هێندێک تێبینیی زمانی 46
هێندێک تێبینیی زمانی 46
حه‌سه‌نی قازی
په‌خشاندنی هۆنراوه
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر هێمن له پاڵ شێعر و هۆنراوه دا، بیره ناسک و خهیاڵهوردهکانی زیاتر له قالبی په‌خشان دا داڕشتبایه، یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌تری کردبا به به‌خۆدا هاتن ، ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوون و فره رههێندێتی په‌خشانی کوردی. دیاره ئه‌و خۆزگه‌یه هه‌ر وا له‌گۆتره به مێشکم دا ڕانه‌بردووه، زۆر جار به ده‌م وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه بۆ کوردیی نێوه‌ڕاست بۆ ده‌ربڕینی چه‌مکی وه‌سفی که ڕه‌هه‌ندی ناسکی شاعێرانه‌ی پێده‌وێ داماوم و به خوێندنه‌وه‌ی ڕسته‌که به کوردی هه‌ستم کردووه، بۆن و به‌رامه‌ی زمانی ماکی لێ نایه.
لێره دا وه‌کوو ئه‌زموونکاری هۆنراوه‌یه‌کی هێمن ده‌په‌خشانێنم با بزانین چه‌نده ڕسته‌ی وه‌سفی دهزێنێتهوه و ده‌رفه‌ت به ڕووی وه‌رگێران دا ده‌کاته‌وه کاتیک بۆ وێنه ده‌یانه‌وێ ڕسته‌ی وه‌سفی ئینگلیزی به کوردی داڕێژن
[ مه‌به‌ست له کوردی لێره‌دا له هه‌موو جێیه‌ک شێوازی کوردیی نێوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی تر زارنووسی موکریانییه].
ئێواره‌ی پاییز
" ئێواره‌یه‌کی وه‌رزی پاییزه، له‌ئاسۆیه‌کی دووره ده‌سته‌وه،به‌ره به‌ره زه‌رده‌ی خۆر ئاوا ده‌بێ ده‌ڵێی بووکێکی بێ نازه، بێ ئه‌وه‌ی کاوی له په‌رده دیبێ به زی‌زی به جێی دێلێ.
په‌ڵه هه‌ورێکی چڵکن سووچی ئاسمانی گرتووه.گه‌ڵای زه‌ردی دارێک وه‌ریوه و زریان ههڵیکردووتێ و به‌ره‌و نه‌دیو و نه‌مانی ده‌با.له سه‌ر سوانه‌یه‌ک جووتێک کۆتری سه‌ربه‌کڵاوه هه‌ڵکورماون.وا دیاره له‌و ده‌ور وبهرانه هێلانه‌یه‌کیان پێ شک دێ. ئێستا ئه‌و پاسارییانهی له سه‌ر داری کۆڵان هه‌ڵنیشتوون، فڕه و جیکه‌یان لێ بڕاوه.به‌ڵام، قه‌ل قڕی و فڕی و ون بوو، و هه‌ر ڕووڕه‌شی پێ بڕا. شه‌پۆلێک مۆسیقای به‌سۆز به بن گوێم‌دا دێ و ڕاده‌برێ . له ناخی دڵی توێ توێمدا شوێنێک بۆ خۆی ده‌کاته‌وه. به‌رله‌وه‌ی مام حاجی ده‌رکی دووکانه‌که‌ی گاڵه دا و به‌ره‌ماڵ ببزوێ، باره‌به‌رێکی درێژووکه‌ی ڕووت ئاخر کۆڵی بۆ ده‌باته ژووره‌وه.هه‌نگێ نازدارێکی چارشێو به سه‌ر به ته‌نیشتمدا ڕاده‌برێ و غار ده‌دا و توند ده‌قیژێنێ. کوڕێکی ڕووته‌ڵه به به‌دفه‌ڕی که‌مێک ڕاده‌وه‌ستێ و دوایه ڕاده‌برێ، بۆم ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌و بوو خێسێکی دابووه ئه‌و شۆخه‌ی له بن چارشێو دایه.
هه‌ر ئێستا کێژێک خۆی ده ژوورێ کوتا و ده‌رکه‌ی حه‌وشه‌ی پێوه‌دا، ئیدی چبڕ شوێنه‌واری جوانی له‌م نێوه دا به‌دی ناکه‌م.که تاریکان دادێ، جاده چۆل و چۆلتر ده‌بێ، نه کیژی له‌بار دێنه ده‌رێ و نه لاوی ساده ڕاده‌برن.
پاییزه، هه‌وا بووڵێله، ئاو ڵێڵه، گه‌ڵای داران سیس بوون و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاون. ته‌نانه‌ت، ڕه‌نگی دیوار و داروبه‌ردیش گۆڕاون. له هه‌رشتێک خورد ده‌بمه‌وه ڕه‌نگی پاییزی گرتووه. جوانی خۆی لێ شاردوومه‌وه و دزێوی جێی گرتووه‌ته‌وه. سه‌ر هه‌ڵدێنم چاو له ئاسمان ده‌بڕم، هێنده‌ی دیکه دڵم ده‌گیرێ، له پڕ زۆر بیره‌وه‌ری کۆنم وه‌بیر ده‌که‌وێته‌وه. به ئارامی و به لۆژه لۆژ به‌ره‌وماڵ ده‌بمه‌وه. نه‌که‌س له پێشه‌وه‌ی خۆم به‌دی ده‌که‌م و نه‌که‌سیشم لێ دیاره به دوومهوهبێ. هه‌ر به ڕۆیشتنه‌وه له نێو ده‌ریای مه‌ندی خه‌یاڵ دا مه‌له‌ی ده‌که‌م. داهێزاوم، ڕووم گرژه، دڵم پڕ له تاسه‌یه و تووڕه‌م. به‌خۆم ده‌ڵێم ئه‌وه دیسان له ڕۆژئه‌ژمێری ته‌مه‌نم ڕووپه‌ڕێک دا دڕا و لێ کرایه‌وه. دیسان شه‌وم به سه‌ر داهات و ئه‌من هێشتاش له نیشتمانم دوورم. دیسان ده‌بێ بچمه‌وه ژێر باڵی ڕه‌شی شه‌وگاری ته‌نیایی،
و هه‌ر وا ژه‌هراوی تاڵی جودایی بچێژم . دیسان ده‌بێ له ژوورێکی سارد و سڕ دا ڕابوێرم و تا به‌یانی له نوێنی شڕدا جینگڵ بده‌م. به‌ڕێوه‌م و ده‌ترسم، به‌ڕیوه‌م و هه‌ڵ ده‌له‌رزم ، بۆ؟
چونکوو بیر له په‌لاماری مۆته‌ی شه‌ڕ ده‌که‌مه‌وه. داد له ده‌ست دڵی به‌خه‌م و وای له ده‌ست چاوی بێ خه‌وم. ده‌ڕۆم بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ زام و دره‌د و ئێشی خۆم سه‌ر پێکه‌وه نێم، بۆ ئه‌وه‌ی له شه‌وێکی پاییز دا شه‌ونخوونی بکێشم. له پڕ له دووره‌وه گوێم له قاقایه‌ک ده‌بێ، ده‌ڵێی گوله‌یه پێوه‌م ده‌نێن، تۆ بڵێی که‌سی وا هه‌بێ به ئێواره‌ی پاییزیش پێبکه‌نێ؟ خه‌یاڵم لێ بووه‌ته وشه، نه‌مده‌زانی که‌س به دوومه‌وه‌یه، چونکوو ده‌نگێکی له‌رزۆک و نه‌رم به ئه‌سپایی وڵامم ده‌داته‌وه. ده‌ڵێ به‌ڵێ هه‌ن و یه‌کجار زۆرن ، ئه‌وانه‌ی که بازرگانی به فرمێسک و خوێنه‌وه ده‌که‌ن و قاقا به سه‌ربه‌هه‌ش و مل بهکوێنان پێده‌که‌نن. به‌ڵێ هه‌ن و به من و تۆ پێده‌که‌نن . به هه‌زارانی وه‌ک من و تۆ پێده‌که‌نن ، به داخی باب کووژراوان، به هه‌نیسکی هه‌تیوان پێده‌که‌نن. به نه‌زانی، به نه‌خۆشی ، به تاریکان و شه‌وه‌زه‌نگ پێده‌که‌نن. به زنجیر، به ته‌ناف و دار و گرتووخانه‌ی ته‌ڕ و ته‌نگ پێده‌که‌نن. به بۆکڕووز، به چڕه دووکه‌ڵ، به هاڵاو ، به گڕ و ئاگر پێده‌که‌نن.
به ته‌م، به مژ، به هۆڕه، به دۆک و به تۆفانی وڵات داگر پێده‌که‌نن.
به بووله‌رزه و ڕه‌شه‌با ، به سووتمان و به زیان و زهر و هه‌رچی عاشتهبای خراپ و شوومه و به گشت ئه‌وانه‌ی ده‌ستکردی خودای شه‌ڕن پێده‌که‌نن.
له قاقا ده‌ده‌ن و پێده‌که‌نن به ناڵه، به کوڵ، به گریان. پێده‌که‌نن به سینگ کوتان، به ڕوو ڕنین، به به‌رگی ڕه‌ش ، به چاوی سوور، به گۆڕخانه و به کۆڕی شین.به که‌لاوه و کونده بوو، به دیواری هه‌ره‌س هێناو، به داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ و به ئانیشکی پینه‌کراو پێده‌که‌نن.به نووکه نووکی بێوه‌ژنان، به هانکه هانکی ماندووان ، به زیڕه زیڕی مندالان و نووزه‌ی نێوه زیندووان پێده‌که‌نن.
حیلکه حیلکیان نابڕێته‌وه، به نه‌ڕه نه‌ڕی جه‌لادان، به قرمه قرمی شێست تیران ، به ویڕه ویڕی قهمچیان و به ئه‌شکه‌نجه‌ی ڕووناکبیران پێده‌که‌نن.به چڵکی یه‌خه‌ی کرێکار، به که‌فی ئاره‌قی سه‌رشانی جووتیار، به په‌چه و ڕووبه‌ند و نه‌یه‌کسانی مێ و نێر پێده‌که‌نن.
نایبڕنه‌وه هه‌ر قاقا به قه‌ڵه‌می به‌زیوی کول ، به زمانی له بندا بڕاو ، به ده‌رکی داخراوی فێرگه و به کتێب و ده‌فته‌ری دڕاوی شاگردان پێده‌که‌نن.
له قامووسی وشه‌ی ئه‌وانه دا "به‌زه‌یی" سڕدراوه‌ته‌وه و نه‌ماوه. بێ‌زیان له "بزه" هه‌ڵده‌ستێ، مرخ و وازیان له خوێن و زووخاوه. له دنیای بێ " به‌زه‌یی" یاندا خوێنی لاوێک یاقووتێکی سووره و هه‌ر دڵۆپهفرمێسکی کیژێکی خه‌مبار بۆ ئه‌وان وه‌ک مرواری به‌رمووره. به هه‌ناسه‌ی ساردی ئاواره و هه‌ڵوه‌دایان کۆشکی خۆیان گه‌رم ده‌که‌ن و هه‌تا له‌شی ڕه‌ق و زگی برسی زیاتر بێ جێ پاروویان نه‌رمتر ده‌بێ. هه‌ر سه‌رمایه‌یان له گه‌ڕ دابێ به‌وه ده‌ربه‌ست نین زۆر ده‌رک به قوڕ ده‌گیرێ. هه‌ر دۆڵار له بره‌و نه‌که‌وێ ئیدی هه‌ر داپیرێ کۆڵه‌وار بێ با ببێ. مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه چه‌رخی کارگه‌یان بگه‌ڕێ، ده‌با خوێن بێ و سه‌ران به‌رێ. ئه‌وان به بڵێسه‌ی ئاگری شه‌ڕێ پێده‌که‌نن. لێم گه‌ڕانده‌وه "که‌وابێ" ئه‌ی ئاشنا، به‌شی ئێمه هه‌ر له‌نێو چوونه. وڵامی دامه‌وه نانا! دوور بڕوانه، دوور، چونکوو ئاسۆ ڕوونه!"
1 comment:
دیسان نه‌قڵه‌که‌یه! محه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم جارێک فه‌رمایشێکی فه‌رمووه، ئیدی له‌و ده‌مییه‌وه بۆته بنێشته‌خۆشکه‌ی سه‌ر زاری ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ شتێک له سه‌ر هێمن بڵێن! دیاره ئه‌م قسه‌یه‌ش هه‌ر قسه‌ی مامۆستا هێمنه که کوتوویه "ئه‌گه‌ر کورد نه‌بام ده‌بوومه چیرۆک‌نووس"؛ محه‌ممه‌دی مه‌لاکه‌ریمیش هه‌ر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بۆی له ئه‌ستۆ داوه. ئه‌م قسه‌یه هه‌ویرێکه و ئاو زۆر ده‌با، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له به‌ر چاو بێ که ئه‌م وته‌یه به‌و مانایه نییه که هێمن هه‌ر په‌خشانه‌کانی هه‌ون و شێعره‌کانی هیچ نین؛ ناشڵێم هێمن هه‌موو شێعره‌کانی باشن؛ شێعری لاوازی، له باری زمان و نێوه‌رۆکه‌وه زۆرن. ده په‌خشانه‌کانی دا ئه‌م لاوازییانه که‌متر ده‌بیندرێن.
به کورتی زمانی کوردی له زۆر بارانه‌وه که‌مایه‌سی هه‌یه، بۆیه جه‌نابیشت له وه‌رگێڕانی ئینگلیزی بۆ کوردی دا، وه‌ک زۆر وه‌رگێڕی دیکه، "بۆ ده‌ربڕینی چه‌مکی وه‌سفی که ڕه‌هه‌ندی ناسکی شاعێرانه‌ی پێده‌وێ" داده‌مێنی. بۆ ئه‌مه‌ش ناکرێ یه‌خه‌ی مام هێمن بگری که "بۆچی هه‌ر په‌خشانت نه‌نووسیوه؟".
ناشزانم به چ پێوانه‌یه‌ک "په‌خشاندن(ده‌په‌خشانێنم)"ت پێ ڕاسته، به‌ڵام من پێموایه ڕه‌چاوکردنی ئه‌م شێوازه(داتاشینی وشه‌یه‌ک که به هیچ پێوانه‌یه‌ک ده زمانی کوردی‌دا نه‌گونجێ) بیرازکردنی زمانی کوردییه.
ئه‌م دهربڕینانهشت بۆ من نامۆن: "زۆر بیره‌وه‌ری کۆنم وه‌بیر ده‌که‌وێته‌وه"؛ کورد ده‌ڵێ "وه بیرم هاته‌وه"، نه‌ک "وه بیرم که‌وته‌وه"( فارس وا ده‌ڵێن(یادم افتاد)؛ ڕستهکهشت له باری ڕێنووس و ڕێزمانه‌وه ده‌بوو ئاوا داڕشتبا: "زۆر بیره‌وه‌ریی کۆنم وه بیر دێنه‌وه". له سێهه‌م دێڕی به‌ر له کۆتاییشدا بۆم ڕوون نه‌بۆوه مه‌به‌ستت له "لێم گه‌ڕانده‌وه" چییه!
سه‌رکه‌وتوو بی!
میوان
Post a Comment