه‌کانی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ دا له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د له‌ دوای ڕاگه‌یێندرانی مه‌رامنامه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ خودموختاری کورده‌کان ، که‌لکوه‌رگرتن له‌ زمانی کوردی ، پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی ویلایه‌تی و دانانی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی له‌ خه‌ڵکی ناوچه‌، سازانی ئاغاو ڕه‌عییه‌ت و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی یه‌کێتی و برایه‌تی خه‌ڵکی ئازه‌ربایجان و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که‌ له‌ ئازه‌ربایجان ده‌ژین ( ئاسۆری، هه‌رمه‌نی و وه‌کی دیکه‌) و هه‌روه‌ها که‌لکوه‌رگرتن له‌ سه‌رچاوه‌ خۆڕسکییه‌کانی ناوچه‌ و گه‌شه‌پێدانی کشتوکاڵ و بازرگانی قازی محه‌مه‌د سه‌باره‌ت به‌ خودموختاری چوارساڵه‌ی مهاباد [ له‌ دوای داگیرکردنی ئێران له‌ خه‌رمانانی 1320] ده‌ڵێ: " کاتێک که‌ ویستمان خودموختاری له‌ کوردستان وه‌گه‌ڕ خه‌ین هه‌ڵبژاردنێکمان کرد و له‌ ناوچه‌کانی کوردستانه‌وه‌ نوێنه‌رهاتنه‌ مهابادێ. نوێنه‌رانی نێوبراو هه‌یئه‌تێکیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری کوردستان هه‌ڵبژارد که‌ ئه‌و هه‌یئه‌ته‌ نێوی نرا " هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی میللی " . ئێستا ئه‌و هه‌یئه‌ته‌ له‌ ژێر سه‌رۆکایه‌تی مندا کاروباری کوردستان به‌رێوه‌ ده‌با"
دوو بابه‌تی جێی سرنج که‌ پێشتر له‌هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ دا سه‌باره‌ت به‌ سه‌روبه‌ندی کۆماری کوردستان له‌ مهاباد شی نه‌کراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و بۆچوونانه‌ی خواره‌وه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دن: " قازی محه‌مه‌د له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێ : "ڕام ئه‌سپاردووه‌ ئه‌لفوبێی لاتین چاپ بکرێ و کتێب به‌ پێتی لاتینی بنووسن . ئه‌مر ده‌که‌م له‌ مزگه‌وته‌کان دا خه‌ڵک به‌و ئه‌لفووبێیه‌ ڕابهێنن و به‌ ده‌رس پێیان بڵێن و ئه‌و کاره‌ به‌وزووانه‌ و زۆر زووش ئه‌نجام ده‌درێ...."
‌هه‌روه‌ها " جلوبه‌رگی نێونه‌ته‌وه‌یش ده‌که‌مه‌ جێنشینی جلوبه‌رگی کوردی . ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕووییه‌که‌وه‌ گرینگی ده‌ده‌ین به‌ گۆڕینی جلوبه‌رگ ، یه‌کیان ئه‌وه‌ی که‌ جلوبه‌رگی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕواڵه‌تێکی که‌شخه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ که‌ دنیا دنیایه‌کی مادی یه‌ جیهانییه‌کان گرینگییه‌کی زۆر ده‌ده‌ن به‌ ڕواڵه‌ت . لایه‌نی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ جلوبه‌رگی ئێستا له‌ وه‌ختی کار و له‌ جه نگه‌ی شه‌ڕ دا کورده‌کان تووشی زه‌حمه‌ت ده‌کا. هیچکات ناکرێ به‌ دوژمن بگوترێ تکایه‌ ڕاوه‌سته‌ با من ڕیشووی پێچه‌که‌م له‌ سه‌ر سه‌روچاوم لاده‌م و سێره‌ بگرم. ئه‌وانه‌ی هاوپرسه‌کییه‌که‌یان کردووه‌ له‌ کۆتایی وتووێژه‌که‌ دا ده‌نووسن : کاتێک ده‌مانه‌ویست له‌ مهاباد وه‌ڕێ که‌وین ده‌سته‌یه‌ک له‌ جه‌وانان وشاگردانمان دی که‌ به‌کۆمه‌ڵ له‌ نێو شاردا ده‌گه‌ڕان و سروودی کوردستانیان ده‌خوێنده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر مێلۆدییه‌کی به‌نێوبانگی ئازه‌ربایجان ڕێک خرابوو.."
وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا باس کرا، هووشمه‌ند سه‌رچاوه‌ و ڕێکه‌وتی وردی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ باس ناکا، به‌ڵام ڕۆژنامه‌ی کوردستان له‌ ژماره‌ی 1 ، ساڵی ییکه‌م ، پێنجشه‌مۆ 20 -10- 1324 ، 11 ی ژانڤییه‌ی 1946 واته‌ 12 ڕۆژ به‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان بابه‌تێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ له‌ ژێر سه‌ردێڕی " گفتووگۆی جه‌نابی قازی محه‌مه‌د پێشه‌وای به‌رزی کوردوستان ده‌گه‌ڵ خاوه‌نانی ڕۆژنامه‌ی تاران " وله‌و باره‌یه‌وه‌ ئاوا ده‌نووسێ : " هه‌یئه‌تێ له‌ مودیرانی جه‌رائیدی تاران : ئاغای ته‌فه‌زولی خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی ( ایران ما )، ئاغای عه‌بباسی شاهه‌نده‌ خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی ( فه‌رمان )، ئاغایانی بوزورگی عه‌له‌وی و هورموز نووسه‌رانی دوو ڕۆژنامه‌ی ( ره‌هبه‌ر و ایران ما) بۆ ئاگاداری له‌ وه‌زعی کوردوستانی خودموختار هاتنه‌ مهاباد و له‌ گه‌ڵ جه‌نابی قازی محه‌مه‌د ره‌هبه‌ری میلله‌تی کورد یه‌کتریان دیت و گفتووگۆیان کرد بۆ ئاگاداری خوێنده‌واره‌ به‌رزه‌کان یه‌ک یه‌ک پرسیاری ئه‌وان و وه‌رامی جه‌نابی قازی ده‌نووسرێ : "
له‌ ژماره‌ی یه‌که‌می کوردستان که‌ به‌شێک له‌و گفتوگۆیه‌ی چاپ کردووه‌ و ماوه‌که‌ی هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ ژماره‌ی 2 بابه‌تی له‌مه‌ڕ ئه‌لوبێتکه‌ی لاتینی و گۆڕێنی جلکی تێدانییه‌، به‌داخه‌وه‌ ژماره‌ی دووه‌می کوردستانیش که‌ شه‌مۆ 22 – 10 1324 ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ 13ی ژانڤییه‌ی 1946 چاپ بووه‌ له‌ به‌ر ته‌واو نه‌بوونی لاپه‌ڕه‌کان ئه‌و دووبابه‌ته‌ی تێدانییه‌. لێره‌ دا پرسیارێک دێته‌ پێشێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ : بڵێی ئاماژه‌ی کاک ئیحسانی هووشمه‌ند به‌ عه‌ینی سه‌رچاوه‌ بێ؟ ئه‌گه‌ر وابێ ، له‌ جێی خۆیدا دا ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌م نووسینه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ سه‌رچاوه‌که‌ی خۆی به‌ ڕوونتر باس بکا.
هه‌رچۆنێک بێ ئه‌و دوو بۆچوونه‌ی پێشه‌وا جارێکی دی قسه‌ی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ داده‌گرێته‌وه‌ که‌ ئه‌و دوورتر له‌ زه‌مانی خۆی بیری کردووه‌ته‌وه‌.

3 comments:

Anonymous said...

سڵاو
ڕه‌نگه‌ زۆر لایه‌نی شاره‌وه‌ی پێشه‌وا و کۆمار هه‌بن که‌ تا ئێستا باسیان له‌سه‌ر نه‌کراوه، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر که‌سایه‌تی پێشه‌وا خۆی، ئه‌م نووسینه‌ی ئێوه‌ ده‌رگا بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌کاته‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی که‌ زیاتر له‌سه‌ر که‌سایه‌تی پیشه‌وا بنووسن و خوێنه‌رانی کورد باشتر ئاشنا بکه‌ن به‌و مێژووه‌.
ماندوو نه‌بن
کاوه‌ ئه‌مین‌

Anonymous said...

afsanasazy jiawazy haya dagal mejuy
rastaqyna.
qazy mhamad kasayatek bwa ka la dawrubarakay xoy ba hoy hendek taybatmandy ,jyawazy bwa.Balam am jyawazyana ta aw radaya nabwa ka la hez w twana w hisabakany aw da awa bady bet ka komarek pek be w sar bgre.
barez hasan qazy xoy bash azanet ka
amay emro la sar komary mhabad w
qazy mhamad dakwtre w danusre zyatr wa afsana achet ta raste mejuyakan w mejuy drust buny komar w nawbang krdny qazy mhamad.
kak hasan qazy nzik 40 sala la daraway vlata w ta mawayaki zor xoy lam nusinana nadada.

Ruwange --- ڕوانگه said...

بو ئه‌و به‌ریزه‌ی که‌ نیوی خوی نه‌نووسیوه‌ !
له‌ گه‌ل سپاس بو خویندنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه‌ به‌راستی من بوم ده‌رنه‌که‌وت کوی ئه‌و نووسینه‌ بونی ئه‌سانه‌ی لیدی. بو راگواستنی رووداو یان باسی رابردوو زیاتر پال به‌ سه‌رچاوه‌ی نووسراو ده‌به‌ستری. ئه‌من ئه‌و لایه‌نه‌ نوییه‌ی بوچوونی پیشه‌وام له‌ نووسراوه‌یه‌که‌وه‌ راگویستووه‌ که‌ وه‌کی دی نه‌ له‌ ئاست پیشه‌وا و نه‌ له‌ ئاست کومار ئه‌ریی نییه‌. تکایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م دیررانه‌ ده‌خوینه‌وه‌ ره‌خنه‌ی خوتان له‌م نووسراوه‌یه‌ روونتر بنووسن . هه‌ر بژین
حه‌سه‌نی قازی