هێندێک تێبینیی زمانی 47
هێندێک تێبینیی زمانی 47
حه‌سه‌نی قازی
/ هه‌ولێر :پیاوێک به ناوی (ب) له نانه‌واخانه کارده‌کات به کوردستان ئۆنلاینی راگه‌یاند که به‌ر له دووشه‌و له گه‌ڕه‌کی سورچییان نزیک شه‌قامی شه‌ستی تاکسیه‌ک هه‌ڵیگرتووه و هه‌وڵی رفاندنی داوه وتی ' به‌ر له دوو رۆژ له رۆژی 5ی نیسان له گه‌ڕه‌کی سورچییان نزیک شه‌قامی شه‌ست مه‌تری ، له گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ ماڵه‌وه رۆژئاوابوو بوو تاکسیه‌ک نزیک بووه وه لێم وتی ، وه‌ره منیش هه‌رده‌چمه لای ماڵی ئێوه بتگه‌یه‌نمه‌وه ، منیش یه‌که‌مجار وتم نزیکه و خۆم ده‌ڕۆمه‌وه پاشان وتی ئێمه دراوسێین و به‌س تۆ من ناناسی ، ئیتر چووم "
وتی " له دوای یه‌ک دوده‌قه وتی باشتره هه‌ندێک به‌نزین تێبکه‌م و ئینجا بگه‌ڕێینه‌وه خه‌مت نه‌بێ هه‌ر له ته‌نیشتی یه‌کین ، ئیتر گوایه بۆ به‌نزین گه‌ڕایه‌وه ، به‌ڵام سه‌یرم کرد گه‌یشته لای رێگای شه‌قڵاوه و به‌ره و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر ده‌چوو ، منیش وتم کاکه تۆ وتت به‌نزین بۆ کوێ ده‌چی ؟ ئیتر لێ که‌وتمه گومان و وتم خۆم فڕێ ده‌ده‌م ، ستۆپێکی کرد و خۆم فڕێ دا من نه‌متوانی ئاوڕ بده‌مه‌وه به‌ڵام خه‌ڵکێک له‌وێ ژماره‌یان گرتبوو و ئێستا ده‌ستگیر کراوه‌و تا ئێستا نازانین نیازی چی بووه ."
ئه‌م خه‌به‌ره‌ی سه‌ره‌وه له " کوردستان ئان لاین" یان به "عهڕهبێ" " کوردستان ئۆنلاین" دا هاتووه و داڕشتنه‌که‌ی هێندێک چاو ڕاکێشه. له داڕشتنی دهنگوباسی نووسراو دا به پێی نه‌ریتێک که جێی خۆی کردووه‌ته‌وه له سه‌ر دێڕ دا پوخته‌ی نێوه‌رۆکی سه‌ره‌کی په‌یامه‌که یان ڕووداوه‌که هه‌ڵده‌هێنجن و دای ده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ره‌وه ڕابکێشن. لێره له سه‌ردێڕ دا ئه‌و شێوازه ڕه‌چاو کراوه، به‌ڵام له‌یه‌که‌م ڕسته دا له بری ئه‌وه‌ی ڕسته‌که به سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێبکا به گوزاره‌ی 'وتی' ده‌ستیپێکردووه. ئه‌وه‌ش ده‌ستبه‌جێ ئه‌م پرسیاره قوت ده‌کاته‌وه کێ وتی؟، که‌ی وتی؟، بۆ وتی؟ له کوێ وتی؟ و تاهتد. دیاره خوێنه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ کێ وتی؟ یه‌که‌م کاری که ده‌یکا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سه‌ردێڕه‌که.
له بڕگه‌ی یه‌که‌می ئه‌م هه‌واڵه‌دا هه‌ر نه‌بێ سێ جار وشه‌ی 'وتی' پاته کراوه‌ته‌وه و ئه‌م کاره ڕسته‌کانی قورس کردووه ده‌کرا ئاوا بنووسرێ: " پیاوێک به ناوی (ب) که له نانه‌واخانه کار ده‌کا وتی دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له ڕۆژی 5ی نیسان ده‌مه‌و ئێوارێ له گه‌رانه‌وه‌مدا بۆ ماڵێ تاکسییه‌ک لێم نزیک بووه و [شوفێره‌که] خولکی کردم بمگه‌یێنێته‌وه ماڵێ. من یه‌کمجار وتم نا، خۆم به‌پێیان ده‌ڕۆمه‌وه.دوایه زانیم دراوسێێین و له گه‌ڵی سوار بووم."
داڕێژه‌ره‌ی ئه‌و ده‌نگوباسه له زمان (ب) وه نووسیویه: "ئیترچووم" که دیاره له‌و دۆخه دا ده‌ست نادا، ئه‌گه‌ر نووسرابا " ئیتر له‌گه‌ڵی چووم" ده‌بوو، ئه‌گه‌رچی بۆ ئه‌و کاره‌ی ئه‌و کردوویه ده‌بوو نووسرابا" ئیتر سوار بووم" یان " ئیتر سه‌رکه‌وتم". بڕگه‌ی دوویه‌می به‌سه‌رهاته‌که‌ش هه‌ر به 'وتی' ده‌ست پێده‌کا که‌ئه‌ویش هه‌ر مه‌به‌ست له (ب ) یه و لێره‌دا زێده‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ربڕینه‌که خراوه‌ته ناو نیشانه‌ی گێڕانه‌وه ' ' من بایه‌م بڕگه‌ی دوویه‌مم ئاوا داده‌ڕشت " شوفێره‌که له دوای یه‌ک دوو ده‌قیقه وتی باشتره هه‌ندێک به‌نزین تێبکه‌م و ئه‌وجار ىڕۆینه‌وه. [ له بیرمان بێ ، ئاگادار کراوین هه‌ردووکیان به‌ره‌و ماڵ ده‌ڕۆنه‌وه] خه‌مت نه‌بێ ماڵمان له ته‌نیشت یه‌که . ئیتر گۆیا بۆ به‌نزین لێدان [ یان تێکردن] گه‌ڕایه‌وه، به‌ڵام سه‌یرم کرد گه‌یشته لای ڕیگای شه‌قڵاوه و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر ده‌چێ [ نه‌ک ده‌چوو، چونکوو (ب) خه‌ریکه ڕووداوێک که له ڕابردوو دا قه‌وماوه له دۆخی هه‌نووکه‌ییدا ده‌گێڕێته‌وه] وتم: کاکه تۆ وتت به‌نزین تێده‌که‌ی! ئیتر لێی که‌وتمه گومان و بڕیارم دا خۆم فڕێ ده‌م. شوفێره‌که ستۆپی کرد و خۆم فڕێ دا، نهم توانی ئاوڕ بده‌مه‌وه به‌ڵام خه‌ڵکێک له‌وێ ژماره‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌یان هه‌ڵگرتبوو و ئێستا کابرا [ شۆفێره‌که] گیراوه و تائێستاش نازانم نیازی چ بووه."
1 comment:
زۆر به‌ڕێوجێ بۆی چووی کاک حه‌سه‌ن. هه‌لبه‌ت من پێم وایه شتێکی دیکه‌ش ده‌کرێ باشتر بکرێ له‌و نووسراوه‌دا.
1. ئه‌گه‌ر رووداوه‌که له لایه‌ن که‌سی به‌سه‌رداهاتوودا بگێڕدرێته‌وه (که لێره ئاوایه)، ئه‌وکاته ده‌بێ گێرانه‌وه‌که له ناو نیشانی گێڕانه‌وه، واته "..."، دا بێ. که‌چی لێره وا نییه. ده‌بوو به‌م جۆره بوایه:
"[پیاوێیک به ناوی (ب) ...وتی: "..."
2. به‌لام، ئه‌گه‌ر "..." ده‌کار نه‌کرێ، ده‌بێ گێرانه‌وه‌که له زمانی که‌سی سێهه‌مه‌وه بگێڕدرێته‌وه. واته، ئاوا:
پیاوێک به ناوی ...وتی که دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر... له کاتی گه‌رانه‌وه‌یدا بو مال تاکسیه‌ک لێی نزیک بۆته‌وه و شوفیره‌که خولقی کردووه که بیگه‌یێنێته‌وه ماڵ ...
هه‌ر بژین.
ج.ش.
Post a Comment