Sunday, October 18, 2020

بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە گیرانی تێکۆشەری گەورە عەزیز یۆسفی

بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە گیرانی تێکۆشەری گەورە عەزیز یۆسفی

بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە گیرانی تێکۆشەری گەورە عەزیز یۆسفی

١٥-ی جۆزەردانی ١٣٥٧ی هەتاوی ( ٥-ی ژووەنی ١٩٧٨) ئەو ڕۆژەیە کە تەرمی پیرۆزی کاک عەزیزی یۆسفی تێکۆشەری کۆڵنەدەری کورد لە مەهاباد نێژرا و ئەو خۆ پێشاندانەی ئەم ڕۆژە لە کاتی ئەسپاردە کردنی وی کرا و ئەو دروشمانەی هەر ئەو ڕۆژە لە سەر گۆڕی شەهید سولەیمان موعینی بەرز کرانەوە تین و گوڕێکی تازەی دا بە خەباتی دژی ڕێژیمی شاهەنشاهی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
عەزیز یۆسفی ماوەیەکی کەم بەر لە کودەتای عەبدولکەریم قاسم گیرا و تا ساڵێک لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دا بوو و لەگەڵ ئەوەش کە ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو بەڵام لەو ماوەیە دا هیچی نەدرکاند. تا ئەوە ی کە چەند کەس گیران و ئعترافیان کرد و ئەوە دۆسیەی وی قورستر کرد و لەگەڵ چەند تێکۆشەری دی حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕینەوە کە دواتر بە زیندانی ئەبەد داشکا. ئەو دەمی کە گیرا بوو ئەوە پێی زاندرابوو کە کاتێک گیراوە ویستویە ئەو نامەیەی پێی بووە قووت دا بەلام بە توبزی لە قورگی خوێناویان هێناوەتەوە دەرێ، لەو بەڵگەنامەی هەنگی ژاندارمەری ڕەزائییە دا ئاماژە بەوە کراوە. وەک لە بەڵگە نامەکەش دا هاتووە بەر لە ساڵی ١٩٥٨ دوو جار گیرا و شەش ساڵ لەزیندان دا بوو. عەزیز یۆسفی لە زیندان فێری زمانی ئینگلیسی بوو و کتێبی ' سرزمین کف 'ی بە زمانی فارسی وەرگێڕا. ئەو لە ساڵی ١٩٧٧ لە زیندان بەر بوو و ساڵێکی پێ نەچوو ماڵاوایی لە ژیان کرد و بە داخەوە ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی بە چاوی خۆی نەدی. یۆسفی سەربەرزانە ٢٥ ساڵ لە تەمەنی ٥٢ ساڵەی خۆی لە زیندانەکانی شا دا تێپەڕاند. سلاو لە بیروەری ئەو شۆڕشگێرە نەمرە.



 

ئیمبلێم تاج و شێڕ و شمشێر

وەزاڕەتی ناوخۆ

ئوستانداریی ئازەربایجان

تاران – تیمساری فەرماندەیی ژاندەرمەری گشتی ، ڕوونووس تەورێز تیمساری فەرماندەیی مەڵبەندی ژاندارمەری – مەهاباد تیمسار فەرماندەیی سپای ٣-ی مەهاباد: لە سەعات ١٣-ی بەرواری ١٢-ی ئەم مانگە ١٢-٥ – ١٣٣٧ ( ٣-ی ئووتی ١٩٥٨) سەرۆکی پاسگا لە پێش پاسگای بالانش لە کوردێک دڕدۆدۆنگ دەبێ داوای لێ دەکا بێتە ناو پاسگا لەکاتی پشکنینی بەدەنی دا چوار لاپەڕە کاغەزی تەنک کە بە زمانی کوردی نووسرا بوو لێی کەشف دەبێ ، هەر کە نامەکە کەشف دەبێ ناوبراو دەیەوێ قووتی دا کە لە بەر ئەوەی مەئموورەکان پێشی پێ دەگرن نایەڵن نامەکە لەناوبچێ و ئەو کەسە دەبەنە ناوەندی هەنگ ، لە ناوەندی هەنگ دا لە لێپرسینەوە دا خۆی وەکوو عەزیز کوڕی محەمەد ناوی بنەماڵەیی یۆسفی دانیشتووی مەهاباد ئێستا لە تاران – کارمەندی کالیجی کشتوکاڵی خاوەنی مەڕامی ئێشتراکی کە لە سەر بنەمای هەمان پێشینە و لە ماوەی ٦ ساڵ و ٦ مانگ لە مەهاباد بەرەو سنوور و لە مەباد زیندانی دەکرێ دوایی ئازاد دەکرێ بە ناساندن. سەبارەت بە کاغەزی بەر باس لە لێپرسینەوە دا دەڵێ کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئەو کاغەزەی لە تاران لە خیابانی لالەزار کەسێکی کورد بە ناوی حوسێن کە ناسێنەی تەواوی ناناسێنێ داوە بەمن گوتی ئەو نامەیە لە ڕەزائییە لە پردی شەهرچای نزیکەی سەعات ٩ کەسێک دێ و پێت دەڵێ ساڵح ئەتۆ دەستت دەبەیە پێشێ ئەو قامکە چکۆڵەت دەکێشێ ئەو نامەیە بدە بەو و تەنانەت گوژمەی هەزار ڕیاڵ دراوی نەغد و بڵیتێکی ترێنی لە تارانەوە و بۆ تەورێز بۆ من کرێ و منی ڕەوانە کرد بۆ ڕەزائییە، ئەمن کە ١١-ی ئەم مانگە گەیشتمە ناو ڕەزائییە سەعات ٩-ی شەو چوومە پردی شەهرچای ئەو کەسە نەهات شەوێ لە موسافیرخانەیەکی پەڕپووت کە ناوەکەی نازانم ڕۆژم کردەوە بۆ بەیانییەکەی دیسان سەعات ٩ هەر چوومەوە هەمان شوێن دیسان ئەو کەسە نەهات ئەمنیش ئوتومبیلێکی سواریم بە کرێ گرت تا بالانش چووم کە لەوێوە بەو ماشێنانەی کە دەچنە مەهاباد بچمە مەهاباد لە پاسگا گیرام سەبارەت بەو کاغەزانەی بەرباس ڕایگەیاند ئەو کەسە بە منی گوت ئەوە لەمەڕ جەرەیان و ماوە و سەربەخۆیی کوردستان ە و ئەمنیش لە سەر بنەمای ئیدە و مەسلەکی خۆم قبووڵم کرد بیهێنم. هەر وەها کاغەزێکی دیکە و گوژمەی هەزار و‌ حەفتا تمەن دراوی نەغد لەو کەشف بوو ئەو کاغەزە بە خەتی خۆیەتی یادداشتێکە لە نووسەرانی لەهیستانی بە قەڵەمی بوزورگ عەلەوی. بەو جۆرەی کە دەفتەری سیجیلی تاوانکارای و دەفتەری ئاژاوەگێڕانی هەنگ نیشان دەدا و لە قسەکانی خۆشی دەردەکەوێ ناوبراو یەکێک لە ئەندامان و ئەندامانی هەڵسووڕی حیزبی هەڵەوشاوەی قواء!! و عونسورێکی بەمەترسیی یە و لە تارانەوە هەڵگری پەیام بووە بۆ سەرانی حیزبی پێشووی هەڵوەشاوەی تودە و حیزبی کۆمەڵە بەڵام لە ناساندنی ئەو حوسێنەی کە نامەکەی داوەتێ و هەر وەها وەرگری نامەکە کە تەنێ بە ناوی ساڵح دەیناسێنێ خۆ دەبوێرێ و دەست دەپارێزێ لە گوتنی ڕاستی. بۆیە ناوبراو لەگەڵ ئەو کاغەز و دراوەی کە لە لای دۆزراونەتەوە و لە سەرەوە باس کرا بە مەبەستی ڕاودوو نان و لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتنی تەواو بەم ژمارەی خوارەوە ناردرا بۆ لەشکری ٤-ی ڕەزائییە و بەوێ ناسێندرا .
١١٥ – ١٣/ ٥/ ١٣٣٧

سەرهەنگ عاسی

=====
وەرگران تیمساری فەرماندەیی لەشکری ٤-ی ڕەزائییە بە ناساندنی عەزیز ناوی بنەماڵەیی یۆسفی و ٤ پەڕ کاغەز بە زمانی کوردی کە پشتی ئەو پەڕانە بە ناوبراو ئیمزا کراوە لەگەڵ ٦ پەڕ دەقی لێپرسینەوە و هەر وەها پەڕێک یادداشتی سەرەوە بە مەبەستی ڕاوەدوونان و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ گوژمەی هەزار و شەشسەد ڕیال دراوی نەغد کە یەک سەد ڕیاڵ بۆ مخاریج دراوە بە خۆی پێشکێش دەکرێ تکایە ئەمر بکەن و دیاری بفەرموون وەرگێڕان لە نامە کوردییەکە بۆ ئەو هەنگە بنێر درێ.

١١٥/ م - ١٣/ ٥/ ١٣٣٧ (٤-ی ئووتی ١٩٥٨) وەرگرانی ٢ فەرمانداریی گشتی ڕەزائیە بۆ ئاگادار بوون -
ڕوونوس وەک ماکە مۆر

 

No comments: