سوریا، ئانارشیزم و سەردانی ڕۆژاوا وەرگێڕ:عومەر حەمیدی
سوریا،
ئانارشیزم و سەردانی ڕۆژاوا وەرگێڕ:عومەر حەمیدی
٣٠ مەی
٢٠١٧
بە بۆنەی مەرگی David Graeber مامۆستای زانکۆ، ئەنتڕۆپۆلۆژیست، ئاناڕشیست و
لایەنگری کوردانی ڕۆژاوا بۆ پۆستی ئەم یەک شەممەیە وتووێژێکی بەڕێزیانم
وەڕگێڕاوەتەوە. وتووێژەکە لە تەک ڕێڵ میدیا کرابو منیش بە سپاسەوە لە ف ب ی حەسەنی
قازی وەرمگرتوە.
دەیوید گڕەیبڕ: من جارێک چوومەتە سوریا، چوومەتە خواروی تورکیە، من لە عێڕاق بووم،
شوێنی جواروجۆری کوردستانم کە لەوێ دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ تەجرەبەدەکرێت بینیوە.
پرسیار: دەکرێت پێم بێژی چۆن ئەم خەڵکەت دۆزییەوە؟
گڕەیبر: ئەوان منیان دۆزیەوە. خەڵکانێک هەن کە لە بزووتنەوەی کوردیدا چالاکن،
ئەوان لە دڵی پ ک ک کە هاتوونەدەر. پ ک ک لە سەرەتادا گروپێکی گریلایی ماڕکسیست
لێنیستی بوە بەڵام ڕوداوەکان لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا ڕەوتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو
گۆڕی و کردی بە خاوەنی ڕەوتێکی نوێ. ئەم ئاڵوگۆڕە لە لایەکەوە پێوەندی هەبو بە
هەڵوێستی ژنە گریلاکان کە دەنگیان هەڵبڕی و داوایان کرد فێمینیزم لە چەشنی
بابەتێکی گرینگ پێناسە بکرێت.لە لایەکی دیکەشەوە حاسڵی ئاڵوگۆڕی بیر و باوەڕی
سەرۆکەکەیان ئوێجەڵان بو. ئوێجەلان کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە لە بەندیخانەی
ناو دوڕگەیەک زیندانی کراوە، کتێبەکانی ماڕی بووکچین« Murray Bookchin» و تێئۆریە جۆراوجۆرە فیمینیستیەکانی خوێندەوە و بیر
و باوەڕی تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو ئاناڕشیزم بایداوە.ئوێجەلان بڕیاریدا لە جیاتی
ئەوەی هەوڵی پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی بدەن، کارێکی وابکەن کە سنوورەکان هەڵگرن و
سیستمی دەوڵەت میللەت لە عەمەلدا لە ناو بەرن. ئەم بۆچوونە لە ناو کوردەکاندا
ڕەنگی داوە و وەک بیرۆکەیەکی عەمەلی وەرگیرا. کوردەکان لە نێوان چوار وڵاتی ئێران
عێڕاق سووریا و تورکیەدا دابەش بوون، ئەم بیرۆکەیەیی کە گەرەکی بێت ئەم چوار
پارچەیە لەم چوار وڵاتە داببڕێت و وڵاتێکی نوێیان لێ دروست بکات لە مومکین ناچێت.
هەر وەها زۆر لە خۆیان ئەبیستی کە ئێژن: ئێمە بەو نەتیجەیە گەیشتووین کە داوای
وڵاتی خۆ کردن (own country)
وەک ئەوە وایە کە بڵێی من داوا ئەکەم کە ئەو مافەم هەبێت کە پۆلیسی هاوزمانی خۆم
ئەشکەنجەم بدات.ئەمەش لە دواکاریەکی عاقڵانە ناچێت. بەم تێگەیشتنەوە هاتنە سەر ئەم
باوەڕە کە تەنیا لە ڕێگای بونیادنانی دێمۆکڕاسیەکی لە ژێرەوە بۆ سەرەوە( bottom-up ) ئەتوانن سنوورەکان بسڕنەوە و چوار پارچەکە بخەنەوە
سەر یەک و کوردستانێک دروست بکەن.
پرسیار: ئایا ئەم شوێنەی باسی ئەکەی بوونی هەیە؟
گڕەیبر: بەڵێ من خۆم چوومە ڕۆژاوا. ڕۆژاوا یان کوردستانی ڕۆژاوا هەمان کوردستانی
سووریەیە کە بریتیە لە بەشێکی گەورەی شومالی وڵاتی سوریە کە هاو سنووری تورکیەیە و
نیزیکەی دو میلیۆن کەسی تێدا ئەژین. بە بڕوای من ئەم خەڵکە قۆڵیان لە یەکێک لە
گەورەترین تاقیکردنەوە مێژوییەکان هەڵماڵیوە. باوکی من بەشداری شەڕی ناوخۆیی
ئیسپانیای کرد بو. ئەو ماڵەی منی تێدا گەورە بووم پڕ بو لە بیرەوەری ڕوون و زیندوی
ساڵانی ١٩٣٦-٣٧-٣٨ و ئەمەش بو بە یەکێک لە هۆیەکانی کە من بووم بە ئاناڕشیست. خەڵک
ناڵێن ئاناڕشیزم خراپە بەڵام وائەزانن کە شێتیە، ئێژن ئەگەر پۆلیس نەبێت خەڵک
یەکتری ئەکوژن یان ئەڵێن خەڵک ناتوانن بە بێ سەرکردە و ڕێبەر کار و باری خۆیان بە
ڕێوە بەرن. لە ڕاستیدا کاتێک باوکی من لە بارسێلۆنا بوو، شارەکە لە لایەن
ئاناڕشیستێکەوە بەڕێوە ئەچو. ئەوان ئەو کەسانەی کە پێیان ئەوترێ «white collar
workers = کرێکارانێک کە
بە هۆی تەجرەبە و مەهارەتەکەیانەوە کاری بەدەنی ناکەن » لە کار دەرکرد، دواییش
زانیان کە دەرکردنی ئەوان هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە. بەم بیر و باوەڕەوە کە من
گەورە بووم ئەمزانی کە شتێکی لەم چەشنە مومکینە، بەڵام لە دوای تەجرەنەی باڕسێلۆنا
هەرگیز لە میقیاسێکی ئاوا گەورەدا تاقی نەکرابۆوە بە خۆشیەوە ئێستا لەو ناوچانەی
کە بە دەست کوردەکانەوەیە هاتۆتە دی.
زۆر کەس ( مەبەستی گرەیبر دەوڵەتەکانە) لە ئەوەی کە کار و بار بە دەست جەماوەرەوە
بێت ئەترسن. دەوڵەتەکان لەمە ناترسن کە پێیان بێژی ئێمە ئێوەمان زۆر ناخۆش ئەوێت و
ئەمانەوێت بتان ڕووخێنین بەڵکە لەوە ئەترسن کە بێژی دەوڵەت شتێکی گاڵتەیە و ئێمە
ئێوەمان پێویست نیە. ئەمە ئەو شتەیە کە بەڕاستی لێی ئەترسێن. دەوڵەتەکان ئەو
دوژمنانەی خۆیان خۆش ئەوێت کە پێیان ئێژن کە ئەگەر ئێوەمان لە دەسەڵات وەلانا ئێمە
جێگەتان ئەگرینەوە. تەنانەت ماڕکسیستەکانیان پێ خراپ نیە، چونکە ئەگەر
ماڕکسیستەکان بێنە سەر کار، پۆلیس هەر ئەمێنێت و ڕەنگە ژمارەشیان زیاد بکات. بەڵام
کاتێک ئاناڕشیستەکان بێنە سەر کار ساختارەکە بە تەوای ئەگۆڕدرێت و پێویستیمان بە
شتگەلی لە چەشنی پۆلیس و دەوڵەت نامێنێت، ئەم چەشنە تەجرەبەیەیە کە بە ڕاستی لێی
ئەترسن و هەوڵ ئەدەن زوو لە ناوی بەرن. بە بڕوای من ئەوە یەکەم جارە لە دوای
تەجرەبەی شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا، کە ئاناڕشیستەکان ناوچەیەکی گەورەی وڵاتیان بە
دەستەوە بو و گەرکیان بو کە دێمۆکڕاسیەکی لە خوارەوە بخوڵقێنن، ئەم شتە ڕو
ئەداتەوە.
پرسیار: ئایا ئەم شێوەیە لە شوێنیتر تاقی کراوەتەوە؟
گڕەیبر: بەڵێ بەر لە قۆناغی مۆدێڕنی سەنعەتی بوونی جیهان، باو بوە و باشیش بوە،
وەک تەجرەبەی نوێ ئەتوانین باسی کۆمۆنی پاریس و ئۆکڕاین بکەین کە هەوڵی دروست
کردنیان داوە. بەڵام لە هەر شوێنێک سەری هەڵدا بێت لە گشت لایەکەوە بە
چەپەکانیشەوە هێرشیان کراوەتە سەر و هەوڵیان داوە سەرکوتیان بکەن.
پرسیار: ناوچەکەیان چۆن بەڕێوە ئەبەن؟
گڕەیبر: ئەوان بەڕێوەبەریی شارەکان ئەکەن، وڵاتێکە، خاوەنی ئابووریەکی واقیعی،
وڵاتێکی فەقیرە کە لە ژێر گەمارۆی ئابووری دایە، بەڵام خەڵک ئوتۆمۆبیل لێ ئەخوڕن،
یاسا بۆ تڕافیک و هاتوچوێ هەیە، کارگە و کارخانە کەل و پەل بەرهەم ئەهێنن، مەزرا و
زەوی و زاریان هەیە، ڕێگاوبان تەعمیر ئەکەن، بە کورتی هەمو ئەو ئەرکانەی کە لە
شارێکی ئاسایی هەیە لەوێش هەیە. جیاوازی کاری ئەوان کە زۆریش سەرەنج ڕاکێشە و من
ناوم ناوە دەسەڵاتی دو توێی لەمەدایە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەل
و مەرجێکی لەم چەشنە هاتۆتە ئاڕاوە، لە لایەکەوە لە دەوڵەت ئەچێت و پاڕلمان و
وەزیریان هەیە کە یاسا دائەنێن و لە لایەکی دیکەشەوە سیستمی لە ژێرەوەی هەیە کە
خۆیان ناویان ناوە کۆنفیدڕاڵی دێمۆکڕاتیک. هەر گەڕەک و ناوچەیە مەجلیسی خۆیانیان
هەیە، هەر مەجلیسە گروپێکی کاری هەیە کە کاروباری سڵامەتی و دەوا دەرمان و
ئەمنییەت چاوە دێری ئەکات. هەر مەجلیسە و هەر گروپێکی کاری گروپێکی ژنانیان هەیە.
مەجلیس و گروپی کاری مەجبوورن چل لە سەدی ئەندامانیان لە ژنان هەڵبژێرن. گروپەکانی
ژنان مافی ڤیتۆیان پێ بەخشراوە و ئەتوانن هەر بڕیارێک هەڵوەشێننەوە. ئەوان
بەپێویستی ئەزانن باڵانسی بەینی ژن و پیاو بگیردرێتە بەر چاو. گشت بەرپرسەکان
ئەشێت دوان بن، ژنێک و پیاوێک. ئەڕتەشیش هەر بەم چەشنە بە ڕێوە ئەچێت هەر بۆیەش
ئەم گشتە وێنەی چەکداری ژن ئەبینین. ئەم سیستمە سیتمێکی سیاسیشە. خەڵک بە تێڕادیوی
ئەڵێن ئێمە دژ بە کاپیتالیزمین و هەمیشەش دژی کاپیتاڵیزم بووین. هەرەوها ئەڵێن:
کاپیتالیزم لە ناو نابردرێت تا دیاردەی دەوڵەت لە ناو نەبەیت، ناشکرێت دەوڵەت لە
ناو بەری تا پیاو سالاریت لە ناو نەبردبێت. ئەگەر لێیان بپرسی چۆن پیاو سالاری لە
ناو ئەبەن؟ جواب ئەدەنەوە لەم ڕێگایەوە کە هەمو ژنێک دەستی بە چەکی ئۆتۆماتیک
ڕابگا، کەس ناتوانێت زەخت لە چەکدار بکات. هەروەها هێزی پۆلیسی ژنانیان هەیە.
ئەوان خاوەنی دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆن، پێشنیارەکان ئەچنە شوڕای گەڕەک، لەوێوە ئەچێتە
کۆنفێدڕەی ناوچە و دوایی شار و ئەوانیش هەیئەتی خۆیان ئەنێرن کە بە یەکەوە بڕیار
بدەن. بە گشتی ئەکرێ بڵێین سیستمێکی پیچیدەیان هەیە. گرینگ ئەوەیە کە سیستمێکئ لە
سەرەوە بۆ خوارەوەیان هەیە و سیستمێکی لە خواەروە بۆ سەرەوە. خۆیان ئەڵێن ئەم
سیستمەی ئەوان دەوڵەت نیە هۆیەکەشی لەوەدا ئەینن کە هەر کەسەی کە تفەنگی ها
بەدەستەوە لە بەرامبەر سیستمی خوارەوە بەر پرسە و نەک سیستمی سەرەوە. کەسانی
سەرەوە ناتوانن کەس مەجبوور بکەن کارێک بکات کە نەیهەوێت بیکات.
تەنیا شتێکی کە ئەم یاسایە نایگرێتەوە مافی ژنانە. ئەوان یاسای پێشگریکردن لە شو
کردنی کچانی کەم تەمەنیان داناوە، بەڵام جاری واهەیە کە هەندێک لە خەڵکی گوندەکان
ئەم یاسایە پشت گوێ ئەخەن، ئەوانیش هێزێکی پۆلیس کە لە ژنان پێک هاتوە ئەنێرن کە
بەریان بگرن.
پرسیار: چ ماوەیەکە کە بوونیان هەیە؟
گڕەیبر: سێ چوار ساڵە
پرسیار: چ شتێک هاندەریان بوە کە ئەم شێوە سیستمە دامەزرێنن؟ ئایا ئەو سەرۆکەی کە
وەتتان لە بەندیخانەی تورکیایە؟ یانی شوێن ئەو کەوتوون؟
گڕەیبر: بەڵێ عەبدوڵڵا ئوێجەلان. سەرەنج ڕاکێش ئەمەیە کە خۆیان بە لایەنگری « کیشی
شخصیت» نازانن بەڵام هەر شوێنێک ئەچی وێنەی ئوێجەلان هەڵواسراوە. دیارە وێنەی
شەهیدەکانیشیان زۆر دەبینی، بەڵام لە ناو زیندوەکاندا تەنیا وێنەی ئوێجەلان هەڵ
ئەواسن. باش وایە بزانین کە تورکیە بڕیاری دابو ئوێجەلان ئیعدام بکات، بەڵام چونکە
ئەو کاتە هیوادار بوون بە ئەندامەتی یەکیەتی ئوروپا وەرگیرێن بڕیاری ئیعدامیان
هەڵوەشاندەوە. بە پێی یاسای تورکیە ئەو ئەیتوانی «دفاعیە»یەک بنووسێت و بە هەر
شێوەیەک کە پێی خۆشە دیفاع لە خۆی بکات و ئەو تاوانانەی کە بە سەریدا سەپاوە ڕەت
بکاتەوە ئەویش لە جوابدا دوازدە کتێبی نووسی کە سیانیان مێژووی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستە. ئەو بەردەوام ئەنوسێت ونووسراوەکانی لە زیندانەوە ئەگا بە دەستی
تێکۆشەرانی کورد و ئەبێتە بنچینەی گوفتوگۆ و دینەیتەکانیان. ئوێجەلان ڕایگەیاندوە
کە ئێمە ئەشێت خۆمان لە مۆدێلی کێشەی سیرفەن چینایەتی دوور بخەینەوە و تێبگەین کە
کێشەی ژنان کێشەی ناوەندی و فەوری ئێمەیە کە ئەشێت چارەسەری بکەین. هەروەها ئەڵێ:
ئەشێ تێبگەین کە ژینگە لە ڕوانگەی چەوسانەوە بە ئەندازەی کێشەی ژنان گرینگە هەر
بۆیەش ئەوان ئەڕتەشی فیمینیستی ژینگەیان دروست کردوە.
پرسیار: ئایا کتێبەکانی بە ئینگلیسی دەست ئەکەوەن؟
گڕەیبر: بەڵێ. دیارە هەمویان نا بەڵام لەبەرەوە دێنە دەر.
کاتێک وەک ئەناڕشیستێک ئەچیتە ئەوێنە، کەمێک سەیرە(دەیوید وشەی creepy کەڵک لێوەرئەگرێت بە بە مانای مچوڕک پێدا هاتنە) کە
چاوت ئەکەوێت بەم هەمو وێنانەی ڕێبەری گەورە، من ناوم ناوە « uncle Eoj= مامە ئوێج» کە پێچەوانەکراوی «uncle joe= مامە جۆو». (ئەنکڵ جۆو ناسناوی جۆزێف ئیستالین
بوە). دیارە بەم جیاوازیەوە کە ئوێجەلان ئەو سەرۆکە ئۆتۆریتەتێریان و دەسەڵات
خوازەیە کە بە لایەنگرانی ئێژێت کتێبی ئاناڕشیستەکان بخوێننەوە تا پێشی دەسەڵات
خوازی و ئۆتۆتێڕیانیزم بگرن. هەروەها ئەو ئۆتۆتێڕیانیزم و دەسەڵات خوازی کلاسیک
ئەخاتە قاڵبێکەوە کە تێگەیشتنی زۆر چەتوونەوە بەو مانایە کە لە لایەکەوە « لە
چەشنی تۆتالیتێرێک»بە گشتیان ئەڵێت چی بکەن و لە لایەکی دیکەشەوە ئێژێت خۆتان بیر
بکەنەوە و بڕیار بدەن، گەنجەکانیش زۆر بە وتەکانی دڵگەرمن. ئەوان ئەناڕشیست نین
بەڵام یەکجار زۆر لە بیر و باوەڕە ئاناڕشیستیەکانیان قوبوڵ کردوە. ئەوان دژی
دیاردەی دەوڵەتن گرینگیش نیە بە خۆیان ئەڵێن چی، گرینگ ئەوەیە کە دژی سەرمایەداری
و بوونی دەوڵەتن.
پرسیار: چۆن پارێزگاری لە ناوچەکەی خۆیان ئەکەن؟
گڕەیبر: ئەوان بڕوایان بە دیفاع هەیە. ئەوان باشترین شەڕوانانی سورییەن.
پرسیار: جیاوازی ئەوان لە تەک «دەوڵەت» چیە؟ ئەوانیش ناوچەی دابڕاوی خۆیان هەیە کە
ئەشێ پارێزگاری لێ بکەن.
گڕەیبر: ئەوان مەبەستیان پارێزگاری لە کۆمەڵگایە،
پرسیار: ئایا ئەوە جیاوازیە تەنیا لە ڕواڵەتدا نیە؟
گڕەیبر: ئەوان ئەڵێن؛ دەوڵەت خاوەنی مۆنۆپۆلی و ئینحیساری کەڵک وەرگرتن لە هێزە لە
ناو وڵاتدا (تەنیادەوڵەت مەشروعییەتی کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەربازی هەیە) و ئێمە
خاوەنی ئەم چەشنە مۆنۆپۆلیە نین. ئەوان ڕێکخراوێکی لە خوارەوە پێکهاتو و
دێمۆکڕاتیکن و هیچ نیهادێکیان بۆ ئەم بابەتە نیە. لە لایەکی تریشەوە هەمو
ڕێکخراوێک ئەشێ لە خۆی دیفاع بکات. گشت شتێک لە سروشتدا دیفاع لە خۆی ئەکات.
ئەوانیش دیفاع لە خۆیان ئەکەن. ناوی ئەڕتەشەکەیان یەکینەکانی پاراستنی گەلە.
ئەڕتەشەکەشیان دێمۆکڕاتیکە، گشت شەوێک کۆ ئەبنەوە و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە باسی
بڕیارەکانی خۆیان ئەکەن. ئەمریکاش کەوتۆتە بارودخێکی سەیرەوە کە مەجبوور بوە
پشتیوانی لە دەستەیەک ئاناڕشیست بکات. کوردەکان باشترین شەرکەرن کە ئەتوانن
فاشیستەکان لە ناو بەرن.
تێبینی وەرگێر : وتووێژەکە کەمێک دور و درێژترە، بەڵام ئەو بەشەم وەرگێڕاوە کە
سەبارەت بە ڕۆژاوا بو. ئەگەر پێویست بکات یەک شەممەی داهاتو باقێکەشی دادەنێم.
سەرچاوە : مەکۆی Omar Hamidi لە فەیس بووک
No comments:
Post a Comment