Sunday, October 18, 2020

بانگەوازی یادی دەیڤید گڕەیبر لە١١-ی ئۆکتۆبر


 

بانگەوازی یادی دەیڤید گڕەیبر لە١١-ی ئۆکتۆبر

ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری جیهان دا لە دەوری یەکدی کۆ ببینەوە بۆ کارنەواڵێکی بیرەوەری و رێزڵینان لە ڕوحی تاقانەی دەڤید گڕەیبر، کە لە پڕ و بێ ئەوەی چاوەڕێ بکەین ئێمەی بەجێهێشت. ئەم بانگەواز و بانگهێشتنە لە لایەن هاوسەری نیکا و ژمارەیەک لە دۆستانی ڕا کراوە.

ڕوحی دەیڤید بەوە زوێر دەبوو بێتوو تەنێ لە ئاڵقەیەکی داخراو و تەنگی دۆستانی نزیکی دا و بە ڕەشپۆشی یادی کراباوە، دەیڤید وەک کەسێک کە زیاتر لە پێناو شۆڕش دا ژیا و لە پێناوی سەروبن کردنی دنیا تا ئەوەی کە بیر لە خۆ وێستی بکاتەوە، ناشتنێکی خەماوی تەنێ جەختێک دەبێ لە سەر شەخسی خۆی و ڕابردوو و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەیڤید زیاتر هەست بە چەقبەستووی بکا تا زیندوو بوون. و ئێستا کە دەیڤید شوێنێکی گەورەی لە سەر ژیانی ئێمە داناوە، قەت لەوە کاتی باشتر نەبووە کە لەگەڵ بیرەکانی دا بژین تا ئەوەی شەخسی خۆیمان لە بیر بێ. بۆ دەیڤید ئانارشیزم بە واتای " کردنی کارێک بوو" تا ئەوەی کە ناسێنەیەک بێ، جا بە روحییەیەکی ئاواوە، ئێمە بڕیارمان داوە کارنەواڵێکی بێرەوەری بۆ دەیڤید ڕێکبخەین،بۆنەیەکی ئەوتۆکە سەبارەت بە داهاتوو دەبێ: داهاتوویەکی مەرمووز، داهاتوویەک کە هاوپێوەندی و هاوپشتی وەڕوو دەخا. سۆنگەیەکی ئەو کارنەواڵە پێکەنینە بەڕووی مەرگ دا. ئەوە کاری هەرە پڕاتیکە لە هەلومەرجێ لەقەرەف و توف دا.وەک هەموومان دەزانین دەیڤید نوکتەی پێ خۆش بوو . لە ڕاستی دا دواین قسەکانی نوکتە بوو.

دەیڤید وەک کتکێک بوو؛ زۆر ژیانی جۆر بە جۆری هەبوو. کاتێک خەڵک تووشی دەهاتن، بە ڕێگای تویترەوە بێ یان تەنانەت بە خوێندنەوی کتێبەکانی یان ئامادە بوون لە سێمینار و وتاردانەکانی دا، زۆریان دەستبەجێ دەبوون بە دۆستانی نزیکی. دەبوون بە بەشێک لە ماڵبات و هاوڕێی. لە ناو ئالقەی دۆستانی دەیڤید دا زۆر کەسی ئاوا هەبوون ئەگەر لە بەر دەیڤید نەبایە قەت یەکتریان نەدەدی. دانیشتوانی گەڕەکی پۆرتۆبێلۆ ڕۆد لە لەندەن، بڵۆگ نووسە تەنیاکان، پڕۆفێسۆرانی زانکۆ، موهاجیری بێ بەڵگە، چەندین وەچەی چالاکان، هونەرمەندان،مۆسیقاژەنانی ڕاک و زۆر خەڵکی گەنج – خوێندکاران، سەرهەڵداوان، ئەندامانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. گشت ئەوانە هەستیان دەکرد دەیڤید بەشێکە لە ژیانیان و زۆر لەوان دەیانەوێ درێژە بە کارەکانی بدەن و هەر وا لێی نزیک بن. وەک ئەوە وایە کە ئەو ٥٠٠٠٠ برا وخوشک و ٢٠٠٠٠٠ دۆستی هەر باشی هەبووبێ، جا بۆیە کارنەواڵی ڕێزلێنان بۆ یادی دەیڤید فەزا دەکاتەوە بۆ ئێمە هەموومان کە دەمانەوێ درێژە بدەین بە هەستی لێ نێزیک بوون لە دەیڤید
دەیڤید لە وێنیز سەری نایەوە، شارێک کە زۆر جار سەری لێ دەدا. دەیڤید پێی خۆش بوو لە هەر بۆنەیەک دا کە دێتە پێشێ جلوبەرگی کەشخە دەبەر کا. هەر جارەی کە سەری ئەو شارەی دەدا لەگەڵ خۆی ماسک و جلوبەرگی وێنیزی دەهێناوە. بەر لەوەی کارنەواڵی وێنیز ببێ بە کالایەکی تووریستی، ئەو بۆنەیە فەزایەکی سیاسی دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵی ساز دەکرد. لە ماوەی کارنەواڵەکەدا ئیدی کەس نەڕەش بوو، نە سپی، نە پیر، نە گەنج، نە جوان، نە دزێو، نە هەژار، نە دەوڵەمەند. چونکە هەموان ماسک بوون.

وەک گەمەکارێکی ناو بزووتنەوە دژە کاپیتالیستییەکانی ساڵانی ٩٠ەکان دەیڤید لە وێکچوونە خوڵێنەبوێرەکانی نێوان ئەزموونی کارنەواڵێک و سەرهەڵدانێک تێ دەگەیشت. ڕاست ٩ ساڵ لەمەو بەر ئەمڕۆ. لە ١٧-ی سێپتامبر وڵامی بانگەوازێک دراوە و بزووتنەوەیەک لە دایک بوو. ئەو بانگەوازە پەیامەکەی سادە بوو: "واڵ ستریت داگیر بکە- چادرێک لەتەک خۆتدا بێنە". دەیڤید یەکێک لەو بە دەیان هەزار کەسانە بوو کە وڵامی ئەو پەیامەیان داوە بە ڕێک خستن و داگیر کردن. ئەوی تر ئیدی بووە بە مێژوو. ئەمڕۆ ئێمە لە ئێوە دەگێڕینەوە کارنەواڵێکی ڕێز لێنان لە یادی دەیڤید وەڕێ خەن لە ڕۆژی یەکشەممە ١١-ی ئۆکتۆبر لە هەر جێگایەک هەن.

بە ئیلهام وەرگرتن لە هەبوونی بڵیندگۆی کراوە لە ماوەی بزووتنەوەی داگیر کردنی واڵ ستریت دا، ئێمە داواتان لێ دەکەین لە ماوەی ئەو کارنەواڵەی دا کە رێکی دەخەن دەرفەت بدەن بە خەڵک کە قسەبکەن و بیروڕای خۆیان لەگەڵ کەسانی دی بەش بکەن. ئەو گردبوونەوانە دەکرێ لە ژیان و وتەکانی دریڤید ئیلهام وەرگرن و بیری لێ بکەینەوە چلۆن بتوانین بیانبەینە ناو داهاتوویەکەوە کە ئێستا دەست پێ دەکا. دەیڤید دەڵێ – " وا بژی هەر وەک ئەوەی هەر ئێستا ئازاد بی".

ئەتۆ چ لە ماڵێ بە تەنێ بی و بتەوێ تەنێ بڕگەیەکی بەدڵت لە کارەکانی بخوێنییەوە، یان تێکۆشەڕێکی ژیانی هەرەوەزی بی و بتەوێ بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری خیابانان دابگرێ، یان ئەگەر ئێوە دەستەیەک ئاکادێمی بن لە هۆڵی سێمینارێک دا، یان شەڕڤان بن لە بەرەی شەڕدا، یان بێماڵێکی بی، یان لە سەفەرێک دابی بۆ کاری مەیدانی مرۆڤناسانە، لە کەمپی پڕۆتێست دابی یان لە مووزەخانەیەک دا، لە هەر جێگایەک بی دەتوانی کارنەواڵێکی ڕێزلێنانی یادی وەڕێ خەی. بۆ ئەو کارە تەنێ مەرجێک هەیە:" ماسکێک لەتەک خۆت دا بێنە" ( هەڵبەت ماسکێکی لە گوێن کارنەواڵ بێ نەک دەمبێنی کۆڤید).

هەر لە ئێستاوە نەخشەی بەدەیان بۆنە داڕێژراوە، لە پارکی زوکوتی لە نیۆیورک. لە ڕۆژئاوا، زاد، کۆریا، ئوتریش، بێرلین، لەندەن. ئەگەر پێوەی لەو یادە دا بۆنەیەک ڕێک بخەی ئی مەیلێکمان بۆ بنێرە و پێمان بڵێ ئەوە کەنگێ و لە کوێ دەبێ، بۆ ئەوەی بکرێ سەرهێڵ بڵاوی بکەینەوە بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا بەشداری بکەن. ئێمە بە ئاوایەکی زیندوو کارنەواڵی بیرەوەری دەیڤید بڵاو دەکەینەوە و دواتر وردە ڕێشاڵی ڕێوڕەسمەکە و جیاوازی کاتو سات لە شوێنی جیاوازی جیهان بۆ دینی ئەم ڕێوڕەسمە ڕادەگەیێنین.

email: carnival4david@riseup.net
دلسوزتان بە تازیەباری و بۆ ئامادەکاری
نیکا و دۆستانی
وەرگێڕی کوردی:حەسەن قازی

ماڵپەڕی دەیڤید گڕەیبر ئینداستریز
https://davidgraeber.industries/memorial-carnival-eng

No comments: