Friday, October 23, 2020

بۆ ڕێزلێنان لە سەیدایێ جگەرخوێن دوو بیرەوەری کورت


بۆ ڕێزلێنان لە سەیدایێ جگەرخوێن دوو بیرەوەری کورت!

41 years ago in a manifestation in Stockholm - Sweden. 25 August 1979. From right: Omar Sheikhmous, Hassan Sheikhmous known as CIGERXWIN (the famous Kurdish poet, not related to Omar), Hassan Ghazi. In the background to the left Kurdish writer Mahmoud Baksi.
Photo: Ann Eriksson
ئەم وێنەیە لە ٢٥-ی ئووتی ١٩٧٩ لە خۆپیشاندانێک دا لە شاری ستۆکهۆڵم بۆ پڕۆتێست بە دژی هێرشی ڕێژیمی تازەی جمهووری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە ڕۆژهەڵات
هەڵگیراوە. سەیداێێ جگەرخوێن هەر چەند ڕۆژێک بوو گەیشتبوە سوێدێ. لەو سەروبەندی دا چالاکی کوردەکان هێندە ڕێک خراو نەبوو لەگەڵ ئەوەشدا کوردانی دانیشتووی سوێد لە بەر هەستی هاوپێوەندییان لەگەڵ هاونەتەوەییەکانیان لە کوردستانی ئێران بە ژمارەیەکی زۆر لەو خۆپیشاندانە دا بەشدار بوون ئەم وێنەیە ڕۆژنامەنووس و وێنەگری سوێدی ئان ئێریکسۆن گرتوویە لە وێنەکە دا لە ڕاستەوە هۆمەر شێخمووس، حەسەن شێخمووس ( جگەرخوێن) و حەسەن قازی دەبیندرێن . بەڵای چەپی وێنەکەوە دەموچاوی نووسەر مەحموود باکسی ش بڕێک دیارە. ئەوە کاتێکە خۆپیشاندان گەیوەتە بەر سەفاڕەتخانە ئێران لە ستۆکهۆڵم. پێشتر خۆپیشاندەران چوونە بەر بینای سەرۆکوەزیرایەتی سوێد. شەخسی سەرۆکوەزیر ئولە ئولسۆن سەر بە پارتیی لیبێڕال سەرۆکی کابینەیەکی ئیتیلافی بوو. سەرۆکوەزیر هاتە نێو خۆپیشاندەران و بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ دەقیقە قسەی لەگەڵ کردین و گوێی لە داواکان گرت. ئێمە سەیدایێ جگەرخوێنمان تەخویل کرد لەوێ داوخوازەکان بە سەرۆکوەزیر ڕابگەیێنێ و قسەکانی هاوکات بۆ سەرۆکوەزیری سوێد وەردەگێڕدران. برادەرێکی کوردیی خەڵکی دەور و بەری سەقز لەو ناوە بوو، منیش بۆ ئەوەی هەر خۆمان بزانین باسی چی دەکەین. بە دەنگی بڕێک بەرز پێم دەگوت: " اقامت رو شاخشە" مەبەستم ئەوە بوو بڵێم بەو نوێنەرایەتی کردنە مافی مانەوەی سەیدایێ حەسەن شێخمووس بە زوویی موافەقەی لەگەڵ دەکرێ.
وابزانم ساڵی ١٩٨١ بوو برادەڕێکی کوردی خەڵکی باتمان کە بۆ ماوەیەک چووەبووە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لای حدکا مابووەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و زۆر نیگەران بوو گوتی سێ سەعات لەوە پێش لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا لە ستۆکهۆڵم جگەرخوێن مان بەڕێ کردووە بۆ پاریس و لەوێ چەند کوردمان ئاگادار کردووە بێنە پێشوازی، بەڵام تەلەفۆنمان کردووە دەڵێن جگەرخوێن نەهاتووە. نازانم چ بکەین . منیش دەستبەجێ پێوەندیم بە هاورێ خانەی ماملێ وە کرد. کاک خانە لەگەڵ سەفارەتی سوێد لە پاریس قسەی کرد بوو و ڕووداوەکەی بۆ باس کردبوون ئەوانیش داوایان کرد بوو ژمارە تەلەفونەکەی بەجێ بێڵێ ئەگەر شتیکیان بیست خەبەری دەدەنێ.
ڕووداوەکە ئاوا دەبێ هەرکە فڕۆکە دەنیشێ مامۆستا حاڵی تێک دەچێ و کارگێڕانی فڕۆکەکە دەستبەجێ لەو ناو ڕێبواران دا کەسێکی کە زمانی عەڕەبی دەزانێ دەبیننەوە و تەرتیبی ناردنی مامۆستا دەدەن بۆ نەخۆشخانە. بە بێ ئەوەی دەرفەت هەبێ ئەو کەسانەی کە بە پێشوازی سەیداوە هاتبوون ئاگادار بکرێن. بەخۆشییەوە دوای چەند سەعات وەزعی تەندروستی جگەرخوێن دێتەوە سەرخۆ و دەیبەن بۆ سەفارەتخانەی سوێد لە پاریس و ئەوانیش تەلەفۆنی کاک خانە دەکەن و خەڵکێکی زۆر نیگەرانیان دەڕەوێتەوە. بەر لە هەموان کاک ئیحسانی باتمانی کە زۆر نیگەرانی بوو. لە ژیننامەی جگەرخوێن دا ڤێرسیۆنێکی ئەو ڕوداوە بڵاو کراوەتەوە. یادی هەر مان حەسەن قازی ٢٢-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠

No comments: