Sunday, October 18, 2020

کوردستان ، خوسرەو روزبە و دوکتور هاشم شیرازی بە بۆنەی ساڵڕۆژی تیرەباران کردنی خوسرەو روزبە ٢١ بانەمەڕ ١٣٣٧/ ١١- ی مەی ١٩٥٨


 

کوردستان ، خوسرەو روزبە و دوکتور هاشم شیرازی بە بۆنەی ساڵڕۆژی تیرەباران کردنی خوسرەو روزبە ٢١ بانەمەڕ ١٣٣٧/ ١١- ی مەی ١٩٥٨

کوردستان ، خوسرەو روزبە و دوکتور هاشم شیرازی

بە بۆنەی ساڵڕۆژی تیرەباران کردنی خوسرەو روزبە ٢١ بانەمەڕ ١٣٣٧/ ١١- ی مەی ١٩٥٨

حەسەن قازی

خوسرەو روزبە لە بەرگرینامەکەی لە دادگای نیزامی لە ساڵی ١٩٥٨ بە ڕوونی دیفاع دەکا لە گەڵانی کورد و ئازەربایجان و دیاریکردنی مافی چارەنووسیان و سەبارەت بە تاوانی جاسووسی کە دادگە وەپاڵی دابوو دەڵێ:

" ئێمە نەک هەر هیچ هەنگاوێکمان هەڵنەهێناوەتەوە بۆ کاری جاسووسی . بەڵکوو بە پێچەوانە کردەوەیەکی دژی جاسووسیشمان کردووە کە کورتەکەی ئاوایە : لە ساڵی ١٣٣١ [ ١٩٥٢] سەفارەتی گەورەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئێران ، دەستی کرد بەدامەزراندنی کلاسێکی جاسووسی و ژمارەیەک لە ئێرانییەکانی بە پێی شەرتومەرجی تایبەتی و ئیحتیاتی پێویست بۆ بەشداری لەو پۆلە دا هەڵبژارد. بە هەڵکەوت یەکێک لەو تاکوتەرایانە کەسێک بوو بە ناوی دوکتورشیرازی پزشکی ددان کە ئەندامی حیزبی توودەی ئێران بوو. دوکتور شیرازی حیزبی توودەی لەو مەسەلەیە ئاگادار کرد و وا بڕیار درا بەردەوام بێ و درێژە بدا بە خوێندنی خۆی لەو پۆلە دا و کاتێک سەنەد و بەڵگەی تەواو کەوتە دەست حیزب ئەودەمی ئەو کەتنە لە قاو بدرێ. گشت بەڵگە نامەکانی خوێندنی ئەو پۆلە لە ئارشیو لقی ئیتیلاعاتی حیزبی توودەی ئێران دا ئارشیو کرا بوو و لە بەر ئاگر کەوتنەوە لە ئارشیوی ئیتیلاعات هەمووی لە ناو چوو. ئەو خوێندکارانەیان فێری پرێنسیپی گشتی جاسووسی دەکرد و بە تایبەتی کەشفی ڕەمز و پێوەندی کردن بە ڕێگای تێلگرافی بێ سیم و لە وانە و مانگانە ٥٠٠ تمەنیان مووچە دەدا بە هەر کام لە فێرخوازەکان. بڕیار وا بوو شاگردەکانی ئەو کلاسە بەسەرتاسەری ئێران دا بڵاو ببنەوە و خەریکی کاری ئاسایی خۆیان بن وەک دوکتوریی ددان، تەبابەت ، مامۆستایەتی و هتاد. هەر وەها بڕیار بوو لە لایەن سەفاڕەتی ئەمریکاوە کەلوپەل و ئامرازی کاری شەخسی و هەر وەها بێ سیم و شتی پێویستی دیکە تەحویل بدرێ. مەئموورییەتی دوکتور شیرازی ئەوە بوو لە مەهاباد کاری ددان پزشکی خۆی بکا و ئەرکی جاسووسی خۆی لە بەرژەوەندی ئەمریکا ئەنجام بدا . بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ کچی قازیی محەمەد رێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان زیواجی کرد بە ڕواڵەت سەفارەتی ئەمریکا لێی دڕدۆنگ بوو و بۆ ئەوەی کەلوپەلی ددان پزشکی و بێ سیم و ئامرازی دیکەی بداتێ خۆی دەگنخاند بەڵام مانگانە ٥٠٠ تەمەنەکەی بە ڕێکوپێکی پێ دەدا و دوکتور شیرازی بڕێک لەو دراوەی دەنارد بۆ منداڵەکەی کە لە بەیڕووت دەیخوێند[ دیارە لێرە دا خوسرەو ڕوزبە منداڵی دوکتور شیرازی لەگەڵ دەسگیرانی پێشووی تاقوجووت کردووە. لە سەر دەمی بەرباس دا دوکتور شیرازی منداڵی نەبوو ، وەرگێڕ] و ئەویدیکەی بێ زیاد و کەم دەدا بە حیزب. مەبەستی ئێمە ئەوە بوو هەر کە کەلوپەل و ئامرازەکان وەرگیران ئەو کارە بە ئامادەیی مودەعی گشتی دیوانی بەرزی ووڵات ، دۆزگەری گشتی ئەرتەش و ژمارەیەکی دیکە لە کەسایەتی پێوەندیدار لە قاو بدەین و بەم پێیە هەنگاوەکانی سەفاڕەتی ئەمریکا لە مەڕ ئەو جاسووسییە سەرسووڕهێنەرە تووشی شکان بکەین. بەڵام بەداخەوە لەبەر پێشهاتی ڕووداوی ٢٨-ی گەڵاوێژ [مەبەست کودەتای ئەمریکایی ١٩-ی ئووتی ١٩٥٣ یە. وەرگێڕ] گیران و خەیانەتی عەزیم عەسکەری توند نووسی مەجلیسی شووڕای میللی کە لە بنەوە ئارشیوکاری لقی ئیتیلاعاتی حیزبی توودە بوو و گیرانی دوکتور شیرازی خۆی ئەو بابەتە بە تەواوی هەلوەشا. وەک مولاحەزە دەفەرموون شانازی لقی ئیتیلاعاتی حیزبی توودەی ئێران ئەوەیە کە نەک هەر کردەوەی جاسووسی نەکردووە، بەڵکوو هەنگاوی زۆر گرینگیشی هەڵێناوەتەوە بە دژی جاسووسی . ( دوایین بەرگرینامەی خوسرەو ڕوزبە ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی توودەی ئێران لە دادگەی عەسکەری ، چاپی چوارەم ساڵی ١٣٥٨ [ ١٩٧٩] " 

دوکتور هاشم شیرازی لە بیرەوەرییەکانی دا باسی پێوەندی لەگەڵ ئەمریکاییەکان لە زەمانی جمهووری کوردستان و دواتر دەکا و هەر وەها لە دیداری خۆی لەگەڵ خوسرەو روزبە دەدوێ بەڵام لە سەر دامەزرانی ئەو کلاسە هیچ ناڵێ و تەنێ لەوە دەدوێ کە بەپێی دەستووری حیزبی توودە لە هەڵبژاردنی پاڕڵمانی ساڵی ١٣٣٠
لە مەڵبەندی مەهاباد بانگەشەی بۆ کاندیدای دژی بەربژێری حیزبی توودە واتە سارمەدین سادق وەزیری کردووە و لەو بارەیەوە دەنووسێ: " چالاکی هەڵبژاردن بە قازانجی دوکتور موکری و سەرسوڕمانی هەموان. لە ساڵی ١٣٣٠[١٩٥١] هەڵبژاردنی خولی حەڤدەهەمی مەجلیسی شووڕای میللی هەبوو و حکوومەتی سەرەڕۆی شا بە پێی ئامۆژگاری ئەمریکاییەکان ڕایگەیاند کە ئەو هەڵبژاردنە ئازادە یانی وەکوو ڕابردوو تاکوتەرا بێ هەڵبژاردن لەو پلەیە داناندرێن . هەموو پارتییەکان و گرووپە سیاسییەکان بە ئازادی پاڵیوراوی خۆیان دەناسێنن . ئاغای سارمەدین سادق وەزیری لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حیزبی توودە بە پاڵێوراوی نوێنەرایەتی شاری مەهاباد دیاری کرا. دوکتور محەمەد موکری بەڕێوەبەری گشتی دەبەرکارنانی وەزاڕەتی فێر کردن و بارهێنانیش خۆی وەک پاڵێوراوی نوێنەرایەتی مەهاباد لە مەجلیسی شوورای میللی ڕاگەیاند . ناوبراو داوای لە من کرد کە لە چالاکی بانگەشەی هەڵبژاردن دا یارمەتی بدەم و لەگەڵی بچم بۆ مەهاباد . ماوەیەک دواتر کە پاڵیوراوەکان وە حەول و کڕوکاش کەوتن و دەیانویست بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بکەن مولێری ئەمریکایی داوای لە من کرد کە لەگەڵ دوکتور موکری بە مەبەستی خەبات و بەربەرەکانی هەڵبژاردن بچم بۆ مەهاباد [ دوکتور شیرازی لە بیرەوەرییەکانی دا دەڵێ ئارچی روزوێلت کە کوردی لە لاخوێندووە پێش ئەوەی لە ئێران بڕوا مولێری پێ ناساندووە، وەرگێڕ ] و هەر وەها کارتێکیشی پێ دام کە بە ئەمەرخانی شکاکی نیشان دام [ لە پەراوێز دا نووسەر دەنووسێ ئەمەرخانی شکاک یەک لە خانەکان و سەرۆکی ئێلی شکاک شا و ئەمریکاییەکان زۆریان لا لێ دەکردەوە و سەرنجیان دەدایە] و لە لایەن مولێرەوە داوای لێ بکەم دەنگ بدەن بە دوکتور موکری و دۆستەکانیشی بۆ ئەو کارە تەشویق بکا. ئەمن دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئیحسان نووری بەسەرهاتی داوخوازی دوکتور موکری و مولێری ئەمریکایی و فۆتۆکۆپی کارتەکەم بە کۆمیتەی ناوەندی حیزب گەیاند . ( کاتێک کۆمیتەی ناوەندی موافەقەتی کرد کە من لەگەڵ ئەمریکاییەکان هاوکاری بکەم ئیدی منیان لە بەشداری لە حەوزەی تەشکیلاتی دیکە و لە دیوار نووسین و بڵاو کردنەوەی تڕاکت و ڕۆژنامە فرۆشتن و ئەو جۆرە کارانە بەتەواوی تەرخان کرد و پێوەندکارێکی تایبەتییان بە ناوی دوکتور حەسەن ئیسماعیل بەگی بۆ دیاری کردم هەتا لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی دا ڕاستەوخۆ پێوەندیم هەبێ). ڕۆژێک دواتر دەستووریان پێ دام کە لەگەڵ دوکتور موکری کەوم و لە دڵەوە چالاکی و بانگەشەی بۆ بکەم بەڵام بێ پسانەوە و بە ڕێکوپێک ڕاپۆرتی ئەوەی ڕادەبرێ و ڕەوتی هەڵبژاردن بگەیەنمە حیزب ، لەهەمان کاتدا دوکتور موکری لە ڕووی ئیدارییەوە فەرمانی دوو مانگ پشووی بۆ دەر کردم [ئەو دەم دوکتور شیرازی کارمەندی وەزاڕەتی فێرکردن و بارهێنان بوو، وەرگێر]

دیدار لەگەڵ خوسرەو روزبە

هەر لەوان ڕۆژانە دا لە لایەن حیزبی توودەوە بۆ دیدارێکی حزووری بانگ کرام. دوکتور ئیسماعیل بەگی گوتی: یەک لە هاوڕێیان بە ناوی زارع دەیەوێ ئێوە ببینێ. ڕۆژێک لای تاوپەڕان لەگەڵ بەڕێزیان چووینە نهومی پێنجەمی خانووبەرەیەک لە خەیابانی کاخ. ئیسماعیل بەگی پێکێشی دەکرد چبڕ وەدرەنگ نەکەوم و بەکاتی خۆی لەو شوێنە بم کە بڕیارمان دانا بوو. دیارە بوو کە گرینگییەکی تایبەتی دەدا بەو دیدارە. دواتر بە منیان گوت شانازی دیدارەکی ئەوتۆ نابێ بە نسیبی هەموو کەس، کاتێک چووینە ژوورێ بە گەرمی وەریان گرتین . لە دوای هێندێک قسە کردن سەبارەت بەو کارانەی کە ئەنجام درابوون و هەر وەها پێوەندی من لەگەڵ ئەمریکاییەکان، بابەتی چوون بۆ مەهاباد و هاوکاریکردن لەگەڵ دوکتور موکری هاتە گۆڕێ و زارع ڕووی دە من کرد و گوتی:

هاوڕێ مەلە کردن لە ڕووبارێکی خروشاو دا ئەویش بە دژی تەوژمی خوڕێنی ئاو ، کاری هەموو مەلەوانێک نییە. ئایا ئێوە دەتوانن لەگەڵ ئەوە دەرببەن یان نا؟ ئەمن دەستبەجێ ڕستەکەی بەڕێزیانم نووسییەوە ( لەو سەردەمی دا بە پێچەوانەی بواری خوێندنم کە پزشکی بوو ، زۆرم حەز لە ئەدەببیات و هونەر بوو. گیرفانم پڕ بوو لە یادداشت و کوتە کاغەز لە هەر کوێ ڕستەیەک یان شێعرێکی جوانم خوێندباوە دەست بەجێ دەمنووسییەوە.) من تکام لێ کرد هێندێک کراوەتر لەو بارەیەوە بدوێ تا کو من بە باشی لێی تێ بگەم. ئەو گوتی:

کاتێک ئێوە لە شوێنێکی پچووکی وەک مەهاباد بە قازانجی دوکتور موکری خەریکی بانگەشە بن و پاڵێوراویش کەسێکی دیکە بێ، بەر لەهەموو کەس دۆستانی خۆت تاوانبارت دەکەن و تۆمەتی بەد و ناڕەوات وەپاڵ دەدەن. ئایا توانایی ئەوە دەخۆت دا شک دەبەی یان نا ؟

گوتم: ئەگەر حیزب بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی ناچار بە فیدا کردنی یەکێک لە تاکوتەرا بێ . بێڵن با من ئەو فیداییە بم.

ئەو پەسنی دام و هێندێک فەرمانی دا بە مەبەستی ڕێنوێنی و چاکی جێ بەجێ بوونی کارەکە. من پێشنیارم کرد بۆ ئەوەی دوکتور موکری بەڕاستی باوەر بکا و بۆ ڕاکێشانی باوەڕیی زیاتری ئەمریکاییەکان دەستوور بدەن هاوڕێیانی مەهاباد لە بەر چاوی خەڵک تیر وپڕم لێ دەن و دوایی بە پێکەنینەوە گوتم" بەڵام ووشیار بن سەقەتم نەکەن.

زارع بڕێک بیری کردەوە و دوایە لە دوکتور ئیسماعیل بەگی پرسی: ئێوە بۆچوونتان چییە لە سەر ئەو پێشنیارە ؟ بەڕێزیان پێشنیارەکەی منی زۆر بە سەرنجڕاکێش و بەرز دانا. زارع گوتی هاوڕێیەک کە تا ئەو دەرەجەیە دڵپاکانە ئامادە بە فیداکردن و لە خۆ بووردن بێ حەیفە لێی بدرێ ، ئێمە دەبێ بەشێوەی دیکە بۆچوونەکەی دابین بکەین. دواتر کە وێنەی خوسرەوی روزبە لە ڕێبەرانی بە نێوبانگی حیزبی توودەم لە ڕۆژنامە و گۆوارەکان دا دی زانیم ئەو کەسی کە من چووبوومە دیداری خوسرەوی ڕوزبە و زارع ناوی خوازراوەی بووە . هەر لەو ڕۆژانە دا کە ئەو هەنگاوانە هەڵ دەهێندرانەوە ئەمن و سارمەدین سادق وەزیری ، دوکتور عەلی مەولەوی. حوسێن فرووهەر، سەدیق ئەنجیری . عەلی خوسرەوی و دوکتور زولفەقاری ئێواران لە ماڵی سادق وەزیری کۆ دەبووینەوە نەخشەی بەربەرەکانی هەڵبژاردنی سادق وەزیری مان دا دەڕشت و هەر ڕۆژەی دەستوری تازە لە لایەن ئێمەوە بە هاوڕێیان دەدرا لە مەهاباد..... "خاطرات دکتر هاشم شیرازی، از فعالان سیاسی کردستان ، بە کوشش هاشم سلیمی ، ناشر انتشارات توکلی ، ١٣٨٠ "

سەردێڕی باسەکە ئی وەرگێڕە.

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە

No comments: